پەیوەندیی نێوان نەوت و دیموکراسی

د. قارەمان محەمەد حەسەن*

لە ساڵی ٢٠٠١ پڕۆفیسۆر مایکڵ رۆز، توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە و بە داتا و ڕوونکردنەوە سەلماندی کە نەوت ڕێگری لە دیموکراسی دەکات، لە وڵاتە هەژارەکانی دەوڵەمەند بە نەوت تاڕاددەیەکی زۆر دیموکراسی لەباردەبات. ئەمە یەکەم توێژینەوە نەبوو لەوبارەیەوە، بەڵام گرنگی توێژینەوەکە لەوەدابوو کە تەنیا پەیوەست نەبوو بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ئەنجامەکانی توێژینەوەکەی کاریگەریە نەرێنییەکانی نەوتی لە زۆربەی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت و کانزا سروشتییەکان لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاستی ئاسیادا سەلماندبوو. ئەمە لەکاتێکدابوو کە توێژینەوەکانی پێش ڕۆز زیاتر پەیوەست بوون بە نەوت و دیموکراسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. کەواتە نەوت چۆن کار لە دیموکراسی دەکات؟

پەیوەندییەکی پێچەوانە

لەو وڵاتانەی دیموکراسی تێیاندا لاوازە و خاوەنی دەزگا و دامەزراوەی بەهێز و سەربەخۆ نین و کاتێک پارتێک، گروپێک، بنەماڵەیەک یان کەمینەیەکی دەسەڵاتدار دەستبەسەر داهاتی نەوتدا دەگرێت، کاردەکات بۆئەوەی باج زۆر کەمبکاتەوە یان لایببات و خزمەتگوزرییەکانی بۆ هاوڵاتیان زیادبکات لەبەرامبەر بێدەنگبوونیان. ئەگەر لە دۆخێکدا پارت و گروپی ناڕازیش دروستببێت، ئەو حیزب یان کەمینەی فەرمانڕەوا داهاتی نەوت بەکاردێنێت بۆ کڕینی دڵسۆزیان و کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکان. لیرەدا ئەو چەمکە پێچەوانە دەبێتەوە خەڵک بە دەسەڵات دەڵێت “ئێمە باج نادەین، ئەگەر نوێنەری خۆمان هەڵنەبژێرین” ئابوری کرێخۆری ئەم دەرفەتە دەداتە دەسەڵاتداران کە بە ناڕاستەوخۆ بە خەڵک بڵێن “ئێمە باجتان لێوەرناگرین، و ئێوەش داوای نوێنەرایەتی لە ئێمە مەکەن”. لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی دەزگا و دەمەزراوەکانی وڵات لەلایەن ئەو پارتە یان کەمینە فەرمانڕەوایەوە، داهاتی نەوت یارمەتیان دەدات بۆ ئەوەی جومگەکانی ئاسایش و سوپا زیاتر کۆنتڕۆڵ بکەن بۆئەوەی لەداهاتوودا ئەگەر حکومەت باجی زیادکرد یان هاوڵاتیان ناڕەزایی دەرببڕن دژی بڕیارەکانی حکومەت، ئەم هێزانە دژی هاوڵاتیان بەکاربهێنن.

بە وردبونەوە لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری نەوت لەسەر گەشەنەکردن و لاوازبوونی دیموکراسی بە ڕوونی دەبینرێت. هەرچەندە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٩٢، دیموکراسی لە دۆخێکی خراپدابووە، بەڵام دۆزینەوەی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازەڕەکانی جیهان، حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بنەماڵەکان دەکاتە خاوەنی ملیاران دۆلار. داهاتی نەوت هێزی زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ بێدەنگ کردنی دەنگی ناڕەزایی و دامەزراندنی سەدان هەزار کەس لە لایەنگرانیان بەناوی فەرمانبەر و خانەنیشن. دوای ڕاگەندنی سەبەخۆ فرۆشتنی نەوت، هەرێم بە تەواوی دەبێتە هەرێمێکی کرێخۆر.

لێرەدا ئابوری کرخۆریی ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەو پەیوەندییەی نێوان داهاتی نەوت و لەباربردنی دیموکراسی. لەبەرئەوە پێش چوونە ناو بابەتەکە بە وردتر، کۆمەڵێک چەمکی پەیوەندیدار هەن،  ئەگەر لەیەکتری جیانەکرێنەوە، لەوانەیە تێکەڵییەک دروستبکەن . شیکردنەوەی ئەم چەمکانە لە سەرەتادا، دەروازەیەکی باش دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە.

لێكجیاکردنەوەی چەمکەکان

ئابوری کرێخۆری: ئابوریناسی  ئێرانی، حوسەین مەهداوی لە ساڵی  ١٩٧٠ ئابوری کرێخۆر و دەوڵەتی کرێخۆری بۆ ئەو دەوڵەتانە بەکارهێنا کە داهاتی وڵاتیان بە ڕێژەیەکی زۆر بەندە بە داهات و کرێیەک کە لەدەوەی وڵاتەوە دێت. حازم بیبلاوی وەزیری دارایی پێشووی میسڕ لە ساڵی ١٩٨٧ و دواتر لەگەڵ جاکۆمۆ لوشانی پڕۆفیسۆری ئابوریی دا ئەم بیردۆزەیان لەسەر وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت زیاتر پەرەپێدا. بە بۆچونی ئەوان، چوار مەرج پێویستن بۆ ئەوەی وڵاتێک یان دەوڵەتێک بە کرێخۆر بناسرێت:

یەکەم: ئەم کرێیە دەبێت ڕێژەیەکی گەورە و بەرچاو لە داهاتی وڵات پێکبهێنێت.

دووەم: ئەم داهاتە لەدەرەوە بێت واتا لە سەرچاوەیەکی بیانیەوە بێت.

سێیەم: تەنیا کەمینەیەک بەشدارن لە بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی ئەم کرێییە. زۆرینەی خەڵک تەنیا بەشدارە لە وەرگرتن و بەکارهێنانی ئەم داهاتە.

چوارەم: ئەم داهاتە دەرەکییە ڕاستەخۆ لەلایەن حکومەت وەردەگیرێت.

هەبوونی ئەم ئەم مەرجانەی سەرەوە، دەوڵەتانی دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان دەخاتە دۆخێکی لاوازی ئابوری چونکە  زۆرینەی داهاتی وڵات پەشت بە یەک سەرچاوە دەبەستێت و ئابوری وڵات پوەست دەبێت بە بەرزی و نزمی بازاڕی نەوتی جیهانیەوە. سەرەڕای دروستبوونی ئابورییەکی لاواز، پشتبەستنی زۆر بە کەرتی نەوت و گاز، کەرتەکانی دیکەی ئابوری بەرەو پوکانەوە و هەندێک جار نەمانیش دەبات. ئەمەش بە پەتای هۆڵەندی دەناسرێت. کەواتە ئەم پەتایە چییە؟

ساڵی ١٩٧٧ گۆڤاری ئابوریی (زە ئیکۆنۆمیست) بابەتێکی بڵاوکردەوە لەسەر نەخۆشی (پەتا)ی هۆڵەندی. ئەمەش دوای دۆزینەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە گازی سروشتی لە هۆڵەندا. بوونی ئەم گازە زۆرە وایکرد کە حکومەت تەواو پشت ببەستێت بە داهاتی ئەم گازە و کەرتەکانی دیکە فەرامۆش بکات. واتا نەخۆشی هۆڵەندی وادەکات وابەستبوون بە کەرتێكی دیاریکراوەوە پوکانەوە و داخورانی کەرتەکانی دیکەی لێبکەوێتەوە. لە هەرێـمی کوردستاندا نەخۆشی هۆڵەندی بە ڕوونی دیارە و هەموو کەرتەکان بووبەتە قوربانی کەرتی نەوت. هەرێمێک کە خاوەنی خاکێكی بەپیتە بۆ كشتوکاڵ و چەندان سەرچاوە و ڕێڕەوی ئاوی زۆری هەیە، خاوەنی هێزێکی کاری گەورەی گەنجانە و سەدان ناوچەی گەشتیاری و شوێنەواری هەیە، بەڵام هەموو کەرتەکانی ئابوری کراونەتە قوربانی کەرتی نەوت. سەرەڕای ئەمە پشتبەستنی بەداهاتی نەوت بە ڕێژەیەکی زۆر دەبێتە هۆی کێشەی ئابوری گەورەتر کە بە نەفرەتی نەوت ناسراوە. ئەی نەفرەتی نەوت چییە؟

دوای بڵاوبونەوەی کتێبەکەی ڕیچارد ئۆتی لەسەر نەفرەتی نەوت لەساڵێ ١٩٩٣، چەمکی نەفرەتی نەوت بۆ زۆربەی ئەو وڵاتانە بەکارهات کە ناتوانن سود لە نەوت وەربگرن و نەوت لەجیاتی گەشەی ئابوری، کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کۆی ڕەوتی گەشەسەندن لە وڵات وەکو خراپبوونی دۆخی ئابوری و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و لە هەندێک دۆخدا سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی و ململانێی چەکداری. هەموو ئەم ئاماژە نەرێنیانە بەڕوونی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەبینرێن.

بەسەیرکردنی ڕیزبەندی ئەم وڵاتانەی زۆرترین یەدەگی نەوتیان هەیە و ڕێژەیەکی زۆر نەوت بەرهەمیدەهێنن، ڕونتر دەبێتەوە کە دۆخی دیموکراسی لەم وڵاتانەدا لە چ ئاستێکدایە. بەگوێرەی (ڕاپۆرتی جیهانیی: ململانێ، حوکمڕانی و لاوازیی دەوڵەت لە ساڵی ٢٠١٧) لە کۆی ١٥ وڵاتی پێشەنگی نەوت (لەڕووی یەدەگی سەلمێنراو بەپێی ڕێژەی بەرهەمهێنانیان لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک لەم خشتەیەی خوارەوە ڕوونکراوەتەوە، تەنیا کەنەدای تێدایە کە بە تەواوی دیموکراسییە. بەپێی ڕاپۆرتەکە عێراق و نێجیریا چەند ڕەگەزێکی سیستەمی دیموکراسییان تیدایە وەکو هەبوونی دەستورێکی دیموکراسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵام بە دیموکراسی تەواو هەژمارناکرێن. جگە لەم وڵاتانە کۆی وڵاتانی ناو خشتەکە وڵاتانی نادیموکراسین و سیستەمێکی دیکتاتۆری و خۆسەپێنیان هەیە. هەرلەبەرئەوەشە زۆربەی توێژەر و لێکۆلەرەوانی ئەم بوارە لە مەهداوییەوە تا لێکۆڵینەوەکانی مایکڵ ڕۆز لەسەر ئەوە کۆکن کە داهاتی نەوت پاشەکشەی گەورە بە دیموکراسی دەکات و لەهەندێ حاڵەتدا دیموکراسی و دەنگی هاوڵاتیان بە تەواوی پەکدەخات، بەڵام ئەمە زیاتر بەدیاردەکەوێت لەو وڵاتانەی پێش دۆزینەوەی نەوت دامەزراوە دیموکراسییەکان بوونیان نیە، یان زۆر لاوازن.

ڕیزبەندی ناوی وڵات سیستەمی سیاسی ڕێژەی یەدەگ بۆ بەرهەم هێنان لە ساڵی ٢٠٢٠ (تا چەند ساڵی دیکە وڵاتەکە توانای بەرهەم هێنانی هەیە  بەگوێرەی ڕێژەی بەرهەمهێنان لە ساڵی ٢٠٢٠)[1]
١. لیبیا شکستخواردوو ٣٣٩.٢
٢. ئێران خۆسەپێن/دیکتاتۆری ١٣٩.٨
٣. کوەیت خۆسەپێن/دیکتاتۆری ١٠٣.٢
٤. عێراق دیموکراسی ٩٦.٣
٥. سعودیە خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٨٩.٤
٦. کەنەدا دیموکراسیی تەواو ٨٩.٤
٧. یەمەن شکستخواردوو ٨٦.٧
٨. ئیماڕات خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٧٣.١
٩. باشوری سۆدان شکستخواردوو ٥٦.٤
١٠. نێجیریا دیموکراسی ٥٦.١
١١. کازاخستان خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٤٥.٣
١٢. قەتەر خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٣٨.١
١٣. ڕوسیا خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٢٧.٦
١٤. بڕۆنای خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٢٧.٣
١٥. ئازەربایجان خۆسەپێن/دیکتاتۆری ٢٦.٧

 

هەروەک لە سەرەتادا ڕونکرایەوە، لە نەبوون یان لاوازی ئەم دەزگا و دامەزراوە دیموکراسی و چالاکانە، داهاتی نەوت دەکەوێتە دەستی کەمینەیەک یان پارتێك یان بنەماڵەیەک و ئەم داهاتە زۆرە بەکاردەهێنرێت بۆ کڕینی زۆرترین وەلائی هاوڵاتیان لە ڕێگەی دامەزراندنیان لە کەرتی گشتی و بێدەنگ کردنی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزیسۆن. هەروەها لەبەرئەوەی کەمینەی فەرمانڕەوا پشت نابەستن بە کۆکردنەوە و وەرگرتنی باج لە هاوڵاتیان، خۆیان بە بەرپرسیار نازانن بەرامبەر هاوڵاتیان و داهاتی نەوت بە داهاتی خۆیان دەزانین. کەواتا چۆن وڵاتانی وەکو کەنەدا و ئەمریکا و نەرویج خۆیان لەو نەفرەتە دورخستەوە؟

زۆربەی ئەو توێژەر و لێکۆڵینەوانەی باسی سەکەوتنی وڵاتی نەرویج دەکەن لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی وڵاتدا، هۆکارەکەی بۆ هەبوونی دامەزراوەی بەهێز و جیاوازی ئەم بوارە دەگەڕێننەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی نەرویجی سەرکەوتووکرد و لە نەفرەتی نەوت بەدووریگرت، دیموکراسی و بەهێزی دەنگی گەل بوو لە پێش هەر هۆکارێکی تر.

گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە نەرویج نەوتی تێدادۆزیەوە کە دەکاتە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٩ و ئاوڕدانەوە لە دۆخی سیاسی ئەو کاتە، کۆمەکمان دەکات بۆ باشتر تێگەیشتن لەم بابەتە. تەنیا لەنێوان ساڵانی ١٩٧١ بۆ کۆتایی ١٩٧٣ چوار حکومەتی نەرویجی گوڕدراوە. لە دۆخێکی ئاوادا، گەل و نەتەوەیەک کە هیچ لێبوردەییەکی نیە بەرامبەر هەڵەی سیاسیەکانی و چوار جار ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە و هەڵوەشانەوەی حکومەتیان بکات، چ سیاسییەک و فەرمانڕەوایەک هەیە بتوانێ داهاتی نەوت بۆ خۆی یان پارتەکەی بەرێت و دەست بەسەر ئەم کەرتەدا بگرێت!

لێرەوە پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە بپرسین، وەک لە خشتەی سەرەوە ڕووندەبێتەوە، عێراق و زوربەی وڵاتانی ناوچەکە یەدەگێکی زۆری نەتیان لەبەردەستە، ئەی ڕۆڵی هاوڵاتیان چییە لە نەفرەتی نەوتدا؟ ئایا دەکرێت ئێمە خۆمان بەدەستەوە بدەین بۆ نەفرەتی نەوت وەکو چارەنوسێک لێیبڕوانین؟ یان هاوڵاتیان دەتوان ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکەنەوە لە نەفرەتەوە بۆ خەڵات و نیعمەت؟ هەوڵدەدەم وەڵامی ئەم پرسریانە لە بەشی دووەمدا بدەمەوە.

 

سەرچاوەکان

  1. Ross, M.L., 2001. Does oil hinder democracy?. World politics53(3), pp.325-361.
  2. Moses, J.W. and Letnes, B., 2017. Managing resource abundance and wealth: the norwegian experience. Oxford University Press.
  3. Marshall, M.G. and Elzinga-Marshall, G., 2017. Global report 2017: Conflict, governance and state fragility.
  4. Mahdavy, H. and Cook, M.A., 1970. The patterns and problems of economic development in rentier states: the case of Iran. Life1000(1), pp.129-135.
  5. Brooks, S.M. and Kurtz, M.J., 2016. Oil and democracy: endogenous natural resources and the political “resource curse”. International Organization70(2), pp.279-311.
  6. Beblawi, H. and Luciani, G. eds., 2015. The rentier state. Routledge.
  7. The Economist, 1977 The Dutch disease.

[1] پێداچوونەوە بە ئامارەکانی وزەی جیهان، کۆمپانیای بی پی، ساڵی ٢٠٢١

*هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا لە زانکۆی وایکاتۆ، نیوزلەندا و دوو ماستەریشی خوێندووە لە بوارەکانی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ماکواری لە سیدنی، ئوستڕالیا. پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە لە بوارەکانی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زۆرێک لە زانکۆکانی کوردستان و لە نیوزلەندا. توێژینەوەکانی بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەنوسێت. ئێستا لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە واشنتۆن کاردەکات و سەرپەرشتی چەند پڕۆژەیەک دەکات دەربارەی وزە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگە و گواستنەوە بۆ وزەی خاوێن.

بەشکردن: