چۆن میدیا لە هەرێمی کوردستاندا بێکاریگەر کرا؟

رێنوار نەجم

نووسەری سەردەمی ڤیکتۆریا تۆماس کارلیل پێی وابوو میدیا دەسەڵاتی چوارەمە لە کۆمەڵگادا. بەپێی ئەم باوەڕە، کە دوای نزیکە دوو سەدە هێشتا زۆر کاریگەرە، میدیا دەتوانێت وەک چاودێرێک ڕۆڵ بگێڕێت بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی ترەوە؛ یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری. لەڕاستیدا بۆ ماوەیەکی درێژە میدیای کوردیش وەک دەسەڵاتی چوارەم کار دەکات، بەڵام نەک بۆ چادێریکردنی سێ دەسەڵاتەکەی تر، بەڵکو تەنیا بۆ جوانکردنی ڕووی سێ دەسەڵاتەکە و شاردنەوەی خراپەکاریی بژاردە حوکمڕانەکە و هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی. هەربۆیە، بەپێی پێناسەکەی تۆماس کارلیل بێت، میدیای کوردی لەمێژە جەستەیەکی بێکاریگەر و مردووە.

میدیای کوردی لەساتی درووستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٩١، بەحزبی کراوە و ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە حزبە سیاسییەکانەوە. بەر لەو وادەیە، حزبەکان میدیا سنووردارەکانیان بۆ چەندین دەیە وەک سەکۆی شۆڕشگێڕی بەکارهێناوە دژ بە ڕژێمە عێراقییەکان. ئامانجی سەرەکیی میدیا حزبییەکانی دوای ١٩٩١ بریتیبوون لە پێشخستنی ئەجێندای حزبی، شاردنەوەی کەموکوڕییەکانی حکومەت و سەرکردەکان لە ڕای گشتی، هەروەها بۆ هێرشکردنە سەر حزبە نەیارە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەمە لەماوەی شەڕی ناوخۆی نەوەتەکان تۆخ بووەوە.

هەنگاوی گەورە لە میدیای کوردیدا ئەو کاتە بوو کە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەک میدیایەکی سەربەخۆی دەرەوەی حیزبەکان لەدایک بوو. ڕۆژنامە هەفتانەییەکە دابڕانێک بوو لە میدیای نەریتیی کوردی و بە یەک ئەندازە لە هەموو حزبە کوردییەکانەوە دوور بوو و چاوێریی هەمووانی وەک یەک دەکرد

هەنگاوی گەورە لە میدیای کوردیدا ئەو کاتە بوو کە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەک میدیایەکی سەربەخۆی دەرەوەی حیزبەکان لەدایک بوو. ڕۆژنامە هەفتانەییەکە دابڕانێک بوو لە میدیای نەریتیی کوردی و بە یەک ئەندازە لە هەموو حزبە کوردییەکانەوە دوور بوو و چاوێریی هەمووانی وەک یەک دەکرد. هاوڵاتی، لەگەڵ ئاوێنە و لڤیندا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک توانیان چاودێرێکی توند بن بەسەر حکومەت و حزبەوە، ئەوەش پڕاوپڕە بۆ پێناسەکەی تۆماس کارلیل بۆ میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم. بەڵام میدیای حزبی، لەسایەی پارەی نەوتدا، بەخێرایی گەڕانەوە و میدیا سەربەخۆکانیان پەراوێز خست.

لە دەستپێکی ساڵانی ٢٠١٠ەوە، حزبە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان ملیۆنان دۆلاریان تەرخان کرد بۆ میدیاکانیان و بەشێوەیەکی کاریگەرانە کۆتاییان بە میدیای سەربەخۆ هێنا. ئەوەش بەچەند ڕێگایەک ئەنجام درا، لەوانە؛ پێشکەشکردنی مووچەی زەبەلاح بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە میدیا سەربەخۆکاندا کاریان دەکرد، تەرخانکردنی پێشکەوتووترین ئامێر و تەکنەلۆژیا بۆ میدیا حزبییەکان لەکاتێکدا میدیا سەربەخۆکان چنگەکڕێی مانەوەیان بوو، هەروەها زۆربەی کۆمپانیا بازرگانییەکان ڕیکلامەکانیان دەبەخشییە میدیا حزبییەکان و جۆرێک لە گەمارۆ خرایە سەر میدیاکانی دەرەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان. ئەو کێبەرکێ ناهاوتا و نادادپەروەرانەی نێوان میدیای حزبی و سەربەخۆ هەر زوو بە “سەرکەوتن”ی ئەوەی یەکەمیان و دیارنەمانی ئەوەی دووەمیان کۆتایی هات.

هەرچەندە میدیای کوردی لەهیچ سەردەمێکدا ئەوەندە هێز و دەسەڵاتی نەبووە تەنانەت وەزیرێکیش ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە بکات، بەڵام لەهەندێک ماوەدا، میدیای سەربەخۆ و دەرەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان بەشی ئەوە چالاک و کاریگەر بوون کە ڕای گشتی لەبارەی ڕاستیی ڕووداوەکان ئاگادار بکەنەوە و ڕاستییەکی ساختە درووست نەکەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک. بەپێچەوانەوە، لەوکاتەوەی میدیای حزبی دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، بە ئاسانیی یاریی بە “ڕاستی” دەکرێت و ئامانجی کۆتاییان ئەوەیە نەهێڵن ڕای گشتی بزانێت لە سیاسەتدا چی دەگوزەرێت و ڕەگی کێشە و قەیرانەکان چین.

لەوکاتەوەی میدیای حزبی دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، بە ئاسانیی یاریی بە “ڕاستی” دەکرێت و ئامانجی کۆتاییان ئەوەیە نەهێڵن ڕای گشتی بزانێت لە سیاسەتدا چی دەگوزەرێت و ڕەگی کێشە و قەیرانەکان چین

نموونەیەک ڕوون بۆ ئەم وەبەرهێنانەوەی ڕاستییە لە میدیای کوردیدا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ و لێکەوتەکانیەتی. میدیای حزبی – بەدیاریکراوی ڕووداو و کوردستان ٢٤ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستاش ئەو ڕیفراندۆمە ناوەخت و کارەساتەکانی دواتری وەک سەرکەوتن پیشان دەدەن و دەرەنجامەکانیشی دەخەنە سەر شانی حزبێک و چەند سەرکردەیەکی ناو ئەو حزبەدا. توێژینەوەیەک کە شیکاریی بۆ ١٢٨ بابەتی کەناڵی ڕووداو کردووە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، دەری دەخات چۆن ئەو کەناڵە لەڕێی هەواڵ و بەدواداچوونەکانیەوە کاری کردووە بۆ پیشاندانی وێنەیەکی ئەرێنیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ڕووداوانەدا.

لە ئێستادا میدیای حزبی لە هەرێمی کوردستاندا کۆنترۆڵی ڕای گشتیی کردووە و دەتوانێت هەموو شتێک وەک “حەقیقەت” بفرۆشێتەوە و “حەقیقەت”یش بەشێوەیەک بشێوێنێت کە کەس نەیناسێتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، جگە لەو ملیۆنان دۆلارەی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بۆ میدیا حزبییەکان تەرخان دەکرێن، دەستگەیشتن بە زانیاری و گەیشتن بە خەڵک بەتەواوی لەلایەن میدیا حزبییەکانەوە قۆرخ کراوە. لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر میدیایەک لەدەرەوەی میدیای حزبە باڵادەستەکان – بەپێی ستاندارەکانی خۆیان- زۆر دوور ڕۆشت، ئەوا یان ڕێگایەکی یاسایی دەدۆزنەوە بۆ داخستنی کەناڵەکە، یان کۆمەڵێک چەکدار دەنێرن و کەناڵەکە بەزەبری هێز دادەخەن، لەوانەیشە لە نیوەشەوێکدا پەنجا چەکدار بدەن بەسەر کەناڵەکەدا و بیسووتێنن و دواتریش دیار نەمێنن، هەر وەک ئەوەی بەسەر کەناڵی NRT لە ساڵی ٢٠١١ ڕووی دا.

لەگەڵ هەموو ئەوانیشدا، هەموو کێشەکە تەنیا لە خودی میدیادا کورت ناکرێتەوە. ڕوونە کە میدیا بەبێ بوونی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەدا، بەتایبەتی دادوەری، هیچی پێ ناکرێت. حزبە کوردییەکان بەر لە کۆنترۆڵکردنی میدیا، دەسەڵاتی تەواوەتیی خۆیان بەسەر دادگاکاندا سەپاند و دڵنیابوونەوە لەوەی دادوەرەکان لەسەر بنەمای وەلائی حزبییان دابمەزرێن و لە پرسە هەستیارەکاندا، بەتایبەتی پرسی ڕۆژنامەنووسی، بڕیار لە حزبەوە وەربگرن.

میدیا بەبێ بوونی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەدا، بەتایبەتی دادوەری، هیچی پێ ناکرێت. حزبە کوردییەکان بەر لە کۆنترۆڵکردنی میدیا، دەسەڵاتی تەواوەتیی خۆیان بەسەر دادگاکاندا سەپاند و دڵنیابوونەوە لەوەی دادوەرەکان لەسەر بنەمای وەلائی حزبییان دابمەزرێن و لە پرسە هەستیارەکاندا، بەتایبەتی پرسی ڕۆژنامەنووسی، بڕیار لە حزبەوە وەربگرن

هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار میدیای ناخۆیی و نێودەوڵەتی پەردە لەسەر سکانداڵەکانی ناو هەرێمی کوردستان هەڵدەماڵن، بەڵام هەرگیز دادگاکان نەیانتوانیوە ئەو دۆسیانە بجوڵێنن و بەدواداچوونی یاساییان بۆ بکەن. بۆ نموونە، لەساڵی ٢٠١٤دا کۆمەڵێک میدیا و ئەندامی پەرلەمان ئاشکرایان کرد کە ٤٠٤ خانمە میدیاکار بە پلەی بەرز خانەنشینی سەربازین بەبێ ئەوەی بۆ کاتژمێرێکیش لەو پۆستانەدا بووبن. ئەو ژنانە بەرامبەر کارکردنیان لەمیدیای حزبدا، مووچەی خانەنشینییان وەردەگرت. بەمانایەکی دیکە، ئەوانە پارەی گشتی وەردەگرن و کار بۆ حزب دەکەن. سەرەڕای ئەو ناڕەزایەتییە گشتییەی لەو کەیسەدا کەوتەوە و ژنەکانیش ڕاستیی بابەتەکەیان ڕەت نەکردەوە، هەرگیز داواکاری گشتی نەیتوانی دۆسیەکە بجوڵێنێت و کۆتایی بەو سکانداڵە بهێنێیت. دوای زیاتر لە دەیەیەک لەو ڕووداوە، هێشتا بەشێکی زۆر لەو خانمانە مووچەی خانەنشینیی سەربازیی وەردەگرن و ئێوارانیش لە شاشەکانەوە دەبنە میوانی ماڵەکانمان.

هەندێک جار ئەوەی ڕۆژنامەنووسە ناوخۆییەکان ناتوانن بیکەن، ڕۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییەکان دێنە ناوەوە و دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردارنی سامانی گشتی لەلایەن بەرپرسە کوردەکانەوە ئاشکرا دەکەن. لە کەیسێکدا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی زاک کۆپلین ئاشکرای کرد کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی موڵکێکی بەبڕی ١٨.٣ ملیۆن دۆلار لە ویلایەتی میامیی ئەمەریکا کڕیوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕی. قسەکانی ڕۆژنامەنووسەکە بە بەڵگەی فەرمیی دامەزراوە ئەمەریکییەکان پشتڕاست کردبوونەوە. بەڵام، دەسەڵاتی دادوەری هەرگیز نەیوێرا باسەکە بگرێتەدەست و خۆی بەدواداچوون بکات ئاخۆ پرسەکە ڕاستە یاخود نا، ئەگەر ڕاستە، سەرۆکی حکومەت پارەی کڕینی ئەو موڵکەی لە کوێوە هێناوە!

لەگەڵ بێکاریگەربوونی میدیای نەریتی، ساڵانێکە ئەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن لە کوردستان و بەشێکی زۆر وڵاتانی دونیاش کە ڕای گشتی ئاراستە دەکەن و بەئاسانی ناکەونە ژێر ڕکێفی سانسۆر و سنووربۆدانانەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان دەستەوەستان نین لەبەرامبەر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەندین هەوڵی جیاوازیان داوە بۆ لەقاڵبدان و کۆنترۆڵکردنی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوزەرێت. دەرکردنی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هەنگاوێکی سەرەتا بوو بۆ ڕاوەدونانی یاسایی و چاوترسێنکردنی ئەو ڕۆژنامەنووس و کەسانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕووبەڕێک بۆ دەربڕینی بۆچوونی ئازادانەی خۆیان بەکار دەهێنن. لە دۆسیەی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانیشدا بەتاوانکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەیشتە قۆناغێکی هەرە مەترسیدار، بەوپێیەی تاکە بەڵگە دژی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە بەتەنها بابەت و گفتوگۆکانیان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. دوا هەوڵیش بۆ دەست واڵاکردنی تەواوی دەسەتەڵاتی جێبەجێکردن بۆ جڵەوکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنەرانی، ڕێنماییە نوێییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە بۆ ڕێکخستنی کاری میدیایی. ئەو ڕێنماییانە بەجۆرێکە هیچ چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێکی دەرەوەی بازنەی دەسەڵات نامێنێتەوە کە بایی چەند ساڵێک زیندانی بابەت و سەرنجی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەنووسیبێت.

میدیای سەربەخۆ و هەر دەنگێک لەدرەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە پڕۆسەیەکی درێژ و ورددا بێکاریگەر کراون. لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی دادوەری و هێزە ئەمنییەکان ڕێگری لەهەر هەوڵێکی دزەکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران دەکەن بۆ دەرەوەی ئەو چوارچێوە و سنوورەی بۆیان دانراوە

کێشەی میدیای کوردی فرە ئاست و لایەنە. لەلایەکەوە، میدیای سەربەخۆ و هەر دەنگێک لەدرەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە پڕۆسەیەکی درێژ و ورددا بێکاریگەر کراون. لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی دادوەری و هێزە ئەمنییەکان ڕێگری لەهەر هەوڵێکی دزەکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران دەکەن بۆ دەرەوەی ئەو چوارچێوە و سنوورەی بۆیان دانراوە. بۆیە ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە لە میدیای کوردی بکرێت کە بەشداری بکات لە هەر گۆڕانکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا بۆ باشتر. لەڕاستیدا، ئەو میدیا ڕاستەقینەیەی کە لەپێناو چاکەی گشتیدا کار بکات و چاودێربێت بەسەر دەسەڵاتدارانەوە لەهەرێمی کوردستان هێندە بچووک و بێکاریگەر کراوەتەوە، ئەستەمە بتوانرێت هیچ ئومێدێکی پێدا هەڵبواسرێت.

بەشکردن: