بۆچی بیرکردنەوەی رەخنەیی گرنگە؟  

915
0

رۆیا حەمە غەریب

لە سەردەمێکدا دەژین لە هەموو کات زیاتر پڕوپاگەندە و درۆ بەختی ئەوەیان هەیە وەک روناکیی بەخێرایی بڵاو ببنەوە، وەک هەتاوێکی نزیکیش بەختەوەرییمان بسوتێنێت و کەرت کەرتمان بکات. لە ساتەوەختێکی وادا، بۆچی بیرکردنەوەی رەخنەیی گرنگە؟

سەرەتا دەبێت بزانین بیرکردنەوەی رەخنەیی چییە؟ بەپێی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد، بیرکردنەوەی رەخنەیی “بریتییە لە شیکاری بابەتیی و هەڵسەنگاندنی بابەتێک تا حوکمی لەسەر بدرێت”. بیرکردنەوەی ڕەخنەگەرانە جۆرێکە لە بیرکردنەوە کە ڕێگە بە بیروەرگر دەدات تا لە ڕێگای شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بابەت و ناوەڕۆک پەرە بە چۆنیەتی بیرکردنەوەی خۆی بدات. ئامانج لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە گەشتن بە بیرێکی شکێنەر یان ڕوخێنەر نییە، یاخود گەشتن بە ڕێگایەک کە تیایدا بتوانین زانیاریەکانی خۆمان بخەینە گەڕ، بەڵکو جۆرێکە لە تێفکرین بە شێوازێکی ڕوون، بێ لایەن و لۆژیکی. ئەم توانا و کارامەییە لە سەردەمی ئێستادا کە بە سەردەمی زانیاریی دادەنرێت بایەخێکی یەکجار ئەوتۆ و گرنگی هەیە.

وەک هەموومان دەزانین ئێمە ڕۆژانە بەر لێشاوێکی گەورەی زانیاری سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی سەبارەت بە رابردوو و ئێستا و داهاتوومان دەکەوین. گەر بمانەوێت لە ژێر لێزمەی ئەم زانیارییانەدا نقوم نەکرێین پێویستە توانای ئەوەمان هەبێت کە ئەم دارستانی زانیارییانە دابپاچین. بە تایبەت لە سەردەمی ئێستادا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی خەریکی بڵاوکردنەوەی بە لێشاوی زانیارین و دەشزانین کە لەسەر بابەتێک دەکرێت زیاتر لە سەد بیر و ڕا و خوێندنەوەی جیاواز هەبێت، زیاتر لە هەموو کات پێویستە کە ئێمە توانای بیر کردنەوەی ڕەخنەگرانەمان هەبێت. ئێمە چۆن بزانین ئەو زانیارییانەی کە بەریان دەکەوین ڕاستن یاخود نا؟

مرۆڤ ئەگەر لە شیکردنەوەی دیاردەکانی چواردەوریدا تەنها پشت بە هەستی خۆی ببەستێت، ئەوا بێشک هەڵەی گەورە دەکات. مرۆڤ هەڵە دەکات، بەڵام چەندێک هەڵەکانی کەمتر بکاتەوە هێندە پەشیمانیی و ئازارەکانی کەم دەبنەوە و ژیانی بەرەو باشتر دەچێت. بەم واتایە، ئێمە ئازارمان زیاد دەکات ئەگەر تەنها پشت بە هەستەکانمان ببەستین بەبێ ئەوەی تاقەتی شیکردنەوەیمان هەبێت. شیکردنەوەی دروست و زانستیی یارمەتیمان دەدەن لەوەی هەڵسەنگاندنی دروست بۆ رێگەی بەردەممان بکەین، هەڵەکانمان کەم بکەینەوە و ئەو کەموکورتییانەش کە روویانداوە راست بکەینەوە. پێچەوانەی ئەمە بۆی هەیە چەقبەستن بێت لە ئایدیا و باوەڕەکانماندا.

جوڵە لە بری چەقبەستن نهێنیی ژیانێکی باشترە. جیهان پرە لە گومان و بەبێ بیرکردنەوەی رەخنەیی ئێمە توشی دەردەگومان (پارانۆید) دەبین، ئەوەی گومان چی وزەمان هەیە دەدزێت و سەرمان دەخوات. ئەم دۆخە لە کاتی کۆڤییدا بەتەواوی هەستی پێ دەکرا، وەک داڤید گریمس بە جوانیی روونیکردۆتەوە. هەر رۆژەی چیرۆکێک و ترسێک بڵاودەکرایەوە بەبێ ئەوە بنەمایەکی هەبێت. ئەوەی چیرۆکەکان زوو دەگەیشتن بە ئێمە و قبوڵ دەکران دوو شت بوو. یەکەمیان لە سەردەمێکداین سۆشیەل میدیا تەواوی ژیانمانی داگیر کردووە و بووە بە کەناڵێک هەرچی شتە لە رێیەوە پەخش دەکرێت، ئیتر خاشاک بێت یان ئایدیای جوان. دووەم، ئێمەی مرۆڤ توانای هەڵسەنگاندمان کەمە، بۆیە رەنگە تیۆرەی پیلانگێڕیی بەتەواوی عەقڵمان داگیر بکات.

داڤید گریمس بۆ پشتیوانیی بۆچونەکانی، باسی ئەنجامی کۆمەڵێک پزیشک و توێژەر دەکات کە هەر یەک لە وڵاتێکن. پزیشک و ئامارناسی سویدیی هانس رۆسڵینگ (Hans Rosling) روپێوییەکی کردووە سەبارەت بە زۆر بوار، لەوانە هەژاریی و تەندروستیی. رووپێوییەکە لەناو هەزاران کەس لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجام دراوە. ئەو بۆی دەرکەوتووە کە تەنانەت خاوەن بڕوانامەی بەرز و خەڵکی رۆشنبیر و خوێنەواریش هێشتا شتگەلێکی زۆر گرنگ هەن هیچ زانیارییەکیان لە بارەیەوە نییە. لای ئەم پزیشکە، زۆرینەی خەڵک تەنها ئەوە فێردەبن و تێدەگەن کە لە میدیاکاندا دەیبیستن بەبێ ئەوەی بزانن “ئەوەی لە میدیادا دەربارەی جیهان فێری دەبن وەک ئەوەیە تەنها سەیری وێنەیەکی من بکەیت و بتەوێت هەموو شت دەربارەی من بزانیت”. سەیرکردنی جیهان لە میدیاوە تەنها سەیرکردنی وێنەیەکە و ناتوانێت زۆر شت هەیە پێت بڵێت، ئەمە سەرباری ئەوەی سۆشیەل میدیا بوار نادات خەڵک هەر گوێ لە میدیای تەقلیدیی بگرن و بەمەش بەشێک زانیارییان لە کیس دەچێت.

لەمڕۆدا دیاردەیەک دروست بووە کە دەکرێت ناویبنێم “گەمژەی دیجیتاڵیی”. مەبەستم لە گەمژەی دیجیتاڵیی ئەوەیە ژمارەیەکی گەورە لە ئێمە هیچی تر سەرچاوەی فێربوونمان نییە جگە لە دیجیتاڵ میدیا. سەرباری لایەنە ئەرێنییەکانی، خۆقەتیسدان لە گۆشەیەکدا کە سۆشیەل میدیایە و هەواڵی خێرا و نوسینی کورتی بێناوەرۆک بەرهەمدەهێنێت، یان سەرسامبوون بەم ماڵپەڕ و ئەو ماڵپەڕ، بە چات جی پی دی و هەندێکی شتی تری لەو چەشنە، گەمژەی کردووین بەشێوەیەک تەحەمولی خوێندنەوەی کتێبێکمان نەماوە.

ئەم دیاردەیە تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو جیهانییە. داڤید گریمس باسی راپرسییەک دەکات تیایدا دەرکەوتووە نزیکەی ٥٩٪ی وتاری بڵاوکراوە لە سۆشیەل میدیا ئەو کەسانە دەیکەن کە هەر سەیری وتارەکانیش ناکەن، بۆ نمونە لەبەر خاتری ئەم و ئەو، یان بۆ پڕکردنەوەی بەتاڵییەکی خۆی و دەستکەوتنی چوار لایک، یان ناونیشانەکەی لەلا سەرنجرڕاکێش بووە، وتار و بابەتیان شەیر کردووە بەبێ ئەوەی بیخوێننەوە. زۆربەی ئەم بەکارهێنەرانەش نازانن کە خێری زۆر کۆمپانیا لەسەر شەیرکردنی ئەم هەواڵ و ئەو هەواڵە. تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی( PNAS- Proceedings of the National Academy of Sciences) لە ٢٠١٧دا دەریخستووە کە سۆشیەل میدیا بە رێژەیەکی بەرچاو جوێن (جنێو) و توندوتیژیی لێ کەوتۆتەوە و کردویەتی بە رەفتاری خەڵک و زیانی گەورەی بە یەکێتیی سیاسیی ناو کۆمەڵگە گەیاندووە.

لەمانەش زیاتر، کایەی سیاسەت و میدیا بە بەردەوامی لە گەشەکردندان و وەک دەزانین بەرکەوتن و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هەردوو ئەم کایەیەدا پێویستی بە تێفکرین و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەبێت. کاتێک کە دەزانیت لەو ناوچەیەی کە تیایدا دەژیت (بۆ نمونە هەرێمی کوردستان) کەسانێک هەن کە سودێکی یەکجار زۆر دەبینن لەوەی ڕاستییەکان بە ناڕاستی پشان بدەن یان بە پێچەوانەوە، یان ئەو شتەی کە دورە لە ڕاستی وەک ڕاستییەک بە تۆ پیشان بدەن، ئەوا دڵنییا دەبیتەوە لەوەی زیاتر لە هەموو کات پێویستت بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێت.

بەڵام چۆن بیرکردنەوەی رەخنەیی گەشە دەکات؟

“بێنجامین بلوم” دەرونناسێکی ئەمریکییە و بڕوای وا بووە کە گەشتن بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە پێویستی بە چەند قۆناغێکی یەک لە دوای یەک هەیە. قۆناغی یەکەم قۆناغی وەرگرتنە، ئێمە زانیارییەکە وەردەگرین بە بێ ئەوەی لێی تێبگەین. دواتر قۆناغی تێگەشتنە، پێویستە ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە بدەین ئەو زانیارییەی کە پێمان دراوە لێی تێبگەین. تاکو ئێرەش ئێمە توانای تێفکرینی ڕەخنەگرانەی خۆمانمان نەخستۆتە گەڕ. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە دوای قۆناغی دووەمەوە دەست پێ دەکات هەتاکو دوا قۆناغ.

سێهەم قۆناغی جێبەجێکردنە، واتە جێبەجێکردنی فاکتەکان، یاساکان و ئەو ناوەڕۆکانەی کە بە تەواوەتی لێی تێگەشتووین. بەدوایدا قۆناغی شیکردنەوە دێت، دەست دەکەین بە شیکاری هەموو ئەو زانیارییانەی وەرمان گرتووە و ئێستا بە جوانی لێیان تێگەشتووین. قۆناغی پێنجەم قۆناغی هەڵسەنگاندنە، ئەو قۆناغەی کە یەکلات دەکاتەوە لەسەر ڕاست و دروستی فاکتەکان. قۆناغی داهێنان دوا قۆناغە. بۆیە گەشتن بە بیرێکی داهێنەرانە گرێ دراوە بەوەی کە خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بیت. لێرەدا پێویست دەکات ئاماژە بەوە بدەین کاتێک کە باس لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەکەین مەبەستمان بیرۆکەکانمان نییە بەڵکو مەبەستمان شێوازی بیرکردنەوەکەمانە. چۆنیەتی بیرکردنەوەکە، ئەو قۆناغانەی کە پیایدا تێپەڕیوین، ڕاست و دروستی قۆناغەکان، بێ لایەن بوون و خۆ بە دوورگرتن لە بڕیاری تاکەکەسی، ئاڕاستەکردنی پرسیاری شیاو لە هەموو لایەنێکی بەشداربوو، گەڕان بە دوای وەڵامەکان و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەیان هەر هەمووی بە یەکەوە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی دادەنرێت کە پێی دەوترێت بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و دواجار بەرەو بیرکردنەوەی داهێنەرانەش ئاڕاستەمان دەکات. بەکورتیی، کەسێک خاوەنی بریکردنەوەی رەخنەیی بێت پرسیاری بنچینەیی و لۆژیکی سەبارەت بە ڕاستی و دروستی زانیاریی و زانینەکەی وەریگرتووە دروست دەکات. پاشان لە پێناو گەشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەست دەكات بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە داوی بابەتەکەدا. دواجار هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی خۆی بۆ بابەتەکە ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر ئەوە ئەدات کە ئەو زانیارییە وەربگرێت یاخود دوری بخاتەوە.

رەنگە هەڵە نەبم ئەگەر گومان بکەم لەوەی دۆخی کورد لە هەرێمی کوردستاندا لە زۆر شوێنی جیهان خراپترە بەشێوەیەک هێشتا ئێمە لە قۆناغی یەکەم و دووەمی بیرکردنەوەی رەخنەییداین. بەبێ تێپەڕاندنی ئەم دوو قۆناغە و گەیشتن لای کەم بە قۆناغی چوارەم و پێنجەم، ئەوا نە دەتوانین رابردووی خۆمان هەڵسەنگێنین، نە دەتوانین لە ئەمڕۆمان تێبگەین، کە هەردووکیان پێکەوە واتای ئەوەی بەشێکیش لە داهاتوو دەدۆڕێنین. بیرکردنەوەی رەخنەگرانە شتێکە دەبێت دابەزێتە ئاستی منداڵەکانمان و لای کەم لە قۆناغی سەرەتاییەوە بخوێنرێت و راهێنەری بەتوانا کاری لەسەر بکات، میدیاش بایەخی پێ بدات. زانیاریی فرە ڕەنگ لەمڕۆدا هەریەکەیان بە مەبەستێک و لە لایەنێکەوە بڵاو دەکرێنەوە و ژیانی منداڵەکانمانی خستۆتە مەترسییەوە. ئەمانە رۆڵی دایکان و باوکانیان لەم سەردەمەدا قورستر کردووە. پێویستە دایکان و باوکان هەڵسەنگاندنی ورد و بێلایەنانەیان بۆ بکەن و تەنانەت گەر نەشتوانین باوەڕە ڕاستەکە بدۆزینەوە لای کەم بتوانین ئەوەی دوور لە ڕاستی و لۆژیکە دایبپاچین و فڕێی بدەین.

هیچی تر هێندەی بیرکردنەوەی رەخنەیی هاوکارمان نابێت لەوەدا درۆ و راست لە یەکتر جیا بکەینەوە، خۆشبەختییمان بپارێزین و بڕیاری دروستی سیاسیی و دارایی و کۆمەڵایەتیی بدەین. گەر بە تەنها ڕۆڵی وەرگرێک ببینین لە بەرامبەر شەپۆلی زانیاریی ئەم سەردەمەدا، بەبێ ئەوەی بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ دیوی باش و خراپی بکەین، ئەوا وەک مشەخۆرێک کە تەنها وەردەگرێت و هەڵدەلوشێت کۆتاییمان تەقینێکی لە ناکاو دەبێت.

سەرچاوە:

David Robert، GOOD THINKING: Why Flawed Logic Puts Us All at Risk and How Critical Thinking Can Save the World, second edition, 2021

تێبینیی:


کوردستان تایمز فەندێکی لە رێکخراوی رۆزا لۆگزمبۆرگ لە ئەڵمانیا وەرگرت. بەشێکی فەندەکەی بۆ راهێنانی نوسین تەرخانکرد. بۆ ئەم مەبەستە پێنج خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی هەڵبژارد. خوێندکارەکان لەلایەن سێ مامۆستای زانکۆ و سەرۆک بەشەوە لە هەر سێ بەشی (ئابووریی، سینەما، فەلسەفە) پێشنیار کرابوون. وتارەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر نیاز نەجمەدیندا نوسراون. هاوکات لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئینگلیزییشدا هاوکاریان بووە. لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیاندا و بە شێوەی تیم، خوێندکاران ناونیشانی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە. پاشان رەشنوسی یەکەمیان ناردووە بۆ د.نیاز بۆ پێداچوونەوە. یەکێک لە کارەکان ئەوە بووە کە سەرپەرشتیار چەند پاراگرافێکی شوێنگۆڕکێ کردووە و خوێندکارەکە دەبوو بیانخاتەوە شوێنی خۆی. لە رەشنوسی دووەمدا رەچاوی تێبینییەکانی رەشنوسی یەکەم کراوە و نێردراوەتەوە بۆ د.نیاز بۆ دواپیاداچوونەوە. پێشکەشکردنی وتارەکانیان وەک سیمینار و بە ئۆنلاین لەگەڵ تیمەکەیاندا بەشێکی تری ۆرکشۆپەکان بووە. هەر لە میانەی ۆرکشۆپەکەدا، “رێبەری نوسین” خرایە بەردەستیان تا باشتر بزانن وتارەکانیان بنوسن. لە کۆتاییشدا تیمی کوردستان تایمز بە وتارەکاندا چۆتەوە.

بەشکردن: