خیانەت؛ کاریگەری و خەسەرناسییەکەی لەسەر گەل و بزاوت و سەرهەڵدانەکانی لەبەستێنی مێژووی کوردستاندا
ئاراس گوڵزار
خیانەت چەمکێکە فرەڕەهەندە و پێناسەی زۆر بەخۆوە دەگرێ هەرلە خیانەتی کۆمەڵایەتییەوە کە خۆی لەناپاکی دوو هاوڕێ، دوو خۆشەویست، دوو هاوسەر، هەتا دەگات بە خیانەتی فکری، ئیدۆلۆژی، ئاینی کە خۆی لە شکاندنی سۆز و پەیمان دەبینێت، لەوێشەوە تا بەخیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی. ئێمە لێرەدا لەسەر خیانەتی نەتەوەیی دەوەستین کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “خیانەتی گەورە” بەناودەکرێ، دواتریش ئەم چەمکە گرێدەدەین بە مێژووی کورد و سەرهەڵدانەکانی ناویەوە.
خیانەت یاخود خیانەتی گەورە پێکدێت لە تاوانێکی سیاسی کە بەرامبەر بە گەل و وڵاتەکەت دەیکەیت، ئەم تاوانەش ئاسایش و ئارامی هەرکەس دەخاتە ناو مەترسییەوە، چونکە تەسلیمکردنی گەلە و نیشتمانەکەتە بە دوژمن؛ کردنەوەی دەرگایە بۆ دووژمنی خۆت و گەلەکەت، ڕەوایەتیکردنی نەیارە بۆ کۆمەڵکوژی کلتووری، فەرهەنگی، سیاسی، هونەری، ئابووری زۆرجارانیش کوشتوبڕوتاڵانی. کەسایەتی خیانەتکار ئەمانە لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی مادی و کەسی یاخود ماڵباتی و گروپ و حیزبیدا دەکات، کە ئەمە دەرچوونە لە هەموو پرنسیپە ویژدانی و ئینسانی و ئەخلاقییەکان، خیانەت ژێرپێخستنی نرخ و بەهاکانی گەلە بۆ سەرپێخستنی بەهاگەلی ساختەوە و کاتی و تێپەڕ. لە کورتی کردەی خیانەت و کەسی خیانەتکار پشتی لە گەل و نیشتمانی کردووە و ڕووی لە دووژمنە، لە هەمووئاستێکدا خۆی گرێداوە بە جەلاد و ڕەقیبەکەیەوە، لە بازاڕێکدا ژیان دەکات کە دووژمن تەحەکومی پێوەدەکات و نرخی لەسەر دادەنێت.
ئەم کردەیە کە کەس یاخود ماڵبات و خێڵ یاخود گروپ و حیزبی پاشڤەڕۆ ئەنجامی دەدەن دووسەرە زیان و خەسارناسی خۆی جێدەهێڵێت، چ لە ئاستی ناوخۆ چ لە ئاستی دەرەوە، ناوەوە کرمۆڵ دەکات و دەرەوەش بەرگەی هیچ فشارێک ناگرێت و دەسپێرێت بە وێرانەیی.
<<تۆ شارەزای دارستانی منی، ڕێگاکانی و گشت نهێنییەکانی دی. تۆ لەهونەری قسەکردنیشدا زیرەکی.
من دەبا هەر لە دەروازەی دارستانەکەمدا، تۆم بکوشتبایە وگۆشتەکەشتم دەرخواردی باڵندان، قەلەڕەشکە و هەڵۆیان دابا. ئەنکیدۆ، ئێستا ژیانی من لەناو لەپی دەستەکانی تۆدایە.>>
تابلۆی شەشەم ١٤٩ــ١٥٣.
ئەنکیدۆ کاراکتەری ڕەمزی و هێمایی ناو میتۆسە “داستان” لە هەمانکاتدا یەکەمین خیانەتکاری ناو مێژووی کوردە بەگوێرەی دەقی نوسراو، هەرکات باس لە ئەنکیدۆ دەکرێ خیانەت دێتە بیری ئێمە هەرکاتێکیش باس لە خیانەت بکرێ ئەنکیدۆ دەبێتە بنگە، بە بڕوای ئۆجالان ئەنکیدۆ ڕەمزی خیانەت و ئاژانێتیە لەسەر گەلی خۆی؛ لە خۆشیدا ئەنکیدۆ دەبێت بە هێڵێک-خەتێکی خیانەتکاری کە لە سۆمەرەوە درێژ دەبێتەوە تا بە ئەمڕۆمان دەگات؛ ئەنکیدۆیەک کە کوڕی خاک و هاوڕێی مرۆڤ و گیاندارەکانە پشت لە باشترین هاوڕێی “هومبابا” دەکات، نەخشەی زێدەکەی دەدات بە کوڕی خودا و ڕەقیبەکەی”گلگامێش” سەوزایی دارستانەکان و بەرزی و هەیبەتی شاخەکان، ژیانی سروشتی ناو ئاژەڵان جێدەهێڵێت و لە دەوری دەوڵەت” خواوەندی”ی دەگەڕێت.
“دۆستەکەم، هومبابا پاسەوانی دارستانەکەیە
ئەو بکوژە، گیانی دەربێنە، لەناویبەرە
پێش ئەوەی ئێنلیلی هەر مەزن گوێی لێ بێت
دوایی خواوەندە گەورەکان لێمان توڕە دەبن
ناوبانگێکی نەمر بۆ خۆت پەیدابکە، ناوێکی هەمیشەی گەلگامێش ئەو کەسە بوو کە هومبابای کوشت”
تابلۆی پێنجەم ٢٠٠ـ٢٠٦
لەو دەمەوە ئیدی خیانەت وەک خانەکانی سەرەتان بە لەشی کورددا بڵاودەبێتەوە، ئەنکیدۆ لە قۆناخێکی دیدکەدا و بە فۆڕمێکی دیکەوە دەبێت بە هیپارخۆسی فەرماندەی هێزەکانی دەوڵەتی ماد و خیانەت لە ئاستیاگ دەکات، گەلەکەی، دەوڵەت و خاک و پیرۆزییەکان ڕادەستی کۆرش و نەبوناید دەکات و دەوڵەتی ماد و کۆنفیدڕاڵی بەڕێوەبەرایەتییان کۆتاییپێدێنێت؛ لە هیپارخۆسیشەوە دەربازی یەزدان شێردەبێت کە فەرماندەی هێزی میرنشینی بۆتانە و ئەرکی سەرەکی بەرەڤانیکردنە لە خۆسەری لەلایەک و لەلایەکی دیکەدا لەناوبردنی هەر هێرش و مەترسییەک بۆ سەر میرنشینەکە، بەڵام زانابوونی خۆی لە ئاستی لەشکریدا دەخاتە خزمەت ئینگلیز و تورکەکان و هەرێمی جەزیرە و بۆتان تەسلیم دەکات. علی بەگ و ئەحمەد بەگ لە زولفەقار، مەحمود ئالیکانی لە خانی لەپ زێڕین، مەلای خەتێ بە فەتوا لەدژی میرنشینی سۆران، سۆفی عبداللەی فەنەک لە شێخ عبدولسەلام، خیانەتی مەلا ئیدریسی بەدلیسی لە کوردانی باکور، شێخ فەهمی و جەلال خانی قەرەباغ و محمد ئاغای مامەش لە جوڵانەوەیی ئاینی-نەتەوەیی شێخ عوبێدوڵای نەهری، هێڵی خیانەتکاری لەناو سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزای دەرسیم، هەتا ئەو دادوەرەی بڕیاری لەسێدارەدانی شێخ سەعید دەدات ناوی علی سایبە و بەڕەچەڵەک کوردە، تا دەگات بە جێگرتنی عەشیرەت و خێڵە خۆفرۆشەکانی ناو سوارەی حەمیدیە کە پێکهاتبوون لە مامەش، ئەتروشی، زلیان، شادلی، میران، ئادمان، جەلالی، زرکی و دەیانی دیکە. ناوەستێ و بەردەوامی دەدا تا شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات، ناوخۆی هەردولا و دوو دیموکرات و چوار کۆمەڵە، تێکبەربوونی مەلامستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد، خەتی جەلالی و مەلایی، شەڕی نێوخۆی یەنەکە و پەدەکە، بەرەی جوق و جود، یەنەکە و پەدەکە لەگەڵ پەکەکە بە بڕیاری میت کە لەنێو پەرلەمانەوە جاڕدرا، حسک و پەدەکە، یەنەکە و بزوتنەوەی ئیسلامی، دروستبوونی گروپی چوار چەتە لەناو پەکەکە، لەشاهینەوە تا عسمان و نیزامەتین تاش، تەسفیەکاری بەرفرەی ناو مێژووی نوێی حیزبەکانی چوارپارچەی وڵات پێش ئەوانیش عەشیرەتەکانی ڕێکانی و بارزانی و سورچی و برادۆستی، تەسفییەکاری سورچی و برادۆستییەکان بە دەستی بنەماڵەی بارزانی.
خێڵ و خیانەت
ئەقڵییەتی خێڵ و عەشیرەتگەری بەو ڕەنگەیە سنوری خێڵەکەی سنوری نەتەوە و خاک و زمانەکەیەتی، هەرکاتێ ئەو سنورە تەسکە کەوتە مەترسییەوە ئیدی وەک ئەوەیە تەواوی هەبوونی لە مەترسیدابێ، بۆ دەربازبوونیش نەک ئەو پەیمان و سۆزانەی بەستوویەتی لەگەڵ خێڵ و عەشیرەتەکانی دیکە بەڵکو ئامادەیە دەستبەرداری نەتەوە و بنەچەکەشی بێت؛ وەک ئەوەی لە پێشوودا لە بنەماڵەی مامەش و قادر ئاغا، کە چۆن کەوتنە بەرەی دووژمن و هاوشان بە حەسەن خانی گەڕووسی دەستیان لە شۆڕش بەردا و بوون بە ئاژانی دەوڵەتی قاجار.
تاک-یش لەناو خێڵدا بە گوێرەی پێویستییەکانی خێڵ بیردەکاتەوە و ڕەفتار دەکات، پەروەردەی دیوەخان لەجێی پەروەردەی سیاسی و فکری، ڕێکخستن بەتامی ڕەعیەت و پاشکۆیەتی بۆ سەرۆکی خێڵ و عەشیرەت و نەوەکانیان، باوەڕیی ناوەڕۆک بۆش لە هەرجۆرە زاناییەک کە خێڵ دەربازی نەتەوە بکات، لە جێگەی هاونیشتیمانی خزمایەتی و خوێن، لە جێی پارادیگما تەعەسوب و دەمارگیری، شامانیزم لەجێی دەستە و ئەنجومەنی خۆسەر…. تاد . لەم وێنەدا ئەوەی فەرمان دەکات سەرۆکی خێڵە فەرمانەکانیشی خودایین، واتە پیرۆزە و کەس بۆی نییە لێی دەرکەوێ، هەرجۆرە لادانێک دەبێتە خیانەت؛ کۆمەک بە مێژوو بەشێکی بەرچاو لە بڕیارەکانی سەرۆکی خێڵ ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ خۆسەری نەبووە بەڵکو بڕیار و فەرمان یا باندۆری دەوڵەت بوون، کەواتە تاک بە ناڕاستەوخۆ لە دەوڵەتێکی بچوکدا ئەرکدارە تواناکارییەکانیشی خزمەتی دەوڵەت دەکات، بێئەوەی ئاگاداربێ خەریکی خیانەتە و سەر بە هەمان هێڵە.
سێ کوچکەی پارە+دەسەڵات+سێکس
شێوازی کلاسیک بۆ بڵاوکردنی فایرۆسی خیانەت لەنێو لەش و زهنی کوردان لە دەوری پارە و دەسەڵات دەخولایەوە. گەر دەوڵەتان خوازیاری پیلانی ئەناکۆندا بونایە لەسەر کوردان (سیاسەتی ئەناکۆندا لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بەو ڕەنگەیە وەک چۆن ماری ئەناکۆندا نێچیرەکەی لەت لەت دەکا ئەوجا دەیخوات؛ دەوڵەتانی داگیرکەریش کوردانیان لە یەک دادەبڕی و پارچە پارچەیان دەکردن، ئەوجا ئەجێندای خۆیان لەسەر جێبەجێدەکردن و لەئەنجام و هیوا و چاوەڕوانییەکانیان دەخستن). لە ڕێگەی پارە و بەڵێنی دەسەڵات و پاوانەوە لەسەر ڕێگەی ڕاست کە یەکێتی کوردان بوو دەریان دەخستن؛ پێکدادانی خێڵ و عەشیرەتەکان، شەقەی میرنشینەکان لە یەکتر بەگژدادان و چاوسورکردنی بزاوتە ماڵباتی و کلاسیکییەکان لە یەکتر، نمونەی هەری دیاری ئەو مێژووەیە؛ واتە پێدانی دەسەڵات و پاوان بۆ هێزی کوردان نەبووە بەڵکو لە ڕێگەی ئەو هێز و پاوانەی پێیان دەدرێت یەکتری لەناوببەن .
ڕێگەی سێیەم کە سێکسە لەسەر تاک جێگەی باسە.
ڕەنگە سەرنجدان لە ڕێگەی دەرونشیکاریەوە لەسەر گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و بەتایبەتیش لەسەر کوردان کۆمەککەر بێ، بە حوکمی نەبوونی میراتێکی سیاسی-فکری-پەروەردەیی و مۆڕاڵی لە ئاست دۆزێکی گەورە و گرنگ کە مافی کوردانە بۆ خۆسەری و ژیانێکی ئازاد و بەڕوومەت؛ ئامانجگرتنی سیاسییەکان، کەسایەتی و ڕۆشنبیران دواتر بەکارهێنانی وەک مەلەفێکی ئەخلاقی و سیاسی ئامانجی وڵاتانی داگیرکەر و دەزگا هەواڵگیرییەکانیان بووە. کەم نەبوون ئەو کەسانەی لەم ڕێگەوە لە شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی خراون و کەسایەتییان فەسادکراوە، دواتریش وەک بۆمبێک لەدژی سەرهەڵدان و شۆڕش بەکارهێنراونەتەوە. بێ هۆ نییە ئەم پرسە لەنێو حەرەکەتی ئازادیخوازی کورددا بە سەرکردایەتیی پەکەکەدا حسابی لەسەر دەکرێت و لەسەری دەوەستن، چونکە ئاسان نییە دەربازبوون لەم سێکوچکەیە، پرسی ژیان پرسێکی سیاسی- ژیانی و کۆمەڵگەیییە، بۆئەوەی لەم سێکوچکەیە دەربازبیت پێویستە بەناو پەروەردەی فکری- سیاسی-ئیدۆلۆژیدا دەربازبیت؛ ڕەهەندە قوڵ و گرنگەکانی پرسی ژن گرێدراوی مێژوویەکی دوورودرێژە و لێرەدا بابەتی ئەم باسە نییە بۆیە ئانالیز ناکرێ، وەکوتر بەشێکی بچوکی پەیوەست بەم بابەتەیە بۆیە ڕاوەستەکە پێویستبوو.
شەڕ لە باشور بەسەرەکی شەڕی هەواڵگرییە.
“بەدەزگابوونی هێڵی خیانەت”
گەر لە قۆناخی کۆن و ناوەڕاست هەتا بەسەر نوێدا دەدەین، گەرای خیانەت لە ئەنجامی کارکردی دەوڵەتان و لاوازی ئەقڵییەتی سیاسی کورد بەشێوەیەکی کلاسیک لەنێو ڕەوەند و تیرە و خێڵ و عەشیرەت و میرنشینەکان، تا دەگات بەسەرهەڵدان و جوڵانەوە دینی – نەتەوەیییەکانی شێخ عوبێدوڵا عەلی شێر و شێخ سەعید و شێخ مەحمود و پێشەوا قازی و سمکۆ دانرابێ، ئەوا ئەمرۆ لەبەرزترین ئاستدا جێدەگرن و وەک خانەکانی سەرەتان بە لەشی کوردا بڵاوبوون؛ گەرچی زهنییەت و هەستەکان، چەمک و دەستەواژەکان، ململانێ و باڵانسەکان، بەرژەوەندی و شەڕەکان، لە ملی سیاسی- ئابووری- فکریدا دەربازی قۆناخی نوێ بوون، بەڵام هێشتا ئەو هێڵە “هێڵی خیانەت” درێژەی هەیە و بەگوێرەی پێویستی داگیرکەر گەش و هەراشە.
بەشێک لەو هێزولایەنانەی لەسەر ئەم هێڵە دەژین و ڕابەرایەتی دەکەن ڕەگی مێژوویییان هەیە. بەشێکی دیکەیان لە چوارچێوەی گرێبەستی سیاسی-بازرگانی- هەواڵگیری و زانیاری کەوتوونەتە داوەوە و تەسلیمی مەرجەکانی داگیرکەربوون بۆ مانەوە و ئیدامەکردن ناچار ماون یان لەناو هێڵی خیانەتدا جێبگرن بەتەواوی یاخود بەشێکبن لەو ماشێنە.
لە کاتی شەڕی خیانەتکارانەی نێوان یەکێتی و پارتی لە ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨، دەوڵەتی تورکیا هەوڵی ناوبژیکردنی دەدات لە هەمان کاتیش رێگری دەکرد شەڕەکە بوەستێت، تا لە ١٩٩٨ کە رێککەوتننامەی واشنتن ئیمزا کرا، یەکێک لە بەندەکان ئەوە بوو کە یەکێتی و پارتی پێکەوە شەڕی پەکەکە بکەن و بە هیچ شێوەیەک رێنەدەن هیچ بارەگا و بنکەیەکیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەبێ. هەر بۆیە کاتێک رێککەوتنەکە ئیمزا کرا، یەکەم دەوڵەت پێشوازی لێ کرد، تورکیا بو چونکە تورکیا لەو رۆژەوە بوو بە بڕیاردروستکەرێکی سەرەکی لە کاروباری هەرێمی کوردستاندا.
خیانەت لە خیانەت
خیانەت لە هێڵی خیانەتکاری
خیانەت لە خیانەت چەمکێکی ژیل دۆڵۆزە، سکپڕە بەو مانایە: گەرەکە لە خەتی خیانەت دەرکەوین، خاوەن هەڵوێست و پڕۆژەبین، زانا و سیاسی بین و بە هیچ ئایدیایەکی داگیرکاری فریونەخۆین، خاوەن هێڵی خۆمان و خۆسەری بین؛ لە ملی فکردا پارادیگمای ڕەسەن لەجێی ناڕەسەن دابنێین، حەقیقەت لەجێی وەهم و چەواشە، ئازادی بیرکردنەوە لە جێی دۆگما، سیاسەت وەک هونەری ئازادی لە جێگەی سیاسەت وەک ئامرازی فێڵ و ساختەکاری، ئابووری لە جێگەی پارە چونکە ئابووری پارە نییە و پارەش نابێتە ئابووری، بەگشتیش پێناسەکردنەوەیەکی نوێ و ژیانی بۆ چەمکەکان. ئەوەی لە ئەمڕۆدا هەندێک هێزولایەن بنکەوتوون و وڵاتپارێزیان قوربانی بەرژەوەندییەکانیان کردووە و تەسلیمی داگیرکەربوون چەواشەکاری لەسەر ئاستی سەرجەم چەمک و نرخەکان دەکەن، دەخوازن خیانەت بکەن بەکلتوورێک و دەرخواردی تاک بەتاکی کۆمەڵگای بدەن و وەک خۆیان، گەل-یش لەسەر هەمان هێڵ ژیان بکات، شتێکی نامۆ نییە ئەمڕۆ بە ئازادیخوازانی بادینان دەڵێن خیانەتکار و بە 31ی ئاب دەڵێن بەرەڤانی و شانازی، وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری ناودەنێن خیانەت و مەترسی، خیانەتیش ناودەنێن نەتەوەسازی و دەوڵەتداری؛ ئەمە ڕوو بەهەرکەس دەڵێن کە ژیانێکی پاک دەژی و تەسلیم نابێت، کارو خەباتی ئەو هاوڕێیانە” چالاکوانی بادینان، سەرجەمی ئەوانەش ئەمڕۆ لەناو خەباتدان و بۆ ژیانێکی ئازاد دەژین” خیانەتێکی پیرۆزە لە هێڵی خیانەتکاری ناو کوردان، پێویستە هەرکەس لەڕێگەی خیانەتی پیرۆزەوە کە هەمان واتای بەرەنگاری و بەرخودانییە خاوەندارییەتی لە ژیانێکی ئازاد بکات و داگیرکاری و خیانەتکاری بووەستێنێ.
کاتێک نازم حیکمەت زیندانی دەکرێ، لەسەر هەڵوێستە شۆڕشگێڕی و نیشتمانی و ئازادیخوازییەکەی، دێن بە تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی بە ناوی دەکەن، ئەویش بەو ڕەنگە لەسەر خیانەتی خۆی دەنوسیت:
گەر وڵات سەرا و هاوینەهەوارەکانی ئێوە بێت
گەر وڵات قاسە و دەفتەری چەکەکانی ئێوەبێت
گەر وڵات مەرگی سەر ڕێگایەکی خاکی بێت
وڵات گەر وەک سەگ لەسەرما هەڵلەرزین و
بێقەراری و جاڕسی بێ لە گەرما
گەر وڵات نۆشینی خوێنی گەشی ئێمەومانان بێت
وڵات گەر پەنجە و نینۆکی ئاغاکانتان بێت
وڵات گەر مانەوە و یەخسیری بێت لەناو تاریکی بۆگەنیماندا
من خائینی وڵاتم!
بنوسن بەسێ دێڕی پانوپۆڕ هاوارکەن
نازم حیکمەت بەردەوامە لە خیانەت بە نیشتیمان.