لە مەستبوونەوە بۆ عاشقبوون بە گەشەی ئابووریی

د. نیاز نەجمەدین

كێ هەیە حەز لە گەشەکردن نەکات؟ کەس. مەگەر چۆنها دەنا کەس نییە ئارەزووی نەبێت ئوتومبێلی مۆدێل بەرز و باشتر بکڕێت، لە بالەکۆنەی شوقەیەکی دڵگیرەوە رۆژانە بڕوانێتە باخچەی سەوز و شەوانە لە گڵۆپەکانی شار بڕوانێت. گەشت و سەیران بکات، منداڵەکانی لە باشترین قوتابخانە بخوێنن، پۆشتە و شیک بچنە دەرەوە. چیتر؟ ئاوی پاک و پزیشکی کارامە و دەرمانی جێمتمانەی کارای هەبێت. دڵخۆشتریش دەبێت باڵا و کێشی لەشی خۆی و منداڵەکانی رێکوپێک پەرە بسەنن. بەکورتیی، خۆشگوزەران و ئارام و ئازاد لە هەژاریی و نەخۆشیی بژی. ئەمانە نایەنەدی بەبێ گەشەی ئابووریی. ئەگەر وایە، کەواتە مەسەلەکە زیاترە لە حەز وەک ئەوەی کوڕێکی گەنج بیت و حەزت لە کچێکی قەدباریک بێت. دەکرێت گەشەکردن شتێک بێت عاشقی بیت، عەشقێک رووناکیی دەخاتە ناوتەوە و یارمەتیت دەدات باشتر و ئاسودەتر رێ بکەیت. بەڵام ئەم جۆرە عاشقبوونەش کارکردنی دەوێت، بێسەرئێشە ناڕوات و هەر لە خەیاڵدا ئاسان دێتەبەرچاو. ترسناکیشە ئەگەر مەستمان بکات.

گەشەی ئابووریی دیاردەیەکی نوێیە بەراورد بە مێژووی مرۆڤایەتیی. کەمینەیەک نەبێت، تا سێ چوار سەدە لەمەوبەر ئەمسەر بۆ ئەوسەری مرۆڤایەتیی هەژار بوون و بە کەمتر لە هەزار دۆلارێک لە ساڵێکدا دەژیان. ئینجا دیاردەیەکی تر سەریهەڵدا: هەندێک وڵات دەوڵەمەندبوون و هەندێک هەژاریی خنکاندنی. هەندێک سەرکەوتن و نیوەی رێگەکەیان بڕی و دواتر شکستیان هێنا، هەندێکی تر بە خێرایی گەڕانەوە دواوە و چوونەوە ژێر خاڵی سفر. ئیدی لێرەوە پرسیارێکی تر سەریهەڵدا: بۆچی هەندێک نەتەوە هەژارن و هەندێک دەوڵەمەند؟ بۆچی عێراقییەک نزیکەی 6000 دۆلار پەیدا دەکات، کەچی ئەمریکییەک دەتوانێت 60,000 دۆلار پەیدا بکات (واتە نزیکەی 10%ی ئەمریکییەکە پەیدا دەکات).

نهێنییەکە لە یەک وشەدایە: بەرهەمداریی (الانتاجیة-productivity). بەرهەمداریی واتە کرێکارێک/کارمەندێک چەند بەرهەمدەهێنێت، یان لە کاتژمێرێکدا چەند بەرهەمدەهێنێت. چینییەکان بەرهەمدارییان باشتر کرد و توانییان تەنها لە 13  ساڵدا لە نێوان 1997 بۆ 2010 تێکڕای داهاتیان بە سێجار بەرز بکەنەوە.

گەشەی ئابووریی دیاردەیەکی نوێیە بەراورد بە مێژووی مرۆڤایەتیی. کەمینەیەک نەبێت، تا سێ چوار سەدە لەمەوبەر ئەمسەر بۆ ئەوسەری مرۆڤایەتیی هەژار بوون و بە کەمتر لە هەزار دۆلارێک لە ساڵێکدا دەژیان

سەیرکە، گوتم تەنها بە 13 ساڵ ئەمە روویدا نەک بە نیو سەدە. ئەمە لەسەر رێژەی گەشەی ئابووریی، واتە زیادبوونی بەرهەم لە ساڵێک بۆ ساڵێکی تر، وەستاوە. یاسایەک هەیە پێی دەڵێن یاسای حەفتا: ژمارە حەفتا دابەشی سەر رێژەی گەشەی ئابوورییەکە بکە، ئەوا بەوەندە ساڵ داهاتت دەبێت بە دوو هێندە. یان دابەشی سەر رێژەی گەشەی دانیشتوانی بکە، ئەوا بەوەندە ساڵ دەبێت بە دوو هێندە. یاساکە پیشانمان دەدات یەک تۆزیش رێژەی گەشە تۆمار بکەین، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر گوزەرانمان دەبێت بە مەرجێک بەردەوام بێت، جا وەرە دوو تۆز و زیاتر بێت؟ وەک کروگمان و وێڵسی هاوسەری لە کتێبی ئابووریی ماکرۆ (چاپی پێنجەم) باسی دەکەن، تێکڕای گەشەی 1.8% ساڵانە وایکرد داهاتی ئەمریکییەک لە (4,443) دۆلارەوە لە 1870دا بگات بە (59,532) دۆلار لە 2017دا. بە نزیکەیی، هەموو 37 ساڵێک داهات بووە بە دوو هێندە (حەفتا دابەشی 1.8% بکە) و لە کۆی ماوەی نێوان 1900-2015 تێکڕای داهاتی تاکەکەس لە ئەمریکادا هەشت جار زیادی کردووە. خۆ لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا هێندەی باسی گەشەی ئەرجەنتین و بەڕیتانیا دەکرا، نیو هێندە باسی ئەمریکا نەدەکرا. بەڵام بەردەوامیی رێژەی گەشە (ئەگەرچی گەورەش نەبوو!) ئەمریکای بە هەنگاوی گەورە بردە پێشیانەوە و گەیاندییە پێگەی سەروەری جیهان. گەشەی ئابووریی وڵاتی چین لە نێوان 1980-2015 بە تێکڕا نزیکەی 7.9% بوو، واتە نزیکەی هەر 10 ساڵ جارێک تێکڕای داهات بووە بە دوو هێندە. دە ساڵ مانای ئەوەی ملیۆنان مرۆڤ دەرفەتیان دەبێت چێژ لە بەرهەمی گەشەکردنەکە ببینن، کە دەکرێت یەکێکیان خۆت بیت. پاشان ببینە چینی بە کوێ گەیاند؟ دنیا وای لێ هاتووە ماڵ نییە شمەکی چینیی نەبێت، سەرباری ئەوەی کێبڕکێی پلەی یەکەمی جیهان دەکات بە پێوەری داهاتی تاکەکەس (ئەوەمان لە بیر بێت کە رێژەی گەشەی ئابووریی دەبێت زیاتر بێت لە رێژەی گەشەی دانیشتوان، دەنا هیچ بە دەستەوە. بۆ ماڵی ئێوەش ئەم قسەیە راستە). بەراوردی گەشەی ئابووری ئەمریکا و چین شتێکی تریشمان پێ دەڵێت: خۆشبەختانە سەردەمی ئەمڕۆ وەک سەردەمی گەشەی ئەمریکا نییە، هێندە کاتمان ناوێت تا پێشبکەوین بەو هۆیەوە ئەزمونی مرۆڤایەتیی کەڵەکەتر بووە، فێربووین و سەرچاوەی زیاترمان لەبەردەستە.

لە راستییدا، بۆچوونەکە چەندێک بۆ وڵاتەکەت راستە هێندەش بۆ من و تۆ راستە. تۆش ئەگەر داهاتێکی نزمت هەیە، ئەوا دەتوانیت زیادی بکەیت و بە هاوڕێکانت بگەیتەوە و زۆر کەسیش تێپەڕێنیت. گەشە وەستاوەتە سەر رێژەکەی. گریمان هاوڕێکەت لە نزیکی تاسڵوجەیە و لە کەرکوکەوە بەرەو هەولێر دەچێت. تۆش لە سلێمانییت. ئەگەر رێژەی خێرایی ئوتومبێلەکەی تۆ زیاتر بێت لەو، ئەوا رەنگە تۆ زووتر بگەیت. هەمان شت راستە کاتێک بتەوێت نمرەکانت بەرز بکەیتەوە و نزیکی بکەیتەوە لەو هاوپۆلانەت کە نمرەی بەرزیان هەیە. بشتەوێ فێری زمانی ئینگلیزیی ببیت، دیسانەوە دەتوانیت زوو قۆناغەکانی سەرەتای فێربوونی زمانەکە ببڕیت.

هەواڵێکی خۆشە. بەرهەمداریی چاک بکە، رێژەی گەشە خێراتر دەبێت، کاتێکی یەکجار کەمتر پێویستە تا باری گوزەران باشتر ببێت، تەنانەت پرسە و سەرخۆشیی کەمتر ببنەوە. چی لەوە باشترە؟ هیچ.

چۆن بەرهەمداریی چاک بکەین؟

ئێستا کێشەیەکمان هەیە: چۆن بتوانین بەرهەمداریی چاک بکەین تا رێژەی گەشە بەدەستبهێنین و خێراییەکەی زیاد بکەین، کاڵا و خزمەتگوزاریی زیاتر و کوالتیترمان هەبێت؟ زۆر ئاسانە، دەتوانیت چی بەهای بەرزی مرۆیی هەیە لە پێ بکەیت و تەنها ئەوەت لەلا گرنگ بێت پارەکانت زیاتر بن. یان لە خەمی پیسبوونی ژینگەدا مەبە، گوێ بەوەش مەدە باشترکردنی ژیانت لەسەر حسابی ئەوانیترە. راستییەکەی ئەمە رێگەی مرۆڤی چڵێس و نەخۆشە. لێرەدا ئامانجی بەرزکردنەوەی رێژەی گەشە تەنها دەوڵەمەندبوونە ئیدی گرنگ نییە کێ دڵشکاو دەبێت، یان چی بەرهەمدەهێنیت هەر وەک ئەوەی بتەوێت بەتاڵیی خۆت بە زیادکردنی ژمارەی کەپڵەکانت پڕبکەیتەوە. کۆتاییەکەیشی ملشکانە.

دەتوانیت چی بەهای بەرزی مرۆیی هەیە لە پێ بکەیت و تەنها ئەوەت لەلا گرنگ بێت پارەکانت زیاتر بن. یان لە خەمی پیسبوونی ژینگەدا مەبە، گوێ بەوەش مەدە باشترکردنی ژیانت لەسەر حسابی ئەوانیترە. راستییەکەی ئەمە رێگەی مرۆڤی چڵێس و نەخۆشە

لە بری ئەمە، وەرە بەو رێگەیەدا بڕۆ کە بەر لە تۆ تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنیشی بەدەستهێناوە با کەمێک خاویش تێپەڕێت. ئەویش رێگەی وەبەرهێنانە بەمەرجێک زیاتر بێت لە رێژەی پوکانەوە (وەک دەزانیت، سەرمایە بە تێپەڕبوونی کات دەڕوات و دەپوکێتەوە). لە ئەدەبیاتی ئابوورییدا بەم هەنگاوە دەڵێن شوێنکەوتن (Catch-up). شوێنکەوتن ئەوەیە لاسایی کەسە سەرکەتووەکە دەکەیتەوە. ئەو سەعیی زۆر دەکات، تۆش وەک ئەو دەکەیت: چوونە دەرەوە و نێرگەلەکێشان لەگەڵ هاوڕێکانت کەم دەکەیتەوە و سەعی دەکەیت، ئەو کاتە نمرەکانت ئۆتۆماتیکیی بەرز دەکەیتەوە. بەڵام ئێمە سروت و کەلتوری نێرگەلەکێشان رامانبکێشێت، یان تا دەمەوبەیان لە سۆشیال میدیا چات بکەین و قسەی خەڵکی کاڵفام و خەمۆک بخوێنینەوە، هاوکات دەیان جۆر بەفیڕۆدانی تر لە ژیانماندا بێت، ئەڵێم ئەم کەلتورە داگیرمان بکات و ببێت بە مۆدێلی ژیانمان و شتێکی لێ نەگۆڕین، ئاکامەکەی دەستکەوتێکی کەم و تێچوویەکی زۆر گەورە دەبێت. هۆکارەکەی ئەمەیە: رێژەی پوکانەوەمان زیاتر دەبێت لە پاشەکەوت و لە وەبەرهێنان لە خۆماندا. لە بری ئەمانە، خۆفێرکردن (جا زمانی ئینگلیزیی، عەرەبیی، تورکیی یان فارسیی بێت، کۆمپیوتەر و خوێندن و پسپۆڕییەک، هتد) وادەکات بەفیڕۆدان و دەگمەنیی کەم بکەینەوە، ئەمڕۆ یان چەند ساڵێکی تر شتێکی بەرزتر و بڵندترمان دەستدەخات. بۆچی؟ چونکە پاداشتی ئەوە وەردەگریتەوە کە وەبەرهێنانت زیاتر بووە لە پوکانەوەت، جا ئەو وەبەرهێنانە لە سەرمایەی مرۆییدا (توانا و کارامەیی) بێت یان ماددیی (کارگە و رێگاوبان، هتد).

کۆریای باشور لە 1960دا هێشتا بە وڵاتێکی هەژار دادەنرا، بەڵام بۆ نزیکەی سێ دەیە رێژەی گەشەی 7% ساڵانەی تۆمار کرد. تۆمارکردنی رێژەیەکی بەرزی گەشەی ئابووریی گەیاندییە ریزی دەوڵەتە پێشکەتووەکانی جیهان. بەداخەوە، چۆن بەخێرایی دەشێت سەرکەویت، بۆی هەیە بە خێراییەکی زیاتریش بێیتەوە خوارەوە، بۆیە گوتم ئەمە عەشقێکی ئاسان نییە. بە بەراوردی ژمارەی دانیشتوان، ئەفریقا سێ ئەوەندەی ئەمریکایە. خۆ خودا رقی لە دروستکراوەکانی خۆی نییە و غەزەبی لێ نەگرتون، بەڵکو ئەوە مرۆڤە کەموکورتیی و چارەنوسی خۆی بە خودادا هەڵدەواسێت گوایە فەرمانی ئەوی لەسەرە. لە راستییدا، شەڕی ناوخۆی دنەدراو بە دەستی دەرەکیی بوو وایکرد ملیۆنان مرۆڤی لە دوای 1975  بەکوشتدا و نەبوونی سەقامگیریی سیاسیی، داخراویی جوگرافیای ناوچەکە، گەندەڵیی حکومەت و ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامانی سروشتیی بوو (بۆ نموونە لە هەندێک وڵاتی وەک نێجیریادا) وایکرد گەشەکەیان بە رێژەی 13%  لە نێوان 1980 بۆ 1994 دابەزێت و هەژارییەکەیان قوڵتر ببێتەوە. ئەزمونی چین و کۆریای باشور دەچنە ریزی “مۆدێلی گەشەی سەرکەوتوو”، ئەزمونی ئەفریقییەکان دەچێتە ریزی “مۆدێلی گەشەی کارەستبار” یان رەنگە راستر بێت بڵێم “کارەساتی گەشە”، ئەگەرچی لە سایەی سامانی سروشتییدا نێجیریا لەم دواییەدا رێژەیەک گەشەی بە تێکڕا تۆمارکرد.

ئەی هەرێمی کوردستان کام رێگەیەی هەڵبژارد؟ رێگەی نەوت، هەمان تاس و هەمان حەمامی ساڵانی حەفتاکانی عێراق. خۆ من ناڵێم بیرە نەوتەکە لە ژێر زەوییدا وشکی بکردایە و ئێمەش زەقەی چاومان بهاتایە، بەڵام ئەو چیرۆکە بێ مانایە چی بوو هەر لە خۆیانەوە هاتن گوتیان “نەوت دەمانباتە سەر نەخشەی جیهان”؟ چەند باشتر بوو زیرەکیی مرۆڤەکانمان ئێمەی ببردایەتە سەر نەخشەی جیهان؟ چەند گرنگتر بوو کورد وەک قاچاخچییەکی نەوت بە جیهان نەناسرایە، بەڵکو وەک میللەتێك کە عەقڵی گەورەی هەیە و دەتوانێت بەشدارییەکی چالاکانەتر لە بەرهەمهێنانی دەیان کاڵا و خزمەتگوزاریی بەسودتردا بۆ بازاڕی جیهان بکات؟

ئەو چیرۆکە بێ مانایە چی بوو هەر لە خۆیانەوە هاتن گوتیان “نەوت دەمانباتە سەر نەخشەی جیهان”؟ چەند باشتر بوو زیرەکیی مرۆڤەکانمان ئێمەی ببردایەتە سەر نەخشەی جیهان؟ چەند گرنگتر بوو کورد وەک قاچاخچییەکی نەوت بە جیهان نەناسرایە، بەڵکو وەک میللەتێك کە عەقڵی گەورەی هەیە و دەتوانێت بەشدارییەکی چالاکانەتر لە بەرهەمهێنانی دەیان کاڵا و خزمەتگوزاریی بەسودتردا بۆ بازاڕی جیهان بکات؟

لە بیرت بێت، یەک تۆز رێژەی گەشە تۆماربکەین رەنگدانەوەی گەورەی دەبێت، جا وەرە دوو تۆز بێت؟ تۆمارکردنی تێکڕای گەشەی 7%ی ساڵانە بەسە بۆ ئەوەی کۆی داهاتی عێراق لە 10  ساڵدا ببێت بە نزیکی 400 ملیارد دۆلار، وادەکات زۆر لەم کێشە سەرەتاییانەی ئەمڕۆ بە دەستییەوە دەناڵێنین تێپەڕێنین، ئەمەش تەنها بەشێکی کەرەستەکانی گەشەکردنی دەوێت. تەنانەت رێژەی گەشەی دانیشتوان وەک ئەمڕۆ بە نزیکی 2.5% بمێنێتەوە (کە هیوادارم دابەزێت!)، هێشتا تێکڕای داهاتی تاکەکەس زیاد دەکات (بەپێی یاسای حەفتا، کۆی داهات لە 10ساڵدا دەبێت بە دەبڵ ئەگەر رێژەی گەشە 7% بێت، بەڵام کۆی دانیشتوان لە نزیکی 28 ساڵدا دەگاتە 80 ملیۆن). دە ساڵ زۆر نییە. مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە تۆ و کەسوکارت بەختی ئەوەتان هەبێت ئەو رۆژە ببینن. ئێستا ناهەقمە بڵێم گەشەکردن شتێکە دەبێت عاشقی ببیت؟

هەڵسەنگاندن

نا، ناهەقم نییە عاشقی گەشەی ئابووریی ببین. مەرجێک هەیە لێرەدا، ئەویش مەستنەبوونە.

خستنەگەڕی سەرمایەی ماددیی و مرۆیی و پاشان کەڵەکەکردنی سامانی زیاتر رێگەیەکی زۆر نایابە، هەر زۆر نایابتریشە لەوەی پەنا بۆ نەوت بەرین کە تەنها نرخەکەی نا، بەڵکو دەروونی خۆشمانی ناسەقامگیر کردووە. مرۆڤی توانادارتر و بەرهەمدارتر هەبوا، سامانی سروشتییش باشتر دەخرانەگەڕ. لە هەموو بارێکدا، مەستبوون ترسناکە. مەستبوون سەرئێشە لەگەڵ خۆی دەهێنێت کاتێک سەرخۆشییەکە تێدەپەڕێنیت. بە واتایەکی تر، گەشەی ئابووریی فریودانێکی گەورەی لەگەڵدایە. لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا، مەستبوون دەشێت ئەوە بێت گوایە گەشە تونێلێکە ئەوسەری دەوڵەتی کوردییە. یان ئەوە بێت گوایە شەقام و ئوتومبێلە کەشخەکان و باڵەخانە و سیتییەکانی ئێمە چاوی زۆر وڵاتی کوێر کردووە و نایانەوێت زیاتر ببینن، بۆیە بەربەستمان بۆ دادەنێن.

یەکەم لاوازیی ئەم گوتارە ئەوەیە بە ویست یان نەویست بیرمان دەباتەوە مۆدێلی پشتبەستن بە نەوت گەشەیەکی رەشی ژەهراویی دەخاتە شوێنی گەشەیەکی سەوز. بەشێکی ئەو داهاتەی پەیدای دەکەین لە دەرمان و دۆزینەوەی پزیشک لەم وڵات و ئەو وڵات خەرجی دەکەینەوە.

جگە لەمەش، گەشەی ئابووریی نەک تەنها لەسەر پشتی ئەسپی نەوت ناتوانێت زۆر بڕوات، بەڵکو تایەی سەرمایەی مرۆیی و ماددییشی خرابێتەژێر، هێشتا پەنچەر دەبێت. بۆچی؟ زۆر بە سادەیی، بەکارهێنانی زیاتری فاکتەرێکی بەرهەمهێنان وادەکات بەرهەمدارییەکەی کەم ببێتەوە. تا کوێ تراکتۆر یان کۆمپیوتەر بکڕین؟ تا کوێ دەستی کاری شارەزا لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاربهێنین؟ درێژەکێشانی گەشەی ئابووریی و بەرزکردنەوەی رێژەکەی پێویستی بە شتی وەک توێژینەوە، تەکنۆلۆجیا، حکومەتی باش، ئازادیی رادەربڕین هەیە. راستە گەشە نەخەینە سەنتەری بیرکردنەوەمان و خەونی پێوە نەبینین ناتوانین کۆمەڵگەیەکی کەمتر هەژار بینا بکەین، بەڵام ئەوەیان خۆڵکردنە چاومانە ئەگەر واز لە حکومەتی باش و ئازادیی رادەربڕین و سەقامگیریی سیاسیی و توێژینەوە و پەرەپێدان بهێنیت و بازاڕ غەرقی ئوتومبێلی کەشخە و شوقەی گرانبەها و ڤێلا و سەرۆک خێڵ بکەیت. مەستبوون لێرەدا ئەوەیە تۆ تەنها یەک شت، یەک دەرمان، یەک تونێل بە تونێلی خۆشگوزەرانیی دەزانیت، ئەویش زیادکردنی ئاستی داهاتە کە دەشێت ئەمەش یەکسانانە دابەش نەکرێتەوە.

ئەوەیان خۆڵکردنە چاومانە ئەگەر واز لە حکومەتی باش و ئازادیی رادەربڕین و سەقامگیریی سیاسیی و توێژینەوە و پەرەپێدان بهێنیت و بازاڕ غەرقی ئوتومبێلی کەشخە و شوقەی گرانبەها و ڤێلا و سەرۆک خێڵ بکەیت. مەستبوون لێرەدا ئەوەیە تۆ تەنها یەک شت، یەک دەرمان، یەک تونێل بە تونێلی خۆشگوزەرانیی دەزانیت، ئەویش زیادکردنی ئاستی داهاتە کە دەشێت ئەمەش یەکسانانە دابەش نەکرێتەوە.

لە دۆخی هەرێم و عێراقدا، ئازارێکی کۆمەڵایەتیی و دەروونی خراپتریش لەم جۆرە مۆدێلەی گەشەی ئابووریی و مەستبوون کەوتووەتەوە. ئەویش ئەوەیە کە مۆدێلی ژیانی کەشخەچێتیی باڵدەکێشێت بەسەر بیرکردنەوەی تەواوی کۆمەڵگەدا. لێرەوە “هەستی دەگمەنیی” دەجوڵێنێت. هەستی دەگمەنیی ئەوەیە کە دەشێت ئاستی داهاتت نزم نەبێت (واتە دەگمەنیی هەندێک سەرچآوەت نەبێت)، بەڵام هێشتا هەست دەکەیت شتێک و دووان و سێیان لە ژیانتدا کەمە. هەست دەکەیت کێبڕکێیەک هەیە و فریای ناکەویت. ئیدی بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت خەرج دەکەیت و خەرج دەکەیت. خەرجکردنی رادەبەدەر (overspending) قەرزاریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئینجا قەرزەکانمان کەڵەکە دەبن دوای ئەوەی باکمان نییە رێژەی سودەکەی چەندە. ئیدی قەرز، قەرز رادەکێشێت. وەک ئاهەنگی کوردیی چۆن میوانەکان هەڵدەپەڕن، بوک و زاواش لە روکەشدا پێدەکەنن بەڵام لە ناخەوە حەز دەکەن بگرین لەبەرئەوەی تەنانەت پارەی ئاهەنگەکەیشیان قەرز کردووە، هەرواش تاک لە ناخدا شەکەتە بەڵام گرنگ ئەوەیە خۆی وا پیشان بدات ئەویش شتە، ئەویش ئوتومبێلی کەشخە و خانووی جوانی هەیە. لەولاشەوە بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت زستانی نادیاری کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان تەنازولی لە بەهاری ئازادیی پێ کردوویت. ئەمانە پێکەوە کۆمەڵگە ژەهراویی دەکەن و لەمیشەوە تاکەکان (منداڵەکانمان) ژەهراویی دەبن. دەشێت جۆرێک مرۆڤی ساختە و فێڵباز بەرهەم بێت، بە دەروونێکی بیمارەوە سەرقاڵی نمایشی ژیانێکی خۆشگوزەران بێت.

دەرئەنجام

عاشقبوون بە گەشە سەرەتای رێگەی گەشەسەندن و ئازادیی زیاترە بە مەرجێک عەشقێکی راستەقینە بێت و مەست و سەرخۆشت نەکات. بەڵام کام رێگە؟ رێگەیەک هەیە قاچاخچییەکانی لەسەرن، دەتبەن و بەڵێنت پێ دەدات زوو بگەیت، ئیدی بۆیان گرنگ نییە چی دڕکێک پێیەکانی خۆت یان چواردەورت کون دەکات. رێگەیەکیش هەیە خاوتر بەڵام درێژخایەنترە، کەم داهاتتر بەڵام پاکترە، سەختتر بەڵام سەقامگیرترە.

دەکرێت بچینە سەر رێگەی دووەم. تکایە مەڵێ ناکرێت. ئەزمونە مێژووییەکان و تیۆرە ئابوورییەکان بواری ئەوەت پێ نادەن پێم بڵێیت ” لە خەیاڵدا دەژی، کورد و عەرەب و گەشە کوجا مەرحەبا؟”. بەڵێ کورد و عەرەب و گەشەی درێژخایەن دەتوانن مەرحەبای یەکتر بکەن. رێگەکە هەرچەند سەخت بێت، سەختر نییە لەو هەموو وزەیەی لە یەکتر لەناوبردندا سەڕفمان کرد.

  1. Paul Krugman and Robin Wells, Macroeconomics, fifth Edition, Worth Publishers, Macmilan Learning, New York, 2028

2.    Erik Angner, How Economics Can Save The World, Simple Ideas to Solve Our Biggest Problems. Stockholm University, 2023

3.                         Tyler Cowen and Alex Tabarrok, Modern Principles; Macroeconomics, Second edition, Worth Publishers, 2013

بەشکردن: