چی جۆرە سەرمایەدارییەک لە هەرێمی کوردستاندا زاڵە؟  

د. نیاز نەجمەدین

لە بیست ساڵی رابردوودا، دیاردەی گەندەڵیی و مفتەخۆریی (rent seeking) لە زۆر ئاستدا قسەی لەسەر کرا بە رادەیەک شتێکی نوێ نەماوە لەم بارەیەوە نەوترابێت. فایل لە دوای فایل لەسەر سکانداڵەکانی حکومەت و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان کەشف کران. بە دوایدا دووکەڵی رستێک قسە و باسی سواو، بەتایبەت دوای زمانپژانی پۆپۆلیستەکان، سۆشیەل میدیا و میدیای تەقلیدیی قاندا. ئەوەی لەم گفتوگۆیانەدا کەمتر بایەخی پێدرا پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدارانی سیاسیی و دەوڵەمەندەکانیان بوو، کە جۆرێکی تایبەتی سیستمی سەرمایەداریی دەسەپێنێت بەشێوەیەک دابەشکردنی دەرفەتی یەکسانی وەبەرهێنان دەشێوێنێت و بژێویی خەڵک و رەفتاری کارمەندان تێکدەدات.

وەک پۆڵ و ڤلاد باسی دەکەن، ماکس فیبەر زۆر زوو دەرکی بەوە کرد جۆرێک سەرمایەداریی هەیە سیاسەت بەسەریدا زاڵ دەبێت. چی هەیکەڵی کارگێڕیی دەوڵەت و دەرفەتەکانی هەیە، بە سیاسیی دەکرێت. لە ئەدەبی سیاسیی و ئابووریی ئەمڕۆدا ئەم دیاردەیە ناونراوە سەرمایەداریی دۆستخواز (Crony capitalism)، تیایدا سیاسییە باڵادەستەکە یان بیرۆکراتەکانی دەوڵەت پردێکی پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ سەرمایەدارە خزم یان دۆستەکانی، بینا دەکات. دەوڵەمەندەکە دۆستی سیاسییەکەیە، بەڵام مەرج نییە کەسوکاری بێت. لای پۆڵ و ڤلاد، سەرمایەداریی کرۆنیی بریتییە لە فۆرمێکی تری مفتەخۆریی (rent seeking)ە. مفتەخۆریی گەڕانە بەدوای دەستکەوتی گەورە و ماندووبوونی کەم. ئەم دیاردەیە نوێ نییە و هەر هەبووە. مارکانتیلییەکان (بازرگانخوازەکان) بەناوی بازرگانییەوە لە سەدەی شانزدە تا هەژدە کۆمەڵگەیەکی مفتەخۆریان دروست کردبوو. دەوڵەتی سۆشیالیستیی وەک روسیا و سەرمایەداریی دەوڵەتیی وەک وڵاتی چین پڕن لە پەیوەندیی مفتەخۆریی و گەندەڵ.

ئەم دوو توێژەرە روونیانکردووەتەوە کە سەرمایەداریی دۆستخواز جۆرە گەندەڵییەک دروست دەکات جیاوازە لە گەندەڵیی تەقلیدیی (وەک بەرتیلدان). بەرتیلدان شتێکە پتر کەلتورە، دەکرێت لە نێوان کەسێکی ئاسایی بێدەسەڵات و بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک رووبدات. واتە دەکرێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە رووبدات. سەرمایەداریی دۆستخواز (کرۆنیی) جۆرە گەندەڵییەکە بەسیستمکراوە بە شێوەیەک چووەتە بازنەی یەکەمی دەسەڵاتەوە. بەم واتایە، لە دوو دەیەی رابردوودا دەکرێت گریمان بکەین کە هەرێمی کوردستان قۆناغی گەندەڵیی تەقلیدیی(کەلتووریی) تێپەڕاندووە و ئێستا سەرمایەداریی دۆستخواز مومارەسە دەکات.

سەردەمی دۆستخوازیی (کرۆنیزم) سەردەمێکە دەبینیت و دەبیستیت بیرۆکراتەکانی حکومەت/دەوڵەت زوو زوو یاساکان دەگۆڕن و دەردەکەن، سەرتاپا بەناوی بەرژەوەندیی گشتییەوە. سەردەمێکە حکومەت یان باڵادەستی سیاسیی و بەشێکی کەرتی تایبەت تێکەڵ دەبن و پیلانگێڕییەکی زەبەلاح دژی سەرچاوە ئابووریی و مرۆییەکانی کۆمەڵگە رێکدەخەن. سەردەمێکە سیاسیی کەسوکار و دۆستی خۆی دەوڵەمەند دەکات تا کورسییەکەی بپارێزێت و تۆکمەی بکات، ژمارەیەک کارمەند بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، هتد. پاشان دێت و و ناویان دەنێت ‘وەبەرهێنەر’ تا سیمایەکی جوانتریان پێ ببەخشێت. سەرمایەدارەکەش ناوێرێت سەرمایەکەی بخاتە ریسکەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە مافی خاوەندارێتیی پارێزراو نییە و لە هەر ساتێکدا بێت بۆی هەیە مایەپوچیان بکەن، بۆیە ناچارە لەگەڵ دەستەبژێرێکی سیاسیی دەست تێکەڵ بکات.

سەرهەڵدانی گروپی دانگۆت (the Dangote Group) لە  لایەن ئەلیکۆ دانگۆتەوە لە 1977 و دواتر فراوانبوونی دەسەڵات و سێکتەرەکانی کارکردنی، نموونەیەکی سەرمایەداریی دۆستخواز (کرۆنییە) کە ئەکینینکا و چیبویک دوور و درێژ لە توێژینەوەیەکیاندا باسیان کردووە. گروپەکە چیمەنتۆ و خوێ و شەکر و نەوت و گاز و زۆر شمەکی تر بەرهەمدەهێنێت و بازاڕی پشکی داگیر کردووە. بە 180  کۆمپانیای ناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی پشکی نێجیریی رێژەی 57%یان بەدەستەوەیە لە کاتێکدا گروپی دانگۆت بە تەنها خۆی نزیکەی 43%ی بردووە (لەم رێژەیەش، چیمەنتۆ پشکی شێر پێکدەهێنێت کە نزیکەی 32%). زۆر دۆکومێنت (لەناویاندا ویکیلیکس لە 2005دا) سەلماندوویانە دانگۆت مافی هاوردەی چیمەنتۆ و شەکر و برنجی بۆ خۆی قۆرخکردووە. کارگەی چیمەنتۆی ئیبیتۆ(Ibeto Cement)ش تۆمەتباری کردووە بەوەی سەرۆکی وڵات ئۆباسانجۆ لەبەر خاتری دانگۆت کۆمپانیاکەیانی داخست. بۆ ئەوەی ماندووبوونی کۆمپانیایەک و کارمەندەکانی کەم نرخ نەکەم، دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئەکینینکا و چیبویک (Akinyinka Akinyoade & Chibuike Uche) ئاماژە بەوەش دەکەن کە :” کارامەیی دانگۆت لەوەی پێشەنگی زۆر بوار بووە ناکرێت تەنها لەوەی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حکومەت هەبووە، کورت بکرێتەوە”.

سەرمایەداریی دۆستخواز بەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا وەحشییانە پەلی کوتاوە. لەم رووەوە، ئیساک(ئیسحاق) و توێژەرانی تری چاپتەرەکەیان ئەزمونی میسڕ دەپشکنن. ئەوان زۆر ورد باسی ئەوەیان کردووە کە لە 2000 بۆ 2010 سەرمایەداریی دۆستخواز تەواو لە میسڕدا گەشەی کرد. میسڕی سەردەمی موبارەک پڕ بوو لەو کۆمپانیایانەی لەسەر پەیوەندیی سیاسیی دەژیان و سەرمایەیان کەڵەکە دەکرد. گەشتیاریی، خانووبەرە، بیناسازیی، بازرگانیی تاک و کۆ، کانەکان، دارایی، خزمەتگوزاریی بزنز و مانیفاکتۆرە پتر بەدەست ئەم جۆرە کۆمپانیایانەوە بوون. دوای موبارەک، تەنها لە بواری مانیفاکتۆرەدا 159 کۆمپانیا دەستنیشان کراون کە پەیوەندیی سیاسییان هەبووە، هەروەها 304 کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی دەرکەوتووە پەیوەندیی سیاسییان هەبووە. لە بواری خانووبەرە 23  کۆمپانیا و لە بواری بازرگانیی جوملە(کۆ) 75 کۆمپانیا تۆمارکراون. کۆی ژمارەی کۆمپانیا سیاسییەکان (ئەوانەی پەیوەندیی سیاسییان هەبووە) گەشتووەتە 647 کۆمپانیا. لە ساڵی 2010دا، قازانجی کۆمپانیا پەیوەندیدارە سیاسییەکان گەیشتووەتە 60%ی کۆی قازانجی کۆمپانیاکان و نزمترین رێژەی دەستی کاری کەرتی تایبەتیشیان خستووەتەگەڕ کە 11% بووە. دیسانەوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی تاریک دروست نەکەم، دەبێت ئەوە بڵێم ئەو رێژەیەی دەمێنێتەوە (واتە 40%) بەڵگەی ئەوەیە کە کۆی کۆمپانیاکان دۆستی سیاسییەکان نەبوون و ناتوانین هەر کۆمپانیایەک هەڵتۆقیی وەک بەرهەمی سەرمایەداریی دۆستخواز ناوی بهێنین. جێی لێوردبوونەوەشە کە نزیکەی 45%ی ئەم جۆرە کۆمپانیایانە لەو پیشەسازییانەدا سەرمایەگوزاریی دەکەن کە نەوت و گاز چڕ و پڕ بەکاردەهێنن. ئەم کۆمپانیایانە وەک مێروولە بە جەستەی ئابوورییەکەدا هەڵدەگەڕێن و شوێنێک نامێنێتەوە بیر لە گەزتنی نەکەنەوە. لە کۆی 122 کۆمپانیا کە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕیی پشک وەک بازرگان (واتە کاری بازرگانیی) خۆیان تۆمار کردووە، (22)یان کۆمپانیای پەیوەندیداری سیاسیی بوون.

ئاکامەکانی ئەم ڤێرژنەی سەرمایەداریی زۆرن، لەوانە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی وڵاتەکە بە سەرچاوەی مرۆییشەوە بەتایبەت کە کارمەندان ئومێدێکیان بەوە نامێنێت توانا و کارامەییان رێخۆشکەری بژێوییەکی شایستە و ژیانێکی شەرەفمەندانەیە، یەک یەک تا رادەیەکی زۆر دڵشکاو دەبن و لە کارکردن سارد دەبنەوە و دەتۆرێن، یان نابەدڵ خۆیان دەدەنە پەنا دەسەڵاتدارێکی سیاسیی و دۆستێکی دەوڵەمەندی.

یەكێک لە ئاکامە سەرەکییەکانی سەرمایەداریی دۆستخواز لەسەر گەشەی ئابوورییە کە دەمەوێت زیاتر لەسەری راوەستم. لە سایەی ئەم سیستمەدا گەشەی ئابووریی روودەدات، بەڵام سەقامگیر نابێت بەو هۆیەوە دەرفەتی وەبەرهێنان دەشێوێنرێت و یەکسانانە و لەسەر بنەمای زانستیی دابەش ناکرێت. وەک یاریی شەتڕەنج، لە زەمەنێکی دیاریکراودا و بەپێی هێزی دەستەبژێرێکی سیاسیی هەندێک دەوڵەمەند (ناڵێم وەبەرهێنەر!) رادەگیرێن و کەسوکار و دۆستەکانی دەستەبژێرە سیاسییە بەهێزەکە دەخرێنە گۆڕەپانەکەوە. لە باشترین سیناریۆدا، گەشەی ئابووریی لەسەر شانی چەند دەوڵەمەندێك و کەمینە وەبەرهێنەرێک دەبێت و ئەوانی تر حەزەر دەکەن لەوەی سەرمایەکانیان بخەنە بازاڕەوە، یان سەرمایەکانیان سڕ (تەجمید) دەکرێت و ناهێڵن بیخەنە بازاڕەوە. لە حاڵەتی وەرچەرخانی دەسەڵاتدا، ئینجا گروپی سیاسیی نوێ دێن و بەشێکی سڕکراوان دەهێننەوە و سەرمایەکانیان دەخەنە ئیشەوە، لە بەرامبەردا کۆنەکان سڕ دەکەن. ململانێی توند لە نێوان گروپی پێشووی لێدراوی سیاسیی و دەوڵەمەندەکانیان لەگەڵ گروپی تازەی سەردەست و دەوڵەمەندەکان دەبێت بە یارییەکی ناشیرینی پڕوکێنەر، هەر جارەی ژمارەیەک دەوڵەمەند پەیدا دەبن بەبێ ئەوەی پێوەرەکانی وەبەرهێنەریان تیادابێت (کە یەکێکیان ئەوەیە ریسک بکەن و بەرپرسن بن لە ریسکەکە، یان تێگەیشتنی قوڵیان بۆ خواست و خستنەڕووی ناوخۆیی و بازاڕی جیهانیی هەبێت) و بەبێ ئەوەش توانایەک هەبێت کۆی وەبەرهێنان رابکێشرێتە ئابوورییەکەوە. یارییەکە هەندێک جار دەگات بەوەی  گروپی سیاسیی و دەوڵەمەندەکانی ئەمبەر (زۆنێک، یان لەناو خودی زۆنەکەدا، بۆ نمونە زۆنی سەوز) لەگەڵ گروپی سیاسیی و دەوڵەمەندەکانی ئەوبەر (زۆنەکەی تر، یان لەناو خودی زۆنەکەدا، بۆ نمونە زۆنی زەرد) سنور لە بەردەم هاتنەناوەوە بۆ بازاڕی یەکتر بکێشن و پیلانگێڕیی جۆراوجۆر دژی یەکتر داڕێژن. لەم نێوانەدا، هێزی کار سەرلێشێواو دەبێت و ناچارە وزەیەکی زیاتری خۆی بخاتەگەڕ تا تێبگات کام گروپە سیاسیی-سەرمایەدارە بەهێزترن، لە چی ناوچەیەکن و چەند سەقامگیر دەبن. بەپێی خوێندنەوە و تێگەیشتنی خۆی، بەناو کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا بازبازێن دەکات وەک ئەوەی لەم حزب بچێتە باوەشی ئەو حزب. بەکورتیی، کەمینەیەک نەبێت وەبەرهێنەرێکی راستەقینە لە ئارادا نییە. وەک چۆن کارمەندی ئاسایی هەلی نایەکسانی بۆ دەرەخسێنن و چەواشەی دەکەن، هەرواش دەوڵەمەندەکان و وەبەرهێنەرانیش لەلایەن گروپی سیاسییەوە پۆلێنکراون و ریزبەندییان بۆ دادەنرێت، لەوانە ‘سەرمایەگوزاری بیانیی باڵادەست و نوێنەری ئەو دەوڵەتەی پشتیوانمە’، ‘خزم و کەسوکارم’، ‘دۆست و جێمتمانەی خۆم’، ‘بۆرە خزمایەتیی’، پاشان سەرەی وەبەرهێنەرانی نوێی خۆماڵیی نادۆست دێت. چەندیش گروپێکی سیاسیی دەگۆڕێت و گروپێکی دی دێتەسەر حوکم، پلەبەندییەکە دەگۆڕێت و شوێنگۆڕکێ بەسەر ئەو پۆلێنکردنەدا دێت کە باسم کردووە. لە کۆتاییدا ململانێی ناو ئەم شەتڕەنجە سیاسییە پێگەخوازە سەری گەشەی ئابووریی دەخوات. دەبێت ئەوە یادبخەمەوە کە گریمان دەکەم نە تەواوی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستاندا خەریکی ئەم یارییە ناشیرینەن، نە سەرکەوتنی هیچ کۆمپانیایەک تەنها لە رێی سیستمی سەرمایەداریی دۆستخوازەوە بووە. لەم رووەوە، میدیاکارانی سەربەخۆ و ئازاد دەتوانن کۆمەکمان بکەن بەوەی پەیوەندیی سیاسییەکان و دۆستە دەوڵەمەندەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا بپشکنن و داتای وردیان لەسەر بخەنەڕوو.

رانداڵ رای وایە ئەم جۆرە ڤێرژنەی سەرمایەداریی پتر بەرهەمی هەیمەنەی دەوڵەتە بەسەر ئابوورییەکەدا. بیر لە عێراق بکەرەوە. بەعس دەوڵەتێکی چاودێر و سەرپەرشتیاری دامەزراندبوو بەشێوەیەک لە شەکرەوە بۆ چیمەنتۆ، لە ئاوەوە بۆ کارەبا، لە جل و بەرگەوە بۆ ئوتومبێل دەستیوەردەدایە ژیانی تاک و خێزانەکان، بۆی دیاری دەکردن چی بکڕن و بە چەند بیکڕن. حکومەتی هەرێم لە دوای 2005ەوە پەیمانی قەبەی سەبارەت بە خۆشگوزەرانیی بە گوێی خەڵکدا دەدا و زۆرینەی خۆشخەیاڵ کردبوو. ئێمە لە سایەی ئەو جۆرە ژێرخانی کۆمەڵایەتیی و بونیادە ئابوورییەوە لە دایکبووین و گەورەبووین و ژیاین. کێبڕکێ لەناو کۆمەڵگەدا نەبووە، بەڵکو قۆرخکارێک هەبووە کە دەوڵەت بووە. بۆیە ئێستا ناتوانین ئازادانە بژین، پشت بە خۆمان و تواناکانمان ببەستن و بازرگانیی ئەنجام بدەن. کۆمەڵگەی وەک ئێمە کە پاشماوەی سۆشیالیستی سۆڤێتییە لەگەڵ باوکێكی توند و دڵرەق ژیاوە و راهاتووە، ئێستاش چاوەڕێیە هەر ئەو شتی بۆ بەرهەمبهێنێت. بەگشتیی، لای رانداڵ وڵاتانی پێشووی شوێنکەوتەی روسیا لە قۆناغی گواستنەوەدا پیادەی بازاڕی ئازاد ناکەن، بەڵکو بۆشاییەکە سەرمایەداریی دۆستخواز و خزخزمێنە پڕی دەکاتەوە، کە بۆ هێنانەدی گەشەی ئابووریی لە وڵاتێكی ناسەقامگیری سیاسییدا گونجاوە. ئەمەش ناکرێت بەبێ ماکیاجکردنی سیستمەکە. لەم رووەوە، سوراو و ماسکارای بازاڕی ئازاد وەک ئاڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی سیاسییەکان و بیرۆکراتەکانی دەوڵەت لەلایەن کۆمەڵێک لە پۆپۆلیستەکانەوە بەکارهێنران. لەناوەرۆکدا، مەبەستەکە بردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان و حکومەت بوو بۆ درێژەدان بە هەمان سیستمی گەندەڵ نەک لاوازکردنی.

ئەگەر هۆکارەکە هەژموونی دەوڵەت بێت، ئەوا یەک چارەسەریش لە نیۆلیبڕاڵیستەکان پێشبینیی دەکرێت: بە حەقیقی دەوڵەت بچوک بکەیتەوە و سەرچاوە مرۆیی و ئابوورییەکان بخەیتە بەردەستی بزنزکارەکان و ئازادیان بکەیت. بێرنهارد و توێژەرانی تری پەیپەرەکەیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سێ دەزگای جیهانیی سەرپەرشتیی ئەم پلانە دەکەن: سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی (IMF)، بانکی جیهانیی (The World Bank) و رێکخراوی بازرگانیی جیهانیی (The World Trade Organization). ئایدیاکەیان دوو بەشی سەرەکییە. بەشێکیان پێی دەڵێن مەرجەکانی سەقامگیربوون (stabilization conditions). لێرەدا سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی داوای سیاسەتی دارایی سکهەڵگوشین (کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و زیادکردنی باج) دەکات. بیرۆکەکە دوای جەنگی جیهانیی خرایەڕوو، بۆ ماوەی چوار دەیە بەردەوام بوو. ئامانجەکە تەرازووکردنەوەی بودجەی حکومەت بوو. بەشی دووەم لە دوای 1980کانەوە دەستیپێکرد و پێی دەڵێن هەلومەرجە بونیادییەکان (structural conditions). ئەمجارە چاکسازییەکە ئەوە بوو سێکتەرە ئابوورییەکان جڵەوکراوی دەوڵەت نەبن، گومرگ لەسەر هاوردە و هەناردە نەمێنن (واتە بازرگانیی ئازاد بکرێت) و کەرتی تایبەت رۆڵی پێشەنگ ببینێت بەوەی کەرتی گشتیی بفرۆشرێت. ئەم سیاسەتانە بە سیاسەتەکانی نیۆلیبڕالیزم ناسراون.

چی لەوە خۆشترە زۆر کەم نەبێت ئیشت بە فەرمانگەکانی حکومەت نەمێنێت کە پڕن لە سەرەی دوورودرێژ و واستە و واستەکاریی؟ چی لەوە خۆشترە موچەکەت چیتر لای حکومەتەوە دەستبەسەرداگیراو نەبێت و پەیوەندیی بیرۆکراتەکانی دەوڵەت و دۆستە دەوڵەمەندەکانیشیان لاواز بکرێت؟ کەم شت، بەڵام ئەمە تەنها فانتاسییە و واقع شتێکی ترە. بەداخەوە، ئەزموون و تیۆرییەکانیش نایسەلمێنن ئایدیای بازاڕی ئازاد ئەم ئامانجانەی پێ دەهێنرێتەدی. توێژینەوەکەی بێرنهارد کە پێشتر ئاماژەم پێکرد دەریخستووە لە وڵاتانی تازە گەشەکردوودا، چاکسازییە بونیادییەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی وایان کردووە سەرمایەداریی دۆستخواز و خزمخزمێنە بەهێزببن. هۆکارێک ئەوەیە کە گروپە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان تەحەدای گۆڕانکارییەکان دەکەن و لێناگەڕێن پێگەیان لاواز ببێت. لە کاتی بچوککردنەوەی قەبارەی دەوڵەت و گواستنەوە بۆ بازاڕی ئازاد، ئەوان توانایان هەیە دەرگای بەرتیل و هاریکاریی لەگەڵ گروپەکانی دەرەوەی خۆیان بکەنەوە. کارمەندانیش لەوە دەترسن کەوتنی دەوڵەت بەسەر خۆیاندا بشکێتەوە، بەدوایدا بێئیش بکەون و تەمەنیش تازە بوار نادات خۆیان لەگەڵ کەرتی تایبەت بگونجێننەوە.

ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش هەمان شتی سەلماند: ئێمە ماڵی ئابوورییمان بۆ ‘بازاڕی ئازار’ لە بری ‘بازاڕی ئازاد’ گواستەوە. تەواو بە پێچەوانەی ریتۆریکی پۆپۆلیستەکانەوە (راستڕەوبن یان چەپڕەو یان ئیسلامیی)، ئەگەر دەوڵەتی سۆشیالیستیی باوکی سەرمایەداریی دۆستخواز بووبێت، ئەوا ئایدیای بازاڕی ئازاد دایکی بوو. سەرباری ئەوەی بزنزکاران بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەسەرە خۆیان لە دەوڵەمەندبوون لە رێی پەیوەندیی سیاسییەوە کەم تا زۆر بپارێزن هیچ نەبێت لەبەر خۆیان کە رۆژێک دێت بەشێک لە فایلەکانیان ئاشکرا دەبێت، تێپەڕاندنی ئەم سیستمە لە بچوککردنەوەی دەوڵەت و فرۆشتنی کەرتی گشتییەوە دەست پێ ناکات، تێگەیشتنی قوڵتر و فرەرەهەندتری دەوێت. هۆشیاریی لەسەر ئاستی گشتیی سەبارەت بەم ڤێرژنەی سەرمایەداریی هەنگاوی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەیەتی. لەمەشدا میدیاکاری سەربەخۆ و ئازاد دەتوانن هاوکاربن. ئەمانە پێکەوە دەکرێت فشار بکەن سەرەتا حکومەتێکی خاوەن بڕیار سەرپێ بکەوێت و لە پرۆسەی گەشە و گەشەسەندندا دەورێکی باشتر ببینێت، لە بری ئەوەی وەک لاشەیەکی ساردەوەبوو لە بەردەستی سیاسییەکان و دۆستە دەوڵەمەندەکانیاندا بکەوێت، دوا تنۆکی خوێنی بمژن و بیمرێنن، پاشان فاتیحەی لەسەر بخوێنن و ئیدی هەر یەک بۆ باوەشی سیاسییەکی باڵادەستتر بگەڕێن.

سەرچاوەکان:

  • Akinyinka Akinyoade & Chibuike Uche, Development built on crony capitalism? The case of Dangote Cement, ISSN: 0007-6791 (Print) 1743-7938 (Online) Journal homepage: https://www.tandfonline.com/loi/fbsh20
  • Paul Dragos Aligica and Vlad Tar، Crony Capitalism: Rent Seeking, Institutions and Ideology، KYKLOS, John Wiley & Sons Ltd., 67 – May 2014 – No. 2, 156–176.
  • Randall G. Holcombe, Crony Capitalism: By-Product of Big Government, The Independent Review, Spring 2013, Vol. 17, No. 4 (Spring 2013), pp. 541-559.
بەشکردن: