کتێبێک تۆمارە نهێنییەکانی سەددام حسێن ئاشکرا دەکات: نێچیرڤان بارزانی لە دیداری سەددامدا لە ٢٠٠٢
ڕێنوار نەجم – تایبەت بە کوردستان تایمز
لە ١٤ی ئاداری ٢٠٠٢ نێچیرڤان بازرانی خۆی دەگەیەنێتە سەددام حسێن بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی سەددام لەبارەی سەردانی شاندێکی ئەمەریکییەوە بۆ هەولێر. بارزانی بە سەددامی گوتووە شاندە ئەمەریکییەکە، کە بەرپرسێکی تورکیشیان لەگەڵدا بووە، هەشت ڕۆژ لە کوردستان ماونەتەوە و لەگەڵ سەرکردایەتی کورددا باسیان لە هەماهەنگییەکانی داهاتوو کردووە.
سەددام حسێن قسەکانی ناو ئەو کۆبوونەوەیە و سەدان کۆبوونەوەی دیکەی داخراوی خۆی بە دەنگ تۆمار کردبوون و ئەرشیفی کردبوون. ئەرشیفەکە لە زیاتر لە ٢٠٠٠ کاتژمێر تۆماری دەنگی پێک دێت و هێشتا زۆرینەی بە نهێنی ماونەتەوە. سەرجەم ئەو تۆمارە دەنگیانە و ملیۆنان بەڵگەنامەی دیکە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کەوتنە دەست ئەمەریکییەکان و ئەوانیش گواستیانەوە بۆ قەتەر و دواتریش واشنتن. لە ساڵی ٢٠١٣ ئیدارەی باراک ئۆباما بڕیاری دا بەڵگەنامە نهێنییەکانی سەردەمی بەعس بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق، بەڵام کۆپییەکی هەموو بەڵگەنامەکان لە واشتن هێڵرانەوە. بەشێکی کەم لە بەڵگەنامەکان لە ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن ناوەندێکی ئەمەریکییەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوکرانەوە، بەڵام دواتر سەرجەمیان لابران.
ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئەمەریکی، ستیڤ کۆڵ، دوای کێشمەکێشێکی یاسایی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، توانی لەڕێی دادگاوە دەستی بگات بە بەشێک لەو بەڵگەنامە نهێنییانەی بەعس و خودی سەددام حسێن و لە کتێبێکدا بەناوی “تەڵەی ئەکیل” (The Achilles Trap) لە کۆتایی مانگی ڕابردوو بڵاوی کردەوە.
کتێبەکە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی عێراقە لە هاتنە سەر دەسەڵاتی سەددام حسێن لە ساڵی ١٩٧٩ تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، بەتایبەتی چیرۆکی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ڕژێمەکەی سەددام حسێن و لێکەوتەکانی ئەو هەوڵانە. بۆ گێڕانەوەی دیوی پشتەوەی ڕووداوەکانی عێراق، کتێبەکەی ستیڤ کۆڵ پشت دەبەستێت بە زیاتر لە ١٠٠ چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکان و قوربانییەکانی ڕژێمی بەعس، تۆماری دەنگیی نهێنی کۆبوونەوەکانی سەددام حسێن، کۆنووسی کۆبوونەوەکان و یاداشتەکان، لە نێویاندا یاداشتێکی بڵاونەکراوەی بەرزان تکریتی بەناونیشانی “ساڵە شیرینەکان و ساڵە تاڵەکان،” کە زۆر نهێنی خێزانی سەددام حسێن و شێوازی بڕیاردانی ڕژێمی بەعسی باس کردووە.
لە کاتێکدا سەرکردایەتیی کورد بە نوێنەرایەتیی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (CIA) لە گفتوگۆدا بوون لەبارەی روخاندنی رژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسێن، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ سەددام حوسێن کۆدەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا کە ساڵێک پێش هێرشەکەی ئەمەریکا بووە، بە سەدامی وتووە: “ئێمە پێمان وایە پیلانگێڕییەک دژ بە عێراق لە ئارادایە”. هەروەها بارزانی بەڵێنی وەفاداریشی داوە ئەگەر هاتوو ئەمەریکا هێرشی کرد. بارزانی باسی لەوەش کردووە کە کوەیتی و ئەردەنییەکان، ڕەنگە تورکەکانیش، بچنە پاڵ هێرشەکەی ئەمەریکا.
“شیکارییەکانت دروستن،” سەددام وا وەڵامی نێچیرڤان بارزانی داوەتەوە. هەروەها گوتویەتی “ئەگەر پێویست بکات بە شێوەی سەربازیانە ڕووبەڕوو [ی ئەمەریکا] ببینەوە، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ ئەو کارە. بە هەرحاڵ، ئەمەریکییەکانیش نایانەوێت وەک هێزێکی سەربازی بێنە عێراق… نەیانتوانی بیسەلمێنن کە عێراق ڕۆڵی هەبووە لەوەی ڕوویدا [لە ١١ی سێپتەمبەر] — بێگومان ئێمە هیچ ڕۆڵێکمان نەبووە لەوەی ڕوویدا.” سەددام بەردەوام بووە، “بە بڕوای ئێمە ئەمەریکا هێرش ناکات— یان ڕەنگە تەنیا هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی… ئەوان نایانەوێت ئەم جارە ڕژێم بگۆڕن، لانی کەم بۆ ماوەیەک.”
دانانی پلان بۆ داگیرکردنی عێراق، “کاتی زۆر زیاتری دەوێت و ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئاستی جەماوەریی [جۆرج بوش] دەستی کردووە بە دابەزین.” لە کۆتایی قسەکانیشیدا سەددام وتویەتی: “خودشەیدایی (نارسیزم) مەترسیدارە و دەشێت هەلی ژیربوون لە کەسێک بسەنێتەوە،” وەک ئاماژەیەک بۆ جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمەریکا، بێئاگا لەوەی لەو کاتەدا کتومت باس لە خۆیشی دەکات.
وەک ڕووداوەکانی دواتر پیشانیان دا، بە پێچەوانەی هەڵسەنگاندنەکانی سەددامەوە، ئەمەریکا هێرشی کرد و بە هێزی سەربازی لەماوەیەکی کەمدا عێراقیان داگیر کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی بەعس لە عێراق هێنا. بە پێچەوانەی بەڵێنی نچیرڤان بارزانیشەوە، هەرێمی کوردستان، بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، بوون بە بەشێکی لە هێزەکانی هاوپەیمانان دژ بە ڕژێمی بەعس.
بەپێی کتێبەکە، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە یەکێک لە سەردانەکانیاندا بۆ ئەمریکا کە لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە بە فڕۆکەیەکی سی ئای ئەی گەشت دەکەن، لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکییەوە دەیان بەڵێنیان پێ دەدرێت-پارە، چەک، پاڵپشتیی سیاسی- و جەخت دەکرێتەوە کە ئەمجارە ئەمەریکییەکان جددین، بەڵام مەسعود بارزانی باوەڕی نەکردووە ئەمەریکییەکان جددی بن لە هێرشکردنە سەر سەددام. بەڵام جەلال تاڵەبانی پێی وابووە بۆش نیازی هێرشی بۆ سەر عێراق هەیە و لە بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندایە هەماهەنگی بکات.
هەر بۆیە جەلال تاڵەبانی جدیتر بووە لە کارکردن لە دژی سەدام حسێن و باشترین هەواڵگرییەکان کە دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسێن کۆکرانەوە، لەلایەن تیمەکەی جەلال تاڵەبانییەوە رێکخرابوون. بەر لە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر عێراق، سی ئای ئەی دەستی کردووە بە چاندنی هەواڵگر لەناو دەستەبژێری سیاسیی و سەربازیی ڕژێمی بەعسدا، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر پشتی بەو کوردانە بەستووە کە کاری ئاسایی وەک باخەوانی، خزمەتکاری و چێشلێنانیان بۆ ئەو دەستەبژێرانە دەکرد. بەڵام گرنگترین و کاریگەرترین هەواڵگر لە لایەن جەلال تاڵەبانییەوە بۆ ئەمەریکییەکان پێشنیار کراوە، شێخ نەهرۆ کەسنەزانیی ڕابەری تەریقەتی کەسنەزانی بووە، کە ئەندامەکانی تەریقەتەکەی بەکارهێناوە کە لە پێگەی گرنگدا بوون، لەنێویاندا لە دەستەی پاسەوانیی سەددام حسێندا. لەبەرامبەر هاوکارییەکەیدا، ئەمەریکییەکان ملیۆنان دۆلاریان داوە بە شێخ نەهرۆ، کە بە وتەی خۆی ئەو بڕە گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار. دوای کەوتنی ڕژێمی بەعس، شێخ نەهرۆ دانی بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادا نا.
بەشێکی دیکەی کتێبەکەی ستیڤ کۆڵ تایبەتە بە وردەکارییەکانی پڕۆسەی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمەکەی سەددام حسێن دژ بە خەڵکی کوردستان. بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەنفال، نووسەر پشت بە چاوپێکەوتنێکی درێژ لەگەڵ وەحید کۆچانی دەبەستێت کە ڕزرگاربوویەکی پڕۆسەی ئەنفالە و لە دادگاییکردنی سەددام حسێن و بەرپرسانی دیکەی ڕژێمی عێراقیدا شایەتیی داوە. هاوکات بە پشت بەستن بە بەڵگەنامە نهێنییەکان، چەند گفتوگۆیەکی سەرکردەکانی بەعس لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا لەبارەی ئەنفال و کوردستانەوە دەخاتە ڕوو.
لەکاتی قۆناغی سێی ئەنفالدا، عەلی حەسەن مەجید، وەک بەرپرسی بەشی باکووری حزبی بەعس، لە ١٥ی نیسانی ١٩٨٨ لە کۆبوونەوەیەکی حزبیدا لەبارەی ناوچەی گەرمیانەوە وتویەتی “هەموو ئەو ناوچەیە چۆڵ دەکەم. بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕێگە بە بوونی هیچ ئینسانێک لەوێدا نادەم.” هەروەها بەردەوام بووە لە قسەکانی: “کشتوکاڵەکەیانم ناوێ. تەماتەکەیانم ناوێ. بامێ و خەیارەکەیانم ناوێ. ئەگەر بەم شێوازە کار نەکەین، چالاکییەکانی تێکدەران هەرگیز کۆتایی نایەت- دوای یەک ملیۆن ساڵی تریش”.
لە تۆمارەکانی حزبی بەعسدا لەبارەی پڕۆسەی ئەنفال و ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشی چەکداریی کورد، باس لە دەستگیرکردن و کوشتنی بە کۆمەڵ کراوە، هەروەها ئەو بەرپرسە عێراقییە “پاڵەوان و ئازایانە”ی مەدالیایان وەرگرتووە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی “تێکدەران” و “خائینان” و “پیاوەکانی ئێران”، لەناو تۆمارەکانی ڕژێمی بەعسدا بەو جۆرە ناوی ئەو کوردانە براون کە ڕووبەڕووی ڕژێمی بەعس بوونەتەوە. لە یەکێک لە بەڵگەنامەکەندا ئاماژە بۆ سەرزەنشتکردنێکی سووکی ئەفسەرێکی عێراقی کراوە کە زۆر توند ڕەفتاری کردووە، لە نامەیەک لە نووسینگەی باکووری حزبەوە بۆ ئەفسەرەکە قسەیەکی عەلی حەسەن مەجید هێنراوەتەوە کە گوتوویەتی: “ئێمە لاریمان نییە لە سەرپەڕاندنی خائینان، بەڵام باشتر وایە بەر لە کوشتنیان بیاننێرن بۆ [فەرمانگەی] ئەمن بۆ لێکۆڵینەوە”.
لە یەکێکی دیکە لە بەڵگەنامەکاندا، باس لە کۆبوونەوەیەکی سەددام حسێن لەگەڵ تارق عەزیز و ڕاوێژکارانی سیاسەتی دەرەوە کراوە کە لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا ئەنجام دراوە و گفتوگۆی ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەیان کردووە کە بەو هۆیەوە لەسەریان دروستبووە. لەوێدا تارق عەزیز ڕەشنووسی بەیاننامەیەکی بۆ سەددام حسێن خوێندوەتەوە تا پەسەندنی بکات: “عێراق ڕێز لە هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و پابەند دەبێت پێیانەوە…”
سەددام حسێن: زۆر باشە.
تارق عەزیز: دەتوانم بینێرم، گەورەم؟
سەددام حسێن: بەڵێ.
تارق عەزیز: بەو شێوەیە کات بەدەست دەهێنین.
سەددام بەردەوام بووە لە قسەکردن دەربارەی داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ کورد. بە پێکەنینەوە گوتوویەتی: “ئۆتۆنۆمی؟ یەڵا با باسی ئۆتۆنۆمی بکەین. دەەوڵەتی کوردی؟ یەڵا با باسی دەوڵەتی کوردی بکەین!”
جگە لە کتێبەکەی ستیڤ کۆڵ، بەشێکی دیکە لە دەقی تۆمارە دەنگییە نهێنییەکانی سەددام حسێن لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن زانکۆی کامبریجەوە بڵاوکرانەوە لە کتێبێکدا بەناونیشانی “کاسێتەکانی سەددام”. بەڵام هێشتا زۆرینەی زۆری تۆمار و بەڵگەنامە نهێنییەکانی سەددام حسێن و ڕژێمەکەی بە نهێنی ماونەتەوە، کە بەشێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کوردستانی عێراق و دیوی پشتەوەی ئەو ڕووداوانە هەبووە کە لەو سەردەمەدا ڕوویان داوە.
بەرگی کتێبی “تەڵەی ئەکیل”