ئیسلام و دیموکراسیی؛ دابڕان یان یەکگرتنەوە لە شاڕێی فەرمانڕەواییەکی دادپەروەرانەدا
یاسین ئافتاو
هەنووکە، ئەو باوەڕەی کە لەم پرسەدا زاڵە، ئەوەیە کە ئیسلام و دیموکراسییەت دوو پۆلی پێچەوانەی یەکدیین و هەرگیز ڕێک ناکەون، ئەوەشی ئەم بۆچوونە تا ئاستی یەقین قووڵ دەکاتەوە، بە تەنیا ڕەخنەگران و نەیارانی ئیسلام نیین، بەڵکو زۆرینەی خودی مسوڵمانانن، کە بە تەفسیرە دۆگما و کۆنینەکان، دەیان و بگرە سەدان بەڵگە دەخەنە بەر دەست کە ئیسلام و دیموکراسیی، دوو ڕێگەی جودان و یەکگرتنەوەیان لە شاڕێیەکدا نەک دژوارە بگرە ئاستەمیشە.
د. نادر هاشمی، خاوەنی کتێبی «ئیسلام؛ سێکیولاریزم و لیبراڵ دیموکراسی- بەرەو تیۆرییەکی دیموکراسییانە بۆ جڤاتە مسوڵمانەکان»؛ پێیوایە ئەوانەی باوەڕیان بە لێکدژیی و پێکەوەنەگونجانی ئیسلام و دیموکراسیی هەیە، دەبێت کەمێک وردتر مێژوو بخوێننەوە، چونکە هەر ماوەیەکی کەم لەمەوپێش خەڵکانێکی زۆر هەبوون پێیان وابوو کاسۆلیسیزم و دیموکراسی مەحاڵە لە یەکدیی متوربە بکرێن.
هاشمی کە ئەکادیمییەکی دیارە و مامۆستای زانکۆی دێنڤەرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پڕچەک بە چەندان بەڵگە و پاساو دەیسەلمێنێت ئیسلام و دیموکراسیی نەک دژ نیین، بەڵکو ئەگەر بێت و ئیسلام لە نێوکۆییەکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسیی و مێتافیزیکیی گونجاودا ڕاڤە بکرێت، زەمینەیەکی پتەو بۆ پرۆسێسی دیموکراتیزەکردن پێشکەش دەکات.
ئەو ئەکادیمیستە؛ پاڵپشت بە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی ڕێکخراوی «فریدەم هاوس» ئەوە دەخاتە ڕوو نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن مسوڵمان، کە دەکاتە نیوەی هەموو مسوڵمانانی جیهان لە کۆمەڵگەی ئازاد یان نیمچەئازاددا دەژین و نەک کێشەیان لەگەڵ دیموکراسییدا نییە، بەڵکو بوونەتە گەمەکەری هەرەبەهێزی ئەو دیموکراسییانە، ئەو ئاماژە بە دوو دیارترین کۆمەڵگەی مسوڵمانیش دەدات کە سیستمێکی دیموکراسییان هەیە و بریتیین لە ئەندۆنیزیا و توورکیا، ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی دیکەی وەکو پاکستان، بەنگلادیش، مەغریب، تونس و چەند وڵاتێکی دیکەی زۆرینە مسوڵمان؛ کۆمەڵگە و سیستمی نیمچە دیموکراسیین.
بۆ توێژەر یان کەسانی شارەزای ئەم بوارە، ئاشکرایە سەرەتای سەدەی بیستویەک، بووە ئەو وێستگەیەی پۆلێک بیرمەند و زانایانی تەقلیدیی ئایین و بانگخواز و ڕۆشنبیرە مسوڵمانە دیموکراسییخوازەکان بە ئاوایەکی زۆر بەهێز گەڵاڵەی ئەو ئاراستەیەیان کرد کە ئیسلام و دیموکراسییەت دژ نیین، بە جۆرێک ئۆلیڤێ ڕووا؛ بیرمەندی فەرەنسی سەرەتاکانی سەدەکە بە قۆناغی پۆستئیسلامیزم ناو دەبات.
لای ڕووا؛ تایبەتمەندییەکانی پۆستئیسلامیزم فرەن، بەڵام دیارترینیان ئەوەیە کە هێزە ئیسلامییەکان «بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە ڕەوتی برایانی مسوڵمان-ن»، وازیان لە چەمکی «حاکمییەت» واتە فەرمانڕەوایی خودا و شەریعەت هێنا و تێکەڵ بە پرۆسێسی دیموکراسیی بوون، هەنووکە ئەو هێزە پۆستئیسلامیستانە، نەک دژی دیموکراسیی نیین، بەڵکو لە دۆخێکی دژوازانەدا لە بەرگرییکارە هەرە سەرسەختەکانی دیموکراسیین لە دونیای ئیسلام و جیهانی عەرەبییدا.
ئەم گۆڕانە ڕیشەییەی بزاڤێکی جیهانیی وەکو برایانی مسوڵمان لە تیۆرییی حاکمییەتی ئیسلامییەوە بۆ بەشدارییکردن لە گەمەی دیموکراسیی و ڕازییبوون بە دۆڕاندن و بردنەوە، ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هزری ئیسلامیی، هزرێکی مرۆیییانەیە و قابیلی گۆڕانە و بەپێی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و هزرییەکان دەگۆڕێت و لە تەکیدا تێڕوانین بۆ شەریعەت و مێژووی ئیسلام و پێدراوە قورئانییەکانیش دەگۆڕێن، کاتێک ڕەوتی ئیسلامیی لە تیۆریی حاکمییەتەوە دەپەڕێتەوە بۆ پرۆسێسی دیموکراسیی، ئیدی ئەو گۆشەنیگایەش لە تەفسیری قورئان، ئەو فەرموودانەی کە هانی ئازادیی و ڕاوێژ و بەشداریی سیاسیی دەدەن، ئەو تێڕوانینە فیقهیی و شەریعەتییانەش زاڵ دەبن کە لەگەڵ دیموکراسییدا هەڵدەکەن و پاڵپشتیی دەکەن، وەکو ئەوەی د. نادر هاشمیی و زۆرێک لەو توێژەرانەی باوەڕیان بە تەبایی و هەڵکردنی نێوان ئیسلام و دیموکراسیی هەیە؛ ئاماژەی پێ دەدەن.
وەکو پێشتر ئاماژەمان پێ دا، سەرەتای سەدەی بیستویەک، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە هزری مسوڵمانان سەبارەت بە پرسی فەرمانڕەوایی و دیموکراسیی، لەم قۆناغەدا سەرباری ئەو ڕەوت و حیزبە ئیسلامییانەی تێکەڵی پرۆسێسە دیموکراسییە خۆجێییەکان بوون، لەپاڵیشیدا، ڕەوتێکی فیکریی دەوڵەمەند و فرەڕوخسار و قووڵ لەنێو مسوڵماناندا سەری هەڵدا کە پێداگرانە و شێلگیرانە خەریکی تیۆرییزەکردنی پەیوەندیی نێوان ئیسلام و دیموکراسیی بوون و دیارترینیان: نەسر حامد ئەبوزەید، محەممەد شەحروور، محەممەد عابد جابری، بورهان غلیۆن، جەمال بەننا، ڕاشد غەننووشی، تاڕق ڕەمەزان، عەبدولکەریم سرووش، مستەفا مەلەکیان، د. خالید ئەبولفەزڵ و دەیان و بگرە سەدان بیرمەند و توێژەر و ڕۆشنبیری دیکە، ئەوە جگە لەو بیرمەند و لێکۆڵەر و ڕۆشنبیرە نامسوڵمانانەی کە لەبارەی ئیسلام و هزری ئیسلامییەوە نووسیویانە و ئیمکانی پێکەوگونجاندنی ئیسلام و دیموکراسیی بە کارێکی شیاو دەزانن.
ئەم گەشەکردنەی هۆشیاریی مسوڵمانان دەربارەی دیموکراسیی، کاری من نییە لەم وتارەدا، ئەوەی من کۆشش دەکەم لەم وتارەدا لەبارەیەوە بدوێم، ئەو زەمینە هزریی و فیقهیی و مێژوویییەیە کە وا دەکات سەرپێخستنی پرۆسێسێکی دیموکراسییانە لە دونیای ئیسلام و لە کۆمەڵگەیەکی زۆرینە مسوڵماندا شیاو بێت و کۆمەڵگەکە بەرەو دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە بئاژوێ، نەک نیمچەدیموکراسیی و دیموکراسییەکی ڕووکەشیی و ساختە.
بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەک لە هەندێک بیرمەند و هزرڤانی مسوڵمان وەردەگرم کە پێشتر هەمەلایەن و ورد کاریان لەسەر پرۆسێسی گرێدانەوەی ئیسلام و دیموکراسیی کردووە و لەم وتارەدا من بە تایبەتیی پشت بە تێڕوانینەکانی د. خالید ئەبولفەزڵ دەبەستم و بە ڕوانینەکانی د. محەممەد شەحروور و د. محەممەد عابد جابریی و د. عەبدولکەریم سرووش بەهێزیان دەکەم و لە کۆتاییشدا سەرنجە تایبەتەکانی خۆم لەم بارەیەوە دەردەبڕم.
پێش ئەوەی بچمە کرۆکی باسەکەشمەوە، ناچارم چەند سەرنجێکی ڕاگوزەر دەربارەی ئیسلام و دیموکراسیی بخەمە ڕوو، لەبەر بایەخە هەنووکەیییەکانی ئەو سەرنجانەش لە دەرفەتی دیکەدا بە تێروتەسەلی دەگەڕێمەوە سەر باسکردنیان، سەرنجەکانیش ئەمانەن:
یەکەم؛ لە پرسی دیموکراتیزەکردندا، ئیسلام و مێژووی ئیسلام کراونەتە چەک بۆ لێدان لە پرۆسەکە، ئیسلام کراوەتە نەیاری دیموکراسییەت، ئەم ئەجێندایە زیاد لە ماستەرمایەندێکی هەیە: یەکەم برەوپێدەریشی فەرمانڕەوا ستەمکارەکانی دونیای ئیسلامی دوای قۆناغی کۆڵۆنیالیزمن، لەمانە بترازێت مسوڵمانە پابەندەکانن بە مەرجەعییەتی ئیسلامەوە، ئینجا ئیسلامیی سیاسیی، لەپاڵ ئەمانیشدا ئەو خۆرهەڵاتناسانەن کە بە ئەجێندایەکی سیاسییەوە لەسەر دونیای ئیسلام کار دەکەن.
دووەم؛ دەتوانم بڵێم لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا «واتە لە دوای کۆتاییهاتنی دووەمین جەنگی جیهانییەوە»؛ بە پشتبەستن بە فیقهـ و ئسوڵفیقهـ و تیۆریزەکردنێکی نوێی ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەتی شەرعیی و ئارگیومێنتسازیی پشتئەستوور بە قورئان و فەرموودە و تووراسی ئیسلامیی، میراتێکی فیکریی و شەرعیی مسوڵمانانەی قووڵ و فرەلایەن و سەردەمیانە بۆ پێکەوەگونجاندنی ئیسلام و دیموکراسیی گەڵاڵە کراوە، کە دەیان زانای ئایینیی نەریتیی، ئەکادیمسیت، ڕۆشنبیر، فەیلەسووف، ئیسلامناس، سیاسەتوانی مسوڵمانی دەرەوەی بازنەی ئیسلامی سیاسیی و هی ناو ئەو بازنەیە بەشدار بوون لە گەڵاڵەکردنیدا. ئەم میراتە فیکرییە، پاشخانێکی گرنگ و بەهێزە و دەشێت ژێرخانە فیکریی و دونیابینییە زەمینەسازکەرەکەی پرۆسێسی دیموکراسیی لە دونیای ئیسلامدا پێ ڕۆ بنرێت.
سێیەم؛ وەکو هەموو داهێنراوە ناماددییەکانی دیکە، دونیای ئیسلامیش بە کاوەخۆ و لەسەرخۆیی پرۆسێسی دیموکراسیی لەخۆ دەگرێت، ئەوەی لە سەرەتاکانی پرۆسەی تەنویریی ئیسلامی لە محەممەد عەبدە و جەمالەدینی ئەفغانی و دواتر هەتا دەگاتە قۆناغی پۆستئیسلامیزم بڕوانێت، ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییە بەدیی دەکات کە بەسەر تێڕوانینی زۆرێک لە مسوڵماناندا هاتووە لە هەمبەر دیموکراسییدا؛ لە تەماشاکردن بە چاوێکی گوماناوییەوە، بۆ ڕەتکردنەوە، بۆ چاوپێداخشاندنەوە، بۆ تەبەننییکردنێکی نیوەناچڵانە، بۆ قبوڵکردن و شەڕکردن لەسەری و سەرەنجام بۆ سەرپێخستنی ڕاستەقینەی دیموکراسیی هەنگاو دەنێت، هەرچەندە ئەو هەنگاوە دووریش بێت و کاتێکی زۆر بخایەنێت.
چوارەم؛ یەکێک لە ئاستەنگە هەرە سەرەکییەکانی بەردەم دیموکراتیزەکردنی دونیای ئیسلام، ئەجێندای سەلەفیزمی خەلیجیی و وەهابییەتی سعوودییە، ئەم دوو ئەجێندایە زۆر کاریگەرانە بەرانبەر هزر و پرۆسێسی دیموکراسیی لە دونیای ئیسلامدا وەستاون، بە تایبەتیی کە ئەجێندای دەوڵەتە دەوڵەمەند و ستەمکارەکانی کەنداوی عەرەبیین، ئەو دەوڵەتە بنەماڵەیی و خێڵگەرانەی لەپای ئەوەی هزری دیموکراسیی بۆ ناو ئەمارەتە نەریتییەکانیان تەشەنە نەکات، خۆیان و زلهێزەکانی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا؛ پاڵپشتییەکی دارایی و مێدیایی و هەواڵگرانەی بەخشندانە پێشکەشی ئەم دوو ڕەوتە دەکەن و تەقەللای زۆر گەورە دەدەن کە وڵاتە مسوڵمانەکانی دیکەش بە هەمان ئەجێنداوە گیرۆدە بکەن، میسریش دیارترین نموونەیە.
پێنجەم؛ ئەجێندای نێودەوڵەتیی، بە خۆرئاوایی و چینیی و ڕووسیی و تەنانەت هیندییشەوە، لەو خاڵەدا یەک دەگرنەوە کە دونیای ئیسلام، دونیای دیکتاتۆر و ستەمکار و تاکڕەوەکان بێت، من کە ئەمە دەڵێم زۆر دوور لە هەر نیازمەندیی و تەبەننییکردنێکی تیۆریی پیلانگێڕیی بیر دەکەمەوە، خوێندنەوەی کۆدی سیاسەتی دەرەکی ئەو دەوڵەتانەی ناوم هێنان، بە ڕوونیی ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەو دەوڵەتانە و هەر یەکەیان لەبەر ڕستێک هۆکار و بەرژەوەندیی دژی دیموکراتیزەبوونی دونیای ئیسلام و بە تایبەتی هی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن، هەر بۆیە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ ستەمکار و نەیارانی دیموکراسیی دەکەن لە دونیای ئیسلامدا، بە پشتگیرییکردن و هاریکارییکردنیان، کاتێکیش هێزێکی دیموکراسیی یان ئەزموونێکی دیموکراسیی لە کۆمەڵگەیەکی مسوڵماندا خەریکە سەرپێ دەخرێت، بایکۆت یان دژایەتیی دەکەن. دیسان بێ دوودڵیی نیازم نییە بڵێم ئەوانە تەنیا دژی مسوڵمانان و دونیای ئیسلامن، دونیابینیی ئەو زلهێزانە بەو جۆرەیە و لە هەموو شوێنێک دژە دیموکراسیین، بۆ وڵاتێکی وەکو چین زیندانییەکی گەورەی وەکو کۆریای باکوور باشترین دراوسێیە نەک ژاپۆن و کۆریای باشووری دیموکراسیی، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دەستێکی ئاسنین لە هەر ئەزموونێکی دیموکراسیی وڵاتانی ئەمریکای لاتینی داوە، وەکو چۆن لەپشت خستنی موصەدەقی ئێرانییەوە بوو، بەلجیکا دژی کۆمارە دیموکراسییەکەی کۆنگۆ بوو، هەموو وڵاتانی ئەورووپا دژی هێزە دیموکراتەکانی ئەفریقای باشوور بوون و نموونەکان زۆر درێژ دەبنەوە.
شەشەم؛ ئەو ڕەوتەی لە دونیای ئیسلامدا ناوی لە خۆی ناوە عەلمانییەت و بە حساب بەیداخبەدەستی دیموکراسییەتە، یەکێکە لە ئاستەنگە هەرە گەورەکانی بەردەم دیموکراسییەت، ئەو ڕەوتانە، سەرباری ئەوەی نە عەلمانیین و نە دیموکراسیی، دوو بەشن: بەشێکیان لە دەسەڵاتدان، ئەمانە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتوویی و گەندەڵیی و توندوتیژییەکانی دونیای ئیسلامن، ئەوانە بە گۆڕینی پرۆسێسی دیموکراسیی بە گەمەی بووکەڵان و یارییەکی قێزەون، بە پەرەپێدانی دەیان دیاردەی ناشرین و بێڕەوشتانە بە کاریگەریی هەندێک ڕووکاری زۆر ڕووکەشییانەی دیموکراسیی، دیموکراسییەتیان لە دونیای ئیسلامدا بێزراو کردووە.
حەوتەم؛ ئیسلامی سیاسیی، بە تایبەتیی باڵە ئیخوانییەکەی ڕۆڵێکی کارایان هەبووە لە دڕدۆنگکردنی دونیای ئیسلام لە هەمبەر دیموکراسیی، بە تایبەتیی ئەو بەشە لە دونیای ئیسلام کە مەدەنیی و ئاشتییخواز و مۆدێرن و ئاییندارگەلێکی ناسیاسیین. بەشێکی گەورەی ئەم ڕەوتە؛ بە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات دوای ئەوەی لە پرۆسێسی هەڵبژاردندا پێی دەگات، هۆکارێکی بەرچاوی شکستی پرۆسێسی دیموکراسییە لە دونیای ئیسلامدا، چونکە هێزە ئیسلامییەکان بە گەیشتنە دەسەڵات، لەبری ئەوەی زەمینەساز و ڕێخۆشکەر بن بۆ سەرپێخستنی سیستمێکی دیموکراسییانەی هاوچەرخ، سەرقاڵی پووشکۆکردنەوە دەبن بۆ بونیادنانی دەسەڵاتێکی دینی ستەمکار و خراپتر لە پێشینەکانی خۆیان، هەر بۆیەشە دوای ماوەیەکی کەم لە مانەوە لە دەسەڵات، کاتێک کۆدێتایان بەسەردا دەکرێت، تەنانەت ئەو جەماوەرەش کە دەنگی پێ داون، بۆیان بەداخ نیین و هیچ بەرگرییەکیان لێ ناکەن، هەر ئەمەش وا دەکات ڕەوتە بەناو عەلمانییەکەی دونیای ئیسلام دەنگیان دلێر بێت و خۆیان وەکو پارێزەری قەڵا وەهمییەکەی دیموکراسیی نماییش بکەن و پەرە بە ئایدیای «ئیسلامییەکان تەنیا وەکو پەیژە لە دیموکراسیی دەڕوانن» بدەن.
سەرباری بارێکی گەورەی سەرنج، بەڵام بەم سەرنجانە ئیکتیفا دەکەم و ئێستاش دەچمە سەر کرۆکی بابەتەکەم و بە پرسیارە هەرەگرنگەکەی ئەم پرسەش دەست پێ دەکەم: “گەورەترین ڕێگر لە بەردەم متوربەکردنی ئیسلام و دیموکراسییدا چییە؟”.
بە بڕوای پسپۆڕان؛ ئەوەی وەکو بەربەستی هەرەگەورە لەم بوارەدا دێتە پێش؛ بابەتی سەروەریی یان دەسەڵات «Sovereignty»ـە، پرسیارەکەش لەم ئاقارەدا ئەمەیە: لە دەوڵەتێکی مسوڵماننشیندا کێ کانگا و چاوگی سەرەوەریییە: خودا یان گەل؟
هەموو ئەوانەی نەیاری پێکەوەگونجانی ئیسلام و دیموکراسیین، پاڵپشت بە باڵادەستیی تیۆرییی «حاکمییەت» لە هزری ئیسلامییدا هەر ئەگەرێکی سازان لەنێوان ئیسلام و دیموکراسییدا بە ڕەهایی ڕەت دەکەنەوە، بە بڕوای ئەمانە “حاکمییەت بە واتای ئەوە دێت کە خودا سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامییە، هەر ئەویش فەرمانڕەوای مسوڵمانانە لە هەموو شوێن و کاتێکدا و ئەمەش دەیکاتە دەسەڵاتێکی دینیی تەمام عەیار، لە ئیسلامدا خودا یاسادانەرە لەکاتێکدا لە دیموکراسییدا ئەنجوومەنی نوێنەران چاوگی دەسەڵات و یاسادانانە”.
لەبەر ئەم قۆرتە گەورەیەیە بیرمەندێکی دیاری وەکو دەیڤد نۆڤاک دەڵێت: “بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت لێکدژییە زەقەکەی نێوان دەسەڵاتی خودایی و دەسەڵاتی مرۆیی چارەسەر بکرێت هەتا ئەو کاتەی مسوڵمانان بەو جۆرە نەڕوانن کە دیموکراسیی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژانە کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی مرۆڤ دامەزراوە، ئەمەش واتە دەبێت بە ڕەهایی گەل خاوەنی دەسەڵات بێت”.
بۆ ئەوانەی ئاگاداری هزری تەقلیدیی ئیسلامیین «هزری وابەستەی فیقهـ و تووراسی کۆنی ئیسلامیی و ناتوانن لێی دەرباز بن»، دەزانن کە پرسی حاکمییەت، هەر بە ڕاستی تەڵەزگەیەکی ئێجگار گەورەی بەردەم پرۆسێسی دیموکراسیی و بڕبڕەی پشتی ئەو تێڕوانینەیە کە پێی وایە ئیسلام و دیموکراسی پێکەوە کۆ ناکرێنەوە، هەر بۆیە بیرمەندانی مسوڵمان لە نموونەی خالید ئەبولفەزڵ لە کتێبی «الاسلام وتحدی الدیمقراطیة»، د. عەبدولکەریم سرووش لە کتێبی «الدین العلمانی»، د. محەممەد شەحروور لە کتێبی «الدولة والمجتمع»، د. محەممەد عابد جابری لە کتێبی «الدین والدولة وتطبیق الشریعة» و چەندان بیرمەندی دیکە و سیاسییەکانی وەکو ڕاشد ئەلغەننووشی، ئەحمەد داودئۆغڵۆ و ژمارەیەکی ئێجگار زۆری دیکە لە شارەزایانی هزر و فەلسەفەی ئیسلامیی لەسەر ئەم بابەتە و چۆنێتیی تێپەڕاندنی و گواستنەوە بۆ هزرێکی دامەزراو لەسەر دونیابینی دیموکراسیی لاپەڕەگەلێکی بێشوماریان ڕەش کردۆتەوە و گەر بەو ویژدانەوە هەڵیانسەنگێنین، تێڕوانینی نوێ و هاوچەرخانەیان تێدایە، تەنانەت تێزی هەندێک لەوانە لەباریدایە ئەو نەنگییانەی لە خودی دیموکراسیی خۆرئاوایی و بەشێک لە ئاسیا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقاشدا هەن چارەسەر بکەن.
سەرەتا تێڕوانینی د. خالید ئەبولفەزڵ دەخەمەڕوو، بەو پێیەی لەناو بیرمەندەکاندا نوێترینیانە و لە دونیای ئیسلامیی، عەرەبیی و کوردییشدا زۆر بێناو و نەناسراوە. ئەبولفەزڵ پێی وایە چەمکی حاکمییەتی خودا، بە مانای ئەوە نییە کە خودا خۆی فەرمانڕەوایی دەکات، چونکە بە بڕوای ئەو فەرمانڕەوایی هەرچییەک بێت سەرەنجام مرۆڤ پیادەی دەکات و ئەوەش وا دەکات هەموو دەسەڵاتێکی مرۆیی، هەرچەندێک بانگەشەی ئاسمانییبوون و پیرۆزیی بکات، سەرەنجام لەوە دەرناچێت کە دەسەڵاتێکی مرۆییە، چەمکی خیلافەتیش، ئاماژەیە بە جێگرتنەوەی کەسێک یان مرۆیەک بە هاوشێوەیەکی پێش خۆی، «يَا دَاوُودُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ فَاحْكُم بَيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ»، بە پێی تەفسیری قوڕتووبی و بەشێکی زۆر لە تەفسیرەکانی دیکە «إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ» بەو مانایە دێت کە ئێمە کردوومانیتەتە پاشا بۆ ئەوەی چاکە بچەسپێنیت و خراپە بنبڕ بکەیت و ببیتە جێنشینی پەیامبەر و پێشەوا چاکەکارەکانی پێش خۆت نەک هی خودا.
خەلیفە جێنشینی خودا نییە، نوێنەری خودا نییە، بەڵکو هی مرۆڤێکی دیکەی پێش خۆیەتی، بیرۆکەی نوێنەرایەتییکردنی خودا لەلایەن دەسەڵاتدارێکەوە هزرێکی تەواو نامۆیە بە ئیسلام و تەنیا لەگەڵ هاتنی عەبباسییەکاندا بۆ دەسەڵات سەر هەڵ دەدات، تەنانەت باسکردنی جێنشینکردنی ئادەم لەسەر زەوی بەپێی بەشێکی دیار لە تەفسیرە کۆنەکانی قورئان ئاماژەیە بەوەی پێش ئادەم مرۆڤی دیکە یان لەمرۆڤچووی دیکە لەسەر زەویی هەبوون و خودا بە ئادەم جێی گرتوونەتەوە «کە ئەمەش لەگەڵ تیۆریی پەرەسەندن و هەبوونی مرۆڤی وەکو نیاندەرتاڵ و کرۆمانیۆن و گەشەکردنیان بۆ ئەم مرۆڤەی ئێستا (هۆمۆسەیپیەنس) و ڕاستبوونەوەی مرۆڤ و گەشەکردنی یەکانگیرترە».
هەر بۆیە ئەبولفەزڵ پێی وایە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارێتیی ئیسلامیی دواجار ئەوەی فەرمانڕەوایی کردووە مرۆڤ بووە نەک خودا یان شەریعەتی خودا، چونکە سەرباری ئەوەی کە کتێبێکی پیرۆز هەیە و فەرموودەکانی پەیامبەر و ئامرازەکانی دیکەی وەکو کۆڕایی «ئیجماع» و ئیجتیهادیش لەئارادان، بەڵام ئەو مرۆڤەی فەرمانڕەوایی کردووە لەو سەرچاوانەوە ئەوەی بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی بە گونجاوی زانیوە بەکاری هێناوە و ئەوەشی بە عەقڵیدا نەچووە فەرامۆشی کردووە.
ئەبولفەزڵ دوای ئەوەی گەشتێکی هزریی و مێژوویی بەرفراوان بە مێژووی ئیسلام و دیموکراسییەت و بنەما گشتییەکانی هەردوو ئاراستەکەدا دەکات، دەگاتە ئەو دەرنجامەی کە “تووراسی ئیسلامیی لە فیکری سیاسییدا هەموو شیمانە پراکتیکیی و ڕاڤەییەکانی تێدایە کە لەباریدایە گەشەیان پێ بدرێت بۆ سیستمێکی دیموکراسیی، بەڵام ڕێشی تێدەچێت ئەو شیمانانە هەر بە پاسیڤی بمێننەوە و وەرنەچەرخێنە سەر پرۆژەیەکی واقیعی”..
ئەبولفەزڵ بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیەی دەیکات پشت بەو ئارگیومێنتانە دەبەستێت:
یەکەم؛ «العدل والرحمة»؛ دوو بنەمای گشتگیر و گومانهەڵنەگرن لە هەموو مامەڵەیەکی ڕۆژانەی ورد و درشتی مسوڵماناندا و گوتاری قورئانیی لە هەر ئاکارێکی دیکەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان زۆرتر جەختیان لێ دەکاتەوە، بە جۆرێک کە نزیکترین ئاکار لە خوداپەرستییەوە دادە و ڕەحمەتیش کرۆکی پەیوەندیی نێوان خودا و مرۆڤەکان و مرۆڤ و مرۆڤەکانی دیکەیە…
بە بڕوای ئەبولفەزڵ لەناو هەموو سیستمەکانی حوکمڕانییدا دیموکراسیی لە هەموویان زۆرتر ئەم دوو بنەمایەی ڕەچاو کردووە، هەربۆیە نزیکترینیانە لەو شێوازە فەرمانڕەواییەی ئیسلام هانی دەدات، چونکە بە وتەی ئەبولفەزڵ و بڕێکی زۆر لە بیرمەندان و مێژوونووسان و ئیسلامناسان، ئیسلام خۆی هیچ فۆڕمێکی فەرمانڕەوایی گەڵاڵە نەکردووە، تەنیا بنەماکان نەبێت، کە ئەوانیش: دادپەروەریی، ڕاوێژ و ڕاوەرگرتن، ئازادی، میهرەبانیی و پێکەوە هەڵکردن و چەندان بنەمای دیکە. هەر بۆیە، مسوڵمانان دەتوانن چ فۆڕمێکی فەرمانڕەوایی کە پیادەکردنی ئەو بنەمایانەی لێ بکەوێتەوە هەڵبژێرن و جێبەجێی بکەن و هەنووکە لە دیموکراسیی بەولاوە هیچ سیستمێکی دیکەی فەرمانڕەوایییمان نییە پیادەکردنی ئەو بنەمایانەی لێ بکەوێتەوە.
دووەم؛ بنەمای شوورا: لە قورئاندا دوو جار ئاماژە بە چەمکی شوورا کراوە: یەکەمیان ئایەتی سوورەتێکی مەککییە «وَالَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِرَبِّهِمْ وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَأَمْرُهُمْ شُورَىٰ بَيْنَهُمْ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنفِقُونَ»؛ ئەم ئایەتە پرس و ئاکار و چەمکی شوورا دەخاتە ئاستی نوێژکردنەوە، سەرباری ئەوەی لە دۆخێکی پڕ تەنگپێهەڵچنین و مەترسییداری وەکو قۆناغی مەککەدا بەسەر مسوڵمانانیدا فەڕز کردووە، لەو دۆخەدا مسوڵمانانی پابەند کردووە بە وەرگرتنی بۆچوونی یەک و ڕاجیایی و ئازادیی لە دەربڕیندا…
ئایەتی دووەم مەدینەییە «فبِمَا رَحْمَةٍ مِّنَ اللَّهِ لِنتَ لَهُمْ ۖ وَلَوْ كُنتَ فَظًّا غَلِيظَ الْقَلْبِ لَانفَضُّوا مِنْ حَوْلِكَ ۖ فَاعْفُ عَنْهُمْ وَاسْتَغْفِرْ لَهُمْ وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ ۖ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ»، لێرەدا خودا زۆر پەسنی پەیامبەر دەدا و ئاماژە بەوە دەدا کە ئەوە بە میهری خودایە کە ئەو بۆ مسوڵمانان بۆتە پێشەوایەکی نەرمونیان و سنگفراوان و چاپۆشییکەر، ئەمریشی پێ دەکات لە فەرمانڕەواییدا ڕاوێژیان پێ بکات، چونکە «وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ» واتە لە فەرمانڕەواییدا تاکڕەو مەبە و بۆچوونیان بەهەند وەربگرە، وشەی «الْأَمْرِ» لە قورئاندا زۆرجار بە مانای حوکمڕانیی هاتووە و ئەوەشی جێی سەرنجە بە کۆ هاتووە نەک بە تاک، «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ». لەو ئایەتەدا «وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ»، بە کۆ هاتووە، کە دەکرێت ئاماژەی ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە دەسەڵات لە کۆمەڵگەی مسوڵماناندا لە دەستی یەک کەسدا نییە، ئەوەش بنەمایەکی هەرە سەرەکیی دیموکراسییە کە بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان.
بێگومان لە مێژووی ئیسلامدا بە شێوەیەکی زۆر فراوان و سەیر ئەم بنەمایە فەرامۆش کرا. بە تایبەتی دوای وەفاتی پەیامبەر، چونکە مسوڵمانان وەکو بنەمایەکی دینەکەیان و بەشێک لە باوەڕیان مامەڵەی شوورایان نەکرد و بایەخیان پێ نەدا و لە ڕووی تیۆریی و پراکتیکییەوە گەشەیان پێ نەدا، فەرمانڕەوا ستەمکارەکانیش هەمیشە جەختیان لەو ئاکار و بیر و کردەوانە دەکردەوە کە ملکەچیی زۆرتریان بۆ ئەوان دەستەبەر دەکرد، هەر بۆیە جەختی زۆریان لە پەرستشێکی وەکو نوێژ دەکردەوە، تا ئەو ئاستەی فەقێکانی دەسەڵات نوێژنەکەریان بە دەرچوو لە ئیسلام لەقەڵەم داوە و قەتڵیان واجب کردووە، لەکاتێکدا یەک ئاماژەی زۆر لاوەکییش لە قورئاندا بە کارێکی لەو جۆرە نییە، بەڵام شوورا، کە لە ئایەتە مەککییەکەدا وەکو بنەمایەکی ئیمانیی چەسپێنراوە هەروەکوو نوێژکردن؛ لە هزری ئسوڵیی و فیقهیی و عەقیدەیی مسوڵمانانادا فڕێ دراوەتە دەرەوە و بنەمایەکی ناڕەسەن و دژ بە هەر ئاکارێکی جوامێرانەی مرۆڤی وەکو «الشوکة والغلبة» کراوەتە بنەمای فەرمانڕەوایی، تەنانەت لای عەقڵێکی گەورەی وەکو غەزالییش.
ئەوەی د. ئەبولفەزڵ باسی دەکات کە لە تووراسی ئیسلامدا شیمانە و ماتەوزەیەک هەیە کە دەکرێت لە پرۆسێسی دیموکراسییدا تەوزیف بکرێنەوە، هەر بۆ نموونە ڕاڤەی موفەسسیرێکی وەکو قوڕتووبییە کاتێک ڕاڤەی ئایەتی ١٥٩ی سوورەی ئالیعیمران دەکات «وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ»، لەوێدا قوڕتوبی دەڵێت: “ئیبنوعەتییە وتوویەتی: شوورا لە بنەماکانی شەریعەت و فەرمانە باڵاکانە، هەر فەرمانڕەوایەک ڕاوێژی بە ئەهلی عیلم نەکرد لەدەسەڵاتخستنی واجبە. ئەمە خیلافی تێدا نییە. خودا کاتێک پەسنی ئیمانداران دەدات دەفەرموێ «وَأَمْرُهُمْ شُورَىٰ بَيْنَهُمْ». عەرەبێکی دەشتەکیی وتی: هیچکات نەمهێشتووە دەستخەڕۆ بکرێم و بە هۆی منیشەوە خێڵەکەم دەستخەڕۆ بکەن؛ وتیان چۆن؟ وتی: دەست ناکەم بە ئاودا بە ڕاوێژی ئەوان نەبێت. هەروەها ئیبنوخووەیزی مینداد وتوویەتی: واجبە لەسەر فەرمانڕەوایان بەردەوام ڕاوێژ بە زانایان بکەن لەو بوارانەدا کە لەبارەیەوە نازانن، هەروەها لەو بوارانەی ئاییندا کە لێیان ئاڵۆسکاوە، لە بوارەکانی سوپا و جەنگدا، لە بواری کێشەکانی خەڵکدا کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانەوە هەیە، هەروەها دەربارەی نووسەران و وەزیران و کرێکاران لەو شوێنانەدا کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی وڵات و ئاوەدانکردنەوەیەوە هەیە. وتراویشە: کەسێک کە ڕاوێژ دەکات هەرگیز پەشیمان نابێت. هەروەها وتووشیانە: هەرکەس سەرسامی ئاوەزی خۆی بێت سەرگەردان دەبێت”.
سێیەم؛ شەریعەت و یاسا: بە بڕوای ئەبولفەزڵ، لە پرسی شەریعەت وەکو بەربەستێکی دیموکراتیزەکردنی دونیای ئیسلام و کۆمەڵگە مسوڵمانەکان، زیادەڕەوییەکی زۆر لە قەبەکردنی ڕۆڵی شەریعەتدا کراوە، چونکە بە بڕوای ئەو دەکرێت هەر خودی شەریعەت خۆی لە پرۆسێسی دیموکراتیزەکردندا تەوزیف بکرێتەوە، چۆن؟
بە بڕوای ئەم بیرمەندە؛ شەریعەت بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی بە خوداوە نییە و بەرهەمێکی تەواو مرۆییە و هێندەی پێکان؛ نەپێکان و هێندەی درووست نادرووستی تێدایە، وەکو هەر بەرهەمێکی مرۆیی، ئەو پێی وایە شەریعەت بەرهەمی خودا، پەیامبەر و هاوەڵان و تەنانەت نەوەی دوای ئەوانیش نییە کە بە تابیعی ناسراون، ئەوە تەنیا لە سەدەی دووەمی هیجریی و بە تایبەتیی لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئومەویی و خەلافەتی عەباسییدایە و لەگەڵ دەرکەوتنی شافیعییدایە کە شەریعەت لەدایک دەبێت، دوای ئەو مێژووە؛ شەریعەت دەبێتە کۆمەڵێک ڕێسا و دۆگما و یاسای چەقبەستوو، هێندەش فراوان بووە کە نەک قابیلی پیادەکردن نییە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ سەرلێتێکچوونی خودی مسوڵمانان خۆیان.
بە بڕوای ئەبولفەزڵ حکوومەت هیچ پابەندییەکی نییە بەرانبەر بە شەریعەتێک کە سەدان ساڵ لەوەوبەر نووسراوە، بە تایبەتیی لەوێدا کە هەوڵ بدرێت وەکو کەتەلۆگێکی حازر پشتی پێ ببەسترێت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ژیانی جڤات. بەڵکو دەبێت ئەو کۆمەڵگەیە، بە سیاسیی و زانایانی ئایین و بیرمەند و کۆمەڵناس و فەیلەسووف و پسپۆڕانی دیکەوە کار بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو هێڵە گشتییانەی کە ئیسلام بۆ ژیانێکی چاک جەختی لێ کردوونەتەوە، لەپاڵ ئەو بنەما زەمەنبڕانەی کە هەر خودی ئایینەکە گەڵاڵەی کردوون، ئینجا ئەم بنەما گشتییانە لە دەستووردا دەچەسپێنرێن، هەر بۆ نموونە ئایەتی «وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ»؛ دەکرێت بکرێتە بنەمایەکی دەستووریی بە جۆرێک هەر کار و ڕەفتار و ئاکارێک بێکەرامتکردن و سووکایەتیی تێدابوو بە مرۆڤ وەکو قەدەغە و یاساغ هەژمار بکرێت، لە نموونەی: ئەشکەنجەدان، نایەکسانیی، زۆرداریی و کۆچپێکردن، تەشهیر و ناوزڕاندن و..هتد، و لیستەکە زۆر درێژ دەبێتەوە.
بۆ نموونە دەشکرێت ئایەتەکانی «لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ»، «ٱلَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ ٱلْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُۥٓ ۚ أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ هَدَىٰهُمُ ٱللَّهُ ۖ وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمْ أُوْلُواْ ٱلْأَلْبَٰبِ» بکرێنە بنەماگەلی نەلەرزاوی ئازادیی ڕادەربڕین، ئایەتێکی وەکو «ٱلَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ ٱلْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ» ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە هەموو جۆرە قسەکردنێک، گوزارشتکردن لە هەر بیروبۆچوونێک، جا کرۆکە فیکرییەکەی هەرچییەک بێت، ئەوە دەربڕینی ڕێگەپێدراوە، ئەمەش بە واتای ئەوەی دەرگای ئازادیی بیروڕا دەخرێتە سەرپشت لە چوارچێوەی بنەمای یەکەمدا کە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە. قوڕتوبی لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا قسەیەکی ئیبن عەباس دەهێنێتەوە کە دەڵێت: “ئایەتەکە ئاماژە بە کەسێک دەدات کە قسەی جوان و ناشرین دەژنەڤێت، جوانەکە هەڵدەگرێتەوە و باسی دەکات، ناشرینەکە برک دەدات و نایجووێتەوە”.
کەواتە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا هەموو ڕەخنەکردنێک ڕێگە پێدراوە، بە چاک و خراپەوە، بەڵام دواجار فەرمانڕەوا یان دەسەڵاتی کۆمەڵگەکە ئەو بۆچوون و هزرانە تەوزیف دەکاتەوە کە باشترین و درووستترینن، جا بۆ ئەوەی دەسەڵاتێک بزانێت باشترین و درووستترین بۆچوونەکان چیین، پێویستە: یەکەم، گوێگرێکی زۆر باش بێت. دووەم؛ سنگفراوان بێت و دوور بێت لە کەمچیکڵدانەیی. سێیەم؛ دەبێت دادپەروەر و بووێر بێت، ئەو قسانەی پێی خۆشن و ناخۆشن گوێبیستیان بێت. چوارەم؛ ئیرادەی بەهێز بێت و کاتێک بۆی ڕوون دەبێتەوە کام تێڕوانین باشترینە؛ تەبەننی بکات و بیکاتە ئەجێندای ئیشکردن.
بە هۆی ئەوەی ڕووبەری نووسینەکە زۆر درێژ نەکەمەوە، بە ناچاریی لێرەدا دەوەستم، بێگومان لە کات و دەرفەتی دیکەدا بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێمەوە، بەڵام پێش ئەوەی کۆتایی پێ بهێنم، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئیسلام و تەوزیفکردنەوەی ئیسلام بۆ لێدان لە دیموکراسییەت، تەنیا یەکێکە لە دەیان هۆکار بۆ نەڕسکانی دیموکراسییەت لە دونیای ئیسلامدا، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو خەرمانە هزرییە هاوچەرخەی کە لە کۆتایییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیستویەک هەتا ئێستا لەلایەن بیرمەندان و ڕۆشنبیران و هەندێک لە زانایانی ئایینیی مسوڵمانەوە گەڵاڵە کراوە؛ دەیسەلمێنێت کە ئیسلام نەک ڕێگر نییە لە پرۆسێسی دیموکراسیی؛ بەڵکو بەرمەبنای ئەو خوێندنەوانە دەکرێت بکرێتە هاندەرێکی ئەو پرۆسێسەش.
ئیسلام و مێژووی ئیسلام وەکو مێژووی هەر هزر و ئاینێکی دیکەیە، ئەگەر یۆنان بە دایکی دیموکراسیی دەزانین، ئەوا کەم نیین ئەوانەی لە مێژوودا، لە بری تەوزیفکردنەوەی هزری دیموکراسییانەی صۆڵۆن و سۆفیست و دیموکراسخوازەکانی یۆنان، مۆدێلە تۆتالیتاریی و توندەکەی ئەفلاتوون و سپارتایان تەبەننییکرد، تەنیا لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەشەوە بوو کە ئەوروپا بۆ یۆنانە دیموکراسییەکە گەڕانەوە، دەکرێت ئێمەش لانیکەم لەم قۆناغەدا، هەمان پرۆسێس دووبارە بکەینەوە، بەڵام لەبری گەڕانەوە بۆ صۆڵۆن و سۆفیستەکان؛ دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ تووراسە دەوڵەمەندەکەی ئیسلام و ئەو ئاراستانەی تەبەننیی بکەین کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم سەردەمەماندا تەبا و هاوجووت دێنەوە.
سەرچاوەکانی ئەم نووسینە:
١. قورئانی پیرۆز.
٢. تەفسیری هەموو ئایەتە پیرۆزەکانی قورئانم لە ماڵپەڕی «المصحف الإلكتروني بجامعة الملك سعود» وەرگرتووە و خۆم کردوومنەتە کوردی.
٣. بیروڕاکانی د. نادر هاشمییم لە کتێبی «الإسلام، العلمانية والديمقراطية الليبرالية – نحو نظرية ديمقراطية للمجتمعات الإسلامية» و چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی «القنطرة»ـی ئەڵمانییەوە وەرگرتووە کە «لویس غروب» لەگەڵ هاشمییدا سازی کردووە، ناونیشانی چاوپێکەوتنەکەش «الإسلام والديمقراطية.. التوافق على عدم التوافق».
٤. زانیارییەکانی تایبەت بە د. خالید ئەبولفەزڵم لە کتێبی «الاسلام وتحدی الدیمقراطیة»ـی خۆی و توێژینەوەیەکی ئیسلام حیجازی-یەوە وەرگرتووە بە ناونیشانی «الاسلام والدیموقراطیة: قراءة فی فکر الدکتور خالد ابوالفضل».
٥. بیروڕاکانی د. محەممەد شەحروورم لە کتێبی «الدولة والمجتمع» وەرگرتووە.
٦. هەندێک تێڕوانینیشم لە هەردوو کتێبی «الدین والدولة وتطبیق الشریعة»ـی د. محەممەد عابد جابریی و «الدین العلمانی»ـی د. عەبدولکەریم سرووش وەرگرتووە.