نەفرەتی نەوتی کوردستان و باج خۆری وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا ئاوا دەکات

ڕێنوار نەجم

لە بەریتانیا ئەگەر بەتۆمەتی گەندەڵی وێنەی سیاسەتمەدارێک بچێتە سەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەیەکی وەک گاردیان یان فاینانشیاڵ تایمز، ئەوا تەنیا دەستەبژێری ئەو وڵاتە ئاگادار دەبن، بەڵام گەر وێنەکە چووە سەر بەرگی ڕۆژنامەیەکی وەک میترۆ یان ئیڤنین ستاندارد، کە ڕۆژانە بەخۆڕایی ملیۆنان دانەیان لێ دابەش دەکرێت، ئەوا تۆمەتەکە دەدرێت بە گوێی ملیۆنان خەڵکی ئاساییدا و ڕۆژی سیاسیی ئەو کەسە لە ئاوابوون نزیک دەکاتەوە. نەدیم زەهاوی، سیاسەتمەداری بەڕەچەڵەک کورد و سەرکردە لە پارتی پارێزگاران، لە هەفتەی ڕابردووەوە مژاری گەرمی میدیاکانی بەریتانیایە و زیاد لە جارێک وێنەکەی و تۆمەتی خۆدزینەوەی لەباج و پێکەوەنانی سامانە گوماناوییەکەی، لە لاپەڕەی یەکەمی هەردوو جۆرە ڕۆژنامەکەدا دەرکەوتووە.

کێشەکەی نەدیم زەهاوی چییە؟

نەدیم زەهاو لە ساڵی 2000 و بەرلەوەی ببێتە ئەندام پەرلەمان، هاودامەزرێنەری کۆمپانیایەکی ڕاپرسی بوو بەناوی YouGov. کۆمپانیاکە بەشێوەی پشکدارییە و زەهاوی خاوەنی زۆرترین پشک بوو. دواتر لە مامەڵەیەکی تەمومژاویدا پشکەکانی زەهاوی کراون بەناوی باوکیەوە. بەپێی یاساکانی بەریتانیا، فرۆشتنی پشکی کۆمپانیا باجی لەسەرە. لێرەوە کێشەکان دەست پێ دەکەن.

لەسەدا 42.5ی پشکەکانی کۆمپانیاکە کراون بەناوی “وەبەرهێنانەکانی بالشۆر” [Balshore Investments] کە کۆمپانیایەکی تۆمارکراوی دەرەوەی سنوورە [offshore] لە وڵاتی جەبەل تارق. لە ڕاپۆرتی ساڵانەی 2009ی کۆمپانیای YouGov، وەبەرهێنانەکە بە «جێی متمانەی خێزانی نەدیم زەهاوی» وەسف کراوە. نەدیم زەهاوی دەڵێت باوکی لەبەرامبەر «هەندێک سامان و ئامۆژگارییە بەهادارەکانی» پشکەکانی پێ دراون. بەڵام ئەم قسانە نەچوون بەگوێی “داهات و گومرگەکانی خاوەن شکۆ” [HMRC] کە دامەزراوەیەکی سەر بە حکومەتی بەریتانیایە و بەرپرسە لە کۆکردنەوەی باج، بەوهۆیەوە دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی باجەکانی زەهاوی. بەر لە ساڵی 2018 پشکەکانی کۆمپانیای YouGov کە لەلایەن بالشۆرەوە خاوەندارێتی دەکرێن فرۆشران، هەرچەندە نرخەکەی بەڕوونی دیار نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت بە 27 ملیۆن پاوەن فرۆشرابن. زەهاوی ڕەتی دەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک سوودمەند بووبێت یاخود هیچ پەیوەندییەکی هەبووبێت بە بالشۆرەوە.

«چەند پرسیارێک لەبارەی کاروباری باجەکەمەوە وروژێندراون. دوابەدوای گفتوگۆکان لەگەڵ HMRC، ئەوان ڕەزامەندبوون باوکم وەک خاوەن پشکی دامەزرێنەر لە YouGov قبووڵ بکەن، بەڵام لەبارەی بڕی دیاریکراوی تەرخانکراو ناکۆک بوون،» زەهاوی لەبارەی ئەو پرسەوە لە مانگی تەمووزی ڕابردوو وای وت، دوای ماوەیەکی کەم لەوەی بە وەزیری دارایی بەریتانیا دەستنیشان کرا، ئەو پۆستەی هەر زوو جێی هێشت. لەبارەی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، زەهاوی دەڵێت: «ئەوان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەک بووە لەئەنجامی کەمتەرخەمی، نەک بە ئەنقەست، بۆیە ئەو بڕەی لەسەرم بوو بەخشیم» بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو. لەدوای ئەوە، زەهاوی بڕی ئەو باجەی لەسەریەتی کە بڕی 3.7 ملیۆن پاوەنە دەداتە حکومەت، لەگەڵ بڕی لەسەدا 30 پێبژاردن، کۆی گشتی زەهاوی 4.8 ملیۆن پاوەنی داوەتە HMRC. بەڵام ئەوە کۆتایی بە چیرۆکەکە نەهێنا.

لەدوای ئاشکرابوونی ئەو دۆسیەیە و فشاری میدیای بەریتانی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک، کە لەهەمان پارتی نەدیم زەهاویە، ڕایگەیاند کە ڕاوێژگاری ئیتکیی خۆی ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوە لەو پرسەدا بکات. بەڵام سەرۆکی HMRC دەڵێت ئەو باسی هیچ کەیسێکی تایبەت ناکات، بەڵام هیچ کەس بەهۆی “هەڵەیەکی کەمتەرخەمییەوە” زیاد لە ملیۆنێک پاوەن سزا نادرێت.

زەهاوی و بارزانی

تێوەگلانی نەدیم زەهاوی لە کێشەی خۆدزینەوە لەپێدانی باج بووەتە پەنجەرەیەک کە لێیەوە میدیای بەریتانی کنەوپشکنین دەکەن بۆ سامانە زۆر و زەبەندەکەی ئەو سیاسەتمەدارە و بوونی موڵک و ماڵێکی زۆر بەناوی چەند ئەندامێکی خێزانەکەی و لەسەروو هەمووشیانەوە پەیوەندیی زەهاوی بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەدیاریکراویش بارزانییەکان.

ڕۆژنامەی The Sun لە ڕاپۆرتێکی پڕ وردەکاریدا باس لەوە دەکات کە پرسی کاروباری باج نەدیم زەهاویی خستووەتە ناو ئاوێکی گەرمەوە و ئێستا پرسیار لەبارەی دۆستە بەهێزەکانی لە دەرەوەی وڵات دەکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەندامانی خێزانی بارزانی لە هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕۆژنامەکە، نەدیم زەهاوی لانی کەم 1.3 ملیۆن پاوەنی لە هەرێمی کوردستانەوە دەستکەوتووە بەهۆی بوونی پەیوەندی لەگەڵ خێزانە بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان و کارکردنی وەک “ڕێکخەر” بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوکاتەی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە و دەبوو سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا بێت لەو ناوچەیە. ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات زەهاوی بەوە ناسراوە کە “ڕاوێژکاری بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە دەیانەوێت دەستیان بگات بە بنەماڵەی بارزانی”. مامەڵەی زەهاوی و بارزانییەکان پەیوەندیی بە ڕەچەڵەکە کوردییەکەی زەهاوی و ڕۆڵە نێوەندگیرییەکەیەوە هەیە لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوت و هەرێمی کوردستان.

نەدیم زەهاوی لەساڵانی 1970ەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا لەدەست ڕژێمی بەعس کۆچ دەکەن بۆ بەریتانیا. دوای تەواوکردنی بەشی ئەندازیاریی کیمیا لە زانکۆ، کاتێک تەمەنی لە بیستەکاندا دەبێت، زەهاوی وەک یاریدەدەری جێفری ئارچەر، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی بەریتانیا، سەردانی کوردستان دەکات. مەبەستی سەردانەکە کۆکردنەوەی کۆمەک بووە بۆ ئاوارە کوردەکان. لە هەڵمەتی کۆمەککردنەوەکەدا دەگوترێت کە بڕێکی زۆری پارە دیار نەماوە. هەروەها کێشەی دیکەش ڕوویان داوە. ئەو کاتەی ئارچەر بانگهێشتێکی مەسعود بارزانی بۆ خوانێک ڕەت دەکاتەوە، بارزانی توڕە دەبێت و لە تۆڵەی ئەوەدا کارەبای ئەو هۆتێلە دەبڕێت کە پەرلەمانتارە بەریتانییەکەی تێدا ماوەتەوە، ئەوەش بەگێڕانەوەی ڕۆژنامەکە.

ساڵی 1994 زەهاوی دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و دواتر کۆمپانیا بەناوبانگەکەی لەبواری ڕاپرسی بەناوی YouGov دادەنێت. لە 2003دا، باوکی زەهاوی چەند گرێبەستێکی ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت لەڕێی دامەزراندنی کۆمپانیایەکەوە بەناوی “پڕۆژەکانی عێراق بۆ پەرەپێدانی بازرگانی” (IPBD). لەهەمان کاتدا زەهاوی دەبێتە ئەندامی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و لەو کاتەوە زوو زوو سەردانی هەرێم دەکات و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ مەسعود بارزانی دروست دەکات. لە ساڵی 2011، زەهاوی لانی کەم چوار جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە یەکێک لە سەردانەکانیدا، 70 کەسایەتیی بازرگانیی لەگەڵ خۆیدا بردووە بۆ هەرێم. چەند هەفتەیەک دواتر، زەهاوی ئامادەی کۆنفرانسێک بووە لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕاکێشی وەبەرهێنەرە بیانییەکان. ساڵێک دواتر، پۆستێکی باڵا لە کۆمپانیای کیستۆن وەردەگرێت، ئەو کۆمپانیایەی وەبەرهێنانێکی زۆری لە نەوتی هەرێمی کوردستاندا کردبوو و بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیەوە، کە 250 ملیۆن دۆلار بوو، تووشی قەیران هاتبوو. بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و ئاشتی هەورامی، وەزیری ئەوکاتی سامانە سروشتییەکان، زەهاوی سەرکەوتووبوو لە گەڕانەوەی پێدانی شایستە داراییەکان بە کۆمپانیاکە. بەو هۆیەشەوە، لەنێوان ساڵانی 2015 تا 2018، زەهاوی بڕی 1.3 ملیۆن پاوەنی لە گەڵف کیستۆنەوە وەرگرتووە.

پەیوەندییەکانی زەهاوی و بارزانییەکان تەنیا لەبواری ئابووریدا قەتیس نەبوون، بەڵکو زەهاوی کارئاسانی بۆ سەردانکردنی بەرپرسە بەریتانییەکان بۆ هەولێر دەکات و بەپێچەوانەشەوە. هەروەها دەرکەوتووە کە زەهاوی یارمەتیی کەسێکی لە خێزانی بارزانی داوە بەناوی “مەزن بارزانی” [کوڕی سیروان بارزانی] بۆ کارکردن و وەرگرتنی ئەزموون [internship] لە نووسینگەکەی خۆی لە پەرلەمان لەساڵی 2017. جگەلەوەش، یارمەتیی کەسێکی دیکەی لە بارزانییەکان داوە بۆ کارکردن لە نووسینگەی سەرەکیی پارتی پارێزگاران.

لە دەرخستنێکی نوێدا، کەناڵی INews پەیوەندییەکانی نەدیم زەهاوی بە سیروان بارزانی، فەرماندەی پێشمەرگە و بازرگان، ئاشکرا دەکات و دەڵێت زەهاوی ملیۆنان پاوەنی لەڕێی کۆمپانیاکەی باوکیەوە لەهەرێمی کوردستان دەست کەوتووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لانی کەم کۆمپانیای IPBD بەبڕی 70 ملیۆن دۆلار بازرگانیی کردووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیروان بارزانی. لەنێویاندا، پڕۆژەیەکی 50 ملیۆن دۆلاریی لەبواری پیشەسازیی ستیل و 20 ملیۆن دۆلاریش لەبواری پەرەپێدانی موڵکوماڵ لەهەرێمی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە ئێستا پرسیارەکان فراوانتر بوون و داوای بەدواداچوون بۆ وردەکاری کۆمپانیا زەبەلاحەکەی هاوژینەکەی نەدیم زەهاوی، لانە سائیب، دەکرێت. ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویکردوەتەوە کە بڕی 30 ملیۆن دۆلار بەشێوەیەکی ناڕوون بە قەرز دراوە بە کۆمپانیای Zahawi & Zahawi کە بەبڕی 60 ملیۆن پاوەند خانوو و موڵکی لە شارە جیاوازەکانی بەریتانیا کڕیوەتەوە بەمەبەستی بارزگانیکردن. ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 2010 دامەزراوە و سەرەتا بەشێوەی هاوبەش خاوەندارێتی دەکرا لەنێوان هەردوو هاوژینەکە، دواتر لەساڵی 2018 زەهاوی هەموو پشکەکانی خۆی کرد بەناوی هاوژینەکەیەوە.

ئێستا جگە لەوەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا داوای دەرکردنی نەدیم زەهاوی دەکەن لە پۆستی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگاران، هاوکات لەناو پارتەکەی خۆیشیدا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پێگەی لەق دەبێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکرێت، هەرچەندە ئەمە جاری یەکەم نییە گڕی باج لە نەدیم زەهاوی بەرببێت، بەڵام تینی گڕەکە ئەمجارە بەهێزە و ڕەنگە ژیانی سیاسیی وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا، کە چەند مانگێک پێش ئێستا چاوی لەوە بوو ببێتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، بسووتێنێت و هەرێمی کوردستان و بارزانییەکانیش پریشکیان بەربکەوێت.

بەشکردن: