بە قوربانیکردنەوەی قوربانیی و پرسی دادپەروەریی ڕاگوزەریی لە کوردستاندا

د. ئاوارە حسێن- مامۆستای زانکۆ

لە هەموو جینۆسایدەکاندا کەسانێک هەن کە وەک بەشداریکار، هاندەر و هاوکاری ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە ڕۆڵیان هەبووە، بەشێک لەوانەش ئەوانەبوون کە سەر بە گروپی قوربانیی بوون. لەو ڕوانگەیەوە کە ساڵانێکە لە بواری یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە کورد و مرۆڤایەتییدا دەخوێنم، دەخوێنمەوە و توێژینەوە ئەنجامدەدەم، جگە لە نەتەوەی کورد وەک گروپێکی قوبانیی جینۆساید هیچ کام لە گروپە بە ئامانجکراوەکانی جینۆساید، تۆمەتبارانی جینۆسایدی دژ بە گروپەکەی نەبەخشیوە، بگرە ڕوبەڕوی دادگایی و دادپەروەریی کردونەتەوە و بە دەرکەوتنی تاوانباربونیشیان بە سزای یاسايی خۆیانیانی گەیاندوون. ئەنجامدەرانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان شایستەی لێخۆشبون نین و نابورێن، نەک لەبەرئەوەی کە جینۆسایدکراوان لە ژیاندا نەماون تا داوای لێبوردنیان لێبکرێت و لە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا بەخشین ئەوان ناگرێتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی بەخشین و دەرکردنی بڕیاری لێبوردن واتە لە بیرکردنی تاوان، کە ئەو تاوانانە نابێت هەرگیز لە بیربکرێن و وا پێویست دەکات لە هزری تاک بە تاکی مرۆڤایەتیدا جێگیر بکرێن و لەپێناو مرۆڤ دۆستی، ژیانەوە و دوبارە نەبوونەوەی جینۆسایدەکەدا یادی بکرێتەوە و وەک دژوارترین ئازار و سەختترین ئەشکەنجە کە ئەزموونیان کردووە لە خەیاڵگەیاندا هەڵبگرن.

ئەم وتارە دەیەوێت لە ڕوانگەیەکی یاساییەوە ڕووناکایی بخاتە سەر گرفتی بەخشینی تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد و بە قوربانیکردنەوەی قوربانییەکان. گرفتەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە بەرەی کوردستانی لە سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)وە بڕیاری بەخشین و لێبوردنی گشتی بۆ تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد دەردەکات.

لەپاش ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئەو درفەتە یاساییە ڕەخسا کە تۆمەتبارانی جینۆساید دادگایی بکرێن، هەر ئەوەش بوو بەگوێرەی یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٥) و  لەژێر ڕوناکایی ماددەی (١٣٤)ی دەستووری عێراقدا دادگای باڵای تاوانکاری عێراق پێکهات، لە بڕگەی دووەمی ماددەی (١)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکەدا ئەوە جێگیرکراوە کە “دادگاکە دەسەڵاتی دادوەریی هەیە بۆ دادگایکردنی هەموو کەسێکی سروشتی جا عێراقی بێت یان بیانیی و تۆمەتباربێت بە ئەنجامدانی هەریەک لە جیۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاساکانی عێراقی کە لەماوەی نێوان (١٧/٧/١٩٦٨ تاوەکو ١/٥/٢٠٠٣) ئەنجامدراون” لەو چوارچێوەیەدا تاوانەکانی دژ بە کورد لەلایەن حکومەتی پێشووی عێراق (ڕژێمی بەعس)ەوە بە هەریەک لە جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ ناسێندراون، ئەوانیش لە چوارچێوەی چوار کەیس و بەشێوەی سەربەخۆ و لە چەندین دانیشتنی تایبەتی دادگاکەدا هەریەک لە کەیسەکانی (ئەنفال، جینۆسایدی کوردانی فەیلی، جینۆسایدی بارزانییەکان، جینۆسایدی هەڵەبجە)ن.

دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی لە (٢٤/٦/٢٠٠٧) کەیسی ئەنفالی بە جینۆساید ناساند و سزای لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە تاوانباران (عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم ئەحمەد، حسەین ڕەشید موحەمەد) دەرکرد و هەریەک لە (فەرحان موتڵەک ساڵەح و سابیر عەبدول عەزیز ئەلدوری) بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادا. سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری سزادان بۆ ئەم تاوانبارانە، دادگا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ (٤٢٣) تۆمەتباری تری جینۆسایدی ئەنفال دەردەکات کە (٢٥٨)یان کوردن کە لەناو فەرهەنگی کوردیدا بە سەرۆک جاش و موستەشارەکان ناسراون. دادگاکە ناوی (٢٥٨) دوو سەدو پەنجاو هەشت تۆمەتبارە کوردەکە دەنێرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ دەستگیرکردنیان، ئەویش ناردوونی بۆ ئەنجومەنی دادوەریی. وە لە (٥/٥/٢٠١١) ئەنجومەنی دادوەری بە فەرمانی ژمارە (٩٤٣) لە ڕێگای دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی کوردستانەوە داوای دەستگیرکردنی کردوون. هەروەها بۆ جارێکی تر سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی دادوەری لە (٧/٥/٢٠١٥) بە فەرمانی ژمارە (٢٧٠) داوای دەستگیرکردنی کردوون، بەڵام ئەوانە نەک خۆیان ڕادەستی دادگا نەکردووە بۆ دادگایکردن بەڵکو تا ئێستاش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر نەکراون و ڕادەستی دادگا نەکراون.

دادپەروەریی ڕاگوزەریی لەسەر چەند پایەیەک وەستاوە ئەوانیش بریتین لە (هەقیقەت، دادپەروەریی، قەرەبوکردنەوە، یادکردنەوە و گەرەنتیکردنی دووبارە نەبوونەوەی تاوانەکان). ئەمانە گرنگترین بنەما یاساییە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەریی ڕاگوزەرین کە لە پێواژووی دادوەریی کوردستاندا بناغەی هیچ کام لەم پایانە بە دروستی، یاسایی و ڕاستەقینە دانەنراوە.

لە قۆناغی دادپەروەریی ڕاگوزەریدا ئەو تۆمەتبارانە دەبێت دادگایی بکرێن و بە مانایەکی تر دادپەروەریی تاوانکاریی بەدەستبێت و قوربانییەکان بە کردەوە هەست بەو دادپەروەرییە بکەن. دادپەروەریی ڕاگوزەریی لەسەر چەند پایەیەک وەستاوە ئەوانیش بریتین لە (هەقیقەت، دادپەروەریی، قەرەبوکردنەوە، یادکردنەوە و گەرەنتیکردنی دووبارە نەبوونەوەی تاوانەکان). ئەمانە گرنگترین بنەما یاساییە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەریی ڕاگوزەرین کە لە پێواژووی دادوەریی کوردستاندا بناغەی هیچ کام لەم پایانە بە دروستی، یاسایی و ڕاستەقینە دانەنراوە. لەم وتارەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە بەدرێژیی لەبارەی دادپەروریی ڕاگوزەریی و شیکردنەوەی هەریەک لە پایەکانەوە بدوێین، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕوانگەیەکی یاساییەوە تیشک بخەینەسەر گرفتێکی چارەسەرنەکراو و ڕێگای چارەسەریی پیشانبدەین. ئەو گرفتەش دادگایی نەکردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدی کوردن و داڵدەدان و پاداشتکردنیانە، کە دەتوانین بڵێین هەریەک لە پایەکانی هەقیقەت و دادپەروەریی دەگرێتەوە. قوربانییەکان مافێکی یاساییان هەیە کە لە هەقیقەتی ئەو تاوانەی لە دژیان ئەنجامدرا بزانن و ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکانیش دادگایبکرێن و ڕوبەڕوی دادپەروەی  بکرێنەوە. ڕاستە دادگایکردنی هەموو ئەوانەی کە تۆمەتباری سەرەکین دۆخی نەتەوەی کورد ناگەڕێنێتەوە بۆ پێش جینۆسایدەکەو هاوسەنگی بەدەست ناهێنێتەوە. بەڵام دادپەروەریی ڕاگوزەریی دەستەبەر دەکات، قوربانییەکان مافی زانینی ڕاستییەکان بەدەستدەهێنن و ئاشتی دەچەسپێت و تۆڵەی تاکەکەسی ڕیشەکێش دەکات، لە هەمانکاتدا بڕیاری بەخشین و لێبوردنی گشتی بۆیان سەرەڕای ئەوەی کە پێچەوانەی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتییە کە لە خوارەوە دەیخەینەڕوو لە هەمانکاتدا بەخشینی ئەو تاوانبارانە گەورەترین گرفت بوو وە گەوررەترین گرفتە کە ئەمڕۆ باجەکەی دەدەین لە ڕووی مرۆیی و یاساییەوە و کاریگەريی بەسەر نەوەی ئێستاوە هەیەو بەسەر نەوەی داهاتوشەوە دەمێنێتەوە. هەروەها بەخشین و لێخۆشبوون دەبێتەهۆی لەبیرکردنی تاوانە نێودەوڵەتییە ئەنجامدراوەکان، کە نابێت لەبیر بکرێن و بەڵکو پێویستە نەوە لەدوای نەوە لە قووڵيی ئەو ئازارە بگەن  کە لە مێژوویەکدا گروپەکەی ئەزموونی کردووە.

لەوانەیە تاکە پاساو هۆکارێک بەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕادەستنەکردنی تۆمەتباران بڕیارەکەی بەرەی کوردستانی بێت، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)دا بەرەی کوردستانی بڕیاری بەخشین و لێبوردنی گشتی بۆ دەرکردوون. بەڵام ئەم پاساوە نەک پاساوێکی نایاساییە بەڵکو ئەرکێکی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی دادگا بکاتەوە بۆ دادگایکردنیان.

لێرەدا هەوڵدەدەین لەم خاڵانەی خوارەوە ئەو پاساوانە ڕەتبکەینەوە و ئەو ئەرکە یاساییەش ڕونبکەینەوە:

یەکەم: لێبوردن دوو جۆرە، لێبوردنی تایبەت و لێبوردنی گشتی، لێبوردنی تایبەت کە بە لێبوردن لە سزاش ناودەبرێت بە فەرمانی سەرۆکی دەوڵەت یان پاشای دەوڵەت دەردەکرێت. هەرچی لێبوردنی گشتییە کە بە لێبوردن لە تاوانیش ناودەبرێت ڕێکارێکی یاساییە و دەسەڵاتی یاسادانانی دەوڵەت پێی هەڵدەستێت. ئەوەش ڕوونە کە بەرەی کوردستانی دەسەڵاتی دەرکردنی ئەم دوو جۆرە لێبوردنەی نەبووە لەو کاتەدا. هەروەها لەپاش دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و پەڕلەمانی کوردستان ئەو ساڵانەی کە یاسای لێبوردنی گشتی دەرچووە لە پەڕلەمانی کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک ئەوانەی نەبەخشیوە کە تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە و دەسەڵاتی ئەوەشی نییە بیانبەخشێت. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانی لە یاساکانی پەڕلەمانی کوردستاندا جێگای نابێتەوە.

لەپاش دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و پەڕلەمانی کوردستان ئەو ساڵانەی کە یاسای لێبوردنی گشتی دەرچووە لە پەڕلەمانی کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک ئەوانەی نەبەخشیوە کە تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە و دەسەڵاتی ئەوەشی نییە بیانبەخشێت. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانی لە یاساکانی پەڕلەمانی کوردستاندا جێگای نابێتەوە

دووەم: بڕیاری لێبوردنی تایبەت کە بە فەرمانی شاهانەی شای وڵات یان فەرمانی سەرۆکایەتی سەرۆکی وڵات دەردەچێت، لێبوردنەکە تۆمەتبارانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان ناگرێتەوە، لە دەستووری عێراقدا کە دەسەڵاتی لێبوردنی تایبەت بە سەرۆک کۆمار دراوە، لە ماددەی (٧٣)دا دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری دیاریکردووە و لە برگەی یەکەمی هەمان مادەدا کە دەسەڵاتی لێبوردنی تایبەتی پێ بەخشیوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە سەرۆک کۆمار ناتوانێت و دەسەڵاتی ئەوەی نییە لێبوردنی تایبەت بۆ ئەوانە دەربکات کە تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە. هەروەها دادگای کەمبۆدیا لە ساڵی (٢٠١١)دا بڕیاردەدات کە “فەرمانی شاهانەی پاشا نۆرۆدۆم سیهانۆک لە ساڵی (١٩٩٦)دا پاشای کەمبۆدیا کە بڕیاری لێبوردنی دەرکردووە بۆ تۆمەتبارانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تری کەمبۆدیای ساڵانی (١٩٧٦ بۆ ١٩٧٩) نابێتە ڕێگر لەبەردەم دەسەڵاتە دادوەرییەکانی دادگای کەمبۆدیا سەبارەت بە دادگایکردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جینۆساید، ئەشکەنجەدان، پێشێلکارییە گەورەکانی پەیماننامەکانی ژنێڤ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و فەرمانە شاهانەییەکی پاشا ناتوانرێت بۆ بەخشینی لێبوردن لەو تاوانانە ڕاڤە بکرێت”.

سێیەم: لە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا بەخشین و لێبوردن هەریەک لە جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، جەنگ و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تری لێبەدەرکردووە. دادگای سەربازیی نێودەوڵەتی نۆرمبێرگی ساڵی (١٩٤٥) کە مێژووی دادگایکردنی تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لە مێژووی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی هاوچەرخدا لێوەی دەستپێدەکات لەو دادگایەدا بۆ یەکەمین جار بەگوێرەی ماددەی (٦)ی پەیرەوی بنەڕەتی دادگاکە تۆمەتبارە سەرەکییەکان ڕوبەڕوی دادگایکردن بونەوە. هەروەها هەر پارێزبەندیی، بەخشین یان لێبوردنێک لەژێر فەرمانڕەوایی ڕژێمی نازیدا بەخشرابێت یان دەرکرابێت پەسەند نەدەکرا و نەدەبوویە ڕێگرییەک بۆ دادگایکردن یان سزادان. هەروەها لە پەیماننامەی سزادان و قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید لە ساڵی (١٩٤٨)دا، ماددەکانی (٣، ٦، ٧)ی پەیماننامەکە تەرخانکراوە بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید، کە دەبێت دادگایبکرێن و تاوانکاران توندترین سزا بدرێن، پرەنسیپێکی گرنگی ئەم پەیماننامەیە ئەوەیە کە جینۆساید بە تاوانێکی سیاسی ئەژمار ناکرێت، دەبێت دادگایی بکرێن، عێراق لە (٢٠/١/١٩٥٩)وە ئەندامی ئەم پەیماننامەیەیە، لە پێواژووی دادگایکردنی تۆمەتبارانی جینۆسایدی دژ بە کورددا تا ڕادەیەکی باش بەو ئەرکە هەستاوە، بەڵام هەرێمی کوردستان کە بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی ماددەی (١١٧)ی دەستووری عێراق هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێڕاقدا کە ئەرکێکی پەیماننامەیی لە چوارچێوەی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی لە ئەستۆدایە بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید بەو ئەرکە هەڵنەستاوە.

چوارەم: ئەو پەیماننامانەی ئاشتی کە بە مەبەستی کۆتایهاتنی ململانێی سەربازیی دەبەسترێن لێبوردن تیایاندا ئەوانە ناگرێتەوە کە تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە. بۆ نمونە کاتێک لە ساڵی (١٩٩٧) پەیماننامەی “لۆمی” (پەیماننامەی ئاشتی نێوان حکومەتی سیرالیۆن و بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕی سیرالیۆن) بەسترا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دەخاتەڕوو کە “نەتەوە یەکگرتووەکان هەست بەوە دەکات و تێدەگات کە بڕیارەکانی لێبوردنی پەیماننامەکە جێبەجێناکرێت بەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەکو جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی تری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی”. هەروەها لە پەیماننامەی ئاشتی ئۆاگادوگوی کۆتیدڤواری ساڵی (٢٠٠٧)دا، پەیماننامەکە “لایەنەکانی پابەندکردووە کە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ لە چوارچێوەی لێبوردنەکە دوور بخەنەوە”.

پێنجەم: لە برگەی شەشەمی ماددەی (١٥)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقیدا ئەو دادگایەی کە کەیسەکانی کوردی بە جینۆساید ناساندووە، ئەوە جێگیر کراوە کە “هەر فەرمانێکی لێبوردن کە پێش چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەرچووبێت، ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جینۆساید، دژ بەمرۆڤایەتی، جەنگ و پێشێلکاری یاساکانی عێراقی”.

لەسەر ئاستی ناوخۆيی و نێودەوڵەتيیش ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتیيەکان بە گشتی و بە تایبەتی جینۆساید لە سزای یاسايی ڕزگاریان نابێت و هیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت پەنایان بدات و تاوانەکانیان وەک تاوانی سیاسی سەیربکات و مافی پەنابەری سیاسی و مرۆییان پێببەخشێت

لەژێر ئەو ڕوناکییە یاساییانەی سەرەوەدا، ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە لەسەر ئاستی ناوخۆيی و نێودەوڵەتيیش ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتیيەکان بە گشتی و بە تایبەتی جینۆساید لە سزای یاسايی ڕزگاریان نابێت و هیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت پەنایان بدات و تاوانەکانیان وەک تاوانی سیاسی سەیربکات و مافی پەنابەری سیاسی و مرۆییان پێببەخشێت. هەروەها لەبەر ئەوەی بەگوێرەی پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەموو کەسێکی تۆمەتبارکراو بێتاوانە تا ئەو کاتەی تاوانەکەی دەسەلمێت بەگوێرەی یاسا و لە بەردەم دادگادا. بۆیە ئێمە ناتوانین ئەو داواکراوانە بە تاوانکار ناو ببەین تا ئەو کاتەی لەبەردەم دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقیدا بێتاوانی و تاوانباربوونیان یەکلايی دەبێتەوە. بڕیاری بەخشینیان هەڵەیەکی یاسایی بوو بۆیە لە ئێستاشدا پاش ئەو ماوەیە دەرفەتی چاککردنەوەی ئەو هەڵە یاساییە ماوە ئەویش بە ڕادەستکردنی تۆمەتباران بە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی یان دادگای تاوانکاری لەسەر ئاستی نیشتیمانی یاخود دادگایکردنی هەڵاتووەکان لە دادگاکانی وڵاتانی دەرەوە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی لەسەر ئەو بنەمایەی کە تاوانەکان دژ بە هەموو مرۆڤایەتی ئەنجامدراون و تاوانی نێودەوڵەتین نەک ناوخۆیی.

بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی یاسایی لە ئەستۆیە کە هەستێت بەجێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بە ڕادەستکردنەوەیان بە دادگا و دادگایيکردنیان. گەر ئەو کارە نەکرێت ناتوانرێت باس لە هاوبەشیکردنێکی ڕاستەقینەی ئازاری جینۆساید کراوانی کورد بکرێت و ناشتوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بەهێزیی و بەڵگەوە کار بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسی جینۆسایدی کورد بکەین، ناشتوانرێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بچەسپێت و قوربانییەکانیش نەک هەست بە دادپەروەریی ناکەن بەڵکو ڕۆژانە بە قوربانی دەکرێنەوە.

لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات ئایا لێبوردنەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕێگریکردن لە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان؟ لەسەر ئاستی یاسایی و تیۆری هیچ کاریگەرییەکی نییە. هەروەها لەسەر ئاستی کرداریش لە بڕیاری چەندین دادگادا ئەوە جێگیرکراوە کە ”گەر تاوانەکان دەسەڵاتی دادوەریی جیهانیی بیانگرێتەوە ئەوا دەوڵەتێک بە بەخشینی لێبوردن ناتوانێت دەسەڵاتی دەوڵەتێکی تر بێبەش بکات لە دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانەی، کە بڕیاری لێبوردنیان بۆ دەرچووە” لە تەیموری خۆرهەڵاتیش کۆمیسیۆنی ڕاستییەکان و دۆستایەتیی دەسەڵاتی هەبوو، کە داوا بکات ئەو کەسانە ببەخشن، کە بەرپرس بوون بۆ پێشێلکارییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، بەڵام تەنها ئەو کاتەی، کە دانیان بە تاوانەکانیاندا بنایا و داوای لێبوردنیان لە قوربانییەکان بکردایە.

لێبوردن لەگەڵ پرەنسیپی یەکسانیی و پاراستنی هەموان بەرانبەر یاسا یەکناگرێتەوە. بەڵام گەر بڕیاربێت لێبوردن وەک دواین ڕێگای ناچاریی و مەحاڵی ڕەها پەنای بۆ برابێت، ئەوا وەک لەسەرەو ئاماژەمان بۆ کردووە دەکرێت لە ئێستادا ئەو هەڵە یاساییە ڕاستبکرێتەوە بە ڕادەستکردنەوەیان بۆ دادگایکردنیان. گەر حکومەتی هەرێم ئەو ڕێگایەش بە ئەستەم دەزانێت کە ئاسانە گەر نیازی بەدەستهێنانی دادپەروەریی تاوانکاریی هەبێت، ئەوا لە ئێستادا پێشنیار دەکەین  چەند مەرجێکی تریان بەسەردا جێبەجێبکرێت وەک چەکداماڵین، دانپێدانان بە تاوان، داوای لێبوردنکردن لە قوربانییەکان و زیانلێکەوتووان، بەڵێندان بە دوبارەنەکردنەوەی هیچ تاوان و توندوتیژییەک، ڕاژەکردن بە کۆمەڵگا و قەرەبوکردنەوەی قوربانیان و پێشکەشکردنی ڕێزێکی تایبەت بۆیان بە شێوەیەک، کە دەرفەتی ئاشتبوونەوە و تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتی بڕەخسێنێت. ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی، کە قوربانیی سەرەڕای وەرگرتنەوەی قەرەبوو دەگات بە ڕاستییەکانیش، هەروەها لەوانەیە ببێتە ڕێگر لەڕێگای سەرهەڵدانەوەی تاوان، توندو تیژیی و پێشێلکاریی لە داهاتودا.

بەشکردن: