نوسینی باش: چۆن دەتوانیت ببیت بە نوسەرێکی باش؟

نوسینی: د.نیاز نەجمەدین

بە پشتیوانی: کوردستان تایمز

کوردستان تایمز لەگەڵ دامەزراوەی رۆزا لوکسەمبۆرگی ئەڵمانی، ئۆفیسی بەیروت پارتنەرشیپێکیان بۆ ماوەی شەش مانگ دەستپێکردوە کە لەڕێی پشتیوانیی دارایی دامەزراوەی رۆزا لۆکسەمبۆرگەوە کوردستان تایمز چەند بابەتێکی رۆژنامەوانی و راهێنانی رۆژنامەوانیی بۆ چەند گەنجێک ئەنجامدا. ئەم رێبەری نوسینە بەرهەمی ئەو پارتنەرشیپە و راهێنانە رۆژنامەوانییەکەیە بۆ پێنج گەنج.

 بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە پی دی ئێف، کرتە لێرە بکە.

پێشەکی

نوسەری باش هەڵگری زۆر سیفەتە. ئەمەی خوارەوە تەنها چەن رێنماییەکە و لە نوسینیدا پتر بیر لەو گەنجانە کراوەتە کە خولیای نوسینی وتاریان هەیە، بەڵام بە زمانی کوردیی شتێکیان لەبەر دەست نییە. دەشێت ئەم رێبەرییە لە زۆر خاڵدا لە نوسینی توێژینەوە و کتێبیشدا سود بگەیەنێت.

رێبەرییەکە دکتۆر نیاز نەجمەدین (پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، بەشی ئابووریی) نوسیویەتی و بەشێکە لە بەرهەمی ئەزمونی نوسین و خوێندنی ئەکادیمییان (بەتایبەت نوسینی ئەکادیمیی). هەوێنی یەکەمی رێبەرییەکە خولێکی دوو مانگیی نوسینی وتارێکی هەزار وشەیی بوو کە کوردستان تایمز بۆ چەند خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی کردبووەوە و دکتۆر نیاز سەرپەرشتیی نوسینەکانی دەکردن. خوێندکارەکان لە بواری ئابووریی و فەلسەفە و سینەمادا کاریان دەکرد.

یەکەم، تەکنیکی نوسین

  • ناونیشان و جوانیی ناونیشان و هەڵبژاردنی بابەت: یەکەم هەنگاو ئەوەیە بابەتی بەنرخ هەڵبژێریت، بابەتێک کێشەیەکی گرنگ بخاتەڕوو. هەوڵیش بدە ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی هەبێت. ئەم بابەتانە لەگەڵ حەز و توانای خۆتدا با بگونجێن. مادام مرۆڤ حەز و ئارەزووی جیاوازی هەیە و ئەمەش شتێکی زۆر سروشتییە، ئەوا دەکرێت شتێک هەڵبژێریت کە خۆت حەزت لێیە بەڵام مەرج نییە کەسێکی تر حەزی لێ بێت. من دەڵێم “کە خۆت حەزت لێیە”، نەموتووە کە کۆمەڵگە حەزی لێیە. جیاوازییەکە چییە؟ جیاوازییەکە ئەوەیە دوای حەزی ئەوانی تر بکەویت ئەوا رەنگە تەنها پۆپۆلیستێکت (کەسێکی شەعبەوییت) لێ دەرچێت. کەسی شەعبەویی رەنگە هەمیشە لە تۆ ناسراوتر بێت و قسەکانی دەنگدانەوەیان زیاتر بێت، چونکە تەنها ئەو قسانە دەکاتەوە خەڵک ئارەزووی دەکەن بەڵام بە فۆرمێکی کاریگەر. نوسەری باش رێچکەی خۆی هەیە و رێزی کوالتی بەرهەمەکەی دەگرێت و لە ئاستێکی باڵاتردا لە خەمی گەردوون و گیاندارەکانیدایە. دەنگی پۆپۆلیست تەمەنکورتە، دەنگی نوسەری باش دەگاتە گوێی نەوەی سەردەمە جیاوازەکان. هەرچی مەسەلەی تواناکانتە، باشترە توانات بەسەر بابەتەکەدا بشکێت. شتێک کە زۆر سەختە بۆت، جارێ رایگرە و بیخەرە کاتێکی تر دوای کەڵەکەکردنی هەندێک ئەزموونی نوسین. وەک ئەوەیە تۆ حەزت لە ئوتومبێلی مارسیدز بێت، بەڵام توانای کڕینیت نییە. بۆچی؟ چونکە دەگمەنیی سەرچاوەکانت هەیە. ئەم دەگمەنییە تێدەپەڕێنرێت ئەگەر برەو بە تواناکانی خۆت بدەیت. نوسینیش هەمان خەسڵەتی هەیە. خەمی لێ مەخۆ ئەگەر سەرەتا تەنانەت توانات کەمتر بێت لەو بابەتەی ئارەزوو دەکەیت و دەتەوێت لەسەری بنوسیت. کێشە نییە و تواناکات هەنگاو بە هەنگاو پێشبخە تا دەگاتە ئاستێک خەیاڵت دەتروکێت و دەزانیت چۆن دێیتەناو بابەتەکە و چۆن چیرۆکەکە دەگێڕیتەوە (بڕوانە خاڵەکانی دواتر). با ئەوەش بڵێم کە دەشێت حەز لە دوو بابەت بکەیت. لەم کاتەدا باشترە یەکێکیان هەڵگریت بۆ کاتێكی تر. ئەزموونی یەکەم فێرت دەکات و تواناکانت گەشە پێدەدات. ئایا دەکرێت شانۆکار دوو تیم و دوو شانۆ لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرێت؟ رەنگە، بەڵام ریسکێکی گەورەیە و هەڵەیە. نوسینیش هەمان خەسڵەتی هەیە. رێگایەکی تریش هەیە، ئەویش تێکەڵکردنە. دەشێت هەردوو ئایدیاکەت (حەزەکەت) تێکەڵ بکەیت بەشێوەیەک یەکێکیان بخەرە خزمەتی ئەویتریانەوە. بۆ نمونە، دەتەوێت لەسەر هەمەڕەنگکردنی داهات بنوسیت، دەشتەوێت لەسەر بەختەوەریی بنوسیت. بیانکە بە یەک وتار، شتێکی زۆر جوانتری لێ دەردەچێت. پێکەوە ئارگومێنتەکە بەهێزتر دەکەن. بە هەمان شێوە، دەتەوێت لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بنوسیت، دەشتەوێت لەسەر گۆڕانکارییە کەلتورییەکان بنوسیت. بیانکە بە یەک وتار، دەکرێت بیرکردنەوەی رەخنەگرانە ئەو هێڵە ژێر بە ژێرەی نوسینەکەت بێت کە بەهای باسەکەت بەرز دەکاتەوە و خۆشت رازیی دەکات. واتە لێرەدا نایەی تیۆرییەکانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە باس بکەیت، تەنها پێناسەیەکی دەکەیت بەڵام بەهۆیەوە رەخنەی گۆڕانکارییە کەلتوریەکان دەگریت.
  • داڕشتنی ئایدیا: ئایدیاکەت داڕێژە. بەڵام لە کاتی داڕشتندا رەچاوی ئەم سێ هەنگاوەی خوارەوە بکە:
    • کەلە(سەر)ی وتار (یان پێشەکیی-introduction): هەر وتارێک بە چەند دێڕێک دەست پێ دەکات و پاشان دەبێت بچیتەوە سەری دێڕ. هەوڵبدە چل بۆ پەنجا وشەیەک (یان شەست بۆ حەفتا وشەیەک) لە چەند دێڕی یەکەمدا بنوسیت و زیاتر نەبێت. لەم چل بۆ پەنجا یان شەست وشەیەدا، هەوڵبدە بیرۆکەی وتارەکەت باس بکەی، رای جیاوازیش لە بارەیەوە بخەیتەڕوو. بۆ نمونە: (مرۆڤ بەردەوام لەهەوڵی باشکردنی ژیانییدایە و دەیەوێت بەختەوەریی بە دەست بهێنێت. هەندێک رایان وایە داهات تاکە پاڵپشتی بەختەوەرییە و هەندێکیش رایان وایە زۆر شتی دیکە بەختەوەریی مرۆڤ دەستنیشان دەکەن). ئەمە ئارگومێنت و بیروڕای جیاوازە. هاوکات ئەمە واتای ئەوە زوو دەچیتە ناو بابەتەکە و ئامانجەکەت دیارە. زوو بچۆرە ناو بابەتەکەوە و خوێنەر دوامەخە لەوەی باسی چی دەکەیت. واتە نابێت شەش دێڕ بنوسیت و هێشتا خوێنەر نەزانێت باسی چی دەکەیت و ئامانجت چییە. دەبێت ئەم پێشەکییە سەرنجڕاکێشیش بێت، باشترە شێوازێک پەیڕەو بکەیت هەستێک بە خوێنەر ببەخشێت زەرەر ناکات لەم دنیا جەنجاڵ و پڕ لە بژاردەیەدا گەشتێکی کورتت لەگەڵ بکات. ئەمە وەک سەرەتای چیرۆک وایە. دەتوانیت سەرەتای چیرۆکەکە بەو شێوازەی سەرەوە نەبێت، بەڵکو لە گۆشەیەکەوە دەست پێ بکەیت کەس تەسەور نەکات وەک ئەوەی سەیری فیلمێک بکەیت و لە گۆشەیەکەوە بەرهەمهێنەرەکە دەتباتە ناو فیلمەکەوە تەسەور ناکرێت. بۆ نمونە: دەتەوێت باسی هەژاریی و ئاستی گوزەران بکەیت و بەراوردی ئەمڕۆ و پەنجا ساڵ لەمەوبەر بکەیت، یان باسی پەیوەندییەکان و گۆڕانکارییەکان بکەیت، دێیت لە شوێنێکی وەک ئەمەی خوارەوە دەست پێ دەکەیت:

دایە گوڵچین (ناوی کەسێکی بە ساڵاچووی واقعیی بنوسە!) ئێواران لە بەردەمی ماڵە دوو قاتەکەیدا کورسییەکیان بۆ دادەنا و چاودێری ئەو رێبوارانەی دەکرد کە بە کۆڵانەکەیدا شپرزە و بێ سەلامکردن تێدەپەڕین. لەبەر خۆیەوە دەیبۆڵاند و دەیوت: سەردەمی ئێمە…………..). هەر لەم پێشەکییەدا دوو ئاراستە پیشان دەدەیت، یەکێکیان بەرگریی لە کۆن دەکات و تاسەی رابردوو دەکات و ئەویتریان تێکەڵ بە دنیای مۆدێرن بووە بەڵام بە ریتمێکی تایبەت. مەبەستم لەوەیە شتێکی چێژ بەخش دەکرێت سەرەتای نوسینەکەت بێت و باسەکەتی لە رێوە بگێڕیتەوە. ئینجا لە لەشی نوسینەکەتدا بیرۆکەکان پەخش و درێژ دەکەیتەوە (بڕوانە دواتر).

  • جەستەی نوسین (body paragraphs): ئەو ئارگومێنتەی لە پێشەکییدا بینات کردووە، بە جەستەی نوسینەکەدا درێژی دەکەیتەوە. لایەنی بەهێز و لاواز، واتە مشتومڕ، دەست پێ دەکەیت. نابێت یەک لایەن بخەیتە بەرچاو. ئەگەر وا بکەیت، مانای وایە ناتەوێت بیرکردنەوەی رەخنەیی پێش بخەیت کە بنەمایەکی سەرەکیی نوسینی باش و فێرکردنە. بۆ وتاری کورت، دەکرێت دوو پاسجی درێژت هەبێت (بۆ توێژینەوە، دەکرێت یەک یان دوو بڕگەی درێژت هەبێت). پاسجێکیان باسی لایەنە باشەکانی ئەو شتە/بۆچونە دەکەیت. یان باسی ئەوە دەکەیت هەندێک نوسەر هەن، یان رایەک هەیە کە پێی وایە دیموکراسیی (بۆ نمونە) هەڵەیە و بۆ وڵاتانی تازە گەشەکردووی دوای جەنگی وەک عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت. پاساوی ئەم لایەنە بە شێوەیەک دەخەیتەڕوو کە نابێت لێی کەم بکەیتەوە و لە بەرچاوی خوێنەر سوکی بکەیت. دەبێت وا باسی بکەیت کە خوێنەر هەست بکات پاساوەکانیان بەهێزە. لە پاسجی دواتردا دەکرێت تێبینیی و سەرنجی خۆت لەسەر لایەنە لاوازەکانی بخەیتەڕوو. ئینجا خوێنەران رەنگە لە دڵی خۆیاندا بڵێن (ئێستا باشتر تێگەشتم. وایە ئەم بۆچونەی پێشوو کەموکورتیی زۆرە). هەوڵیش بدەیت بەڵگەی مێژوویی و داتا بخەیتە وتارەکەتەوە زۆر بەهێزتر دەبێت. بۆ نمونە باسی ئەزمونی وڵاتێک بکەیت بە کورتیی. با ئەوەش بڵێم باشترە شتی نوێ لە داتا و زانیارییەکان دروست بکەیت ئەگەر توانیت (بەڵام مەرج نییە!)، بۆ نمونە رێژەیەکی نوێ بدۆزیتەوە، یان شیکارێکی قوڵ و تایبەت بێت کە هەست بکرێت ئەمە ئەسڵییە و هی خۆتە. لێرەدا دەبێت سەرنجت بۆ یەک خاڵ راکێشم: لە لایەک زانیاریی گشتیی (وەک داتایەک، ژمارەیەک، بەسەرهاتێک، ئەزمونی وڵاتێک) بابەتەکەت قەشەنگتر دەکات. بەڵام ئەمە کافیی نیە. بۆیە لە لایەکەی ترەوە دەبێت زانینت (مەعریفەت) فراوان بکەیت تا دەسەڵاتت بەسەر تێکستەکەدا زیاتر بشکێت و بە تیشکی زانینت جەهلی خۆت و خەڵکی کەم بەخت بسوتێنیت. واتە هەم مەعریفە و هەم زانیاریی گرنگن.
  • پێیەکانی نوسین (یان دەرئەنجام-conclusion): دەبێت دەرئەنجامێک هەبێت لە کۆتایی نوسینەکەت و لە چەند دێڕێکدا دایڕێژیت (کورتتر بێت لە کەلەسەری نوسینەکە). ئەم دەرئەنجامە باشترە کەمێک یەکلاکردنەوەی تێدا بێت: کام لایەنە راستن؟ یان خراپییەکە چۆن کەم دەکرێتەوە؟ کۆتایی نوسین زۆر گرنگە. وەک ئەوەی میوانێکت هەیە و تا ئاخر خولەک بە لوتفەوە لە دەرگاوە خواحافیزیی لێ دەکەیت، هەروا با خوێنەرەکەت جێتهێڵێت. دەبێت شتێکی لەلا جێبمێنێت. فیلم چەند جوان بێت، بێزارت دەکات و نمرەی لێ دەشکێنیت ئەگەر کۆتاییەکەی ناخۆش بوو.

بەکورتیی، دەکرێت نوسینێک بەم شێوەیە دەست پێ بکات: کێشەکە چییە و رای جیاواز لەسەری چییە؟ هۆکارەکەی چییە؟ کاریگەریی چییە؟ دەرئەنجام چییە و چی بکرێت؟ بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکە و فراوانکردنی دونیابینیی خۆت و خوێنەر داتا بەکاربهێنە، یان قسەی کەسێک بەکاربهێنە، یان فیلمێک بەکاربهێنە، یان چیرۆک و رۆمانێک، بەڵام ئەمانە لە شیکارییەکەی خۆتدا تەوزیف بکە نەک نوسینەکەت بکەیت بە شیعر و خۆی لەسەر ئابووریی بێت (بۆ نمونە ئەمە دەڵێم). ئاماژەش بە سەرچاوەکە بدە چونکە نابێت هیچ نوسینێک پلەیجەریزم بێت (دزرا بێت). ئەمە ئەخلاقی پیشەکارەکە خۆیەتی و نابێت لێی تەنازول بکات. ئەمە پوختەی سێ خاڵی سەرەوە بوو.

  • زەخیرەخستن بۆ پاراگراف: هەر پاراگرافێک دەبێت ماتریاڵی خۆی هەبێت و دەبێت بزانیت کام زانیارییە دەخەیتە کام پاراگرافەوە. رۆشتنیش لە پاراگرافێک بۆ پاراگرافێکی تر پێویستی بەوە هەیە وشەی گرێدانەوە (linking words) بەکاربهێنیت. بۆ نمونە، پاراگرافێک تەواو دەبێت و تۆ دەتەوێت بچیتە سەری دێڕ و پاراگرافێکی تر دەست پێ بکات. دەکرێت بنوسیت: لەگەڵ ئەمەشدا.. یان بنوسیت (بەپێچەوانەی ئەم بۆچونەوەی سەرەوە)…یان شتێکی لەم چەشنە. بەمەش نوسینەکە پێکەوە دەڕۆن و گرێدراو دەبن و لە یەکانگیریی ناترازێت، پارچەکان دانابڕێن لە یەکتر. (بەم بۆنەیەوە با قسەیەکی تریش بڵێم: لە وتاردا باشترە قەبارەی پاراگرافێک هێندە درێژ نەبێت خوێنەر وون بکات، رستەکانیش زۆر درێژ نەبن و خوێنەر هەناسەسوار بکات). سەرنجت رادەکێشم بۆ وشەی “یەکانگیریی” نوسین. نوسینی دابڕاو لە یەکتر ونبونی نوسەر پیشان دەدات.
  • زیاتر بگەڕێ: ئینجا چەند رۆژێک هەندێک وردە توێژینەوە بکە. بۆ نمونە لە گوگڵ بگەڕێ بە دوای وتارێکی هاوشێوەدا بزانە چیت لە بیر چووە ئادی بکەیت؟ یان شێوازی ئەو نوسەرە چۆنە؟ تۆ جیاوازییت چییە؟ (خۆ ئەگەر توێژینەوە یان کتێب بێت، دەبێت لە ماوەی دابڕانەکەدا کتێب یان توێژینەوە یان چاپتەری کتێبێک یان زیاتر بخوێنیتەوە بە مەرجێک پێشتر نەتخوێندبێتەوە). بۆ؟ ئەمە یارمەتیت دەدات کونوکەلەبەری نوسینەکەت پڕ بکەیتەوە و پێشیبخەیت.
  • خۆدۆزینەوە: دەنگی خۆتت هەبێت. قۆناغی یەکەم ئەکرێت لاسایی کەسێک بکەیتەوە، بەڵام ئیدی رۆژێک دەبێت دەنگی خۆتت هەبێت و خەڵک هەست بکات خۆتیت، نەک کەسێکی تر لەناو تۆدا بنوسێت و تۆ تەنها قەڵەمەکەت گرتووە بە دەستەوە. هەنگاوەکانی سەرەوە یارمەتیدەرت دەبن لەوەی دەنگی خۆت بدۆزیتەوە.
  • چۆن سەرچاوە دەنوسرێت؟ دەکرێت بەم شێوەیە بێت: ئابووریناس کروگمان لە کتێبێکیدا بەناوی (…..) رای وایە…. (دێڕێک یان دووان وەرگرە). یان ئابووریناس کروگمان لە کتێبی (……، ساڵی…) دەنوسێت “…….”. جا ئەگەر رستەکەت وەک خۆی وەرگرت، بیخەرە ناو دوو قەوسی بچوکی سەرەوە (ئیقتیباس). بەڵام نابێ رستەی درێژ وەرگریت. هەمان شتیش ئەگەر قسەی سیاسییەک یان دەسەڵاتدارێکی حکومەت وەرگریت. بیرت دەخەمەوە، گرنگە ناوی نوسەر و کتێبەکەی بهێنیت.

7- ریتم و مۆسیقای نوسین: مۆسیقای نوسینەکە، یان با بڵێم ریتمی نوسینەکە بدۆزەرەوە. بۆ نمونە، باسی بێکاریی کەمێک خەمگینە، وەک مۆسیقایەک وایە هەستی خەمگینت تیادا بجوڵێنێت. باسی هەژارییش هەر وایە. بەڵام باسی گەشەی ئابووریی دەبێت گەشبینییەکی پێوە دیار بێت، ئەگەرچی رەخنەشی لێ بگرین. ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەم چێژی نوسینەکەت زیاد بکەیت، هەم خۆت لە خۆدووبارەکردنەوە بپارێزیت. نوسەر دەمرێت ئەگەر خوێنەر بە بینینی نوسینەکەی یەکسەر پێشبینیی ستایڵ و ناوەرۆکەکەی بکات. پاش چەند ساڵێک خوێنەران ئەڵێن “کە سەیری ئەم نوسەرە دەکەیت، یەکسەر دەزانێت باسی چی دەکات”. ئەگەر گەیشتیت بەو قۆناغە، دەبێت بوەستیت و بە خۆتدا بچیتەوە و لە خۆت بپرسیت چیمە؟ چۆن خۆم چاک بکەم؟

  • خاڵبەندیی: خۆت لە خاڵبەندیی لە وتاردا بپارێزە تا دەتوانیت. بۆ نمونە مەنوسە (١…٢…٣..). دەبێت ورد نوسینەکەت بچنیت وەک ئەوەی کراسێک بێت و چنینەکەی لەگەڵ یەکتر دەگونجێن، نەک هەر شوێنە و دیزاینێک بێت. یان وەک مەلزەمەی خوێندکارانی زانکۆ ئامادەکرابێت و خاڵ بە خاڵ لەبەرکرێت. بڕوانە خاڵی دواتر.
  • دوورکەوتنەوە لە رەشنوسی نوسینەکانت: دوای رەشنوسی یەکەم، دوو بۆ سێ رۆژ وازی لێ بێنە. ئینجا بچۆرەوە سەری بزانە چیت نوسیوە. ئەمجارە وەک خوێنەر بچۆرەوە سەری، نەک وەک نوسەر و خۆت ببە بە رەخنەگری خۆت. ئەگەر توانات هەبوو، دوا کۆپی پرینت بکە. دانیشە کۆپییە پرینتکراوەکە بە هێمنی بخوێنەرەوە، هەڵە و کەموکوڕییەکانت دیاری بکە بە قەڵەمێک و سەرلەنوێ کۆمپیوتەرەکەت داگیرسێنە و چاکسازییەکان بکە. خۆ ئەگەر کتێب یان توێژینەوە بوو، ئەوا دەبێت بۆ کاتی زیاتر لێی دوور بکەویتەوە (بۆ نمونە یەک مانگ یان دوو مانگ) تا مێشکت رفرێش ببێتەوە، ئەو کاتە کە دەگەڕێیتەوە سەر نوسینەکە چاوت هەڵەی تر دەبینێت. دابڕان و دوورکەوتنەوە لە رەشنوسی نوسینەکانت وا دەکات کاریگەریی تێکچوونی مەزاج و هەڵچونی دەروونی کەم ببنەوە. نوسینێک بۆ تؤلەکردنەوە بێت لە کەسێک، نوسین نیە. نوسینێک مەزاج کۆنتڕۆڵی کردبێت، دەشێت تەنها خەمۆکیی بەرهەمبهێنێت و نابێت بە نوسین هێندەی دەربڕینی هەست و سۆزێکی کاتییە. مەبەستم لەوە نیە نوسینەکەت خاڵیی ببێتەوە لە هەرچی هەست و سۆزە، بەڵکو تەنها ئەمەیە: کاریگەریی تێکچوونی مەزاج و هەڵچوونی دەروونی لەسەر نوسینەکەت کەم بکەرەوە.
  • پاکژکردنەوەی نوسین، قارسکردنی نوسین: لە پرۆسەی چاکسازیی رەشنوسەکانتدا، بگەڕێ بەدوای وشەی دووبارە و رستەی دووبارە و ئایدیای دووبارە و ئەو جۆرە شتانە و پاکتاویان بکە. خۆت لە درێژدادڕیی ناپێویست بپارێزە. هەموو نوسەرێک هەست دەکات تێر نابێت تا چەند شتی لە دڵدایە نەیخاتە سەر پەڕەکەی. تۆش ئەمە بکە، کێشە نییە. بەڵام وەک پێشتر وتم دەبێت چەند جارێک بە نوسینەکەتدا بچیتەوە. لەم پرۆسەیەدا، بە دوای ئەوەدا بگەڕێ بزانە چی کەمتر پێویستە؟ چی زۆرتر پێویستە؟ ئەوەی کەمتر پێویستە، لە نوسینەکەت دەریبهێنە و بیبەرە پەراوێز و لەوێدا داینێ (مەبەستم خواری خوارەوەی پەڕەکەیە و رەنگێکی سور یان شینی بەرێ با لێت تێکەڵ نەبێ). ئینجا نوسینەکەت بخوێنەرەوە، بزانە جوانتر نەبووە؟ دڵنیام جوانتر بووە. وەرە و ئەو کۆمێنتانەی لاتبردوون، بیانسڕەوە و داخڵیان مەکە، یان هەڵیان بگرە بۆ نوسینێکی تر. یەک پرەنسیپی سەرەتایی ئابووریی لێرەدا پێویستە بزانیت: ژیان قوربانیدانە، دەبێت قوربانی بدەیت بە شتێک تا شتێکی ترت دەستکەوێت. بۆ نوسینیش هەمان شتە، دەبێت قوربانی بە هەندێک رستە و بابەت بدەیت تا جوانیی بابەتەکە بە تەواوی دەرکەوێت، تا جوانیی رستەکانی تر ببینرێت. لە پێداچوونەوەدا، هەوڵبدە بزانە چی شتێک هەیە زۆر دووبارەیە، لایبەرە. هەوڵبدە تەنانەت لە رستەیەکدا دووجار وشەیەک دووبارە مەکەرەوە. بۆ نمونە، مەڵێ (لە راستییدا، دوو راستیی هەیە دەربارەی ئەم مەسەلەیە). یەکسەر بڵێ (دوو راستیی هەیە….). ئیدی هەر بەو شێوەیە بۆ هەموو شتێکیتر.
  • سادەکردنەوە: لە خۆت بپرسە بۆ کێ دەنوسیت و کێ دەیخوێنێتەوە. واتە ئامانجت کێیە (target group). ئەمە یارمەتیت دەدات دەستەواژە و رستەی ئاسان بەکاربهێنیت. بە گشتیی، شتی ئاڵۆز سادە بکەرەوە لە وتاردا، نەک ئاڵۆزتری بکەیت.
  • پرۆفیشناڵیتی: ئەمانەی سەرەوە هەموو بۆ ئەوە بوون پێت بڵێم: پرۆفیشناڵبە. چەند وەستای کارەبا هاتووە بۆ ماڵتان و ئیشەکەی دڵشکاوی کردیت؟ چەند جار وەستای ئاو، فیتەر یان پزیشکت بۆ چارەسەری کێشەیەک دیوە و ناڕازیی بوویت؟ دڵنیام زۆر. هۆیەکەی چییە؟ یەکێکیان ئەوەیە کە پرۆفێشناڵ نەبووە، واتە شارەزا و لێهاتوو نەبووە، واتە پیشەکەی خۆی بە جوانیی نەکردووە. ئایا حەز دەکەیت تۆش هەمان شت لەگەڵ خەڵک بکەیتەوە؟ بێگومان نەخێر. نوسەربوون بریتییە لەوەی پیشەی نوسین رێزبگریت و بە جوانیی جێبەجێی بکەیت. کە ئەمەت خستە مێشکتەوە، ئیدی ئیشی کوالتی نزم زۆر کەم دەکەیت. هیچ نوسەرێک نییە تەواوی ئیشەکانی جوان بن، بەڵام زۆرینەی ستاندارد بن و کەمینەیەکی زۆر جوان بن، ئیدی مانای وایە پیشەکەی خۆی رێز دەگرێت و ئەمەش مانای ریزگرتنی خۆت. هەندێکیش هەر خراپ دەردەچن. ئاسایی وەریگرە و کۆڵمەدە و لە هەڵەکانتەوە فێر ببە.

ئەم دوو گرافەی خوارەوە دوو مۆدێلی ئەکادیمیی ناسراوی بواری نوسینن کە دەشێت بەشێک لە خاڵەکانی سەرەوە لە خۆیدا کۆبکاتەوە. مۆدێلی یەکەم بە (هەڕەمی هەڵگەڕاوەی نوسین) ناسراوە، واتە لە پانتاییەکی فراوانەوە دەست پێ دەکەیت و نوسینەکەت بەرتەسک دەکەیتەوە بۆ خاڵێک:

هەڕەمی هەڵگەڕاوەی نوسین بریتییە لەوەی نوسەر هەنگاو بە هەنگاو رۆدەچێتە ناو نوسینەکە. سەرەتا گرنگترین پرسیارەکان دەکات و لێیان دەکۆڵێتەوە. بڕگەی دواتر تەرخان دەکات بۆ خستنەڕووی زانیاریی کە مەرج نییە هێندەی بڕگەی یەکەمی وتارەکەی گرنگ بن. لە وتاردا واباشترە قەبارەی پاراگراف لە ٨ دێڕ زیاتر نەبێت. لە کۆتاییشدا دەگات بە دەرئەنجامێک. گرافەکەی خوارەوە روونتر مەبەستەکە و هەنگاوەکان دەگەیەنێت:

گرافەکە دەریدەخات کە نوسین بە پێشەکیی دەست پێ دەکات، دواتر ناوەرۆک بەیان دەکات، پاشان دەگات بە کۆتایی.

مۆدێلێکی تر هەیە کە بە پەیژەی پوختەکردنەوە (Ladder of Abstraction) ناسراوە. بەپێی ئەم مۆدێلە، نوسەر بە ئەبستراکتێک (پوختەیەک) دەست پێ دەکات. ئەم پوختەیە دەکرێت (100-200( وشەیەک بێت و پوختەی ئایدیاکە دەخاتەڕوو. ئەمە زیاتر لە توێژینەوە و کتێبدا پەیڕەو دەکرێت. لە وتاردا، دەکرێت ئەمە پێشەکیی بێت.

واتە نوسەر بیرۆکەکەی پوخت دەکاتەوە و بەرچاوی روونە: ئامانجی چییە؟ پرسیارەکانی چین؟ بە چی میتۆدێک کاردەکات؟ بە چی دەرئەنجامێک گەیشتووە؟ بەمەش بەرچاوی خوێنەرەکانی روون دەکاتەوە و ئەوانیش دەزانن ئەم نوسینە کراسێکە بە بەری ئەوان دەکات یان نا، بیخوێننەوە یان نا؟ لە نوسینی پەیپەر و توێژینەوەدا، گرفتەکان بە روونی و راستەوخۆ دەخرێنەڕوو، بەڵام لە نوسینی وتاردا دەشێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە گرفتەکە بدەیت. لە هەموو حاڵێکدا، نوسین دەبێت لە گرفتێک بکۆڵێتەوە، بیرۆکە لە بارەیەوە بەرهەمبهێنێت، رێچکەیەکی هەبێت، نوسینی تر داخڵ بە نوسینەکەی بکات و وەربگێڕێت بۆ زمانی نوسینی خۆی و تەوزیفی بکاتەوە.

هەو بەو شێوەیە تا دەگات بە کۆتایی نوسینەکە کە کۆنکریتییانە باسەکەی دادەخات، نەک خوێنەر نەزانێت نوسەر چی ویست و رای چییە. کۆنکریتبوون مانای ئەوەی لەوێدا یەک رای روون و رەوان جێ دەهێڵیت.

دووەم/ پسپۆڕیی لە بوارێکدا

نوسەربوون پێویستی بەوەشە مێشک و هزرت بە دەیان شوێندا بڵاو نەبێتەوە، بەڵکو بوارێک یان دووان بگرە و لەو بوارەدا بنوسە. بۆ نمونە، لە بواری ئابوورییدا ئابووریی ماکرۆ هەیە و ئابووریی گەشەسەندن هەیە و ئابووریی مایکرۆش هەیە. زۆری تریش هەن. باشترە لە بوارێکدا پسپۆڕ بیت (تەخەسوس بکەیت) و بەو بوارە بناسرێتەوە. تەخەسوس واتای وازهێنان لە بوارەکانی تر بۆ خەڵکی تر (بیرۆکەی قوربانیدانەکەت لە بیر بێت!). لە پاش چەند ساڵێک، هێندە کارت لەسەر ئەو بوارە کردووە کونوکەلەبەریت کەشف کردووە. زۆر بە باشتر لەسەری دەنوسیت و قسە دەکەیت، رەخنە لە دەزگاکانی کۆمەڵگە دەگریت و پێشنیاریان بۆ دەکەیت، بۆچونەکانت کاریگەرتر دەبن. وەک ئادەم سمیث فێری کردووین: پراکتیک..پراکتیک…پراکتیک…تا تەواو دەستت پێی رادێت و فێر دەبیت. لەبەر ئەمەشە لە خاڵی خوارتر بۆم نوسیویت: تکایە پشوو درێژ بە. ئینجا دەکرێت لینکی ئەم بوارە بە بوارەکانی ترەوە بکەیت. بۆ نمونە، لە وتارێکتدا ئابووریی و دەروونناسیی پێکەوە گرێ بدەیتەوە.

سێیەم/ ماددەی خام و کوالتی بەرهەم

دایکمان کاتێک ماست دروست دەکات چی دەکات؟ هەوێن دروست دەکات و شەوێک وازی لێ دەهێنێت. ئەی ئایا ئەگەر هەنجیرێک لێ بکەیتەوە بەر لە وادەی پێگەیشتنی، تامی چییە؟ زۆر ناخۆشە و لە هەندێک ناوچە پێی دەڵێن (هەنجیری تەقلە). نوسینیش وایە، نابێت بەر لە وادەی خۆی بڵاوبکرێتەوە. پێشتر وتم دەبێت چی بکەیت (واتە دەبێت کەمێک لێی دوورکەویتەوە و سەیری نەکەیت دوای دوا رەشنوی نوسینەکەت)، بەڵام ئێستا پێت دەڵێم: مێشک وەک کارگەیەک وایە. کارگە بۆ ئەوەی ئیش بکات و بەرهەمی هەبێت، دەبێت ماددەی خام بەریت و لەوێش کرێکار هەیە و شتی لێ دروست دەکەن و پاش ماوەیەک (هەندێک جار ساڵ زیاتری پێ دەچێت) کاڵاکانمان بۆ دەنێرن. واتە مدخلات و مخرجات هەن، شتێک دەچێتە ژوورەوە و کاڵایەک دێتە دەرەوە. سێ شت لێرەدا گرنگن. یەکەم، دەبێت ماددە خامەکە باش بێت، واتە لێرەدا دەبێت ئەو بابەتانەی دەیخوێنیتەوە تا بتوانیت شتی کوالتی بن چونکە بەرچاوت روونتر دەکەنەوە. خوێندنەوە هەوێنی نوسینە و وەک ئەوەیە باخێکت هەبێت و بەردەوام ئاوی پێویستی بدەیت، ئەویش بە سەوزیی دەمێنێتەوە. بۆ وتارێکی دیاریکراو، دەبێت داتا و نوسینی پەیوەندیدار بە بابەتەکەت کۆبکەیتەوە و بیانخوێنیتەوە، بەڵام بە گشتی خوێندنەوە ئیشی رۆژانە یان هەفتانەیە لای کەم. پێچەوانەکەی چییە؟ باخی بیرکردنەوەت وشک دەکات. دووەم، کرێکارەکە خۆتیت و بوار بدە خوێندنەوە خەیاڵەکەت فراوان بکات، واتە خۆراک دەدەیت بە خەیاڵت. خوێندنەوەی نوسین، گوێگرتن لە ڤیدیۆ و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکەت بەبێ ئەوەی ئایدیاکەت کەشف بکەیت و لێت بدزن، زۆر باشە بۆ تروکاندنی خەیاڵ. ئیدی رۆژێک خۆی خەیاڵەکە دەتروکێت و نوسینێکی جوان دێتە دەرەوە. ئەم پرۆسەیە تواناداریت برەو پێ دەدات. سێیەم، ئینجا سەرەی ئەوەیە کاڵاکەت رەوانەی بازاڕ بکەیت و هەوڵبدەیت بیدەیت بە دەستی کەسێک (لایەنێک)ی باش و ریکلامی بۆ بکەیت بەپێی توانای خۆت.

چوارەم/ مەهارەتی خۆت گەشە پێ بدە

گرنگە زاڵ بیت بەسەر زمانی نوسینەکەتدا، ئەگەر بە کوردیی دەنوسیت، دەبێت هەگبەی وشە و رستەت دەوڵەمەند بێت و گوزارشت و وشەکان دووبارە نەکەیتەوە. ئامرازی پەیوەندیی وەک (کە) و (لە) و (ئەم و ئەو) و ئەو شتانە زۆر بەکارنەهێنیت، هتد. رێنوسی نوسینەکەش با یەکگرتوو بێت. بۆ نموونە، کە وشەیەک دوو (و) بەکارهێنا، ئیدی لە شوێنێکی تری نوسینەکەدا هەر بە دوو (و) بینوسە. ئەگەر دوو (ی) بوو، هەر بە دوو (ی) بینوسەرەوە و هەر بەو چەشنە بۆ شتەکانی تریش. زمانی بیناییش گرنگە. زمانی ئینگلیزیی زۆر دەوڵەمەندە و زۆر هاوکارت دەبێت لە فێرکردنی نوسین و فراوانکردنی بیر و هزرت. دەیان پرسیارت هەن و پێشتر کاریان لەسەر کراوە و وەڵام دراونەتەوە، بەڵام پێت ناگەن بەو هۆیەوە تۆ زمانی بیانی(ئینگلیزیی) نازانیت. فێربوونی عەرەبیی و فارسیی و تورکییش زۆر گرنگن بەتایبەت بۆ مرۆڤێک لەم ناوچەیەدا بژی. ئەکرێ؟ بەڵێ ئەکرێ، تەنها کارکردن و سەبری دەوێت. باوەڕم پێبکە ئەکرێت بەتایبەت ئەگەر تۆ هێشتا زۆر گەنجیت. خۆت خەسار مەکە بە شتی پڕوپوچەوە، بزانە دەکرێت یان نا؟ ئینجا شارەزایی لە رێنوسی زمان زۆر زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی رێنوسەکەت باشتر بکەیت، چاودێریی نوسینی نوسەرانی تر بکە. کاتێک نوسینێکی باش دەخوێنیتەوە، بزانە چۆن خاڵبەندیی کردووە و چۆن رێنوسی بەکارهێناوە.

پێنجەم/ باوەڕبوون بە نوسین

قەناعەتت بە ئیشەکەت هەبێ. خۆشەویستیی بۆ ئیشەکەت زۆر گرنگە. رەنگە لە کێبڕکێی پارەدا دواکەوتبیت، بەڵام نوسین پارەشت بۆ ئەهێنێت ئەگەر کەمێکیش دوا بکەویت. گرنگ ئەوەیە باوەڕت بە فێربوون هەبێت. چی كێشەیەکی تێدایە سەرەتای ژیانت بە کەڵەکەکردنی سەرمایەی مرۆیی دەست پێ بکەیت؟ لە راستییدا، فێربوون دەبێت بە درێژایی ژیانت هاوڕێت بێت و هیچ کەس و شتێک نابێت لێتوەرگرێتەوە. وەک ئەوەی مۆسیقاژەنێک بیت، کاتە بەتاڵەکانت دەتوانیت بە نوسین پڕ بکەیتەوە. من ناڵێم هەموو تەمەنت بە نوسین ببەخشە. راگرتنی هاوسەنگیی لەناو ئەو شتانەی تۆ حەزت لێیە یان کۆمەڵگە سەپاندویەتی کارێکی گرنگە. بەکورتیی، پاکبە لەگەڵ ئیشەکەت، پلەیجەریزم مەکە. ددانان بە هەڵەکانتدا و خۆپێشخستن و بە خۆداچوونەوە هەمیشە وادەکات بەردەوام بیت لە گەشەکردن.

شەشەم/ سەقامگیریی دەروونی

دنیای ئەمڕۆ سەر لە مرۆڤ دەشێوێنێت و پارچە پارچەت دەکات و ناهێڵێت بە ئاسانیی دوای حەز و ئارەزووەکانی خۆت بکەویت. رێت پێ دەگۆڕێت و زۆرجار وات لێ دەکات نوسینت لەلا شتێکی بە بەها نەبێت مەگەر پارەی باشی پێ پەیدا بکەیت. پێچەوانەی ئەمە دەتکات بە نوسەری باش. ئەگەر بتەوێت بە ئامانجێک بگەیت، دەبێت کۆنتڕۆڵی باری دەروونی خۆت بکەیت. بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی باری دەروونیت بکەیت و کەمێک سەقامگیرتر بیت و هەر رۆژەی شتێکت تیادا سەوز نەبێت و زوو وشک بکات، دەبێت لە چۆنێتی کارکردنی مێشک تێبگەیت. دەبێت لە هەستەکانت تێبگەیت. هەر ئەوەندەی زەحمەتە لە خۆت تێبگەیت (بۆ توڕەم؟ بۆ بێتاقەتم؟ بۆ دڵەڕاوکێم هەیە؟ بۆ خەریکە دەچمە سەر رێی خەڵکی تەقلیدیی؟ هتد)، ئیدی دەستبەرداری شتە سەرەکییەکانی ژیانت نابیت. واتە چەند هێڵێک دەکەیتەوە، بۆ نمونە هێڵی کارکردن و پارە پەیداکردن، هێڵی نوسین، هێڵی عەشق، یان وەرزشکردن، هتد، بەڵام هەر یەکەو بایەخی خۆی هەیە و ئەزانیت لە کوێدا کاتی پێ بدەیت. ئەمەش پشتیوانیی خاڵی پێشوو دەکات: مەترسە و نوسین دنیای تۆ داگیر ناکات.

حەوتەم/ دونیابینیی و دۆگما

قوتابخانە سەرەکییەکانی بوارەکەی خۆت بناسە. بەڵام هەوڵبە دۆگما نەبیت. دۆگمابوون نەخۆشکەوتنە و نەخۆشییش بڵاودەکەیتەوە. ئەمەش مانای ئەوەی خوێندنەوە گرنگە. بەردەوام دەبێت خۆت فێر بکەیتەوە و خۆت لە راسیزم، فاشیزم، شۆڤێنیزم،سێکسیزم، ئەنتی سێمیتیزم و هاوشێوەکانیان بپارێزیت و بڵاویان نەکەیتەوە. دەنا ئەوەی سەر بە قوتابخانەیەکی زانستیی بیت بەو مەرجەی رێزی قوتابخانە نەیارەکانت بگریت، کارێکی زۆر ئاساییە. لە بیرت بێت: رەخنەیان لێ بگرە، بەڵام زانستی باش هەمیشە جێی رێزلێگرتنە. زانستی باشیش تەنها قوتابخانەکەی تۆ بەرهەمی نەهێناوە.

هەشتەم/ پشوودرێژیی

چاوەڕێ مەکە کە دەمودەست پاداشت بکرێیتەوە. فەللاحانە ئیش بکە. فەللاح زۆر جار وەک وشەیەکی نزم بەکاردەهێنرێت. لە راستییدا، فەللاح کەسێکی تێکۆشەرە، لە بەردەم هەڕەشەی کەش و هەوادایە و ناوەستێت لەوەی بەرووبوومەکەی بپارێزێت. هەندێک لە بەرووبوومەکەی رەنگە بفەوتێن، بەڵام چاوەڕێ دەکات، سەبر دەگرێت، وەرزێک خەریکی چاندنە و وەرزێکی تر دەچنێتەوە. کۆمەڵگەکەت ژەهراوییە بە دەیان شت، لەوانە گەندەڵیی کە رێگای سەرکەوتن کورت دەکاتەوە. کۆمەڵگەیەکت هەیە خەڵکی کارامە دڵشکاو و بێنرخ دەکات. کۆمەڵگەیەکت هەیە تاک و ئازادیی قبوڵ ناکات. ئەمە پێی دەڵێن (ژەهرەکانی کۆمەڵگە) یان (کۆمەڵگەی ژەهراویی). ئەم ژەهرە دێتە من و تۆشەوە و زۆرجار دەمانڕوخێنێت. زۆرجار بە خۆت دەڵێیت (چەند گەمژەم، بۆ بنوسم؟ بۆ کێ بنوسم؟ دە توخوا کۆمپویتەرەکەت داخە و بڕۆ نانێک پەیدا بکە). ئۆکەی. نانپەیداکردن بەشێکە لە ژیان. بەڵام کاری مرۆڤی ئازاد ئەوەیە دژ بەو ژەهراویبوونە بوەستێتەوە و یارمەتی ئەو مرۆڤانە بدات کە وەک خۆی بەختیان نەبووە مێشکیان لە ژەهرەکە پاک بکەنەوە. هاوکات، دڵنیابە لەوەی بە راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ نوسین پارەت بۆ دەهێنێت. چۆن؟ بە ناڕاستەوخۆ ئەوەیە کە دونیابینیی و تواناکانی تۆ بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت دەگەن بە خاوەنکاران (لە حکومەت بن، کەرتی تایبەت بن، یان حزب) و رۆژێک دێت بانگت دەکەن بۆ کارکردن. کێ ناڵێت زۆر خێرا ناچیتە کەناڵێکی راگەیاندن (بۆ نمونە)؟ سی ڤی خۆت دەوڵەمەند دەکەیت و دەرفەتی نوێ دەکەیتەوە. بە راستەوخۆش دەشێت داوای کار و چالاکیت لێ بکرێت و پارەت پێ بدرێت. لە شتێکی تریشدا پشوودرێژبە. نوسین بواری زۆرە (توێژینەوە، کتێب، وتاری کورتی ئەکادیمی، وتاری کورتی رۆژنامەوانیی، وتاری کورت لە بواری جیادا، هتد). جارێ وتار لە بواری جیاوازدا فێربە و کۆنتڕۆڵی بکە، ئینجا بچۆ بۆ بواری دیکەی وەک توێژینەوە و کتێب.

نۆیەم/ وەرگرتنی فیدباک

دوای ئەوەی نوسینەکەت ئامادە بوو (هەموو قۆناغەکانی بڕی)، ئینجا باشترە هاوڕێیەکت بیبینێت. یان ئەو شوێنەی بۆی دەنێریت بیخوێننەوە و فیلتەری بکەن. ئەو تێبینییانەی بۆت دێتەوە، دەبێت بە هەند وەریانبگریت. نابێت هەستی خۆبەزلزانین زاڵ بێت بەسەرتدا و پێت قبوڵ نەکرێت کە نوسینەکانت رەخنەیان لێ بگیرێت. تەنانەت دوای بڵاوبوونەوەش بە دڵێکی فراوانەوە رەخنەکان قبوڵ بکە و سودیان لێ ببینە، ئەوەی بە دڵت نەبوو یان هەڵە بوو، ئەکرێ بە زمانێکی شیرین (ئاساییە هەندێک جاریش کەمێک توڕە!) وەڵام بدەیتەوە، یان ئیهمالی بکەیت.

ئەمانەی سەرەوە نەخشە رێگەن و دەکرێت لێرە و لەوێدا جیاوازیمان هەبێت، یان کەموکورتیی هەبێت. سیستمی چێژبینینی تۆ لە نوسیندا دەکرێت جیا بێت لە من یان کەسێکی تر. ئەوەی ماوە و لەم نوسینەدا نییە وردە وردە خوێندنەوە و ئەزمونی نوسین و خۆدۆزینەوە فێرت دەکەن. تەنها ماوە دووبارەی بکەمەوە: مەترسە، ئیشەکە هەفتانە و مانگانە و ساڵانە دەچنە پێشەوە. بیرکەرەوە دوای دوو ساڵی تر چۆن دەبیت، نەک دوای دوو مانگی تر. بۆ خۆشت پیاسەی خۆش بکە و لە هاوڕێکانیشت کەم تا زۆر دامەبڕێ و وەرزش و کارکردنیش فەرامۆش مەکە. وەک وتمان، هاوسەنگیی کلیلەکەیە.

بەشکردن: