ئایا دونیایەکی باشتر مەحاڵە؟ گفتوگۆ لەگەڵ باری گیڵز لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە

باری گیڵز قسە بۆ کوردستان تایمز دەکات. فۆتۆ: رێباز مەجید
فۆتۆ: باری گیڵز قسە بۆ کوردستان تایمز دەکات, ١٠٧ نیسان ٢٠٢٣ هامبۆرگ. فۆتۆ: رێباز مەجید

~ کەمال چۆمانی

ئەوەی ئۆجەلان و گیڵزی زیاتر لە یەکتر نزیک کردەوە، سەرسامبونیان بو بە ریشەکانی شارستانیەت و دەوڵەت، کۆمەڵگەی چینایەتی و پەرەسەندنی بونیادە ستەمکارییەکان بە تێپەڕبونی کات. سەرەڕای ئەوەی هەرگیز دەرفەتی یەکتربینین و گفتوگۆی روبەڕو یان لەڕێی تەلەفۆن و ئیمەیڵەوەیان نەبوە، بەڵام کارەکانیان دیار بو هاوتەریب یەکدەگرنەوە لە هاوبەشێتی فیکری و ناسنامەی لێگەڕینی مەعریفییان. هەرچەندە گیڵز یەکێکە لە رۆشنبیرە دیارەکانی دونیا، ئەو نایشارێتەوە و دەڵێ: “خۆم بە خوێندکاری ئۆجەلان دەزانم.”

لە جیهانێکدا کە بە ململانێ و نایەکسانی ئاخنراوە، گەڕان بەدوای رێگای ئالتەرناتیڤ بەرەو دادپەروەری و یەکسانی تا دێت گرنگی زیاتری پێ دەدرێ. گفتوگۆکان لەسەر دونیایەکی یەکسانتر، دەمێکە هێندە گرنگییان پێ نەدراوە. قەیرانەکانی سەرمایەداری و گۆڕانەکانی کەشوهەوا ئەو گفتوگۆیانەی چڕتر کردونەتەوە. لە چوارەمین کۆنفرانسی “تەحەداکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” لە هامبۆرگ، دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا لە ڕێگەی جیهاد حامیی هاوڕێم، باری گیڵز، سکۆلاری بەناوبانگ و یەکێک لەو نوسەر و رۆشبیرانەی کە لەڕێی لێکۆڵینەوە و کتێبەکانیەوە پەنجەرەیەکی بە روی دونیایەکی باشتردا کردۆتەوە، ببینم و هەردوکمان پێکەوە لەگەڵیدا گفتوگۆ لەبارەی دونیای ئالتەرناتیڤ و نزیکایەتیی بۆچون و تێڕوانینەکانی لەگەڵ ئۆجەلان، گفتوگۆ بکەین. هەرچەندە ئۆجەلان لەڕێی یەکێک لە کتێبەکانی باری گیڵزەوە سودمەند بوە بۆ پێشخستنی بیروڕا و پارادیمە نوێکەی، گیڵز خۆی بە خوێندکاری ئۆجەلان دەزانێ. ئەو یەکێک بو لە قسەکەرە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە لە بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا لە کۆنفرەنسەکەدا. گفتوگۆکەمان تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی حەز و ئارەزوی گیڵز بۆ کارەکانی ئۆجەلان و گرنگی تیۆری و پراکتیک و ئەو هاوبەشییانەی کە لە هەوڵە فیکرییەکانیاندا بە یەک دەگەن.

باری گیڵز پرۆفیسۆری سیاسەتی جیهانییە لە زانکۆی نیوکاسل و هێلسنکی، سەرنوسەر و دامەزرێنەری جۆرناڵی گلۆبالیزێیشن و زنجرەکتێبی `دوبارەبیرکردنەوە لە گلۆبالیزێیشن`ی خانەی رۆتلێج، یەکێک لە بەناوبانگترین خانەکانی بڵاوکردنەوە لە دونیادا. گیڵز هەروەها سەرنوسەری دامەزرێنەری پێداچونەوەی ئابوریی سیاسیی نێودەوڵەتییە.

باری گیڵز قسە بۆ کوردستان تایمز دەکات. فۆتۆ: رێباز مەجید

“من ئۆجەلان بە فەیلەسوف دەزانم، چونکە زۆر هەوڵی قوڵ و جدی دەخاتە ناو پرۆسەی بیرکردنەوەی خۆیی و بەردەوام پرسیار دەکات و پرسیار لە خودی بیرۆکەکانی خۆی دەکات. یەکێک لەو شتانەی کە رۆشنبیرێکی گەورەی پێ دروستدەبێت، توانای ئەوەیە کە بتوانێت ئەو شتانە بڵێت و رەخنەی بکات و لەگەڵ فێربون و لێکۆڵینەوە و پرسیارکردنیش، بیرۆکەکانی بگۆڕێت. ئەم گونجاندنە ئەوەیە کە بیرمەندێکی گەورە دەکات بە پێچەوانەی کەسێک کە پێی وایە پێشتر هەمو شتێک دەزانێت و بە سادەیی بۆچونە دامەزراوەکانیان دوبارە دەکاتەوە.” گیڵز

 

 

گیلز کە بە نوسینەکانی لەسەر مێژوی جیهانی و شیکاری سیستەمی جیهانی ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕەکانی هاوڕێ و هاوڕێ ئەکادیمییەکانیەوەبە بیر و راکانی ئۆجەلان ئاشنا دەبێ. گیلز سەرسام بو بە شۆڕشی رۆژئاڤا کە لەسەر بنەمای بڕواکانی ئۆجەلان بۆ کۆمەڵگا دەیەوێ خۆی دابمەزرێنێ چونکە دەیەوێ یەکێتییەکی بەهێزی تیۆری و پراکتیکی پێشکەش بکات، هەروەک چۆن کۆچکردو ئەنثرۆپۆلۆجیست و رۆشنبیری بەناوودەنگ دەیڤید گرایبەر زۆر ستایشی ئۆجەلانی کرد بۆ یەکێتیی تیۆر و پراکتیز وەک ئەزمون و پێکهاتەیەکی دەگمەن لە نوسینی ئەکادیمیدا. وەک گیلز ڕونیکردەوە، “ئەوەی وایکروە ئۆجەلان ئەوەندە تایبەت و بەهێز بێت ئەوەیە کە نوسینەکانی ئۆجەلان تەنها دەقێکی ئەکادیمی نین کە پەیوەندی بەو واقیعەوە نەبێ کە لە پراکتیزدا رودەدات. ئەو رێبازی پێکەوەگرێدانەی تیۆری و پراکتیز ئەو خاڵەیە کە نوسینەکانی ئۆجەلان گرنگتر دەکات.”

شیکاری مێژویی جیهانی درێژخایەن و ڕێبازی پێداچونەوەخوازانەی ئۆجەلان بۆ مێژوی جیهانی، گیڵزی بۆ لای خۆی ڕاکێشا کە لەمێژە خەریکی هەوڵی لەو شێوەیە. جەختکردنەوەی ئۆجەلان لەسەر هێزە گۆڕانکارییەکان لە مێژودا و خواستی مرۆڤ بۆ ڕزگاربون لە بونیادە ستەمکارییەکان، لەگەڵ تێڕوانین و دونیابینییەکانی گیلز یەکیدەگرتەوە لە گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤەکانی پۆست-سەرمایەداری و هەوڵی وەرچەرخێنەر.

گیلز یەکەم بەریەککەوتنی خۆی لەگەڵ کارەکانی ئۆجەلان گێڕایەوە و گوتی “سەرەتا تەنها لەسەر شۆڕشی رۆژئاڤام زانی. بەڵێ، چونکە ئەو زانیارییە لە هەرشوێنێک بە هۆی بەردەوامیی شۆڕشەکە بەردەست بو، ئینجا بە جۆرێک دێتە بەردەمت و دواتر، تۆ زیاتر ئارەزوی زانین دەکەی. بۆیە دەستم پێکرد بە گەڕانی زیاتر لەبارەی کارەکانی ئۆجەلانەوە. زیاتر پرسیارم کرد و بەو جۆرە بە نوسینەکانی ئاشنا بوم. هەر بۆیە دەستم کرد بەوەی کە بزانم چی هەیە  و چی رودەدا. هەر یەکسەر کە کەمێک زیاتر لە بارەی ئۆجەلانەوە دەزانیت و پێی ئاشنا دەبیت، دەزانی کە ئۆجەلان پایە و بیرمەندێکی زۆر گرنگە.”

ئەوەی ئۆجەلان و گیڵزی زیاتر لە یەکتر نزیک کردەوە، سەرسامبونیان بو بە ریشەکانی شارستانیەت و دەوڵەت، کۆمەڵگەی چینایەتی و پەرەسەندنی بونیادە ستەمکارییەکان بە تێپەڕبونی کات. سەرەڕای ئەوەی هەرگیز دەرفەتی یەکتربینین و گفتوگۆی روبەڕو یان لەڕێی تەلەفۆن و ئیمەیڵەوەیان نەبوە، بەڵام کارەکانیان دیار بو هاوتەریب یەکدەگرنەوە لە هاوبەشێتی فیکری و ناسنامەی لێگەڕینی مەعریفییان. هەرچەندە گیڵز یەکێکە لە رۆشنبیرە دیارەکانی دونیا، ئەو نایشارێتەوە و دەڵێ: “خۆم بە خوێندکاری ئۆجەلان دەزانم.”

گیلز و ئۆجالان بۆ تێپەڕاندنی مێژوی یۆرۆ-سەنتەری و تێگەیشتن لە مێژوی هاوبەشی مرۆڤایەتی هەوڵێکی هاوبەشیان هەبوە، ئەمەش بوە فاکتەری سەرەکی لە کارەکانیاندا کە بێئەوەی لە نزیکەوە یەکتر ببینن یان یەکتر بناسن، هاوکاریی پێشخستنی تێڕوانینەکانی یەکتریان کردوە، واتا ئەو خاڵەیە کە هەردوکیان لەسەری کۆکن بێئەوەی کاری پێکەوەیییان لەسەری کردبێ. بە شیکردنەوەی مێژو لەسەر ئاستی جیهاندا، کارەکانیان تەحەدای ئەو حیکایەتانەیان کرد کە دەوڵەت-سەنتەر تێگەییشتنێکی بەرتەسکی بۆ مێژوی مرۆڤایەتی پێشخستوە، و ئەو نزیکبونەوەی ئەوان بۆ مێژو هانی تێگەیشتنێکی فراوانتری دا بەوەی مێژوی مرۆڤایەتیی زیاتر بەیەکەوە گرێدراوە و نزیکایەتییەکی زۆرتر لە سروشتی مرۆڤ هەیە.

گیلز لەم بارەوە گوتی: “ئێمە باس لە مێژویەکی مرۆڤایەتی دەکەین کە هەموی ڕەسەنە، و باس لە هەمو ئەم بەیەکەوەبونە کۆی پەیوەندییەکان دەکەین.. دەزانی، هەمو پەیوەندییە ئینسانییەکان و مێژوەکانیان لە زۆر رودا بەیەکەوە گرێدراون، ئەوەندە بەیەکەوە گرێدراون کە بە قوڵی ئەو مێژوی ئینسانییە سیستماتیکە.”

لە گفتوگۆکەماندا، گیڵز تەئکیدی لە گرنگیی ناسینی جەوهەری حەزی ئینسان بۆ ئازادی و پێویستیی تێگەییشتنێکی وەرچەرخێنەر بۆ مێژوەکەی کردەوە. لەم روەوە، لەبارەی سەرسامبونی خۆی بە کارەکانی ئۆجەلان نیشاندا و گوتی:

“ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێش بوە و هەمیشەش سەرنجڕاکێش دەبێ لەبارەی ئۆجەلانەوە، لە تەواوی کارەکانیدا، هەرگیزاوهەرگیز ناوەستێت لە جەختکردنەوە لەسەر ئەم پەیوەندییەی نێوان تیۆری و پراکتیز و پێویستیی ئەو تێگەییشتنە وەرچەرخێنەرانە بە شێوەیەکی زۆر کۆنکریت و تایبەت و نەخشەسازییەک کە ئەو فۆرمانە چین و دونیابینییەکت دەداتێ لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە.”

گیڵز دەڵێ ناساندنی ئەسڵی هەر سیستەمێک لە خۆیدا گرنگییەکی تایبەت هەڵدەگرێ بە هۆی دەرەنجامگیریی سیاسیی ئەو جۆرە هەڵسەنگاندنەوە:

“کاتێک کەسێک بڕیاردەدات کە سیستەمێک ئەسڵێکی هەیە، گونجاو دەبێت خودی سیستەمە بناسێنی یان نەیارەکانی خودی سیستەمەکە دیاری بکا. ئەو تێگەییشتنە رێ لەو گریمانەیە دەگرێت کە سیستەمەکە هەمیشەیی بوە. ناساندنی ئەسڵ کاریگەریی سیاسیی چاوڕاکێشی هەن و ئەوە دەناسێنێت کە سیستەم سەرەتایەکی هەبو و دەکرێت کۆتایییەکیشی هەبێ.

گەڕانەوەی مێژوییبونی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، وەک سیستەمی جیهانی سەرمایەداری، ڕێگە بە ڕوانگەیەکی ڕزگاریخوازانە دەدات. ئەم ڕوانگەیە دان بە ڕێڕەوی مێژویی سیستەمێکدا دەنێت لە ئەسڵی خۆیەوە تا لوتکەی و دواجار داکشان و ئەگەری تێپەڕاندنی.

یەکێک لەو ناکۆکییە گەورانەی لە شیکردنەوەی سیستەمی جیهانی هەیە ئەوەیە ئاخۆ ئەو سیستەمە لە ئەوروپا سەریدەرهێنا یان مێژویەکی فراوانتر و دێرینتری هەیە. هەندێک پێیان وایە کە سیستەمێکی راستەقینە هەیە دەگەڕێتەوە هەزاران ساڵ پێشتر، تەواوی یۆراسیا دادەپۆشێ و بونیادێکی فرە-سەنتەر و ژمارەیەکی زۆر پەراوێز و ناوەوەی هەیە.

ئەم سیستەمە بەردەوام پەرەدەسەنێت، شارەکان بەرز دەبنەوە و دادەبەزن و ڕێڕەوی بازرگانیش دەگۆڕێت. بەڵام والەرشتاین بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تەنها یەک سیستەمی جیهانی هەیە، کە لە ئەوروپاوە سەرچاوەی گرتوە و دواتر ئەوروپا سەرمایەداری و ئابوری جیهانی دروستکرد. ڕەخنەگران دەڵێن ئەم بۆچونە چەواشەکارانە و شێوێنەرە و هەڵەکان لە مێژونوسیی یۆرۆسەنتریدا بەرهەمدەهێنێتەوە.”

گیڵز دەڵێت خاڵێکی دیکەی جێمشتومڕ سروشتی سەرمایەیە. مارکسیزمی کلاسیک و زۆربەی ئابوریناسانی لیبڕاڵ دەڵێن سەرمایە “دیاردەیەکی هاوچەرخ و نوێیە، داهێنانێکی ئەوروپییە کە لە ڕێگەی دەسەڵاتی ئەوروپییەوە بەجیهانیکراوە. لە بەرامبەردا هەندێکی تر دەڵێن کە سەرمایە کاتێک سەریهەڵدا، بو بە هێزێکی بزوێنەری ناوەندی کە مێژوی جیهانی لە قاڵب دەدات. لەجیاتی ئەوەی ڕەتبکەنەوە، بانگەشە بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی سەرمایەداری لە تێگەیشتن لە مێژوی جیهانیدا دەکەن.”

لە درێژەی باسەکەماندا سەبارەت بە سەرمایەداری، سەرنجمان خستە سەر لایەنەکانی وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان، ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاڤا، چینی سەرمایەداری و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان لە پێوەندی لەگەڵ بیرکردنەوەی ئۆجالان و هتد.

چەمکی نەتەوەی دیموکراتیکی ئۆجەلان، وەک ئەوەی لە رۆژئاڤا جێبەجێکراوە، چوارچێوەیەکی سیاسییە کە جەخت لەسەر دیموکراسی ڕاستەوخۆ و ئیکۆلۆژی و یەکسانیی جێندەری دەکاتەوە. ئەم مۆدێلە تەحەدای پێکهاتە تەقلیدییەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکات لە ڕێگەی پێشخستنی بەڕێوەبەردن و حوکمڕانیی ناناوەندێتی و خۆسەری، کە تێیدا جڤاکە ناوخۆیییەکان بڕیار لەسەر ئەو بابەتانە دەدەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، و ئابورییان هەیە بێگەڕانەوە بۆ ناوەند. ئیدارەی رۆژئاڤا ئەم بنەمایانە لە رێگەی کۆنگرێس و ئەنجومەنە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرجەستە دەکات کە گروپە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکان تێیدا نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن تا هەستی پێکەوەیی و هاوبەشی پێشبخات و بڕیارەکان پێکەوە دەربکەن لە بەرژەوەندیی هەموان.

هەروەها نەتەوەی دیموکراتیک گرنگی یەکسانی جێندەری بە بنەما دەگرێ، و ژنان لە هەمو بوارەکانی کۆمەڵگادا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، لەوانەش حوکمڕانی و بەرگری و پەروەردە. ئەنجومەن و هەروەزیی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی جێندەری و بەشداریی یەکسان لە پرۆسەکانی بڕیاردان دادەمەزرێن. ئەم سیستەمە ئەڵتەرناتیڤە سیاسییە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانیخوازتری هەیە کە مرۆڤ لەگەڵ ژینگەدا دۆستە، بێ ئەو بونیادانە جێبەجێکردنی بیرۆکەکانی ئۆجالان مانایەکیان نابێ.

سەبارەت بە رۆژئاڤا و پەرەپێدانی ڕێبازی ئەلتەرناتیڤی ئۆجەلان، جێبەجێکردنی ئەم تیۆرییە لەناو کورددا هەندێک ڕەخنەی لێکەوتوەتەوە. هەندێک دەڵێن، خەباتی کورد بۆ مافی سەربەخۆیی دەوڵەت و چارەنوس بەرەو دیدگایەکی یۆتۆپیایی و ڕۆمانسی و پێغەمبەرانە دەگۆڕێت کە لە چوارچێوەی سوریادا جێبەجێکردنی هەم مەحاڵە و هەم بەرهەمی دژی دەبێ. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناسنامەی کوردایەتیی تێکدەدات و تەرکیز لە ناسیۆنالیزمی کوردەوە دەگۆڕێت بۆ عەقڵییەتێکی ئیکۆلۆژی و کۆمۆنی و سۆسیالیستیتر، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەرخۆدان لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی ناوچەییدا لاواز دەکات. بەڵام گیڵز تێڕوانینێکی تەواو پێچەوانەی هەیە، ئەو دەڵێت:

 “من لەنێو ئەو کەسانەدام کە هەوڵەکان بۆ پێناسەکردنەوەی مافی چارەنوس لە چوارچێوە و مانای فراوانتردا، بەرز دەنرخێنم. من باوەڕم وایە مەرج نییە شوناس و یەکگرتویی کورد بسڕێتەوە. بەڵکو چەمکی چارەنوسی خۆنوسین لە چوارچێوەیەکی زۆر تایبەت و تایبەتمەند لە ڕوی نەتەوەییەوە دەگوازێتەوە بۆ فۆرمێکی گشتگیرتر و گونجاوتر و باڵاتر. ئەم گۆڕانکارییە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و زۆر کەسی هانداوە کە توانای ڕیشەیی بۆ جێبەجێکردن لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا لەبەرچاو بگرن و سەرنجی زیاتر بە کورد بدەن. من ئەو ڕەخنانەی پێشتر باسکران قبوڵ ناکەم و پێموایە ڕەنگە لەگەڵ ئەو پێشڤەچونە بەردەوامانەی لەسەر ئەرزی واقعدا رودەدەن یەکنەگرێتەوە.

سنوردارکردنی خۆمان بەو گریمانانەی کە دەکرێ و دەتوانرێ فۆرمێکی رێکخستنی واقیعی بەدەستبهێنرێن، دەتوانێت ڕێگری لە توانای ئێمە بکات بۆ وەرگرتنی بیرۆکەی نوێی ڕیشەیی. بە گریمانەکردنی ئەوەی کە هەندێک هەوڵ هەرگیز سەرکەوتو نابن، ڕەنگە بەبێ ئاگاداری بەربەست لەبەردەم کراوەیی و داهێنان دروست بکەین. بۆیە زۆر گرنگە لە کاتی ڕەچاوکردنی ڕێباز و بیرۆکەی نوێدا دیدگایەکی کراوەمان هەبێ وئەو دیدگایە بە بنەما بگرین.”

گیڵز پێی وایە “جەختکردنەوە کە خستنەڕوی شیکارییەکی گشتگیرە بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوری و جێندەرییەکان بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوە و ڕەگ و ڕیشەی پێکهاتە ستەمکارییەکان، زۆر گرنگە. ڕزگاری تەواوی ژنان نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ئاستی جیهانیدا، بیرۆکەیەکی قوڵە کە پێویستە بەدوایدا بگەڕێین بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی ڕوبدات.”

گیڵز نمونەیەک دەهێنێتەوە: “کۆنفیدڕاڵی ئیرۆکوای لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باکور، بە دەستوری هاوسەنگی جێندەری و گرنگیدان بە ئاشتی، وەک نمونەیەکی مێژویی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەتر کاردەکات. جەخت لەسەر پێویستی ڕزگاربونی تەواو لە فۆرمە ستەمکارییەکانی ڕابردو دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕزگارییەکی تەواوی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنرێت. ئەم دیدگایە بە باشی لەگەڵ پرۆسە گۆڕانکارییەکان هاوتەریبە کە ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی سیستەم و بونیادە زیانبەخشەکانە.

منیش هاوڕام کە نەک تەنها نەخشەکێشانی شێوازەکانی سیستەمەکانی جیهان و ڕوخاندنی مێژوی یۆرۆسەنتری و ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلۆژی، بەڵکو هەنگاوی داهاتو بەرەو کردەوەی وەرچەرخێنەریش زۆر گرنگە. بون بە خوێندکاری ئەو کەسانەی کە بەشدارییەکی قوڵیان کردوە لە هەردو بواری تیۆری و پراکتیکدا، دەتوانێت تێگەیشتنمان دەوڵەمەند بکات و تێڕوانینێکی بەنرخمان بۆ دابین بکات بۆ دروستکردنی داهاتویەکی باشتر”.

گیڵز زۆر خۆشحاڵە کە توانیومانە گفتوگۆی لەم شێوەیە بکەین و لێکۆڵینەوە لەوە بکەین کە بیرۆکەکانمان چۆن یەکدەگرنەوە. زۆر گرنگە شیکاری مێژویی بەکاربهێنین بۆ ئاگادارکردنەوەی دیدگاکەمان لە داهاتو و دروستکردنی جیهانێکی دادپەروەرتر و دادپەروەرانەتر.

پرسیارمان لە گیلز کرد کە چۆن ئۆجالان دەبینێت و دەبێت چی لە دیدگاکانی ئۆجەلان بگۆڕدرێت؟

ئەو گوتی: “ڕەنگە بەسود بێت [سەبارەت بە هزری ئۆجەلان] کە رونتر و تایبەتتر بێت سەبارەت بە بیرۆکەکانی لەبارەی ئەوەی کە چی مۆدێرنیتە پێکدەهێنێت، و ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانەتر پێویستبکات لێکۆڵینەوە لە کام توخمەکانی مۆدێرنیتە بکرێت کە دەبێ بپارێزرێن و بۆچی، هەروەها کام توخمەکانی مۆدێرنیتە دەبێ بسڕدرێنەوە یان دەستکاری بکرێن .

من ئۆجەلان بە فەیلەسوف دەزانم، چونکە زۆر هەوڵی قوڵ و جدی دەخاتە ناو پرۆسەی بیرکردنەوەی خۆیی و بەردەوام پرسیار دەکات و پرسیار لە خودی بیرۆکەکانی خۆی دەکات. یەکێک لەو شتانەی کە رۆشنبیرێکی گەورەی پێ دروستدەبێت، توانای ئەوەیە کە بتوانێت ئەو شتانە بڵێت و رەخنەی بکات و لەگەڵ فێربون و لێکۆڵینەوە و پرسیارکردنیش، بیرۆکەکانی بگۆڕێت. ئەم گونجاندنە ئەوەیە کە بیرمەندێکی گەورە دەکات بە پێچەوانەی کەسێک کە پێی وایە پێشتر هەمو شتێک دەزانێت و بە سادەیی بۆچونە دامەزراوەکانیان دوبارە دەکاتەوە.

پێدەچێت ئەم ڕوانگەیە لە پاڵنەرێکەوە سەرچاوەی گرتبێت بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤایەتی بە گشتی بە درێژایی مێژوی دور و درێژی خۆی. مرۆڤ بە دورکەوتنەوە لە هەر جۆرە ناوەندگەرایی و لەئامێزگرتنی ڕوانگەیەکی گشتگیرتر، دەتوانێت کار بکات بۆ یارمەتیدانی مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی قوڵتر و ڕەخنەگرانەتر لە خۆی تێبگات. بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانە توندەکانی ئەم چەرخە بکەین، گرنگە دان بە واقیعی ئەو شتانەدا بنێین کە ڕویداوە و چی ڕودەدات و ڕەنگە خەریکە ڕوبدات. بە تەرخانکردنی ئینسان بۆ تێگەیشتن لەم پرسانە، دەکرێت ئینسان یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی داهاتو بۆ باشتر”.

بەشکردن: