ئیسلام و ژنی سەردەم: خوێندنەوەیەکی مافتەوەریانەی پرسەکانی ژنان بە دیدێکی مسوڵمانانە
یاسین ئافتاو
پرسی ژنان و مافەکانی ژنان لە ئیسلام و کۆمەڵگە مسوڵمانەکاندا، یەکێکە لە پرس و بابەتە فیکریی و کۆمەڵناسیی و یاسایییە هەرەگەرموگوڕ و مشتومڕئامێزەکانی توێژینەوە کولتووریی و ڕشتە جیاوازەکانی زانستە مرۆییەکان و لەوێشەوە بۆتە پرسێکی مێدیایی، ئەکادیمیی و کۆمەڵایەتیی و میللیی، کە ڕۆژانە لە مێدیا، زانکۆکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب، کۆڕ و کۆبوونەوە و پلاتفۆڕم و شوێنە جیاوازەکانی دیکەدا دەورووژێنرێت، ئەم پرسە یەکێکە لەو پرسانەی کە کۆمەڵگە مسوڵمانەکانی دابەشی چەندین بەرە کردووە کە بە گشتیی سێ دانەن: بەرەی نەریتخوازە بنەوانخوازەکان، ڕیفۆرمیستەکان، ڕادیکاڵە نوێگەرەکان و لەنێوان ئەوانەشدا چەندین ئاراستەی جیاواز و پێکناکۆک درووست بوون.
من لەم وتارەدا، بە دیاریکراوی لەسەر ئەو ئاراستەیە ئیش دەکەم کە گەرەکیەتی بە گەڕانەوە بۆ ئیسلام و بە خوێندنەوەیەکی نوێگەرانەی دەقەکانی قورئان و فەرموودە و هەروەها بە خستنەنێوکۆیی «Contextualization» ئەو دەقانەوە، دیدێکی هاوچەرخانەی نزیک لە جیهانبینیی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بۆ پرس و مافەکانی ژنان گەڵاڵە بکات، دیدێک کە لەسەر بنەمای مافتەوەریی و دادپەروەریی و ئینساف « بە دەربڕینە ڕاوڵزییەکە« ڕۆ نراوە.
سەرەتا پێش ئەوەی بچمە ناو کرۆکی باسەکەوە؛ پشتبەست بە شەرعناس و زانایەکی گەورەی وەکو د. مستەفا زەڵمی، دوو بوار لێک جوودا دەکەینەوە: ئایین و شەریعەت. بە بڕوای زەڵمی »دین و شەریعەت دوو شتی لێک جیاوازن«، ئەم فەقیهە ڕۆشنگەرە پێی وایە: »ئایین درێژکراوەی ئایینەکانی پێشووە و هەڵوەشاندنەوە »نەسخ« ڕووی تێ ناکات، بەڵکو تەنها گۆڕانی بەسەردا دێت… بە پێچەوانەی شەریعەتەوە کە هەڵوەشاندنەوە ڕووی تێ دەکات”. »زەڵمی: ٢٠١٧: ٢٤٦-٢٤٨«.
زەڵمی لە کتێبی »ڕوونکردنەوەی یاساکان بە شێوازێکی نوێ«، بە درێژایی ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی ڕێساکانی ئوسوڵفیقهی ئیسلامیی، دیدێکی عەقڵانییانەی نوێمان پێشکەش دەکات، لەسەر بنەمای بەکاربردنی عەقڵ لە لێکدانەوەی دەقەکاندا بێ ئەوەی دەقەکان ئیلغا بکاتەوە یان نادرووست ڕاڤەیان بکات، هەر لەو سۆنگەیەوە چەندان قاعیدە و ڕێسای فیقهیی هەن کە بە تەواوەتیی دژیانە و ڕەتیان دەکاتەوە، هەر بۆ نموونە ڕێسایەکی وەکو »کل قرض جر نفعا فهو ربا: هەر قەرزێک سوودی هەبێت ڕیبایە«، »زەڵمی: ٢٠١٧: ٤٠٨«.
لەو کتێبە نایابەدا کە بە تێڕوانینێکی هاوچەرخانە و ڕۆشنگەرانە نووسراوە، بەشێکی زۆر لە پرسەکانی تایبەت بە ژنان و خێزان پێداچوونەوەیان پێدا کراوە و بە دیدێکی نوێگەرانەوە ڕەخنە کراون و تێڕوانینی نوێ لە جێگەیان دانراوە.
سەبارەت بە پرسەکانی ژنان، قاعیدەیەکی ئوسوڵی هەیە کە دەڵێت: »زواج المکره باطل اذا لم یتم الدخول« واتە ئەو هاوسەرگیرییەی بە زۆرەملێ و لە دەرەوەی ئیرادەی کچەکە کراوە بەتاڵە ئەگەر مێردەکە سەرجێی لەگەڵ ژنەکەدا نەکردبێت، ئەم قاعیدە ئوسوڵییە کە هیچ دەلیلێکی قورئانیی لەبارەوە نییە، بۆتە ماددەیەکی یاساکانی باری کەسێتیی عێراقیی »ماددەی ٩ی یاسای باری کەسێتیی کارپێکراو، ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩«*.
بەپێی ئەم قاعیدە ئوسوڵییە، ئەو کچەی بەزۆر دەدرێتە پیاوێک، ئەگەر بچێتە لای دادوەر سکاڵا بکات لەسەر ئەوەی بەزۆر دراوە بە شوو، ئەگەر دوای ئەوە بێت کە مێردەکەی سەرجێیی لەگەڵ کردبێت، ئەوا گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی »عقد الزواج« بە درووست دادەنرێت، بەڵام ئەگەر سەرجێیی ڕووی نەدابوو ئەوە دادوەر دەتوانێت سکاڵاکەی وەربگرێت و دەستبەجێ گرێبەستەکەی هەڵبووەشێنێتەوە.
هەر لە بنەماوە ئەو هاوسەرگیرییەی بە زۆرەملێ و تۆپزیی کراوە بەتاڵ و گەمارە، چونکە بە بڕوای مستەفا زەڵمی هیچ گرێبەستێکی بەتاڵ و ناشەرعی بە هۆی ڕێپێدانەوە نابێتە گرێبەستێکی درووست
ئەم ڕێسایە لای پرۆفیسۆر زەڵمی هەر لە بنەماوە هەڵەیە و دەبێت ڕێساکە ئاوای لێ بکرێت: “زواج المکره موقوف او فاسد”، واتە هەر لە بنەماوە ئەو هاوسەرگیرییەی بە زۆرەملێ و تۆپزیی کراوە بەتاڵ و گەمارە، چونکە بە بڕوای ئەو هیچ گرێبەستێکی بەتاڵ و ناشەرعی بە هۆی ڕێپێدانەوە نابێتە گرێبەستێکی درووست. »زەڵمی: ٢٠١٧: ٢٦٥«.
من لێرەدابە ئاماژەدان بە پرۆفیسۆر زەڵمی، دەمەوێت جەخت لەو دیدە بکەمەوە کە قورئان و فەرموودە و تووراسی فیقهی مسوڵمانان، شیاوی سەرلەنوێ خوێندەوە و ڕەخنەکردن و پێداچوونەوەن، دیارە مەبەستمان لە سەرلەنوێ خوێندنەوە و پێداچوونەوەی دەقە پیرۆزەکان و ڕەخنەکردنی ئەو تێگەیشتنانەی کە لەو دەقانەوە هەڵگۆزراون، ئەمەش ئەو کارەیە کە زۆرێک لە بیرمەندانی نموونەی نەسڕ حامد ئەبووزەید، محەممەد عابد جابری، جۆرج تەڕابیشی، محەممەد شەحروور، ناسڕی سوبحانی، ئەحمەد موفتیزادە، عەبدولکەریم سرووش، فاتیمە مەرنیسیی و دەیان وبگرە سەدان بیرمەندی مسوڵمان و نامسوڵمانی دیکە پێی هەستاون.
بە شێوەیەکی گشتیی، ئەوەی پەیوەستە بە پرسەکانی ژنانەوە لە چوارچێوەی ئیسلامدا و بۆتە کێشە و مایەی مشتومڕ و ناکۆکی پەیوەستە بە دوو بوارەوە: یەکەم؛ جیهانبینیی ئیسلام و مسوڵمانان بۆ ژن وەکو بوونەوەرێکی تایبەت. دووەم؛ بوارە پراکتیکیی و یاسایی و مافتەوەرەکانی تایبەت بە ژن… ئەو دوو بوارەش بەپێی پۆلێنی پرۆفێسۆر زەڵمی یەک بە دوای یەک دابەش دەبن بەسەر ئایین و شەریعەتدا »لای د. محەممەد عابد جابری بەسەر عەقیدە و شەریعەتدا »الجابري: ١٩٩٦: ٣٧«.
من لەم وتارەدا لەگەڵ ئاماژەدانێکی کورت بە بواری یەکەم، زۆرتر لەسەر بواری دووەم دەوەستم، چونکە ئەوەی مسوڵمانانی تووشی کێشە کردووە زۆرتر بوارە پراکتیکیی و مافتەوەرکانە لە نموونەی میرات، شایەتییدان، سزای گوناهـ و تاوان، حیجاب و چەندان بابەتی دیکە.
لە یەکەمیاندا پێنج بوار هەن کە تێیاندا نێر و مێ، بە یەکسانییەکی ڕەها وەکو یەکن و هیچ جیاوازییەکیان نییە، کە ئەوانیش بریتیین لە:
١. ئەفراندن لە لایەن خوداوە: لە قورئاندا و تایبەت بە باسکردنی ئەفراندنی مرۆڤ، هیچ ئاماژەیەک بۆ پلەدوویی و لەخوارتربوونی ژن نییە، پووختەی ڕووداوی خەڵقکردنی مرۆڤ بە ئادەم دەست پێ دەکات، بەو پێیەی کە هەر لە قورئاندا ئاماژە هەیە بەوەی حەوواش لە هەناوی ئادەمەوە درووست بووە، ئەمە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە لە سەرەتادا ئادەم بێڕەگەز بووە و دواتر دابەش بۆتە سەر نێر و مێ. ئەگەر بەم دیدە قورئان بخوێنینەوە، لەپێشتر درووستکردنی ئادەم هیچ ئەفزەڵییەتێک ناداتە ئادەم بەو پێیەی پێش حەووا خەڵق کراوە، ئەگەر بەو جۆرەش ڕاڤەی بکەین کە هەر لە سەرەتاوە ئادەم نێر بووە، ئەوا لە قورئاندا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ئەم پێشتر درووستکردنە کرێدت و سەنگ و باشتربوونێکی ئادەمی لێ کەوتبێتەوە. »يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا«، »قورئانی پیرۆز:١٣:٤٩«.
٢. چاکە و خراپەکردن، لێپرسینەوە و داوەرییکردن: لەم ڕووەشەوە یەکسانییەکی تەواو لە نێوان نێر و مێینەدا هەیە، هەر کامیان چاکە یان خراپە بکات، هەمان پاداشت و سزا وەردەگرن، بە هەمان بڕ و ئاست، لە دواڕۆژیشدا هەمان مامەڵە دەکرێن. »مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُم بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ«، »قورئانی پیرۆز:٩٧:١٦«.
٣. ئەرک و ماف: مێینە وەکو نێرینە، لە هەموو ئەرک و مافە دونیاییەکاندا یەکسانن، ئەو دابەشکارییەی کە لە ئەرکەکاندا هەیە گوایە شوێنکاری ژن ماڵەوەیە و دەرەوەش هی پیاوە، دابەشکارییەکی کۆمەڵایەتیی هەزاران ساڵەی پێش ئیسلامە و دواتر مسوڵمانەکان تەبەنییان کردۆتەوە هەرچەندە دەیان نموونەی ژنانی مسوڵمانمان هەیە کە پابەندی ماڵنشینی نەبوون، تەنانەت عائیشەی هاوسەری پێغەمبەر کە ئایەتی »وَقَرْنَ فِي بُيُوتِكُنَّ« ئاراستەی ئەو و هاوسەرانی دیکەی پەیامبەر کراوە، پابەندی ئەو ماڵنشینییە نەبووە، هەر بۆیە لە قورئاندا هیچ ئاماژەیەک بە وابەستەکردنی ژنان بە هەندێک کار و شوێنەوە بوونی نییە، هەر کار و ئەرکێک کە پیاو دەتوانێت بیکات ژنانیش موکەللەفن بە کردنی، مەگەر ڕێگرێکی شەرعی لە ئارادا بێت بۆ نموونە ژنێک تازە منداڵی بووە ناتوانێت کۆمەڵێک کار هەیە بیکات، بە تایبەتی ئەو کارانەی دوورکەوتنەوەی درێژخایەن لە ماڵی پێویستە.
کارکردنی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا وابەستەی مێژوو و دۆخی کۆمەڵایەتیی و تەکنەلۆژیایە، هەر بۆ نموونە لە بوارێکی هەستیاری وەکو سەربازییدا؛ پێشتر بۆ ژنان ئاستەم بوو بتوانن بەشداریی بکەن، بەڵام ئێستا کە هەموو جۆرەکانی چەک بوونەتە ئۆتۆماتیکیی و بگرە دیجیتاڵیزەش کراون کارەکە ئاسانتر بووە، لە جەنگی کلاسیکییدا بەهێزیی ماسوولەکە کە یەکێک لە پاساوەکانی بێبەشکردنی ژنان بوو لە کایەی سەربازیی و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ململانێ سەربازییەکاندا، هەنووکە ئەو بەهایەی نەماوە.
٤. بێبەرییکردنی حەووا لە یەکەمین گوناهـ: لە میتۆلۆژیای یەهوودیی و مەسیحییدا، لە چیرۆکی دەرکردن لە شانشینی ئاسمان، لە زۆر باردا دەستی تۆمەت بۆ حەووا درێژ دەکرێت**، بەڵام لە قورئاندا دوور و نزیک هیچ ئاماژەیەک بۆ تاوانباربوونی حەووا لە ئارادا نییە، بەڵکو دەستی تۆمەت بۆ ئادەم درێژ دەکرێت »فَأَكَلَا مِنْهَا فَبَدَتْ لَهُمَا سَوْآتُهُمَا وَطَفِقَا يَخْصِفَانِ عَلَيْهِمَا مِن وَرَقِ الْجَنَّة وَعَصَى آدَمُ رَبَّهُ فَغَوَى«، »قورئانی پیرۆز:١٢١:٢٠«.
لە قورئاندا تێڕوانینێکی فرەئەرێنیی و باش و گەشبینانە بۆ مێینە و ژنان هەیە، زۆرینەی ڕەهای ئەو ژنانەی لە قورئاندا ئاماژە بە ناو و سەربوردەکانیان کراوە، ژنی سەنگین و مەزن و باش بوون
٥. لە قورئاندا تێڕوانینێکی فرەئەرێنیی و باش و گەشبینانە بۆ مێینە و ژنان هەیە، زۆرینەی ڕەهای ئەو ژنانەی لە قورئاندا ئاماژە بە ناو و سەربوردەکانیان کراوە، ژنی سەنگین و مەزن و باش بوون، لە کۆی ٣٠ ژنی ئاماژە پێدراوە لە نموونەی: حەووا، کچەکانی لووط، هاوسەرەکانی ئیبراهیم، دایک و خوشکی مووسا، هاوسەرەکەی فیرعەون، بەڵقیس، مەریەمی موقەدەس و دایکی، دایکی یەحیا و هاوسەری زەکەریا پێغەمبەر، لەپاڵ هاوسەرانی پەیامبەری ئیسلام »دروودی خودا لە هەموویان«، تەنیا چوار کەیسی ژنی گوناهکارمان هەیە کە بە نـــەرێنیی ئاماژەیان پێ دراوە: »هاوسەرانی نووح و لووط پێغەمبەر، زوڵێخا هاوسەری عەزیزی میسڕ و ئوم جەمیل کچی حەربی کوڕی ئومەییە، کە دەکاتە ئامۆژنی پەیامبەری ئیسلام و هاوسەری ئەبوولەهەبی مامی«.
٦. گوتاری قورئان، گوتارێکی دژەپاتریارکانەیە: سەرباری هەموو ئەو گومانانەی لەبارەی هەندێک ئایەتی قورئانەوە دەورووژێنرێن لە پرسەکانی: قیوامە و تەفزیڵدانی پیاوان بەسەر ژناندان: »الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء بِمَا فَضَّلَ اللّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ«، »قورئانی پیرۆز:٣٤:٤«، ڕەخنەگرتنی قورئان لە ناوی کچانەی بتەکانی قوڕەیش: »أَلَكُمُ ٱلذَّكَرُ وَلَهُ ٱلْأُنثَى«، »قورئانی پیرۆز:٢١:٣٤«، پاسیڤکردنی ژنان: نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّى شِئْتُمْ«، »قورئانی پیرۆز:٢٢٣:١«، بەباشترزانینی کوڕ لە کچ: » وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالْأُنْثَى »قورئانی پیرۆز:٣٦:٣« و بە نیوە هەژمارکردنی مێینە لە میراتیی و گەواهییداندا: »يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ«، »قورئانی پیرۆز:١١:٤« و هتد، بەڵام هەموو ئەم ئایەتانە سەرباری خوێندنەوە نەریتییە کۆنەکان کە دژەمێینانە ڕاڤە کراون و بوونەتە ئاراستەی زاڵی ناو کۆمەڵگە مسوڵمانەکان؛ بەڵام لە سەرەتاکانی ئیسلامەوە هەتا دەگاتە ئێستا، خوێندنەوەی مرۆییانەی ژندۆستانەشیان بۆ کراوە، سەرباری ئەمانەش قورئان زۆر بە توندی ڕەخنەی بەکەمگرتنی مێینە و سووکایەتییپێکردنیان و ئازاردان و کوشتنیان دەکات: »وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ * يَتَوَارَى مِنَ الْقَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَى هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ«، »قورئانی پیرۆز:٥٨:١٦-٥٩«.
ئەم دیسکۆرسەی قورئان؛ لە زیاد لە ئایەتێکدا دەیبینین، بە تایبەتیی لە ئایەتەکانی »وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ * بِأَيِّ ذَنبٍ قُتِلَتْ«، »وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنثَى«، ڕاستەوخۆ و بە ڕەوانبێژییەکی زۆر بە هێز و کاریگەرەوە دژی ئەو ستەمانە دەوەستێتەوە کە بە هۆی مێینەبوونیانەوە لە مێینەکان کراوە.
دووەم؛ بوارە پراکتیکیی و یاسایی و مافتەوەرەکانی تایبەت بە ژن: لەم بوارەدا کێشە و ئیشکالگەلێکی زۆر گەورە خوڵقێنراون، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دوو شتە: یەکەم؛ وابەستەبوونێکی توند و حەرفییانە بە دەقەکانەوە. دووەم؛ نەبینینی ئەو نێوکۆییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەروونیی و مێژووییەی کە دەقەکە تێیدا دابەزیوە و هەرەوەها فەرامۆشکردنی هۆکاری دابەزینی ئایەتەکە و قیاس نەکردنی دۆخە جیاوازەکان بەو دۆخە. وەکو زۆرێک لە بوارەکانی دیکەی پەیوەست بە ئیسلامەوە، ئەم دوو هۆکارە وای کردووە کە زۆرینەی کۆمەڵگە مسوڵمانەکان، لەپاڵ هۆکارە بابەتیی و خودییەکانی دیکەیاندا، زۆر قووڵ بەسەر خۆیاندا دابخرێن و چەق ببەستن و نەتوانن لە ئاست پێشکەوتنە زانستیی و تەکنەلۆژیی و کولتوورییەکانی دونیای هاوچەرخدا بن.
بە چڕکردنەوەیەکی لەڕاددەبەدەر و پشتبەستوو بە تێزەکانی د. فاتیمە مەرنیسی، دەمەوێت چەند سەرنجێکی سەرپێی بە کرۆکی کێشەی ژنان لە مێژووی مسوڵماناندا بخەمە ڕوو.
مەرنیسی پێی وایە، دەقی پیرۆزی ئیسلام »قورئان و سووننەت«، کە ڕەنگڕێژ و داڕێژەر و ئاراستەکەری کۆمەڵگە مسوڵمانەکانە، بە درێژایی مێژووی ئەو ئایینە، لە لایەن پیاوانەوە، بەرمەبنای هزرێکی نەریتیی و پیاوسالارانە و زۆرجاریش دژە ژنانە؛ ڕاڤە کراوە
فاتیمە مەرنیسی، زانایەکی سۆسیۆلۆژیی بەناوبانگە، نزیکەی ٤٠ ساڵی تەمەنی کاری لەسەر پرسەکانی ژنان کردووە، مەرنیسی وەکو شوێنەوارناسێکی ناو دەقەکان؛ هەڵکۆڵینێکی قووڵ و وردی لە مێژوو و کەلەپووری ئیسلامییدا کردووە، زیاد لە مێتۆد و شێوازێکی بەکار هێناوە بۆ گەیشتنە دیدێکی فێمەنیستانەی هەڵقوڵاو لە هەناوی ئیسلامەوە، هەرچەندە لە ڕووی مێتۆدییەوە کەمێک ئاستەمە، بەڵام ناچارم کۆی پووختەی دونیابینیی مەرنیسیی بەو جۆرە پووخت بکەمەوە: “قورئان و خودی پێغەمبەر دابینکەر و پاڵشپتی ژنان و پرسەکانی ژنان بوون، دژی هەموو ستەم و زۆردارییەک بوون لە دژی ژنان، بڕێکی زۆر مافیان بە ژنان ڕەوا بینیوە، بەڵام دوای وەفاتی پێغەمبەر »د.خ«، بە هۆی زاڵبوونی عەقڵییەتی پیاوسالارانە و گەڕانەوە بۆ دونیابینیی نەریتیی دەشتەکییانە و تەفسیرکردنی قورئانیش بەرمەبنای ئەو عەقڵییەتە، هەروەها بە هۆی سەرهەڵدانی فەرموودەگەلێکی زۆرەوە کە درانە پاڵ پەیامبەر، لەگەڵیشیدا بە هۆی ئەوەی بە درێژایی مێژووی ئیسلام زۆرینەی ڕەهای فەقیهـ و شەرعناسەکان پیاو بوون، ئەوە وای کرد، دۆخی ژنانی مسوڵمان بە خراپیی بمێنێتەوە یاخود چەق ببەستێت و بنەمای یەکسانییخوازیی قورئان و پێغەمبەر فەرامۆش بکرێن و ئەو ماوە زۆرە ژنان پاسیڤ بکرێن و وەکو »حەریم« و بابەتێکی چێژلێوەگرتن مامەڵە بکرێن”. »المرنیسی:١٩٨٩: ١٥-٢١«.
مەرنیسی پێی وایە، دەقی پیرۆزی ئیسلام »قورئان و سووننەت«، کە ڕەنگڕێژ و داڕێژەر و ئاراستەکەری کۆمەڵگە مسوڵمانەکانە، بە درێژایی مێژووی ئەو ئایینە، لە لایەن پیاوانەوە، بەرمەبنای هزرێکی نەریتیی و پیاوسالارانە و زۆرجاریش دژە ژنانە؛ ڕاڤە کراوە، بە جۆرێک لەگەڵ نەریتی باو و ئیگۆی پیاوسالارانە و دونیابینییە دژەژنانەکانیان تەریب بێتەوە، بە بێ ئەوەی خۆی لە خۆیدا دەقی قورئان هەڵگری ئەو مەدلوولانە بێت، هەروەها بێ ئەوەی لە ڕاست و درووستی فەرموودەکان کۆڵرابێتەوە، ئەمەی دووەمیان »واتە فەرموودە« بە لای مەرنیسییەوە، بە هۆی ئەوەی سەرچاوەیەکی گوماناوییە، تژی کراوە لە دونیابینیی دژەژنانە بە ناوی پەیامبەرەوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تێڕوانینەی مەرنیسی، دوو نموونە لە قورئان و فەرموودە دەهێنینەوە، لەناو ئەو هەموو نموونانەی کە ئەم خاتوونە سۆسیۆلۆژە لە کۆی نووسینەکانیدا کاری لەسەر کردوون.
یەکەمیان، هەڵکۆڵین و ڕاڤەکردنێکی تێروتەسەلی ئایەتی »٥٣«ی سوورەتی »الاحزاب«ـە، لەو ئایەتەدا تێرمی »حیجاب« هاتووە، کە مەرنیسی پێی وایە، ئەم چەمکە، تەنیا پارچە قوماشێک نییە کە ژنانی پێ باڵاپۆش کرابێت، بەڵکو شاچەمکێکە کە کۆی پەیوەندییەکانی نێر و مێی جڵەو کردووە، لە کاتێکدا بە بڕوای مەرنیسی نێوکۆییکردنەوەی ئایەتەکە بۆمان دەردەخات ئەو ئایەتە لە سوورەتێکدا هاتووە کە کاتی دابەزینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی پێنجەمی کۆچی، ساڵێکی کارەساتبار و پڕ لە گرژیی بۆ مسوڵمانان، چونکە ساڵی دوای شکستی مسوڵمانانە لە جەنگی ئوحوددا، هەروەها ئەو ساڵەشە کە تێیدا هۆزە عەرەبەکان هاوپەیمانێتییەک پێک دەهێنن بۆ هەڵکوتانە سەر مەدینە و لەناوبردنی ئەزموونی مەدینە، لە ئاستە بەرتەسکەکەشدا پەیوەستە بە ڕووداوی هاوسەرگیریی پەیامبەر و زەینەبی کچی جەحش و هەموو ئەو سەرئێشانەی کە لەو بۆنەیەدا هەندێک لە هاوەڵان بۆ پەیامبەریان درووست کرد و بووە باییسی دابەزینی ئەو ئایەتە، هەر بۆیە ئایەتەکە جگە لە پێدانی وانەیەک لەبارەی ئەتەکێتی چوونە ناو ماڵی کەسانی دیکە و دوواندنی ژنان و پاراستنی تایبەتمەندیی خێزانەکان شتێکی دیکە هەڵناگرێت، بەڵام مێنتاڵیتی پیاوسالارانەی دوای وەفاتی پەیامبەر، لەم ئایەتە ڕێبازێکی کۆمەڵایەتیی بۆ پەیوەندیی نێر و مێ دادەتاشێ، حیجاب دەکاتە دیوارێک لەنێوان دوو ڕەگەزەکەدا، ژنان پاڵ پێوە دەنێت بۆ ناو ماڵ و بێبەشیان دەکات لە هەر شتێک لە دەرەوەیە، پیاوانیش بۆ دەرەوە و دەیانکاتە خاوەنی هەموو شتێک، چەمکی حیجاب دەپەڕێتەوە بۆ ناو سیستمی سیاسیی خەلیفە و سوڵتانەکان و هەروەها بۆ دونیای سۆفییەکانیش، لە کاتێکدا هەموو ئەمانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە ناوەڕۆک و هۆکاری دابەزینی ئایەتەکە و وشەی حیجابی ناو ئەو ئایەتەوە نییە. »فاطمە حافظ: ٢٠١١: ٧١«.
ئینجا مەرنیسی لە دوو کتێبی زۆر بەناوبانگیدا »السلطانات المنسیات« و »الحریم السیاسي: النبي ولنساء«ـدا زۆر بە وردی لەسەر فەرموودەی »لن یفلح قوم ولوا امرهم امراة: ئەو قەومەی دەسەڵاتیان دەدەنە دەست ژن سەرفراز نابن«، دەوەستێت؛ هۆکاری ئەم هەڵوەستەکردنەشی لەسەر ئەم فەرموودەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ڕووداوی شەخسیی و سیاسیی: لە یەکەمیاندا وەکو ئەوەی لە پێشەکی کتێبی »الحریم السیاسي: النبي ولنساء«ـدا دەیگێڕێتەوە، کاتێک هێشتا گەنج بووە، لە ژنە دوکاندارێکی وشکەفرۆشی ناسیاوی دەپرسێت: ئایا دەشێت ژنێک ببێتە سەرۆکی وڵات؟ لە حەیبەتی پرسیارەکە و نەشیاوییەکەی، ژنەی دوکاندار ئەو هێلکانەی بە دەستیەوەن لێی دەکەونە خوارەوە و دەست دەکات بە پەناگرتنە خودا لە ئیبلیس، لە هەمانکاتدا ژنە کڕیارێکیش کە گوێی لە هەمان پرسیار دەبێت تووڕە دەبێت و ئەو فەرموودەیە بە ڕووی مەرنیسییدا دەخوێنێتەوە و دوکانەکە جێدەهێڵێت. »المرنیسی:١٩٨٩: ١١«. هۆکاری دووەمیش بریتییە لە هەڵبژاردنی بێنەزیر بۆتۆ بە سەرۆکی پاکستان لە »١٦/١١/١٩٨٨«، کە وا لە سیاسییەکی وەکە نەواز شەریف دەکات ناڕازیی بێت و بە گەڕانەوە بۆ میراتی ١٤٠٠ ساڵەی ئیسلام بڵێت لە مێژووی ئێمەدا هیچکات ژنێک نەبۆتە سەرۆک، ئەمەش ئەوەیە کە لە کتێبی »السلطانات المنسیات«ـدا ئاماژەی پێ دەدا.
ئەو دوو ڕووداوە دنەی مەرنیسیی دەدەن بنکۆڵکارانە بە دوای چۆنێتیی دەرکەوتنی ئەم فەرموودەیەدا بۆ سەرەتای ئیسلام شۆڕ ببێتەوە، ئەم فەرموودەیە کە بە لای مەرنیسییەوە ئارکیتایپی هەموو ئەو فەرموودانەی پێغەمبەری ئیسلامە کە دژەژن و سێکسیستانەن، بە مێتۆدێکی فەرموودەناسانە و مێژوویییانە هەڵدەوەشێنێتەوە: سەرەتا مەرنیسی دەپرسێت: ئەم فەرموودەیە لە کەیدا دەرکەوت؟ سەرچاوەکانی فەرموودە و مێژوو ئاماژە بە ساڵی »٣٦«ـی کۆچیی دەکەن، ئەو ساڵەی شەڕی »الجمل« ڕووی دا، واتە یەکەم شەڕی ناوخۆیی هاوەڵانی پێغەمبەر، بەرەیەکیان بە سەرکردایەتیی عائیشەی کچی ئەبووبەکری هاوسەری پەیامبەر، بەرەکەی دیکەش بە سەرکردایەتی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب.
لێرەدا مەرنیسی دەپرسێت: بۆچی بە دیاریکراوی لەو کاتەدا؟ بۆچی »ئەبی بەکرە«ـی فەرموودەگێڕەوە و هاوەڵی پەیامبەر دوای ٢٥ ساڵ لە مردنی پەیامبەر ڕێک لەو کاتەدا ئەم فەرموودەیەی بەیاددا هاتەوە؟ مەرنیسی شیمانەی ئەوە دەکات ئەبی بەکرە وەکو ئامرازێکی جەنگی دەروونیی و پاساودانی شکستی بەرەی عائیشە لە شەڕی »الجمل«ـدا ئەو فەرموودەیەی فڕێ داوە، ئەمە لە ڕووی مێژووییەوە، بە ڕووە فەرموودەناسییەکەشدا، مەرنیسی پێی وایە هەرچەندە بوخاری ئەم فەرموودەیەی بە درووست »صحیح« لەقەڵەم داوە، بەڵام کتێبەکانی مێژوو نیشانەی پرسیاریان لەسەر میسداقییەتی فەرموودەگێڕەوەکە داناوە، چونکە بە پێی هەندێک سەرچاوە، ئەبی بەکرە هەر ئەو هاوەڵەیە کە عومەری کوڕی خەتتاب، شەللاقکاریی کردووە بە هۆی ئەوەی گەواهییەکی درۆیینەی لە دژی موغیرەی کوڕی شوعبە پێشکەش کردووە. »فاطمە حافظ: ٢٠١١: ٧١«.
هەر کات ژنانی زرنگ و خوێندەوار و تەییار بە مەعریفە و زانست، دەستیان دایە هەڵکۆڵینی ئەو مێژووە، ئەوا دەتوانن باری لاسەنگی خۆیان ڕاست بکەنەوە و دیوی ژندۆستانەی ئەو دەقانە بەدەنگ بهێنن.
لە هەموو کتێب و توێژینەوەکانیدا، مەرنیسی سەدان نموونەی لەم جۆرە دەهێنێتەوە، دەشیسەلمێنێت کە بەهۆی ئەوەی بە درێژایی مێژووی مسوڵمانان ژنان لە مێژوو و ژیان و ڕاڤەکردنی دەقەکانی ئیسلام وەدەر نراون، هەر بۆیە پیاوانی دەسەڵاتدار و شەرعناس، بە ئاگا یان نائاگایانە، دەقەکانیان بە هەوای پیاوسالارانەی خۆیان ڕاڤە کردووە و لێیان هەڵگۆزاوە و کردوویانەتە یاسا و پێڕەوی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئایینی، بەڵام هەر کات ژنانی زرنگ و خوێندەوار و تەییار بە مەعریفە و زانست، دەستیان دایە هەڵکۆڵینی ئەو مێژووە، ئەوا دەتوانن باری لاسەنگی خۆیان ڕاست بکەنەوە و دیوی ژندۆستانەی ئەو دەقانە بەدەنگ بهێنن.
دەرەنجام:
ئەزموونی مسوڵمانان لەسەر سێ پایە وەستاوە: قورئان، فەرموودە، هەڵگۆزانی شەریعەت و ڕێبازی ژیان لەلایەن مسوڵمانانەوە لەو دوو سەرچاوەیەوە. دونیابینیی قورئان و لەگەڵیشیدا پێغەمبەری خودا »د.خ«، بۆ ژنان دونیابینییەکی دامەزراوە لەسەر ڕێز و یەکسانییخوازیی و مرۆڤبوونی تەواوەتیی، ئەوەی کێشەی بۆ ژنان درووست کردووە پایەی دووەم و سێیەمن، ئەویش بەوەی کە فەرموودەکان دەقگەلی زۆریان تێدایە کە سووکایەتیی بە ژن دەکەن، بەشێکیان پێچەوانەی دونیابینیی قورئانن و لە زۆر باریشدا نالۆژیکیین، هەڵگۆزان و بەیاساکردنی قورئان و فەرموودەکانیش لە لایەن مسوڵمانانەوە سەرچاوەیەکی دیکەی ئەو کێشە و ئاستەنگانەن کە بۆ ژنان درووست کراون، بەو پێیەی ئەو هەڵگۆزان و بەیاساکردنە بۆ سەردەم و کۆمەڵگە و دۆخی جیاواز بوون و ئەستەمە بتوانن لە سەردەم و کۆمەڵگە و دۆخی دیکەدا کارا بن و کەڵکیان هەبێت، بۆ ئێستا و ئەم سەردەم و دۆخەمان، گەڕانەوە بۆ کرۆکی قورئان و چۆنێتیی مامەڵەکردنی پەیامبەر لەگەڵ پرسەکانی ژنان و خوێندنەوەیەکی نوێگەرانەی مەبەستی پشت ئایەتەکانی تایبەت بە ژنان، دەتوانێت ببێتە کلیلی چارەسەر بۆ زۆرێک لە کێشەکانی ژنان.
سەرنجەکان:
* سەربارەی ئەو ڕاستکردنەوەیەی پرۆفێسۆر زەڵمی و دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی عێراقییش بۆ چەند جارێک، هێشتا ئەو بڕگەیە وەکو خۆیەتی. یاسای باری کەسێتیی عێراقیی یەکێکە لەو یاساگەلە زۆرەی بە دەست هێزە سیاسیی و تائیفییەکانی عێراقەوە بگرە و بەردەی زۆری پێ کراوە، سەرباری لایەنە خراپەکانی یاسای ژمارە »١٨٨«ـی ساڵی ١٩٥٩، بەڵام کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی تێدا بوو بۆ ژنان، پێش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسێن یاساکە چەند جارێکی دیکە هەموار کرایەوە و بەوەش هەندێک مافی کەمی دیکە بۆ ژنان دابین کران، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە، کاتێک ڕژێمی سەددام ڕووخا، ئیدارەی پۆڵ بریمەر یاسای باری کەسێتیی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا عێراق بگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٤٠ و هەر مەزهەب و ئایینێک بە یاسای باری کەسیی خۆی کار بکات، بەڵام دوای ناڕەزایی هێزە مەدەنیی و سیاسییە سێکیولارەکان ئەو بڕیارە هەڵوەشێنرایەوە و یاسای ژمارە ١٨٨ی هەموارکراو کارا کرایەوە.
** لە پەیمانی کۆن و نوێدا، هیچ دەقێکی ڕاستەوخۆی تێدا نییە کە ئاماژە بە یەکەمین گوناهـ بکات، ئەم چەمکە »یەکەمین گوناهـ« لە کۆتاییەکانی سەدەی دووەم لە لایەن هەندێک لە باوکانی کەنیسەی گریکییەوە لە نموونەی ئێرنائۆۆس و ئۆریگۆن، هەروەهاو باوکانی کەنیسەی لاتینیی لە نموونەی ترۆتۆلیان و ئامبرۆز-ەوە گەڵاڵە بووە، بەڵام سان ئۆگەستین »٣٥٤-٤٣٠ز« بە تیۆریزەکەری سەرەکیی ئەم تیۆرییە دادەنرێت. »سەرچاوە: الخطيئة الأولى للإنسان بين المسيحية والإسلام: نووسینی: د. مجید ملا یوسفي و د. داوود معماري، لە ماڵپەڕی مرکز البحوث المعاصرة بڵاو کراوەتەوە«. بەشێکی زۆر لەو ئەدەبیاتەی لەم تیۆرییەوە داکەوتووە، هاتۆتە ناو ئەدەبییاتی ئیسلامییشەوە، بە تایبەتیی لە فەرموودەدا بڕێکی زۆر لە فەرموودە هەن کە کاریگەریی ئەم تیۆرییەیان بەسەرەوەیە و پێدەچێت لە ڕێی تێکەڵیی مسوڵمانان و مەسیحییەکان تێکەڵ بە تووراسی ئیسلامیی بووبن.
سەرچاوەکان:
١. قورئانی پیرۆز.
٢. پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی: ڕوونکردنەوەی ڕێساکان بە شێوازێکی نوێ، و: کۆسار بەرزنجی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، چاپی یەکەم، ٢٠١٧، هەولێر.
٣. د. محمد عابد الجابري: الدین والدولة، مرکز دراسات الوحدة العربیة، ط١، ١٩٩٦، بیروت.
٤. د. فاطمە المرنیسی: الحریم السیاسي: النبي والنساء، ت: عبدالهادی عباس، منشورات دار الحصاد، ١٩٨٩، دمشق.
٥. د. فاطمە المرنیسی: السلطانات المنسیات: نساء رئيسات دولة في الاسلام، ت: جميل معلي و عبدالهادی عباس، منشورات دار الحصاد، ١٩٩٠، دمشق.
٦. فاطمة حافظ، قراءة في خطاب فاطمة المرنيسي النسوي، العدد ٧١، سنة ٢٠١١.