وردەکاریی دۆسیەی دژی بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا

رێنوار نەجم – تایبەت بە کوردستان تایمز

لە دادگایەکی باڵای ئەمەریکا داوایەکی یاسایی گشتگیر لەسەر دەیان بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراوی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تۆمار کرا. داوا یاساییەکە ئەو بەرپرسانە، لەنێویاندا مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و وەیسی بارزانی تۆمەتبار دەکەن بە کوشتن، ئەشکەنجە، تێوەگلان لە کۆمەڵکوژی، هاوکاریی لەگەڵ گرووپە تیرۆرستییەکان، سپیکردنەوەی پارە، کوشتنی هاوڵاتیی ئەمەریکی و چەندین تۆمەتی دیکە و داوای قەرەبووی 18 ملیار دۆلاری ئەمەریکی لە تۆمەتباران دەکرێت.

داوا یاساییەکە، کە کۆپییەکی دەست کوردستان تایمز کەوتووە، پێک دێت لە 327 لاپەڕە و ڕۆژی 30ی کانوونی دووەمی 2024 پێشکەش بە دادگای فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتن کراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە پڕۆسە یاسایی و کارگێڕییەکانی دەست پێ بکات. داواکە لە لایەن تیمێکی شارەزای یاسایی ئەمەریکییەوە ئامادەکراوە و بۆ هەر تۆمەتێک ئاماژە بۆ دەقی ئەو یاساییە کراوە کە پێشێل کراوە و شێوازی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە و شایەتحاڵەکانیش بەپێی ڕێکارە یاساییەکان ڕێکخراوە. ئەمە یەکەمین داوای یاسایی گشتگیر و ڕێکخراوە کە لە دژی بەرپرسانی کورد لە دەرەوەی کوردستان تۆمار بکرێت.

کێ داواکەی تۆمار کردووە؟

وەک لە بەڵگەنامەکەدا دەردەکەوێت، سێ کەس و لایەن داواکەیان تۆمار کردووە کە بریتین لە؛ ڕێکخراوی سندووقی قەرەبووکردنەوەی کوردستان، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە ئەمەریکا بە فەرمی تۆمار کراوە؛ مەکی ڕەڤەند، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کوردی نیشتەجێی شاری بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها ژمارەیەک سکاڵاکار کە لە داواکارییەکەدا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکراوە بەڵام وەک ئاماژەی پێکراوە کەسانێکن کە قوربانیی دەستی تۆمەتبارەکانن یاخود کەسوکاری قوربانییەکانن، ئەم کەسانە لە بەڵگەنامەکەدا بە «JOHN DOE» ناویان براوە، کە ناوێکە لە سیستمی یاسایی ئەمەریکادا بۆ ئەو کەسانە بەکار دێت کە داوای یاسایی تۆمار دەکەن بە بێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت بەهۆی هەستیاریی دۆسیەکەوە.

داواکە لەسەر کێ تۆمار کراوە؟

بە کۆی گشتی 52 کەس و لایەن داوایان لەسەر تۆمار کراوە، کە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و بەرپرسە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانییەکان لەخۆ دەگرێت، لە نێویاندا مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، وەیسی بارزانی، بابۆ بارزانی، ئارین مەسرور بارزانی و دەیانی دیکە (لە کۆتایی بابەتەکە لیستی ناوی تەواوی تۆمەتبارەکان دانراوە). ئەوەی جێی سەرنجە ناوی نێچیرڤان بارزانی و هیچ کام لە کەسە نزیکەکانی لە لیستی تۆمەتبارەکاندا نییە. هەروەها لەنێو تۆمەتبارەکاندا سێ کەسی بیانیشی تێدایە؛ کەسێکی نیشتەجێ ئەڵمانیا بەناوی جۆزێف تایشمۆلەر «Joseph Teichmueller»؛ دوو بەرپرسی باڵای ئەمەریکی بەبێ ئەوەی ناوەکانیان لە بەڵگەنامەکەدا ئاشکرا بکرێت، کە هەردووکیان پێشتر لە سوپای ئەمەریکادا پۆستی باڵایان هەبووە و کاریگەرییان لەسەر شێوازی فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی و یارمەتیی دارایی هەبووە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم دوو بەرپرسە ئێستا خانەنشینن و نیشتەجێی شاری هەولێرن.

تۆمەتەکان چین؟

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە تۆمەتباران وەک تاک تێوەگلاون لە چەندین کاری نایاسایی و تاوانکارییەوە، بە ئەنجامدانی ئەو کارانە یاخود ئاگاداربوون لە تاوانەکان؛ لە نێویاندا توندوتیژیی هەڕەمەکیاندا، کاری تێکدان، کوشتن، هەوڵی کوشتن، کۆمەڵکوژی، ڕفاندن، بە بارمتەکردن، ئەشکەنجەدان، هاوکاریکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان، دەستگیرکردنی ماوەدرێژی هەڕەمەکی، کوشتن لەدەرەوەی دادگا، بێسەروشوێنکردن، دزیکردن، بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، هەڵخەڵەتاندنی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پارە سپیکردنەوە، بەرتیلدان، ساختەکردنی باج و دەیان تۆمەتی دیکە.

بەڵگەکان چین؟

بۆ هەر تۆمەتێک کۆمەڵێک بەڵگە بە شێوازی جیاواز خراونەتە ڕوو. سەرەکیترین جۆری بەڵگە لە داواکارییەکەدا بریتییە لە شایەتحاڵەکان کە ژمارەیەک 15 کەسە و لە دۆسیەکەدا تەنیا ئاماژە بە ژمارەکانیان کراوە بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێت. بەپێی دۆسیەکە، شایەتحاڵەکان کەسانێکن کە دەستیان دەگات بە بەرپرسە باڵاکانی هەرێم و لە نزیکەوە ئاگاداری شێواز و میکانیزمی بڕیاردان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانن لای ئەو تۆمەتبارانەی لە دۆسیەکەدا ناویان هاتووە. لە چەند بەشێکی دۆسیەکەدا وتە و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان بە دەق دانراوە لە بارەی وردەکاریی ئەنجامدانی «تاوانەکانەوە» کە ڕاستەوخۆ بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکان ئەنجام دراون. هاوکات لە دۆسیەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە پێویستە ناسنامەی شایەتحاڵەکان بە نهێنی بهێڵدرێتەوە، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی مەترسیی تۆڵەلێکردنەوە و هەڕەشە و تەنانەت کوشتنیش دەبنەوە.

یەکێک لەو دۆسیانەی لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ڕفاندن و کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمەریکییە کە وەک کارمەندێکی هەواڵگریی ئەمەریکا لە کوردستان کاری کردووە. بەپێی وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، ئەو کەسە ئەمەریکییە لە ساڵی 2021 لەسەر فەرمان و سەرپەرشیی مەسرور بارزانی و وەیسی بارزانی ڕفێندراوە و کوژراوە و دواتریش لاشەکەی لەناوچەی بارزان فڕێدراوە. وێنەیەکی ئەو کەسەش لەو بەڵگەنامەیەی پێشکەش بە دادگا ئەمەریکییەکە کراوە، دانراوە. بەڵام ناو و ناسنامەی ئەو کەسە لە دۆسیەکەدا ئاشکرا نەکراوە.

بەشێکی دیکە لە تۆمەت و بەڵگەکان بریتین لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و دۆسیەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی وەک سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و ویدات حسێن، هەروەها زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری، کە بە وتەی شایەتحاڵەکان، لە سەرجەم دۆسییەکاندا کەسێک یان چەند کەسێک لەو تۆمەتبارانە تێوەگلاون کە ناویان لە دۆسییەکەدا هاتووە. هەروەها تێوەگلانی بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کۆمەڵکوژیی یەزیدییەکانیش لە دۆسیەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە.

سکاڵاکاران داوای چی دەکەن؟

سکاڵاکاران داوای قەرەبووی 18 ملیار دۆلاری ئەمەریکی و هەر قەرەبوویەکی دیکە لە تۆمەتباران دەکەن کە بکەوێتە ئەستۆیان، ئەوەش بەپێی یاسای پاراستنی قوربانیان لە ئەشکەنجەی ساڵی 1991، 28 U.S.C. § 1350;. هەروەها داوای قەرەبووی 9 ملیار دۆلاری دیکە دەکەن بەپێی یاسای دژە تیرۆری 18 U.S.C. § 2333;

ڕێکارەکان دادگا چین؟

ڕێکارەکانی تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیا پەیڕەوی لە هێڵکارییەکی گشتی دەکات کە سەرجەم دادگا فیدڕاڵییەکانی ئەمەریکا لەسەری دەڕۆن، هەرچەندە بەپێی کەیسەکە دەشێت وردەکاریی پرۆسەکە جیاواز بێت، بەشێوەیەکی گشتی دوای تۆمارکردنی سکاڵا و وەرگرتنی لە لایەن دادگاوە، دادگا کۆپییەک لە سکاڵاکە پێشکەش بە تۆمەتبار(ەکان) دەکات و ئەوانیش بە شێوەیەکی گشتی 21 ڕۆژیان لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی سکاڵاکە. دوای وەرگرتنی وەڵام، دەشێت هەر لایەنێک لە تۆمەتبار و سکاڵاکار داوای بەڵگە و ڕوونکردنەوەی زیاتر بکەن، پاشان دادگا خشتەی کارکردن دادەنێت و ڕێکارەکانی پێش دادگاییکردن دەست پێ دەکات. لایەنەکان دەتوانن بەشداری دانوستانەکانی یەکلاکردنەوە بکەن یان بەشداری لە نێوەندگیری فەرمانی دادگا بکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە بەبێ دادگاییکردن. ئەگەر دۆسیەکە یەکلایی نەبووەوە، ئەوا دەچێتە دادگا. دادگا وادەی دادگاییکردنەکە دیاری دەکات و هەردوو لایەن بەڵگە و ئارگیومێنتەکانیان دەخەنە ڕوو. دوای دادگاییکردنەکە، دادگا بڕیارێک دەردەکات، یان لە بەرژەوەندی سکاڵاکار یان تۆمەتبار. ئەگەر لایەنێک لە بڕیارەکە ناڕازی بوو، دەتوانێت لە دادگای باڵا تانە لە بڕیارەکە بدات. بە شێوەیەکی گشتی ڕێکارەکانی دادگا دەشێت چەند مانگێک یان ساڵ زیاتری پێ بچێت  بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسییەکان.

ناوی تۆمەتبارەکان کە لە دۆسییەکەدا هاتووە:

حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسعود بارزانی

مەسرور بارزانی

وەیسی بارزانی

مەلا مستەفا (بابۆ) بارزانی

ئارین مەسرور بارزانی

سەروەر پێداوی

لاوین پێداوی

کەریم سنجاری

بەیان سامی عەبدولرەحمان

تریفە عەزیز

ئینتیفاز کەمال قەنبەر

عەفان ساڵح عومەر شێروانی

عومەر بارزانی

دیندار زێباری

عەزیز ئەحمەد

ئاشتی هەورامی

باز کەریم بەرزنجی

غەفور خۆشناو

ئەمیر سەعدوڵا ڕەشید

کەمال کەرکوکی

جەعفەر ئیمینیکی

زەعیم عەلی

ئازاد بەرواری

هۆشیار زێباری

سەیران سابیر مستەفا بارزانی

لینا بارزانی

دڵشاد بارزانی

سیروان بارزانی

نیهاد بارزانی

سیداد بارزانی

حیکمەت بامەڕنی

شیمال جەوهەر سالین

نزار حەنا ناسری

دڵشاد یوسف

عیسمەت ئەرگوشی

بارزان هێرش یان هێرش ڕەش

ئازاد گەرماری

شاڵاو

ڕابیعە بارزانی

غالب رابعە بارزانی

ڕوبار سندی

هیمال جەوهەر سالین

دڵدار عەباس

ئەحمەد کوردۆ نۆری

مەحموود ئاغا

حەمایلە گەردی

دڵشاد حەسەن نەجار

جۆزێف تایشمۆلەر

بەرپرسی ئەمەریکی #1

بەرپرسی ئەمەریکی #2

 

 

بەشکردن: