لە سەتحدا ئاڵۆزی، لە ئاڵۆزیشدا سەتح

ئاراس گوڵزار

«هەندێک جار ئێمە لە سەتحدا توشی ئاڵۆزی دێین، هەندێک جاریش لەنێو پێچاوپێچ و ئاڵۆزییەکاندا دەگەین بەسەتح»، ئەمە ڕوانینی دۆڵۆزە بەئیلهاموەرگرتن لە نیچە. دەکرێت ئێمە ئەمە تەوزیف بکەین بۆ دۆخی باشور، بەم شێوەیە؛ ئاسان نییە تێبگەین دەستەڵاتداری باشور چۆن کاردەکەن، بە مانایەکیتر ناسینی خۆیان ئاسانە لە سەتحدا، بەڵام وەرگرتنیان بە شێوەیەکی سەتحی لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا دەمانخاتە ناو هەڵەوە، چونکە خۆیان شتێکی ئەوتۆ نین یا ڕاستترە بڵێین خۆیان سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی سیاسی، فەلسەفی، سۆسۆلۆژی، ئابووری، ئینسانناسی نین. بۆ نمونە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی سەربە چ قوتابخانەیەکی سیاسی-ئابووری- فەلسەفین؟ مانفێستی فکری و سیاسی و ئەخلاقییان کامەیە؟ دەستنووس و کتێبیان کوا؟ بیرمەند یا نوسەر ئایا شتێکیان هەیە بۆ ئێمە ببێتە دەرگایەک و لێیەوە سەربکێشین کە بەدرێژایی تەمەنی ماڵباتی و حیزبیان نووسیبێتیان یا پەیڕەویان لێکردبێت؟ بەدرێژایی مێژووی بنەماڵەی بارزانی یەک مانفیستۆیان لێدیارکەوتووە ئەویش فازڵ میرانی نوسیویەتی و تێیدا لەسەرەتادا دەڵێت پارتی لەسەر ڕێبازی چەپ و سۆسیالیزمە بە ئاماژەدان بە هەڵۆکەی ناو ئاڵای پەدەکە کە ملی بەلای چەپدا سوڕاندووە؛ لەناوەڕاستی مانفێستەکەدا دەڵێ پارتی بڕوای تەواوی بە لیبڕالیزم هەیەو لە کۆتاییشدا دەڵێ ئێمە هەموومان لەسەر ڕێبازی بارزانی نەمرین کە پیاوێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ….تاد! مەگەر بەمە دەوترێ مانفیستۆ؟ مەگەر کەسێک هەیە تێمانگەیەنێت ڕێبازی بارزانی و تاڵەبانی چییە؟

ئایا یەنەکە هێشتا ماویە یان سۆشیاڵ دیموکرات؟ کەسێک هەیە لە ملی ئابووریدا پێمان بڵێت کوڕانی تاڵەبانی کاریگەرن بە داڤید ڕیکاردۆ یان کینز یان مارکس یان هارڤەی و ئەنتۆنۆنیگری؟ یان کاریگەرن قوتابخانەی فرانفۆرت یان پۆزەڤیتیزمی لۆژیکی یا مارکسییە لاوەکان؟ ڕەنگە ناویان بیستبن، بەڵام بێشک شتێک دەربارەیان نازانن. بۆیە ناکرێ و مرۆڤ ناتوانێ دەستنیشانی بکات لەسەر چ بنەمایەک سیاسەت دەکەن و کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، جگە لە خوێندنەوەیەکی ڕۆژانەیی و لەسەر بنەمای تاڵانیی زیاتر و دەستخستنی قازانجی زیاتر ناتوانین خوێندنەوەیەکی ئابووری، سیاسی، فەلسەفیان بەسەردا پەیڕەو بکەین. بەڵام گەر وێنە گەورەکە چاولێکەین ئیمکان بۆ خوێندنەوە و ئانالیز فرە دەبێ چونکە، لەناو سیاسەت و ئابووری و شەڕێکی فرەجەمسەریدا ژیان دەکەن و سیستەمێکی گەورە لەسەریانەوە چاودێری دەکات و فەرمان دەدات.

لەباشوردا دووبنەماڵە کە دوو حیزبی سەرەکی وەک یەنەکە و پەدەکە بەڕێوەدەبەن و تەواوی دامەمودەزگانی باشور ئاڕاستە دەکەن، هەرلە ئاسایش، پۆلیس، دادگا، پەرلەمان و شارەوانیەکان …تاد هەریەک لە مانەشیان لە ئەرکی سەرەکی و کۆمەڵگەیی خۆیان دوورخستۆتەوەو نغرۆ و سەرڕێژی گەندەڵییان کردوون، خۆشیان لەژێر سێبەری ئەمانەدا لەسەر کۆمەڵگا کردووە بە دیکتاتۆر، لۆژیکی سەرەکیشیان هێزی ڕووت و لە دەوریشیان لەشکرێک لە بەڵتەچی و میلیشیا کە سڵ لە لێدان و کوشتن ناکەنەوە

لێرەدا من دوو کارکرد دیاری دەکەم.

یەکەمیان: کارکردنی وڵاتانی سەنتەر و چەق کە ڕێبەرایەتی سیستەمی زاڵ دەکەن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە هەژارن لە هەبوونی میراتێکی سیاسی و کلتوری خۆبەڕێوەبەری، ئەم جۆرە لە کارکردی سیستەمی زاڵیش، پێکدێت لە ئاواکردنی حیزب و حوکمەتی گەندەڵ و داتاشین و سازکردنی کەسایەتی دیکتاتۆر و پاشڤەڕۆ بۆ گەلەکەی، کە گرێدراوی هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی، ئینسانی، ژینگەیی نابێت و نەتەوە و خاک زمان و هونەر و فەرهەنگ بۆ ئەو بریتی دەبێت لە شتێکی بۆش و بەتاڵ لە جەوهەردا و لە ڕووکەش و دۆخی ئاوارتەشدا دەبێتە بانگەشەی چەواشەکار و فریودان. باشوری کوردستانیش دەکەوێتە ناو ئەم جۆرە لە کارکردنی سیستەمی زاڵ.

گەر چاولێکەین لەباشوردا دووبنەماڵە کە دوو حیزبی سەرەکی وەک یەنەکە و پەدەکە بەڕێوەدەبەن و تەواوی دامەمودەزگانی باشور ئاڕاستە دەکەن، هەرلە ئاسایش، پۆلیس، دادگا، پەرلەمان و شارەوانیەکان …تاد هەریەک لە مانەشیان لە ئەرکی سەرەکی و کۆمەڵگەیی خۆیان دوورخستۆتەوەو نغرۆ و سەرڕێژی گەندەڵییان کردوون، خۆشیان لەژێر سێبەری ئەمانەدا لەسەر کۆمەڵگا کردووە بە دیکتاتۆر، لۆژیکی سەرەکیشیان هێزی ڕووت و لە دەوریشیان لەشکرێک لە بەڵتەچی و میلیشیا کە سڵ لە لێدان و کوشتن ناکەنەوە. باکیان بە هیچ شتێک نییە و هەمیشە لەسەرپێن بۆ سەرکوت و خەفەکردنی هەر ناڕەزایەتییەکی گەل لەدژی زووڵم و ستەمی سەردارەکانیان. نمونە سەرهەڵدانەکانی شیلادزێ، سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین بەرچاون، تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و زەردەشت عسمان و سۆرانی مامەحەمە و ڕەوف ئاکرێیی و شەهیدانی حەڤدەی شوبات و گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانی بادینان و تیرۆری چالاکوانانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەهاوکاری دەزگاکانی باشور دیسان نمونەی دیار و حاشا هەڵنەگرن.

دووەمیان: دووەمین کارکردی سیستەمی زاڵ بریتیە لە شێوازی نەرم ئەوەی “باتای” پێیدەڵێت [ مۆدێرنەی شل] یا ئەوەی “جۆزێف نای” پێدەڵێت [ هێزی نەرم] شێوازێکی نادیار و تاڕادەیەک شاراوەیە لە فۆڕمی  ئیدۆلۆژی و فکردا خۆی دەنوێنێ، بەگشتیش کارکردنە لە سەر کلتوور، فەرهەنگ، وەرزش، هونەر، سینەما، ناوەندەکانی ئەکادیمیا و میدیا…تاد شێوازێکی باندۆر دانانە لەسەر هۆش و دەرون لە گەڵیشیدا ڕاهێنانی کۆمەڵگاکانە لەسەر مۆدێلی سیاسی، ئابووری، ئیدۆلۆژی سیستەمی زاڵ، هەموومان لەدوای دوو هەزارەکان گوێکانمان پڕ کرا لەسەر بازاڕی ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەت و حوکمەتی خۆشگوزەران و دەیان چەمک و دەستەواژەی نوێ، شەڕێکی گەورەی فکریش بەشێوەیەکی شاراوە کەوتە بەرامبەر کۆمەڵگا بۆ شکاندن و لەناوبردنی ئەو بەهایانەی پێشتر لەسەری دەژیا، بۆ ئەو هیوایانەی هەیبوو بۆ ژیانێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی یەکسان؛ بەڵام ئەو هێزە نەرمانە لە ڕێگەی کارکردنی هەمەلایەن و گشتگیرەوە کرد بە سەراب و خەونی بەدینەهاتوو.

خەونی خەڵکی باشور ئەوە بوو کە دەوڵەت و حوکمدارییەک ئاواببێ نەزمی کۆمەڵگا بکات و لەپێناو فەزیلەتێکی گشتیدا دەرکەوێتە مەیدان، بەڵام لەجێی ئەوە حوکمدارییەک پێکهات بێنەزمی کردە نەزمی کارکردنی خۆی و تاک و کۆمەڵگای لەناو بەرخۆری و مەسرەفگەرایی و بێبەرهەمی هاویشت. هەستەکانی تاک بەتاکی باشوریان ئاڕاستەی ئەو جێیەکرد کە هێزی نەرم و مۆدێرنەی شل دەیخواست، تامی دەمیان گۆڕی بیستن و بینینیان گۆڕی

خەونی خەڵکی باشور ئەوە بوو کە دەوڵەت و حوکمدارییەک ئاواببێ نەزمی کۆمەڵگا بکات و لەپێناو فەزیلەتێکی گشتیدا دەرکەوێتە مەیدان، بەڵام لەجێی ئەوە حوکمدارییەک پێکهات بێنەزمی کردە نەزمی کارکردنی خۆی و تاک و کۆمەڵگای لەناو بەرخۆری و مەسرەفگەرایی و بێبەرهەمی هاویشت. هەستەکانی تاک بەتاکی باشوریان ئاڕاستەی ئەو جێیەکرد کە هێزی نەرم و مۆدێرنەی شل دەیخواست، تامی دەمیان گۆڕی بیستن و بینینیان گۆڕی؛ شێوازێکی نوێیان دا بە بیرکردنەوە بە گشتیش شوناسێکی جیاوازیان بەخشی بە کەسایەتییان، کەسایەتیەک تا زیاتر بەرخۆربێ زیاتر سەرنجڕاکێشە، تا زیاتر مەسرەف بکات پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێزترە، نرخی سەیارەکەت، مارکەی سەعات و جلوبەرگەکەت، ژمارەی مۆبایل و جۆری خواردنەکەت یەکسانە بە کەسایەتی و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیت؛ کارێکیان کرد کە ئیدی دەبێ هەمووشتێک ڕوو لەبازاڕ و مارکێتین بکات، هونەر، وەرزش، سینەما، سیاسەت، فکر و هەتا خوداش؛ هونەر و هونەرمەندەکەی دەبێ ببنە پانتاییەک بۆ سەرمایە، وەرزش و وەرزشکاران بەهەمان شێوە، سینەماش لەوە دەکەوێ ببێت بە دەستوێژی هۆشیاری، خوداو دین لەبەرگی تەسەوف و ئیخوان و سەلەفی و جۆرەکانی دەکەونە بەرشەپۆلەکە ئەمانیش سەربە بازاڕ و دنیای مەسرەف و بەرخۆری.

تۆ سەیری خودای ناو فەیسبوک و دنیای مەجازی بکە، چاو لە مایکەپی سەلەفی و مۆدێلی ڕیش و سەیارە و ماڵی ئیخوانییەک، کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە، بەرنامەکانی بەخشین و دەیان گروپی جیاجیای خێرو سەدەقە، سمارت و لقەکانی؛ ئەمانەو دەیانی دیکە، گەر ورد بڕوانین ئیدی خودا، خوداکەی ناو سەرودڵی مرۆڤی ئیماندار نییە پەیامبەرەکەشی بە هەمان شێوە بەلکی خودای سەرمایە و بازاڕە؛ گەر سەروتریش بچین خەونەکانمان، ئارەزوومان، خەیاڵ و حەز و چێژەکانمان دیسان هی ئێمە نین و بۆمان دروستدەکرێ؛ ئەوە من نیم کە حەزم لە پیتزا و پاستا و فینگرە بەلکی ئەوە ڕیکلامی مۆدرنەی شلە ئەو حەزەی لای من دروستکردوە، من پێموانییە ئەمریکا فریادڕەسبێ ئەوە هۆڵیودە تێڕوانینی من بۆ شەڕی ڤێتنام دەگۆڕێ…..تاد ئەمانە لەخۆڕا و بە ماوەیەکی کەم پێکنەهاتوون، خەسڵەتێکی سروشتی مرۆڤیش نین بەلکی ڕۆڵ و کاریگەری هێزی نەرم و مۆدێرنەی شلە لەسەر تاک بەتاکی کۆمەڵگا، کە لە ڕێگەی میدیای زەبەلاح و تەکنەلۆژیا و زانیار و دەیان نوسەری سەر بە سیستەمەوە ڕۆژانە دەرخواردیان دەدرێ.

بە قەولی “نیگری و هارت” لەمڕۆدا تەکنەلۆژیا و زانیاری بەشێکی گەورەن لە بەرهەمهێنان چ فکری و ئیدۆلۆژی چ مادی و ئابووری. بۆ نمونە، لەوڕۆدا هێندەی ڕیکلام و پڕوپاگەندە و زانیاری و میدیا جێی بایەخ پێدانن، هێندە شێوازەکانی بەرهەمهێنان گرنگ نین؛ واتە بۆ ئەوەی کاڵایەک یان ئایدایەک-پارادیگمایەک جێگەی بایەخ و گرنگیپێدان بێ لەلایەن خەڵک و بەکاربەرانیەوە، پێویستە ئامادەکاری پێشوەختەی ئایدیایی زانستی و فەرهەنگی بۆ بکرێ. بە واتایەکی تر سیستەمی زاڵ “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” لەوڕۆدا تەنیا بەگوێرەی پێویستییەکان شتەکان ناگۆڕێت بۆ بەرهەم، بەلکی بەکارهێن بۆ بەرهەمەکانی سازو ئامادە دەکات، واتە کڕیار بۆ کاڵانی ئامادە دەکات، تاک و کۆمەڵگاش بەگشتی ئامانجە و تێهەڵکیشیان دەکات بە ئابووری مەسرەف؛.

بەداخەوە باشوری کوردستان خاوەنی سامانێکی زۆرە لە وزە، خاکێکی فران و بەپیت بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی سەدان جۆر لە میوە و سەوزە و دانەوێڵە، واتە ئیمکانێکی گەورەی هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی ڕۆژانە و لەگەڵیشیدا فراوانکردنی بۆ پانتایی ئابووری و هەناردە، وزەیەکی بێشورمار لەژێر خاکەکەیدا هەیە کە دەتوانێ ببێتە ژێرخانێکی پتەو بۆ ئێستا و داهاتوو، واتا ئەو ئیمکانەی لە باشوردا هەیە دەتوانرێ ژیانێکی جیاوازتر، کۆمەڵگایەکی جیاوازتر و حوکمدارییەکی جیاوازتری باشی لێ ئاوابکرێ، لەجێی ئەوەی چینێکی کەمی کۆمەڵگا سامانی کۆمەڵگای لا کەڵەکەبێ و زۆرینەش هەژار و بێدەرەتان بن دەکرا ژیانێکی یەکسان پێکبهێنرێت، لەجێی ئەوەی گەنجان ساڵانە بە هەزاران کۆچ بکەن لەتاو بێکاری دەکرا بیانخەنە ناو کار و بەرپرسیارییەتییەوە، لەجێی ئەوەی کۆمەڵگا ڕووە و بەرخۆری ئاڕاستەبکەن دەتوانرا ڕووە و گەشە و بەرهەمداری هەنگاوی پێهەڵبێنن، لەجێی ئەوەی هێزی میلیشیا و حیزبی و کەسی دروستکەن دەکرا هێزێکی تۆکمە و نیشتیمانی ئاواببێ، لەجێی تیرۆر و تۆقاندن کۆمەڵگایەکی ئازاد و لەجێی چاوساغی و خیانەتیش ئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و بەرەڤانی لە گەل و خاک و زمانی خۆت جێگەی باس بوایە، لەجێی ئەو مەزهەلەی لە پەرلەمان و دادگا و کۆی دامەزراوە یاسایی و حقوقییەکان لەگۆڕێیە، کۆمەڵگایەکی یاسایی بەگوێرەی ویژدان و ئەخلاق بەگوێرەی پرنسیپە ئینسانی و گەوردوونیەکە لەگۆڕێ بوایە.

بەشکردن: