<<ئیسلام-ی سەوز>>ی ئیمامی مزگەوتی گەورەی جاکارتا VS ئیسلام-ی سەلەفیی عەبدوللەتیف سەلەفی
کەمال چۆمانی
ئایا ئیمام و وتاربێژی مزگەوتەکەی ئێوە وەک ئیمام و وتاربێژەکەی مزگەوتی گەورەی جاکارتا خەمی ژینگە دەخوا و لەڕێی ئیسلامەوە شەڕی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات یان وەک عوبدوللەتیف سەلەفی بەرماڵت بە ٦٥٠ دۆلار پێ دەفرۆشێت؟
لەو وتارەدا، کە دیارە لەسەر بنەمای راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزە، هەوڵدەدەم بەراوردکارییەک لەنێوان ئەو دو جۆرە دینە بکەم.
نیویۆڕک تایمز راپۆرتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی لەبارەی <<ئیسلام-ی سەوز>> لە ئەندەنۆسیا بڵاوکردۆتەوە کە ئایا ئەو ئیسلامە سەوزە چۆن روبەڕوی گۆڕانی کەشوهەوا بێتەوە لەو وڵاتەدا. وەک دەزانن ئەندەنۆسیا گەورەترین وڵاتی موسڵمانە لە جیهاندا. ئەو وڵاتە، وەک کۆی وڵاتانی دونیا، روبەڕوی مەترسیی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و ئاووهەوا بۆتەوە. قانونەکان ناتوانن وەک پێویست رای خەڵک بگۆڕن، بۆیە گروپە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوە ژینگەدۆستەکان هەوڵدەدەن میکانیزمی جیاواز و جۆراوجۆر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی شەڕی گۆڕانەکانی کەشوهەوا بکەن.
دین یەکێکە لەو میکانیزمانە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە دین کۆمەڵگای بەتەواوی یا تا رادەیەکی زۆر کۆنترۆڵ کردوە. گوتە بەناووبانگەکەی کاڕل مارکس <<دین ئەفیونی گەلانە،>> تەنانەت بە دیدێکی مارکسییانەش، دەکرێ دین وەک ئامرازێک بێ بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی.
بەکورتی، مادام سەلەفییە توندڕەوەکان دەتوانن دین وەک ئامرازێکی دڵڕەقانە بەکاربێنن بۆ دواخستنی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری، مادام ئەوان دەتوانن دین بەکاربێنن بۆ چەوساندنەوەی ژنان و منداڵان، بۆچی هێزە پێسکەوتوخوازەکان نەتوانن سود لە دین ببینن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، و ئابوری و شەڕکردنی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری و روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا؟
ئیمامی گەورەترین مزگەوتی ئەندەنۆسیا نەسرەدین عومەر دەڵێت: کەموکوڕتییە کوشندەکانمان وەک مرۆڤ ئەوە بوە کە تەنها وەک کاڵایەک مامەڵە لەگەڵ زەویی دەکەین. هەروەها دەڵێت: <<تا تەماحکارتر بین بەرامبەر سروشت، قیامەت زوتر دەگات.>>
نەسرەدین عومەر، ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی ئیستیقلالی جاکارتا، باوەڕی وایە کە وەک چۆن بەڕۆژوبون لە مانگی ڕەمەزاندا واجبە، ئاواش واجبە هەمو موسڵمانێک کە پارێزەری زەوی و سروشت بێت. بۆیە مامۆستا مەلا نەسرەدین لەڕێی کۆکردنەوەی وەقفەوە بۆ وزەی نوێ و نوێبوەوە، واتا وزەی سەوز، هەوڵدەدات سروشت رزگاربکات. ئەو لە یەکێک لە هەوڵە سەرەتایی و سەرکەوتوەکانیدا، بۆ نمونە، توانیویەتی سەدا بیستوپێنجی خەرجییەکانی مانگانەی ئاو و وزە کەم بکاتەوە لەڕێی سیستەمی دوبارەبەکارهێنانەوەی ئاو -ریسایکلینگ-، کەمکردنەوەی هێزی دەرچونی ئاو لە بەلوعەکان، و هەروەها دانانی سیستەمی سۆلار لەسەر گەورەترین مزگەوتی ئەندەنۆسیا. وڵاتەکەی مامۆستا نزیکەی ٨٠٠ هەزار مزگەوتی لێیە و لەڕێی فەتوا و هۆشیارکردنەوەی دینییەوە دەیانەوێ زۆربەی مزگەوتەکانی ئەو وڵاتە بخەنە سەر وزەی نوێبوەوە. مامۆستا مەلا نەسرەدین پێیوایە دەبێت چاندنی نەمام وەک نوێژی رۆژانە ببێتە خویەک لای موسڵمانان تا هەموان پێکەوە روبەڕوی گۆڕانەکانی کەشوهەوا ببینەوە.
لە ١٨ی نیسان لە درێسدن لە کۆنفرەنسێک بەشدار بوم. کۆنفرەنسەکە لەسەر پرسی ئاشتی و ململانێ و چۆنییەتی دۆزینەوەی چارەسەریی بو بۆ کێشە و ململانێکان لە دونیادا. لە یەکێک لە پانێڵەکان مارتین کۆبلەر، بەرپرسی پێشوی نێردەی یونامی لە عێراق (٢٠١١-٢٠١٣) بەشدار بو. بە دەرفەتم زانی دو پرسیاری ئاراستە بکەم، یەکیان لەبارەی عێراق و ئەوەی تر لەبارەی غەزە. لەبارەی عێراقەوە لێم پرسی کە ئایا نەدەکرا کێشەکانی مالیکی و بارزانی و سونە و مالیکی چارەسەربکرابونایە لەلایەک، ئینجا کورد و شیعە و سونە باشتر پێکەوە کاریان بکردبوایە تا رێ لە سەرهەڵدانی داعش بگرێ چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا بو. ئەو باسی لە ئەزمونی خۆی کرد کە چۆن لەڕێی پرسی گۆڕانی کەشوهەواوە توانی ئەو لایەنە ناکۆکانە لە یەک کۆبکاتەوە تا رادەیەک چونکە بەگوێرەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، عیراق پێنجەم وڵاتی لاوازی دنیایە لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا. ئەو پڕۆژەیە دواتر لەلایەن سەرۆکی پێشوی عێراق بەرهەم ساڵحەوە تەبەنی کرا، بەڵام بەداخەوە هیچ کارێک لەسەر ئەرزی واقعدا نەکراوە کە شایانی باسکردن بێ.
رۆژانە راپۆرتەکان دەبینین کە چۆن پیسبونی ژینگە رێژەی شێرپەنجە و نەخۆشییە کوشندەکانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە رێژەیەکی یەکجار گەورە بەرزکردۆتەوە.
گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هەرەگەورەترین کێشەکانی نەک هەر عێراق، بەڵکو مرۆڤایەتی. لێرە نامەوێ بچمە ناو ئەو باسەوە، تەنها ویستومە باس لەوە بکەم کە دین بۆ چاکەی گشتی بەکاربێت، هەروەک چۆن ئامانجی سەرەکیی دین هەر چاکەی گشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری و پێکەوەژیان و خۆشبەختیی ئینسانە. هەر پێنج فەرزەکەی ئیسلام بەجێبگەیەنیت و ٢٤ سەعات لەسەر بەرماڵ بیت، ئەگەر کردەوەکانت لەگەڵ هاوبەشی ژیانت، لەگەڵ منداڵەکانت، لەگەڵ دراوسێکانت، لەگەڵ کۆمەڵگاکەت، لەگەڵ سروشت، دژبون بە بەها ئینسانییەکان و فەرمانە خوایییەکان بۆ جوانکردنی ژیان، تەنها خۆت هەڵدەخەڵەتێنیت، دڵنیابە خوا هەڵناخەڵەتێت. خوا ئەوە دەبینێت کە حەجت کردوە، بەڵام لەسەر ئەوە پاداشتی حەجەکەت دەداتەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەیت لە خوارەوەی خۆتن، یان لەگەڵ ئەوانەی کە ستەمکارن، یان چۆن لە کاتی فرۆشتن و کڕیندا هاوسەنگیت، یان چۆن لە کاتی بینینی خراپەیەکەدا هەوڵی چاککردنی دەدەیت.
ئەو رۆژانەی رابردو شێخی سەلەفییەکانی کوردستان عەبدولەتیف سەلەفی وەک قەشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەیەوێت بەهەشت بۆ خەڵک لەڕێی کڕینی بەرماڵێکەوە دابین بکات. ڤیدیۆیەکی عەلی باپیرم بینی دەیەوێ لەسەر بنەمای خەونی کەسێک بڕیار بدات هەرکەسێک دەنگ نەداتە حیزبەکەی ئەوە لە دین لایداوە و وەک باوکی یەکێک لە حیمایەکانی سەرلێشێواو دێ و دەڕوا لە خەونی کوڕەکەیدا. لێرەوەیە مارکس پێیوایە دین ئەفیونی گەلانە کاتێک دین بەکاردەهێنرێت بۆ گەوجاندنی خەڵک. عەبدوللەتیف سەلەفی دەتوانێت هەوڵبدات پارە کۆبکاتەوە بۆ مزگەوت، ئەمە ئاسانترین رێگایە تا پارەی خەڵکی پێ راکێشیت لە کاتێکدا کۆمەڵگا پێویستی بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی دی هەیە. یەکێ لەوانەیە بڵێ کە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی دی کاری حکومەتە، بەڵێ، ئەوەش راستە، بەڵام ئەی ئەگەر حکومەت فاشیل بو و خودی سەلەفییەکانیش پێشی هەمو کەس داکۆکیکاری ئەو حکومەتە فاشیل و ستەمکارە بون؟
سەلەفییەکان دەیانەوێ دین ئەفیون بێ، نایانەوێ دین ئامرازێک بێ بۆ چاکەی گشتی. ئایا هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە لەڕێی شەڕکردنی پیسیی ژینگەوە لە تێڕوانینە ئیسلامییەکەوە لای خوا رێزلیگیراوترە یان دەیان و سەدان هەوڵی سەلەفییەکان و ئیسلامییەکان بۆ پرسە لاوەکییە دینییەکان؟ هەر بەڕاستی ٦٥٠ دۆلار بۆ بەرماڵەکەی مزگەوتی سەلەفییەکان خێری زیاترە یان هەوڵێک بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە تا نەخۆشیی شێرپەنجە کەمبێتەوە؟ مەگەر بە تێڕوانینە قورئانییەکە رزگارکردنی یەک نەفس رزگارکردنی کۆی بەشەرییەت نییە؟
ئیمامی مزگەوتی ئیستیقلال لە جاکارتا نەسرەدین عومەر پێیوایە ئەو تەنها رێنمایییەکانی پێغەمبەر محەمەد جێبەجێدەکات کاتێک داوا لە خەڵک دەکات گرنگیی بە سروشت بدەن. ئەو بە تەنیاش نییە لەم وڵاتەدا کە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کەسی تێدایە و زۆرینەیان موسڵمانن. سەدانی تر و دەیان کۆمەڵە هەن کە لە هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی وەئاگێنانەوەیەکی ژینگەیی لە ڕێگەی ئیسلامەوە. پیاوانی ئایینی باڵا فەتوا یان فەرمانیان لەسەر چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕانی کەشوهەوا دەرکردوە. چالاکوانانی ناو جڤاک لە دۆستان و خێزان و دراوسێکان داوادەکەن کە ژینگەپارێزی لە قورئاندا چەسپاوە و ئەوانیش هەوڵبدەن ژینگە بپارێزن چونکە نەک هەر ئەرکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و قانونییە، بەڵکو ئەرکێکی دینیشە.
نەسرەدین عومەر لە چاوپێکەوتنەکەیەدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز دەڵێ: وەک وڵاتێک کە زۆرترین ژمارەی موسڵمانانی لە جیهاندا هەیە، دەبێت نمونەیەکی باش بۆ کۆمەڵگای موسڵمانان دابنێین.
هەندێک لە پیاوانی ئایینی ژینگەپارێزی بە شتێکی دەوروبەری ئایین دەزانن. ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە باوەڕێکی بەربڵاو لە نێو خەڵکی ئەندەنوسیادا هەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە نییە.
بەڵام پەروەردەکردنی ٢٠٠ ملیۆن موسڵمان، لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی سەوز دەڵێن، دەتوانێت گۆڕانکارییەکە بباتە پێشەوە.
یەکێک لە سەرکردە جڤاکییەکان و ژینگەدۆستەکان نە نیویۆرک تایمز دەڵێت: <<خەڵک گوێ لە قانونەکان ناگرن، گرنگی پێنادەن. خەڵک گوێ لە سەرکردە دینییەکان دەگرن، چونکە سەرکردە دینییەکانیان پێیان دەڵێن کە خەڵک دەتوانێت لە قانونە دونیایییەکان دەربازیان ببێت بەڵام ناتوانن لەبەردەم قانونەکانی خوا دەربازیان بێت.>>
بەداخەوە ئەمڕۆ دین لە کۆمەڵگای ئێمەدا چ لەلایەن سەلەفییەکانەوە، یا هەندێک مەلاوە، یان هەندێک حیزبی ئیسلامییەوە، یان تەنانەت خەڵکی ئاساییشەوە، خەریکە دەبێتە ئەو ئەفیونەی مارکس باسیدەکات. دین لە دیاردە ئینسانییە خوایییەکە لای داوە. خەڵکانێک بە ناوی دینەوە قسەدەکەن کە هەرچی ئەخلاقی پێغەمبەر و ئیسلامە لە ئەواندا جێی نابێتەوە. میدیا و سۆشیەڵ میدیا هەندێک بانگخواز و چالاکی دینی نارسیسیستی پێشخستون کە ئیشیان تەنها شەڕە لەگەڵ ئەم و ئەو نەک هەوڵی چاکسازیی وەک مامۆستا مەلا نەسەرەدین لە ئەندەنۆسیا.
دیارە لە ئەندەنۆسیا ئەوەی نەسرەدین عومەر کردویەتی، هەوڵێکی شۆڕشگێڕانەیە چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر هەیە بەدگومانن لە گۆڕانەکانی کەشوهەوا. دو دەیە لەمەوبەر لقێکی ناوچەیی ئەنجومەنی زانایان فەتوایەکی دژی ئاک عەبدوڵڵا ئەلکودوس، ژینگەپارێزێک لە پارێزگای جاوای ڕۆژهەڵات دەرکرد کە هەوڵیدا هەڵمەتێکی چاندنی دار لەگەڵ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی لەدایکبونی پێغەمبەر محەمەد تێکەڵ بکات. تەنانەت ئەلکودوس هەڕەشەی کوشتنیشی لێ کراوە لە بەرانبەر ئەو هەوڵە ژینگەدۆستەیییانەی.
بەڵام پشتگیری لە ئاک بە تێپەڕبونی کات گەشەی کرد و دواتر دەستی بە سوپای سەوز کرد، کە کۆمەڵێک خۆبەخشی چاندنی دار بون و کاردەکەن بۆ دوبارە سەوزکردنەوەی زەوییە روتەوەبوەکان لە چیای لیمۆنگان، کە گڕکانێکی بچوکە و ٢٠٠٠ هێکتار دارستانی پارێزراوی تێدا بڕاوە. ئەمڕۆ بە بامبۆی سەوز و دار میوە داپۆشراوە بە هۆی ئەو هەوڵانەی ئاکەوە.
ئاک بە نیویۆرک تایمزی گوت: ئەرکی ئێمەیە خەلیفە بین، پارێزەری زەوی بین. واتە: ئەوە ئەرکی ئیسلامە.
یەکێک لەو چالاک و مامۆستا دینییانەی قسەیان بۆ نیویۆڕک تایمز کردوە دەڵێ کە زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی پێی دەڵێن <<ئوستازی شێت>>، و خەڵکەکە دەڵێن بانگەشەی ژینگە پەیوەندی بە دینەوە نییە. ئەو بەرپەرچییان دەداتەوە و دەڵێت بە نزیکەیی ٧٠٠ ئایەت لە قورئاندا و دەیان فەرمودە هەن کە باس لە ژینگە دەکەن. ئەو قسەی پێغەمبەر محەمەد دەهێنێتەوە کە دەڵێت: خودا میهرەبانە و حەزی لە میهرەبانییە، خودا پاک و خاوێنە و حەزی لە پاکوخاوێنییە.
ئانانتۆ گوتی: ئەمە فەرمانێکە بۆ پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی.
لەڕێی پشتیوانیی دارایی نێودەوڵەتی بانکی جیهانییەوە، ئیمامی گەورە دەیەوێت ببێتە سەرکردەیەک لە گۆڕینی لەسەدا ٧٠ی ٨٠٠ هەزار مزگەوتی ئەندەنوسیا بۆ <<مزگەوتی ئیکۆ>> یان مزگەوتی ئیکۆلۆژی کە دۆستی ژینگە بێت و وزەی خاوێن و نوێبوەوە بەکاربێنن.
یەکێکی تر لەو رێکخراوانەی کە هەوڵی پاراستنی ژینگە و شەڕکردنی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات رێکخراوی موحەمەدییەیە.
موحەمەدییە، گەورەترین ڕێکخراوی موسڵمانەکانی ئەندەنۆسیایە، کە بودجەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات. ئەوان پرۆگرامی <<ئیکۆلۆژیی ڕۆحی>>یان پێشخستوە کە فێرکارییە ئیسلامییەکان بەکاردەهێنێت بۆ دنەدانی پاراستنی ژینگە.
لە کۆمەڵگای ئێمە کە بەرخۆریزم و مەسروفگەرایی تا ملی هاتوە، مەسرەفگەرایییەک کە ئینسانەکانی توشی نەخۆشیی دەرونیی و جەستەیی کوشندە کردوە، زۆر گرنگە هەمو میکانیزمەکان بەکاربهێنرێن بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو مەسروفگەرایییە کە هەم جەستەی ئینسان دەڕوخێنێ و هەمیش دەرونی وێران دەکات. هەروەها زۆریش گرنگترە کە هەمو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی ژینگەدۆستی ببێتە یەکێک لە بابەتە هەرەسەرەکییەکانی وتاری رۆژی جومعان و پێویستە مامۆستایانی دینیی خۆیان پەروەردە بکەن لەبارەی گرنگیی پاراستنی ژینگە. لێرەوەشە مامۆستایانی دینی دەتوانن ببنە بەشێک لە روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا وەک مامۆستا نەسرەدین عومەری مامۆستای مزگەوتی ئیستیقلال لە جاکارتای ئەندەنۆسیا نەک وەک مامۆستا عەبدوللەتیفی سەلەفیی خۆمان کە وەک قەشەکانی سەدەی ناوەڕاست دەیەوێ بەهەشت و جەهەننەم دابەشبکات.