کورد و دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی

د. ئاوارە حسێن

مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو گەواهیدەری ئەوەیە کە تاوانە نێودەوڵەتییە مەترسیدارەکان بوونەتەهۆی پەرێشانکردنی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنێکی دیاری مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش هەوڵێکی زۆری داوە بۆ چارەسەرکردن و دووبارەنەبوونەوەی ئەو تاوانانە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دادگایەکی تاوانکاریی جیهانی و هەمیشەییەوە، تاوانەکان بەردەوام دووبارە بوونەتەوە. بەڵام بە دامەزراندنی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی (لێرەوە: دادگا یان دادگاکە) تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی ڕۆڵی هەبێت لە دادپەروەریی تاوانکاریدا و ببێتە گەورەترین گەرەنتیکاری مافەکانی قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (١٥/١٢/ ١٩٩٧) بڕیاری ژمارە (٥٢/١٦٠)ی دەرکرد و بڕیارەکە تایبەتبوو بە دامەزراندنی دادگا، ئەویش لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا کە دەسەڵاتی ڕەهای پێدرابوو. کۆنفرانسەکە لە بارەگای سەرەکیی ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا، لە (١٥/٧ بۆ ١٧/٧/١٩٩٨) بەڕێووەچوو، کۆنفرانسەکە گیۆڤانی کۆنسۆی ئیتالیی وەک سەرۆکی کۆنفرانسەکە هەڵبژارد و لەسێیەم و کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا لە (١٧/٧/١٩٩٨)، پەیماننامەی ڕۆما (پەیڕەوی بنەڕەتی)ی دادگای پەسەندکرد و دادگاکەی دامەزراند و ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی دادپەروەریی جیهانیی ناسرا، لە کۆنفرانسەکەدا (١٦٠) دەوڵەت بەشداربوون، (١٢٠) دەوڵەت بە بەڵێ دەنگیاندا بۆ دامەزراندنی دادگاکە لە ناویاندا سێ دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بەریتانیا، فەرەنسا و ڕوسیا، هەروەها حەوت دەوڵەتیش بە نەخێر و لەدژی دامەزراندنی دادگاکە دەنگیاندا، ئەوانیش بریتی بوون لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین، لیبیا، عێراق، ئیسرائیل، قەتەر و یەمەن. پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکە لە (١/٧/٢٠٠٢)وەوە ڕۆشتە بواری جێبەجێکردنەوە، پاش ئەوەی (٦٠) دەوڵەت ڕاستاندنی پەیڕەوە بنەڕەتییەکەی دادگایان کرد، ئەمەش مانای وایە کە دادگاکە لەو ڕێککەوتەوە بۆ داهاتوو دەسەڵاتی دادوەریی لێکۆڵینەوە و دادگایکردنی تاوان و تۆمەتبارانی هەیە. بەوەش دادگاکە وەک یەکەمین دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیی هەمیشەیی سەربەخۆ بە فەرمی لەدایکبوو و دامەزرا. بەوەش ئاواتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی بەخشی، چونکە دادگاکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی دامەزرا، نەک بۆ دەوڵەتێکی دیاریکراو، بۆ هەمیشە دامەزرا نەک ماوەیەکی کاتی، دامەزراندنی دادگاکە بە گرنگترین پێشکەوتن دادەنرێت، کە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئێستادا (١٢٣) دەوڵەت ئەندامی دادگاکەن و دادگاکە لێکۆڵینەوەی تاوان و دادگایی تۆمەتبارانی هەریەک لە تاوانەکانی (جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی، جەنگ و دوژمنکاریی) دەکات.

دامەزراندنی دادگا و دەستپێکردنی کارەکانی نمونەیەکی گەشە لە هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی تاوانکاریی، کە دەسەڵاتی دادوەریی هەیە بەسەر ئەو تاکانەی، کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەو چوار تاوانە ئاماژەبۆکراوەی سەرەوە و پەیوەندیدارن بە هەموو مرۆڤایەتییەوە، هەروەها ئامانجی سەرەکیی دادگاکە کۆتاییهێنانە بە پارێزبەندیی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانە. دادگاکە کار بە پرەنسیپی تەواوکاریی دەکات ئەمەش بە مانای ئەوە دێت دادگاکە دادگای دواین پەناگەیە، کاتێک قوربانییەکان هیچ دادگایەک نەبوو پەنای بۆ ببەن بۆ دادپەروەریی تاوانکاریی ئەوا دادگا بەردەستەو پەناگەیانە. پرەسنیپی تەواوکاریی بە واتای ئەوەی دادگا هەڵدەستێت بە تەواوکردنی کارەکانی دادگا نیشتیمانییەکان دادگا نابێتە شوێنگرەوەیان بەڵکو تەواوکەریانە، گەر هاتوو دادگا تاوانکارییە نیشتیمانییەکان نەیانتوانی یان نەیانویست هەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینەی تاوانەکان و دادگایکردنی تۆمەتباران ئەوا دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی کارەکانی دەستپێدەکات و کارە تەواونەکراوەکانی دادگا نیشتیمانییەکان تەواو دەکات. پرەنسیپی تەواوکاریی دەسەڵاتی دادوەریی باڵا و پێشینە بە دادگا نیشتیمانییەکان دەبەخشێت و دادگا دادگای دواین پەناگەیە، چوارچێوەی پرەنسیپەکە دەسەڵاتێکی چاودێریی بەهێزی بە دادگا بەخشیوە بەسەر پێواژۆی دادبینییە نیشتیمانییەکاندا، بە جۆرێک گەر دادگا نیشتیمانییەکان بە ئەرکی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیکی ڕاستەقینە هەڵنەستان، ئەو کات دادگا دەسەڵاتە دادوەرییەکانی دەکەونەکار. لەم ڕوانگەیەوە دەستێپکردنی کارەکانی دادگا زیاترە لە دامەزراندنی داگایەکی نوێ و هێمایەک بوو لە کردنەوەی پەیوەندییەکی تازەی نێوان دەسەڵاتە نێودەوڵەتی و نیشتیمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی لەلایەن دادگا نیشتیمانییەکانەوە. پرەنسیپی تەواوکاریی وەک بنەمایەکی گرنگ دەبێتەهۆی ئەوەی، کە دادگا ڕۆڵی هەبێت لە گەشەپێدان و بەهێزکردنی دادپەروەریی تاوانکاریی نیشتیمانیدا، بەوەی، کە لەسەر ئاستی نیشتیمانیی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەربچێت و لەسەر ئاستی جێبەجێکردنیش چەندین تۆمەتبار لە دادگا نیشتیمانییەکاندا دادگاییبکرێن.

ڕێگای دامەزراندنی دادگا لە دادپەروەریی تاوانکاریی نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەیگرتووە، چونکە وەکو دادگا سەربازییە نێودەوڵەتییەکان نەبووە، کە لەلایەن دەوڵەتانی هاوپەیمانانی سەرکەوتووی جەنگی دوهەمی جیهانییەوە دامەزرابێت، هەروەها وەکو داگا تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان نەبووە، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزرابێت، یان هەروەها کو دادگا نائاسایی و تێکەڵاوەکان نەبووە، کە لەلایەن دەوڵەتێک و بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرابێت. بەڵکو دادگا لە کۆنفرانسێک و بەگوێرەی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بە ئازادانە لەنێوان دەوڵەتاندا دامەزرا. دامەزراندنی دادگا گەورەترین ئومێدی بە مرۆڤایەتی بەخشی، کە بۆ یەکەمین جار دادگایەکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی بۆ هەمیشە وەک دەزگایەکی ئاشتی و دادپەروەریی دامەزرا. هەروەها دەسەڵاتە دادوەرییەکانی دادگاکەش زۆر فراوانترن بە بەراورد بە دادگاکانی پێش خۆی.

هەریەک لەو دەوڵەتانەی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە ئەندامی دادگاکە نین، ئەمەش یەکێکە لەو بەربەستە یاساییانەی کە دادگاکە دەسەڵاتی دادوەریی ئەوەی نەبێت ڕاستەوخۆ دەست بەلێکۆڵینەوەی ئەو تاوانانە بکات کە لە هەرێمەکانی ئەو دەوڵەتانەدا یان لەلایەن هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەوە دژ بە کورد ئەنجامدراون، لەلایەکی ترەوە لەبەرئەوەی کە کورد دەوڵەتی نییە وەک بنەمای گشتیی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ نەتەوەی کورد ناتوانێت داوا ڕەواکانی بگەیەنێت بەو دادگایە و چەندین ڕێگای تر هەن بۆ گەشتن بەو دادگایە، لەوانەش (ناردنی کەیسەکە لەلایەن دەوڵەتێکی ئەندامی دادگاکەوە، لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاساییشەوە، لە ڕێگای بەئەندامبوونی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراون یان پەسەندکردنی دەسەڵاتە دادوەرییەکانی دادگا لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە). ئەم ڕێگایانەش تا ئێستا بە بنەما نەگیراون و پێویستی بە هەوڵ و هەوڵدانێکی دڵسۆزانەو یاساییانەی حکومەتی هەرێمە نەک بە تەنها هەوڵە تاکە کەسییەکان، کە لەسەر ئاستی تاک و ئەکادیمیست و چالاکوانانی ئەم بوارەدا هەوڵەکان بەردەوامن.

لەژێر ئەو ڕوناکاییە یاساییانەی سەرەوەدا هەرێمی کوردستان، کە هەرێمێکی دەستووریی عێراقە و کوردی هەرێم ماوەی (٢٠) بیست ساڵە لە حکومەتی عێراقدا بەشدارە و پۆستی باڵای هەبووە و هەیە، دەبوو لەو ماوە درێژەدا هەوڵێکی بدایا کە عێراق ببێت بە ئەندامی دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سودمەندبووایا لەو دەستکەوتانەی کە بەهۆی ئەندامبوونی عێراقەوە بەدەستی دەهێنا. بەڵام نەک هەوڵی نەداوە بەڵکو پرسی بە ئەندامبوونی عێراق هیچ کاتێک نەبووە بە خاڵێکی دانوستاندنەکانی نیوان شاندی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی تاوەکو هاووڵاتی کورد بگاتە ئەو باوەڕەی کە حکومەت و بریاربەدەستەکانی نوێنەرایەتی ئازار و ئاواتەکانیان دەکەن.

دەبێت حکومەتی هەرێم و بڕیار بەدەستەکانی بە گرنگییەوە هەوڵ بۆ ئەندامبوونی عێراق بدەن لە دادگاکەدا و بەڵگەو پاساوەکان بخەنەڕوو کە ئەندامبونی عێراق نەک گرنگ و بەهادارە بەڵکو پێویست و پڕ دەستکەوتیشە بۆ خودی دەوڵەت، حکومەت و هاووڵاتی. لێرەدا بە کورتی ئەو دەستکەوت و سودە یاساییانە دەخەینەڕوو کە کورد وەک گروپی تاوان بەرامبەرکراو، هەرێمی کوردستان، هاووڵاتی و کۆماری عێراقی دەتوانێت بەدەستیانبهێنێت گەر بێت و عێراق ببێت بە ئەندامی دادگاکە، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: سندوقی متمانە یەکێکە لە گرنگترین ئامرازە تازەو نوێیەکان بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی قوربانیی، هەبوونی ئەم سندوقە لە دادگاکەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەدەستهێنانی دادپەروەریی تاوانکاریی و گێڕانەوەی مافی قوربانیان. وەک بنەمای گشتی ئەرکی قەرەبووکردنەوە دەکەوێتە ئەستۆی تاوانبار، تاوانبار بەرپرسە بۆ قەرەبوکردنەوە، بەڵام گەر هاتوو تاوانبار داهات و سامانی پێویستی لەبەر دەست نەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و خانەوادەکانیان، بە مانایەکی تر توانای دارایی نەبوو وە هەژار بوو، ئەوا دادگا دەتوانێت بە پشتبەستن بە سامانە داراییەکانی سندوقی متمانە قەرەبووەکە بداتەوە. سندوقی متمانە دەستکەوت و داهێنانێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی دادپەروەریی تاوانکاریی، چونکە ئەم ئامرازە گەرەنتی مافەکانی قوربانیی و زیانلێکەوتوان دەکات و لەکاتی دەرچوونی بڕیاری دادگا و سزادانی تاوانباردا قوربانیی مافەکانی بەدەستدێنێت و نابێتەوە بە قوربانیی. بەپێچەوانەی دادگا تاوانکاریی و سەربازییە نێودەوڵەتییەکانی ترەوە دادگا تەنها گرنگی بە دادگایکردنی تۆمەتباران نادات، بەڵکو وێڕای گرنگیدان بە دادگایکردنی تۆمەتباران، گرنگیی قووڵتر بە قوربانیان دەدات، هەر لەو ڕوانگەیەشەوەیە کە سندوقی متمانەی بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیان دامەزراندووە کە ئەم سندوقە لە دادگاکانی تردا نەبووە. گرنگی ئەم سندوقی متمانەیە بۆ کورد ئەوەیە، کە قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی تاوانەکانی دژ بە کورد ناچێتەوە ناو ململانێ سیاسییەکان، بەڵکو دادگا لە داهاتی سندوقەکەی قەرەبووەکە دەداتەوە.

دووەم: دانپێدانان بە سیستەمی دادوەریی تاوانکاریی هەرێم و عێراقدا، کە دادگا بە جێگیرکردنی پرەنسیپی تەواوکاریی نەک دەستتێوەردان ناکات لە کاروباری یاسایی ناوخۆی عێراقدا بەڵکو داندەنێت بە سیستەمە دادوەرییەکەی و تاوەکو پێواژووەکانی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن ڕاستەقینە بێت، سیستەمی دادوەریی خۆی کارەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت و بواری ڕەخنە ناهێڵیتەوە کە پێواژووی دادگایی دادگاکانی هەرێم و عێراق بەهۆکاری نەتوانین یان نەویستن ڕاستەقینە نین.

سێیەم: یەکێکی تر لە دەستکەوتەکانی بە ئەندامبوونی عێراق بریتییە لەوەی کە تاوانبار دەربازی نەبێت لە سزا. لە پێشەکی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگادا ئەوە جێگیرکراوە، کە ئەو تاوانە مەترسیدارانەی پەیوەستە بە هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە نابێت بەبێ سزا تێپەڕێت و پێویستە دڵنایی بدرێت لە دادگاییکردنێکی چالاکیان بەگرتنەبەری ڕێکارەکان لەسەر ئاستی نیشتیمانی بە گەشەپێدانی هاوکاریی نێودەوڵەتیی. ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی دادگاکە دەسەڵاتی دادوەریی وەرگرێت بۆ لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی تورکیا و ئێران دژ بە کورد و هاووڵاتیانی عێراقی.

چوارەم: بە ئەندامبوونی عێراق لە دادگاکەدا دەبێتەهۆی پاراستن و ڕێزگرتنی سەروەریی نیشتیمانەکەی، چونکە ئەوکات عێراق دەبێتە ئەندامی دادگا، هەر هێرش و هەڕەشەیەک بۆ سەر هەرێمەکانی عێراق وا لێکدەدرێتەوە کە بۆسەر دادگایە و دادگا دەست بە لێکۆڵینەوەی تاوانەکان و دادگای تۆمەتبارەکانی دەکات، بەوەش سنوورێک بۆ ئۆپەراسیۆن و بۆمبارانکردنەکانی سەر هەرێم و هەرێمەکانی عێراق دادەنێت. 

بەشکردن: