گەڕانەوە بۆ سۆشیالیزم؟ مارکس لە نێوان گەشبینیی و رەشبینییدا

د. نیاز نەجمەدین

بەشی دووەم/ مارکس لە نێوان گەشبینیی و رەشبینییدا (بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کرتە لێرە بکە)

بەخێر بێیت بۆ جیهانی مارکس، زانایەک وریای نەبیت وات لێ دەکات، یان وا بەکاردەهێنرێت، بێ تێگەیشتن و پرسیار، خۆتی لەسەر بەکوشت بدەیت، یان بکوژیت وەک چۆن. زانایەکیشە بەبێ ئەو ناتوانیت لە مێژوو و ئێستای خۆت، کۆمەڵگەکەت و مرۆڤایەتیی تێبگەیت و پێشنیارەکانی باشکردنی، دەوڵەمەند بکەیت. تێڕامانە ئابوورییەکانی ئەم زانایە لە کوێوە هاتن و چییان بۆ زانستی ئابووریی زیاد کرد؟

سەدەی گەشبینیی: شنەی بای هیوایەک بە ئەوروپادا تێدەپەڕێت 

لە سەدەی هەژدەدا شنەی بای هیوایەک بە ئەوروپادا تێدەپەڕێت. ڤۆلتێر(Voltaire)ی فەیلەسوف و تورگۆت (Turgot)ی ئابووریناس و کویسنای (Quesnay) لە فەڕەنساوە کاریگەریی خۆیان لەسەر هزری ئابوورییناسی سکۆتلەندیی ئادەم سمیث، جێهێشتبوو. سمیث گەشبینانە دەینوسی و بیری دەکردەوە. ئەو کتێبەکەی خۆی بەناوی “سامانی نەتەوەکان” لە 1776 چاپ و بڵاوکردەوە.

سمیث باوەڕی وابوو حکومەت دەبێت دەستوەرنەداتە کار و چالاکیی ئابوورییەوە. “لێیگەڕێ با کار بکات، لێیگەڕێ با کاڵاکان تێپەڕن” دروشمی ئەو سەردەمە بوو. ئەم دروشمە لەسەر گریمانەیەک بینا کرا بوو: ئەگەر بوار بدەین مرۆڤ ئازادانە کار بکات و سەد و یەک بەربەست بەناوی “شەرەف” و “بێوەفا بەرامبەر خێزانەکەی ” و چی و چیی ترەوە بۆی دروست نەکەین، ئەو ژیانی خۆی دەگۆڕێت و دەگمەنیی سەرچاوەکانی کەم دەبنەوە. شکاندنی کۆتوبەندەکانی واتای گۆڕینی بۆ مرۆڤێکی بەرهەمهێن لە بری سەرکز و بێدەسەڵات، تەنها ئەو کاتەش دەتوانێت خزمەتی هەمووان بکات. لای سمیث، دەستکاریکردنی ئازادیی تاک دەستکاریکردنی یاسای سروشتە و غەزەبی جەنگ و برسێتییمان بەسەردا دەبارێنێت.

کەلەپوری ئەکادیمیی رۆژئاواییەکان لە هەرشتێکدا خراپ بێت، لە مەسەلەی مامەڵەکردن لەگەڵ کاڵای نوێ (کتێب بێت یان نەوت) پێچەوانەی کولتورە هەژارەکەی خۆمانە. لای ئێمە، سەد بۆ دوو سەد ساڵ بەسەر تەمەنی باشترین کتێبەکانی دنیا تێپەڕیبێت هێشتا نە بیر لە وەرگێڕانی دەکەینەوە و نە توانای وەرگێڕانیشمان هەیە. کتێبەکەی سمیث زۆری پێنەچوو هاوردەی فەڕەنسا کرا و بە فەڕەنسیی بڵاوبووەوە. لە ئەمریکاش بڵاوبووەوە و بیریاری گەورەی وەک تۆکویڤیڵ (ِAlexis de Tocqueville) لە تیۆرییەکەیدا سەبارەت بە دیموکراسیی، سودی لێبینی. دیسانەوە دەبێت بڵێم وەک خۆمان نین کە دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی باش و پڕ زانین بە بازاڕدا بێناز تێدەپەڕێت، نە کەس ئاوڕی لێ دەداتەوە و نە کەس دروست دەکات. میتۆد و هزری سمیث گوێی لێ گیرا و مێشکی هەندێک لە ئابووریناسانی فەڕەنسیی گۆڕی و میتۆدەکەیانی دەوڵەمەند کرد. جۆن باپتیست سای و فرێدریک باستیات دوو لەوانە بوون. یەکەمیان کتێبی ‘Treatise on Political Economy’ لە 1805دا نوسی و دووەمیان کتێبی ‘The Law’ی بڵاوکردەوە.

وەبەرهێنی پێشەنگ

شۆڕش قوتابخانەی وەرچەرخانی هزرییە، بە هزری فەیلەسوفان و ئابوورییناسانیشەوە. وڵاتێک شۆڕش تیایدا روویدابێت، دەبێت دەیان خوێندنەوەی قوڵ بەرهەمبهێنێت، دەبێت هزر نوێ بکاتەوە و خەیاڵی کۆمەڵگەیەکی باشتر بوروژێنێت. دروشمی “ئازادیی، یەکسانیی، برایەتیی” و فشارەکانی شۆڕشگێڕان لەسەر دەسەڵاتداران تا بەخۆیاندا بچنەوە و چاکسازیی بکەن، لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیی دەستیان لەو گەشبینییەی چوو بووە مێشکی سمیث و سای و باستیاتەوە، هەبوو.

باستیات زیاتر لە بارەی دانانی یاسا و جێبەجێکردنی یاساکان و کەمکردنەوەی نادادپەروەرییەوە تا تاک نەترسێت لەوەی بەشی بخورێت، دەنوسێت. من واز لەو دەهێنم و دەچم بە لای بیرۆکەکانی ئابووریناس ‘سای’ەوە. دیسانەوە پێچەوانەی ئێمەی تەرخان بوو بۆ خەم و زەم، ئایدیاکانی سمیث و مۆنتسکیۆ و چەند فەیلەسوفێکیتر بەشێکی مێشکی ‘سای’یان داگیر کردبوو. لە ژێر کاریگەرییاندا، گەیشتبووە ئەو بڕوایەی ئازادیی و برایەتیی و یەکسانیی نایەنەدی ئەگەر حسابێک بۆ ئازادیی ئابووریی نەکەن. بۆ ئەوەی ئازادیی بەدەستبهێنین، دەبێت بازرگانیی ئازاد بێت. ئازادیی تاک و ئازادیی بازرگانیی کۆمەڵگە پڕدەکات لە پێشەنگ.

سای خۆی بەرهەمهێنێکی لۆکە بوو، بە بڕوابەخۆبوونەوە باسی وەبەرهێنی پێشەنگ و پێشەنگێتیی لە بەرهەمهێناندا دەکرد. پێشەنگێتیی لە کاردا ئەوە نییە چەند وەبەرهێنێکی ناشارەزات هەبن رێکەوتێکی سیاسیی تێکەڵ بە جیهانی بزنسی کردبن. موڵکدار یان سەرمایەدارێکی نەفام بە دنیا، نەزان لە هەڵسەنگاندنی واقعەکەی خۆیشی، کەسێک لە بری پشتبەستن بە عەقڵ و بیری خۆی و کارمەندەکانی و ئامادەبوون بۆ سەرکەشیی، هەوڵبدات لە کێڵگەی تەڕی گەندەڵیی بلەوەڕێت تا رێگەی بەدەستهێنانی قازانجەکەی کورت بکاتەوە، پێی ناگوترێت پێشەنگی بزنز.

پێشەنگێتیی لە بەرهەمهێناندا پۆزلێیان نییە بەوەی موڵکت بە میراتیی بۆ ماوەتەوە و دەمی چوار بەرپرسی پێ چەور بکەیت و کەڵەکەتری بکەیت، بەڵکو هونەرە. پێشەنگێتیی هونەری دروستکردنە، دەستنیشانکردنی ئەوەشە کام کاڵایە بۆ بازاڕ پێویستە (واتە کام پێداویستییەی خەڵک پڕ بکەیتەوە)، چەندت کرێکار و سەرمایە و زەوی دەوێت، ئایا خواست لەسەری تا کوێ دەڕوات. ئەگەر لە تیۆری تایبەتمەندیی رێژەیی داڤید ریکاردۆشەوە شتێک قەرز بکەم و بیخەمە سەر ئەم پێناسانە، ئەوەشە بزانێت چی بوارێک بۆ ئەو گونجاوە (لە چییدا پسپۆڕ بێت)، نەک لە خۆیەوە خۆی بکات بەم بوار و ئەو بواردا، بۆ نموونە فڕی بە خانووبەرەوە نەبێت و ببێت بە وەبەرهێنی خانووبەرە. ئەمانە پێشەنگ نین، نوێنەری وەرچەرخانی کۆمەڵگە نین.

لێرەوە سای پرەنسیپی “یاسای بازاڕ” دادەڕێژێت. کرۆکی پرەنسیپەکە ئەوەیە “خستنەڕوو خۆی خواست دروست دەکات”. ئەم رستەیە زۆر سادەیە بەڵام هەزار و یەک بیر و بۆچوونی لە خۆیدا هەڵگرتووە. یەکێکیان ئەوەیە خستنەڕوو (واتە بەرهەمهێنان) خواست (واتە بەکاربردن) دەستنیشان دەکات. کەواتە ئەوەی گرنگە خستنەڕووە(بەرهەمهێنانە)، نەک بەکاربردن. تۆ کاڵا بەرهەمبهێنە، دەرفەتی کار دروست دەبێت، داهات زیاد دەکات، خواست لەسەر شمەکەکەی خۆت و شمەکی بەرهەمهێنەرانی تریش زیاد دەکات. بەرهەمهێنەر دەتوانێت دنیا باشتر بکات. دووەمیان ئەوەیە “حکومەتی باش ئەو حکومەتەیە هانی پاشەکەوت دەدات، حکومەتی خراپیش ئەو حکومەتەیە هانی بەکاربردن دەدات”. کۆمەڵگە بەوە پێشناکەوێت چی پارە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی، یان گیرفانت دەربهێنیت و بچیت لەسەر شتی پڕوپوچ و ناپێویست و بۆ خۆشیی کاتیی خەرجیان بکەیت، بەڵکو بە بەرهەمهێنانی شمەک و خزمەتگوزاریی گەشە دەکات و هەژاریی و بێکاریی کەم دەکات. ئەمەش بەبێ پاشەکەوت نایەتەدی، پاشەکەوتێک بچێتە وەبەرهێنانەوە. سێیەم، خەرجیی وەبەرهێنان/بزنز بزوێنەری گەشەی ئابوورییە، بۆیە گرنگترە لە خەرجیی بەکاربردن. کەمبوونەوەی ئەوەی پێشوو (واتە ئەگەر تاک و خێزانەکان کەمتریان خەرج کرد) قەیرانی ئابووریی دروست ناکات بە مەرجێک داهاتەکانمان ئاراستەی پاشەکەوت بکەین. سای لەمەدا سودی لە گوتەیەکی بنیامین فرانکڵین بینیوە: پارە پارە رائەکێشێت “money begets money” و “دۆلارێک پاشەکەوت بکە، دۆلارێکت بە دەستهێناوە”.

لە گەشبینییەوە بۆ رەشبینیی   

سەرەتای سەدەی نۆزدە، ئەم شنەی بای هیوایە گۆڕا بۆ گڕڕە و گەرمایەک و ئابووریناسە دیارەکانی بەڕیتانیای راپێچی تونێلێکی تیۆریی تاریک کرد. دیارترینیان رۆبەرت ماڵتۆس و داڤید ریکاردۆی هاوڕێی و جۆن ستیوارت میڵ بوو. من تەنها باسی یەکەم و دووەم دەکەم.

بۆ ماڵتۆس، زیادبوونی دانیشتوان کێشەکە بوو. ئەو رای وابوو چارەسەرێک نییە بۆ گەمژەیی کرێکاران و هەژاران لە مەسەلەی منداڵخستنەوە و هەژارییاندا. ئەوان خۆیان لە قوڕی هەژارییدا چەقیون و خاو خاو دەجوڵێن، کەچی سنورێک بۆ سێکس و منداڵخستنەوە دانانێن و ئەوەندەی تر قوڕەکەیان خەستتر دەکەنەوە. ئەم منداڵانە گەورەدەبن و پێداویستییەکانیان زۆر خێراتر لەوەی بازاڕ فریا بکەوێت تێریان بکات، زیاد دەکات. کەلێنی زیادبوونی دانیشتوان و کەمیی خۆراک پڕ ناکرێتەوە. لەدایکبوون زۆر خێراترە لە توانای زەوی بۆ بەرهەمهێنان. یەکەمیان بە زیادبوونی ئەندازەیی/جیۆمەتریی (واتە 8…4…2…1) و دووەمیان بە زیادبوونی ژمارەیی (واتە 4…3…2..1) زیاد دەکات. شتەکە لە دەست مرۆڤدا نییە و ئەمە دوو یاسای سروشتیین. لە کۆتاییدا خستنەڕووی هێزی کار دەگاتە ئاستێک دەرفەتی ئیشیش بەش ناکات، کرێیان دادەبەزێت. واباشترە هەر دەست لە داهاتی هەژاران نەدرێت، لەبەرئەوەی لەگەڵ داهاتیان زیادی کرد، هاوسەرگیریی دەکەن و منداڵ دەخەنەوە، هەمان تاس و هەمان حەمام، تا ماڵی خۆیان و کۆمەڵگە کاول نەکەنەوە دانانیشن. چینی هەژار پێویستە ئیرادەی خۆراگریی و پێداویستیی منداڵنەخستنەوەی پێ ببەخشرێت (بۆ نموونە تەکنۆلۆجیای پزیشکیی بۆ دابین بکرێت)، ئەمەش زەحمەتە بەبێ هاوکاریی حکومەت.

سەرباری ئەو رەخنانەی لە ماڵتۆس گیراوە، ئابووریناسان دەڵێن یەکێکە لە داهێنەرانی تیۆری دیمۆگرافیی بۆ گەشە و قەیران و کاریگەریی لەسەر تیۆری پەرەسەندنی داروینیش هەبووە. داروین باسی ئەوە دەکات کەمیی سەرچاوە بەراورد بە زۆریی پێداویستیی وایکرد سروشت بەهێزەکان هەڵبژێرێت و بیانهێڵێتەوە.

خەونبینەرە تەممەڵەکە

داڤید ریکاردۆ هاوڕێیەکی نزیکی ماڵتۆسە و لە بەڕیتانیا لە دایکبووە. ئەم دوو تیۆری سەرکەوتووانە داڕشت و پێگەی خۆیان تا ئەمڕۆش لەدەست نەداوە، یەکێکیان بەناوی تایبەتمەندیی رێژەیی (گەشەی بە تیۆریی تایبەتمەندیی رەهای سمیث داوە)، و ئەویتریان دەربارەی تیۆری بڕی پارەیە. بەڵام ئیشە خراپە تیۆرییەکانیشی بێ سنورن.

داڤید ریکاردۆش لەناو تۆڕی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و تێڕامان لە هەژاریی و برسێتیی و خاوی گەشەی ئابووریی، بەدوای کاریگەریی یاسا سروشتییەکاندا دەگەڕا. ئەو یاسا سروشتییەکەی ناونا “یاسای بەرەو کەمبوونەوەی بەرهەم -تناقص الانتاج، الغلة المتناقصة”. بە رای ئەو، لەلایەکەوە، زەوی/خاک (واتە هەر پارچە زەوییەک بە تەنها وەرگریت) توانای قبوڵکردنی کرێکاری سنوردارە و لە ماوەی درێژخایەندا کەمتر بەرهەمدەهێنرێت. کەمبوونەوەی تواناداریی(یان بەرهەمداریی-الانتاجیة) کار وادەکات کرێی کرێکار کەم ببێتەوە. پاشان زیادبوونی دانیشتوان (خستنەڕووی کار) وادەکات زەوییە کەمتر بەپیت و بەرەکەتەکان بەکاربهێنرێن، لەگەڵیدا بەرهەمداریی دادەبەزێت (واتا توانای کارمەند دادەبەزێت).

سەیری کۆمەڵگە بکەیت، لە سێ چین پێکهاتووە: کرێکار، سەرمایەدار و موڵکدار (خاوەن زەوی). لە ناوم ئەم سێ چینەدا، کۆتایی یاسا سروشتییەکە لە قازانجی خاوەنموڵک و لە زەرەری کرێکار و سەرمایەداری پیشەسازیی دەشکێتەوە. پەنابردن بۆ زەوییە کەمتر بەپیتەکان مانای بەرزبوونەوەی کرێ، چونکە نرخی زەوی و بەرووبووم بەرز دەبێتەوە و سەرمایەدارەکان ناچارن کرێی زیاتر بە کرێکارەکانیان بدەن تا توانای کڕینیان هەبێت و لە برساندا نەمرن. بەرزبوونەوەی کرێ مانای کەمبوونەوەی قازانج. واتە رێژەی قازانج لەم سیستمە سروشتییەدا بەرەو دابەزینە. قازانجیش دابەزی، تەنها سەرمایەداری پیشەسازیی زەرەر ناکات، بەڵکو کرێی کرێکارەکانیشی وردە وردە دادەبەزێت. واتە بە هەرلایەکدا سەیری بکەیت، کرێی کرێکار دواجار بۆ ئاستی مەمرە و مەژی (حد الکفاف) دادەبەزێت. بۆیە لە ماوەی درێژخایەندا کرێکار و سەرمایەدار زەرەر دەکەن، هەر یەکێکیان بە هۆکارێک، بەڵام خاوەنموڵک قازانج دەکات. خاوەنموڵک، بە قەولی ریکاردۆ، هیوایەتی ئەوەیە کۆبکاتەوە بەبێ ئەوەی بچێنێت.

تێبینیی بکەیت، ریکاردۆ سەرنجی تیۆریی ئابووریی لە گەشەوە بۆ دابەشکردن گواستەوە. لە بیابانی ئابوورییدا، کرێکار و سەرمایەدار و خاوەنموڵک لە شەڕدان و دەیانەوێت پشکی خۆیان زیاد بکەن. بەڵام کەموکورتیی زۆر لە تیۆرییەکانیدا بوو، بەشێوەیەک ئابووریناسێکی وەک سای پێی دەڵێت :”خەونبینەرێکی تەممەڵ-بێئیشە- و تیۆرییەکانی بێ بەڵگەن و پراکتیک ناکرێن”.

مارکس لە کوێوە دەستی پێکرد؟

بیرکردنەوەکانی ماڵتۆس سەبارەت بە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی و دەستپێکی هەژاریی لە ئاکامی زیادبوونی دانیشتوان، راست دەرنەچوون. ئەو لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا کتێبەکەی (بەناوی دەربارەی دانیشتوان-1798( بڵاوکردەوە. لەو کاتەوە تا سەدەی بیستویەک، دانیشتوان لە کەمتر لە یەک ملیارد کەسەوە بەرزبوونەوە بۆ زیاتر لە حەوت ملیارد کەس، ئاستی بژێویی و داهاتیش لەگەڵیدا نزم نەبوونەوە، بەڵکو بەرز بوونەتەوە. تەواوی ئەو هۆکارانەی رێژەی مەرگیان دابەزاند (پزیشکیی و کەمبوونەوەی نەخۆشیی، باشبوونی ئاو و ئاوەڕۆ، هتد) و دایکانوباوکانیان وا لێکرد دڵنیابن تەمەنی منداڵەکانیان درێژ دەبێت، رێژەی لەدایکبوون ئۆتۆماتیکیی کەم بووەوە. خوێندەواریی و بەرزبوونەوەی داهاتیش وایان کرد کەمتر ژن لە ماڵەوە بمێنێتەوە و منداڵ دروست بکات، گرانیی مەسڕەفی منداڵی ئەم سەردەمەش لەولاوە بوەستێت. لەلایەکی تریشەوە، گەشەی تەکنۆلۆجیی و بەرزبوونەوەی ئاستی تواناداریی مرۆڤ/کرێکار گریمانەی یاسای کەمبوونەوەی بەرهەمی پوچەڵ کردەوە. ماڵتۆس تاوانەکەی هێنابوو بەسەر خێزانە هەژارەکاندا، سیاسەتە خراپەکانی حکومەتی وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی نەدەبینی. تەواو بە پێچەوانەی ماڵتۆسەوە، لای مارکس ئەوە نەفامیی چینی کرێکار نییە دنیای تێک داوە، بەڵکو مشەخۆریی چینی سەرمایەدارە بەسەر چینی کرێکارەوە گەشەی ئابووریی دەوەستێنێت، توشی قەیرانمان دەکات، بێکاریی و هەژاریی زیاد دەکەن، تەنانەت رەفتاری کرێکارانیش تێکدەدات.

بەتایبەت ماڵتۆس و ریکاردۆ زانستێکیان ‌هێنایە پێشەوەی گفتوگۆکان کە رەخنەگرێکی ئینگلیزیی بەناوی Thomas Carlyle بە زانستی خەم (?A Dismal Science) ناوی برد. ئەوان هیوایان بە گۆڕانکاریی بەرەو باشتر مرد و هەر ئەوە مابوو شیوەن بکەن بۆ ئەوەی مرۆڤایەتیی هەرگیز گەشە ناکات و لە قەیران رزگاریی نابێت.

ئابوورییناسانی کلاسیک لە کارکردن و کاریگەریی یاسا سروشتییەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا دەڕوانی. مارکس یاسا مێژووییەکانی خستە شوێنیان. لەگەڵ یاسای سروشتییدا، تۆ دەبێت بیر بکەیتەوە چۆن تاک و کۆمەڵگە خۆی بگونجێنێت. لەگەڵ یاسای مێژووییدا، واتە لەگەڵ پێشمەرجە مێژووییەکاندا، تۆ دەکرێت بیر لە گۆڕانیان بکەیتەوە، جا گۆڕانەکە خۆی دروست ببێت یان کێشمەکێش و شۆڕش دروستی بکات. مارکس لە نێوان سمیث و سای لە لایەک و ریکاردۆ و ماڵتۆس لەلایەکەی ترەوە، هێڵێکی تری کێشا. ئەو رەشبین بوو بەرامبەر سەرمایەداریی، بەڵام گەشبین بوو بەرامبەر توانای مرۆڤ (کرێکاران) و هیوایەکی بە مرۆڤایەتیی بەخشییەوە بەشێوەیەک لە توانادا هەیە پێشمەرجە مێژووییەکانی سیستمەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

مارکس ئایدیای ‘یەکێتیی بەرژەوەندییەکان’ی سمیثی گۆڕی بە کێشمەکێشی چینایەتیی. بەڵام خزمایەتییەکی هێندە نزیک لە نێوان مارکس و ریکاردۆدا هەیە کە هەندێک قوتابخانەیەکیان لەسەر دەستی پیرۆ سرافە (Piero Sraffa)ی ئابووریناسی ئیتاڵیی، بەناوی سۆشیالیستە نیۆ-ریکاردۆییەکان دامەزراند. ریکاردۆ ئیلهامبەخشێکی مارکسە و لەسەر لاوازییەکانی ئەوەوە پتر تیۆرییە ئابوورییەکەی سۆشیالیزمی بینا کردووە. مارکس “تیۆرەی کار بۆ بەها”ی ریکاردۆی دەوڵەمەند کردووە. تیۆری چینایەتییش لە سێ چینەوە بۆ دوو چین کورت کردەوە.

لە 1848 کە شۆڕش وەک ئاگری پوشی هاوینی هەرێمی کوردستان بە ئەوروپادا کڵپە دەکات و بڵاودەبێتەوە، تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکەی مارکس دەنگی زاڵتر بوو لە نەیارەکانی و لە هاودیدە سۆشیالیستییەکانی خۆیشی، لەوانە  سۆشیالیزمی یۆتۆپیی (خەیاڵیی) و سۆشیالیزمی نەتەوەیی، ئەگەرچی مارکس لەم شۆڕشە و لە شۆڕشی کۆمۆنەی پاریسی ساڵی 1871ەوە دەستکاری ئایدیاکانی کردەوە. وتاری داهاتوو تەرخان دەبێت بۆ تیۆرییە سۆشیالیستییەکەی مارکس.

سەرچاوە:

  • Mark Skousen, The Big Three in Economics: Adam Smith Karl Marx and John Maynard Keynes، E. Sharpe, New York, 2007.
  • Steven Pressman, Fifty Major Economists, Second Edition, Routledge, London and New York, 1999.
  • James M. Cypher and James L. Dietz, The Process of Economic Development, 3rd Edition, Routledge, London and New York, First edition, 1997.

(کۆتایی بەشی دووەم. دوو بەش ماون) 

بەشکردن: