هەڵمەتە خێرخوازییەکانی کوردستان و دروستکردنی کەلتووری هەژاری

کارێکی خێرخوازیی ڕێکخراوی بارزانی

رێنوار نەجم

ئەو مۆدێلە لە کاری خێرخوازی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بە ڕووکەش زۆر بێگرفت و چاکەخوازانە دەردەکەوێت: ڕێکخراوێک یان گرووپێک لە خەڵک بڕێک پارە کۆدەکەنەوە و دەیبەخشن بەو خێزانانەی «موحتاجن» و بەبێ ئەو کۆمەکە «ژیانیان ناگوزەرێت». خێزانەکان کۆمەکەکە وەردەگرن و دوای سوپاسگوزاری و دوعای خێر، چاوەڕێ دەکەن کۆمەکی دواتر، دڕەنگ یان زوو، بگات! بەڵام ئەو مۆدێلە لە کاری خێرخوازی لە قووڵاییدا کێشەی گەورەی هەیە و بەشدارییەکی کارای هەیە لە هێشتنەوەی دۆخی هەنووکە و دروستکردن و بەردەوامیدان بە «کەلتووری هەژاری».

خێرخوازیی و کۆمەک بەشێوەیەکی گشتی بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی و بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی جیهان. بەدەمەوەچوونی ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکارییە لە کاتە ناهەمووارەکاندا هەمیشە ئامادەیی هەبووە لەلای مرۆڤ، بەبێ ئەوەی پێویستیی بە دامەزراوە و ڕێکخراوێک هەبێت ئەم کارەی بۆ بکات یان پێی بڵێت ئەبێت کەی و چۆن هاوکاریی کێ بکات. ڕیشەی بەشێکی زۆری کاری ڕێکخراو و هەڵمەتە خێرخوازییەکانی دونیای ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ زەکات لە ئایینی ئیسلام و یارمەتیدانی مرۆیی لە دونیای لیبراڵیزمدا.

کۆمەککارانی کوردستان، یاخود وردتر بڵێین ئەوانەی کۆمەک کۆدەکەنەوە و دەبنە ڕووکاری هەڵمەکەتەکان، بەسەر چەند پۆلێنێکدا دابەش دەبن. هەندێکیان کادری حزبین و لەڕێی ڕێکخراوە حزبییەکانەوە هەڵمەتەکانیان ئەنجام دەدەن. ئەمانە پارە و میدیای حیزب بەکار دەهێنن بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکانیان، زۆرجاریش بەدوای دەستکەوتی حیزبییەوەن و کەرامەت و شکۆی کەسانی موحتاج بەکار دەهێنن و دەیخەنە سەر شاشەکانیان بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵک و کۆکردنەوەی کۆمەکی زیاتر. ئێستا زۆربەی حزبەکان لەپاڵ هەموو ئەو دامەزراوانەی دیکە کە هەیانە، هەریەکە بە جیا ڕێکخراوێکی خێرخوازییشی هەیە، کە زۆرجار کەیسی گەندەڵی و سکانداڵی گەورەی تێدا ئاشکرا دەبێت. لەڕاستیدا حزبی سیاسی نابێت کاری خێرخوازی بکات. ئەگەر حزبەکە لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا پێویستە لەڕێی دەوڵەت و حکومەتەوە کار بۆ باشکردنی دۆخی هەژاران بکات. ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیشە ئەوا دەبێت فشار دروست بکات، فشار لەڕێی یاسا، خۆپیشاندان، مانگرتن، داتا، میدیا و توێژینەوە. دەبێت دەزگاکانی ئەو حزبانە پیشانی خەڵکی بدەن ڕەوشی ئابووری و جیاوازی چینایەتی لە چ ڕەوشێکی خراپدایە، ئەوەش لەپێناو دروستکردنی ڕای گشتی و فشار.

حزبی سیاسی نابێت کاری خێرخوازی بکات. ئەگەر حزبەکە لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا پێویستە لەڕێی دەوڵەت و حکومەتەوە کار بۆ باشکردنی دۆخی هەژاران بکات. ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیشە ئەوا دەبێت فشار دروست بکات، فشار لەڕێی یاسا، خۆپیشاندان، مانگرتن، داتا، میدیا و توێژینەوە.

دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانیش کارەکتەری کارای هەموو کارە خێرخوازییەکانن. ئەمە دیارەیەکی جیهانییە و هەمیشە بەشێک لە سەرمایەدارەکان کاری خێرخوازییان بەکارهێناوە بۆ ڕووسپیکردنەوەی خۆیان و لابردنی تیشک لەسەر سامانەکەیان و ئەو ڕێگە نایاسایی و ناشەرعیانەی پارەی پێ کۆدەکەنەوە. کلیمینت ئەتلی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەدوای جەنگی جیهانی دووەم دەیوت گەر دەوڵەمەندەکان دەیانەوێت یارمەتیی هەژاران بدەن، ئەوا پێویستە باجەکانی خۆیان بدەن، نەک هەر کات ئارەزوویان لێ بوو پارە ببەخشنەوە. تێڕوانینەکانی کلیمینت ئەتلی ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە دروستکردنی «دەوڵەتی خۆشگوزەران»، دەوڵەتێک بتوانێت بەئەندازەی یەکسان خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیان فەراهەم بکات، نەک هاوڵاتییەکانی چاوەڕێی دەستی خێرخوازان بێت.

هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە کوردستان بەشداریی لە هەڵمەتەکانی خێرخوازیدا دەکەن بەدڵێکی ساف و نیەتێکی پاکەوە کۆمەکەکانیان دەبەخشن، بەڵام ئەو کارە دەبێتە هۆی دروستکردنی مەینەتییەکی درێژخایەن بۆ ئەو کەسانەی کۆمەک دەکرێن. چونکە لە ئێستادا لە کوردستان هەمووان لەبیریان چۆتەوە کە ئەوە ئیشی دەوڵەت و حکومەتە ژیانێکی شایستە و بە کەرامەت بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، نەک چەند ڕێکخراوێکی خێرخوازی. ڕەنگە خێرخوازان بتوانن پارەی چارەسەری نەخۆشیی چەند سەد هاوڵاتییەک بۆ یەکجار دابین بکەن، بەڵام پێداگرتن لەسەر فەراهەمکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان، چاودێریی تەندروستیی بۆ ملیۆنان هاوڵاتی دەستەبەر دەکات. ڕەنگە خێرخوازان بتوانن بۆ چەند ڕۆژێک یان مانگێک کۆمەکی خێزانێکی بێکار بکەن، بەڵام دوای ئەوە چی؟ کارە ڕاستەکە دروستکردنی فشارە بۆ دروستکردنی هەلی کار و داواکردنی بیمەی بێکاری.

ئەنترۆپۆلیجیستی ئەمەریکی ئۆسکار لویس لە ساڵی 1958 لە کتێبێکیدا بە وردی باس لە «کەلتووری هەژاری» دەکات کە چۆن خودی هەژاری جۆرێک لە خوو و نەریت دروست دەکات کە دەبێتە هۆی هێشتنەوەی هەژاری نەوە لە دوای نەوە لەناو خێزانەکاندا. ئۆسکار لویس پێی وایە کەلتووری هەژاری جۆرێک لە هەستی دەستەپاچەیی، پەراوێزخستن، بێدەسەڵاتی و پشت بەوانی تر بەستن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ئەو کەسانەی لەو کەلتوورەدا دەژین هۆشیار نین بەوەی ئەو دۆخەی ئەوانی تێدان دەکرێت لەڕێی کاری دەستەجەمعییەوە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت. ڕەنگە هیچ شتێک لە کوردستاندا هێندەی کارە خێرخوازییەکان ڕۆڵی گەورەی نەبێت لە برەودان بەکەلتووری هەژاری و چاندنی هەستی دەستەمۆیی و بێدەسەڵاتی لای هەژاران.

کارە خێرخوازییەکانی کوردستان مرۆڤێک درووست دەکات کە لەلایەک هێندە تێر نەبێت بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پێویستی بەوانی دیکە نەبێت، لەلایەکی دیکەوە هێندەش برسی نەبێت هەتا ببیتە هۆی توڕەبوونی و دوای مافی خۆی لەو سیستم و حکوومەتە بکات کە مافەکانی لێ زەوت کردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا و بەدیاریکراوی لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانە داراییە یەک-لە-دوای یەکەکانی کوردستان، جیاوازیی چینایەتی ئێجگار تۆخ بوویەوە و هەژارەکان زیاتر هەژار بوون و دەوڵەمەنەکانیش زیاتر دەوڵەمەند بوون، لەدەرەنجامیشدا کاری ڕێکخراوەکانی خێرخوازیی گەشەیەکی بەرچاوی کرد و ئەو بۆشاییەیان قۆستەوە کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە جێهێڵدرابوون. بەشێک ڕێکخراوەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن خواردنی ژەمێک بخەنە سەر سفرەی ماڵێک و کارێکی وەها بکەن کە خێزانەکانن هەژاری وەک چارەنووسێک بڕوانن کە لێی دەرباز نابن، نەک ئەوەی ئەو ڕاستییە ڕوونبکەنەوە کە هیچ هەژارییەک نییە مرۆڤ نەتوانێت لێی دەرباز نەبێت ئەگەر بەباشی لە یارییە ئابوورییەکان تێ بگەین. کارە خێرخوازییەکانی کوردستان مرۆڤێک درووست دەکات کە لەلایەک هێندە تێر نەبێت بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پێویستی بەوانی دیکە نەبێت، لەلایەکی دیکەوە هێندەش برسی نەبێت هەتا ببیتە هۆی توڕەبوونی و دوای مافی خۆی لەو سیستم و حکوومەتە بکات کە مافەکانی لێ زەوت کردووە.

کورتکردنەوەی کاری خێرخوازی و بەخشین تەنیا لە دایبنکردنی ژەمێک خواردندا، گورزێکی کوشندەیە لە خودی چەمکی بەخشین و هیچ کاریگەرییەکی نابێت بۆ سەر کەمکردنەوەی هەژاری. بەڵکو، بۆ نموونە، دەشێت ئەو کۆمەکانەی کۆدەکرێنەوە ساڵانە وەک سکۆڵەرشیپ بدرێن بە سەدان خوێندکاری ئەو خێزانە هەژارانەی ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە زانکۆ. بەو شێوەیە دەشێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژیانی ئەو خێزانانەدا ڕوو بدات. یاخود نموونەکانی کۆمەککردنی نەخۆشخانەکانی نانەکەلی و هیوا لە ئاستی بەخشینی تاکەکسیدا کارێکی ئێجگار گرنگە، چونکە بەهۆی گرانیی تێچووی نەخۆشیی شێرپەنجەوە، هەر نەخۆشێک بارێکی گران دەخاتە سەر خێزانە هەژار و مام ناوەندەکان.

بێگومان کاری خێرخوازی لەهەندێک دۆخی دیاریکراودا گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە و دەتوانێت ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە کە دەوڵەت و حکومەت جێی دەهێڵێت. بۆ نموونە لەکاتی کارەساتە مرۆیی و سروشتییەکاندا، بۆ دەستگیرۆیی کاری ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و یارمەتیدانی گەنجان لە دەستپێکردنی پڕۆژەی بچووک و هتد. بەڵام کێشەکە لەوێدا سەر هەڵدەدات کە کاری خێرخوازی بیەوێت جێی دەوڵەت بگرێتەوە و لەولاشەوە ئەو کەسانەی بەرپرسن لەو نەهامەتی و هەژاریەی خەڵکی تێدا دەژین، خەیاڵیان ڕەحەت بێت و پاڵیان لێ دابێتەوە، چونکە لایەنێکی دیکە هەیە ئەرکەکەی ئەوان بە نیوەناچڵی جێ بەجێ دەکات و کەس داوای مافی خۆی لەوان ناکات.

بەشکردن: