کام سەرکردە و سەرکردایەتی؟

578
0

~ کەمال چۆمانی

سەرکردە و سیاسەتمەدار بەنەمری لە مێژو و یادەوەری گشتیی گەلەکەی دەمێنێتەوە ئەگەر ژیان و مردنی لە پێناو گەلەکەی بێ و سەرکردەیەکی باش بێ نەک بەتەنها هەوڵدان تا وەک سەرکردەیەکی <<گەورە>> ببینرێ، کە دیارە ئەو هەوڵە گرێیەکی دەرونیی بچوکبونە. گەورەبون بێ باش بون زۆر جار تراجیدی دەبێ. هیتلەر سەرکردەیەکی گەورە بو، بەڵام باش نەبو. دێیڤد بن گوریۆن، یەکێک لە سەرەکیترین باوکانی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسڕائیل، سەرکردەیەکی گەورە و باش بو، کاتێک دەوڵەتی ئیسڕائیلی دامەزراند، بە بیانوی هەڕەشەی دەوڵەتانی عەرەب لەسەر ئیسرائیل دیموکراتی و حوکمڕانیی باشی وەلانەنا بەڵکو دەیزانی حوکمڕانیی چاک و دیموکراسی واتا بەهێزبون و مانەوەی ئیسڕائیل، کەچی هەمو جیهانی عەرەب بە بیانوی هەڕەشەی ئیسرائیل دیموکراسی و حوکمڕانیی چاکیان وەلانا، هەر بۆیە توشی گەورەترین شکستی دەستەجەمعیی هاتن لە شەڕی شەش-رۆژە لە ١٩٦٧ کە ئەو تراومای شکستە ئێستاش سەرکردایەتیی دەوڵەتانی عەڕەب لەژێری هەڵنەساونەتەوە.

سەرکردایەتی تەنها تێرکردنی ئیگۆ و خودئەڤنی\نارسیسیزمی کەسێک نییە لەسەر حیسابی کۆمەڵگایەک، کە بەداخەوە لە زۆر لە سەرکردایەتییەکانی لای خۆمان دەیانبینین. سەرکردایەتی بەدیهێنانی چاکەی گشتییە، رێکخستنی خەڵک و کۆمەڵگایە لەپێناو ئامانجێکی هاوبەشی باش، دیموکراتیک، نیشتیمانی، و باڵا نەک وەگەڕخستنی کۆی کۆمەڵگا و سەرچاوەکانی بۆ تێرکردنی ئیگۆ و نارسیسیزمی کەسێک.

بۆ ئەوەی سەرکردەیەک بەنەمریی لە یادەوەری و مێژوی گەلێک بەگەورەیی بمێنێتەوە، پێویستە سەرکردەیەکی باش بێ، سەرکردەی باش دورمەودا بیردەکاتەوە، بەڵام سەرکردەی <<گەورە>> کورتمەودا بیردەکاتەوە و هەمو نیشتیمان و نەتەوە لە خۆی کورت دەکاتەوە. ئەو خاڵانە بۆ سەرکردەی باش دەبێ رەچاو بکرێن:

  • کارەکانی ئەو سەرکردەیە بەشدارییەکی گەورەیان هەبوبێ لە پێشخستن و گەشەپێدانی ژیاری گەلەکەی، گۆڕانکاریی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی کردبێ کە بوبێتە هۆی وەرچەرخاندنی ژیانی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، و ئابوریی خەڵک.
  • سەرکردەیەک بوبێ خاوەنی کاریزمایەک بێ بتوانێ خەون لای گەلەکەی دروستبکا و لەگەڵیاندا بتوانێ هیوای ژیانێکی باشتر بباتە پێش. قسەکەرێکی باش بێ تا بتوانێ دڵ و مێشکی خەڵک بۆ لای خۆی و دونیابینییەکەی رابکێشێ.
  • لە ساتە گرنگەکانی مێژودا لەگەڵ گەلەکەی ئازارەکان هەڵبگرێ و خەمەکانی گەلەکەی لە کۆڵ بنێ، بەجێیان نەهێڵێ بۆ نەهامەتییەکانی رۆژگار و خۆی لە ساتە سەختەکاندا خۆی و بنەماڵەکەی دەرباز بکات.
  • سەرکردەیەکی خاوەن رێباز و مەبدەئ بێ. خاوەنی ئەخلاقێکی ئینسانیی باڵا بێ. هاوسۆز و هاوخەم بێ لەگەڵ گەلەکەی. رێزی هەژاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بگرێ و هەوڵبدا پلەبەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری نەمێنێ نەک خۆی بەرهەمهێنەری بێ.
  • سەرکردە دەبێ لەڕوی سۆزەوە پەیوەندییەکی بەهێز و قوڵ بە گەلەکەیەوە بیبەستێتەوە. سروشهێنەر بێ بۆ سەرکردە و کەسانی دی تا ئەوانیش ببنە سەرکردە نەک هەوڵی تێکشکاندنیان بدا و رێنەدا کەسی تر لە خۆی و بنەمالەکەی ببنە سەرکردە.
  • سەرکردە دەبێ روئیایەکی هەبێ، روئیایەکی نیشتیمانی، دیموکراتیک، و ئەخلاقی تا بتوانێ کاریگەریی لەسەر یادەوەریی گەلەکەی دروستبکا و کۆمەڵگا بۆ دورمەودا بتوانێ بەو روئیایەوە ژیانێکی بە کەرامەت بژیێ.

لە ساڵی ١٩٧١، شای ئێران ئاهەنگێکی گەورەی لە پێرسۆپۆڵیس، پایتەختی کۆنی ئیمپراتۆریەتی فارس سازدا. هەندێک دەڵێن ئەو ئاهەنگە رێگای خۆشکرد بۆ شۆڕشی ئیسلامیی لە ١٩٧٩ و دواجار روخاندنی سیستەمی شا کە نازناوی شای شایانی لە خۆی نابو. هەندێ سەرچاوە دەڵێن نزیکەی یەک ملیار دۆلاری تێدا سەرفرکرا لە کاتێکدا خەڵک لە هەژارییەکی بێوێنە دەژیا لەو وڵاتەدا. شا لە سەرتاسەری دونیا خەڵکی دەعوەت کردبو، وای نیشاندەدا کە ئیتر شای شایانە و ئێران و خۆی دەبنە یەکێک لە قوتبە ئابوری و سیاسییەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهاندا.

لە راستیدا، ئەگەر دەرونشیکارییانە لێی بڕوانین، شا لە شتێکی کەم بو کە متمانە و خۆشەویستیی خەڵک بو، نەبونی ئەو بڕوابونە بە خۆی بو کە ئەو شایەکی گەورە و سەرکردەیەکی رێزلێگیراو و خۆشەویستی خەڵک بێ. ئەو دەیگوت خوا ئەرکێکی پێسپاردوە تا ئێران و خەڵکی فارس بگەیەنێتەوە رۆژانی سەرفرازیی خۆی، بەڵام ئەو خۆی هۆکار بو کە خەڵک لە نەهامەتی و دەردەسەریدا دەژیا. ئەو یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی سەر زەوی بو. بڕیاردەری شەڕ و ئاشتی خۆی بو. شا دەیتوانی سەرکردەیەکی باش بێ کە باشبون ئۆتۆماتیکییەن دەیکردە سەرکردەیەکی گەورەش، بەڵام ویستی سەرکردەیەکی گەورە بێ بێ باشبون هەر بۆیە خۆی و گەلانی ئێرانیشی توشی ماڵوێرانی کرد.

پێویستمان بە سەرکردەی باشە تا گەورە بن نەک گەورە لەسەر حیسابی خەڵک و سامانی گشتی، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا، زۆربەی سەرکردەکان خەون بەو گەورەبونە خەیاڵییە دەبینن نەک گەورە-باش، ئەو خەونبینینەیان بە گەورەبون، ئەگەر دەرونشیکارییانە لێی بڕوانین، ئاماژەی رونی بچوکبونن. ئەو بۆشایییەیە کە لە ناوەوەیاندا هەیە، ئەو تێدانەبونەیە کە سەرکردەی باش و گەورە بن، بۆیە خەونەکانیان <<گەورەبون>>ە کە بەدڵنیایی ئەو خەونەیان بچوکیان دەکاتەوە.

بەشکردن: