لەخۆنامۆبون لە سەرمایەداریدا

160
0

کەمال چۆمانی

گۆڕانە سیاسیی و ئابورییەکان، بەتایبەت گۆڕانکارییە ئابورییەکان لەدوای ٢٠٠٣ەوە، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا دروستکردوە. سروشتی سەرمایەداری وایە مرۆڤ لە خۆی، لە کۆمەڵگاکەی، و لە سروشت نامۆی دەکات. کاتێک مرۆڤ لە خۆی نامۆ دەبێت، هەستێکی تەنیایی قوڵ دایدەگرێ و توشی خەمۆکییەکی گەورە دەبێت. ژیان مانای نامێنێ و پوچی جێی مانا دەگرێتەوە. دۆخێک دروستدەبێت، وەک ئێریک فرۆم لە <<راکردن لە ئازادی>> پەیوەست بە کۆمەڵگای نازی ئەڵمانی باسی دەکات، سایکی مرۆڤ دەبێتە دەرونێکی سادۆ-ماسۆچیستیک.
سادیزم بەو مانایەی کە مرۆڤ دەیەوێت کۆنترۆڵی ئەوانیدی بکات و چێژ لە ئازاردانیان وەردەگرێت. ماسۆچیستیک دۆخێکە مرۆڤ حەز بەوە دەکات کەسێکی تر کۆنترۆڵی بکا و چێژ لە ئازاری خۆی وەردەگرێ. لەو دۆخەدا، لە کۆمەڵگادا، کەسانێکی دەروننەخۆشی سیاسی پەیدادەبن کە خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن و ئازاری ئەوانیدی دەدەن. ئەو مرۆڤە تەنیا و لەخۆنامۆبوانەش کە بەتەنیا ناتوانن ئازاری ئەوانیدی بدەن و کۆنترۆڵی خەڵک بکەن، وێنەی خۆیان لەو سادیستە دەبیننەوە کە خەڵک کۆنترۆڵ دەکات. لەو دۆخەدا، کەسانی لەخۆنامۆبو دەبنە پشتیوانی سیاسەتمداری سادیست تا کۆنترۆڵیان بکا و چێژ لە کۆنترۆڵە وەردەگرن.

لە دۆخێکی وادا کەسانی ئۆثۆریتارییەن، واتا کەسانی دەستەڵاتخوازی ملهوڕ و تاکڕەو، گەشەدەکەن و دەردەکەون.

دۆخێک دروستبوە کە ئەگەر سیاسەتمەدار یا مەلا یا تەنانەت رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و ئەکادیمی یا ئینسانێکی سادیست نەبی، کەسێکی ملهوڕ و دوڕو و درۆزن نەبی، کۆمەڵگا بە هەڕەشەت دەزانێت چونکە تۆ دەبیتە هەڕەشە لەسەر ئەو روبەرە ئارامەی کە نائاگایییانە ئەوانیدی کۆنترۆڵ کردوە. لە دۆخێکی وادا، ئاکتێکی هەرە شۆڕشگێڕانەیە کە تۆ بتوانی دژ بەو ئینسانە سادۆ-ماسۆچیستیکە بیت کە لەسەرەوە باسمکرد. بۆ روبەڕوبونەوەی لەخۆنامبون، خەون و کردەی بەکۆمەڵ تەندروسترین میکانیزمی بەسەردازاڵبونە.

خەون و کردەی بەکۆمەڵ
یانیس ڤارۆفاکیس، پرۆفیسۆری ئابوری و وەزیری دارایی پێشوی یۆنانی، لە دۆکیومێنتارییەکی شەش بەشی بە ناوی <<لە چاوی زریاندا>> کە باسی ژیانی ڤاروفاکیس و تێڕوانینەکانیەتی بۆ سیستەمی کاپیتالیزمی جیهانی، پەیوەست بە ئازادی و رزگاریی هەر کەس و گەلێک، پێیوایە کاری بەکۆمەڵ مەرجی پێشوەختەن. ئەگەر بە من بڵێن گەورەترین کێشەی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقێ چییە، بەتایبەتی دژبەرانی سیستەمی ئۆلگارشیی، واتا سیستەمی گروپێک تاکڕەو کە لەسەر حیسابی گەل بونەتە ملیۆنێر و خۆیان سەپاندوە بەسەر دەزگا نیشتیمانییەکاندا، دەڵێم نەبونی کار و خەونی بەکۆمەڵە. لە راستیدا، خەونەکان و کردەکان لای ئێمە، بەتایبەتی لای رەخنەگر و دژبەرانی سیستەم، دۆخێکی زۆر نارسیستانەیان وەرگرتوە، بە رادەیەک ٢٠ کەس نادۆزیتەوە راستگۆیانە و دڵسۆزانە پێکەوە بتوانن کۆببنەوە و کردە و خەونی بەکۆمەڵیان هەبێ. لە بەرانبەردا، پارێزەرانی سیستەمی ئۆلیگارکی باشتر دەتوانن پێکەوە کاربکەن و خەون و کردەی هاوبەشیان هەبێ، کە بێگومان خەون و کردەکانیان دژ بە گەل و نیشتیمان و مێژومانە.
ئەو پەرەگرافەی خوارەوەم لە دۆکیومێنتارییەکە وەرگێڕاوە کە سەرنجەکەی سەرەوەم لێی هەڵێنجاوە:
“ئۆلیگارشییەکان تەنها تا ئەو ڕادەیە بە بەهێزی دەمێننەوە کە ئێمە خەونەکانمان بەکەسیی بکەین و ترسەکانمان بەکەسیی بکەین، و بە هۆیانەوە ئیفلیج دەبین، و لەسەر قەنەفەیەک گیردەخۆین و هەست دەکەین هیچ شتێک لە ژێر دەستەڵاتی ئێمەدا نییە. ئەگەر هەر چانسێکی بەکۆمەڵ و کەسیی خۆئازادکردن و خۆئازادکردنمان هەبێت کە لە کۆتاییدا خۆشی، شادی، بەختەوەریی ڕاستەقینە لەگەڵ خۆیدا بهێنێ، تەنیا لەو ساتەدادەتوانین پێی بگەین کە دەڵێین “نا، من لێرە بە بێدەنگی دانانیشم تا بێدەستەڵاتیی خۆم بلاوێنمەوە. من دەچمە دەرەوە و هەوڵ دەدەم دونیا بگۆڕم. من لەوانەیە شکست بێنم هەروەک چۆن دەزانم رۆژێک دەمرم. بەڵام مردنم هەرگیز رێگریم لێناکات لە هەوڵدان و بۆ ئەوەی هەموو رۆژێک بە تەواوی بژیم. کرداری بەکۆمەڵ، خەونی بەکۆمەڵ، مەرجی پێشوەختەن بۆ ئازادی”.

بەشکردن: