میکانیزمەکانی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی داعش

د. ئاوارە حسێن 

پێشەکییەکی کورت

ئەوەی کە گومان هەڵناگرێت ئەو تاوانانەی کە لەدژی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی (٢٠١٤) ئەنجامدرا، دەچنە چوارچێوەی تاوانەکانی (جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگەوە).

بە گشتی داعش نزیکەی (٥٠٠٠) پێنج هەزار ئێزدی کوشتووە و (٧٠٠٠) حەوت هەزاریشی ڕفاندووە،  زیاد لە (٩٠٪) نەوەد لە سەدی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ماڵ و زێدی خۆیان دەرکراون و لە کامپەکاندا ئاوارەبوون، هەروەها داعش (٤٢) چل و دوو شوێنی ئاینی ئێزدییەکانیان وێرانکردووە و ماڵ و سامانیانی تاڵانکردوون. هەموو ئەمانەش بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کە داعش بە ئاشکرا ویستویەتی ئێزدییەکان وەک گروپێکی ئاینی لەناوبەرێت و بە مانا یاساییەکەی جینۆسایدیان بکات.

لێرەدا هەوڵدەدەین باس لەو ڕێگایانە بکەین کە لێیانەوە تۆمەتبارانی داعشی پێ دادگایی دەکرێت:

یەکەم/ لەسەر ئاستی ناوخۆیی

(١) لەسەر ئاستی هەرێم: نۆ ساڵ بەسەر تاوانی دژ بە ئێزدییەکان تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی هەرێم و لە پەڕلەمانی کوردستان یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەرنەچووە، وە لە یاسای سزادانی عێراقیشدا تاوانە نێودەوڵەتییەکان تێهەڵکێش بە یاساکە نەکراون و نەبوون بە بەشێک لە یاسای عێراقی.

گەرچی لەگەڵ ئەوەدام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی لە دادگای تاوانکاری نێودەڵەتی دادگای تۆمەتبارانی داعش بکرێت. بەڵام دەبێت ئەوەش بخەینەڕوو گەر دەویسترێت لەسەر ئاستی هەرێم دادگایی تۆمەتبارانی داعش بکرێت ئەوا دەبێت یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەرچوێندرێت، چونکە گونجاو نییە بە یاسای تیرۆر و یاسای سزادانی عێراقی دادگایی تۆمەتبارانی داعش بکرێت کە تاوانەکانیان تاوانی نێودەوڵەتین. دادگایکردنیان بە یاسای تیرۆر و یاسای سزادانی عێراقی دەبێتەهۆی سوککردنی تاوانەکان، پەسنکردن و بچوککردنەوەیان لە هەرە تاوانە مەترسیدارە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ تاوانی ناوخۆیی و نیـمچە نێودەوڵەتی.

(٢) لەسەر ئاستی عێراقی: دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی گەرچی دەسەڵاتی دادوەریی هەیە بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ، بەڵام کێشەی ئەو دادگایە ئەوەیە کە ناتوانێت ئەو کەیسە ببینێت. هەرچەندە لە بڕگەی (٢)ی ماددەی (١)ی یاسای دادگاکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەسەڵاتی دادگا پەیڕەو دەکرێت بە سەر هەموو کەسێکی سروشتی ئەگەر هات و عێراقی بێت یان بیانی کە لە عێراقدا نیشتەجێبێت، وە تۆمەتبار بێت بە ئەنجامدانی یەکێك لەو تاوانانەی کە لەخوارەوە خراونەتەڕوو:

* جینۆساید، ماددەی (١١).

* تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، ماددەی (١٢).

* تاوانەکانی جەنگ، ماددەی (١٣).

* پێشێلکاريی یاساکانی عێراقی، ماددەی (١٤).

بەڵام مەرجە ئەو تاوانانە ئەنجام درابێت لە بەرواری (١٧/٧/١٩٦٨ تاوەکو ١/٥/٢٠٠٣).

ئاشکراشە کە تاوانی دژ بە ئێزدییەکان لە ساڵی (٢٠١٤)دا ئەنجامدراون. واتای ئەوەیە کە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی لەڕوی کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانەوە دەسەڵاتی دادوەریی ئەوەی نیيە لێکۆڵینەوەو دادگایی تۆمەتبارانی داعش بکات بۆ ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیان داون.

کەواتە بۆ ئەوەی دادگای ناوبراو دەسەڵاتی دادوەریی کاتیی وەربگرێت بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانی داعش پێویستە لە پەڕلەمانی عێڕاقدا یاسای دادگاکە بەتایبەتی ماددەی یەکەم هەمواربکرێت و دەسەڵاتی دادوەریی کاتی دادگاکە درێژ بکاتەوە بۆ ئایندە و بەشێوەیەک تاوانەکانی داعش بگرێتەوە.

دووەم/ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

(١) کەیسی شەنگال و چۆنییەتيی گەیاندنی بە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی

دادگای تاوانکاريی نێودەوڵەتی لە (١٧/٧/١٩٩٨) دامەزراوە و لە (١/٧/٢٠٠٢)ه‌وە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی ماددەی (٥)ی پەیڕەوی بنەڕەتیی داگاکە، دەستەڵاتی دادوەریی دادگا پەیڕەودەکرێت بەسەر ئەنجامدەرانی چوار تاوانی نێودەوڵەتیدا ئەوانیش (جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ، تاوانی دوژمنکاری)ن.

گەر عێراق ئەندامی دادگای تاوانکاريى نێودەوڵەتی بوایە، ئەوا داواکاری گشتیی دادگاکە،  بەگوێرەی بڕگەی (٣)ی ماددەی (١٣) و بڕگەی (١)ی ماددەی (١٥)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکە، دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاردەهێنا بۆ دادبینیکردن لە کەیسی شەنگال-دا، بەڵام عێراق ئەندامی ئەو دادگایە نیيە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر ئەندام نەبوونی عێراق و هەر بۆ ئەوەی ئەو کەیسە لە دادگای ناوبراودا دادبینی تێدابکرێت، پێویستە چەند ڕێوشوێنێکی یاسایی بگیرێتەبەر بە مەبەستی دادبینیکردن لەو کەیسەدا لە دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی.

دادگای تاوانکاريی نێودەوڵەتی بە هەر یەکێک لەم ڕێگایانەی خوارەوە دەتوانێت دەستەڵاتی دادوەریی وەربگرێت بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە کەیسی شەنگالدا.

* لە بەرئەوەی عێراق ئەندامی دادگاکە نیيە، و بۆ ئەوەشی کەیسەکە بخاتە بەردەم دادگاکە، ئەوا بەگوێرەی بڕگەی (٣)ی ماددەی (١٢)ی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگا دەتوانێت ڕەزامەندی خۆی دەربڕێت بەوەی کە دادگاکە دەستەڵاتە دادوەرییەکانی خۆی جێبەجێبکات و کەیسەکە لە دادگاکەدا دادبینيی تێدا بکرێت. واتە لێرەدا پێویستە حکومەتی عێراق دەستەڵاتەکانی دادگا پەسەند بکات و ڕەزامەندبێت بەوەی کە دادگا لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا بکات کە لە هەرێمەکەیدا ئەنجامدراوە.

* لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە بڕیارێک ئەویش بەگوێرەی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەگوێرەی  بڕگەی (٢)ی ماددەی (١٣)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگاکە، کەیسەکە بخرێتە بەردەم داواکاری گشتيی دادگاکە و داواکاری گشتی ڕابسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا.

نمونەی ئەو ڕێگایەش بریتین لە کەیسی دادرفۆر-سودان لە ساڵی (٢٠٠٥) و کەیسی لیبیا لە ساڵی (٢٠١١) کە بە دوو بڕیاری سەربەخۆی ئەنجومەنی ئاساییش، کەیسی ئەو دوو دەوڵەتە نائەندامەی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی خراونەتە بەردەم داواکاری گشتی دادگاکە.

* ئەو هاووڵاتیيانەی کە لە ڕیزەکانی داعشدان و دەوڵەتەکانیان ئەندامن لە دادگای تاوانکاريی نێودەوڵەتی. ئەوا بە پێی خاڵی (٢) لە بڕگەی (٢)ی ماددەی (١٢)ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگا، دادگاکە دەتوانێت هەستێت بە لێکۆڵینەوەکردنی ئەو تۆمەتبارە داعشە بەرپرسە دەستگیرکراوانەی کە لە تاوانی دژ بە ئێزدییەکاندا تێوەگلاون.

(٢) کەیسی شەنگال و دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتيی تایبەت

یەکێکی تر لە ڕێگاکانی دادگایيکردنی تۆمەتبارانی داعش  کە لە دەرەوەی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوەیە. ئەوەیە کە  ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بەشی حەوتەمی دەستوری نەتەوە یەکگرتووەکان هەستێت بە پێکهێنانی دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەت بۆ ئەو تاوانانەی کە لە شەنگال ئەنجامدراون. هەروەک چۆن ئەو ئەنجومەنە چەند دادگایەکی تاوانکاری پێکهێنا لە دەوڵەت و کیشوەرە جیاوازەکاندا بۆ دادگایيکردنی تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

نمونەی ئەو دادگایانەش وەکو دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای جاران، لە ساڵی (١٩٩٣) و دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ڕواندا، لە ساڵی (١٩٩٤).

(٣) کەیسی شەنگال و دادگای تاوانکاری دەوڵەتان

دادگای تاوانکاری دەوڵەتان یەکێکی ترە لەو ڕێگا و دادگایانەی کە دەتوانرێت تۆمەتبارانی داعشی تێدا دادگایی بکرێت. ئەویش لەسەر بنەمای پرەنسیپی دەسەڵاتی دادوەریی جیهانیی، دەسەڵاتی دادوەریی جیهانیی دەسەڵاتێکی دادوەریی تاوانییە تەنها لەسەر سروشتی تاوانەکە بنیادنراوە، بە چاوپۆشین لە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە، ڕەگەزنامەی تاوانبار، یان کەسی تێوەگلاوی تاوان، ڕەگەزنامەی قوربانیی، یان هەر بەستەر و پەیوەندییەکی تر بەو دەوڵەتەوە کە دەسەڵاتە دادوەرییەکە پەیڕەودەکات. ئەم پرەنسیپە دەسەڵاتێکی دادوەریی تاوانکارییە لەسەر سروشتی تاوانەکە بنیادنراوە، واتە لێرەدا ئەو کەسەی کە تۆمەتبارە یان قوربانییە هیچ پەیوەندییەکی نییە بەو دەوڵەتەی کە پێواژووی دادگایکردنەکە بەڕێوەدەبات، تەنانەت تاوانەکە لە هەرێمەکانی ئەو دەوڵەتەشدا ئەنجامنەدراوە، لە چوارچێوەی پرەنسیپەکەدا هەموو دەوڵەتێک مافی هەیە بۆ دادگایکردنی تۆمەتباری تاوانە دیاریکراوەکە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە تاوانەکان پەیوەندییان بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە.

ئەو تاوانانەی کە داعش دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامیداوەن بەگوێرەی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەریی جیهانیی دەیانگرێتەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە هەموو دەوڵەتانی دنیا دەتوانن بە پشت بەستن بەو پرەنسیپە دادگایی تۆمەتبارانی داعش بکەن. تا ئێستا چەند دەوڵەتێک هەستاون بە دادگایکردنی چەند داعشێک لەسەر بنەمای ئەو پرەنیسپە، کە دیارترینیان دادگاییکردن و سزادانی تەها جومەیلی بوو لە ساڵی (٢٠٢١)دا کە داعشێکی عێراقییە لە دادگای باڵای هەرێمی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا.

بەشکردن: