جینۆساید و جەنگ، ناساندن و جیاوازییان

د. ئاوارە حسێن

پوختەیەکی مێژویی جینۆسایدەکانی سەدەی بیستەم

جینۆساید وەک تاوانی تاوانەکان مێژووەکەی زۆر کۆنە و تەنانەت بۆ پێش زاین دەگەڕێتەوە، ئێمە لێرەدا ناگەڕیینەوە بۆ قووڵایی ئەو مێژووە بەڵکو بەکورتی دیارترین ئەو جینۆسایدانە دەخەینەڕوو کە لە سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا ئەنجامدراون، ئەوانیش بریتین لە:

* جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکانەوە لە ساڵانی (١٩١٥- ١٩١٧)دا کە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی جولەکە (هۆلۆکۆست) لەلایەن ڕژێمی نازیی ئەڵمانییەوە لە ساڵانی (١٩٤١- ١٩٤٥)دا نزیکەی حەوت ملیۆن جولەکە جینۆسایکران.

* جینۆسایدی بەنگلادیش لەلایەن پاکستانەوە، لە ساڵی (١٩٧١)دا، کە سێ ملیۆن جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی تەیموری خۆرهەڵات لەلایەن ئیندۆنیسیاوە لە ساڵانی (١٩٧٤- ١٩٩٩)، نزیکەی سەد و نەوەد هەزار جینۆساید کران.

* جینۆسایدی کەمبۆدیا لە لایەن رژێمی پۆل پۆتەوە لە ساڵانی (١٩٧٥- ١٩٧٩)دا، کە یەک ملیۆن و حەوت سەد هەزار جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی کورد لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە دیارترینیان ڕژیم و حکومەتی سەدام حسەین، لە ساڵانی (١٩٦٣- ١٩٨٨) نزیکەی دوو سەد و پەنجا هەزار جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی مسوڵمانەکانی بۆسنیا، لەلایەن سڕبیاوە، لە ساڵی (١٩٩٥)دا، هەشت هەزار جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی توتسییەکانی ڕواندا لەلایەن هوتووەکانی ڕوانداوە لە ساڵی (١٩٩٤)دا یەک ملیۆن جینۆساید کران.

* جینۆسایدی دارفۆر لەلایەن سودانەوە لە ساڵانی (١٩٩٦-٢٠٢٠) نزیکەی پێنج سەد هەزار جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی پڵنگەکانی تامیل و تامیلییەکان لەلایەن حکومەتی سریلانکاوە لە ساڵانی (٢٠٠٩- ٢٠١٣)دا نزیکەی پەنجا هەزار جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، لە ساڵانی (٢٠١٤- ٢٠١٩)دا نزیکەی پێنج هەزار کەس جینۆسایدکران.

* جینۆسایدی مسوڵمانەکانی میانمار لەلایەن حکومەتی میانمارەوە، لە ساڵانی (٢٠١٧- …….) نزیکەی چل هەزار جینۆسایکران.

چەمکی جینۆساید

تاوەکو جەنگی دوهەمی جیهانیی، جینۆساید “تاوانێک بوو بەبێ ناو” تا ئەوەی ڕافایل لێمکن ناوی تاوانەکەینا جینۆساید. لێمکن چەمکی جینۆسایدی لە دوو دەستە ووشە پێکهێنا، ووشەیەکی گریکی کۆن (Genos)، کە بەمانای نەتەوە یان هۆز دێت و ووشەیەکی لاتینی (Caedere)، کە بە مانای کوشتن دێت. کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە (٩٦/١)دا کە لە (١١/١٢/١٩٤٦)دا دەریکردووە چەمکەکەی هەر بە (Genocide) جێگیرکردووە. چەمکەکەش بە زمانی کوردی بە مانای وەچەکوژی دێت، بەڵام بە بۆچونی ئێمە گونجاوترین چەمکێک لە زمانی کوردیدا بەکاربێت هەر جینۆسایدە.

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٤٨)دا بە بڕیارێک پەیماننامەی سزادان و قەدەغەکردنی جینۆسایدی پێکهێنا و بۆ یەکەمین جار جینۆساید بە یاسا قەدەغەکرا هەروەها لە کاتی نوسینی ڕەشنوسی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە ساڵی (١٩٩٨)دا جینۆساید یەکەم تاوان بوو، کە لە پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکەدا جێگیرکراو تاقانە تاوانێک بوو، کە لە ڕاستیدا هیچ مشتومڕ و ناکۆکییەکی لەسەر دانانی نەبوو بۆ ئەوەی دادگاکە دەسەڵاتە دادوەرییەکانی بەسەردا پەیڕەو بکات بۆ لێکۆڵینەوەی تاوانەکە و دادگایکردنی تۆمەتبارانی.

پێناسەی جینۆساید

جینۆساید لە ماددەی دووەمی پەیماننامەی جینۆساید و ماددەی شەشەمی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسەکراوە:

جینۆساید بریتییە لە هەریەک لەم کردارانەی خوارەوە، کە ئەنجامدرابێت بە نیازی (مەبەستی) لەناوبردنی، هەموو یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی، ئەو کردارانەش:

(١) کوشتنی ئەندامانی گروپەکە؛

(٢) ئازاردانی سەختی جەستەیی یان هزریی ئەندامانی گروپەکە؛

(٣) دانانی ئەندامانی گروپەکە لەژیانیکی ناهەمواردا بە نیازی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکیان؛

(٤) سەپاندنی ڕەوشێک بە نیازی ڕێگریکردن لە لەدایکبوون لەناو گروپەداکە؛

(٥) بەزۆر ڕاگواستنی منداڵانی گروپەکە بۆ گروپێکی تر.

لەم پێناسەیەوە ئەوە ڕووندەبێتەوە، کە جینۆساید وەک مەترسیدارترین تاوانی نێودەوڵەتی کە لە ڕیزبەندی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەروی هەمویانەوەیە، پێویستە سێ مەرجی تێدابێت، ئەوانیش:

(آ) قوربانییەکان پێویستە سەر بە یەکێک لە گروپە بە ئامانجکراوەکان بن؛

(ب) کوشتن، ئازاردانی سەختی جەستەیی یان هزریی، دۆخێکی ژیانیی، ڕەوشی ڕێگریکردن لە لەدایک بوون یان بەزۆر ڕاگواستنی منداڵان پێویستە ئەنجامدرابێت ‘لەچوارچێوەی شێوازێکی ئاشکرای کردارێکی هاوشێوەی ئاراستەکراو دژ بەو گروپە یان کردارەکە توانیبێتی کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو لەناوبردنە’؛

(ج) پێویستە ئەنجامدەری کردارەکە بیەوێت هەموو یان بەشێکی گروپە بە ئامانجکراوەکە لەناوبەرێت.

گروپە پارێزراوەکان لە جینۆساید

بەگوێرەی پێناسەی جینۆساید کە لەسەرەوە خستومانەتەڕوو، جینۆساید ئەنجامدەدرێت بە نیازی لەناوبردنی، هەموو یان بەشێکی، گروپێکی (نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینیی). ئەم پێناسەیە بە ئاشکرا ئەوەی یەکلایکردووەتەوە، کە هەموو گروپەکانی مرۆڤ لە جینۆساید ناپارێزرێت، بەڵکو تەنها چوار گروپن و ئەوانیش گروپەکانی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی و ئاینین، بە مانایەکی تر ئەنجامدانی هەریەک لە پێنج کردارەکە یان شێوازەکەی جینۆساید بە نیازی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی هەر یەکێک لەم گروپانە دەچێتە چێوارچێوەی جینۆسایدەوە. هەروەها سەرەڕای تەسکی یان کەمی ژمارەی گروپە پارێزراوەکان تا ئێستا پێناسەیەک نییە لەسەر ئاستی یاسایی تاوانکاریی نێودەوڵەتی بۆ ناسینەوەی هەریەک لەو گروپانە. هەربۆیە لێرەدا هەوڵدەدەین هەریەک لە گروپەکان بناسینەوە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو کەیسانەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەرییان.

(١) گروپی نەتەوەیی: گروپی نەتەوەیی وەک یەکێک لەچوار گروپە پارێزراوەکەی جینۆساید لە بڕیاردان لە کەیسێکی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندادا ناسێندراوە بەوەی کە گروپی نەتەوەیی بریتییە لە ”کۆمەڵە کەسێک، کە گرێبەندێکی یاسایی هاوبەش و ڕەگەزنامەیەکی هاوبەشیان هەیە، و ماف و ئەرکەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن”. بە بۆچوونی ئێمە ئەم پێناسە و ناساندنە یان شرۆڤەکردنە بۆ “نەتەوە” کێشەی تێدایە، چونکە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا پشتی بە شرۆڤەی بڕیارێکی دادگای دادی نێودەوڵەتی بەستووە. ئەو بڕیارەش پەیوەندیی بە چەمکی ”ڕەگەزنامە”وە هەبووە، کە ڕەگەزنامەش یەکسان نییە بە نەتەوە و بە واتای ئەندامبوون لە گروپێکی ”نەتەوەیی” نایەت. بۆ نمونە نەتەوەی کورد لە هەریەکە لە کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێراندا تا ڕادەیەکی زۆر هاوبەشن لە پەیوەندیی کەلتوریدا، بەڵام بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی خاوەنی دوو ڕەگەزنامەی جیاوازی عێراقی و ئێرانین. هەروەها هاووڵاتیانی دەوڵەتێک، کە خاوەنی یەک ڕەگەزنامەن بەڵام دەکرێت نەتەوەیان جیاواز بێت، بۆ نمونە نەتەوەی کورد لە تورکیا ڕەگەزنامەی تورکییان هەیە بەڵام وەکو نەتەوە کوردن، نەتەوەی کورد لە عێراق ڕەگەزنامەی عێراقییان هەیە بەڵام وەکو نەتەوە کوردن و جیاوازن لە نەتەوەی عەرەب.

 (٢) گروپی ڕەگەزیی: گروپی ڕەگەزیی، یەکێکی ترە لە چوار گروپە پارێزراوەکەی جینۆساید. ئەم گروپەش بەگوێرەی هەمان بڕیاری دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا بەوە ناسێندراوە و جیادەکرێتەوە، کە ”ئەندامانی گروپەکە هاوبەشن لە زمان یان کەلتوردا”. هەروەها هۆبەی پێش دادگایکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕەوشی دارفۆر- سودان گروپی ڕەگەزیی بەوە ناساندووە، کە ”ئەندامانی گروپەکە ئەوانەن، کە خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیان و دابی هۆزایەتی و گرێدراوی کەلتورین بە خاکەکەیانەوە”. کەواتە گروپی ڕەگەزیی ئەو گروپەن، کە بە زمان یان کەلتوری جیاوازی تایبەت بە خۆیان دەناسرێنەوە.

هەرئەوەش بووە، کە کەیسی “ئەنفال” وەک کەیسێکی جینۆسایدی کورد، کە لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی لە ساڵی (٢٠٠٧)دا  بە جینۆساید ناسێندرا  ”دادگاکە پێوەری ناساندنەکەی بە جیاوازیی ڕەگەزیی داناوە و جێگیرکردووە”.

لە درێژەی بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقیدا هاتووە کە”بەدڵنیاییەوە کوردەکان لە مێژوودا و، هێشتاش بە کۆمەڵێکی ڕەگەزیی نەتەوەیی ناسراون و کراون بە ئامانج لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعس و سەددام حسەینەوە بەهۆکاری ڕەگەز و نەتەوەیان و مەبەستێکی سڕینەوەی گشتی یان بەشەکی کوردە سڤیلەکان هەبووە بەهۆکاری ڕەگەزیی و لەبەر ڕەگەزیان کراون بە ئامانج. هێرشی ئەنفال بە تایبەتی لەدژی جەنگاوەرە کوردەکان (پێشمەرگە) نەبووە، بەڵکو هەموو گوندە کوردییەکانی گرتووەتەوە، چەکی کیمیاوی هەمەجۆری تێدا بەکارهاتووە، ئەوانەی دەرئاسا (سەرسوڕهێنەرانە) ڕزگاریان بووە لە کۆمەڵگە تایبەتەکاندا ڕاگیراون، ئامادەکراون بۆ هەمان مەبەست، دواتر براون بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان (منداڵان، ژنان، گەنجەکان و پیاوە بە تەمەنەکان). کوردەکان ڕوبەڕوی کوشتن، ڕاگواستن، لەبرسان مردن و زەبوونکردن بوونەتەوە تەنها لەبەر کوردبوونیان. ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی، کە مەبەستێکی تایبەت هەبووە بۆ لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی ئەو ڕەگەزە، لەبەر فەرمی بوونی کوردبوونیان و ڕوبەڕوی جینۆساید و ئازارێکی سەخت بوونەتەوە، ئەم کردارانەش لەگەڵ ماددەی (١١)ی یاسای دادگاکە یەکدەگرێتەوە”. ماددەی (١١)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکە تەرخانکراوە بۆ پێناسەی جینۆساید.

هەروەها دادگای شاری لاهای هۆڵندا لە کەیسی فرانس ڤان ئانرات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ”دادگا بۆی دەرکەوتووە، کە بەشێوەیەکی یاسایی و قایلەکەر دەسەلمێنرێت، کە گروپی دانیشتووانی کورد (لە ناوچە گوندنشینەکان و لە هەڵەبجە) پێویستی و تایبەتمەندییەکانی گروپی ڕەگەزیی تێدایە، کە لە پەیماننامەی جینۆسایددا پێناسە کراوە”.

(٣) گروپی نەژادیی: گروپی نەژادیی یەکێکی ترە لە چوار گروپە پارێزراوەکەی جینۆساید، ئەم گروپە بەوە ناسێندراوە و پێناسەکراوە، کە ”گروپی نەژادی ئەوانەن، کە ئەندامەکانی ئەو گروپە لەڕووی جەستەیی و ڕوخسارەوە لەیەک دەچن و ئەندامانی جەستەیان هاوشێوەن، زۆر کات بەوە دەناسرێنەوە، کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودان، بە چاوپۆشین لە لایەنەکانی زمانەوانیی، کەلتوریی، نەتەوایەتیی و ئاینیی”. کەواتە بەگوێرەی ئەم ناساندن و جیاکردنەوەیە، کە لە بڕیارەکەی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕوانداوە سەرچاوەی گرتووە دەتوانرێت بوترێت گروپی نەژادیی ئەو گروپەیە، کە هاوبەشن و لەیەک دەچن لە ڕووی لایەنی جەستەیی و ئەندامەکانی لەشیانەوە وەکو ڕەنگی چاو، ڕەنگی قژ، جۆری قژ، بەرزیو کورتی باڵا، بەجۆرێک بە ئاسانی هەست بە جیاوازیی ئەندامانی گروپێک لەگەڵ ئەندامانی گروپێکی تردا بکەیت لەڕووی جەستەییەوە.

(٤) گروپی ئاینی: گروپی ئاینی، چوارەم و کۆتا گروپە لە گروپە پارێزراوەکانی جینۆساید، ”گروپی ئاینی ئەو گروپەن، کە ئەندامەکانیان هەمان ئاین پەیڕەودەکەن، دەستەیەکن یان شێوازی پەرستشیان هەیە”.

دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا لە بڕیارێکی تریدا گروپی ئاینی بەوە دەناسێنێت، کە ”دەستەیەکن یان شێوازی پەرستشیان هەیە، یان گروپەکە باوەڕەکانیان یەکە”. کەواتە دەتوانرێت بوترێت هەر کۆمەڵە کەسێک شوێنکەوتووی یەک ئاین بێت جا ئەو ئاینە ئاسمانیی بێت یان زەمینیی ئەوا بەو کۆمەڵە دەوترێت گروپی ئاینی، چونکە لە پەیڕەوی بنەڕەتی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی، دادگا نێودەوڵەتییەکانی تر و یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا تەنها ئاماژە بە چەمکی ”گروپی ئاینی” کراوە. بەبێ ئەوەی ئاماژەی بەوەکردبێت و بە مەرجی دانابێت، کە ئەو گروپە ئاینییە پەیڕەو و شوێنکەوتووی کام ئاینن.

پاش ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیارێک ڕەوشی دارفۆری نارد بۆ دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی و هۆبەی پێش دادگاییکردنی دادگاکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عومەر حەسەن بەشیر دەرکرد و داواکاری گشتی دادگاکە دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەو ڕەوشەدا، هۆبەی پێش دادگاییکردنی دادگاکە بەزۆرینەی دەنگی دادوەرەکان بۆیان دەرکەوت، کە هەریەک لە سێ گروپە بە ئامانجکراوەکە ”فور، مەسالیت و زەگاوە” ڕەگەزنامەی سودانییان هەبووە و سودانی بوون وەک نەتەوە، لەڕوی نەژادەوە ڕوخساریان هاوشێوەبووە و، وەک ئاینیش موسوڵمانن. لەبەر ئەوە نەتوانراوە وەکو گروپێکی نەتەوەیی، نەژادیی یان ئاینی جیاواز بناسرێن. بەڵام لەڕوی ”ڕەگەزەوە جیاوازن و بنەمای ژیرانە و باوەڕ‌هێن هەیە و دەیسەلمێنێت، کە هەریەک لە گروپەکان خاوەنی زمان، دابی هۆزایەتی و گرێدراوی کەلتوری خۆیانن بە خاکەکەیانەوە” و لەبەر ئەوە بە گروپێکی ڕەگەزیی دادەنرێن.

ئەمەش ئەوە بەتەواوەتی ڕوندەکاتەوە، کە هۆبەی پێش دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی دارفۆر و دەستگیرکردنی گومانلێکراو عومەر بەشیر پشتی بە هەمان بنەما و پێوەری دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا بەستووە بۆ ناسینەوە و ناساندنی گروپەکان.

پایەکانی جینۆساید

بۆ ئەوەی تاوانی جینۆساید ئەنجامبدرێت، دوو پایە پێویستە هەبن، ئەوانیش بریتین لە پایەی دەرونیی و پایەی ماددی.

(١) پایەی ماددی جینۆساید

هەموو کردارێکی بە مەبەست بۆ لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی گروپێکی پارێزراو لە جینۆساید، ناچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە، بەڵکو بە تەنها پێنج کردار یان شێواز بە جینۆساید دادەنرێن. هەربۆیە پایەی ماددی جینۆساید بریتییە لە پێنج کردار یان پێنج شێواز، ئەوانیش:

(آ) کوشتنی ئەندامانی گروپەکە: کوشتنی ئەندامانی گروپەکە یەکێکە لە پایە ماددیەکانی جینۆساید، ئەویش بەوە دروست دەبێت، کە ئەنجامدەری جینۆسایدەکە هەستێت بە کوشتنی یەکیک یان زیاتری ئەندامانی گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکیان.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا لە کەیسێکیدا بڕیاردەدات، کە بۆ دروست بوونی ئەم تاوانە ”دەبێت تۆمەتبار بە مەبەست و نیازەوە یەکێک یان زیاتر لە ئەندامانی گروپەکەی کوشتبێت، هەروەها قوربانی یان قوربانییە بە ئامانجکراوەکان سەر بە یەکێک لە گروپە پارێزراوەکان بن و بیرلێکردنەوەی پێش وەختەش پێویست نییە”. لێرەدا تەنها کوشتن و نیازی کوشتنەکە گرنگە، بەڵام شێوازی کوشتنەکە گرنگ نییە، کە کوشتنی ڕاستەوخۆیە، بە چەکی کیمیاوییە، چەکی ئەتۆمە، لە سێدارەدانە یان هەر شێوازێکی تری کوشتن، کە ئەنجامدەری تاوانەکە بیگرێتەبەر.

(ب) ئازاردانی جەستەی یان هزریی ئەندامانی گروپەکە: ئەم کردارەش پایەیەکی تری ماددیی جینۆسایدە، ئەویش بەوە دروست دەبێت، کە ئەنجامدەری جینۆسایدەکە هەستێت بە ئازاردانی جەستەیی یان هزریی یەکێک یان زیاتری ئەندامانی گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی بەمەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی ئەندامانی ئەو گروپە.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای پێشوو لە کەیسێکیدا بڕیاردەدات، کە ”کوشتنی زیاتر لە حەوت هەزار پیاوی موسوڵمانی بۆسنە، لەگەڵ ڕاگواستنی بەزۆری ژنان بۆ دەرەوەی سێربرینیکا، بووەتەهۆی ئازاردانێکی هزریی سەختی ڕزگاربوان. ژنانی سێربرینیکا هێشتا خەوی ناخۆش و سامناک دەبینن، هەست بە ترس دەکەن، غەمبارن و دۆخی دەرونیان زۆر قورسە. ژنانی موسوڵمانی بۆسنە پاش ئەوەی، کە هاوسەرەکانیان، باوکیان و کوڕەکانیان لێسەندرایەوە زۆر هەستیان بە لاوازی و ترس دەکرد، ترسان نەک تەنها لەبەر سەلامەتی خۆیان، بەڵکو بەتایبەتی بۆ ئازیزانیان”. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت، کە بینینی خەوی ناخۆش و سامناک، هەستکردن بە ترس و غەمباربوون بەهۆکاری جینۆسایدێک کە لەدژی ئەو گروپە ئەنجامدراوە  بەسە بۆ ئەوەی وەک ئازاردانێکی هزری بناسرێت و بە جینۆساید دابنرێت.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای پێشوو لە کەیسێکی تریدا بڕیاردەدات، کە ئەم پایە بریتییە لە ”کردارەکانی ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆیی و شکۆشکێن، توندوتیژی سێکسی وەکو دەستدرێژی سێکسی”.

هەروەها لەپاش جینۆسایدکردنی پڵنگەکانی تامیل، حکومەتی سریلانکا بە چەندین شێوازی تر جینۆسایدی تامیلییەکانی دەکرد، لەو شێوازانەش بەهاراتی توونیان دەپرژاند و  دەئاخنییە ئەندامی زاوزێی مێینەکانیانەوە، هەروەها ژنان و کچانی تامیلی ناچاردەکران بە ڕووتی و بەبێ جل و بەرگ بە ناو پیاوەکاندا بسوڕێنەوە و ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە ئازارێکی دژوار دەبوو بۆیان، لە هەمانکاتدا شکۆیان دەشکێنراو مامەڵەکە دەبوویە هۆی تێکشکاندنی کەرامەتیان بەتایبەتی بۆ ئەوان کە خێزان بناغەیەکی بەهێزی تامیلییەکانە وەک گروپێکی خۆرهەڵاتیی کە شیرازە و شکۆی خێزان پارێزراوە وەک نەریتێکی لە مێژینەی کۆمەڵایەتی.

(پ) دانانی ئەندامانی گروپەکە لەژیانیکی ناهەمواردا بە نیازی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکیان: ئەم پایەی جینۆسایدیش بریتییە لەوەی، کە یەکێک یان زیاتری ئەندامانی گروپێکی نەتەوەیی، نەژادیی، ڕەگەزیی یان ئاینی بخرێنە ژێر ڕەوش و ژیانێکی ناهەموارەوە بە نیازی ئەوەی، کە هەموو یان بەشێکیان لەناوببرێت.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای پێشوو لە کەیسێکیدا بڕیاریدەدات، کە لەم پایەدا ”ڕێگاکانی لەناوبردن بریتین لەمانە هەرچەندە بە تەنها ئەمانەش نین وەکو ناچارکردنی گروپەکە بە خۆراکپێدانێکی تایبەت، دەرکردنی بە بەرنامە (سیستماتیک) لە ماڵەکانیان و نکوڵیکردن لە مافی ڕاژە پزیشکیییەکان. هەروەها دروستکردنی ئەو دۆخانەی، کە دەبێتەهۆی مردنێکی لەسەرخۆ، وەکو نەبوونی خانوی پێویست، جل و بەرگ و پاک و خاوێنی یان کارکردنی زۆر یان کۆششی جەستەیی”. ئەو گروپەش، کە دەخرێنە ژێر ئەو ڕەوشەوە پێویستە گروپێکی پارێزراوی جینۆساید بێت.

(ت) سەپاندنی ڕەوشێک بە نیازی ڕێگریکردن لە لەدایکبوون لەناو گروپەکەدا: ئەم پایەی جینۆساید بریتییە لەوەی، کە بە مەبەست و نیازەوە یەکێک یان زیاتری ئەندامانی گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی ڕەوشێک بەسەریاندا بسەپێنرێت، کە زاوزێ و زۆربوون لەناویاندا بوەستێنرێت بەمەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی ئەو گروپە.

دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا ئەم پایەی جینۆسایدی وا ڕاڤەکردووە، کە بریتییە لە ”بڕینی ئەندامی سێکسی، نەزۆککردن، بەزۆر جڵەوکردنی لەدایکبوون، جیاکردنەوەی نێر و مێ و قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی. سەپاندنی ڕەوشێک بە نیازی ڕێگریکردن لە لەدایک بوون لەناو گروپەکەدا دەکرێت فیزیکی ماددی بێت، هەروەها دەکرێت هزریی بێت. بۆ نمونە، دەستدرێژی سێکسی دەتوانرێت بە ڕەوشێک دابنرێت، کە مەبەست لێی ڕێگریکردنە لە لەدایک بوون کاتێک کەسێک دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەری لە ئەنجامدا ڕەتی دەکاتەوە، کە منداڵی ببێت، بە هەمان ڕێگا ئەوە دەبێتەهۆی ئەوەی، کە ئەندامانی ئەو گروپە نەوە نەخەنەوە، لە ڕێگای هەڕەشە یان کۆستی دەرونییەوە”.

 (ج) بەزۆر ڕاگواستنی منداڵانی گروپەکە بۆ گروپێکی تر: ئەم کردارەش یەکێکی ترە لە پایە ماددییەکانی جینۆساید، بۆ دروستبوونی ئەم تاوانە دەبێت ئەنجامدەری تاوانەکە هەستێت بە ڕاگواستنی کەسێک یان زیاتر لە گروپێکی نەتەوەیی، نەژادیی، ڕەگەزیی یان ئاینییەوە بۆ گروپێکی تر بە زۆر و بەمەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکیان. هەروەها دەبێت ئەو کەسە یان ئەو کەسانەی، کە ڕادەگوێزرێن تەمەنیان لەژێر هەژدە ساڵییەوەبێت و ئەنجامدەری تاوانەکە زانیبێتی یان بزانێت، کە تەمەنیان لەژێر هەژدە ساڵییەوەیە.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا لە کەیسێکیدا ئەوە دەخاتەڕوو، کە ”بەزۆر ڕاگواستنی منداڵان لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر، ئامانجی سزادانە نەک بە تەنها هەر کردارێکی ڕاستەوخۆی ڕاگواستنی بەزۆری جەستەیی، بەڵکو هەر کردارێکی تری هەڕەشەکان یان کۆسپە دەرونییەکان دەگرێتەوە، کە دەبێتەهۆی بەزۆر ڕاگواستنی منداڵان لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر”.

(٢) پایەی دەرونیی جینۆساید

پایەی دەرونیی، دوهەم پایەی جینۆسایدە. بەرپرسیارێتی تاوانکاریی و بەرپرسیاربوون بۆ سزا بۆ تاوانی جینۆساید کاتێک دروست دەبێت تەنها کاتێک پایە مادییەکە ئەنجامدرابێت بە مەبەست و نیاز و زانیارییەوە. واتە لێرەدا مەرجە، کە ئەنجامدەری تاوانەکە بە یەکێک لە پێنج پایە ماددیەکە یان کردارەکەی جینۆساید بە نیازەوە هەستابێت بە لەناوبردنی یەکێک یان زیاتری ئەندامانی گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئاینی بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی ئەندامانی ئەو گروپە.

نیازی تایبەت، تایبەتمەندی جیاکەرەوەی جینۆسایدە لە تاوانی کوشتنی ئاسایی. هەربۆیە هەبوونی نیازی تایبەت لە جینۆسایددا، جینۆساید لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تر جیادەکاتەوە، دەکرێت بە تەنها تاکە کەسێک جینۆساید ئەنجامبدات ئەگەر هاتوو نیازی لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی گروپی بە ئامانجکراوی هەبێت.

دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا ئەوە دەخاتەڕوو کە ”بۆ دروستبوونی پایەی جینۆساید پێویستە کردارەکە ئەنجامدرابێت لەدژی تاکەکەسێک یان ژمارەیەک، چونکە ئەو تاکەکەسە یان تاکانە ئەندامی گروپێکی دیاریکراو بوون و بەتایبەتی لەبەر ئەوەی سەر بەو گروپەبوون. لە ئەنجامی ئەوەوە، قوربانییەکە هەڵبژێردراوە نەک لەبەر ناسنامەی تاکەکەسی خودی خۆی، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەندامێتی بووە لە گروپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی، یان ئاینی”. ئەمەش بە مانای ئەوەدێت، کە ژمارەی قوربانیان گرنگ نییە و گەر تەنها یەک کەسیش بکوژرێت ئەوا جینۆساید پێکدێت.

تاوانەکانی جەنگ

بەگوێرەی ماددەی هەشتەمی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی، تاوانەکانی جەنگ بریتین لە هەریەک لەم کردارانەی خوارەوە، کاتێک ئەنجامدرابێت وەک بەشێکی پیلانێک یان سیاسەتێک یان مەودایەکی فراوان، لە دژی کەسان یان ماڵ و موڵکی پارێزراو، کردارەکان یان تاوانەکانی جەنگ زیاتر لە پەنجا کردارن، نمونەی ئەوانەش بریتین لە:

(١) کوشتنی بە مەبەست؛

(٢) ئەشکەنجەدان یان هەڵسوکەوتی نامرۆییانە، وەکو تاقیکردنەوەی بایۆلۆژی؛

(٣) بەسەرهێنانی کوێرەوەری توند و مەبەستدار یان ئازارپێگەیاندنی ترسناک بە جەستە یان تەندروستی؛

(٤) وێرانکردنێکی فراوان و لەڕادەبەدەری موڵک و ماڵ و دەستبەسەرداگرتنیان بەبێ پاساوی پێویستییەکی سەربازیی و هەروەها بەشێوەیەکی لادەر لەیاساو بە ڕێگایەکی گێرەشێوێنانە؛

(٥) ناچارکردنی دیلەکانی جەنگ یان کەسانی پارێزراو بۆ ڕاژەکردن لە هێزەکانی دوژمندا؛

(٦) بە مەبەست بێبەشکردنی هەردیلێکی جەنگ یان کەسی پارێزراو لە مافی خۆی بۆ دادبینیکردنی لە دادگایەکی دادپەروەر و ڕێک و پێک؛

(٧) دوورخستنەوە یان گوستنەوە یان گلدانەوەی نایاسایی؛

(٨) بە بارمتەگرتن؛

(٩) هێرشی بە مەبەست و ئاراستەکراو دژی دانیشتوانی سڤیل یان کەسانی سڤیل، کە ڕاستەوخۆ لە کردارە جەنگییەکاندا بەشدارنەبوون؛

(١٠) بەکارهێنانی گازی خنکێنەر یان ژەهراوی یان هەر گازێکی تر، یان هەر شلەیەک یان کەرەستەیەک یان کەلوپەلێکی تری هاوجۆر؛

(١١) دەستدرێژیی سێکسی، یان کۆیلەکردنی سێکسی، یان لەشفرۆشیپێکردنی بەزۆر یان سکپڕکردنی بەزۆر؛

(١٢) سەربازگیری یان تۆمارکردنی منداڵانی تەمەنی ژێر (١٥) ساڵ لە هێزی سوپای نیشتمانیی یان بەکارهێنانیان بۆ بەشداریکردنێکی چالاک لە ململانێکاندا.

ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە، کە کردارەکان یان شێوازەکانی ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ فراوانترن بە بەراورد بە کردارەکان یان شێوازەکانی جینۆساید. بەڵام مەرجە، بۆ دروستبوونی تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، ململانێیەکی سەربازیی هەبێت، ئەوکات ڕوندەبێتەوە، کە ئایا یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لە کاتی جەنگەکەدا پەیڕەوکراوە، یان پێشێلکراوە و گەشتووەتە ئاستی تاوانی جەنگ. جا گرنگ نییە ئەو ململانێ سەربازییە تەنها لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە یان لەلایەن لایەنە سەربازییە نا دەوڵەتییەکانیش. کەواتە تاوانەکانی جەنگ تاوانێکن لە کاتی ئاشتیدا ئەنجامنادرێن.

”تاوانی جەنگ جیاوازە لە تاوانی تەواو ئاسایی، تاوانی جەنگ شێوە دەگرێت یان پشت دەبەستێت بە ژینگەی ململانێی سەربازییەکە، کە تێیدا ئەنجامدەدرێت. پێویستی بەوە نییە پیلانی بۆ دانرابێت یان یارمەتیدرابێت لەلایەن هەندێ شێوەی سیاسەتەوە. پێویستی بەوە نییە، کە ململانێ سەربازییەکە هۆکارێکبێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە، بەڵام پێویستە ململانێیەکی سەربازیی بوونی هەبێت، لانی کەم ڕۆڵێکی سەرەکی و توانای هەبێت بۆ ئەنجامدانی”. ئەمەش بە مانای ئەوەدێت، کە بوونی ململانێی سەربازیی مەرجێکە بۆ ئەوەی تاوانەکانی جەنگ لە تاوانە ئاساییەکان جیابکاتەوە.

پایەکانی تاوانەکانی جەنگ

پایەکانی تاوانەکانی جەنگ بریتین لە هەردوو پایەی ماددی و پایەی دەروونی.

(١) پایەی ماددی تاوانەکانی جەنگ

بۆ ئەوەی پایەی ماددی تاوانەکانی جەنگ پێکبێت، دەبێت ئەو پایە ماددییە سێ مەرجی تێدابێت ئەوانیش:

(آ) دەبێت تاوانەکە لە ململانێیەکی سەربازیدا ئەنجامدرابێت، بە مانایەکی تر ململانێی سەربازیی بوونی هەبوبێت، بە چاوپۆشین لەوەی، کە ململانێکە نێودەوڵەتییە یان ناوخۆییە.

پایەی بنچینەیی بۆ هەر تاوانێکی جەنگ بریتییە لە پەیوەندیی یان هەبوونی ململانێی سەربازیی. چەمکی ململانێی سەربازیی بە تەنها جەنگانی نێوان هێزە سەربازییەکان ناگرێتەوە بەڵکو، داگیرکاریی بەشەکی یان تەواوەتی و ئەو داگیرکارییەش دەگرێتەوە، کە هێزی هەرێمی داگیرکراو هیچ بەرگرییەکی نییە، هەرێمە داگیرکراوەکە لەژێر دەسەڵاتی سوپای دوژمندایە. هەروەها بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی یەکەمی سەرباری پەیماننامەکانی ژنێڤ، چەمکی ململانێی سەربازیی، خەبات و تێکۆشانی ئەوانەش دەگرێتەوە، کە لەدژی ڕژێمە نەژادپەرست، چەوسێنەرەکان و داگیرکەرەکان تێدەکۆشن و مافی چارەی خۆنوسین پەیڕەودەکەن.

‘ململانێ سەربازییەکەش یان نێودەوڵەتییە یان ناوخۆییە’، هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە کەیسێکیدا ململانێی سەربازیی نێودەوڵەتی ناساندووە و ئەوە دەخاتەڕوو، کە ”ململانێ سەربازییەکە نێودەوڵەتی دەبێت گەر هاتوو لەنێوان دوو دەوڵەت یان زیاتردا ئەنجامدرا، ئەمە داگیرکردنی بەشەکی یان گشتی هەرێمی دەوڵەتێکی تریش دەگرێتەوە، جا ئەگەر بێتو لەو داگیرکارییەدا بەرگری سەربازیی هەبێت یاخود نا. کاتێک دەوڵەتێک دەچێتە ململانێیەکەوە لەگەڵ گروپێکی سەربازی ناحکومی، کە لە هەرێمی دەوڵەتێکی دراوسێدایە و جەنگی گروپەکە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەکەی خۆیدایە ئەوا بە ململانێی سەربازی نێودەوڵەتی دادەنرێت”.

هەروەها ”دژیەکی سەربازیی نێوان دەوڵەتان لە ڕێگای هێزە سەربازییە تایبەتەکانیانەوە یان لایەنەکانی تر، کە لە جیاتی ئەو دەوڵەتە دەجەنگن بە ململانێی سەربازیی نێودەوڵەتی دادەنرێت. گەر دەوڵەتێک ڕۆڵی هەبێت لە ڕێکخستن، هەماهەنگی یان پیلاندانانی کردارە سەربازییەکانی گروپێکی سەربازیی، زیاد لەوەش هاوکاریی دارایی، ڕاهێنانپێکردن و پڕچەککردن یان دابینکردنی هاوکاریی کرداریی بۆ ئەو گروپە، ئەوا بە ململانێی سەربازی نێودەوڵەتی دادەنرێت”.

سەبارەت بە ‘ململانێی سەربازیی ناوخۆیی’ هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ئەوە دەخاتەڕوو، کە ”ململانێی سەربازیی ناوخۆیی ئەوەیە، کە لە هەرێمی دەوڵەتێکدا دەستپێدەکات ئەویش بەوە دەبێت، کە گروپە سەربازییەکە بۆ خۆی جەنگابێت نەک لە جیاتی حکومەتێک، و لە جەنگەکەدا دوو دەوڵەتی دژ بە یەک بوونی نەبوبێت”. یان بریتییە لەو ململانێ سەربازییانەی، کە لە هەرێمی دەوڵەتێکدا ئەنجامدەدرێن کاتێک ململانێیەکی سەربازیی درێژ لەنێوان دەسەڵاتە حکومییەکان و گروپە سەربازییە ڕێکخراوەکاندا بوونی هەبێت یان لەنێوان ئەو گروپانە خۆیاندا. ئەمەش بە مانای ئەوەدێت، کە دەبێت ململانێیەکی سەربازیی بوونی هەبێت جا نێودەوڵەتی بێت یان ناوخۆیی.

(ب) مەرجێکی تری پایەی ماددی تاوانەکانی جەنگ بریتییە لە ئەنجامدانی هەر یەک لە کردارە ماددییەکانی تاوانەکە، یاخود تاوانەکانی جەنگ، کە ڕیزبەندکراوە لە پەیڕەوی بنەڕەتی دادگادا، جا ئەگەر لە دژی ئادەمیزاد ئەنجامدرابێت یان ماڵ و موڵکی پارێزراو. یان بە مانایەکی تر ئەنجامدانی یەکێک لەو کردارانەی، کە لە ماددەی هەشتەمی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا وەک تاوانی جەنگ ناسێندراون. کەواتە ئەم مەرجەیان بریتییە لە کردارەکانی ئەنجامدانی تاوانەکە، مەرجە ئەنجامدەری تاوانەکە هەستێت بە لەشفرۆشیپێکردنی بەزۆری یەک کەس یان چەند کەسێک، یان هێرشکردنەسەر یەک شوێنی ئاینیی یان چەند شوێنێک، یەک شوێنی پەروەردەیی یان چەند شوێنێک یەک نەخۆشخانە یان چەند نەخۆشخانەیەک، یان هەریەک لە کردە ماددییەکانی تری تاوانەکانی جەنگ دژ بە یەک کەس یان چەند کەسێکی، سروشتی یان یاسایی. کەواتە لێرەدا گەر ئەنجامدەری تاوانەکە هەریەک لەو کردارانەی کە ڕیزبەندکراون لە پەیڕەوی بنەڕەتی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا لەدژی یەک کەس یان زیاتر لە چوارچێوەی ململانێیەکی سەربازییدا ئەنجامبدات ئەوا بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە ڕەوشی کۆماری مالی لە کەیسێکیدا ئەوە دەخاتەڕوو ”ئەو هێرشانەی، کە ئەنجامدراون لە چوارچێوە و پەیوەست بووە بە ململانێ سەربازیی ناوخۆییەوە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی مالی و گروپەکانی وەکو ئەنسار دین و ئەقیم. ئەو مەزارگا پیرۆز و مزگەوتانەی، کە هێرشیان کراوەتەسەر بەشێکی سەرەکی ژیانی ئاینیی دانیشتووانەکەیەتی. دانیشتووانەکە بە بەردەوامی سەردانی ئەو مەزارگانەیان دەکرد، شوێنێکن بۆ نوێژ و بۆ هەندێ، شوێنێک بوون بۆ حەجکردن. هەموو ئەو شوێنانە بۆ ئاین و یادگاریی مێژوویی تەرخانکرابوون، و ئامانجی سەربازیی نەبوون. لە ڕوانگەی ئەم ئەنجامەوە، هۆبەکە پێی وایە، هەموو پایەکانی تاوانی جەنگ لە هێرشی سەر ئەم ئامانجە پارێزراوانەدا هەیە”.

(پ) هەبوونی ڕایەڵەو پەیوەندیی لەنێوان کردارە تاوانییە ئەنجامدراوەکە و ململانێ سەربازییەکەدا. بەمانایەکی تر کردارە ئەنجامدراوەکە لە ململانێیەکی سەربازییدا ئەنجامدرابێت. نەک لە کاتی ئاشتیدا. یان ڕەوشە نائارامییە پەشۆکاوییە ناوخۆییەکان، وەکو ئاژاوە، کردارە جیاکارییەکان و توندوتیژییە بچڕ بچڕەکان یان ئەو کردارانەی تر، کە سروشتێکی هاوشێوەیان هەیە. چونکە ئەم ڕەوشانە بە ململانێی سەربازییی دانانرێن.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە کەیسێکیدا ئەوەی بۆ دەرکەوتووە، کە ”کردارە پەیوەندییدارەکە ڕایەڵە و پەیوەندییەکی هەبوبێت بە ململانێ سەربازییەکەوە”. هۆبەی دادگایکردنی دادگاکە لە کەیسێکی تریدا بەبیری دەهێنێتەوە، کە ”دەسدرێژی سێکسیی و بە کۆیلەکردنی سێکسیی لەدژی هەر کەسێک قەدەغەکراوە و تاوانەکانی جەنگ پێکدەهێنێت گەر پەیوەندیی بە ململانێی سەربازییەوە سەلمێنرا”. ئەمەش بە مانای ئەوەدێت، کە هەبوونی پەیوەندیی لەنێوان تاوانە ئەنجامدراوەکە و ململانێ سەبازییەکە مەرجێکە بۆ سەلماندنی تاوانەکانی جەنگ.

هەموو چالاکییە تاوانییەکان لە ماوەی جەنگ و ململانێی سەبازیدا بە تاوانی جەنگ دانانرێت. بۆ نمونە گەر کەسێک دراوسێکەی بکوژێت لەسەر کێشەیەکی تایبەتی و لەماوەی ململانێ سەربازییەکەدا ئەنجامدرابێت ئەوا بە تاوانی جەنگ دانانرێت. بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەبێت لەنێوان کردارە تاوانییەکە و ململانێ سەربازییەکەدا.

(٢) پایەی دەرونیی تاوانەکانی جەنگ

تاوانەکانی جەنگ تاوانێکی بە مەبەستن و پێویستیان بە پایەی دەروونی هەیە بۆ سەلماندنی نیازە تاوانکارییەکەی، سەرچاوەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی داوای مەبەستی تایبەتیان نەکردووە و بە تەنها مەبەستی گشتی هەبێت بەسە بۆ سەلماندنی تاوانەکە. پایەی دەرونی تاوانەکانی جەنگ بریتییە لە ئەنجامدانی پایە ماددیەکانی تاوانەکە یان کردارە قەدەغەکراوەکان بە نیاز و ئاگاییەوە.

گەر یەکێک لە کردارەکانی تاوانەکانی جەنگ بە نمونە وەربگیرێت ئەمە زیاتر ڕوندەبێتەوە، بەگوێرەی ماددەی هەشتەمی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ”بە سەربازگرتن یان ناونوسکردنی منداڵانی ژێر تەمەن (١٥) ساڵان لە هێزە سەربازییەکاندا یان گروپەکاندا یان بەکارهێنانیان لە بەشداریپێکردنی چالاکانەی ململانێکاندا” یەکێکە لە کردارەکانی تاوانەکانی جەنگ.

هەروەها بەگوێرەی پایەی تاوانەکانی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی گەر ئەنجامدەری تاوانەکە هەستێت بە ”سەربازگرتن” یان ”ناونوسکردنی” یەک کەس یان زیاتر لە هێزەکانی سوپای نیشتیمانیدا، یان ”بەکارهێنانی” یەک کەس یان زیاتر لە بەشداریپێکردنێکی چالاکانەی ململانێکان و ئەو کەسە یان کەسانە تەمەنیان لەژێر (١٥) ساڵییەوەبێت و ئەنجامدەری تاوانەکە زانیبێتی یان دەبوایا بیزانیایا، کە ئەو کەسە یان ئەو کەسانە لەژێر تەمەنی (١٥) ساڵییەوەبوون، ئەوا پایەکی دەرونییە بۆ تاوانەکانی جەنگ. واتە لێرەدا گەر ئەنجامدەری تاوانەکە تەنها هەستابێت بە بەسەربازگرتن یان ناونوسکردنی یەک کەس یان زیاتر و زانیبێتی، کە ئەو کەسە یان کەسانە لە ژێڕ تەمەنی (١٥) ساڵییەوەبوون، ئەوا خودی زانینەکە نیازە تاوانییەکە دەسەلمێنێت و خودی ئەو بە سەربازگرتنە یان ناونوسکردنە بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.

هۆبەی دادگاییکردنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە ڕەوشی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە کەیسێکیدا ئەوە لەبەرچاو دەگرێ و بەبیر دەهێنێتەوە، کە ”بەکارهێنانی چەمکی ”یان” لە پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگاکەدا لە ڕوانگەی هۆبەکەوە سێ ئەلتەرناتیڤ دەگرێتەوە (وەکو بە سەربازگرتن، ناونوسکردن و بەکارهێنان)، کە سێ تاوانی سەربەخۆ پێکدەهێنن”. ئەمەش بە مانای ئەوەدێت، کە ئەگەر ئەنجامدەری تاوانەکە بە تەنها هەستابێت بە سەربازگرتنی یەک کەس یان زیاتر، یان ناونوسکردنی یەک کەس یان زیاتر یان بەکارهێنانیان لە بەشداریپێکردنێکی چالاکانەی ململانێکان ئەوا هەریەک لەوانە سێ تاوانی سەربەخۆی تاوانەکانی جەنگ پێکدەهێنن.

ئەنجام

لە ئەنجامی ئەم وتارەدا گەشتینە ئەوەی کە هەردوو تاوانی جینۆساید و جەنگ خاڵی هاوبەش و جیاوازییان هەیە، خاڵە هاوبەشەکان ئەوانەن کە هەردوو تاوانەکە دوو تاوانی نێودەوڵەتین، ئەنجامدەرانی ئەم دوو تاوانە پارێزبەندییان نییە و دەبێت دادگایی بکرێن، تاوانەکان لێبوردن نایانگرێتەوە و بە تێپەڕێنی کاتیش بەسەر ناچن. دیارترین جیاوازییەکانیشیان بەکورتی دەتوانین بڵێین جینۆساید لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام تاوانەکانی جەنگ تەنها لە کاتی هەبوونی جەنگدا ئەنجامدەدرێن. بۆ سەلماندنی جینۆساید مەبەستی تاوانیی گشتی و تایبەت پێویستە بوونی هەبێت، بەڵام بۆ تاوانەکانی جەنگ تەنها مەبەستی تاوانیی گشتی بەسن. توانیمان ئەوە بەدەستبهێنین کە هەردوو تاوانەکە مێژوویەکی درێژییان هەیە و کورد و مرۆڤایەتی ئەزمونی ئەو دوو تاوانەیان بە قووڵی کردووە.

بەشکردن: