چی لە ناوچەکە دەگوزەرێ؟
سیڤان سەعید
مرۆڤ بەئاسانی دەتوانێت ئەوە ببینێت کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە، ڕووداوە ئەمنی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کاریگەرییەکی جیاوازیان لەسەر نەزمی جیهانی داناوە. لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوام داوای لە ڕووسیا دەکرد کە شەڕی خۆی دژی ئۆکرانیا ڕابگرێت و ڤلادیمێر پوتینی بە تاوانباری جەنگ ناوزەد کرد؛ بە پێچەوانەوە ئەمریکا دوودڵی خۆی نیشانداوە لە چارەسەرکردنی کۆمەڵکوژی غەززە و دڕندەییەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەلەستین. جگە لەوەش واشنتۆن خۆی دەپارێزێت لە بە تاوانباری جەنگ ناوزەدکردنی ناتانیاهۆ. لە لایەکی دیکەوە، هەردوو ڕووسیا و چین، کە وەک ڕکابەری بەهێزی هەژموونی ئەمریکا دەردەکەون. تادێ زیاتر لە یەکتر نزیک دەبنەوە و بەرخۆدانی خۆیان لە بەرامبەر هەژموونی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ناتۆ فراوانتر دەکەن.
دەتوانین بڵێین ئەم ململانێیەی نێوان سێ زلهێزە جیهانییەکە بە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەروات. لەلایەکەوە، ئەمریکا دەیەوێت دۆخی ئێستا بهێڵێتەوە و بەردەوام بێت لە سەپاندنی هەژموونی خۆی وەک تاکە جەمسەری دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی جیهان. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، هەردوو زلهێزی چین و ڕووسیا دەیانەوێت ئەم سەردەمەی تاک جەمسەری لەژێر هەژموونی ئەمریکادا کۆتایی پێبهێنن. ئەگەرچی کۆتاییهاتنی ئەم نەزمە ئەمریکیە ناکاتە کۆتایی هاتنی دەسەڵات و ڕۆڵی ئەمریکا لە هەموو کایە جیاوازەکاندا. بەڵکو هەوڵی روسیا و چین تەنها بۆ دروستکردنی نەزمێکی فرە جەمسەرییە کە زلهێزە جیهانییەکان و ناوچەییەکان رۆڵ و پشکی خۆیان لە ڕێکخستنەوە و بەڕێوەبردنی جیهاندا هەبێت و بەئاشتییانە بچنە نێو سەردەمێکی نوێ.
دەکرێ بە کورتی بێژین، ئەم ململانێیە سێ لایەنی ئابووری، سەربازی و دیپلۆماسی لەخۆدەگرێت. سەرەڕای ئەوەش، ئەکتەر و پرۆکسییە دەوڵەتیی و نادەوڵەتیە جیاوازە ناوچەیی و تەنانەت لۆکاڵییەکانیش کاریگەری خۆیان لەسەر ڕووداوەکانی ناوچە جیاوازەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای ڕەش و دەریای باشووری چین دەخەنە ڕوو. بەکورتی ئەم ململانێیەی نێوان هەرسێ زلهێزەکە زیاتر لەسەر سێ لایەنی گرنگ دەوەستێت:
1- لایەنی ئابووری و دارایی.
2- بوونی سەربازی و ئەمنی.
3- مانۆڕی دیپلۆماسی و سەپاندنی هەژموون.
کاریگەریی ئەم سێ لایەنەیش لە ڕەفتارە تاکتیکییەکان و پلانە ستراتیژییەکانی هەر سێ زلهێزە جیهانییەکە لە هەموو ناوچەکاندا ڕەنگ دەداتەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، هەردوو دەستپێشخەری (پشتێن و ڕێگا) بە سەرکردایەتی چین و (ڕێگای گەشە) بە سەرکردایەتی چەند وڵاتێک لەوانەش هیندستان، دوو پڕۆژەی ئاڵۆزن کە دەتوانن ببنە هۆی گۆرانکاری و کاریگەیی لەسەر هەڵوێستی هێزە جیاوازە ناوچەیی و جیهانییەکانیش سەبارەت بەگۆڕینی سەنگەر و هاوپەیمانییە جیاوازەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان. ئەمەش دەبێتە مایەی بەریەککەوتن و ململانێ لە نێوان زلهێزە جیهانییەکان کە هەر ئێستا سەری کێشاوە بۆ گۆڕانکاری جەوهەری لە نەزمی تاکجەمسەری جیهانیدا. گرنگە بزانرێت کە بەڕێوەبردنی ئەم نەزمە فرەجەمسەرە ئابوورییە زەبەلاحە و بەرگرتن لە تەقینەوەی ململانێکان و پاراستنی ئارامی جیهان شتێکی نزیکە مەحاڵە. ئەمریکا و ناتۆ رازی نابن بە ئاشتی دەسبەرداری بەڕێوەبردنی تاک لایەنەی جیهان ببن. ئەمەش، کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک و هەموو جێیەکی ئەم جیهانەدا دەبێت.
ئەمریکا چیتر ناتوانێت پێگەی خۆی وەک تاکە دەسەڵاتی جیهانی بپارێزێت و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی لە هەموو ناوچەکاندا کەوتۆتە بەر هەڕەشە. بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەژموونی ئەمریکا رۆژ بە رۆژ کەم دەبێتەوە.
لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، بە ئاسانی دەتوانرێت تێبینی ئەوە بکرێت کە ئەمریکا چیتر ناتوانێت پێگەی خۆی وەک تاکە دەسەڵاتی جیهانی بپارێزێت و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی لە هەموو ناوچەکاندا کەوتۆتە بەر هەڕەشە. بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەژموونی ئەمریکا رۆژ بە رۆژ کەم دەبێتەوە. ئەمەش وای لێکردووە بیر لە ستراتیژ و تاکتیکی نوێ بکاتەوە. تەنانەت ئەمریکا سەرقاڵی سەرلەنوێ بیرکردنەوەیە لە کشانەوەی سەربازییە لە ناوچەکەدا. لانیکەم لە سوریا و عێراقدا بە ئەگەری زۆر دۆسیەی کشانەوە لەسەر مێزی پنتاگۆن هەیە. بەڵام ڕووداوەکانی غەززە پلانی کشانەوەی سەربازیی تارادەیەک خاوکردووەتەوە. ئەگەرچی رووداوەکانی ئۆکۆتبەر و رۆژانی دواتر وەک زەنگێکی بەئاگاهاتنەوە بۆ ئەمریکا چاوی لێدەکرێت. ئەوە بۆ ئەمریکا ئاشکرا بوو کە چۆن قەیرانی غەززە دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕووسیا و چین لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییە دەوڵەتیی( ئێران و تورکیا) و نادەوڵەتییەکانیاندا ( حیزبوڵڵا و حەماس و زۆری تریش) بکەنە یاریزانی سەرەکی لە رۆژهەلاتی ناوەراست و قەیرانی غەززە ببێتە ئەو پووشەی کە پشتی حوشترەکە دەشکێنێت. (The straw that breaks Camel’s back ).
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی تێبگات کە ئەمریکا ناجارە ئەم لایەن زیاتر پێشبخات. چونکەحاڵی حازر لە بەڕێوەبردنی کەیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تووشی قەیرانەکی سەخت بۆتەوە و نزیکە لە دڵنیابوون لەوەی کە چیتر ئەم دۆسییەی لە دەستدا نەماوەە. واتە، ڕووسیا و چین بە زیرەکی مامەڵەیان لەگەڵ قەیرانی غەززە وەک بەرەیەکی دیکەی شەری گەرم و تازە لە نێوان زلهێزەکان کردووە؛ بە شێوەیەک (نزیکەی هەمووان) ململانێی دەریای ڕەش و گرژییەکانی باشووری چین لەبیربکەن. ئێستا ئەمریکا لەژێر فشاری دیپلۆماسی رووس و چینەکاندایە. سەرەڕای ئەوەش هەزە ناوچەیی و لۆکاڵییی پرۆکسییەکانی وەک (ئێران و تورکیا و گروپە بە وەکالەتە سوننەو شیعەکانی لوبنان، فەلەستین، عێراق، سوریا، یەمەن و تەنانەت دەریای سووریش) لەلایەن ڕوسیا و چینەوە بەکاردەهێنرێت بۆ خزمەتکردنی ئەو مەبەستە فشاری دیپلۆماسی زیاتر لەسەر ئەمریکا. لەبەرئەوە ئەمریکا چالاکانە) بەڵام لەژێر فشاردا نەک بە ویستی خۆی) بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەم قەیرانەدا بە تێجوویەکی کەمتر دەربچێت.
گەشتە بەردەوامەکانی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، دەرئەنجامی ئەم زەنگی بەئاگاهاتنەوەیەی ئەمریکایە کە بەخێرایی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا لەدەست دەدات. بەڵام هەواڵە خۆشەکە بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە نزیکەی هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان (بە جۆرێک) پلانەکەیان قبوڵ کرد بۆ بنبڕکردنی سەربازی حەماس و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ خەڵکی گەمارۆدراوی ڕەفەح- غەزە و ڕزگارکردنی نەتانیاهۆ لە دادگا و ریسواکردنی وەک تاوانکاری جەنگ. لەم حاڵەتەدا هەردوو وڵاتی میسر و ئیمارات وەک دوو وڵاتی سەرەکی عەرەبی و زلهێزی کاریگەر لەسەر جیهانی عەرەبی دڵخۆشن بەو پلانە. ئەمەش سەرەڕای هەموو قەیرانە مرۆییەکانی وڵاتییانی غەززە و فەلەستینییەکان و کوژرانی سەروی ٣٠ هەزار خەڵکی مەدەنی لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە.
بە پێچەوانەوەی دیپلۆماسییەتی ئەمریکاوە؛ چین و ڕووسیا سوود لە گروپە بەهێزەکەی خۆیان (BRICS) بریکس و ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیا وەردەگرن بۆ پشتگیریکردنی پلانی ڕووسیا و تێکدانی هەژموونی ئەمریکا و ناتۆ لە جیهاندا.
بە پێچەوانەوەی دیپلۆماسییەتی ئەمریکاوە؛ چین و ڕووسیا سوود لە گروپە بەهێزەکەی خۆیان (BRICS) بریکس و ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیا وەردەگرن بۆ پشتگیریکردنی پلانی ڕووسیا و تێکدانی هەژموونی ئەمریکا و ناتۆ لە جیهاندا. دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی دیاریکراو لە ستراتیژی خۆیاندا سەرکەوتوو بوون. بۆیە ئەم دژە دیپلۆماسییە چالاکەی چین و ڕووسیا، واشنگتۆنی ناچارکردووە کە دیپلۆماسییەتی خۆی بونیاد بنێتەوە.
گۆڕانی پلانی ئەمریکا و ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا، لە ساڵی ٢٠١١دا لەسەر ناوی بەهاری عەرەبی هەندێک خۆی نیشاندا. هەندێ گۆڕانکاریشی لە کارنامەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هێنایە ئاراوە. بەڵام زۆری نەخایاند بۆیان دەرکەوت کە پشتگیریکردنی خەلک و پشتگوێخستنی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و گۆڕینی ڕێڕەوەکە دەرگای دۆزەخ دەکاتەوە. بۆیە بەپەلە گەڕانەوە بۆ ستراتیژی پێش بەهاری عەرەبی کە ستراتیژی (سەقامگیری نەک دیموکراسی) بوو. ئەوە ئاشکرایە کە بۆ ماوەی نیو سەدە، ئەمریکا درێغی نەکرد لە پشتگیریکردنی دیکتاتۆرە درێژخایەنەکانی ناوچەکە و پشتگیریکردنیان بە هەر نرخێک بێت. بەم شێوەیە سەقامگیری ناوچەکە لە پێشینە بوو. لێرەوە دەتوانرێت بەهاری عەرەبی وەک ستراتیژی پێشوەختەی ئەمریکا و ناتۆ لە ناوچەکەدا هەژمار بکرێت. بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە. بەهۆی لاوازی و کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە و پەرەسەندن هەژموون و ستراتیژی ڕووسیا و چین لە ناوچەکەدا؛ ئەمریکا لە خەباتدایە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێ بۆ دەرچوون لەم قەیرانە.
بۆیە ئەمجارەیان ئەمریکا بەدوای هاوپەیمانێکی بەهێز و متمانەپێکراودا دەگەڕێ کە متمانەی پێی هەبێت لە حاڵی کەمکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە ئامادەبوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا. واتە هاوپەیمانێکی فیعلی لەسەر ئەرز کە جێی متمانەبێ و توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆی هەبێت. بۆ ئەمەش سەرەتا ئەمریکا هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە سوننەکان لە عێراق و سوریادا پەسەندکرد، بەڵام ئەمە بووە هۆی بەهێزکردنی رێکخراوە سونییە تیرۆریستیەکانی وەک قاعیدە و داعش. دوابەدوای بێ هیوابوون لە سوننەکان، سەرنجییان خستە سەر هێزە کوردییەکان لە عێراق و سووریا. بەڵام کوردەکانی عێراق خەباتێکی نافەرمی و نەزانانەیان کرد و نەیانتوانی ئامادەیییەکی بەهێز نیشان بدەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئەمریکا. لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکور و رۆژهەلاتی سوریا، پێدەچێت بژاردەی یەکەم بێت بۆ ئەمریکا. ئەگەر چی هەسەدە، سەرەرای هەموو ئاستەنگیەکان و فشاری تورکیا و روسیا و تەنانەت چینیش بۆ تەسلیمبوون بە شام؛ لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و چین لە ناوچەکەدا دەپارێزێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژی ئەمریکادا ڕەنگە کاریگەریی فراوانتری هەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دۆخەکە لە قازانجی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە تورکیا پەرەبسێنێت و داینامیکی سیاسی نوێ لەناو دەوڵەتی تورکیادا بگۆڕێت.
جگە لەوەش، ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژی ئەمریکادا ڕەنگە کاریگەریی فراوانتری هەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دۆخەکە لە قازانجی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە تورکیا پەرەبسێنێت و داینامیکی سیاسی نوێ لەناو دەوڵەتی تورکیادا بگۆڕێت. لەم دواییانەدا ڕاپۆرتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (CSIS) تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی جێی سەرنج. لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە چیتر ناشێت پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار بکرێت چونکە بەشدارییەکی بەرچاوی لە شەڕی داعشدا کردووە شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا. هەروەها ڕەخنەی لە تورکیا گرتووە لەسەر هەوڵەکانی دژە تیرۆر و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو هەوڵانە سەرێشە و ئاستەنگی بۆ ناتۆ و ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست دەکەن. لە ئاکامدا ئەگەری ئەوە هەیە کە پەکەکە لە لیستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربخرێت. ئەمەش دەرگایەکی مەزن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە تورکیادادەکاتەوە. لە ئەنجامدا زەمینە خۆش دەبێ بۆ خولێکی نوێی وتووێژی ئاشتی لە نێوان گەلی کورد یان بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا و شکستەکان و گۆڕانکارییە سیاسییە کە لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا وەک خەسار ناسییەک تەماشا دەکرێت؛ ئەمریکا ناچارە بۆ کرینەوەی مەکانەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ستراتیژێکی نوێ پێشبخات. هەربۆیەش، بە لەبەرچاوگرتنی راستینەی ئامادەیی بەهێزی ڕووسیا و چین لە ناوچەکەدا، ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی. لە ئەنجامدا مانۆڕی دیپلۆماسی زۆر گرنگە، جا چ لە ئەنجومەنی ئاسایش یان لە سەرانسەری ناوچەکانی وەک دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەش بۆتە راستینەیەک کە چیتر ئەمریکا ناتوانێت روسیا و چین لە ناوچەکە پاشەکشە پەبکات بەڵکو تەنها جارەی ڕێککەوتنە لەگەڵ ڕوسیا و چین لەسەر ئەو پرسانەی پێشتر باسکران. بۆ بەرگرتن لە شەری مەزنتر روسیا و چین وەک دوو هاوپەیمانی تۆکمە، خەرەیکن ئەمریکا و ناتۆ ناچار دەکەن بە تەسلیمبوون بە سەردەمی فرە جەمسەریی و بەشداریکردنی حەزە گلۆباڵ و ناوچەییەکانیش لە بڕیاردان لە مژارە گرنگە ئابووری و ئەمنی و سیاسیەکانیش.