گەڕانەوە بۆ سۆشیالیزم؟ مارکس و مارکسیزم لە سێ سەدەدا 

د. نیاز نەجمەدین

بەشی یەکەم/ گۆڕهەڵکەنەی سەرمایەداریی یان پەیامبەرێکی پیرۆزی تر؟ 

کارل هەینریچ مارکس ( Karl Heinrich Marx) لە سەدەی نۆزدەدا دەژی و لە هەمان سەدەدا دەمرێت، لە سەدەی بیستدا سوکایەتیی پێ دەکرێت و لە سەدەی بیستویەکدا مارکسییەکان دەیانەوێت بیرۆکەکانی وەک تێزێکی ئاڵتەرناتیڤ زیندوو ببێتەوە. 

تا لە ژیاندابوو، بە دکتۆرایەکەوە لەسەر مێژووی فەلسەفەی یۆنانیی و بە شارەزاییەکی زۆرەوە لە زمانەکانی ئینگلیزیی و ئەڵمانیی و فەڕەنسیی، لە ئەڵمانیاوە بۆ فەڕەنسا و لەوێوە بۆ بەلجیکا و پاشان بۆ لەندەن بە خۆی و خێزانییەوە تۆپ تۆپێنی پێ دەکرا. نە شیعرەکانی و نە بەهرەمەندییەکانی لە بواری ماتماتیک و کۆمەڵناسیی و هونەر و فەلسەفە و ئابووریی و مێژوودا فریای منداڵەکانی نەکەوتن و یەک لە دوای، هەر یەک بە کارەساتێک، تیاچوون. ژیانی شەخسیی ئەم زانایە و تیۆرییەکانی مشتومڕی جیاوازی لەسەرە. هەندێک پیرۆزیان کرد و دەکەن و هەندێکیش وەک تاوانکار سەیری دەکەن.   

ئەو کەسێکە نە تەسلیمی بیر و بۆچوونەکانی سەردەمی خۆی بووە و نە چاوەڕێی مێژووە هێواش هێواش ژیانی خەڵک باشتر بکات. فەیلەسوف و ئابوورییناس وەک پاشا و وەزیرەکان بەدەستییەوە زەلالەتیانە. لە دوای ئەو، وەک سکاوسن دەڵێت، کەس چیتر سیستمی بازرگانیی ‘بێتاوان’ سەیر ناکات، وەک مۆنتیسکیۆ (Montesquieu)ی فەیلەسوف وەسفی دەکرد، سیستمێک نییە ‘بەرژەوەندیی دوولایەنە و هاوبەش’ دەستەبەر بکات، وەک ئادەم سمیث (Smith) باسی دەکرد، “یەکێتیی و هاڕمۆنیی سروشتیی”ش لەگەڵ خۆی ناهێنێت وەک سای و باستیات(Say and Bastiat) ئومێدیان پێی بوو. ئەو وای دەبینێت “تارماییەک ئەوروپا راودەکات، کە تارمایی کۆمۆنیزمە” و سیستمێکی پڕ لە کێشمەکێش لەناودەبات. 

بەتەنیشت ستایش و پیاهەڵدانەوە، مارکس دەیان تۆمەتی لە پاڵدایە. لە بەشە رۆژئاواییەکەدا، تۆمەتبارە بە بەشێکی گەورەی توندوتیژیی شۆڕشەکانی سەردەمی خۆی و ئەو کارەساتانەش کە لە دوای مردنی لە بەشێکی گەورەی جیهاندا روویاندا. وتەکەی خۆی بەشێوەیەکی تر لە رووی دەدەنەوە: ‘تارماییەکەت هیچی تری لێ سەوز نەبوو دیکتاتۆری وەک لینین و ستالین و ماو و ئیمپڕاتۆریەتی وەک یەکێتیی سۆڤێتیی و مەرگی ملیۆنان کەس’ نەبێت. لە بەشە رۆژهەڵاتییەکەشدا، کەس هێندەی هەژاران لەسەر ئەوەی لابەلا قسەیەکی لەسەر ئایین کردبێت یان نا، بە هەڵگەڕاوە و کافر و نەفرەتلێکراوی نەزانیوە. 

ژیانی مارکس پڕە لە شتی دژ بە یەکتر. لە هەرزەکارییەوە باسی ‘نامۆبوون’ دەکات. سەرەتا نامۆبوون لای مارکس دۆخێک بوو توشی مرۆڤ دەبوو کاتێک خودا رەتی بکاتەوە و رەزامەندیی بەدەست نەهێنیت. هەر لە مەسیحییەتەوە سەرسام دەبێت بە ئایدیای ‘دنیائاخریی’ و گەڕانەوەی سەینت جۆن (St. John) و کۆتاییهێنان بە ستەم و نادادیی، کەچی لە گەنجێتییدا بەیەکجاریی لە ئایین دوور دەکەوێتەوە و دەگاتە سەر باوەڕەکەی فیۆرباخ: “خودا مرۆڤی دروست نەکردووە. مرۆڤ خودای دروست کردووە”، پاشان سەروپۆتڵاکی ئایدیاکانی فیۆرباخیش دەکوتێتەوە و لە شوێنیان نامۆبونێکی نوێ باس دەکات. پێدەچێت ئەم باکگراوەندە ئاینییە، بەوەشەوە گوایە جیهان لە دیمەنێکی ترسناک و توندووتیژدا کۆتایی دێت و باوەڕداران دەچنە بەهەشت و کافران سزا دەدرێن، کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەکانی سەبارەت بە کێشمەکێشی چینایەتیی و کۆتایی سەرمایەداریی و گەیشتن بە کۆمۆنیزم هەبووبێت، جیاوازییەکە ئەوەیە ئیشەکە لەسەر زەویی و بە دەستی پرۆلیتاریا لە دژی سەرمایەدار روودەدات.

لە ژیاننامەی مارکس بڕوانە، دەبینیت هێندەی نوسیووە هێشتا ماوێتی چاپ ببن، لە هەمان کاتیشدا بەردەوام کۆبوونەوەی کردووە و لەناو جەرگەی شۆڕشەکانیشدا بووە، هاوسەر و منداڵیشی هەبووە. ئەو لە ئیشی گۆڤار و رۆژنامە زیاتری نەکردووە، بەڵام پەڕەی کتێبی گرتبێت بەدەستەوە و پێنوس و تیانوسی دەرهێنا بێت، چوار رۆژ نەنوستووە و کاری کردووە، کەچی پێی دەڵێن “تەممەڵ بووە و نەیتوانیوە پارە پەیدا بکات”. لە سەرمایەدارییدا، پارەپەیداکردن پێوەری کارکردنە. بەرهەمێک/کارێک لە بازاڕدا بەهای نەختینەیی نەبێت و بە پارە نەشکێنرێتەوە، ئیدی تۆمەتباریت بەوەی تەممەڵیت. مارکس رێک دژی ئەم کاری کرێگرتەیە نوسیویەتی و خەباتی کردووە، سیستمێک بەپێی کرێی کارەکەت رێزت دەگرێت. ‘تۆ کێیت’ تا رادەیەکی زۆر وەستاوەتەسەر ئەوەی تۆ چەند پەیدا دەکەیت و چی ناونیشانێکت لە کاردا هەیە.    

ئەو ژیانی خۆی لە دژایەتیی ئیستیغلالدا تەواو کرد و لەو لاشەوە تۆمەتبارە بەوەی تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیشی ئیستیغلال کردووە، لەوانە هاوسەر و منداڵ و هاوڕێکانی و باوک و دایک. یەکێک لە کچەکانی دوای سێ ساڵ لە مردنی ئەنگڵسی هاوڕێی چل ساڵەی مارکس، خۆی دەکوژێت. ئەنگڵس بیریار و نوسەرێکی دیارە و 22 زمان دەزانێت. لە سەرەمەرگدا ئەنگڵس ئاشکرای کردووە کە لە کارەکەرە خۆبەخشەکەیانەوە، مارکس برایەکی ناشەرعیی بۆ جێهێشتووە و داوای لەم کردووە بیخاتە سەر ناوی خۆی و نهێنییەکە پەردەپۆش بکەن. تازە مارکس لە 1883ەوە مردووە و ئەم دوای دوانزە ساڵ هەواڵەکە دەبیستێت، دەرفەتی نەماوە داخی دڵی خۆی پێ بڕێژێت. گومانی ئەوە هەیە یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوشتنەکەی ئەم رەفتارەی باوکی بووبێت، ئەگەرچی زەهرخواردنەکەی دەکەوێتە دوای ئەوەی دەبیستێت هاوسەرەکەی خیانەتی لێ کردووە. لێرەدایە هەندێک دەیانەوێت ناشیرینی بکەن و گاڵتەی پێ دەکەن: مارکس ئەو پیاوەیە تەمای بوو جیهان رزگار بکات، کەچی منداڵەکانیشی پێ رزگار نەکرا. بەڵام دیوێکی تری گلەییش هەیە و دەکرێت بلێیت: ناهەقت نییە، ژیانت سەخت و پڕ ئازار بووە، بەڵام دەکرا وەک باوکە جەرگ سوتاوەکەت، کە رۆژگارێک گەیشتە ئەوەی جلی منداڵەکانی بفرۆشێت، ئازا و سەرکردە بویتایە، بەرگەی سەختیی ژیانت بگرتایە. هەر لە وەڵامی ئەم رەخنەیە لە مارکس، مێژووناسانیش دەڵێن هەڵە و کەموکورتیی هەبووە یا نا، لەوە کەم ناکاتەوە باوکێکی میهرەبان و قوربانیدەر و عاشقێکی راستەقینەی هاوسەرەکەی بووە. 

ئەگەر مارکس منداڵی تۆ بێت، رەنگە تا ماویت پۆزی پێوە لێ بدەیت. بەڵام دایک و باوکی خۆی وا ناڵێن. دایکی دەنوسێت:

“خۆزگە لە بارەی سەرمایەوە نەینوسیایە، بەڵکو دروستی بکردایە و کۆیکردایەتەوە”. 

باوکی کاری پارێزەریی دەکات، باری دارایی باشە و هەشت منداڵی هەیە. مارکس کوڕە گەورەیەتی. ئەو نایەوێت ببێت بە شۆڕشگێڕ و دژی بۆرجوازییەت بوەستێتەوە، تەنها خوێندن و کارکردنی لێ دەوێت. لەگەڵ منداڵی یاخیی و سەرکەشدا رەنگە دەستبەتاڵ بمێنیتەوە ئەگەر دەستبەتاڵیی بەوە پێناسە بکەیت منداڵەکەت بڕوانامە و کارێکی هەبێت، وەک ئەوەی باوکی مارکس دەیویست. جارێک لە نامەیەکیدا هێندە لە مارکس تووڕە دەبێت، دەنوسێت “بەربەرییەکی پیس، کەسێکی ناکۆمەڵایەتیی، کوڕێکی نائومێدکەر، برایەکی ئیهمال، عاشقێکی خۆپەرست، خوێندکارێکی نابەرپرس…”. لە نامەیەکی تریدا، مارکس وەک “رۆحێکی شەیتانیی کە دەتوانێت باشترین هەستەکانت قڵب بکاتەوە” پێناسە دەکات. تێدەگەم باوکی مارکس پڕ بە دڵ حەزی کردووە کوڕەکەی بەرەو لوتکەی زانست بڕوات و بۆ ئەمەش پشتیوانیی تەواوی دەکرد بەمەرجێک تیۆرییەکانی هاندەری شۆڕش و توندوتیژیی  نەبن، بەڵکو نەرم بن و لە چوارچێوەی زانستدا بخولێنەوە. مارکس پێچەوانەی ئەمەی کرد. من لێرەدا بەرگریی لێ دەکەم. لە راستییدا، بەرپرسیارێتیی مارکس زۆر لەوە سەختر بووە تەنها منداڵی باوک و دایکی بێت. ئەوەی بۆ خۆی تۆماریکردووە زۆر گەورەیە و بە کەم کەس کراوە و دەکرێت. ناشاردرێتەوە، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان سەرمایەداریی لەناوبچێت، یان لە شوێنێکدا گۆڕێکی بۆ هەڵکەنرێت، ئەوا مارکس یەکێک بووە لە گۆڕهەڵەکەنەکانی. 

ئەو شۆڕشگێڕێکیشە دژ بە مەزهەبپەرستییە و نایەوێت کەس لەسەر مەزهەب، تەنانەت عاشقبوون بە خودا خۆی یان خەڵک بکوژێت، کەچی شوێنکەوتەکانی توندوتیژ دەرکەوتن و دەستیان بە کوشتن سوور کرد و سەدان هەزاریان لە پێناوی شیوعییەتدا گیانیان فیدا کرد. وەک چۆن بیستنی ئایەتێک یان رستەیەکی پێغەمبەر یان خەلیفەیەک، ئایینپەرستێک/مەزهەبپەرستێک دەخاتە گریان، ئاواش ملیۆنان کەس بە خوێندنەوەی کتێب و نوسینەکانی مارکس تەزوو بەلەشیاندا هاتووە. مارشاڵ بێرمان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ کۆمۆنیستە. وەک خۆی لە 1999دا نوسیویەتی، لە دوای خوێندنەوەی کتێبی مانوسکریپتەکانی فەلسەفە و ئابووریی (1844(: “لە پڕا هەستم کرد عارەق دایگرتم، دەتوێمەوە، جلەکانم تەڕبوون و دەلەرزم، بروسکەی ساردیی و گەرمیی بەلەشمدا دێن و دەچن”.

ئایا مرۆڤ نەخۆشییەکی تری هەیە ترسناکتر بێت لە ئالوودەبوون و پەرستن تا رادەی خۆلەسەربەکوشتدان و ئەویدیکە کوشتن؟ ئایا هیچی تر لە ‘عاشقبوون تا رادەی پیرۆزکردن’، ترسناکتر هەیە؟ زیرەکییەکی زۆری دەوێت مرۆڤ، شتێك یان کەسێک بپەرستێت بەبێ ئەوەی لە وەحشێتیی نزیکی بکاتەوە. مرۆڤایەتی تا ئەمڕۆ رێبەرییەکی لەبەردەمدا نییە یارمەتیی بدات پەرستن و ئالوودەبوون نەیکات بە مرۆڤێکی وەحشیی، یان زەلیل و هەندێکجار کۆیلە. 

تا ئەمڕۆش جۆرێک لەم مەزهەبپەرستییە ماوە، تەنانەت لە وڵاتانی پیشەسازیی/تەکنۆلۆجیی. سکاوسن باسی یەک دوو دەیەی رابردووی ئەمریکا دەکات و دەڵێت “لە وانەکانمدا، زۆر هەوڵمدا دژی مەزهەبی مارکسیی قسە بکەم، بەڵام سوودی نەبوو. تازە هەندێک لە خوێندکارەکانم گۆڕابوون، وەرچەرخابوون و نەیاندەبیست!”، تازە دروشمە بەناوبانگەکەی مارکس و ئەنگڵس “کرێکارانی جیهان یەکگرن” ئیشی خۆی لەسەر ملیۆنان عەقڵ کردووە، دەگوترێت و دەگوترێتەوە. لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا، نیو سەدە کۆمۆنیستەکان بە گژ دار و بەردی دەسەڵاتدا دەچوون، دیواری زیندانێک نەمابوو شوێنی ئەشکەنجەی شیوعییەکانی لەسەر تۆمار نەکرابێت. سەردەمێک هەبوو باوەڕدار و بێباوەڕ شیوعیی بوون، دەکرا نازناوی “مسوڵمانە شیوعییەکان”ت بخستایەتە پاڵیان وەک چۆن لە زۆر شوێنی دنیا رێکەوتووە هێز و بزووتنەوەی مەسیحیی ناوی خۆی بنێت “مەسیحییە کۆمۆنیستەکان”. ئەگەرچی کۆمۆنیستەکان لەناکاودا توانەوە، بەڵام دەشێت جارێکی تریش لە سەدەی بیستویەکدا لە جیهان و لە عێراقیشدا بگەڕێنەوە.     

گێڕانەوە و بیرخستنەوەی ژیانی مارکس و تێکەڵکردنی بەم وتارانە بێمەبەست نییە. تێڕامان لە ژیاننامەی کەسێکی ناودار یەکێکە لەو کەرەستانەی لە ‘پەرستنی شێتانە” و “عاشقبوون تا رادەی وشکبوونەوەی بییرمان” رزگارمان دەکات و یارمەتییمان دەدات توانای بینینی لاوازییەکانیمان هەبێت، فێریشمان دەکات رێز لە کەسانی خاوەن بەهرە و قوربانیدەر بگرین و لەم هەڵە و ئەو هەڵەدا کورتیان نەکەینەوە. جگە لەمانەش، یارمەتیت دەدات تێبگەیت هێڵە فکرییەکەی لە کوێوە دەستی پێ کردووە و بۆ کوێ چووە.  

ئەم پاشخانە لە یاد مەکە، ئیدی من بەخێرهاتنت دەکەم بۆ جیهانە ئابوورییەکەی مارکس.    

(کۆتایی بەشی یەکەم. سێ بەش ماون) 

سەرچاوە:

Mark Skousen, The Big Three in Economics: Adam Smith Karl Marx and John Maynard Keynes، M. E. Sharpe, New York, 2007. 

بەشکردن: