زمانی کوردی لە عێراقدا

1359
0

محەمەد ئەلوائیلی*

وەرگێڕانی لە ئینگلزییەوە: زانا عوسمان

عێراق لەمڕۆدا تاکە وڵاتە کە تێیدا زمانی کوردی لەسەر پاسپۆرت و پسووڵەکان بەکار دێت و شانبەشانی زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی دادەنرێت. باجێکی قورس دراوە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان بەم زمانە جوانەدا، ئەوەش بە شێوەکانی ئەزموونکردنی جیاکاری، جینۆساید، هەروەها چەوساندنەوەی نەژادی و کلتووری. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا لە عێراقدا دابەشبوونێکی زمانی هەیە کە بەشێوەیەکی جدی باسی لێوە نەکراوە.

بەرنامەی خوێندن لە عێراقدا وتنەوەی زمانی کوردی پێویست دەکات، بەڵام ملیۆنان خوێندکار لەو قوتابخانانەی عێراقدا کە بەشێک نین لە هەرێمی کوردستان دەردەچن و تەنها چەند وشەیەکی کوردی دەزانن. شارەزاییە زمانییەکان بایی ئەوە نین شتانێکی سادە بگەیەننە ئاخێوەرانی کوردی، وەک ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی کورت یان داواکردنی خواردن لە چێشتخانەیەکدا، شتێک کە دەکرێت زۆر بەکەڵک بێت بەو پێیەی بەشێکی زۆری دانیشتوان بۆ گەشت دەچنە هەرێمی کوردستان. زۆرێک لە ئاخێوەرانی زمانی عەرەبی کە چەندین ساڵە لە هەرێمەکەدا کار دەکەن خۆیان فێری زمانەکە ناکەن و لە ژینگەی بازرگانیشدا زۆر بەکاری ناهێنن، ئەمەش چونکە زمانی عەرەبی و بەم دواییانەش ئینگلیزی بوونەتە ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ پەیوەندیکردن. لە کایەی سیاسیدا، زمانی عەرەبی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسا و ڕێساکان لە پەڕلەمانی عێراقدا بەکار دێت، لەکاتێکاد زمانی کوردی تاکە زمانە کە کارایانە لە پەڕلەمانی هەرێمی کوردستاندا بەکار دێت. ئەمە لە دەرکەوتنە میدیاییەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە کە تێیدا بەگشتی سەرباس و ڕیتۆریکەکان جیاوازن کاتێک بە زمانی عەرەبی گەنگەشە دەکرێن وەک لەوەی بە کوردی دەکرێن. بۆ نموونە، ئەندام پەڕلەمانێکی کورد کە هەردوو زمانەکە دەزانێت لۆجیکێکی جیاواز بەکار دەهێنێت کاتێک لە میدیایەکی کوردی‌زماندا قسەوباس لە پرسە سیاسییەکان دەکات و زیاتر تیشک دەخاتە سەر سەربەخۆیی و مافی خۆسەری، لەکاتێکدا هەمان ئەندام پەڕلەمان زمانی عەرەبی بە تۆنێکی سازشکارانەتر بەکار دەهێنێت بۆ تیشکخستنە سەر هەماهەنگی و یەکگرتوویی کاتێک لە بەرنامەیەکی عەرەبی‌زماندا دەردەکەوێت. سەبارەت بە ئەندام پەڕلەمانە عەرەبەکان، هیچ کەسێکمان نییە کە کوردی بزانێت یان لانیکەم بە زمانی کوردی بۆ ڕای گشتیی کوردی بدوێت. هەربۆیە، دابەشبوونە زمانییەکە نەک تەنها ڕەهەندێکی جوگرافی و کلتووری وەردەگرێت، بەڵکو بۆچوونی گشتیی جیا لەیەک و عەقڵییەتێکی سیاسیی جیا لەیەک دێنێتە کایەوە.

ڕەنگە زۆر هۆکار هەبن بۆ ئەوەی کە بۆچی دۆخی زمانی کوردی لە عێراقدا بەم شێوەیەی ئەمڕۆیە. بەڵام من پێم وایە گەورەترین هەڵە کە ئەنجام دراوە بریتییە لە ئاڕاستەکردنی ململانێی سیاسیی نێوان هێزە سیاسییە کوردی و عەرەبییەکان ڕووەو زمانی کوردی و ئەو ڕەهەندە زۆرە کلتووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریانەش کە هەیەتی. بەدڵنیاییەوە، گەنگەشەکردنی لایەنە کلتووری، مێژووی و کۆمەڵایتییەکانی زمان بە قووڵی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم نووسینەدایە، بەڵام زمانەکان دەتوانن ببنە ئامرازی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشبژێوی.

وا دەردەکەوێت کە ئەوانەی لە هەردوو لای هاوکێشەکەدا بۆچوونی دژبەیەکیان هەیە سەبارەت بە داهاتووی خەڵکی کورد لەڕاستیدا پێیان باشە ئەو دابەشبوونە بهێڵنەوە کە بەشبەشکردنی زمانی کوردی دروستی کردووە. ئەوان سوودێک بەدی دەکەن لە فێربوونی زمانی لایەنی بەرامبەر و برەودان بە زمانەکەی خۆیان لە ئاستی ناوخۆدا: کوردی بۆ کوردەکان و عەرەبی بۆ عەرەبەکان.

بابەتە سەرنجڕاکێش و بەڕووکەش دژیەکەکە ئەمەیە: فێربوونی زمانەکانی لایەنی نەیار هەر سوودی خۆی دەبێت، ئیتر ئەگەر خەڵکی کورد مافی خۆیانیان بۆ سەربەخۆیی بەکار هێنا یان گەر بڕیاریان دا لەگەڵ تەواوی عێراقدا بە یەکگرتوویی بمێننەوە (یان هەر چارەسەرێکی نێوانگیر لە نێوان ئەو دووانەدا). دۆخی خەڵکی کورد و هەرێمەکەیان هەر شتێک بێت، وتنەوەی عەرەبی بە کوردەکان و کوردی بە عەرەبەکان بەهادارە بۆ ئەنجامدانی بازرگانی، کارلێککردنی هاوسەنگ و ئاشتیانە، هەروەها پیشاندانی ڕێز و پێزانین بۆ کلتوور و نەریتەکان.

ئەو سیاسییە کوردانەی دەیانەوێت سەربەخۆ بن لە عێراق دەبێت درک بەوە بکەن کە ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، دەوڵەتە تازەپەیدابووەکەی داهاتوویان بۆ مانەوە تەواو پشت دەبەستێت بە چواردەورە جوگرافییەکەی، کە ئەوەش کارلێککردن و پێکەوەکارکردن دەخوازێت. لەکاتێکدا ڕۆژئاوا بە زارەکی دەڵێت کە پاڵپشت دەبێت، بەڵام هەر دەوڵەتێکی داهاتووی کوردی ناتوانێت قومار لەسەر ویستی ڕۆژئاوا بکات کە بە هانای دەوڵەتی کوردییەوە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، بەتایبەت کێشە نائابورییەکانی، هەروەک ئەوەی وانەکانی مێژووی نزیک پیشانی دەدەن. بە دابەشبوون و جیابوونەوەیەکی توندی کلتوورییەوە، هەروەها تیشکخستنە سەر ڕابردوو وەک پێچەوانەی داهاتوو، ئەرکی دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێی دابڕاو لە چواردەورەکەی زۆر سەخت دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، کاتێک دانیشتوانی ئەم هەرێمە هەردوو زمانەکە بزانن، زۆر جێگرەوە و دەرفەت ڕێیان تێ دەچێت. مەرج نییە ئەوەی پانتایی سیاسیی دابەش دەکات ببێتە هۆی دابەشبوونی خەڵکیش، بەتایبەت لە ناوچە تێکەڵەکاندا. کاتێک هەردوو لا لە زمان و کلتووری یەکدی تێدەگەن، بازرگانی زۆر ئاسانتر و، دانوستان و کارلێککردنەکانیش زۆر نەرمتر دەبن.

سەبارەت بە عەرەبەکان، یان هەر گرووپێکی دیکەی نەژادی کە سەرنجی لەسەر یەکێتیی وڵاتەکەیە و لە عێراقدا یەکانگیری زیاتری لەگەڵ هەرێمی کردستاندا دەوێت، کەمێک کەمژانە دەردەکەوێت کە خۆیان بەدوور بگرن لە زمان و کلتووری کوردەکان و کەچی چاوەڕێی ئەوەشیان لێ بکات خۆشحاڵانە لەناو وڵاتەکەدا بە یەکگرتوویی بمێننەوە. ئەگەر کوردەکان ئەوە نەبینن کە زمانەکەیان ڕێزی لێ دەگیرێت و بە کردەیی بەکار دێت، ئەوا هاندەری ئەوەی وەک بەشێک لە عێراق بمێننەوە بەدێژایی کات لاواز دەبێت. ئەو سیاسییە عەرەبانەی جدیین دەربارەی یەکپارچەیی دەبێت بایی ئەوە هەوڵ بدەن کە لانیکەم کوردییەکی سەرەتایی بدوێن، کەچی ئەمڕۆ وا دەیانبینین کە هێندە خۆیان ماندوو ناکەن کە چەند وشە و دەستەواژەیەک فێر ببن.

ئەوەش زانراوە کە فرەزمانی سوودی دیکەشی هەیە، بەتایبەت بۆ لاوان. دەزانرێت کە زمانەکان ژیری بەهێز دەکەن، هەروەها هەستیاریی کۆمەڵایەتی و سۆزەکی زیاد دەکەن. زمانەکان هانی سنگفراوانی و قبووڵکردن دەدەن، لە جیهانی پێکەوەبەستراوی ئەمڕۆدا ئەمە ئەمری واقیعە. دەبێت لاوان سەرنجیان لەسەر زمانە ناوچەییەکان بێت نەوەک تەنها زمانە ڕۆژئاواییەکان. کەسانی گەنج لە هەرێمەکەدا دەبێت لێهاتوویی زمانەوانییان هەبێت تا سەرکەوتنەکانیان لە هەرێمەکەدا، لە بەشەکەی تری عێراقدا برەو پێ بدەن. هەروەها خەونی ئەوانەی لە باشوری عێراقدا لە خەبات و ململانێدان نابێت بەجێهشتنی وڵات بێت لەکاتێکدا ئەوان دەتوانن خەونەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەدی بهێنن و بەئاسانی سوودەکان بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیان بگوازنەوە.

بەداخەوە، ئاسان نییە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت فێری کوردی ببن سەرچاوە و ئامرازی بەسوود و مۆدێرن بدۆزنەوە. ئەمە زۆر کەس سارد دەکاتەوە کە بەڕاستی ئارەزوومەندی فێربوونی زمانەکەن بەڵام ڕووبەڕووی سنوورداریی بژاردەکان دەبنەوە کاتێک دێتە سەر کەرەستەکانی فێربوون. بڕیاربەدەستانی کورد دەبێت ئەمە بکەنە کارێکی لەپێشینەیان، بەتایبەت داڕشتنی سیاسەتی نوێی کارکردن کە برەو بە زمانەکە و چوارچێوەی کاری مۆدێرن دەدات تا وا بکات فێربوون و وەرگرتنی زمانەکە ئاسانتر بێت. بەڵام بەڕاستی نابێت ئەمە تەنها خەمی کەرتی گشتی بێت، کە لە زۆربەی جیهاندا بەدناوبانگە بۆ خاوی و بێنەوبەردەی کارگێڕی. کەرتی تایبەت دەبێت بەپەرۆش بێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هەردوو زمانەکە کە بە کردار ئامادەیی کوردی و عەرەبی لە هەموو پارچەکانی عێراقدا بەهێز دەکات. لەوەش گرنگتر، ڕۆڵی سێکتەری (قازانج‌نەویستی) فرەلایەنە. ئەو ڕێکخراوانەی سەربەخۆن لە دەوڵەت، وڵاتە بیانییەکان، یان پارتە سیاسییەکان دەبێت ئەوە بکەنە کارێکی لەپێشینەیان کە برەو بە ئاشتی لە نێوان جڤاکەکاندا بدەن، ڕێگەیەکی کاریگەریش بۆ بەدەسهێنانی ئەمە بریتییە لە خوێندەواری نێوان-کلتوریی کاراکراو لەڕێگەی فێرکردنی زمانە ناوچيیەکانەوە. کاتێک خەڵکی زمانی ئەوانی تریان زانی، تێگەیشتن و قبووڵکردن زۆر ئاسانتر دەبن.

نەوەی نوێ لەمڕۆدا نیگەرانی و پێویستی جیاوازی هەیە و پێویست ناکات بە ڕووداوەکانی ڕابردووەوە ببەسترێنەوە. مێژوو لە داهاتوودا شوێنی خۆی هەیە، بەڵام ناتوانێت هەموو لایەنەکانی هەڵسوڕێنێت. هاوڕێیەک لە گفتوگۆیەکی ئەم دوایانەدا ئەم لێکچواندنەی بەکار هێنا: “لەکاتێکدا ئاوێنەی ڕووەو-دواوە بۆ خۆلادان لە ڕووداو گرنگە، نابێت چاوانمان لەسەر ئەو ئاوێنەیە جێگیر ببن، بەڵکو دەبێت زۆربەی کات لەسەر شووشەی پێشەوە بن تا ببینین بۆ کوێ دەڕۆین و دەبێت چ ڕێگەیەک بگرینە بەر.” پێم وایە ئەم لێکچوواندنە زۆر بەجوانی بەسەر مژاری ئەم وتارەدا پیادە دەبێت. فێربوونی زمانەکان ئامرازێکە بۆ پەیبردن بە ڕابردوو، بەڵام بۆ نەخشەڕێژکردنی داهاتوویەکی باشتریش. لەم ڕووەوە شتانی زۆر هەن کە فێریان ببین لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وەک یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا و زۆر وڵات و کۆمەڵگەی فرەکلتوور و فرەنەژادی دیکە. هەروەها لەکاتێکدا ئەم وتارە تەنها تیشک دەخاتە سەر زمانەکانی کوردی و عەرەبی لەمڕۆدا، ڕۆحی ئەم ئارگۆمێنتە لەڕاستیدا بەسەر هەموو زمانەکاندا لە هەموو وڵاتەکاندا پیادە دەبێت. کاتێک ئەزموونی زمانەکانی عەرەبی و کوردی سەرکەوتوو دەبێت، زۆر ئاسانتر دەبێت کە دووبارەی بکەینەوە بۆ زمانەکانی تری وەک تورکومانی، ئاشوری، کلدانی و هەموو ئەو زمانانەی تر کە لەم وڵاتەدا هەن.

 

*محەمەد ئەلوائیلی نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە بوارەکانی پەرەپێدان، چاکسازی و قۆناغی وەرچەرخان دەنووسێت، ئەو بابەتەیتایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسیوە.

تاگەکانزمانی کوردی
بەشکردن: