ڕێگای ئەنقەرە بە ئامەددا تێدەپەڕێت

ڕێباز مەجید*

١٤ی ئەم مانگە، کە هاوکات ئەمساڵ سەدەیەک بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیادا دەگوزەرێت، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەدەچن. وەک راپرسییەکان نیشانیدەدەن، دەکرێ ئەم هەڵبژاردنە دەستەڵاتی ٢٠ ساڵەی ئەردۆگان کۆتایی پێبهێنێت. بە هەڵبژاردنی عەلەوییەکی دەرسیم وەک سەرۆککۆماری نوێی تورکیا، کورد و دیموکراتخوازەکانی تورکیا هیوادەخوازن پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیادا دەستپێبکاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە کە چاوی ناوچەکە و جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە بە هۆی چارەنوسسازیی ئەنجامەکانییەوە، هەروەها کاریگەریی ڕاستەوخۆیشی دەبێت بەسەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان و دۆخی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. لە کاتێکدا تا دێت تورکیای ئەردۆگان بەرەو حوکمڕانیی تاکڕەویی زیاتر هەنگاودەنێت، ئەم هەڵبژاردنە هەلێکە بۆ نەیارەکانی ئەردۆگان تاکو لەڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە کۆتاییەک بۆ دەستەڵاتخوازییەکەی دابنێن و هاووڵاتییان دەنگ بۆ تورکیایەک بدەن کە هیوای سبەینێیەکی باشتر و دیموکراتیک بدات.

 

کێبڕکێکارەکانی هەڵبژاردن

 

لە تورکیادا، هەموو پێنج ساڵ جارێک، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچن. لەم هەڵبژاردنەدا، دوو کاندیدی سەرەکی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و سێ هاوپەیمانیی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کێبڕکێ دەکەن. هاوپەیمانێتییەکان بەم شێوەیەی لای خوارەوەن:

هاوپەیمانی خەڵک (Cumhur İttifakı) کە بریتین لە ئاکەپە، مەهەپە، پارتی ڕەفاحی نوێ، هودا پار وچەند پارتێکی دی، کاندیدی فەرمییان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ڕەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیایە.

هاوپەیمانی میللەت (Millet İttifakı) کە بریتین لە جەهەپە، پارتی باش، پارتی دیموکرات، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن، پارتی داهاتوو، کاندیدی فەرمییان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەمال کڵچدارئۆغلو، سەرۆکی جەهەپەیە.

هاوپەیمانی ئەمەک و ئازادی (Emek ve Özgürlük İttifakı) کە بریتین لە پارتی چەپی سەوز (هەدەپە)، پارتی کرێكارانی تورکیا، پارتی ئەمەک، پارتی بزووتنەوەی ئەمەک و چەند پارتێکی دی، بڕیاریان داوە هیچ کاندیدێکیان بۆ سەرۆککۆماریی تورکیا نەبێت و پشتگیری کاندیدی هاوپەیمانی میللەت، کەمال کڵچدارئۆغلو بکەن.

تورکیای ئەردۆگان: ئابوورییەکی شکستخواردوو، زیندانی دەنگی ئازاد

تورکیای ئەردۆگان، تورکیایەکی دڕندەیە. بە کۆکردنەوەی گشت دەستەڵاتەکان لەدەستیدا، ئەردۆگان هەنگاو بە هەنگاو وڵاتی بەرەو تاکڕەویی زیاتر بردووە. وا چەندین ساڵە تورکیا بە دەست هەڵاوسانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و لە دەمی نووسینی ئەم ڕاپۆرتەدا نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکیی بەرامبەر بە ١٩،٥٢ لیرەی تورکییە. ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەرەو هەژاری زیاتر دەڕۆن و نرخی پەتاتە و بیبەر و پیاز و زۆرێک لە سەوزە و خواردنەکانی دی لە ئاستێکدان کە خەڵکی بە دوودڵییەوە لە مارکێتەکاندا دەیانکڕن.

لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بۆ ٢٠٢١، ئەردۆگان هەستا بە کردنەوەی ٢٢٧ زیندانی نوێ لە سەرانسەری وڵاتدا. لە ئێستادا تورکیا یەکێکە لە گەورەترین زیندانەکانی ڕۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد لە جیهاندا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، لەدوای هەریەک لە چین و ئێران و میانمار، تورکیا چوارەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسی لە زیندانەکاندا هێشتووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢، بە دەستگیرکردنی ٢٥ ڕۆژنامەنووسی کورد، تورکیا ژمارەی ڕۆژنامەنووسەکانی ناو زیندانی لە ١٨ ڕۆژنامەنووسەوە بەرزکردەوە بۆ ٤٠ ڕۆژنامەنووس. لە ڕێگای دەستگیرکردنی هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی لەسەر پرسی سیاسیی و بەستنەوەی دەستی نەیارەکانی و بەتایبەتیش سەرکردە کوردەکان، ئەردۆگان ویستوویەتی ترس و تۆقاندن بڵاوبکاتەوە و دەستەڵاتی خۆی بچەسپێنێت. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ڕۆژنامەنووسان، بە دەیان ڕاپۆرتی جیا جیا بە بەردەوامی تورکیا و جیهانیان لە مەترسی ئەو ڕێڕەوەی ئەردۆگان گرتوویەتییەبەر ئاگادارکردووەتەوە. بەڵام ئەردۆگان خاوەن کەسایەتییەکی نارسیستە و تاکو دێت چنگەکانی تیژتر دەبن.

 

پارتی چەپی سەوز: پارتی کلیل

چنگە تیژەکانی ئەردۆگان، زیاد لە هەر لایەنێکی تر، کوردی بریندارکردووە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩دا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆی تورکیادا ٦٥ شارەوانی شاری مەزن و پارێزگا و شارۆچکەکانی بردەوە. هەدەپە بوو بە خاوەنی ١٢٣٠ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و ١٠١ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا. بەڵام ئەردۆگان، هەستا بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ١٩ سەرۆکی شارەوانیی، سەدان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و پارێزگاکان و دانانی کەسانی نزیک لە خۆی (قەییوم) لە شوێنەکانیاندا، لەنێویشیاندا. ٤٠ سەرۆکی شارەوانی. ئەمە جگە لەوەی چەندین ساڵە هەزاران کادیر و ئەندامی هەدەپە لە زیندانەکاندا هێڵراونەتەوە و ڕێگایان لێگیراوە چالاکی سیاسیی بکەن، لەنێویشیاندا هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و دەیان ئەندامپەرلەمان و سەرکردەی دیاری دی حزبەکە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەبێ پاساوی یاسایی مەشرووع زیندانیکراون.

بەپێی ڕاپرسییەکان بێت، هەریەک لە دوو هاوپەیمانییەتییە سەرەکییەکەی تورکیا، هاوپەیمانییەتی خەڵک بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆگان و هاوپەیمانییەتی میللەت بە سەرۆکایەتی کەمال کڵچدارئۆغلو بە نزیکەیی دەبنە خاوەنی ٤٠% بۆ ٤٥%ی دەنگەکان. ئەمەش پارتی چەپی سەوز کە جێگرەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە، دەکاتە هێزی کلیل. پارتی چەپی سەوز و بەو هێزە جەماوەرییەی هەیەتی، ڕاستییەکی. دی فاکتۆی خوڵقاندووە کە دەوڵەتی قووڵ زۆر پێی هەراسانە: ڕێگای ئەنقەرە بە ئامەددا تێدەپەڕێت.

ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن، ئەو کاندیدەی پشتگیری ئامەد بەدەستبهێنێت، ئەنقەرەی بردووەتەوە. ئەمە سیناریۆیەکە کە ساڵی ٢٠١٩ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و چەند پارێزگایەکی دی مەزنی تورکیادا ڕوویدا، وەختێک جەهەپە توانی بە پشتگیری کوردەکان سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ خۆی تۆماربکات. لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ٤، هاوپەیمانی ئەمەک و ئازادی بە سەرۆکایەتی پارتی چەپی سەوز، بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ کەمال کڵچدارئۆغلو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا دەربڕی. هەفتەی ڕابردوو، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە زیندانەوە و لە تویتێکیدا نووسی «سیانزەیەمین سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغلو، خودا ڕێگاتان بۆ ڕۆشن بکات. لە ناخی دڵمەوە باوەڕم وایە کۆتایی بە جیاکاریی دەهێنن، ئاشتیی دەستەجەمعی دەهێننە دی وتورکیا بە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی دەگەیەنن. دەنگی من بۆ ئێوەیە، بەڕێز سەرۆککۆمار کڵچدارئۆغلو».

بۆچی کەمال کڵچدارئۆغلو؟

لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردییەوە لە باکووری کوردستان، ڕەنگە سادەترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوەبێت کە ئەردۆگان دەفتەرێکە بەیەکجاری داخراوە و ئیدی ناکرێتەوە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە تاکە هۆکار نییە بۆ پشتگیریکردنی کەمال کڵچدارئۆغلو. ئەم کاندیدە، خەڵکی دەرسیمی باکووری کوردستانە. هەڵگری شوناسی عەلەوییە کە هەر وەکو شوناسی کورد، شوناسێکی ژێردەستەیە. منداڵی چوارەمی خێزانێکی قەرەباڵەخی هەژارە. بە مرۆڤێکی دیموکرات ناسراوە. لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتەکەی تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر چنگی کەمالیستە نەتەوەپەرستەکان دەرهێنا و بەرەوە ناوەندی ڕاکێشا. جەهەپەی کەمال کڵچدارئۆغلو، جەهەپەیەکی جیاوازترە لە جاران، خاوەن دیدێکی نوێیە بەرامبەر بە کورد. لە دیدارێکی نێوان ئۆجەلان لەگەڵ پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر لە زیندانی ئیمراڵی، لە ساڵی ٢٠١٣دا ئۆجەلان لە ڕێگای هەردوو ناوبراوەوە پەیامێک بۆ کەمال کڵچدارئۆغلو دەنێرێت و دەڵێت «من زۆر بەباشی لەوە تێدەگەم چەندە گرنگە جەهەپە ببێتە پارتێکی سۆسیال دیموکراتی باش. ئەوان خۆشیان ئەمە نازانن. لەگەڵ گەیاندنی سڵاوم بە کاک عاکیف و کاک کەمال [کڵچدارئۆغلو]، پێیان بڵێن: ڕەخنەکانی ئۆجەلان لە کەمالیزم بنیاتنەرن. گەر کەمالیزم دەستکاریبکرێت و نوێبکرێتەوە دەکرێت سوودی هەبێت. نەتەوەپەرستەکان جەهەپە بەرەوە خوارەوە ڕادەکێشن. ئەگەر گوێتان لە ئۆجەلان بگرتایە باش دەبوو… ڕێگا بەوە نادەین ئاکەپە ببێتە دیکتاتۆر بەسەرمانەوە.»

چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، لە میانەی کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا، کەمال کڵچدارئۆغلو، پەیامێکی ڤیدیۆیی بە ناوی «کوردەکان» بڵاوکردەوە و، تیایدا ڕەخنەی لەو سیاسەتەی ئەردۆگان گرت کە هەمیشە پێش هەڵبژاردنەکان مامەڵەی تیرۆریست لەگەڵ کوردەکاندا دەکات. لە ڤیدیۆیەکەدا دەڵێت «ئایا ڕەوایە لەبەر سێ چوار دەنگ سوکایەتی بە کەرامەتی ملیۆنان کەس [کوردەکان] بکرێت و مامەڵەی تیرۆریستیان لەگەڵدا بکرێت؟» لە چەندین شوێندا کڵچدارئۆغلو ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستگیرکراوانی وەکو سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ناحەق لە زیندانن و بێتاوانن. چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، کەمال کڵچدارئۆغلو، دوای سەردانیکردنی هەدەپە و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی پارتەکە، دژایەتی خۆی بۆ داخستنی هەدەپە و دانانی قەییوم لەو پۆستانەی هەدەپە بردوونییەتەوە دەربڕی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد چیدی نابێت زمانی کوردی وەک «زمانی نەناسراو» مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە بەرامبەردا پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە، باسی لەوە کرد لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغلودا جەختیان کردووەتەوە لەوەی دەبێت پرسی کورد لە ڕێی پەرلەمانەوە بگاتە چارەسەر.

پرۆسەیەکی دی ئاشتی؟

دوو هەفتەی ڕابردوو، سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی زیندانیکراوی هەدەپە لە نووسینێکیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە، کۆمەڵێک زانیاری نوێی لەسەر چۆنییەتی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی خستەڕوو. دەمیرتاش باس لەوە دەکات کە هەر لە سەرەتاوە مەبەستی ئەردۆگان دەستخستنی ٤٠٠ ئەندامپەرلەمان بوو تاکو بتوانێت بە تەنها دەستووری وڵات بەو شێوەیەی دەیەوێت دابڕێژێتەوە، بەڵام کە بینی پرۆسەکە هەدەپە بەهێزتر دەکات، لە ١٤ی مارتی ٢٠١٥دا وتی «شتێک نییە بە ناوی پرسی کوردەوە.» دەمیرتاش دەشڵێت «ئێمە ١٢ جار هەوڵماندا ئەردۆگان بببینین.و قەناعەتی پێبکەین. بە هاکان فیدان و وەزیرەکانمان وت: یان ئێوە قەناعەت بە ئەردۆگان بکەن، یان دیدارێکمان بۆ ساز بکەن لەگەڵیدا. بەڵام وا دیاربوو ئەردۆگان بڕیاری کۆتایی خۆی دابوو. ئەو هەموو شتێکی کردە قوربانی ئەوەی ببێتە سەرۆک و دەیوت ئەگەر دەنگ نەبێت، ئاشتیش نییە.»

لەو ساتەوە تاکو ئێستا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بەردەوامی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئاگربەست و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتدا، بەڵام ئەردۆگان سوورە لەسەر ئەوەی کێشەی کورد بە ڕێگای سەربازی و ترس و تۆقاندن کپبکاتەوە. لە حاڵەتێکدا کەمال کڵچدارئۆغلو ببێتە سەرۆککۆماری تورکیا، ئەگەری هەیە بۆ جارێکی تر پرۆسەیەکی دی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا دەستپێبکاتەوە و هەوڵبدرێت بە ڕێگای ئاشتییانە پرسی کورد لە تورکیادا چارەسەر بکرێت. لە ناو لیستی کاندیدکراوانی پارتی چەپی سەوز کە جێگرەوەی هەدەپەیە، دوو ناو سوپرایز هەبوون: جەنگیز چاندار و حەسەن جەمال. جەنگیز چاندار ڕۆژنامەنووس و نووسەرێکی تورکە و ڕاوێژکاری سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا تورگوت ئۆزاڵ بوو. حەسەن جەمال نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی دیاری تورکە و لە ساڵی ١٩٦٩ەوە لە ڕۆژنامە هەر بەناوبانگەکانی تورکیادا بە بەردەوامیی نووسیویە. ئەم دوو کەسایەتییە و کاندیدکردنی سریی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بۆ جارێکی دی، وای لێدەخوێنرێتەوە بە مەبەستی ئامادەکردنی تیمێکی دانووستان و گفتوگۆ بێت لەگەڵ دەوڵەتدا بۆ دوای هەڵبژاردن. سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامپەرلەمانی پێشووی هەدەپە وکاندیدی ئێستای پارتی چەپی سەوز، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لەگەڵ وێببسایتی دیواری ڕۆژنامە (Gazete Duvar)دا گفتوگۆیەکی ئەنجامداوە و تیایدا دەڵێت «چاوەڕوانی پرۆسەیەکی ئاشتیین. ئاکەپە کردی. جەهەپە بۆ نەیکات؟»

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کەمال کڵچدارئۆغلو بە بێ دەنگی کورد ئەستەمە بتوانێت ببێتە سەرۆککۆماری تورکیا. هاوپەیمانی ئەمەک و ئازادی، چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەوان بەرامبەر بڕیاری پشتگیریکردنی کەمال کڵچدارئۆغلو هیچ داواکارییەکیان نییە جگە لەوەی تورکیایەکی دیموکرات بهێنێتە کایەوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، جەنگیز چاندار لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی «ئاخۆ پرۆسەیەکی دی ئاشتی دەستپێدەکاتەوە؟» وتی «لە ئێستادا پێویستە ئەردۆگان بڕوات. پێویستە تورکیا ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراتیک. دواتر دەتوانین باسی ئەو بابەتانەی تر بکەین.»

لە ئێستادا سیاسەتی هاوپەیمانی ئەمەک و ئازادی، زیاتر ئامانجی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا سوپرایز بکات و ببێتە خاوەنی ١٠٠ ئەندامپەرلەمان و قورسایی خۆی لە پەرلەمانی تورکیادا جێگیر بکات. لە دیدارێکی عەبدوڵا ئۆجەلاندا لەگەڵ وەفدی کوردی لە سەروبەندی پرۆسەی ئاشتیدا، ئۆجەلان بە توندی جەخت لەوە دەکاتەوە هەر بەرەوپێشچوونێک لە پرسی کوردی و چارەسەری کێشەی کورددا، دەبێت لە ڕێی پەرلەمانەوە بکرێت و بکرێتە یاسا. وا دەردەکەوێت، لە ئێستادا ئامانجی گەورەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردیی لە باکوور ئەوەبێت بە هێزێکی زۆرەوە بچنە پەرلەمان و لەوێوە دەوڵەت ناچار بکەن پرۆسەیەکی دی ئاشتیی دەستپێبکاتەوە. لە ڕوانگەی کوردەکانەوە لەکاتێکدا دەستپێکردنی پرۆسەیەکی وا بە ڕێککەوتنی سیاسیی دەبێت، چەسپاندن و سازان لەسەر وردەکارییەکانی دەبێت لە ڕێی پەرلەمانەوە بێت.

تورکیای دوای هەڵبژاردن

ڕاپرسیی دەزگا نێوەندگیرەکان وایدەردەخەن گەرچی کێبڕکێیەکی توند لەنێوان ئەردۆگان و کڵچدارئۆغلو هەیە، ئەگەری زۆرە سەرۆککۆماری نوێی تورکیا کەمال کڵچدارئۆغلو بێت. بەڵام ئەردۆگان، گەرچی لە ئێستادا وەک سیاسییەکی پەککەوتەی ماوەبەسەرچوو دەبینرێت، مێژووییەکی سەرسوڕهێنەری لە سەرکەوتن بەسەر نەیارەکانیدا تۆمارکردووە. ئەردۆگان زۆرجار موعجیزەی سیاسیی دەخوڵقێنێت، کەسێکە زۆر باش لە هزر و کەسایەتی تاکی تورکی تێگەشتووە بە ئاسانی دەتوانێت خەڵک بجووڵێنێت و ئاراستەیان بکات. ڕاپرسییەکان هەرچییەکیش بڵێن، ٢٤ کاتژمێر لە سیاسەتدا ماوەیەکی زۆرە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا ئەنجامەکان پێچەوانە ببنەوە، بەتایبەتیش لە حاڵەتێکدا گەر هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دووەم.

لە ئێستادا، گرەوی پارتی چەپی سەوز لەسەر دۆڕاندنی ئەردۆگان و سەرخستنی کەمال کڵچدارئۆغلوە لە هەڵبژاردنەکاندا، لەپێناو درووستکردنی تورکیایەکی دیموکراتیک کە تێیدا بتوانرێت پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتییانە و لە ڕێی پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت. ئەم گرەوە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیا هەیە، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانیشەوە هەیە، بەتایبەتیش لە پرسی ئەو ناوچانەی کە تورکیا لەشکرکێشی بۆ کردوون و خستوونیەتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوە. پرسی پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و بارزانییەکانیش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و کەوتنی ئەردۆگان زۆر هاوکێشەی سیاسیی لە باشووری کوردستاندا دەگۆڕێت.

لە پشت هەموو ئەو ئومێد و هیوایەی کوردەکان بەم هەڵبژاردنە هەیانە، لە ڕاستیدا شەڕ و ململانێی کورد بۆ مافەکانی لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردنەوە دەستپێدەکات. کەمال کڵچدارئۆغلو چەند کەسێکی دیموکرات دەرکەوێت، سەرۆکی پارتێکی سیاسییە کە هێڵی کەمالیستە نەژادپەرستەکان هێشتا تێیدا بەهێزن. دووەم پارتی سیاسیی ناو هاوپەیمانییەتییەکەی پارتی باشە، کە پارتێکی نەژادپەرستی فاشیستە و ئایدۆلۆژیای پارتەکە دژی کرانەوەیە بەڕووی چارەسەرکردنی پرسی کورد. لە ئەگەری سەرکەوتنی کڵچدارئۆغلودا، هێشتا لەمپەری گەورە هەن کوردەکان پێویستە تێیپەڕێنن، کڵچدارئۆغلو گەرچی بەڕووی بزووتنەوەی کوردیدا کراوەترە، زۆرینەی گوتار و دەربڕینەکانی لەمەڕ پرسی کورد تەنها لە دەوری ئەدەبییاتی برایەتیدا دەسووڕێتەوە و تاکو ئێستا پێشنیازێکی جدیی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەخستووەتە ڕوو. گەر کڵچدارئۆغلو لەبەر پاراستنی دەنگی جەماوەری نەتەوەپەرستی تورکیش خۆی دوور بگرێت لە باسکردنی پرسی کورد، ڕاستییەک هەیە ناتوانێت لێی ڕابکات: ئەوە کوردەکانن ئەو دەکەنە سەرۆککۆمار و ڕێگای ئەنقەرە بە ئامەددا دەڕوات.

 

* رێباز مەجید، خوێندکاری ماستەرە لە بواری لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئازادی بەرلین، ئەڵمانیا. بۆ چەند ساڵێک پەیامنێری دەنگی ئەمریکا بوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

بەشکردن: