چۆن واقیعبینانە بەهیوا بین؟

محەمەد ئەلوائیلی*

وەرگێڕانی لە ئینگلزییەوە: زانا عوسمان

دەکرێت عەقڵییەتی گشتی لەمڕۆدا بە بێهیوا وەسف بکرێت، جا گەر لە هەرێمی کوردستان بێت یان بەشەکەی تری عێراق. خەڵکی ئەمڕۆ بەلای ئەوەدا دەچن شتانێک بڵێن لە چەشنی “بۆچی سەداممان گۆڕی، گەر بڕیار وا بوو شتەکان وەک خۆیان بمێننەوە؟” ڕوونە کە ئەم لێدوانانە کاردانەوەن بۆ بێئومێدبوون لە نوخبەی ئێستا. بەڵام ئەم بێئومێدییە دوابەدوای هیوایەکی بەرز دێت لە ساڵانی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدامدا. کورد، عەرەب و هەموو نەژاد و گرووپە جیاوازەکان هیوای ئەوەیان دەخواست کە ئەوانەی دەسەڵات دەگرنە دەست ئەوە بدەنە خەڵکی کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەدامدا لێی بێبەش بوون. ئەوەی هەرگیز بەلای بڕیاربەدەستانی بەغداد و هەولێرەوە گرنگ نەبووە تا سەرنجی پێ بدەن ئەوەیە کە گۆڕانی ڕوانگە لە گەشبینەوە بۆ ڕەشبین خولگەیەکی ناسراوی کاردانەوەیە ڕووەو سیستمە نوێیەکە، کە ئەگەر بە باشی کاری لەسەر نەکرێت، سەر دەکێشێت بۆ لێکەوتەی نەرێنی.

لە سەرەتادا، چاوەڕوانییەکانی خەڵکی بەرز بوون، هەروەها باوەڕیان وا بوو کە لەڕێگەی دیموکراسی و ئازادییەوە ئابووری دەگەشێتەوە؛ بەرهەم، خزمەتگوزاری و دەرفەتەکانی کار بازاڕەکانمان دادەپۆشن؛ سیستمێکی جێگیر و سەرکەوتوومان دەبێت. ئەمە ئەو عەقڵیەتەیە کە بیریاری بواری کاگێڕی جۆن کۆتەر بە “سادەیی” وەسفی دەکات. کۆتەر، کە پسپۆڕێکی جیهانیی ناسراوە لە بەڕێوەبردنی گۆڕانکاریدا، دەڵێت دۆخی باوی عەقڵیەتی خەڵکی بەرامبەر گۆڕانکاری بەگشتی زۆر گەشبینانەیە. باوەڕە زاڵەکە لە سەرەتادا ئەوەیە کە گۆڕانکاری ئاسان و بێگرێوگۆڵ دەبێت، شتەکانیش بەزۆری بەپێی پلان دەڕۆن. چارەسەرە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەکان بە ئاڕاستەی ئەوەدا دەڕۆن لەپڕ و کردارتەوەر بن بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەبێت زیاتر بیرلێکراوە و بەستراتیژ بن، هەروەها لەڕووی چاوەڕوانییەوە خاکەڕا بن. لەگەڵ ئەوەشدا، شتەکان هەرگیز بەم شێوەیە ناکەونەوە.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوەی خەڵکی بە بونیادنانی سیستمە نوێکان باسی دەکەن لە ڕاستیدا تەنها گۆڕینی هەندێک لایەنی ئەو سیستمە کۆنانەیە کە لە ئارادان. لە واقیعدا، پێویستە خەڵکی لە ماوەی چەند دەیەیەکدا چاکسازی لەو سیستمە کۆنانەدا بکەن کە ئێستا لە کاردان، هەرچەندە بە باشیش کار ناکەن. کاتێکیش خەڵکی بەو هەڵوێستەی لە سەرەوە باس کرا کار لەسەر سیستمەکە دەکەن، زۆر بە توندی بەر ئەو ڕاستییە دەکەون کە سیستمە کۆنەکان بەرگرییەکی بەهێزیان بۆ گۆڕانکاری هەیە. پاش چەندین هەوڵی نازانستی و بەرگریی توند بۆ گۆڕینی هەندێک جار شتی زۆر سادەی ناو سیستمە کۆنەکە، ڕقئەستووری و بێئومێدی زاڵ دەبن. پاشان عەقڵیەتی زاڵ دەبێتە ئەوەی کۆتەر بە ‘بەدگومانی’ باسی دەکات. وتەکانی وەک “هیچ شتێک سەر ناگرێت” و “جا بۆ هەوڵ بدەین” دەبنە باو و دیمەنەکە بەگشتی ورەڕووخێن دەبێت.

هەردوو عەقڵییەتەکە وا دەردەکەون کە لە دوو لای دژبەیەکی هاوکێشەکەدا بن، بەڵام کۆتەر ئەوە دەخاتە ڕوو کە هەردووکیان یەک خاڵی هاوبەشیان هەیە: هەردووکیان ناواقیعین. ئەوانەی بەشدارن لە گۆڕینی سیستمەکەدا نە دەبێت وا دابنێن کە پاش ئەوەی سیستمێکی نوێ هێنرایە ئاراوە یان سیستمە کۆنەکە هەوڵی گۆڕانی درا دۆخەکە بەزوویی دەبێتە گوڵزار، نە دەشبێت دەست لە هەوڵەکانیان هەڵبگرن کاتێک دەرئەنجامەکان بەزوویی دەرناکەون یان لە ئاستی قایلکەردا نیین. عەقڵیەتێکی واقیعبین دەبێت هەموو ئەو فاکتەرە جیاوازانەی بەشدارن لەبەرچاو بگرێت، پێشتر پلان دابنێت و لەڕێگەی گەیشتن بە سەرکەوتندا چاوەڕێی شکستیش بکات. لە هەمان کاتدا، عەقڵییەتێکی واقیعبین پلانسازیش دەکات بۆ دەستکەوتنە ماوەکورتەکان لەپێناو هێشتنەوە گەشبینی و هەستی بەرەوپێشچوون ڕووەو بەدەستهێنانی ئەو دۆخەی هیوای بۆ دەخوازرێت.

ئەوەی لە عێراق ڕووی دا بەڕوونی زۆر لەوە ئاڵۆزترە، بەڵام کاتێک ٢٠ ساڵی دوایی لەبەرچاو دەگرین، دەکرێت پانتاییەک ببینین کە تێیدا گەشبینی هەم لە ڕای گشتی و هەم لە گوتاری نوخبەدا زاڵ بوو. دەکرێت تێبینی ئەوەش بکرێت کە چۆن، پاش چەندین قەیران و شکست، ڕەشبینی لە هەموو شوێنێک لە باسوخواسەکاندا دەستی بە دەرکەوتن کرد. بێگومان ئەوە لە بەرژەوەندی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو کە ڕژێمی سەدامیان لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ڕووخاند کە گەشبینی بڵاو بکەنەوە، بەشێکی لەڕێگەی ئەفسانەکانی وەک “لە چەند دەیەی داهاتوودا عێراق دەبێتە ئەڵمانیا یان یابانی داهاتوو”. ئەوەی هێزە داگیرکارەکان دەیانویست بریتی بوو لە پاڵپشتییەکی سەرەتایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ گۆڕینی ڕژێم لە بەغداد، بەڵام گرنگ نەبوو بە لایانەوە دوای ئەوە چی دێت. لە لایەکەوە، پاڵپشتیکارانی ڕژێمی بەعس شانبەشانی زۆر ڕژێمی عەرەبی تر کە دەترسان ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی سەدام ببنەوە دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی بیرکردنەوەی نەرێنی و ڕەشبینی لەڕێگەی دەزگا پڕوپاگەندەییەکانیانەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن. کرۆکی گێڕانەوە ڕەشبینەکەیان بریتی بوو لەوەی کە دیموکراسی لە وڵاتێکی وەکو عێراقدا لە بنەڕەتدا هەوڵێکی بێسوودە چوونکە هەرگیز کار ناکات.

سەربارەی هەموو ئەوەی سەرەوە، ئەوە وەک ڕاستییەک دەمێنێتەوە کە گۆڕانکاری لە هەموو شوێنێکدا سەختە، نەوەک تەنها لە عێراقدا. ئەوەی بڕیاربەدەستان، با باسی ڕای گشتی نەکەین، ناتوانن تێیبگەن ئەوەیە کە گۆڕانکاری ڕووداوێک نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی بەئەرکی درێژی لەسەرخۆ و پێکەوەییە. گەر بڕیاربەدەستانی بەغداد پاش ساڵی ٢٠٠٣ کەمێک زیاتر تێڕامێن بوونایە، دەیانتوانی بگەنە هەمان دەرئەنجام گەر تەنها چاوێکیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقی پاش ١٩٩١ بکردایە. سەربارەی بەدەستهێنانی نیمچەسەربەخۆیی و ئازادبوون بۆ داڕشتنی سیستمێکی نوێی حوکمڕانی بۆ خۆیان، کوردەکان بە هەموو شتێک گەیشتن جگە لە خۆشبژێوی.  ئازاد لە چنگی سەدام حسێن، هێشتا چەندین ئاستەنگ و ئاڵنگارییان لەبەردەمدا بوو کە ڕووبەڕووی ببنەوە. هەرچەندە بۆمبەکانی سەدام حسێن نەیاندەتوانی هەڕەشە لە هەڵبجە و چەمچەماڵ بکەن، خەڵکی کورد دەبوو ئەزموونی شەڕی دیکەش بکەن، ئەم جارە لەنێو خۆیاندا. لێرە وانەیەکی گرنگ بۆ بەغداد هەبوو کە بەتەواوی نادیدە گیرا، ئەویش ئەوەیە کە وەرچەرخان ڕاستەوڕاست نییە و گۆڕانکاری لە نوخبەی ڕابەردا بە مانای گۆڕانکاری لە تەواوی سیستمەکەدا نایەت. لەبری فێربوونی وانەیەک، نوخبەی سیاسیی بەغداد بە ئاڕاستەی ئەودا چوون کە سەرقاڵی ئەو برین و زەبرە دەروونیانە بوون کە حوکمڕانیی سەدام تووشی کردبوون، زۆرێکیش سەرقاڵی دابەشکردنی دەستکەوتەکان بوون لە نێوان خۆیاندا. بەر لەوەی بەخۆیان بزانن، شەری تایفی و ململانێ لەسەر سەرچاوەکان دەستی پێ کرد و شتە لەپێشینەکانیان گۆڕا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەلومەرجە سەختەی کە هەم بەغداد و هەم هەولێر ڕووبەڕووی بوونەتەوە ناکرێت ببێتە بیانوو بۆ شکست. بەر لە هەر شتێک، ئەم هەلومەرجە بەرپرسیارێتی زیاتر دەخەنە سەر شانی ئەو بڕیاربەدەستانەی کە بەداخەوە لە ئاستی ئەوەشدا نەبوون ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتێکی سەقامگیر لە ئەستۆ بگرن، ئەوە با باسی وڵاتێکی پڕگێژاو لە ناوچەیەکی پڕگێژاودا نەکەین. ئەوەی ئەمڕۆ بارودۆخەکە خراپتریش دەکات ئەوەیە کە سیاسییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانێکی خراپی ئەو خولگەی گەشبینی و ڕەشبینییە بەر لە هەر هەڵبژاردنێک بۆ بەدەستهێنانی چەند دەنگێک. بە سروشتی، هە میشە بەر لە وەرزی هەڵبژاردنەکان گەشبینییەک لە ئارادایە کە سیاسییەکان دڵنیا دەبن کە بیدورنەوە. بۆ نموونە، زۆر سیاسی لە بەغداد لە وەرزی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیان بە خەڵکی داوە کە کێشەی کارەبا لە چەند مانگێکدا چارەسەر دەکەن کە بۆ زیاتر لە ٢٠ ساڵە چارەسەر نەکراوە، کەچی خەڵکی چەندین جار فریوی ئەوەیان خواردووە. لەهەمان کاتدا، هەستێکی بەردەوام‌هەڵکشاوی نائومێدی و ترس لە ئارادەیە کە ئەویش شارەزایانە بەر لە هەڵبژاردنەکان دەچنرێنەوە، هەر وەک ئەوەی سیاسییە ترس‌دروسکەرەکان لە هەولێر بەکاریان هێناوە دەربارەی مەترسیی بەغداد و بەکارهێنانی هەستی نیشتیمانی بۆ بەدەستهێنانی  دەنگەکان. لە ڕاستیدا، ئەوان خزمەتێکی باشتری خەڵکەکەیان دەکەن بە چارەسەرکردنی کێشە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ بەغداد. لە ڕاستیشدا، پاش زنجیرە هێرشێکی درێژ دژی بەغداد بەر لە هەڵبژاردنەکان، دەبینین ڕاستەوخۆ پاش هەڵبژاردنەکان زۆر دۆستانە لەگەڵ نوخبەی سیاسی لە بەغداد مامەڵە دەکەن و سەرقاڵی دانوستانن بۆ دەستکەوتە کورتبینەکان. دەرئەنجامی ئەم یاریانەی هەڵبژاردن نائومێدی و ڕەشبینیی زیاتر، دوورەپەرێزییەکی زیاتر لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و بێبڕواییەکی ڕاستەقینەیە بە ناکاریگەریی دیموکراسی.

ئەوانەی جدیین دەربارەی دروستکردنی گۆڕانکاری، واقیعبینن و ئاگادارن بە بەربەستەکانی بەردەمیان. تەنها ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، کە دەکرێت پێی بگوترێت  ‘گەشبینیی واقیعبین’، دەبێت هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتر لەناو خەڵکیدا ببزوێنێت. من باوەڕم وایە هەموو کەسێک لەم وڵاتەدا دەتوانێت و دەبێت هیوای هەبێت، بەڵام تەنها بە ڕاستگۆبوون دەربارەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانکاری، گەنگەشەکردنی کێشەکان وەک ئەوەی هەن نەوەک وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەبن، خستنەڕووی ژمارەیەک چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی هەمانن، هەروەها گەنگەشەکردنی ئەوەی بۆچی دەکرێت یان ناکرێت سەربگرن. دروستکەرانی گۆڕانکاریی واقیعبین لە ئەزموونەکانی ئەوانی تریشەوە فێر دەبن، پشوودرێژن، هەروەها دەیان ساڵی شکست ساردیان ناکاتەوە، بەتایبەت گەر بزانن کە ئەم شکستە پاش چەندین هەوڵ نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو لە ڕاستیدا دەرئەنجامی هەوڵنەدانە بە ڕێگا دروستەکە، ڕێگا ڕاستەقینەکە. ئەمە بە بڕوای من پێوەرێکی باشتر و واقیعبینترە بۆ هیوا.

 

*محەمەد ئەلوائیلی نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە بوارەکانی پەرەپێدان، چاکسازی و قۆناغی وەرچەرخان دەنووسێت، ئەم بابەتەی تایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسیوە.

بەشکردن: