بافڵ تاڵەبانی لە لەندەن چی وت؟

ڕێنوار نەجم – تایبەت بە کوردستان تایمز

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە خانەی بیری چاثام هاوس لە لەندەن بەشداریی لە گفتوگۆیەکی کراوە کرد لەبارەی پرسە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا زۆرترین قسەی لەبارەی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتیەوە کرد.

بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی ڕووخۆش دەردەکەوت، بەناو ئامادەبوواندا دەگەڕا و سڵاوی لێ دەکردن و قسەی خۆشی لەگەڵدا دەکردن، پێدەچوو تووڕەیی و نیگەرانییەکەی چەند ڕۆژی پێشووی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی کاریگەریی لەسەر نەما بێت. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە، تۆنی قسەکانی زیاتر بەرەو جددیەت دەرۆشت.

نزیکەی 40 لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس و دیپلۆماتکار بەشداریی گفتوگۆکەیان دەکرد و بافڵ تاڵەبانی بە پێشکەشکردنی باسێک لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کێشە ناوخۆییەکان دەستی پێ کرد. بەراورد بە وتار و چاوپێکەوتنەکانی بە زمانی کوردی، دیار بوو کە تاڵەبانی دەتوانێت باشتر بە زمانی ئینگلیزی گوزارشت لەخۆی بکات و بیرۆکەکانی بکات بە ڕستە و ڕستەکانی ئاڕاستەی ئامادەبووان بکات.

تاڵەبانی لە قسەکانیدا زۆرترین تیشکی لەسەر خراپیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بوو، هۆکاری شکستی دانوستانەکان و خراپیی دۆخی هەرێمی کوردستانیشی دەخستە ئەستۆی پارتی، “بۆ پارتی زە‌حمەتترە مامەڵە لەگەڵ یەکێتیی نوێدا بکات، چونکە یەکێتییەکەی ئێستا یەکگرتووە”، بافڵ تاڵەبانی وای وت. هەروەها باسی لەوە کرد کە سلێمانی زۆر لە دوای هەولێرەوەیە لە ڕووی ژێرخان، خزمەتگوزاری و ڕێگاوبانەوە، دیسان هۆکاری ئەوەشی خستەوە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و بەناڕاستەوخۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. بافڵ تاڵەبانی تا ئەوەندەش ڕۆی کە بڵێت “عێراق لە کوردستان پێشکەوتووترە”، کە دواتر پرسیاری لێکرا لە چۆن و لە چ ڕوویەکەوە؟ وەڵامی دایەوە کە دامەزراوەکانی بەغدا بەهێزترە و لە کوردستان دامەزراوە نییە، نموونەی پەرلەمان و دادگای هێنایەوە. تاڵەبانی وتیشی کە بەهۆی پشتگوێخستنی سلێمانییەوە، یەکێتی ناچار بووە خۆی پارەی چاککردنەوەی بەشە ناوخۆیی زانکۆکان بدات، ناچار بووە پارەی کۆمپانیاکان بدات بۆ پاککردنەوەی سلێمانی، “هەرچەندە ئەوە ئیشی یەکێتی نییە و ئیشی حکومەتە”، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا سەرچاوەی ئەو داهاتەی یەکێتی چییە کە ئەو کارانەی پێ ئەنجام دەدات. لەبارەی ئەو رێککەوتنەی وای کرد تیمی یەکێتی بگەڕێنێتەوە بۆ دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند مەسرور بارزانی درکی بەوە کرد کە سیاسەتی داراییەکەی زۆر باش نییە بۆیە بڕیاری دا بۆ بەسەنتەرکردنی کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهات، “بەڵام هێشتا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە”.

بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە ئەمە یەکەمجار نییە کە یەکێتی و پارتی کێشەیان هەبێت، بەڵام یەکەمجارە “حکومەت و دامەزراوە دادوەرییەکان وەک چەکێک لە دژیان بەکار دەهێنرێت”. هەروەها چەند جارێک باسی لە “تێکدەر”ێک (یان چەند تێکدەرێک) کرد لەناو پارتیدا کە نایەوێت یەکێتی و پارتی بگەنە ڕێکەوتن و هەرکاتێکیش نزیک ببنەوە لە ڕێککەوتن، بە لێدوانێک یان کارێکی “تێکدەرانە” هەموو شتێک دەگەڕيننەوە بۆ خاڵی سفر.

لە باسی دواین کۆبوونەوەی یەکيتی و پارتیدا، تاڵەبانی گێڕایەوە کە هەر لە دوای کۆبوونەوەی پێشووتر کە بەرەوپێشچوون هەبووە و نزیک بوون لە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، قوبادی برای تکای لێ کردووە کە وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی دواتر دابنێن “بەر لەوەی دەرفەت بدرێت دیسان دۆخەکە تێک بدرێتەوە.” بەڵام لە کۆبوونەوەی دووەمدا، بەوتەی تاڵەبانی، لەکاتی پشووی نانی نیوەڕۆدا کاتێک تەلەفزیۆنیان کردووەتەوە، بینیویانە سەرکردایەتییەکی پارتی قسە بە یەکێتی دەڵێت، ئەوەش وای کردووە کەشی کۆبوونەوەکە تێکبچێت و ئەندامانی شاندی یەکێتی داوای جێهێشتنی کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام ئەو پێی باش بووە درێژە بە کۆبوونەوەکە بدەن کە تێدا رەخنەی توندیان لەو لێدوانەی سەرکردایەتییەکەی پارتی گرتووە، تاڵەبانی وتیشی کە ئەندامانی شاندی پارتیش سەریانسوڕماوە لەو لێدوانە لەو کاتەدا.

کاتێک پرسیارێک ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی کرا لەبارەی ئەوەی کە پارتی بەوە ناسراوە کە حزبێکی مەرکەزییە و ناوەندی بڕیاری هەیە، بۆچی ئەوان لەگەڵ ناوەندی بڕیارەکەدا ڕێککەوتن ناکەن؟ تاڵەبانی کە گوێی لە “مەرکەزیەت لەناو پارتیدا” بوو، لە پرمەی پێکەنینی دا، دواتر داوای لێبوردنی کرد وتی وایزانیوە تەنیا لە مێشکی خۆیدا پێکەنیوە نەک بە دەنگی بەرز. ئەو پرسیارە بووە دەرفەتێک تا تاڵەبانی بە درێژی قسە لەسەر ئەوە بکات کە بۆچی پارتی ‌حزبێکی مەرکەزی نییە و خاوەنی زیاد لە ناوەندێکی بڕیارە.

بە وتەی بافڵ تاڵەبانی، لە ئێستادا دۆخی پارتی بەشێوەیەکە کە “دەستی چەپ نازانێت دەستی ڕاست چی دەکات”. بۆ پاڵپشتیی قسەکانیشی باسی لەو نموونانە کرد کە هەر کاتێک نزیکن لە ڕێکەوتن کەسێک لەناو پارتیدا لێدوانيکی توند دەدات، یاخود دادگایەکی هەولێر بڕیارێک لە دژی یەکێتی دەدات (وەک بڕیارەکانی دژ بە ئەفسەرانی دژە تیرۆر و بڕیاری بەهاوسەرۆک ناساندنی لاهور شێخ جەنگی).

هەروەها نموونەیەکی دیکەشی هێنایەوە لەبارەی دانیشتنی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەپەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا. بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە شەوی پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ هێمن هەورامی کردووە پێی وتووە باشتر وایە دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت و ئەو لەگەڵ فوئاد حسێندا بچن بۆ بەغدا و هەوڵی دواخستنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بدەن لەبارەی چارەنووسی پەرلەمانی کوردستان، “چونکە هەموومان دەمانزانی کە دادگاکە بڕیار دەدات و بڕیارەکەش لە بەرژەوەندیی پەرلەمان نابێت و هەموو بڕیار و یاساکانی پەرلەمانیش هەڵدەوەشێتەوە. کاتێک هەموومان ئەمەمان دەزانی بۆچی پارتی بەو شێوەیە ئەو دانیشتنەکەی کرد لەپێناو هیچدا؟” وەک ئاماژەدانێک بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٢ی ئایار کە فراکسیۆنی پارتی بەبێ ڕەزامەندیی یەکێتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان لە پەرلەمان کارا کردەوە و گرژی لەنێو پەرلەمان دروست بوو. دواتر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، ئەو کاراکرکردنەوە و چەندین یاسای دیکەشی پووچەڵ کردەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگەوە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە  “چاکسازی  و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا وەستاوە”، هەروەها باسی لەوەش کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنەوەی بودجەیە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن، “دەپرسن ئێمە پارە دەدەینە پێشمەرگە بۆ ئەوەی چاکسازی بکات و یەکبخرێتەوە، ئەی کوا ئەنجامەکان؟ کاتێک هیچ دیار نییە ڕەنگە ئەوانیش بڕیاريکی دیکە بدەن”. وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسیی بڕینی بودجەی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە. مانگانە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکەن بەتایبەت ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکخراونەتەوە. بەڵام هێشتا بەشی زۆری هێزەکانی پێشمەرگە سەر بە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمن. تاڵەبانی نیگەرانیی لە سستیی چاکسازییەکە دەربڕی و خەتاکەی خستە ئەستۆی پارتی و وتی: “چەندین جار داوام لە پارتی کردووە تکایە ئەگەر چاکسازیتان ناوێت لە پێشمەرگەدا پێم بڵێن”.

هەرچەندە پێشتر بافڵ تاڵەبانی لە چەند بۆنەیەکی دیکە و چاوپێکەوتندا لە هەرێمی کوردستان باسی لە خراپیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە دامەزراوەیەکی دەرەوەی کوردستان و عێراق بەو تۆخییە بچێتە وردەکاریی کێشەکانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لێکترازانی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بەتایبەت پەیوەندییەکانی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی. پێشتر و لە ساڵی 2015، کاتێک ڕێگریی لە یوسف محەمەدی سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان کرا بگەڕێتەوە هەولێر و دەرگای پەرلەمان داخرا، یوسف محەمەدیش بەهەمان شێوە پەنای بۆ ناوەندە ئەوروپی و بەریتانییەکان برد بۆ باسکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم. بەڵام جیاوازیی ئەمجارە لەوەدایە حزبێکی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، نەک ئۆپۆزسیۆن، پەنا بۆ ناوەندە جیهانییەکان دەبات بۆ خستنەڕووی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەش کرد کە لە هەرێمی کوردستان مافەکانی مرۆڤ لە پاشەکشەدایە و مافەکانی ژنان و مافی کەمینەکانیش لە پاشەکشەدان. لەبارەی ڕەوشی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، تاڵەبانی بەهەمان شێوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد  کە ئازادیی ڕادەڕبڕین لە دۆخێکی خراپدایە و ئەوان بەداخن بۆ ئەو ڕەوشە. کاتێکیش پرسیاری لێ کرا ئەوان چی دەکەن لەو بارەیەوە، ئایا ڕاهێنان بە ڕۆژنامەنووسان دەکەن، تاڵەبانی گوتی: “ئەوە حکومەتە کە پێویستی بە ڕاهێنانپێکردن هەیە نەک ڕۆژنامەنووسان”. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئامارەکان ئاماژە بە خراپیی دۆخی ڕۆژنامەنووسان دەکەن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەو ناوچانەشی کە حزبەکەی بافڵ تاڵەبانی باڵادەستە تێیدا. هەروەها لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا دەرکردنی ڕێنماییەک لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە (کە وەزیرەکەی سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە) تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی توندی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی لێ کەوتەوە بە هەنگاوێکی مەترسیدار بۆ  بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دانرا.

بەشکردن: