سینەما وەک کەرەستەی پڕوپاگەندە و ئاکتی سیاسیی  

ئایار حەسەن ئەحمەد

*لەدایکبووی شاری ڕانیە و خوێندکاری بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی. 

سینەما شمشێرێکی دوو سەرە، بۆ رژێمی سیاسیی شتێکە و بۆ سینەماکاری راستەقینە شتێکی ترە. سینەما چەندێک ئەگەری ئەوەی هەیە وەک دەسکەلای پیاوانی رژێمێکی سیاسیی داخراو لە دژی کۆمەڵگە بەکاربهێنرێت و شمشێرێکی نوکتیژی پڕوپاگەندەکردنی بەهێزی رژێمەکەیان بێت، هێندەش نوکێکی تیژی تری هەیە و دەستی داهێنەران بەکاریدەهێنن تا دەسەڵاتی رژێمی سیاسیی بەرتەسک بکەنەوە و ئازادیی فراوان بکەن. ئەگەر باوەڕمان بەوە هێنا کە سینەما دەتوانێت شمشێری داهێنان و ئاکتی سیاسیی بێت، ئەوا رەنگە ئاسانتر قۆناغی پاساوهێنانەوە بۆ نزمیی کوالتی فیلمەکانمان تێپەڕێنین.

ئێران ئەزمونێکی دەوڵەمەندە بەوەی سینەما چۆن وەک کەرەستەی پڕوپاگەندە بە دەست پیاوانی رژێمەوە بەکارهاتووە. لە کاتژمێر 8:21ی ئێوارەی 19ی ئابی 1978، نزیکەی 700 کەس بە دڵێکی خۆشەوە دەچنە سینەما رێکس لە عەببادان، غافڵ لەوەی چوار پیاوی دڵگەرم بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، زۆر نابات بەنزین بە هۆڵی سینەماکەوە دەکەن، دەرگایان لێ دادەخەن و ژیانی نزیکەی نیوەی بینەران (377 کەس) گڕ پێوەدەنێن. تا ئەو دەمە، سینەما وەک هونەرێک هێرشی تیرۆریستی لەو چەشنەی بەخۆوە نەدیبوو. هێرشەکە لەوە تێپەڕی وەک دیمەنی مەرگی زیاتر لە سێ سەد بینەری فیلم سەیر بکرێت، بەڵکو وەک پروپاگەندەیەک بۆ سەرەتای کەوتنی رژێمە مەلەکییەکەی ئێران و جێگرتنەوەی بە رژێمێکی ئیسلامیی بینرا. لەو بەروارە بەدواوە، بەرەی ناسراو بە شۆڕشی ئیسلامیی فراوانتر و فراوانتر بوو.

بەڵام ئایا ئەم پەلامارەی سینەما و هەنگاوەکانی تری شۆڕش (لێرەدا شۆڕشی ئیسلامیی) سینەمای پاشخست یان پێشخست؟ ئایا سینەما وەک کەرەستەی دەستی پیاوانی رژێم لە پڕوپاگەندەکردن بۆ رژێمە سیاسییەکە مایەوە یان سەرباری بەربەستە سیاسیی و داراییەکان هێشتا سینەماکاران بە کارە ناوازەکانیان بەشداربوون لەوەی سنور لەبەردەم هەیمەنەی دەسەڵاتی سیاسیی بەسەر کۆمەڵگەدا بکێشن؟

راوەستان لەسەر پرسی پەیوەندیی شۆڕش و سینەما بۆ ئێمەی کورد کارێکی گرنگە. سەبارەت بە ئێران و بۆ وەڵامی پرسیارەکە، هەندێک رایان وایە شۆڕش هونەری ئێرانیی لە هەژمونی رۆژئاوا رزگار کرد و لێرە بەدواوە فیلم بە تۆنێکی ئێرانیی بەرهەمهات. بەڵام لای هەندێکی تر پێچەوانەکەی راستە. لەم بارەیەوە شیڤا رەهبەران دەنوسێت: “لەلای ریفۆرمیستە ئیسلامییەکان، سینەما کەرەستەی دژە شۆڕش بوو، بۆیە دەبوو ماتریاڵەکانی بسوتێنرێن”.

بۆ ئێرانێک کە چوار ساڵ بەر لە دۆزینەوەی نەوت لە 1908دا هۆڵی سینەمای دروست کردووە، نەدەکرا تا سەر پەلاماری سینەما و فیلمسازان بدرێت. بەو پێیەی سینەما و سینەماکارانیش هەن و سرەوتیان نییە و کار دەکەن، دەبوو ئەم دەزگایە و پیشەکارانی بخرێنەگەڕ و وەک دەسکەلا بۆ پڕوپاگەندەکردن بۆ رژێمە سیاسییەکە بمێننەوە و رۆڵیان هەبێت، لەناویشیاندا کاریگەرترین شتێک لای پیاوانی دەوڵەت دژایەتیکردنی رۆژئاوا و جوانکردنی رژێمە ئیسلامییەکەی خومەینیی بوو. فیلم تەنها کەرەستەی جەنگی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ رۆژئاوا نەبوو، بەڵکو دەبوو کەرەستەی پڕوپاگەندەی جەنگی راستەوخۆی خوێناوییش بێت. تەواوی مەکینەی هونەریی، بەتایبەت فیلمی دۆکومێنتاریی، لە ئێراندا فوویان بە جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق دەکرد و پاڵەوانی خەیاڵییان دروست دەکرد و دەیان خستە مێشکی سەربازە ئێرانییەکانەوە. دۆکومێنتاریی “چیرۆکەکانی سەرکەوتن” (ریوایاتی فەتح)ی موڕتەززا ئەوینیی (Morteza Avini) یەکێکە لە بەڵگەکان کە بە درێژایی جەنگەکە پەخش دەکرا.

ئەگەر لە 7-8 ساڵی یەکەمی دامەزراندنی رژێمە سیاسییەکەی خومەینیی سینەما لە ئێراندا پاشەکشەی کرد، ئەوا دواتر وەک تاڤگەی ئاوێکی سازگار بە خوڕ دەرکەوتەوە و پەرژینی دڕکاویی دەسەڵاتی سیاسیی تێکشکاند. بەڵام ئەمجارە سینەماکاران دەیانەوێ بە ئاستێکی بەرزتر دەرکەونەوە، رژێمیش دەیەوێت مەرامەکانی خۆی لەم هەنگاوە نوێیەدا بهێنێتەدی. مەرگی کاریزمای سیاسیی هەمیشە بۆشاییەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەر میللەتێک بە شتێک یان زیاتر هەوڵی پڕکردنەوەی دەدا. مەرگی خومەینییش لە 1989دا بۆشاییەک دروست دەکات کە سینەما یەکێک بوو لەو شتانەی بۆ پڕکردنەوەی بەکارهێنرا. سینەما لێرەدا هەناسەیەک دەدات و دەبوژێتەوە. وەک رەهبەران باسی دەکات، ماڵی سینەما کە لە1989  دامەزرا یەکێک بوو لەو دامەزراوانەی فەند کرا و دەستی بە کارکردن کرد. ئەم دامەزراوەیە زۆر زوو بوو بە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی سینەماکاران و گۆڕینەوەی بیروڕا و کارکردن لەپێناوی پێشخستنی سینەمادا.

ئێران وەک چۆن لە هەوڵی ئەوەدا بووە ئوتومبێلی خۆماڵیی بەرهەمبهێنێت تا شوێنی هاوردەی ئوتومبێل بگرێتەوە، هەمان مامەڵەشی لەگەڵ فیلم کرد. قۆناغی دواتر دەبوو فیلم هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات. لە فیستیڤاڵی کانی 1997دا فیلمی Taste of Cherry کیارۆستەمیی خەڵاتی پالمێ دور دەباتەوە. لە 2011شدا فیلمی جیابوونەوە (A Separation)ی فەرهادیی خەڵاتی کان بۆ باشترین فیلمی بیانیی دەباتەوە. سینەمای ئێرانیی ئەمڕۆ لە ئاستێکدایە رەخنەگرێکی سینەمایی گەورەی وەک فیلیپ لۆپەیت (Philip Lopate) لە شوێنێکدا (بڕوانە کتێبی لە ئێرانەوە بۆ هوڵیود) بڵێت: ئێمە لە سەردەمی کیارۆستەمییدا دەژین وەک چۆن جارێک لە جاران لە سەردەمی گۆدارددا ژیاین (مەبەستی لە گۆداردی سینەماکاری گەورەی فەڕەنسییە کە لە ١٩٦٠ەکاندا هەژمونی بەسەر سینەمای فەڕەنسییدا کردبوو).

ڕەخنەگری بەناوبانگ ‘ڕۆجەر ئێبێرت’ دەڵێت: “سینەمای ئێرانی یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین سینەماکانی جیهان، بەهۆی ئەو مێژووە دوورودرێژەی کە چەندین ساڵ درێژدەبێتەوە، تێڕوانینێکی جیاواز و گرنگ دەبەخشێت لەسەر بارودۆخە مرۆییەکان و دەبێت بە سەرچاوەیەک کە وا لە دەنگی چینە کەمینەکان دەکات ببیسترێن”. سەرباری سانسۆر، سینەماکارانی گەورەی ئێران نەوەستان لەوەی کاری مەزن بکەن و بەبیانووی خراپیی گوزەران و ترسناکیی رژێمەکەوە کوالتیی فیلمەکانیان دانەگرت. بۆ ئەمەش قوربانیی گەورەیان داوە. بەهرام بەیزایی، بەهمەنی قوبادیی و موحسن مەخمەلباف ناچاری جێهێشتنی وڵات کران، عەباس کیاڕۆستەمی لەوەی لە ئێراندا فیلم دروست بکات وەستێنرا و جەعفەر پەناهیی دەستگیر کرا. رژێمە سیاسییەکە نەیتوانی کۆنتڕۆڵیان بکات و بیانسڕێتەوە و ئاراستەیان بگۆڕێت. بەپێچەوانەوە، ئەوان رژێمەکەیان ناچار کرد دەستوەردان لە هونەر کەم بکاتەوە. سەیرکردنی خێرای فیلمە باشەکانی ئێران پێمان دەڵێت ئەوەی لە پشت سەرکەوتنیانەوەیە بە پلەی یەکەم ئەو عەشقەیە بۆ سینەمایان هەیە، ئەو رۆحیەتەیە کە هیچ ستەمکارییەک نایوەستێنێت و هیچ گەندەڵییەک رێی پێ ناگۆڕێت. بێگومان گەشەی تەکنۆلۆجییش دەرفەتی زیاتریدا تا لە ژێر سەقفی نزمی سانسۆر بێنە دەرەوە.

چیتر پاساوهێنانەوە بەوەی دەوڵەتمان نییە یان مێژووی دوورودرێژی سینەمامان نییە، دادمان نادات. سینەما نەک تەنها کەرەستەیەکی هەمەڕەنگکردنی داهاتە لە وڵاتێکی نەوتییدا بەڵکو ئاکتێکی سیاسیی کاریگەرە لەسەر رای گشتیی ناوخۆ و جیهان ئەگەر بە ئاستێکی رۆشنبیریی بەرز و دوور لە سانسۆر مامەڵەی بکرێت. ئەمەش هەنگاوێکە بەر لە هەر کەس و سەرباری بەربەستەکان، ئەرکی ئەو سینەماکارانەیە کە بە خۆشەویستییەوە و بۆ گەیاندنی پەیامی مرۆیی بڵند سەرقاڵی کاری هونەریین.

“ئایا سینەمای ئێرانیی چی کاریگەرییەکەی هەیە لەسەر کەلتوری کورد و سینەمای کورد لە عێراقدا؟’  پرسیارێکی دیکەی گرنگە و هێندە بوار لەم وتارەدا بەدەستمەوە نەماوە تیشکێک بخەمەسەری. لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە بڵێم کە لێکئاڵانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و کاریگەرییان لەسەر یەکتر بابەتێکی تازە نییە و رێککەوتەی جوگرافیی و هەبوونی خاڵی هاوبەشی دیکە بوون بە هۆکاری سەرەکیی ئەم کاریگەرییانە. ئەگەر لە سەردەمی جەنگدا سینەما لە دژی یەکتر بەکاردەهات، ئەوا دوای کەوتنی رژێمە دیکتاتۆرییەکەی بەعس، ئێران دەرفەتێکی گەورەی دەستکەوت تا بازاڕەکانی هەرێم بە زۆر کاڵا و خزمەتگوزاریی پڕ بکاتەوە، لەناویشیاندا فیلم، لەم رێیەشەوە فشاری گەمارۆی سەر ئێران کەم بکاتەوە.

ئەوەی سینەما شمشێرێکی دوو سەرە تەنها تایبەت نییە بە ئێران. لە تەواوی دنیادا، سینەما دەزگایەکە پیشەکارە خاوەنبەهاکان بۆ شتێک بەکاریدەهێنن و پارێزەرانی رژێمی سیاسیی داخراویش بۆ شتێکی تر. زۆر بە کورتیی، بەبێ سینەما رێچکەی نازیزم لە ئەڵمانیادا جێی خۆی قایم نەدەکرد. فیلمی Triumph of the Will (1935) کە لەلایەن لێنی رایفێنستهاڵ دەرهێندراوە، هیتلەری وەک کەسێکی ڕزگارکەر داناوە و نازیزمی وەک پارتێکی یەکگرتوو و بەهێز وێناکردووە. سینەما لە یەکێتیی سۆڤێتی جاراندا کەرەستەی دەستی ستالین بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیزم. بۆ نمونە، فیلمی Battleship Potemkin (1925) کە لەلایەن سیرجی ئایزنیشتاین دەرهێنانی بۆ کراوە، جەختکردنەوەیە لەسەر چینایەتیی و ئازایەتیی کۆمۆنیستەکان. فیلم سانسۆرکراو بوو، دەبوو لەوە دەرنەچێت کەرەستەیەکی پڕوپاگەندە بێت بۆ باوەڕهێنان بە کۆمۆنیزمەکەی ستالین. هۆلیوود سەرباری سەرکەوتنەکانی، لەم رەوتەدا درێغی نەکردووە. هۆلیود لە سەردەمی جەنگی دووەمى جیهانیدا ماشێنێکی زەبەلاحی جەنگیی بوو. ئەوەندە بەسە یادتان بخەمەوە کە فیلمی Casablanca (1942)  و Mr. Miniver (1942) نمونەی فیلمەکانی ئەو سەردەمەن کە پڕوپاگەندەیان بۆ هاوپەیمانان دەکرد، بەشێوەیەکی ئەرێنیی و پاڵەوانانە تواناکانیان دەردەخستن. هاوشێوەی ئەوەش، کارەکتەرە ئانیمەیشنەکانی وەک: بەگس بەنی و دۆناڵد دەک، بەکاردەهاتن بۆ ئاگادارکردنەوەی بینەران دەربارەی جەنگ و هاندانیان بەرەو گیانی هاوکاریی و دابەشکردنی خۆراک و ئازووقە. بە دیوەکەی تریشدا، سینەمای رۆژئاوایی هەمیشە وەک ئاکتی سیاسیی و ئامرازی هۆشیارکردنەوە رۆڵی خۆی بینیوە. لەم بۆنەیەدا، پێویستە جەخت لەسەر فیلمی ‘Gone with the Wind’ (1939) بکەینەوە، لەبەرئەوەی هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کاریگەریی سینەمامان پێشاندەدات. ئەو فیلمە باس لە خۆشەویستی و چینایەتی و یەکگرتن و جیاوازی ڕەگەزیی دەکات لە سەردەمی شەڕی نێوخۆی ئەمریکا و ئەو ماتەمینییەی بەدوایدا هات دەگێڕێتەوە. ئەگەرچی لەلایەک خاوەنکۆیلەکانی ئەو سەردەمە مەدح دەکات، بەڵام ورد باسی ئەوەش دەکات چۆن دووبارە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان بە خۆدروستکردنەوە کرد.

لەبەر تیشکی ئەو گفتوگۆیەی سەرەوە، چەند خاڵێک سەبارەت بە هەرێم بە گرنگ دەزانم بیانخەمە بەرچاو. یەکەم، لە سەردەمی بەعسدا، بەتایبەت لە جەنگی ئێران-عێراقدا ئێمە بە فیلمی جەنگیی گۆشکراوین. لەوە دەرچێت، فیلمی هیندیی کوالتیی خراپ کە پڕ بوو لە کەلتوری توندوتیژیی و کەلتوری بەرهەمهێنانی پاڵەوان لە هەشتاکانی سەدەی پێشوودا لە هەر سێ سینەما “دڵشاد، سیروان، رەشید” لە سلێمانی بۆ نمونە پەخش دەکران. لە شاخیش کەم تا زۆر پێشمەرگە تیمی شانۆیی هەبوو کە پتر باسیان لە سەرکوتکاریی بەعس بەرامبەر کورد دەکردەوە و هانی پێشمەرگەیان پێ دەدا بەشداریی زیاتر لە شۆڕشدا بکەن.

ئەم قۆناغە تێپەڕیی و هەرێم ئازاد کرا. دوای قۆناغی شۆڕش (ئەگەر راست بێت ئەو وشەیە بەکاربهێنم!) هەموو شت دەبێت بخرێتەوە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە، لەناویشیاندا سینەما. ئەگەر هەتا ئەمڕۆ لە ئێراندا مشتومڕەکە لەسەر ئەوەیە ئایا شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سینەمای ئێرانیی دواخست یان پێشخست، ئەوا دەکرێت ئێمەش لە هەرێمی کوردستاندا بپرسین ئایا بزووتنەوەی رزگاریی کورد سینەمای پێشخست یان دواخست؟ من گومان دەکەم کە دووەمیان بێت. لە راستییدا، رژێمی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا نەک نەیتوانیوە سینەما وەک توخمێکی رۆشنبیریی لە پرۆسەی نەتەوەسازییدا بەشداریی پێ بکات، بەڵکو بۆ ریکلامکردن بۆ خۆشیان سودیان لێ نەبینیوە. دووەم، رۆحیەتی سینەماسازانی ئێرانیی و ئەو عەشقەی سینەما و بینەری ئێرانیی بۆ فیلمیان هەیە هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا نابینرێت سەرباری ئەوەی ئازادیی سیاسیی زیاترە و تەکنۆلۆجیای نوێش (لەوانە کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و سۆشیەل میدیا) بەهێزترن. سێیەم، لە سایەی سیستمی حوکمڕانیی و لاوازیی مۆتیڤی سینەماکاران سینەمای کوردیی لە هەرێمی کوردستاندا سەرلێشێواوە و شوناسێکی نییە و نازانیت دەیەوێت چی بڵێت. سینەما وەک ئاکتێکی سیاسیی خۆی مانیفێست نەکردووە و نازانیت ئایا دەیەوێت پرۆژەی سەربەخۆیی پێشبخات، کورد وەک نەتەوەیەکی غەدرلێکراو بناسێنێت، جێی هاوردەی فیلم بگرێتەوە، فیلم بگەیەنێت بە بازاڕەکانی جیهان یان ئامرازێکە بۆ پەیداکردنی پارە و بەس.

تا ئەمڕۆ لە ئێراندا فیملدروستکەران دەستگیر دەکرێن و هێشتا کاری گەورە پێشکەشی مرۆڤایەتیی دەکەن، کەچی لە هەرێمی کوردستانی دوای بەعسدا ئەگەر سینەماکارێک پۆستێکی بەرزی حکومەت وەرنەگرتێت ئەوا منەت بەسەر هونەری کوردییدا دەکات و وەک قوربانییەکی زۆر گەورە پێمانی دەفرۆشێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بەر لە هەموو شت بۆ پێشخستنی سینەمای کوردیی پێویستمانە، رۆحیەتێکی لە چەشنی سینەماکارە گەورەکانی ئێرانە.

 

سەرچاوەکان:
1-    Shiva Rahbaran, Iranian Cinema Uncensored: Contemporary Film-makers since the Islamic Revolution (International Library of the Moving Image) Paperback – April 18, 2016
https://www.jstor.org/stable/24426558
3-    Cinema Rex fire, article,
https://en.wikipedia.org/wiki/Cinema_Rex_fire
4-    Christopher Gow, From Iran to Hollywood and Some Places In-Between: Reframing Post-Revolutionary Iranian Cinema (International Library of Iranian Studies) Paperback – July 5, 2011

تێبینی:

کوردستان تایمز فەندێکی لە رێکخراوی رۆزا لۆگزمبۆرگ لە ئەڵمانیا وەرگرت. بەشێکی فەندەکەی بۆ راهێنانی نوسین تەرخانکرد. بۆ ئەم مەبەستە پێنج خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی هەڵبژارد. خوێندکارەکان لەلایەن سێ مامۆستای زانکۆ و سەرۆک بەشەوە لە هەر سێ بەشی (ئابووریی، سینەما، فەلسەفە) پێشنیار کرابوون. وتارەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر نیاز نەجمەدیندا نوسراون. هاوکات لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئینگلیزییشدا هاوکاریان بووە. لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیاندا و بە شێوەی تیم، خوێندکاران ناونیشانی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە. پاشان رەشنوسی یەکەمیان ناردووە بۆ د.نیاز بۆ پێداچوونەوە. یەکێک لە کارەکان ئەوە بووە کە سەرپەرشتیار چەند پاراگرافێکی شوێنگۆڕکێ کردووە و خوێندکارەکە دەبوو بیانخاتەوە شوێنی خۆی. لە رەشنوسی دووەمدا رەچاوی تێبینییەکانی رەشنوسی یەکەم کراوە و نێردراوەتەوە بۆ د.نیاز بۆ دواپیاداچوونەوە. پێشکەشکردنی وتارەکانیان وەک سیمینار و بە ئۆنلاین لەگەڵ تیمەکەیاندا بەشێکی تری ۆرکشۆپەکان بووە. هەر لە میانەی ۆرکشۆپەکەدا، “رێبەری نوسین” خرایە بەردەستیان تا باشتر بزانن وتارەکانیان بنوسن. لە کۆتاییشدا تیمی کوردستان تایمز بە وتارەکاندا چۆتەوە.

بەشکردن: