دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان ئاڵنگارییەکی کلتوورییە

محەمەد ئەل-وائیلی

دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان پێویستە وەک ئاڵنگارییەکی زانستی و بە بەکارهێنانی شێواز و ئامرازی عەقڵانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە ئەم بۆچوونە پەسەند بکەین، ئەوا دەبێت پەی بەوە ببەین کە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی خزمەتگوزارییەکان لایەنێکی کولتووریشی هەیە و، بەبێ ئەو لایەنە، ڕێبازە زانستییەکە سەرکەوتنی سنووردار دەبێت.

خزمەتگوزاریەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە دابین دەکرێن

ڕێکخراوەکان، بە هەموو شێوە و قەبارەیەکەوە، لە هەموو شوێنێکدان و بە شێوازی جیاواز کاریگەرییان لەسەر ژیانمان هەیە. سیستمی سیاسیی ئێمە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. ئێمە پارتی سیاسیمان هەیە کە ڕێکخراون. ئێمە کەرتی گشتیمان هەیە کە لە ڕێکخراوەکان پێکهاتووە. ئابووری ئێمە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. بازرگانییە جیاوازەکان و بانکەکان و خزمەتگوزارییەکانی بیمە ڕێکخراون. کەرتی قازانجنەویست لە چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و سەندیکاکان پێک هاتووە کە هەموویان نوێنەرایەتی شێوەی جیاوازی ڕێکخراوەکان دەکەن. تەنانەت کۆمەڵگەکەمان دەکرێت وەک ڕێکخراوێکی زۆر ئاڵۆز سەیر بکرێت کە لە ڕێکخراوە لاوەکییەکان پێک هاتووە.

هەروەها خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە دەگەیەنرێنە خەڵک. ئاستی خزمەتگوزاریی پێشکەشکراو، لەلایەن دوو گروپی سەرەکییەوە دیاری دەکرێت: گروپێکیان لەناو ئەو ڕێکخراوەدا نیشتەجێیە کە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکات، کە نوێنەرایەتی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە دەکات کە خزمەتگوزارییەکە پێشکەش دەکات، گروپەکەی دیکەش لە دەرەوەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتی ئەو کڕیار و ڕاژەخوازانە دەکات کە لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند دەبن.

دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ژێر کاریگەریی کلتوورە ڕێکخراوەییەکاندایە

هەم ئەوانەی لە ناو و هەم ئەوانەی لە دەرەوەی ڕێکخراوەکاندان لە ژێر کاریگەریی کلتووردان. بە دەربڕینێکی سادە، کلتوور بریتییە لە بەها، ڕەفتار، نۆرم، باوەڕ و ئایدیاڵە پێکەوەییەکانی کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراو. بەزۆری ڕاژەخوازان لە ژێر کاریگەریی کلتووری فراوانتری کۆمەڵگادان، لە کاتێکدا ئەندامانی ڕێکخراوێک ‘کلتوورێکی ڕێکخراوەیی’ جیاوازیان هەیە کە تا ڕادەیەک جیایە لە کلتووری ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا کار دەکات، بەڵام هێشتا لە ژێر کاریگەرییدایە.

ئێدگار شاین، کە دەروونناس و تیۆریستێکی ڕێکخراوەییە، سێ چینی پێکەوەگرێدراوی کلتووری ڕێکخراوەیی پێشنیار دەکات.

١.  ئاسەوارە دەرکەوتووەکان. ئەمانە لایەنی بینراوی ڕێکخراوەکەن وەک بیناکەی، شێوازی جلوبەرگی ئەندامەکانی، یان پاکوخاوێنی فەرمانگەکانی.

٢. بەها پاڵپشتیکراوەکان. ئەمانە نوێنەرایەتی شتانێکی وەک ئەو ستانداردە ئاشکرایانە دەکەن کە ڕێکخراوەکە بانگەشەی پابەندبوونیان پێوە دەکات، ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە بڕیارە ئەندامەکانی پەیڕەوی بکەن و ئەو دروشمانەی کە سەرکردەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن.

٣. گریمانە بنەڕەتییەکان. ئەمانە ئەو بنەما ڕاستەقینانەن کە ڕێبەریی ڕەفتارەکانیان دەکەن و ئەو بیرکردنەوە و بۆچوونانەی نوێنەرایەتی چوارچێوەی بیرکردنەوەیان دەکەن. زۆرجار، نوێنەرایەتیکردنی بینراوی ڕێکخراوێک یان بەها ئاشکراکانی لەگەڵ گریمانە و بەها و باوەڕە بنەڕەتییە نائاشکراکانیدا هاوتەریب نین و ئەمەش کێشە دروست دەکات و بەربەست بۆ ڕێکخراوەکە دروست دەکات لە بەدەستهێنانی متمانەی کڕیار و ڕاژەخوازەکانیدا.

بە پیادەکردنی ئەوانەی سەرەوە بۆ پرسی خزمەتگوزارییەکان، ئەگەر فەرمانبەرانی وەزارەتێکی بەرپرس لە خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو بانگەشەی ئەوە بکەن کە یەکێک لە بەهاکانیان خزمەتکردنی باشی هاوڵاتیانە، بەڵام ڕواڵەتی دەرەکیی فەرمانبەران ناڕێک و پێک بێت، شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانیان ناڕێکخراو بێت، یان ئەو فەرمانگانەی کە بەکاریان دەهێنن پاکوخاوێن نەبن، ئەوا ئەگەری زۆر کەمە کە ئەم وەزارەتە خزمەتگوزاری باش پێشکەش بە هاووڵاتیانی بکات. بە واتایەکی تر، ئاسەوارە دەرکەوتووەکانی ئەم وەزارەتە چیرۆکێکی جیاواز لەبارەی ڕێکخراوەکەوە دەگێڕنەوە لەوەی کە ماڵپەڕەکەی یان بەرپرسەکانی بانگەشەی ئەنجامدانی دەکەن.

ئەگەر ئەو دروشمەی وەزیرێکی دیاریکراو دووبارەی دەکاتەوە بریتی بێت لە شەفافیەت و دەستپاکی، بەڵام خاوەنی فەرمانگەیەکی لەڕادەبەدەر بەباقوبریق و دەستوپێوەندێک بێت بە ٥٠ ئۆتۆمبێلەوە و جلوبەرگی شاهانە لەبەر بکات، لەکاتێکدا فەرمانگەکانی فەرمانبەرەکانی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە، ئەوا زۆر جێگەی پرسیارە کە ئەم وەزیرە بەڕاستی بەها بۆ شەفافیەت یان دەستپاکی دابنێت، جا بەرامبەر بە کارمەندەکانی خۆی بێت یان بەرامبەر بەو هاوڵاتیانەی کە بڕیارە وەزارەتەکەی خزمەتیان بکات. لێرەدا بەها پاڵپشتیکراوەکان تەواو جیاوازن لەو گریمانە و بەها ڕاستەقینانەی کە ڕێبەریی ڕەفتاری وەزارەتەکە دەکەن.

ئەگەر ئامانجی ڕاگەیەندراو گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری بێت بە هاوڵاتی، بەڵام کاتێک هاوڵاتی کێشەیەکی هەبوو و نەیتوانی پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە بکات کە بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، ئەوا ئەو گریمانە بنەڕەتیانەی کە ڕێبەریی کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دەکەن بریتییە لە لەپێشتردانانی ئاسوودەیی ئەندامەکانی لە سەروو پێویستیی ئەو هاوڵاتیانەی کە بڕیارە خزمەتیان بکات. ئەوەی کە مرۆڤەکان بەڕاستی چۆن ڕەفتار دەکەن و لە ڕاستیدا چی لە پێشتر دادەنێن، بە واتایەکی تر کلتووری ڕێکخراوەییان، دیاریکەری شێوازی کارکردنیان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانە بە هاوڵاتیان. ئەگەر ئەمەی دووەمیان گرنگیی ژمارە یەکی نەبێت، ئەوا خزمەتگوزارییەکان بە باشی پێشکەش ناکرێن.

دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ژێر کاریگەریی کلتووری گشتیدایە

ڕەفتار و بەهاکانی هاوڵاتیان، کە ڕەنگدانەوەی فەرهەنگی فراوانتری کۆمەڵگەیە، کاریگەری لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان هەیە.

کاتێک هاوڵاتیان چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە کارەبا یان ئاو بە خۆڕایی دابین بکرێت، هەرچەندە دەوڵەت بە زەحمەت دەتوانێت کەمترینی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی دابین بکات، ئەوا ئیتر ڕێی تێ ناچێت خزمەتگوزاریی شیاو بۆ هەموان دابین بکرێت. زۆر جار لە هەرێمی کوردستان یان بەشەکەی دیکەی عێراقدا بینیومانە کە چۆن هەندێک جار هاوڵاتیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و تەنانەت هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە خوێندنەوەی پێوەری کارەبا یان ئاو یان ڕادەستکردنی پسووڵەی خزمەتگوزارییەکان. بەرگریی ئاسایی لەم هەڵوێستە ئەوەیە کە “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەت گەندەڵە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش ناکات، بە تایبەتی کە ئێمە ساڵانێکە بەدەست ئەمەوە دەناڵێنین، دەوڵەت شایەنی هاوکاریی ئێمە نییە و کەمترین شت کە دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکانی بە خۆڕایی پێشکەش بکات.” دیارە ئەم ئارگۆمێنتە بێبەرهەمە و هیچ هاندەرێک نابێت بۆ هاووڵاتییەک بۆ دەستپێوەگرتنی وزە یان ئاو کاتێک ئەم خزمەتگوزارییە گرنگانەی بە خۆڕایی بەدەست بگات. لە ئەنجامدا بە دڵنیاییەوە قەیرانی خزمەتگوزاری ڕوو دەدات.

گۆڕینی کلتوورەکان ئەرکی سەرکردەکانە

بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی قەیرانی خزمەتگوزارییەکان، کلتوورەکانی ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکانمان پێویستیان بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە. ڕوونە کە گۆڕینی کلتوور ئەرکی سەرکردایەتییە، جا سەرکردەی ڕێکخراوەیی بێت یان سەرکردەی کۆمەڵایەتی و ئامانجی سەرکردەکان بریتییە لە بەشداریپێکردنی هەموان لە پڕۆسەکەدا.

پێویستە دەست بکەین بە جێگیرکردنی چوارچێوەی دروستی بیرکردنەوە لە قوتابخانەکاندا ئەگەر بمانەوێت نەوەیەک گەشە پێبدەین کە باوەڕیان بە پێویستیی پاراستنی سەرچاوە سروشتییە دەگمەنەکان هەبێت و  ئاڵگارییەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هەند وەربگرن.

هەروەها ڕێکخراوەکانیش دەبێت بگۆڕێن. پێویستە بیکەنە کاری لەپێشینە کە ئەوە فێری ئەندامەکانیان بکەن چۆن خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە پێشکەش بکەن یان بەکاریان بهێنن و چۆن کردارەکانی ئەمڕۆ کاریگەریی نەرێنیان لەسەر نەوەکانی داهاتوو دەبێت.

ئەمڕۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و لێکەوتە جیاوازە کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئابووری و ژینگەییەکانیان نیگەرانییەکی جیهانییە. هەموو جیهان لە برەوپێدانی پەروەردەدایە دەربارەی بەردەوامی و پاراستنی سروشتی و دۆزینەوەی سەرچاوە جێگرەوەکان بۆ وزە و سەرقاڵی پیادەکردنی گۆڕانکارییە پێویستەکانن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراو و کۆمەڵگاکانی ئێمە لەوەدا بە شێوەیەکی جێی نیگەرانی لە شکستدان. شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها شێوازی بەکارهێنانیان دیاریکەری یەکلاکەرەوەی ئەوەیە کە داهاتوومان چۆن دەبێت. ئەوەیە بڕیار دەدات ئایا ئێمە هەلی مانەوە بە نەوەکانی داهاتوو دەدەین یان تووشی شەڕ، کۆچی جڵەونەکراو، برسێتی، توندوتیژی و پەتاکانیان دەکەین، چونکە شکستهێنان لە پێشکەشکردنی بەردەوامی خزمەتگوزارییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی هەموو ئەوانە، مێژووی ئەم دواییەشمان ئەوە دەسەلمێنێت. خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەی عێراق تاڕادەیەکی زۆر ئیلهامیان لە نەبوونی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان وەرگرتووە. هەروەها شکستی دەوڵەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان پاڵی بە زۆرێکەوە ناوە کە دەستبەرداری سەروەری یاسا بن و بچنە ناو گروپە توندوتیژەکانەوە بۆ پێشێلکردنی ئەو یاسایانە. پێویستە هەمووان بەشداری بکەن لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی خزمەتگوزارییەکاندا. بە پێچەوانەوە هەموومان باجەکەی دەدەین.

بەشکردن: