گەڕانەوە بۆ سۆشیالیزم؟ وردبوونەوەیەکی تر لە کێشەی چینایەتی

د. نیاز نەجمەدین

بەشی سێیەم/ وردبوونەوەیەکی تر لە کێشەی چینایەتی (بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کرتە لێرە و بەشی دووەم کرتە لێرە بکە)

ئەو نرخەی تۆ لە بازاڕدا دەیدەیت بە شوقەکەت، خانووەکەت، ئوتومبیلەکەت، جل و بەرگ و جانتاکەت، هتد، دڵخۆشت بکەن یان ناڕەحەت، لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی چینایەتیی نیین. مەرگی کەسێکی نزیکیشت لە خۆپیشاندانێکدا بەشێوەیەک لە شێوەکان رەنگدانەوەی ململانێی دوو چینن کە یەکێکیان ئەویدیکە بۆ مەرامی تایبەتیی خۆی بەکاردەهێنێت.

بۆچی پێویست دەکات تێبگەین؟ بۆچی دەست نەگرین بە کڵاوەکەمانەوە با نەیبات و سەری خۆمان لە شوێنێکدا کز نەکەین و خەریکی جیهانە بچوکەکەی خۆمان بین؟ تێگەیشتن سەرەتای گۆڕینی ئەو شتەیە کە دەتەوێت. لە خۆت تێنەگەیت ناتوانیت خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیتەوە. بەهەمان شێوە، لە کۆمەڵگە تێنەگەیت، نازانیت چۆن بییر دەکەیتەوە، بۆچی بەو شێوەیەی ئێستات بییر دەکەیتەوە. تۆ تازە لەناو شارستانییەتدا دەژیت و بەشێوەیەک لە شێوەکان پریشکی ئازارت بەردەکەوێت.

بە بۆچوونی مارکسییەکان، راستترین و باشترین میتۆد یارمەتیت بدات تێبگەیت و رێگایەکی باشی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی هەڵبژێریت مارکسیزمە، یان سۆشیالیزم/کۆمۆنیزمە ئەگەر تۆ زیاتر ئەو وشەیە بە گونجاو دەزانیت. تێگەیشتن لە مارکسیزم یارمەتیشت دەدات مارکسیزمی نوێ جیا بکەیتەوە لەو قسە و پرۆژە سیاسیی و دەوڵەتدارییانەی لە مێژوودا روویان داوە و وەک سۆشیالیزم بە تۆ ناسێنراون، لەناویاندا یەکێتیی سۆڤێت و چاینا.

یەکەم سەرنجی مارکس مەسەلەی چینایەتییە، بەڵام بەپێناسەیەکی تا رادەیەک نوێوە. پرۆفیسۆر ریچارد ۆڵف (Routledge Handbook of Marxian Economics, 2017) روونی دەکاتەوە چینایەتی بە ئینگلیزیی واتە کڵاس (Class) کە لە پۆلێنکردن (classification)ەوە هاتووە. لەم پێناسەیەدا کۆمەڵگە پۆلێن دەکرێت بۆ چینی جیاواز. دوو پۆلێنکردنی جیاواز بە درێژایی مێژوو هەبوون. یەکەمیان کۆمەڵگەی دابەشکردووە بەسەر چینی موڵکدار بەرامبەر بێموڵک، لە ناوەڕاستیشدا چینی ناوەڕاست هەیە. لێرەوە نایەکسانییەک دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە هەندێک دەوڵەمەند و هەندێک مامناوەندن و هەندێک هەژارن. دەسەڵاتی کۆمەڵگە بەدەست دەوڵەمەندەکانەوەیە. ئەگەر ئەمە کێشەکە بێت، ئەوا چارەسەرەکە ئەوەیە موڵک لە کەمینە وەربگیرێتەوە و بدرێت بە زۆرینە. یان داهات بە رێگایەک لە دەوڵەمەندەکەوە بۆ هەژارەکە دابەشکرێتەوە، بۆ نموونە لە رێگای باجەوە. دووەمیان کۆمەڵگە دابەش دەکات بەسەر چینی بڕیاربەدەست و چینی بڕیارلەسەردراو. چینی یەکەم دەسەڵاتیان هەیە و بڕیار دەدەن، چینی دووەم بێ دەسەڵاتن و بڕیار جێبەجێ دەکەن. لەو نێوەندەشدا چینی ناوەڕاست هەیە. ئەم چینە بڕیاروەردەگرێت و دەینێرێت بۆ چینی بێ دەسەڵات و دەیسەپێنێت بەسەریاندا. ئەگەر ئەمە کێشەکە بێت، ئەوا چارەسەرەکە ئەوەیە بڕیاردان لە کەمینە بسەنرێتەوە و بدرێت بە زۆرینە، بۆ نموونە لە پرۆسەی هەڵبژارد نی پەرلەمانییدا.

ئەم دوو پۆلێنکردنەوەی چینەکان کەموکورتییەکی تێدایە، دەبێت شتێکی بۆ زیاد بکرێت، کە کارڵ مارکس کردی. کێشەی کۆمەڵگەی چینایەتیی ئەوەیە چینێک بەرهەمدەهێنێت. ئەم چینە کرێکارانن. چینێکیش بەرهەمەکە دابەش دەکەن. ئەم چینە سەرمایەدارانن. چینی یەکەم راستەوخۆ هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی هەمووان بەکاریان دەهێنین، لەناویشیاندا خۆیان. کاری ئەوان دەچێتە کاڵاکانەوە، پاشان کاڵاکان دەفرۆشرێن بە نرخێکی زۆر زیاتر لە بەهای کارەکەیان.

ئەم چینە بەرهەمدارن، سەرڕێژییەکی، یان با بڵێین زیادەیەک لە داهات کە زۆر زیاتر لە بەهای کارەکەی خۆیان دروست دەکەن. ئەو دەستکەوتەی دەیخەنە دەستی خاوەنکارەکەوە زۆر زیاترە لەوەی لە شێوەی کرێی کاردا دەدرێت بە خۆیان، بەڵام هیچ رۆڵێکیان نییە لە دابەشکردنەوەی زیادە بەهاکەدا. گریمان تۆ بۆ وەبەرهێنێکی خانووبەرە کاردەکەیت. لە کۆتاییدا ئەو قازانجێکی زۆر دەخاتە گیرفانی و تۆش (ئەگەر کارمەندی ئەو بیت) مانگانە موچەیەکت دەستدەکەوێت لە کاتێکدا تۆ دروستکەرێکی ئەو بەرهەمەیت.

کێشەکە لەم بازنەیەدا ناوەستێت. وەبەرهێنەکە (خاوەنکارەکە) نایەت پرس بە تۆ بکات لەوەدا ئەم قازانجە چی لێ بکات. دێت بە کەیفی خۆی، بەشێکی دەکات بە مزگەوت، بەشێکی دەنێرێت بۆ ماڵە هەژاران، هەندێکی بۆ کڕینی ئەم دەسەڵاتدار و ئەو دەسەڵاتدار تەرخان دەکات، بەشێکی دەکات بە خانوو و باخ و ئوتومبیل بۆ خۆی و منداڵەکانی، بەشێکی بۆ پێشخستنی بزنسەکەی، بەشێکیشی دەکات بە بزنسی نوێ. زەوتکەری قازانجەکە تەنها خاوەندارێتیی سەروەتەکە ناکات، بەڵکو خاوەندارێتیی چاکە و خێریش دەکات. کارمەندەکە سەروەتەکە کەڵەکە دەکات، کەچی چاکە و خێرەکەش بۆ دەوڵەمەندەکە دەنوسرێت. لە هیچ یەکێک لەم پرۆسەیەدا کارمەندی خاوەنکارەکە بڕیاردەر نییە. ئەو نایەت بە کارمەندەکانی بڵێت دوای پێداویستییەکانی خۆی و خێزانەکەی بڕێک پارە ماوەتەوە چی لێ بکەن: لە کشتوکاڵدا تەرخانی بکەن یان خوێندن و فێرکردن و بازرگانیی؟

ئەم چینایەتییە، واتە ئەوەی چینێک بەرهەمدەهێنن و چینێکی تر دابەشی دەکەن، تەنها لە کۆمپانیاکاندا بەدیی ناکرێت، بەڵکو لە دەوڵەتیشدا هەیە. سەیری بڕیاربەدەستانی حکومەتی هەرێم بکە. چی موڵک هەیە دابەشی دەکەن، یان موڵکی گشتیی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو شتە تەرخان دەکەن کە خۆی دەیەوێت (بۆ نموونە نەوت)، بەڵام لە دابەشکردنەوەی ئەو داهاتەی لە بەرهەمەکەوە هاتووە نایەت پرس بە خەڵک بکات. خۆ نایەت بڵێت: باشە موڵکەکانمان بۆ کشتوکاڵ بێت یان نەوت؟ یان فڵانە موڵکی شار بۆ هۆتێل و خانووبەرە بێت یان باخچەیەک بۆ تاک و خێزانەکان؟ نە کشتوکاڵ و نە پیشەسازیی، نە بواری تەندروستیی و نە گەشتوگوزار، بە پرس و ڕا لەگەڵ من و تۆ برەویان پێ نەدراوە، یان خەرجییان لەسەر نەکراوە، بەڵکو ملکەچی بازاڕ (خواست و خستنەڕوو) و بەرژەوەندیی و بیرکردنەوەی کەمینەیەک بوون. گرنگە زیاتر لەم سەرنجە ورد ببیتەوە، چونکە یەکێتیی سۆڤێت لە رێی دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنان و مرۆڤی کردووە و پێی دەڵێن کۆمۆنیستیی بووە لە کاتێکدا بەشێک لە کۆمۆنیستەکان دەڵێن لە کوێدا خاوەنکار (کە کەمینەن) و کرێکار (کە زۆرینەن) هەبوو، لەوێدا کۆمۆنیزم بوونی نەبووە و نییە. لە دەوڵەتیشدا، زۆرینەیەک قازانج دروست دەکەن و لە بەرامبەردا کرێیەک وەردەگرن، کەمینەیەک کرێ دابین دەکەن و لە بەرامبەردا قازانج وەردەگرن. بۆیە بەشێک لە سۆشیالیستەکان بەهەڵەداچوون کە ئەمەیان لێ بوو بە کۆمۆنیزم.

لە حزبیشدا بەهەمان شێوەیە. هەزاران ئەندام و کارمەندی حزب سەرقاڵی پاراستن و زیادکردنی موڵك و داهاتی حزبن، بەڵام کەمترین بەشدارییان هەیە لە دابەشکردنەوەیدا. ئەمانە بۆ روودەدەن؟ چونکە گروپێک خاوەنماڵ و گروپێک میوانن. خاوەنماڵ بە مافی خۆی دەزانێت چۆن ماڵەکە بەڕێوەببات و چەندێک میوانەکانی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە.

کۆمەڵگەی چینایەتیی ئاڵوگۆڕی لە بنەڕەتەوە گۆڕی. سەرەتا مرۆڤ بەم شێوەیە دەژیا:

لە بەکاربردن بۆ پارە، پاشان بۆ بەکاربردن. لێرەدا ئامانج لە پارە ئەوە بوو کاڵا و خزمەتگوزارییەکانت بۆ دابین بکات.

بەڵام دواتر گۆڕا بۆ ئەم هاوکێشەیە:

پارە بۆ بەکاربردن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پارە.

پاشان بە یەکجاریی گۆڕا بۆ:

پارە بۆ پارە (وەک ئەوەی لە بازاڕی پشک و کاغەزە داراییەکاندا دەبینرێت).

کاڵا و خزمەتگوزاریی بەرهەمدەهێنرێن و پارە و سەرمایە کەڵەکە دەبن. پاشان قۆناغی دابەشکردن دێت. ئامانجی دابەشکردنەکە لەم سیستمەدا چییە؟ ۆڵف رای وایە ئامانجەکە بەختەوەریی هەمووان نییە، بەڵکو کەڵەکەکردنی زیاتری قازانجە، ئەوەیە پێگەی سەرمایەدارەکە بەهێزتر و بەهێزتر بێت. بۆ ئەم مەبەستە، زۆر ئاساییە پشکی سەرپەرشتیاران، سکرتێری نوسینگە، بەڕێوەبەری دارایی، بەرپرسی فرۆشتن، هتد، زیاد بکرێت. چینی دابەشکار پێویستی بەم جۆرە لە دابەشکردنی کار هەیە.

گرنگ ئەوەیە مۆدێلی بەرهەمهێنانەکە دروستکەری مۆدێلی دابەشکردنەکەیە، دابەشکردنەکەش درێژەپێدەری مۆدێلی بەرهەمهێنانەکەیە.

خراپییەکانی کۆمەڵگەی چینایەتیی چیین؟ 

سەیرێکی چواردەور و کەسە نزیکەکانی خۆت بکەیت، کەمیان ماوە لە عەشقدا یان لە هاوسەرگیرییدا، لە ژیانی کار و بازرگانییدا یان لە سیاسەتدا، قەیرانی قورس و قووڵ بەرۆکی نەگرتبێت. کەمیان دەبینیت جۆگەیەک و دووانی دڵەڕاوکێی پێیدا تێنەپەڕێت. بەشێوەیەک لە شێوەکان، هەموومان پڕین لە ناتەبایی، لە ناکۆکیی، لە شتی دژ بەیەک. ئەمە بەرهەمی کۆمەڵگەی چینایەتییە، کۆمەڵگەیەک تیایدا چینێک تەنها سەرقاڵی دابەشکردن نییە، بەڵکو لە پێگەیەکی هێندە بەرزدایە سەرنجمان رادەکێشێت و دەمانەوێت لاساییان بکەینەوە. کۆمەڵگەیەکیشە لە دابەشکردنی دەرفەتی کار و خوێندن و داهات و موڵك و هەرچی شتێکی تریش هەیە، زۆر بە کەمیی و ناڕاستەوخۆ پرس بە زۆرینە دەکات. کەمینەیەک لەم کۆمەڵگەیەدا بڕیاری دابەشکردنیان بەدەستە و بەشدارییەکی زۆر کەمیشیان هەیە لە بەرهەمهێناندا. کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنە ناتوانێت بەختەوەرت بکات و ناهێڵێت شتەکان تامی خۆیان ببەخشن. ئازادیی و دیموکراسیی، عەشق و خۆشەویستیی، یاسا و رێکخستن، هاوسەرگیریی و منداڵ دروستکردن، چی تر دێت بە خەیاڵتدا تام و بۆنی راستەقینەی خۆیان نادەن و ملکەچی سیستمەکە دەبن. لەم چوارچێوەیەدا، پارە و قازانج و کەڵەکەکردنی سامان دەچنە سەنتەرەوە.

مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لە شوێنی ئیشدا بە گژ یەکترماندا دەدات. شوێنی ئیش لە رووبەرێکی بچوکدا نەبێت نابێت بە شوێنی فێربوون و فێرکردن، شوێنی بەشداریی و خزمەتکردن، نابێت بە ماڵی دووەمی ژیانت لە کاتێکدا هێندەی ماڵەکەی خۆت کاتی تێدا دەبەیتەسەر. نەریتی زاڵ و باو ناتەباییە لە نێوان خاوەنکار/بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکە و کرێکار/فەرمانبەرەکانی. کەمجار نەبێت، ئەوان لە ناخیاندا یەکتریان خۆشناوێت، بۆ بەرژەوەندییەک پێکەوەن و نادڵنیاییەکی زۆر لە پەیوەندییەکەیاندایە و ئەمیان دەترسێت ئەو دزیی لێ بکات و ئەویان دەڵێت لەسەر رەنجی شانی من دەژی و دەشبێت هێشتا مەمنون بم کە دەرمناکات. ئەم دوو لایەنە زۆر زەحمەتە پێکەوە هەڵبکەن: یەکەمیان دەیەوێت قازانجی زیاتر لە دووەمیان بەدەستبهێنێت و بهێنێتە دەرەوە، دووەمیان دەیەوێت کرێی خۆی زیاد بکات. لەم پەیوەندییەدا، خۆشەویسترین کرێکار/فەرمانبەر ئەوانەن قازانجی زیاتر دەست خاوەنکار دەخەن. دوورکەوتنەوەی ئەم دوو هێزە لە یەکتر رۆژ بە رۆژ فراوان دەبێت و مەودایەکی گەورە دەکەوێتە نێوانیان، چونکە بڕی قازانجی خاوەنکارەکە زۆر زیاترە لە تێکڕای کرێی کارەکە(لە موچەکە). تەمەن تێدەپەڕێت و دەبینیت داهات و سامانی ئەوەی یەکەم دەگاتە ئاسمان و ئەم هێشتا لەسەر زەوییە ئەگەر نەچووبێت بە ناخیشییدا. مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی وامان لێ دەکات هیچی تر هێندەی کەڵەکەکردنی سامان بۆمان گرنگ نەبێت. لەبەر ئەمە و هۆکاری تریش، کەڵەکەکردنی سامان بەو شێوەیە ناڕوات سمیث باسی دەکرد گوایە بزوێنەری گەشەی ئابوورییە.

ژیانکردن لە سیستمێکی چینایەتیی خۆی وات لێ دەکات رەنگە تۆش بەلاتەوە زۆر گرنگ بێت سەرمایەدارێک تەلەفۆنت بۆ بکات بەڵام زۆر ئاسایی بێت، بگرە بێزارکەر بێت، هەژارێک یان کرێکارێکی ئاسایی تەلەفۆنت بۆ بکات. تەنها ئەمەش نا، بەڵکو وای لێ کردووین لە ناخی خۆشماندا سەقامگییر نەبین و بەردەوام لەگەڵ خۆماندا لە شەڕدابین: “چەند بێ عەقڵ بووم فڵان دەرفەتی کارم لە دەست خۆمدا…چەند بێ عەقڵ بووم وازم لە ئیشێکی زۆر باش هێنا….هتد”. لەناو سیستمی چینایەتییدا، ئیسراحەت نییە. هەزار و یەک ئایەتی ئاسمانیی لە پشتت بن، سیستمەکە ناهێڵێت بە قەناعەت بیت و لە شوێنێکدا ئیکتیفا بکەیت. فڕکان فڕکانی پۆست و پلە و پێگەیەکی بەهێزتر دەبێت بە خەونی هەموومان و شوێن بە هەر خەونێکی ئینسانیی تر لەق دەکات. مەگەر لە ئاستی فەردیی زۆر بچوک، دەنا کەس جورئەتی چوونە دەرەوە لەو کێبڕکێیە ناکات، چونکە یەک نازناو بۆ خۆت دەبیتەوە: دۆڕان. تۆ کەسێکی دۆڕاویت ئەگەر پارەپەیداکەرێکی باش نەبیت. خۆت گەمژەیت، نازانیت بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆت بپارێزیت. خودای دەکرد پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتیت پێویستی بەوە دەبوو ملی دەیان کەس بشکێنیت، دەبێت بیکەیت. تۆ نایکەیت، ئەو دەیکات. کەواتە گەمژەیت.

بەهەرحاڵ، دابەشکردنەوەی زیادە بەهاکە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر پێگەی خاوەنکارەکە. هەندێکیان زیاتر خەرجی دەکەن بۆ بەکاربردن، هەندێکیان هەڵە دەکەن لە خستنەوەگەڕی. سەرکەوتن و شکستی خاوەنکارێک بە خەرجکردنەوەی زیادەبەهاکەیەوە بەندە. بەڵام بەختەوەریی و گوزەرانی تاکەکان بە عەقڵیەت و پلانی سەرمایەدارەکەوە بەندە. دەبێت باجی هەڵەکانی ئەوانیش بدەین بەبێ ئەوەی بەرپرس بین لەو هەڵانە. سیستمێک لەسەر ئەوە بەند بێت سەرمایەدار پارە دەخاتە بازاڕەوە یان نا، سیستمێکی باش نییە و بەختی ئەوەی نییە زۆر شانازیی بەخۆیەوە بکات سەرباری دەستکەوتەکانی بەراورد بە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیی.

لای مارکس، سەرمایەداریی لە دەیان مینبەرەوە پەیمانی خۆشگوزەرانیی دەدات، کەچی لە واقعدا تەنها کەمینەیەک خۆشگوزەران دەکات. سەرمایەداریی سەدان مرۆڤی دروستکەر و بیناکەر و داهێنەر پێشکەشی جیهان دەکات، بەو دیویشدا ملیۆنان مرۆڤی لە هەمان کەلتوری داهێنان بێبەش کرد و سەرقاڵی کاری رۆتین ونزم و سادەی کردوون. سەرمایەداریی ئەو سیستمەیە زیرەک و گەمژە لە تەنیشت یەکتردا کۆدەکاتەوە و هەرگیز ناشتوانێت ئەم دژبەیەکییە چارەسەر بکات. بەشە خراپەکەی سەرمایەداریی شێرپەنجەیەکە تەنها بە گۆڕینی کۆی سیستمەکە و گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەیەک کەس لەسەر بەرهەمی کەس نەژی و کەس ئیش بە کەس نەدات، چارە دەبێت. سیستمی هاوچەرخ مرۆڤ و کۆمەڵگە و نەتەوەیەک دروست دەکات ئامادەبێت هەڵپەی دەسەڵات و کەڵەکەکردنی سامان و کۆنتڕۆڵکردنی دابەشکردنی بخاتە شوێنی ململانێ و ناکۆکیی قورس تەنانەت لە نێوان باوک و دایک و منداڵەکانیشیاندا. سیستمێکی لەم چەشنە نەخۆشیی موزمینی هەیە و ناتوانێت ئاشتیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی بۆ هەمووان مسۆگەر بکات، رکابەریی دەخاتە شوێنی هاریکاریی لە رووبەری بچوک (وەک کۆمپانیاکان) و گەورەدا (وەک نێوان نەتەوەکان)، هتد.

لە بەرامبەر سیستمێکی ناشیرینی لەم چەشنە شورەییە دانیشیت و تەسلیم ببیت. لە بری گریان و کڕوزانەوە، دەبێت چی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار و موڵکدار هەیە لەبەردەم هەڕەشەی کرێکاراندا بن. ئەوەی دەبێت بترسێت خەڵکی هەژار و کرێکار نییە، بەڵکو سەرمایەدار و دەسەڵاتدارە. بە قەولی مارکس، کرێکاران هیچی تریان نییە زەرەری لێ بکەن جگە لە زنجیرەکانی دەستیان. لەم شوێنەدا رەخنە لە مارکس دەگیرێت بەوەی هانی توندوتیژیی دەدات و لەوە دەرچوو زانست وەک زانست سەیر بکات و کاری پێ بکات. ئەو زانست و سیاسەتی تێکەڵ کردووە و پێکەوە لە دژی سەرمایەداریی بەکاریان دەهێنێت. ئەو وا سەیری کرێکاران و هەژارانی نەکردووە کە خێزان و منداڵیان هەیە و زەرەری گەورەیان بەردەکەوێت، بەڵکو وەک مرۆڤێک تەنها کۆتوبەندکراو و زنجیر لە دەستن. هاوکاتیش کرێکاران داهاتیان زیادی کرد و یەکجار هێندەش رووت و داماو نین تەنها زنجیرەکانیان لە کیس بچێت.

هەنگاوێک بۆ جێهێشتنی سەرمایەداریی پێویستی بەوە هەیە کولتورێکی سیاسیی و ئابووریی لەگەڵیدا گەشە بکات ئیستیغلالکردن رەت بکاتەوە، لە خۆی راببینێت کۆمەڵگەیەکی بێ چین بونیاد بنێت، وەک چۆن کلاسیکەکان نەیاندەتوانی رەخنەی توندی سیستمی دەرەبەگایەتیی بگرن و پاڵی پێوەبنێن زووتر بخرێتە مۆزەخانەی مێژووەوە ئەگەر تاکێک دروست نەبوایە لە دژی دەرەبەگایەتیی و دەرەبەگەکان بووەستایەتەوە.

لە ئێستادا مارکسیزم بە چەشنێک فراوان بووە ناتوانیت بڵێیت ئەم پێناسە و ئامانجەی هەیە و بەس. چەندین لقی جیاواز لە مارکس و مارکسیزم بوونەتەوە. ئایا لە سەدەی بیستویەکدا مارکسیزم بە گشتیی تا کوێ خۆی ئەپدەیت کردووەتەوە؟

(کۆتایی بەشی سێیەم. یەک بەش ماوە)

سەرچاوە:

1-     Richard D. Wolff, Marxian Class Analysis, Rutledge Handbook of Marxian Economics, Edited by David M. Brennan, David Kristjanson-Gural, Catherine P. Mulder and Erik K. OlsenFirst published , 2017.

2-     Mark Skousen, The Big Three in EconomicsAdam Smith Karl Marx and John Maynard Keynes، M. E. Sharpe, New York, 2007.

3-     Richard D. Wolff, Understanding Socialism, Published by Democracy at Work, 2019.

4-     Richard D. Wolff and Stephen A. Resnick, Contending Economic Theories: Neoclassical, Keynesian, and Marxian, Massachusetts Institute of Technology, 2012.

بەشکردن: