بۆ دەبێت بە شێوەیەکی دروست سەداممان لەبیر بێت؟

محەمەد ئەلوائیلی*

وەرگێڕانی لە ئینگلزییەوە: زانا عوسمان

لە دەروونناسیدا ئەوە شتێکی زانراوە کە لەبیرکردن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ڕێکخستنە هزری و دەروونییەکاندا. ئێمە مەیلمان وایە کە ئەو شتانە لەبیر بکەین کە گرنگ نین و کاریگەریی یادەوەرییە ئازاربەخشەکانیش کپ بکەین، تا ئاستی سەرکوتکردنیان بە تەواوەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک یادەوەری نابێت لەبیر بکرێن و چەندێکیش ئازاربەخش بن دەبێت بە دروستی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بۆ بەدووربوون لە سەرهەڵدانی زەبرێکی دەروونی کە دەکرێت بە توندی کار لە ژیانی مرۆڤەکان بکات. ئەمە هەم بەسەر بیرەوەری نەتەوەکان و هەم بەسەر تاکەکانیشدا پیادە دەبێت. لە عێراقدا، ئێمە وەک نەتەوەیەک بە شێوەیەکی دروست کارمان لەسەر یادەوەریی سەدام نەکردووە. لە دەرئەنجامیشدا، ئێمە ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبینەوە و بە ڕوونیش ئاگامان لێی نییە.

ماوەیەکی کەم پاش کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، ئەرشیفی بەعس لەلایەن کەنعان مەکیە و موستەفا کازمی دەستی بەسەردا گیرا و درایە دەستی ئەمریکییەکان. لەکاتێکدا ئەو هۆکارەی بە ڕای گشتی وترا ئەوە بوو کە بۆ پاراستنی ئەرشیفەکە بووە، ئەمریکییەکان وایان کرد دەستگەیشتن بە ئەرشیفەکە زۆر گران بێت. هێشتا پاش دوو دەیە زۆر وردەکاریی ئەو دڕندەیی و خوێنڕێژییەی سەدام ئەنجامی داون شاراوە ماونەتەوە. هەرچەندە ئەمریکییەکان ئەرشیفەکەیان دایە دەستی عێراقییەکان، هیچ نیشانەیەک نییە کە بزانرێت ئایا دەستگەیشتن بە ئەرشیفەکە هەیە، ئەوە با هەر باسی هەبوونی هیچ تامەزرۆییەک لەلایەن توێژەران و ڕای گشتییەوە نەکەین تا بە ڕاستی دەستیان بگات بە ئەرشیفەکە و ئەوە ئاشکرا بکەن کە شاراوە بووە لە خەڵکی عێراق. ئەمڕۆ، بەشێکی زۆر بچووکی ئەوەی سەدام بەرامبەر خەڵکی عێراق ئەنجامی دەدا بۆ ڕای گشتی بەردەستە، چوونکە زۆر بەڵگە فەوتێنراون.

ئەم واقیعە بۆتە هۆی چەند دەرئەنجامێکی مەترسیدار. بۆ نموونە، لەمڕۆدا بەشێکی زۆری لاوان تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ڕابردوو نییە. ئەوانەی پاش ٢٠٠٣ یان ماوەیەکی کەم بەر لەوە لەدایک بوون ناتوانن تێبگەن لە مانای گەورەبوون لەگەڵ چەند کەناڵێکی کەمی تەلەڤیزۆندا و ترسی لەناوبردنی تەواوی خێزانەکە ئەگەر ‘ڕابەر’ ڕەخنە کرابا، تەنانەت بە هەڵەش. ئەوان ناتوانن لە ئاستی ئەو سانسۆر، فشار و هەژارییە تێبگەن کە ئەوکات هەبوو، هەرچەندە ئێستاش وەک نیگەرانیەکی گەورە ماوەتەوە، بەڵام ناتوانرێت بەراورد بکرێت بەوەی ئەوکات بوونی هەبووە. لەکاتێکدا وا دیارە کە ژیان لەمڕۆدا فشارێکی زۆر دروست بکات، نەوەی نوێ ناتوانن وێنای ئەو بێدەرەتانی و نەبوونی تەواوەتی بژاردەکان بکەن کە لەژێر حوکمی سەدام حسێندا لەئارادا بووە. هەر لەبەر ئەمەیە سەختە بۆ ئەوان پێزانینیان بۆ زۆر شت هەبێت کە ئەمڕۆ هەیانە، بەتایبەت کە دۆخی هەنووکە بەو شێوەیەش شامی شەریف نییە، هەروەها لەبەر ئەوەی زۆر ئاڵنگاریی دروست بووە و زۆر دڕندەیی تر پاش حوکمی سەدام حسێن و سەرهەڵدانی ‘عێراقی نوێ’ ئەنجام درا.

لە هەمان کاتدا، چەندین کار و کردەوەمان هەیە کە نابێت لەژێر حوکمی دیموکراسیدا ڕێگەیان پێ بدرێت. ئێمە دەبینین سەرکردەکانمان خاوەنی کۆشکی زەبەلاح، دەستوپێوەند و پاسەوانی تایبەتن. دەبینین کە تا ئاستی پەرستش ستایش دەکرێن، لەکاتێکدا ناحەزترین پێشێلکارییەکانیان بۆ دەچێتە سەر، کە ساناترنینیان بەریتییە لە بەکارهێنانی داهاتە گشتییەکان بۆ سوودی کەسی. زۆر سیاسیمان هەیە کە دەبێت سەدام حسێنمان بەیاد بهێننەوە، هەر لە زاخۆوە تا ئوم قەسر. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەرئەوەی نەوەی پێشوو وا دیارە کە سەدامیان لەبیر چووبێتەوە و، نەوەی نوێش وێنەیەکی ورد و پڕوردەکاریی حوکمڕانییەکەیان نییە، ئێمە بە بینینی چەندین کرداری سەدام داناچڵەکێین کە خەریکە لەمڕۆدا و لەژێر سیستمی بەناودیموکراسیدا زیندوو دەکرێنەوە و دەگەڕێندرێنەوە.

ئەوەی وا دەکات بارودۆخەکە خراپتریش بێت ئەوەیە کە سەرباری لاوازبوونی یادەوەریی حوکمڕانیی سەدام، بە ڕێگایەکی تەواو وردداڕێژراودا هەوڵێکی بەمەبەستیش هەیە بۆ گۆڕینی ئەو یادەوەرییە. لە وتارێکی پێشتردا ئاماژەم بە هیوای واقیعبین و ئەوە کرد کە چۆن ڕەشبینی لەلایەن نەیارانی عێراقی نوێوە بەکار دێت بۆ سنووردارکردنی پاڵپشتیی ڕای گشتی بۆ کردە دیموکراسییەکانی وەک هەڵبژاردنەکان. هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ڕەشبینی، سۆزی ‘تاسەی ڕابردوو’ دروست دەکەن. مێژوونووسان و دەرووناسان لەوە هۆشدارمان دەکەنەوە کە تاسەی ڕابردوو هەمیشە بێزووکردن بەو شتە باشانەوە نییە کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە. بەڵکو نوسخەیەکی گۆڕدراوی ئەو شتانەیە کە خەڵکی دەیانەوێت بەشێوەیەکی دڵخواز بیریان بێتەوە و پەردەپۆشکردنێکی شتە نەرێنی و دڵنەخوازەکانە. بە دەربڕینێکی تر، چەند بەراوردکردنێکی بەمەبست-هەڵبژێردارو لەخۆ دەگرێت کە زۆرجار بەپێی کارنامەیەکی تایبەت هان دەدرێت. لەکاتێکدا هەندێک جار خەڵکی وتەی تاسەکاری ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە بێ ئەوەی بەقووڵی بیریان لێ بکەنەوە، بەوە بێمەبەستانە ئەو کارنامەیە کارا دەکەن و بەوەش بێئومێدی و ڕەشبینی زیاتر دەربارەیان بڵاو دەکەنەوە. کاتێ نەوەی ئێستا لەم سەردەمی تەکنەلۆجیایەدا ناتوانن وێنە، بەڵگەنامە، تۆمار، لێکۆڵینەوەی پڕوردەکاری، فیلمی بەڵگەنامەیی و دراما دەربارەی ڕابردووی تاریکی عێراق بدۆزنەوە؛ لەکاتێکدا ئەو نەوەیە هاوکات ئەو کارەساتانە دەبینێت کە ئەم دواییانە بینیوتی لەڕووی تیرۆریزم، تایەفەگەرایی و نەژادپەرستی، گەندەڵی و خزمخزمێنەوە، ئیتر ئەوە ڕێی تێ ناچێت کە ئەو نەوەیە وێنەیەکی وردی ڕابردووی نزیکی لا گەڵاڵە ببێت، هەروەها بزانێت کە بە چ ڕێگەیەک لە ئێستا جیاوازە و، چۆن ڕابردوو کاری کردۆتە و کار دەکاتە سەر ئەو هەموو کێشەیەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی دەبنەوە. کاتێک نەوەی نوێ گوێیان لە وتەی تاسەکاری ڕابردوو دەبێت دەربارەی سەردەمی سەدام، هەروەها کاتێک وردەکاریی پێویست دەربارەی ڕابردووی تۆقێنەری عێراق نییە، ئیتر ئەو نەوەیە وەک ئەفسانە و چیرۆک مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات کە ڕووی داوە، نادڵنیا لەوەی باوەڕ بە کێ بکات: ئەوانەی بە باڵای سەدام و سەردەمەکیدا هەڵدەدەن، یان ئەوانەی باسی دڵڕەقییەکانی حوکمڕانییەکەی دەکەن. ئەمە وا دەکات زۆر سەخت بێت بۆ نەوەی نوێ تا دونیابینیەک بۆ داهاتوو گەڵاڵە بکەن لەسەر بنەمای ڕابردوو و ئێستا. هەروەها ئەو نەوەیە کۆمەڵێک ستاندارد و پێوەریشی نابێت سەبارەت بەوەی دەبێت خەبات بۆ چی بکات، هەروەها ئەوەی دەبێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی چی بکات.

لەبەرئەوەی شکستمان هێناوە لەوەی بەشێوەیەکی گونجاو ئەو ڕابردووە بەزەبر و دڵتەزێنە بخەینە بەرباس، چەندین ساڵ بەسەر لابردنی سەدامدا تێپەڕیوە و کەچی دەیان هەزار خێزان هێشتا بەتاسەوەن بزانن چەندین ساڵ لەمەوبەر چی بەسەر کەسە خۆشەویستەکانیاندا هاتووە، زۆرێکیش هیچ قەرەبووکردنەوەیەکیان لەلایەن دەوڵەتەوە وەرنەگرتووە. ئەمە هاوشێوە بەسەر کورد و عەرەب و هاوڵاتیی نەژادەکانی تری وڵاتەکەدا جێبەجێ دەبێت. لەبەرئەوەی ئێمە پێویستی و گرنگیی کارکردن و قسەکردن لەسەر ڕابردوو نابینین، ئەو کارەساتانەمان فەرامۆش کردووە کە ماوەیەکی زۆر نییە ڕوویان داوە، وەک ئەوەی بەسەر ئێزیدییەکاندا هات و ئەوەی کە چۆن ‌هێشتا لەمڕۆدا هەندێکیان ونن، لەکاتێکدا هێشتا هیوا هەیە کە بە زیندوویی بیاندۆزینەوە.

ئەوەی کە چۆن مامەڵەمان لەگەڵ ڕابردوودا کردووە قبوڵکراو نییە. زۆرێک پێیان وایە لەبەرئەوەی ڕژێمی بەعس لابراوە ئیتر گۆڕانکاری بەدی هاتووە. تیۆریای سیستەم ئەوەمان فێر دەکات کە گۆڕینی پێکهاتەکانی سیستەم، لەم حاڵەتەدا کەسەکان و ڕێکخستنەکان، کەمترین گۆڕانکاری دروست دەکات. ئەگەر دەمانەوێت قووڵتر وڵاتەکەمان بگۆڕین، دەبێت مەبەستی دەوڵەتەکەمان و پەیوەندی بە خەڵکەوەوە بگۆڕین: دوور لە فەرمان و کۆنتڕۆڵ و ڕووەو سوود و خزمەتکردن. مارک تواین لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: “ڕابردوو خۆی دووبارە ناکاتەوە، بەڵام زۆرجار شەپۆل دەداتەوە.” ئەگەر فێر نەبین بە دروستی مامەڵە لەگەڵ ڕابردووماندا بکەین، بەدوور نیین لەوەی بکەوینەوە سەر ئەنجامدانەوەی کردە کۆنەکان. ڕەنگە بەعس نەگەڕێتەوە، بەڵام عەقڵیەتەکەیان هێشتا ون نەبووە. دەتوانرێت لە هەموو شوێنێک، لە زاخۆوە تا ئوم قەسر، ببینرێتەوە.

 

*محەمەد ئەلوائیلی نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە بوارەکانی پەرەپێدان، چاکسازی و قۆناغی وەرچەرخان دەنووسێت، ئەم بابەتەی تایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسیوە.

بەشکردن: