دەروازەیەک بۆ پۆپۆلیزم لە هەرێمی کوردستان؛ لە گۆڕانەوە بۆ نەوەی نوێ

نەوشیروان مستەفا و شاسوار عەبدولواحید

میرە بەکر

هەرێمی کوردستان وەکوو هەموو ناوچە جیاجاکانی دونیا بێبەری نەبووە لەدیاردەی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان دادەمەزرێت، پۆپۆلیزم خۆی دەتەنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە. گۆڕان سەردەستەی پۆپۆلیزمی سیاسی دەکرد تاوەکوو ٢٠١٨، بەڵام دروستبوونی نەوەی نوێی شاسوار عبدولواحید، ئەم سەرکردایەتییەی لەگۆڕان وەرگرتەووە و ڕەگ و ڕیشەی پۆپۆلیزمی پارتی سیاسیی بەڕێژەیەکی زۆرتر قوڵکردەوە. لەم بابەتەدا، سەرەتا پێناسەیەکی کورتی پۆپۆلیزم دەخەمەڕوو. دواتر، هەوڵدەدەم مێژوویەکی کورتی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم باسبکەم لە هەرێم. پاشان، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕونبکەمەوە لەسەر بێهیوابوون لەگۆڕانکاری لە سیستەمی دووحزبی یەکێتی و پارتی، هەروەها چۆن و بۆچی پۆپۆلیزم خۆ-ڕوخێنەرە، بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

پۆپۆلیزم چییە؟

وەکوو هەموو ناوچەکانی دونیا، هاووڵاتییان، لە میدیای بیستراو و بینراو، گوێبست دەبن کە پارتێکی سیاسی یاخود سیاسییەک پۆپۆلیستە. تاوەکوو ئێستاش، دەکرێت ڕوون نەبێت بەلای زۆرێکەوە کە پێناسەی پۆپۆلیزم چییە، و ئەو ئامرازانە چین کە بەکاردەهێنرێن بۆ دیاریکردن پارتێک وەکوو پارتێکی پۆپۆلیستی. لە ڕاستییدا، ئەدەبییاتێکی یەکجار زۆر بەردەستە بۆ دیارکردنی ئەو خەسڵەتانە. من پێناسەیەک بەکاردەهێنم کە لە توێژینەوەیەکی زۆر دەوڵەمەندا وەمگرتووە کە لەسەر پۆپۆلیزم لە ئیتاڵیا ئەنجامدراوە. پێناسەکە فرەڕەهەندە؛

پۆپۆلیزم

  1. وەکوو ئایدۆلۆژیا؛ پۆپۆلیزم ئایدۆلۆژییایەکی تەنکە کە کۆمەڵگا بەسەر دووبەرەدا دابەش دەکات، کە ئەوانیش بریتینن لە خەڵک و نوخبەیەکی گەندەڵ, گوتارگەلێک بڵاودەکەنەوە کە سیاسەت دەبێت دەربڕین و ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵک بێت.
  2. وەکوو ستراتیژی-سیاسی؛ سیاسی و پارتە پۆپۆلیستەکان، پۆپۆلیزم وەکوو سترایژیەکی سیاسی، بەکاردەهێنن بۆ بردنەوە و مومارەسەکردنی دەسەڵات، هەڵبەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
  3. پێناسی ئابوورییانە؛ پۆپۆلیزم وا ڕوندەکاتەوە کە پارت و سیاسییە پۆپۆلیستەکان خەڵک دەجوڵێنن لەسەر بەڵێنی دابەشکردنەوەی خێروبێری ئابووری بەسەر خەڵکدا بەبێ بیرکردنەوە لە دەرەنجامەکانی ئەو سیاسەت و بەڵێنە ئابوورییانەی دەیدەن لەسەر خودی ئابووری خۆی.

پۆپۆلیزم لە گۆڕانەوە بۆ نەوەی نوێ

سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم، لەڕاستیدا لەخۆڕا نییە. داڕووخانی متمانە لەنێوان حکومەت [ و پارتە سیاسییەکان] و خەڵکی، ژینگەیەکی بەپیت دروستدەکات بۆ سەرهەڵدانی پارتی پۆپۆلیستی. پارتی سیاسی بەئاسانی دەتوانێت بانگەشەکە بۆ کۆمەڵێک سیاسەت بکات کە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی گوتاری گشتی نێو خەڵکە و دەکرێت داخوازی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگابێت. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە ئەو بەڵێنانەی کە پارتە سیاسییە پۆپۆلیستییەکانی دەیدەن بەڵێنی مەزنن کە هەست و سەرنجی خەڵک بە شێوازێکی کاریگەر دەجوێڵێن، بەدیاریکراوی کاتێک ناڕازیبوونێکی قەبە هەیە لەنێوان خەڵکدا دژ بە دەسەڵات. بە وشەگەڵێکی تر، پارتە سیاسییە پۆپۆلیستەکان کێشە ڕیشەیی و قوڵەکانی سیستەمی سیاسی وەلادەنێن و لە قاڵبیان دەدەن لە چوارچێوەی بەڵێنی سادەدا و ئامانجیانە دەنگ و پشتگیری خەڵک بەدەستبهێن کە ئەوان یەکسەر و بەئاسانی ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن.

دروستبوونی گۆڕانیش لە کاتێکدابوو، لەپای کاریگەرییەکانی بەهاری عەرەبی لەسەر هەرێمی کوردستان، توڕەیی خەڵک لە دەسەڵات بەرەوهەڵکشانێکی گەورە سەری دەنا. لەڕاستیدا، ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکی لە ئاستێکی باڵادا هەبوو لەدژی سیستەمێکی گەندەڵی، ناشەفافی، دووبنەماڵەیی یەکێتی و پارتی.  بۆ نموونە، سێ ساڵ پێش دروستبوونی گۆڕان و لە ٢٠٠٦، خۆپیشاندانی خەڵکی هەڵەبجە دژ بە دەسەڵت و هەوڵی دەرکردنی پارتە سیاسییەکان، بەدیاریکراوی یەکێتی، لە ١٦ی ٣دا،  لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە گەواهیدەری ئەو ناڕەزایییە گەورەیەیە. بەڵام گۆڕان توانی ڕێکخستن و سەکردایەتییەک بۆ ئەو ناڕەزایەتییە دروستبکا. بەڵام چی وادەکات گۆڕان وەکوو پارتێکی پۆپۆلیستی بناسرێت؟

گۆڕان بەشی زۆری ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدا دەکەوتنە چوارچێوەی پێناسەکردنی پارتێک وەکوو پارتێکی پۆپۆلیستی. بۆ نموونە، کۆتایی هێنان بە حوکمی بنەماڵەی یەکێتی و پارتی، لە چوارچێوەی دانانی تەواوی کۆمەڵگا لەلایەک و یەکێتی و پارتی لە لایەکی تر، بەلایەنگرەکانیشیانەوە. پشتبەستن بە گوتار و بەڵێنی چاکسازی ڕیشەیی و ستڕەکچەری لە مەودایەکی کەمدا. بەردەوام بەڵێندان بە خەڵک بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابوورییان لەڕێگەی بەڵێنی سادە بەڵام گەورە، کە جێبەجێکردنیان کاری چەندەها ساڵە و ویستی سیاسی لەباری دەوێ. کەم هاووڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە ئاشنانەبێت بەڵێنی “دەیگۆڕین, چوارساڵی ئارامی، کۆتایی بە حوکمی بنەماڵە، موچەی کابانی ماڵ، هتد”. بەڵام، ئایا چەند لەم بەڵێنانە بەدیهاتن؟ ئەوەی کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەم، ئەم بەڵێنانە وەکوو خۆیان بەڵێنگەلی باشن و دەبێت هێڵی گشتی سیاسی و ئەخلاقی هەموو ئەوانەبێت کە بەهیوای داهاتوویەکی دیموکراتین بۆ  هەرێمی کوردستان. بەڵام، ئەوەی کێشەیە سادەکردنەوەی کێشەی بنەڕەتی و قوڵە، وە داڕشتنەوەیانە لەچوارچێوەی بەڵێنی سادەدا، بردنە سەریان لە چێوارچێوەی سیستەمی دووحزبی پارتی و یەکێتی ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زۆر دەبێتەوە. گۆڕان بەڵێنەکانی جوان و گەورە بون، تێڕوانینیشی بۆ سیستەمی سیاسی دژ نەبو بەو واقیعەی یەکێتی و پارتی دروستیان کردبو، بەڵام گۆڕان بێ هیچ پڕۆژەیەکی ئابوریی گشتگیر بو کە بتوانێت ئەو بەڵێنانە بەجێبهێنێت و کۆی سیاسەتەکەی لەوەدا کورتکردەوە کە حکومی بنەماڵەیی خراپە و گەندەڵی مەترسیدارە و گۆڕان دەتوانێت کۆتایی پێ بێنێ.

نەوەی نوێ درێژەپێدەری ئەم جۆرە بەڵێنانەیە. هاتنەناوەوەی نەوەی نوێ بەسەرکردایەتی شاسوار عبدولواحێد لە کاتێکدابوو کە ژینگەی سیاسی تەواو زیاتر لەباربوو لەبەرئەوەی بابەتی متمانەی خەڵک و دەستەڵات بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر داڕمابوو.  گوتار و سیاسەتی نەوەی نوێ، بەسەرکردایەتی  شاسوار عەبدولواحێد، تەواو پلانی تێگەیشتنی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری هەرێمی وەلاناوە. کردار و بەڵێنەکانی هاوتەریب دەڕۆن لەگەڵ ئەوەی کە ئەوان بەئاسانی دەسەڵات دەگرنە دەست و هەمووشتێک چاک دەکەن. هەر لەو بەڵێنانەی کە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دەیاندا کە ٣٠ کورسی دەهێنن، بۆ چاککردنی ڕێگاوبان، دابینکردنی بەنزینی ٥٠٠ دیناری، و لە هەمووی گرنگتر دابەشکردنەوەی سەرچاوە ئابوورییەکان بەسەر خەڵکدا. گوتاری پۆپۆلیستی شاسوار گەیشتۆتە ڕادەیەک کە دامودەزگاکانی هەرێم و دەوڵەتی عێراق وەکوو کاڵا سەیردەکات بەو پێیەی کە ئەوان هەرگیز نە لە بەغداد و نە لە هەرێم هیچ وەزارەتێکیان وەرنەگرتووە، کە شەڕی پلەوپۆست ناکەن. لە هەمووی گرنگتر بانگەشەی ئەوە دەکەن کەهیچ شتێک ناکەن لە دژی بەرژەوەندی خەڵکی بێت. ئەوەی جێگەی تێڕامانە لە هەموو دونیادا، بەشی زۆری چاکسازییە ڕیشەیی سیاسی، و ئابووری، وەبگرە کۆمەڵایەتیەکانیش لەڕێگەی داموودەزگاکی دەوڵەتەوە دەکرێت، ساڵانێکی دوورودرێژ دەخایەنێت لە پانەی سەقامگیری سیاسی.

بەکورتی؛ هەم گۆڕان و هەم نەوەی نوێ (یەکەم) خاوەن ئایدۆلۆژییایەکی تەنکن؛ واتە تاوەکوو ئێستاش بەتەواوی ڕون نییە ئایە ئەم دووپارتە پارتی چەپن، ڕاست یان سەنتەرن، (٢) دەیانەوێ سیستەمی ئابووری بەچ ئاڕاستەیەکدا بڕوا؛ بازاڕی ئازادی ڕەها، یان بازاڕی ئازادی ڕێکخراو. (٣) بیروبۆچوونی ڕوونیان چییە لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ وەکوو ژن، سیستەمی تەندروستی، بەتایبەتکردن یان نەکردنی کەرتی پەروەردە هتد، کە وابەستەیە بە خاڵی دووەمەوە، زیاتر. بە دیوێکی تردا، پلان و پەیڕەوی ڕون و درێژمەودایان نییە بۆ ڕێکخستن و دامەزراندی پارتێک یان جوڵانەوەیەکی سیاسی کە بتوانێت لە دوورمەودادا خۆی بگرێت و بمێنێتەوە. ڕونتر، بۆ نموونە، بە لای کەمەوە، ڕوکەشییەن، پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی پارێزگارکاری ئیتنۆ-ناسیۆنالیستی، تاڕادەیەکی زۆر پشتگیریکەری بازاڕێکی ئازادی ڕەهایە. لەڕوی مێژویییەوە، یەکێتیش وەکوو پارتێکی چەپی، پێشکەوتوو، سۆسیال دیموکرات دەناسێنرێت، کە لەگەڵ بازاڕی ئازادای ڕێکخراو دایە، کە بانگەشەی ئابووری خۆشگووزەرانی [Welfare Economics] دەکات هەرچەندە ئەو بانگەشانە ئێستا لەناو یەکێتیدا ونن و لەگەڵ پارتیدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. حزبە ئیسلامییەکانیش، بنەما ئیسلامییەکان ڕوونە بۆ ئامانجی سیاسییان. پارادۆکسی شاسوار ئەوەیە کە خۆی سەروەت و سامانی لەژێر بازاڕێکی ڕەهای ئازاددا بەدەستهێناوە و بانگەشە بۆ ئابوورییەکی خۆشگوزەران دەکات. ئەوەی جێی سەرنجە، شاسوار دایمە بانگەشەی ئابووری خۆشگوزەران دەکات- کە وا دەکات پارەیەکی زۆر لە شێوەی باج لە دەوڵەمەند و سەرمایەداران وەربگیرێت و بەسەر چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگادا دابەشدەکرێتەوە، کە لە نێو کوردانی تاراواگە بە پارەی سۆسیال ناسراوە. بەڵام شاسوار خۆڵدەکاتە چاوی خەڵکەوە بەوەی کە کەس نابێت باج بدات بە حکومەت، کە ڕاستەوخۆ خودی خۆی دەدزێتەوە لە سیستەمێکی ئابووری خۆشگوزەران کە بانگەشەی بۆدەکات.

ئەوەی کە لێرەدا ئامانجمە ئاماژەی پێبدەم ئەم شیکارییە بۆ گۆڕان و نەوەی نوێ وەکوو دوو پارتی پۆپۆلیستی شیکارییەکی بەراوردکاری نییە لەنێوان ئەوان، لەلایەک، و پارتی و یەکێتی، لە لایەکی تر. یەکێتی و پارتی، نەک لای هاووڵاتییان، لە ناوچەکە و دونیاشدا وەکوو دوو حزبی بنەماڵەیی، گەندەڵی، تاکڕەوەی و قۆرخکار ناسراون، کە بە سەدان هەزارکەس ئاوەتەخوازی هەڵهاتنن لە حکومڕانییەکەیان. ئەم شیکارییە پەروەردەییە بۆ باشتر تێگەیشتن لە گۆڕان و نەوەی نوێ وەکوو دوو پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کە دیسانەوە بە سەدان هەزارکەس هیوای لەسەر هەڵچنیبوون و هەڵچنیوون وەکوو فریادڕەسیان.

خود-ڕوخێنەری و بێهیوایی دروستکردنی پۆپۆلیزمی

پارت و کەسایەتییە پۆپۆلیستییەکان لە ئەدەبییاتی پۆپۆلیستییاندا وەکوو خود-ڕوخێنەر دەناسرێن. شیکارییەکان ئەوەیە کە پارت و کەسایەتی پۆپۆلیستی خودی خۆیان خۆیان لەناودەبن و دەڕوخێن لە مەیدانی سیاسییدا. لە ڕاستیدا، ئەم تیۆرییە گشتگیرە، بەڵام دەکرێت بەنێوخۆیی بکرێت بۆ سیاقە جیاوازەکان، لەوانە هەرێمی کوردستان. ئەم تێگەیشتنە لە پۆپۆلیزم، تاڕادەیەکی باش داڕمانی بزووتنەوەی گۆڕانمان بۆ ڕوندەکاتەوە. لە کاتێکدا، هۆکاری تر بۆ ڕونکردنەوەی داڕمانی گۆڕان خراونەتە ڕوو، لەوانە مردنی نەوشیروان مستەفا، تاپۆکردنی گردی گۆڕان و کۆمپانیای وشە لەسەر منداڵەکانی هتد، ئەم هۆکارانە وێنە گەورەکەمان بۆ ڕووناک دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بەو پێناسە تیۆرییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە دەکرێت قوڵتر تێبگەین کە بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان، وەکوو بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستی، تۆوی ڕوخاندنی خۆی هەرلە سەرەتاوە چاندبوو. لەهەمان کاتدا، چۆن ئەم تۆوە ڕوخێنەرە بوونی هەیە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێدا.

یەکەم: بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن دید و ئایدۆلۆژییاکەی ڕوونی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی نەبوو. جوڵانەوەیەک بوو بە سەرکردایەتی چەند سەرکردەیەکی دیاریکراو، بەتایبەتی نەوشیروان موستەفا. کاتێک پارتێک کۆمەڵێک هێڵی گشتی نابێت بۆ پێگەیاندن و پەروەردەکردنی کادرەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە و وە کاتێک سەرکردایەتی و بزوتنەوە جەماوەرییەکەی دەخولێنەوە لە چوارچێوەی کەسێکی کاریزمیدا، ئەوا ئەو پارتە یان جوڵانەوەیە، زۆربەی کات، لێک هەڵدەوەشێت کاتێک ئەو کەسە بەهەر هۆکارێک بێت نەمێنێت لە جوڵانەوەکەدا. ئەمەش سەرەتایی شیبوونەوە و داڕوخانی گۆڕان لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا. لای زۆربەمان دەکرێت پرسیار بێت کە بۆچی چەندەها کەسایەتی بزووتنەوەی گۆڕان چونە ناو پارتی و یەکێتی، لەوانە وەزیری دارای حکومەتی هەرێم، ڕێباز حەملان، سەرکەوتی کوبە، مەسعود حەیدەر هتد. ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژی و پرەنسیپی هاوبەش نەبووە بۆ کۆکردنەوەیان لە جوڵانەوەیەکدا، بەڵام نزیکبوونەوەیان و سوڕانەوەیان بووە لە چوارچێوەی شەخسێکدا.  کاتێک کادر و کەسایەتییە هەرە بەرزەکانی جوڵانەوەیەک دڵسۆزییەکی ئایدۆلۆژی دیاریکراویان، جا هەر ئایدۆلۆژییەک، نەبێت بۆ جوڵانەوەکە، بەئاسانی دەکرێت کۆنتڕۆڵبکرێن لەلایەن حزبە دەستەڵاتدار و ڕەگداکوتاوەکان.

ئەم شیکارییە بۆ نەوەی نوێش ڕاستە؛ تەواوی جوڵانەوەکە نەک بەتەنها لە چوارچێوەی شاسواردا دەسوڕێتەوە، بەڵکە لە ئێستا قاڵبێکی بنەماڵەیی وەرگرتووە. شاسوار عبدولواحید بەرپرسە لە سیاسەتەکانی جوڵانەوەکە لە هەرێمی کوردستان و سروە عبدولواحیدی خوشکیشی سەرکردایەتی جوڵانەوەکە دەکات لە بەغداد. گەر سیناریۆیەک وێنابکەین، کە شاسوار بەهەر هۆکارێک بێت لە ساحەی سیاسیدا نەمێنێت، ئایە ئەو پرەنسیپ، و هێڵە گشتی، ئایدۆلۆژییانە چین کە وا بکات نەوەی نوێ وەکو جوڵانەوەیەکی جەماوەری یان تەنانەت وەک رێکخراوێکی بچوکیش بمێنێتەوە؟ لە هەر باردۆخێکی وادا، چارەنووسی جوڵانەوەکە چی لەوەی گۆڕان باشتر نابێت.

جوڵانەوەکە بێ متمانەییەکی ئەوەندە زۆری نێوخۆیی هەیە کە چەندەها کەس و دامەزرێنەری دوورکەوتنەوە، لەوانە سەرکەوت شەمسەدین، ڕابوون مەعروف. وەکوو گۆڕان، پەرلەمانتارەکانیشی جودابوونەوە و چونەتە نێو حزبە دەستەڵاتدارەکانەوە. بۆ نموونە، شادی نەوزاد دوای وازهێنانی لە جوڵانەوەکە پەیوەندی بە یەکێتی-ەوە کردووە. لەکۆتاییدا، پێکهاتە و سەکردایەتی و خەسڵەتەکانی نەوەی نوێ تەواو نزیکە لەوەی گۆڕانەوە و دەکرێت لە هەرکاتێکدا بێت جوڵانەوەکە توشی لەمپەڕ و پوکانەوە بچێت.

دووەم: پشتبەستن بەدیاریکراوی بە هەڵبژاردن وەکوو تاکە ئامراز، یاخود ئامرازی سەرەکی، بۆ گرتنەدەستی دەستەڵات. دەمەوێت گرنگییەکی لەڕادەبەر ببەخشم بەم خاڵە. سەرەتا، دەبێت پێشینەیەکی کورت ڕونبکەمەوە بۆ سیستەمی جوت حزبی یەکێتی و پارتی، بۆ ئەوەی تێبگەین کە ئایا هەڵبژاردن تاکە هۆکارە یاخود یەکێکە لەهۆکارەکان بۆ بەدەستهێنانی دەستەڵاتی سیاسی.

تێگەیشتنەکە دەبێت بەم شێوەیە بێت؛ لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، پارت و کەسایەتی پۆپۆلیستی دەکرێت هەڵبژاردن بەکاربهێنن وەکو تاکە ئامراز بۆبەدەستهێنانی دەستەڵات، لەوانە سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، وەکو کەسایەتییەکی پۆپۆلیستی بووە بە سەرۆکی ئەمریکا، بۆلسۆنارۆی سەرۆکی پێشوی بەڕازیل، میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیتاڵیا،  و بگەنە تروپکی دەستەڵات، لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن تاکە ئامراز نییە، بەڵکو یەکێکە لە ئامرازەکان. ئەمە، واتای ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان، مەرج نییە کە پارتێک لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوو یەکەم بوو یاخود دووەم ئەوا، دەستەڵات دەگرێتەدەست، گۆڕان بەنموونە.

  • بۆچی تاکە ئامراز نییە: تاکە ئامراز نییە لەبەر یەک هۆکاری تایبەت و سادە، کە ئەویش بریتییە لەوەی کە تاوەکوو ئێستاش پارتی و یەکێتی کۆنتڕۆڵی ئامرازی بەکارهێنانی توندوتیژیان لە دەستدایە [monopoly of the use of violence] ئەمە پێناسە تیۆرییەکەیەتی بۆ دەوڵەت. بە زمانێکی سادە، پارتی و یەکێتی، تاوەکوو ئێستاش، خاوەنی دوو سیستەمی ئەمنی سەربەخۆن، هەر لە دەزگای هەواڵگیرییەوە، بۆ هێزەکانی ناوخۆ، و پێشمەرگە، کە ئەمەش وادەکات هەر حزبێک لە دەرەوەی ئەم دوانە، لەپای پشتگیری جەماوەری، نەتوانن مومارەسەی سیاسەتەکانیان بکەن و بەردەوام بەربەست دێتە بەردەمیان. ئەمە وادەکات دەستەڵاتی ڕاستەقینە هەردەم لای ئەم دوو پارتە بمێنێتەوە هەتاوەکوو خاوەنی دوو سیستەمی ئەمنی سەربەخۆبن. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بەڵام هەمووان دەزانن دەستەڵاتی ڕاستەقینە لەلای کێیە، لەکاتێکدا هەڤاڵ ئەبووبەکر بەدەنگی زیاتر لە ٢٤٠ هەزار دەنگدەر ئەو پۆستەی بەدەستهێناوە.

نەوەی نوێش پشتی بەستووە بە هەڵبژاردن تائاستێکی زۆر وەکوو تاکە ئامراز. بگرە، نەوەی نوێ بانگەشەیەکی زۆر چڕوپڕتری گرتنەدەستی دەستەڵات دەکات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە. هەمووکات مژدەی ئەوە بە خەڵک دەبەخشێت کە دەستەڵات دەگرنە دەست و هەمووشت دەگۆڕن. دیسانەوە، ئەمانە بەڵێنی پوچی پۆپۆلیستین. بێگوومان سەرکەوتن لە هەڵبژاردن هێز و توانای باش بە نەوەی نوێ دەبەخشێت، بەڵام قوڵایی دەستەڵات، دیسانەوە وەکوو ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە، لەلای یەکێتی دەمێنێتەوە بە هۆی کۆنتڕۆڵییان لەسەر دامەزراوە ئەمنییەکان.

سێییەم: پۆپۆلیزمی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی بێهیوایییەکی تەواو قوڵ لە کۆمەڵگدا، لە کایەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیش. خاڵێکی تەواو گرنگ هەیە کە دەبێت ڕوون بێت بۆ خوێنەران کاتێک باسی بێهیوایی و خود-ڕوخێنەری دەکەین. خاڵەکە پەیوەندی ئەو بەڵێنانەیە کە گۆڕان وەکوو پارتێکی پۆپۆلیستی دەیدا بە خەڵکی [ئێستاش نەوەی نەوێ] و ئەو سیستەمەیە کە پارتی و یەکێتی دایانمەزراندووە لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا. تێگەشتنەکە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەوبەڵێنانەی کە گۆڕان دەیدا بەڵێنی گەورەن و بانگەشەن بۆ چاکسازی ڕیشەیی و بونیادی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا. بێهیواییەکە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم بەڵێنە ڕیشەییانە دەبنە هۆی ئەوەی کە

  • دەنگدەر چاوەڕوانی مەزنی هەبێت لەو پارتەی دەنگی بۆداوە، هەروەکوو ئەوەی چارەسەری ئاسانی بۆ کێشەی مەزن داوە. کاتێک، بۆ نموونە، گۆڕان دەچێتە حکومەتەوە و تێدەگات کە چاکسازی ڕیشەیی بەڕاستی ئاڵۆز و قورسە، لە هەمووی گرنگتر، لە هەمو کۆمەڵگەکانی دنیا ساڵانێکی زۆری دەوێ بۆ ئەو گۆڕانکارییانە. جگە لەمانەش، هەم پارتی و هەم یەکێتی چاکسازی گەلێک قبوڵناکەن کە ببێتە هۆی هەڕەشەی ستراتیژی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان. هەروەک چۆن بینیمان پارتی سەرۆکی پەرلەمانی دەرکرد و وەزیری پێشمەرگەی سەر بە گۆڕانیشی دەرکرد لە حکومەت لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە داعشدا بوو.
  • پاشان، دەنگدەر بێهیوا دەبێت کاتێک دەبینێت ئەو پارتەی کە دەنگی پێداوە بەهۆی کۆمەڵێک بەڵێنی دیاریکراوەوە ناتوانێت بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێت.
  • ئیتر، لێرەوە، بێهوایی لە کۆی سیستەمی سیاسی دێتە ئاراوە، چونکە تۆ دژی یەکێتی و پارتی دەنگت بە گۆڕان داوە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەڵێنی دیاریکراو، بەڵام دەبینیت کە بەڵێنەکان بەدینایەن. دوابەدوای ئەوە، نەک بەتەنها ئامادەییت تێدا نییە دەنگ بەو پارتە بدەیتەوە، بەڵکو تەواو متمانە لە دەست دەدەیت لە گۆڕانکاریی سیاسیدا. ئیتر، ئەمە سەردەکێشێت بۆ ئەوەی کە پێی دەڵێین بێهیوایی دەنگدەران. لای هەمووان ئاشکرایە، کە لە کاتێکدا، ڕێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ هەرێمی کوردستان ٧٤% بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دابەزی بۆ کەمێک سەروو لەسەدا ٥٠%.

هەڵبەت ئەم شیکارییانە بۆ نەوەی نوێش ڕاستە مەگەر تەنها باردۆخێک بێتە ئاراوە کە لەناکاو پارتی و یەکێتی دەستەڵاتی ئەمنییان لەدەستبدەن. هەڵا و بانگەشەکانی نەوەی نوێ بۆ گرتنە دەستی دەستەڵات لەڕێی هەڵبژاردنەوە بەتەنها بەدیاریکراوی لەڕێی هەڵبژاردنی ئەمجارە هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەر بکرێت، بانگەشەیەکی بەتاڵە و دەکرێت بێهیوای زیاتر بکاتەوە لەنێوکۆمەڵگەدا چونکە قەبارەی دەنگەکانیان دەشارنەوە لە خەڵکی. بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنە فیدرالییەکانی ٢٠٢١دا،  لەهەرێمی کوردستاندا، پارتی ٥٧٩ هەزار دەنگی هێناوە، لە کاتێکدا نەوەی نوێ ٢٠٤ هەزاری هێناوە. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نێوخۆی یەکێتی، دەکرێت پێشبینی بکرێت کە نەوەی نەوێ بکەوێتە پێش یەکێتییەوە چونکە یەکێتی تەنها ٢١٥ هەزار دەنگی هێناوە. لەبەرئەوە، ئەو هەڵا پۆپۆلیستییەی شاسوار و نەوەی نوێ تەنها بانگەشەی بەتاڵن.

دەرئەنجام

بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان چەندەها ساڵە ژینگەیەکی بەپیتی ڕەخساندووە بۆ دەرکەوتنی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز، ناڕەزایی خەڵکی دژبە سیستەمی دوانەیی پارتی و یەکێتی بەردەوام لە هەڵکشاندایە. لە کاتێکدا ئەو سیستەمە سیاسییەی بەرکارە ئەو ژینگەیە بەپیتەی خوڵقاندووە دەرکەوتنی پارتی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی پۆپۆلیستی نەک هەر نەیتوانییە گرێی ئەو سیستەمە دوانەیییە بکاتەوە، بەڵکو خەڵکیان بێهیوا کردووە و خۆیان داڕووخانەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمی سیاسی پارتی و یەکێتی، وەکوو پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی، ڕووئیا و ئایدۆلۆژییای سەقامگیری دەوێت بۆ پێگەیاندنی کادر و بنکەی جەماوەریی، و لە هەمووی گرنگتر بۆ خۆڕاگری و بەرهەڵستکاری دوورمەودا لە بەرانبەری دوو پارتی دەستەڵات. بەڵێنی زەبەڵاحی گەورەی پۆپۆلیستی و چونە تروپکی دەستەڵات بەتەنها لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە شتگەلێکی مانابەخشی لێ سەوز نابێت، جگە لە بێهیوایی و داڕوخانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، وەکو گۆڕان. لەبەرئەوە، هەرێمی کوردستان لە هەمووکات پێویستی بە پارتێکە کە سەرکردایەتی یەکانگیری هەبێت لەگەڵ پلانێکی ڕشت و درشتی دوورمەودا، بە پشتبەستن بە شیکاری و توێژینەوەی قووڵ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی و پارتی، ئابوری، سیستەمی خۆشگوزەرانی، گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان، گۆڕانی دیمۆگرافیا، کێشە ئیقلیمی و ناوەدەوڵەتییەکان، پرسی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، پرسی بێکاری، ئابوریی نەوت و رەنگاوڕەنکردنی ئابوری و هتد.. بۆ مانەوە و ئامادەبوون بۆ هەرباردۆخێکی سیاسی کە بێتەپێشەوە.

بەشکردن: