سەربەخۆیی ئابووریی لە خۆشەویستییەوە بۆ رق

سەردەشت حەسەن فەتاح

خوێندکاری قۆناغی سێیەم، بەشی ئابووریی، زانکۆی سلێمانی

خەیاڵی سەربەخۆبوون خەیاڵێکی دێرینی مرۆڤە. لە کوێدا باسی سەربەخۆبوون بکرێت مرۆڤ بەشێوەیەک دەوروژێت حەز بکات دوو گوێی تریش قەرز بکات و بیبیستێت، بەڵام خاڵییش نییە لە قۆڵبڕین. وەک چۆن ژنان یان گەنجان هەوڵی سەربەخۆبوونی داهات دەدەن و زۆرجار فریو دەدرێن، نەتەوەش ئارەزوو دەکات سەربەخۆبێت و لەم پرۆسەیەدا زۆرجار هەڵدەخەڵەتێنرێت، وەک ئەوەی لە دە ساڵی رابردوودا بانگەشەی سەربەخۆیی ئابووریی بەسەر خەڵکی هەرێمدا هێنای.

یەکەم شت کە دەبێت بیزانین ئەوەیە هیچ ئابوورییەک نییە لەسەر ئەم زەوییە سەربەخۆ لە ئابووریی جیهان بسوڕێتەوە، کاڵا و خزمەتگوزاریی بەرهەمبهێنێت و پێویستی بە هیچ وڵاتێک نەبێت. ئەگەر سەربەخۆیی ئابووریی بریتیی بێت لەوەی پشت بە خۆت ببەستیت، ئەوا وڵاتێک نییە لەم جیهانەدا توانیبێتی شتی لەو چەشنە بکات، بە ئێرانیشەوە کە تا رادەیەکی زۆر پشت بە خۆی دەبەستێت.

سەربەخۆیی ئابووریی دەستەواژەیەکە پتر پەیوەندیدارە بە پرۆژەی ناسیۆنالیستییەوە، واتە رەهەندێکی سیاسیی هەیە. دەوڵەتی عێراق کە لە 1970کاندا باسی سەربەخۆیی دەکرد، مەبەستی لەوە بوو نەوت خۆماڵیی بکات. راستییەکەی دەستەواژەی “خۆماڵییکردن”ی زیاتر بەکاردەهێنا و هەر ئەوەش راستترە لە “سەربەخۆیی”، ئەگەرچی کرۆکی بانگەشەکەی ئەوە بوو داهاتی عێراق بۆ خۆشگوزەرانیی عێراقییەکان دەبێت لە بری وڵاتانی رۆژئاوا. دواتریش بۆمان دەرکەوت داهاتەکە بۆ کوشتن و ناشتنی ملیۆنان عێراقیی بوو.

ئەزمونی ئێرانیش بەرچاوڕوونیی زیاترمان سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی ئابووریی پێ دەبەخشیت. وەک ئیڤالەیلا پێسارە (Evaleila Pesara) روونی کردۆتەوە، لە 1933دا، تەنها 20%ی قازانجی نەوت بۆ دەوڵەتی ئێرانیی بوو، ئەمەش لە بەرانبەر درێژکردنەوەی گرێبەستی نەوت هەتا 1961، واتە دەبوو زیاتر لە 30  ساڵ بخایەنێت. بزوتنەوەکەی محمەد موسەدەق لە سەرەتای 1950کاندا بۆ ئەوە بوو نەوت لە ژێر دەستی کۆمپانیا بەڕیتانییەکان دەرهێنێت. تەنانەت بە چەند ساڵێکی کەم دوای کۆدەتا بەسەر موسەدەقی سەرۆکی حکومەت بە دەستی سی ئای ئەی (CIA) و بە هاوکاریی بەڕیتانیا، هێشتا پشکی نزیکەی 50%یان بۆ خۆیان دەبرد. سەربەخۆبوون لای موسەدەق ئەوە بوو سامانی سروشتیی بە دەست ئێرانەوە بێت. بۆ کۆمۆنیستەکانی ئێرانیش هەر لەو سەردەمەدا، لەوانە حزبی تودە کە زۆر بەهێز بوون، سەربەخۆبوونی ئابووریی ئەوە بوو دەستی ئیمپریالیزمی رۆژئاوا لە ئێراندا ببڕن. ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستەکان چیی بوو؟ یەکێتیی سۆڤێت. لە کۆتاییەکانی ئێرانی سەردەمی پاشانشیندا (واتە کۆتایی 1970کان)، شۆڕشی ئیسلامیی هێڵێکی بەناو هەردوو باڵی بزوتنەوە ناسیۆنالیستییە لیبڕاڵەکەی محەمەد موسەدەق و پەهلەوی پاشای ئێران و پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا کێشا و بانگەشەی سەربەخۆیی ئابووریی دەکرد. مەبەستی بزووتنەوە ئیسلامییەکەی خومەینیی لە سەربەخۆیی ئابووریی چی بوو؟ ئەوە بوو نە لیبڕاڵ بن و نە سەر بە سۆڤێت یان رۆژئاوا بن، بەڵکو ئیسلام بەو شێوەیەی لێی تێدەگەیشتن بخەنە شوێنیان و بەرهەم و داهاتی سامانی سروشتیی ئێران بۆ ئێرانییەکان بێت، کە دواتر بەشی گەورەی ئەمەش لە جەنگی ئێران عێراقدا مەرگی ملیۆنان ئێرانیی لێکەوتەوە. جگە لەمەش، نە ئەو سەردەمە و نە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نەیانتوانی ئابووریی سەربەخۆ دروست بکەن. لەم نمونەیەوە سێ خاڵی گرنگ تێدەگەین. یەکەمیان ئەوەیە هیچ ئابوورییەک ناتوانێت سەربەخۆ بێت. سەربەخۆیی ئابووریی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها واتای ئەوە بوو سەربەخۆ لە حکومەتی عێراق داهات دروست بکەین. دووەمیش ئەوە بوو کە نەوت گرنگترین کاڵایە تا ئەم خەونە دێرینە بهێنێتەدی. کۆی هەردوو خاڵەکە ئەوەیە کە تاکلایەنە نەوت بفرۆشین. واتە پوختەی پرۆژەی سەربەخۆیی هیچی تر نەبوو جگە لە فرۆشتنی تاکلایەنەی نەوت.

سێیەمیان لە رێی ئەم خاڵەوە باس دەکەم. گوتاری سەربەخۆیی ئابووریی رەهەندێکی سیاسیی مێژوویی هەیە و زیرەکانە هەڵبژێردرا. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم کەوتبووە بەر رەخنەی توندی خەڵک لەوەی حکومەتێکە شکستی هێناوە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی و کەمکردنەوەی گەندەڵیی، دەبوو بە شتێکی نوێ بێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆ و ناوچەکە. ئەم ئیشە بەوە نەدەکرا باسی سەربەخۆیی سیاسیی بکرێتەوە. قۆناغی یاخیبوونی سیاسیی سەردەمی شاخ تازە کۆتایی هاتووە و نەدەکرا لە رێی راگەیاندنی جەنگ لەگەڵ عێراق ئەوە بوروژێنرێت کە ئێمەی کورد دەوڵەتی خۆمانمان دەوێت. تاکتیکێکی نوێ پێویست بوو کە بە چەمکێکی نوێ دەکرا ئەویش سەربەخۆیی ئابووریی بوو، گوایە ئەمجارە بەبێ خوێنڕشتن و دیموکراتییانە خۆمان دەسەپێنین بەسەر ناوچەکە و جیهاندا بەوەی نەوت دەفرۆشین و دەچینە سەر نەخشەی جیهان. بۆیە چالاکترین رێگە بۆ چوونەوە ناو دڵی خەڵک و خۆکردنەوە بە ژمارەی سیاسیی لە ناوچەکەدا وروژاندنەوەی پرسی سەربەخۆیی سیاسیی بوو لە رێی سەربەخۆیی ئابوورییەوە، لە کاتێکدا سەربەخۆییەکە هیچی تری لێ سەوز نەبوو جگە لە پاشکۆیەتیی بۆ تورکیا و پشتکردنە یارمەتیی بیانیی و پشتبەستن بە نەوت وەک دکتۆر بیلال وەهاب دەڵێت. لای کەم لە ئەزمونی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە دەبێت ئەوە تێگەیشتبین کە هاتنەدەرەوە لە ژێر چەپۆکی وڵاتێک زۆرجار پرۆژەیەی سیاسیی هێزێکی سیاسیی بووە تا لە رێی پاشکۆیەتی بۆ وڵاتێکی تر باشتر کۆمەک بکرێت و دەسەڵاتی بپارێزرێت.

هەنگاوی سەربەخۆیی ئابووریی پێویستیشی بەوە هەبوو کە دەرگای بازرگانیی بە رووی وەبەرهێنی بیانییدا بکرێتەوە گوایە هەبوونی وەبەرهێنی بیانیی لە هەرێمدا وادەکات دەوڵەتە بەهێزەکان راکێشین و بچینە دڵیانەوە. لەناویاندا، دەبوو کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت رابکێشرێتە هەرێمەوە بە هەر نرخێک بێت، وەک ئەوەی بە نرخێکی گران یاریزانێکی بیانیی بهێنیت یاریی بۆ تیمەکەت بکات تا لە نەیارەکەت ببەیتەوە. سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوێکی تریش ئەم پرۆژەیەی بردە پێشەوە دوای ئەوەی ریفراندۆمی لە ساڵی 2017دا راگەیاند. بەمانەش پشتی کردە بژاردەی دووبارە ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بەپێی دەستور و بەپێی بەرژەوەندیی هاوبەشیش.

بۆ کۆمەڵگەیەک لەناو وەهمدا ژیاوە و گەورە بووە، ئاسان توشی وەهم دەبێتەوە. تا رادەیەکی زۆر بەڵام بەشێوەیەکی کاتیی و زەرەری زۆر، سەرکردایەتیی کورد توانیی خەڵک توشی وەهمی سەربەخۆیی بکاتەوە. لەسەرەتادا هەرچەندە چەمکێکی ئاڵۆزی گرێدراو بەچەندان کێشە بوو، بەڵام بەهۆی وروژاندنی هەستی نەتەوایەتیی و وەک باسێکی شیرینی نێو میدیا خەڵک خۆشەویستییەکی ڕونی هەبوو بۆ سەربەخۆیی ئابوریی گوایە قۆناغی یەکەمی سەربەخۆیی تەواوەتییە. هەروەها کۆمەڵێک پەیمان و بەڵێن و لێکدانەوەی ئەندێشەئاسا خەڵکی هەرێمی خستەسەر رێی خۆشەویستی بۆ سەربەخۆیی ئابووریی. هەرخێزانێکی کورد بەپێی لێکدانەوە و شیکارییەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەند جار بەرانبەر داهاتی زیاد دەبوو، وەبەرهێنان دەگەشتە لوتکە و بەرهەمهێنانی خۆماڵیی دەگەیشتە ئاستی خۆبژێویی و داهاتی تاک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، لەئاکامدا ژیانێکی ئاسودەتر دەژین. هاوشانی ئارامی ئەمنی، ئارامییەکی ئابوریی ڕەهامان دەبێت. ئەمانە و هەزاران هۆکاری تر وای لە تاکی کورد و لایەنەکان بەگشتی کرد عاشق بە سەربەخۆیی ئابوریی ببن.  بەڵام سەربەخۆییە ئابوورییەکە وەک سەربەخۆییە سیاسییەکەی سەردەمی شاخ دڵی خەڵکی ورد کرد.

سەربەخۆیی ئابووریی لە هەرێم نەک نەیتوانی ئابووریی کوردستان بەهێز بکات و  ژێرخانی ئابووریی پتەو بنیاد بنێت، بەڵکو ئابوری کوردستانی لاواز تر کرد. ئێمە دەزانین تێچووی سەربەخۆیی سیاسیی تا سەرەتای 1990کان بریتیی بوو لە قوربانیدان بە رۆحی سەدان هەزار کەس بەبێ ئەوەی شتێک دروست ببێت بەناوی سەربەخۆیی سیاسیی، بەڵام بەداخەوە داتایەکی ورد نییە بیدۆزینەوە تێچووی سەربەخۆیی ئابووریی چەند بوو. بۆ سەردەمی ئەمڕۆ (واتە دوای 2005 تا ئەمڕۆ) هەندێک رێگەمان لەبەردەستە ئەم تێچوونە بخەمڵێنین یان شیکاری بکەین.

یەکەم تێچووی سەربەخۆیی ئابووریی بریتییە لەو موچانەی فەرمانبەران لە دەستیاندا. بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی درەو میدیا، تەواوی بەرزە موچەی نەدراوی موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم نزیکەی 5.996 تریلیۆن دینارە لە نێوان 2015 بۆ 2023. جارێ هەر ئەم تێچووەی سەربەخۆیی ئابووریی دەکاتە نزیکەی 4 ملیارد دۆلار بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بە دینار. جگە لەمانەش، نزیکەی 21.614 ترلیۆن دینار موچەی نەدراوی موچەخۆرانی حکومەتە. بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بە دینار، دەکاتە نزیکەی 14.703 ملیارد دۆلار. هەردووکی کۆبکەینەوە، شتێك کەمتر لە 19 ملیارد دۆلار تێچووی سەربەخۆیی ئابووریی بووە تەنها لەسەر موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

تاکە زیانی سەربەخۆیی ئەوە نەبوو، بەڵکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی برد بۆ پاشەکەوتی تاک و خێزانەکان و وەبەرهێنەران. ئایا پاشەکەوتی خەڵک و وەبەرهێنەران بخەینە سەر تێچووی سەرەوە چەند زیاد دەکات؟ زۆر، بەڵام بەداخەوە ئەو داتایەم دەست نەکەوت. ئەوەی روونە، قەرزەکانی حکومەتی هەرێم زیاتر لە 31 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەشێکی گەورەیشی دوای پرۆژەی سەربەخۆیی کەڵەکە بوو. تەنانەت ئەگەر موچەش بچێتەوە شوێنی خۆی و پاشەکەوت و سەرمایەی خوراوی وەبەرهێنەران بگەڕێنرێتەوە، هێشتا بەم زووانە ئابووریی هەرێم ناچێتەوە پێش دۆخی بەر لە سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت (بە قاچاخ!)، چونکە تازە متمانەکە رۆشت و ئاسان ناگەڕێتەوە. هەر لەسەر بنەمای پەیمانەکانی سەربەخۆیی (لە فرۆشتنی نەوت بە قاچاخ) خێزانەکان مەسڕەفێکی زۆریان کرد و ئێستا قەرزارن. ئەو موچەیەی ئێستا دەدرێت بەشی زۆری دەچێتەوە بۆ قەرز و بەمەش بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کاڵا چالاک نابێتەوە، کە رۆڵ دەبینێت لەوەی بێکاریی کەم نەبێتەوە بەڵکو زیاد بکات.

کەڵەکەبوونی قەرزی حکومەت خۆی وەبەرهێنەران دەترسێنێت لەوەی مامەڵەی لەگەڵ بکەن و سەرمایەگوزاریی بکەن، چونکە وەبەرهێن نایەوێت سەرمایەکەی بخاتە ژێردەستی کەسێک یان لایەنێکی قەرزکوێرەوە. ئەمەش سەرچاوەیەکی زیادبوونی رێژەی بێکاریی و دابەزینێکی لە رادەبەدەری موچەی کارمەند دەبێت. ئێستا با بپرسین تێچووی سەربەخۆییەکەتان دەگاتە چەند لەسەر خەڵک ئەگەر خاوبوونەوەی گەشەی ئابوورییشی بخەینەسەر (واتە کەمبوونەوەی داهاتی هەرێمەکەمان)؟ زۆر دەکات، زۆر. بەداخیشەوە دەزگایەک نەبووە کار لەسەر خەمڵاندنی ئەم داتایانە بکات. سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوت (بە قاچاخ!) وایکرد لەڕێگای گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتەوە خێر و بەرەکەتی فرۆشتنی نەوت بخاتە ژێر دەستی وڵاتی تورکیا، وەک چۆن پاشای ئێران لەگەڵ بەڕیتانییەکانی کرد.

جگە لەمانەش، ئاستی کرێی کرێکار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیەوە. ئەمڕۆ وای لێ هاتووە ئەندازیارێک ئامادە بێت بە 500-600  هەزار دینار ئیشێک بکات کە رەنگە هەر پەیوەندیی بە بوارەکەی خۆیەوە نەبێت. باشە بە چەند ساڵ پارەی خەرجکراو لەسەر خوێندنەکەی دەردەهێنێتەوە؟ ئەگەر خوێندکاری قوتابخانە و زانکۆی ئەهلیی بووبێت، زۆری کات پێویستە تەنها بۆ ئەوەی مەسڕەفەکەی دەستکەوێتەوە. ئەوەش روونە کە کارمەندان و کرێکاران خراپترین ژینگەی کاریان هەیە و کەمیی دەرفەتی کار وایکردووە قبوڵی هەر ژینگەیەکی نالەباری کارکردن بکەن لە کەرتی حکومەت بێت، یان حزب، یان تایبەت (لێیان توڕە دەبن، دەیانشکێنن، دەیانگوازنەوە، هتد)، کە بە رۆڵی خۆی کارامەییان دادەبەزێنێت.

لە ئاکامدا، کێبڕکێی سیاسیی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراقییدا وایکرد هەرێم لاواز و عێراق بەهێزتر بکات، ئەوان بکەونە خۆیان و دەیان رێنمایی بەسەر هەرێمدا بسەپێنن بە رادەیەک دەتوانن هەر رۆژەی بیانوویەک بگرن بۆ ئەوەی موچە لە بەغدادەوە نەیەت. حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئەم جارەش بە تیمێکی لاوازی فاوڵچیی و راهێنەرێکی کاڵفامەوە خولێکی تری بەرانبەر دەوڵەتی عێراق دۆڕاند دوای ئەوەی دەیان کارتی زەردی وەرگرت. ئەمڕۆ دەبێت دوعا بکەین کارتی سور بە حکومەتی هەرێم نەدرێت و بە یەکجاریی لە خولی سیاسیی دەرنەکرێت.

ئەمانە وایان کرد خۆشەویستیی بەرامبەر سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق وردە وردە بگۆڕێت بۆ ڕقێکی ئەستور و بە مەمنونیی بچینەوە باوەشی عێراق ئەگەر دەیان یاریی تریشمان پێ بکەن. ڕق بەشێوەیەک باڵی کێشاوە بەسەر سەربەخۆییدا کاتێک دادگای فیدراڵیی هەناردەی نەوتی راگرت و دەرزییەکی کرد بە میزەڵانی سەربەخۆیی ئابوورییدا، خەڵکی شاد بوون.

وەک چۆن لە دوای هەرەسی کۆماری کوردستانەکەی قازی محەمەدەوە ئیدی پرۆژەی سیاسیی کورد لە ئێراندا جارێکی تر نەیوێرا داوای سەربەخۆیی بکاتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش پرۆژەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بە شێوەیەک پاشەکشەی کرد کە رەنگە دەیان ساڵی تری بوێت تا سەرکردەیەکی تری کورد بانگەوازی بۆ بکاتەوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، لێکەوتەکان هەمووی رەش نین، سپیشی تێدایە. ئەگەر هیچمان دەست نەکەوتبێت، ئەمجارە لەوەدا قازانجمان کرد سەقفی خانووە شڕەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی هەڵدرایەوە و دنیایەک بندیوار دەرکەوتن کە چیتر رێیان نییە بە کەیفی خۆیان موچەی خەڵک بخۆن، زیانەکەشمان ماددییە نەک مرۆیی و لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە هیوایەک دروست بووە کە ئیدی ئاسان ناکەوینە داوی وەهمی وشەی “سەربەخۆیی”ەوە.

  سەرچاوەکان:

  • https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12978
  • Evaleila Pesara, Iran’s Struggle for Economic Independence: Reform and counter-reform in the post-revolutionary er,  The Routledge Political Economy of the Middle East and North Africa Series, 2011.
  • Bilal Wahab, The Rise and Fall of Kurdish Power in Iraq, Spring 2023:

https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/rise-and-fall-kurdish-power-iraq

تێبینی:

کوردستان تایمز فەندێکی لە رێکخراوی رۆزا لۆگزمبۆرگ لە ئەڵمانیا وەرگرت. بەشێکی فەندەکەی بۆ راهێنانی نوسین تەرخانکرد. بۆ ئەم مەبەستە پێنج خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی هەڵبژارد. خوێندکارەکان لەلایەن سێ مامۆستای زانکۆ و سەرۆک بەشەوە لە هەر سێ بەشی (ئابووریی، سینەما، فەلسەفە) پێشنیار کرابوون. وتارەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر نیاز نەجمەدیندا نوسراون. هاوکات لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئینگلیزییشدا هاوکاریان بووە. لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیاندا و بە شێوەی تیم، خوێندکاران ناونیشانی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە. پاشان رەشنوسی یەکەمیان ناردووە بۆ د.نیاز بۆ پێداچوونەوە. یەکێک لە کارەکان ئەوە بووە کە سەرپەرشتیار چەند پاراگرافێکی شوێنگۆڕکێ کردووە و خوێندکارەکە دەبوو بیانخاتەوە شوێنی خۆی. لە رەشنوسی دووەمدا رەچاوی تێبینییەکانی رەشنوسی یەکەم کراوە و نێردراوەتەوە بۆ د.نیاز بۆ دواپیاداچوونەوە. پێشکەشکردنی وتارەکانیان وەک سیمینار و بە ئۆنلاین لەگەڵ تیمەکەیاندا بەشێکی تری ۆرکشۆپەکان بووە. هەر لە میانەی ۆرکشۆپەکەدا، “رێبەری نوسین” خرایە بەردەستیان تا باشتر بزانن وتارەکانیان بنوسن. لە کۆتاییشدا تیمی کوردستان تایمز بە وتارەکاندا چۆتەوە.

 

تاگەکانئابووری
بەشکردن: