خوگرتن بە درۆ و گەندەڵی: بۆچی خەڵک شکست دەهێنێ لەوەی ترسناکییەکانی دەوریان ببینن؟

تالی شارۆت و کاس ڕ سەنشتاین

دکتۆر شارۆت زانای مێشکە لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن و M.I.T، پرۆفیسۆر سەنشتاین مامۆستای یاسایە لە زانکۆی هارڤارد.

سەرچاوە: نیویۆڕک تایمز

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی

مێژووی موعجیزەئامێزی بەشەرییەت بە چیرۆکی تاریکی ستەم و ستەمکاری و شەڕی خوێناوی و دڕندەیی و کوشتن و جینۆساید گڕدراوە. زۆرجار کاتێک ئاوڕێک لە دواوە دەدەینەوە، سەرمان سوڕدەمێنێت و دەپرسین: بۆچی پێشتر ترسناکییەکان [وەک جینۆساید و تاوانەکانی شەڕ و فاشیزم و بەعسیزم و نازیزم و شەڕی ناوخۆ] رانەگیراون؟ خەڵک چۆن توانیان لەگەڵ ئەو ترسناکییانە بژیێن؟

وێنەی تەواوی رێگرتن لەو ترسناکییانە بێئەندازە ئاڵۆزە. بەڵام بەشێکی بەرچاوی ئاماژەیە بۆ ئەو یاسایانەی کە کاروباری مێشکی مرۆڤ بەڕێوەدەبەن.

زۆرجار بزووتنەوە سیاسییە توندڕەوەکان، هەروەها ململانێی کوشندە، بە هێواشی پەرەدەسەنن. کاتێک هەڕەشەکان بە بچوکی دەست پێدەکەن و وردەوردە گەشەدەکەن، بەوە دەگەنە ئەنجام کە کاردانەوەی هەستوسۆزەکان لاوازتر و بەرگری کەمتر دەبێت و قبوڵکردنی زیاتریان لێدەکەوێتەوە لەوەی کە دەبوایە روبەڕویان ببونایەتەوە و رابگیرانایە. گەشەی بەکاوەخۆ رێگە بە ترسناکییە گەورەتر و گەورەترکان دەدات لە رۆژی روناکدا ماڵوێرانی دروستبکەن، ئەو گەشە لەسەرخۆیە سەرەتا ئاسایی وەرگیرا، وەک شتێکی سادە و دواتر بو بە کارەساتێکی ماڵوێرانکەر.

یەکێک لە ئێمە زانای مێشکە؛ ئەوی ترمان پرۆفیسۆری یاسایە. لە تێڕوانینی بواری جیاوازی خۆمانەوە، گەیشتوینەتە ئەو باوەڕەی کە ناتوانرێت لە دۆخی ئێستا تێبگەین، و -گۆڕانکارییەکانی ئەوەی کە وەک شتێکی ئاسایی ئەژمار دەکرێت – بەبێ نرخاندن بۆ ئەوە بکەین کە بۆچی و چۆن خەڵک سەرنجی بەدیقەتی ئەو شتانە نادەن کە ئێمە لەگەڵیدا دەژین.

هۆکاری بنەڕەتی تایبەتمەندییەکی بایۆلۆژی سەرەکی مێشکمانە: خوگرتن، یان مەیلی ئێمە بۆ کەمتر و کەمتر وەڵامدانەوەی ئەو شتانەی کە بەردەوامییان هەیە یان بەهێواشی دەگۆڕدرێن. بیر لەوە بکەوە، دەچیتە ناو کافێیەکەوە کە پڕە لە بۆنی قاوە و سەرەتا بۆنەکە داگیرتدەکات، بەڵام لە ٢٠ خولەک زیاتر تێناپەڕێت و ئیتر بۆنی ناکەیت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە نیرۆکانی بۆنکردنت لە مێشکدا لە تەقینەوە رادەوەستن دوای ئەوەی بۆنەکە ئاشنا دەبێت بە نیرۆکانی مێشکت.

بە هەمان شێوە، دوای چەند ساتێک، گوێکانت وژەوژی بەردەوامی فێنککەرەوە فەرامۆش دەکەن چونکە مێشکت فلتەری ئەو دەنگە دەکات کە لە باکگڕاونددا دەیبیستێت. مێشکت گرنگی بەو شتانە دەدات کە لەو زوانەدا گۆڕاون نەک ئەوەی وەک خۆیان ماونەتەوە.

خوگرتن یەکێکە لە بنەڕەتیترین تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکانمان – شتێک کە ئێمەی بوونەوەری دو-قاچی و سەرگەورەکان لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکەی سەر زەویدا هاوبەشین، لەوانە مەیمون، فیل، سەگ، باڵندە، چۆلەکە، ماسی و مشک. هەروەها مرۆڤ خوی بە بارودۆخە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکانی وەک شەڕ، گەندەڵی، هەڵاواردن، ستەم، زانیاری هەڵە و باو و توندڕەو گرتوە. خوگرتن تەنیا نابێتە هۆی کەمبونەوەی مەیلی تێبینیکردن و کاردانەوە بەرامبەر بە کردەوە نائەخلاقییە گەورەکانی دەوروبەرمان؛ بەڵکو ئەگەری ئەوەش زیاد دەکات کە ئێمە خۆمان بەشدارییان تێدا بکەین.

بۆ نموونە توێژینەوەیەک کە لە تاقیگەی دکتۆر شارۆت ئەنجامدراوە دەریخستوە کە خەڵک خویان بە ناڕاستگۆیی خۆیان گرتوە. لە توێژینەوەکەدا دەرفەتی ئەوە دراوە بە بەشداربوە خۆبەخشەکان چەندین جار درۆ بکەن بۆ ئەوەی پارە بەدەستبهێنن لەسەر حیسابی کەسێکی تر. لەم ماوەیەدا چالاکیی مێشکیان تۆمار دەکرا.

خۆبەخشەکان بە درۆیەکی تاڕادەیەک بچوک دەستیان پێکرد، فێڵیان کرد تەنها بۆ ئەوەی چەند سەنتێکی دیکە ببەنەوە. بەڵام هێواش-هێواش لە ماوەی تاقیکردنەوەکەدا درۆکان گەورەتر بون بۆ ئەوەی بڕی گەورەتری دۆلار بەدەستبهێنن.

یەکەمجار ئەو بەشانەی مێشک کە هەستوسۆز دەجوڵێنن لە خۆبەخشەکاندا کاتێک درۆیان دەکرد، وەڵامی توندیان دایەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەڵک ناڕەحەتن لە ناڕاستگۆیی خۆیان. بەڵام لەگەڵ هەر درۆیەکی زیاتر، کاردانەوەی هەستوسۆزی خۆبەخشەکان لە مێشکدا کەم دەبوەوە؛ واتا خەڵک خویان پێ گرتوە. بەبێ هەستی نەرێنی، هیچ شتێک نەبو بۆ سنوردارکردنی ناپاکی، بۆیە خەڵک زیاتر و زیاتر درۆیان دەکرد.

تەنیا کردەوەی بچوکی ناڕاستگۆیی نییە کە ئێمە خومان پێوە گرتوە. بیر لە توێژینەوەیەکی بەناوبانگ بکەنەوە کە لە سەرەتای شەستەکاندا لەلایەن دەروونناس ستانلی میلگرامەوە ئەنجامدراوە. پاڵنەری ئەم ئەزمونکارییە بۆ تێگەییشتن بو لە سەرهەڵدانی سیستەمی دەستەڵاتخوازی تاکڕەو\ئۆثۆریتارییەن، وەک ئەوەی لە ئەڵمانیا پێش جەنگی جیهانی دوەم و لە سەردەمی جەنگی جیهانی دوەمدا رویدا.

میلگرام دەیویست لە ملکەچی بکۆڵێتەوە و تێبگات کە چۆن مرۆڤە ئاسایییەکان دەتوانن بەشداری لە کردەوە دڕندانە ترسناکەکاندا بکەن. تاقیکردنەوەکانی باسی ملکەچیمان بۆ دەکەن، بەڵام بە مەبەست یان بەبێ مەبەست، میلگرامیش لە خوگرتنی دەکۆڵیەوە.

ئەو نیشانیدا کە وڵاتییانی ئاسایی ئامادەن هەندێک خەڵک لە تەزوی کارەبا بدەن کاتێک لەلایەن کەسایەتییەکی دەستەڵاتدارەوە پێیان دەگوترێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ئازاردانەی کە پێدەچێت لەڕادەبەدەریش ئازاربەخش بن. بەڵام دیزاینکردنە وردەکەی میلگرام زۆر گرنگ بو. داوا لە کەسە خۆبەخشەکانی میلگرام کرا کە سەرەتا شۆکی بچوک لە خەڵکەکە بدەن و دواتر تەنها زۆر بەهێواشی کارەبا لێدانەکە زیاد بکەن، بۆ ئەوەی ڤۆڵتییەی کارەباکە بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی کە لێدانەکە بەهێزتر بکرێ بۆ ئاستێکی باڵاتر.

میلگرام داوای لە خۆبەخشەکان کرد کە هەنگاو بە هەنگاو ڤۆڵتییەی کارەبالێدانەکە زیاد بکەن، میلگرام دەیویست خوگرتن لە خۆبەخشەکاندا دروستبکات. رەنگە خۆبەخشەکان لە سەرەتاوە هەستیان بە هەندێک تاوانباری کردبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی شۆکەکان بە بڕی هەنگاو-بە-هەنگاوی بچوک زیادیان کرد، هەر بۆیە وا پێدەچێت هەستکردن بە تاوان کەمتر بوبێت لەوەی کە دەبوایە ببێ. وردە-وردە ئەو کاتەی خۆبەخشەکان ڤۆڵتیەی کارەبالێدانیان گەیاندە ئاستێکی بەرز، وا دیار بو زۆرێکیان خویان بە بیرۆکەی ئازاردانی ترسناکی ئەوانیدی گرتبێت. گومانێک لە شوێن خۆیدایە کە بڵێین ئاخۆ هەڵوێستی خۆبەخشە ئازاردەرەکان چۆن دەبێ کە ئەگەر یەکسەر راسپێردرابوانە بە لێدانی کارەبا لە کەسانی دی بە ڤۆڵتییەی بەرز نەک ڤۆڵتییە هێواش-هێواش بەرزبکرێتەوە.

توێژینەوەکەی میلگرام شتێکی گرنگمان پێدەڵێت دەربارەی ڕەفتارەکانی دەرەوەی تاقیگە، و سەبارەت بەوەی کە چۆن خەڵک دەتوانن نەک تەنها بە درۆ و دڕندەیی، بەڵکو ترسناکییەکانیش ڕابێن – لەناویشیاندا تەنانەت درۆ و دڕەندەیی و رەفتارەکانی خۆشیان. بۆ نمونە بۆ کتێبە چاوڕاکێشەکەی میڵتۆن مایر سەبارەت بە سەرهەڵدانی نازیزم، پیاوێک کە لەو کاتەدا لە ئەڵمانیا دەژیا، باسی رژێمی نازیزمی بۆ نوسەر بەم جۆرە کردوە: “هەر کردارێک، هەر کردەیەک، لە کردارەکەی دوایین جاردا خراپترە، بەڵام تەنها کەمێک خراپترە”.

هەروەها دەشڵێت: ئەگەر دوایین و خراپترین کردەوەی کۆی رژێمەکە ڕاستەوخۆ دوای یەکەم و بچوکترین کردەوە هاتبایە هەزاران، بەڵێ ملیۆنان بە ڕادەی پێویست شۆک دەبون. بەڵام بێگومان ئەمە بەو شێوەیە نییە کە رودەدات. لە نێوان روداوەکاندا، سەدان روداوی بچوک بە هەنگاوی بچوک دێن، هەندێکیان هەستیان پێناکرێت، هەریەکەیان ئامادەت دەکەن بۆ ئەوەی بە هەنگاوی داهاتو توشی شۆک نەبیت”.

لەوانەیە ئێستا بیر لە پێشهاتە مەترسیدارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بکەیتەوە. ئەگەر وا بیردەکەیتەوە، تۆ بەتەواوی هەقت بە دەستە.

هەرچەندە بە هێواشیتر لەوەی کە ئێمە حەزمان لێیە، بەڵام زۆرجار هەوڵەکانی بەرخۆدان لە وەڵامی نادادپەروەری یان ترسناکییەکاندا سەرهەڵدەدەن؛ شۆڕشی فەرەنسی، بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان [لە ئەمریکا]، ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە و می تو، لەبەرچاو بگرن. ئەم بزوتنەوانە زیاتر لەلایەن ئەو کەسانەوە دەستپێدەکرێن کە دەکرێ پێیان بڵێین <<کارسازانی خوپێنەگرتن>>.

ئەوانە کەسانێکن کە خویان بە دێوەزمە و خراپییەکانی کۆمەڵگاکەیان نەگرتوە؛ ئەوان هەڵەکردنەکە بەو شێوەیە دەبینن کە لە واقعدا هەیە و رەتیدەکەنەوە و داواش لە خەڵک دەکەن دژی بەرخۆدان بکەن تا خو بەو دێوەزمانەوە نەگرن. زۆرجار، کارسازانی خوپێنەگرتن ئەو کەسانەن کە خۆیان بە ئەزمونی ترسناکیی یان جیاکارییەکە رەتدەبن، بەڵام ڕەتیدەکەنەوە خو بەو شتە بگرن. مەلالا یوسفزای، ماهاتما گاندی، ڕۆزا پارکس، گلۆریای شتاینم، هارڤی میلک و نێڵسۆن ماندێلا نمونەی بەهێزن کە توانیان وا بکەن ئەوانیدیش بەرخۆدان بکەن و خو بە دێوەزمەکانی کۆمەڵگاکانیان نەگرن. هەروەها کارسازانی خوپێنەگرتن هەن کە خۆیان قوربانی نەبون، بەڵام سەرنجی ئازارەکانی کەسانی دیکە دەدەن و دەنگ هەڵدەبڕن و بەرخۆدان دەکەن. ویلیام لۆید گاریسۆن، ئێلینۆر ڕۆزڤێڵت و پیتەر سینگەر نمونەن.

نموونەی کەمتر ناسراو کە کەسانی بەرخۆدەر بن دژ بە خوپێگرتن زۆرن لە دەوروبەرمان؛ لەوانەیە لە خێزانەکەت، گەڕەکەکەت یان شوێنی کارەکەتدا بن.

بەڵام ئایا دەتوانرێت کارسازانی خوپێنەگرتن بەرهەم بهێنرێن؟ ئێمە وا بیر دەکەینەوە بەڵێ دەکرێت. دیدی سەرەکی ئەوەیە کە جۆن ستوارت میڵ جارێک بە <<ئەزمونکردنەکانی ژیان>> وەسفی کردوە. جۆن ستیوارت میڵ جەختی لە گرنگی لە دورەوە بینینی بیروباوەڕ و بەها و نۆرم و بارودۆخەکانی مرۆڤ کردۆتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەیت و رەنگە فێربیت کە گۆڕانکارییەکی خوازراو دەبێت. بۆ ئەوەی ئەمە بکەین پێویستە ئەزمونەکانمان هەمەچەشن بکەین.

ئەگەر خەڵک بە مەبەست هاموشۆی کەلتورە جیاوازەکان و پراکتیزە جیاوازەکان و فۆڕمی جیاوازی حکومەت بکەن و بەریەککەوتنیان لەگەڵیاندا هەبێت، لەوانەیە چیتر نادادپەروەرییەکانی دەوروبەریان سروشتی و حەتمی نەبن.

بۆ نمونە، بە سەردانکردنی وڵاتێکی بیانی، رەنگە خەڵک دەرفەتەکانی زیاد ببن تا لە خوپێگرتنەکانی خۆیشیان نامۆ ببن،  بەو جۆرە دەتوانن مەودایەک لەنێوان خوە زانراو و ئاشناکان دروستبکەن و رونتر بیانبینن. ڕەنگە شتێکی هاوشێوە روبدات بە تێکەڵبون و مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن ئەزمونی جۆراوجۆر یان ئاشنابون و تێکەڵبون بە دیدگای جیاوازدا لە رێگەی بەرهەمە هونەرییەکانەوە (رۆمان، شیعر، شانۆ، فیلم). کاتێک دڵڕەقی و چەوساندنەوە دەردەخرێن و نوێ دەکرێنەوە، یا کە تۆ ئەزمونیان دەکەیت و دەیانبینی، یا تەنها خەیاڵی واقیعێک دەکەی دور لە ئەوان، لەوانەیە بشڵەژێی کاتێک دەزانیت لە نیشتیمانی خۆت وا ئێستا چی رودەدات.

بە گوتەی ئەبراهام جوشوا هێشێل: “دەبێت فێربین چۆن توشی شۆک ببین، نەک خۆمان لەگەڵ ترسناکییەکان بگونجێنین.” دەتوانین فێربین کە توشی شۆک ببین کە گەندەڵی دەبینین، یا کاتێک مردن بەهۆی مادەی بێهۆشکەر دەبینین، یا بە خراپبەکارهێنانی ئاژەڵان توشی شۆک ببین لە بەرهەمهێنانیان بۆ خۆراک یان بە توندوتیژی چەک. دوای ئەوەی فێربوین کە خەڵک چۆن خویان پێدەگیرێت، رەنگە زۆر لە ئێمە بتوانین ئامۆژگارییەکانی هێشل جێبەجێبکەین؛ دەبێ بتوانین تایبەتمەندییەکانی ئەو روداوانەی کە زۆر گەورە نین لە سەرەتادا، یا زۆر ترسناک نین پەیوەست بە شێوازەکانی ژیانمان و کۆمەڵگاکانمان، بناسین و دەستنیشانیان بکەین و سەرنجیان بدەین نەک شتەکان وەک بەخششێک وەربگرین بۆ ئەوەی رێنەدەین ترسناکییەکان هێدی هێدی گەورە ببن.

بەشکردن: