تایفەگەریی، دەوڵەت و گەشەپێدان لە عێراقدا

د. نیاز نەجمەدین

لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی عێراق بە دارشەق دەڕوات بە رادەیەک کە زۆرینەی ئەم سەد ساڵە پرۆسەی گەشەسەندنی پەکخستووە، دواخستووە، یان پێچەوانە کردووەتەوە. ئەوەی دەوڵەت دروست نابێت بەو شێوەیەی تۆ هەست بکەیت ئینتیمایەکت هەیە بۆی، پێشینیەکی هەیە. بەڵام پێشینەیەکی ترسناک تا ئەو شوێنەی مرۆڤ هەست بکات دەرمانی ئەم نەخۆشییە هێشتا زۆری ماوە لە عێراقدا بدۆزرێتەوە، وایکردووە ئێمەی کورد بە دەستێک هەقی خۆمان بێت لەم دەوڵەتە دەترسین و بە دەستەکەی تریش خووی ئێمەشی تێکداوە و لە هەمان پرۆسەی وێرانکردنی وڵاتەکەدا بەشدارین.

لەگەڵ ئەمەشدا، تێگەیشتن لە مێژووی ئەم دەوڵەتە کە چارەنوسمان پێوەی بەندە، یارمەتیمان دەدات درەنگ یان زوو دەرمانێک بدۆزینەوە. دەوڵەت لە عێراقدا بە نزیکەیی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە. یەکەمیان، لە دامەزراندنییەوە تا روخانی پاشایەتیی. دووەم، لە پاشایەتییەوە بۆ روخانی بەعس. سێیەم، لە دوای بەعسەوە تا ئەمڕۆ. بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانم، کورتەیەک لەسەر هەر قۆناغێک دەخەمەڕوو.

دەوڵەت وەک کێڵگە

ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ کە تورکەکان کەوتن و هێشتا بەڕیتانیا دەسەڵاتی نەگرتبووە دەست، بۆ سەرۆک هۆزەکان (عەشیرەتەکان) کە بە شێخی عەشیرەت دەناسران، ساڵە ئاڵتونییەکان بوون بەو هۆیەوە باجیان لێ وەرنەدەگیرا. بۆشاییەکی سیاسیی دروست بووبوو، ئەوان سودیان لێ دەبینیی و یارییان تیادا دەکرد. بازرگانیی دەرەکییش کرایەوە و خواست لەسەر بەرووبوومی کشتوکاڵیی زیاد کرد. بەدوایدا، تاعونی داگیرکردنی چڕ و پڕی موڵکی گشتیی بڵاوبووەوە.

زەوی وەک پێدراوێکی ئیلاهیی (یان سروشتیی ئەگەر تۆ حەز دەکەیت) فاکتەری گەشەسەندن نەبوو، بەڵکو وەک حەننا بەتاتۆ نوسیویەتی، “بەبێ زەوی، شێخ نەیدەتوانی ببێت بە خاوەن عەشیرەت- بنەماڵە-. شێخێک زەویی نەبوایە، بنەماڵەکەی/بنەماڵەکانی رێزیان نەدەگرت و ئەندامەکانیان تاعەتیان نەدەکرد”، مەگەر گوتاری ئاینیی سەرپێ بخستایە کە ئەویش دواجار جۆرێکی تری شەرعییەتدان بوو بە داگیرکردنی موڵک. داگیرکردنی موڵک هێندە کارێکی ئاسان بوو کە وەک ئەفسەرێکی سیاسیی بەڕیتانیی نوسیویەتی: ” بیناکردنی بورجێکی دەویست لەناو جەرگەی ئەو پارچە زەوییەی دەیانویست داگیری بکەن، کە زۆربەی جار شەوانە دروست دەکران”. ئەگەر نا، موزەخەیەکت ببردایە، یان سوچێکی زەوییەکەت بکێڵایە، ئیدی کەس نەیدەتوانیی لێتبسەنێتەوە با لە بنەڕەتیشدا هەر وەک موڵکی دەوڵەت بوایە. تاعونەکە بە چەشنێک بوو شێخێکی وەک موحان خەیروڵڵا لە ماوەی ٣٠ ساڵدا (١٩١٩ بۆ ١٩٤٩) لە ٦٠ دۆنمەوە دەبێت بە خاوەنی یەک ملیۆن دۆنم.

ئەم تاعونە بەو شێوە سەرسوڕهێنەرە بڵاونەدەبووەوە ئەگەر دەوڵەت شلۆق و بنپوچ نەبوایە. وەک حەننا بەتاتۆ باسی کردووە، بەپێی نامەیەکی نهێنیی پاشا لە ١٩٣٣دا، سوپای دەوڵەت ٧،٥٠٠ سەربازێک دەبوو، لە ١٥،٠٠٠ چەکیش زیاتری نەبوو. شێخەکان زیاتر لە ١٠٠ هەزار چەکیان هەبوو. پاشا لەم دۆخە نیگەران بوو، لەبەرئەوە نا کە حەزی لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بوو، بەڵکو فراوانیی دەسەڵاتی شێخەکان بەو دیودا دەیکردە لاوازیی دەسەڵاتی خۆی. هات و ویستی یاسای سەربازیی زۆرەملێ (تەجنیدیی ئیجباریی) بسەپێنێت تا جوتیاران و پیاوانی شێخەکان راکێشێتە شارەکان و ژێر دەسەڵاتی خۆی.

دارشەقێکی دەوڵەت ئەو کاتە بەڕیتانیا بوو. بۆ بەڕیتانییەکان، شێخەکان تفت و تاڵ نەبوون بەو هۆیەوە نەیاندەهێشت دەسەڵاتی پاشا تا ئەو شوێنە گەورە ببێت حسابیان بۆ نەکات. دەشترسان گەورەبوونی ژمارەی دانیشتوانی شارەکان دەرگا لە بەردەم خۆپیشاندان و راپەڕین بکاتەوە، بۆیە یاسای سەربازیی زۆرەملێیان رەت کردەوە. بەپێچەوانەوە، شار و گوندەکانیان زیاتر لە یەکتر دابڕی بەوەی موڵکی زیاتریان خستە ژێر دەستی شێخە ملهوڕەکانیان.

لە کوێدا خۆر گەرمییەکی پڕوکێنەری بەخشی، ئیشەکە ئەوەیە دەوڵەت سێبەر بۆ هەمووان دروست بکات. لە راستییدا، دەوڵەت سێبەری کەمینەیەک بوو. دەوڵەتی عێراق خۆی وەک پارچە زەوییەک تەماشا دەکرا کە هەر کەس و لایەنێکی بەهێز بەشێکی بپچڕێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بیکێڵێت و کەپرێک، سەکۆیەک، خانوویەکی تێدا دروست بکات. هەر کە دەوڵەت کەمێک گەورەتر بوو، شێخە نەخوێندەوارەکان دەستیان کرد بەوەی ماڵێکی تیادا دروست بکەن، ئۆفیسێکیان تیادا دەستکەوێت و بە دڵی خۆیان بیبەن بەڕێوە. ئەمە نەبێت، چی سەلمان بەڕاکی شێخی ئەل-بوو سوڵتان لە حللە دەکات بە وەزیری کشتوکاڵ جگە لەوەی ماوەیەکیش ئەندام پەرلەمان بوو؟ زۆر شێخ و پیاوانی شێخەکانی تریش کران بە وەزیر. لە سەردەمی فەیسەڵدا، ١٩-٢٠٪ی کورسییەکانی پەرلەمان بەخشرا بە شێخەکان.

‘با’ی بەڕیتانییەکان لە کوێوە بهاتایە، شێخەکان لەوێوە شەنیان دەکرد. لە شوێنێکدا ‘با’ی بەڕیتانییەکانیان پێ نەگەیشتایە، ئیدی دەستیان دەکرد بە یاخیبوون، ئەمەشیان بە نیشتمانپەروەریی دەفرۆشتەوە. لێرەوە شتێکی تر بۆ کۆکردنەوەی ئەم شێخە رەنجاوانە و بۆ تێکەڵبوون بە یارییەکانی دەسەڵات بە فۆرمێکی تر پێویست بوو، ئەویش حزب بوو. یەکەمجار حزبی تەقەدوم لە ١٩٢٠دا دامەزرا کە وەک حزبێکی پەرلەمانی دەبینرا. بەڵام حزب لە بنەڕەتەوە لە عێراقدا بە هاریکاریی شێخ و سەرۆک خێڵەکان گەشەی کردووە و بەوە ژیاوە لە نێوان دەوڵەت و داگیرکەر و خێڵەکاندا یاریی بکات، نەیتوانیوە کایەیەکی سیاسیی مۆدێرن و جیاواز بێت. حزب رێگەیەکی نوێ بووە بۆ بەشداریی لە هەمان یاریی دەسەڵات لە کاتێکدا رێگە تەقلیدییەکانی وەک شێخایەتیی و دروستکردنی وێنەیەکی تەواو شێخانە و خێڵەکییانە بەکەڵکی ئەو گروپە نەهاتووە. حزبی ‘برایانی نیشتمانیی” کە یاسین هاشمیی و رەشید عالی گەیلانی لە ١٩٣٠ بەناوی دژایەتیی رێکەوتننامەی بەڕیتانیی-پاشا دروست کرا، گروپێکی لە شێخە دیار و چالاک بەڵام دڵشکاوەکانی بۆ لای خۆی راکێشا. دۆخی ئاسایی ئەوە بوو شێخێک لە دەوڵەت یان بەڕیتانییەکان نیگەران بوایە، دەچووە پەنا حزبێک. لە کۆی ٤٨ ئەندامی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی حزبی ‘ئیتیحادی دەستوریی’، کە نوری سەعید لە ١٩٤٩دا دایمەزراند، ١٨ ئەندامیان سەرۆک خێڵەکان بوون.

لە سەردەمی جیاوازدا دەسەڵاتی شێخەکان دەمرێت، بەڵام ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان زیندووی دەکاتەوە. لە ١٩٣٠کان، کۆچ بەرەو شارەکان دەسەڵاتی شێخەکان لاواز دەکات. بەڵام گەورەبوونی شار (لەوانە بەغداد) وای کرد پاشا بترسێت لەوەی بزووتنەوەی نوێ (بەتایبەت شیوعییەکان) زەفەری پێ بەرن، دێت و لە ١٩٤٠کاندا شێخ و بنەماڵەکان فوو تێدەکاتەوە. بەڵگەیەک لێرەدا چۆنێتیی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانە. ئەگەر تا ١٩٣٧ لە نێوان ١٩٪ بۆ ٢٠٪ی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ شێخەکان بوون، ئەوا زیادی کرد بۆ ٤٠-٤٢٪ لە سەردەمی پەرلەمانی نوری سەعیددا. تەنانەت لە ١٩٥٤ و ١٩٥٨دا لە کۆی ١١٩ و ١٤٥ کورسی پەرلەمان یەک لە دوای یەک، ٥١ و ٥٨ کورسیی بۆ شێخەکان بوون یەک لە دوای یەک.

ئیدی دەوڵەت کەوتبووە نێوان بەرداشی داگیرکەر و هێزە بچوکە لۆکاڵییەکان و فەرمانڕەوایانی دەوڵەتەکەوە، نە دەیتوانیی و نە دەیویست نوێنەری گەل و وەکیلی گەشەسەندن بێت، بەڵکو کێڵگەیەک بوو هەر هێزێک تیایدا بێڵێکی هەبوو. لێرەدا ژیان دەبێت بە یاریی، بەڵام یارییەکی ناشیرینی پڕ فێڵ و فاوڵ. یارییەک چەند تیایدا قوڵ ببیتەوە زیاتر فێری دەبیت، ئالودەی دەبیت، چێژ دەبینیت لەوەی دەیبەیتەوە و ملدەشکێنیت. ئەم یارییە ناشیرینەیە کە تا ئەمڕۆ و لە فۆرمی تردا باوە، کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر مەرگی ئینتیما لای گەل و هێندەی تر دەوڵەتی لاواز کردووە.

بەسەرهاتەکەمان سەبارەت بە شکستی دەوڵەتی عێراق لە پرۆسەی گەشەپێدانی ژیانی مرۆڤی عێراقییدا گەیشتە ١٩٥٠کان. یەکەم دەیەی بیرکردنەوە لە پلاندانان و گەشەسەندن بە چڕ و پڕی لێرەوە دەست پێ دەکات. بەڵام کێ سەرکردایەتیی گەشەسەندن بکات؟ دەوڵەت، بەتایبەت کە لاوازیی بازاڕ و کەرتی تایبەت ببووە پاساو. ئەو سەردەمە باو باوی پلانی چوار ساڵە بوو. لەو کاتەشەوە پرسی هەمەڕەنگکردنی ئابووریی دەستیپێکرد.

خەونەکان گەورە و سەرچاوەکان کەم، هێز و ململانێکان زۆر و دەسەڵاتی پلاندانەر بچوک. ‘دەستەی گەشەسەندن’ لە ١٩٥٠دا بۆ ئەم مەبەستە دروست دەکرێت. دونیابینیان لەو سەردەمەدا لەوە تێنەپەڕیوە کە داهاتی نەوت بخرێتە ژیر دەسەڵاتی ئەم دەستەیە و ئاراستەی وەبەرهێنانی حکومیی بکەن. عەباس نەسراوی بە دوورودرێژ لەسەر ئەم پرسە دەوەستێت. وەک ئەو روونی دەکاتەوە، تێگەیشتنی ئەو سەردەمە هەر ئەوەندە بوو کە ملیۆن و نیوێک دینار لە کۆی ٣٠ ملیۆن بۆ کشتوکاڵ تەرخان دەکەن، ئەویتری بۆ ئاو و ئاوەڕۆ. لەو لاشەوە پیشەسازیی فەرامۆش دەکرێت. بەبێ کشتوکاڵ، ئەستەمە هاوردە کەم بکرێتەوە و هەناردە زیاد بکرێت، پاشەکەوت بکرێت و بخرێتە وەبەرهێنانی نوێوە،  دەرفەتی کار دروست بکرێت و ئاسایشی خۆراک بپارێزرێت، کەچی حکومەت وەک ئەوەی باوكێکی دڵڕەق بێت و بایەخ بە تاقانە کچەکەی نەدات لەبەرئەوەی بە خێرایی پارەی بۆ پەیدا ناکات، ئاوا هەمیشە پشکی ئەم سێکتەرە لە بودجەی گشتیی کەم دەکاتەوە. گەشەی کشتوکاڵ وابەستەی ئەوەش بوو کە زەوی کشتوکاڵیی بە دەست کەمینەیەک لە خاوەنموڵکەکانەوە بوو. لە ١٩٥٢-١٩٥٣، لە کۆی ٥٦٪ی زەوی کشتوکاڵیی (نزیکەی ١٤.٥ ملیۆن دۆنم)، ١٣ کەس خاوەنی ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دۆنم بوون، ٢١ کەس نزیکەی ١٠٠-٢٠٠ هەزار دۆنمیان بەدەستەوە بووە، دوو کەسی تری زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنمیان هەبووە بۆ هەر کەسێک. ئەم خاوەنموڵکانە نە تەواوی زەوییەکانیان بەکارهێناوە و نە خزمەتی بەرهەمداریی جوتیارەکانیان کردووە، لە کۆتایی وەرزی چنینەوەشدا نیوە یان لە حەوت بەش یەک بەشیان بە جوتیارەکانیان بەخشیوە، بۆیە زۆربەی کات جوتیارەکانیان خستبووە ژێر قەرزەوە، ئەمانەش کردبوونی بە کۆیلەیان. کۆیلەش چی فێردەبێت و دەتوانێت چی ئیزافەیەکی هەبێت بۆ باشکردنی ژیانمان؟ بێگومان هیچ. ئەوە دۆخی باپیرانمان بووە کە ئێمەیان لێ جێماین.

لە چوار بەش سێ بەشی هێز کار جووتیاران بوون، زۆرینەیان هەژار بوون و وای کردبوو پیشەوارانیش، واتە کەرتی پیشەسازیی، بازاڕی نەبێت. کۆتاییەکەی لاوازبوونی پیشەسازییش بوو. بەدرێژایی ئەو ماوەیە، دەستەی گەشەپێدان تەنها ناوەکەی گۆڕا بە وەزارەتی گەشەپێدان، کاریگەرییەکەی گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەرنەهات بەو هۆیەوە لە ژێر دەسەڵاتی بڕیاربەدەستانی سیاسییدا بوو، لەوانە نوری سەعید کە لە ١٩٥٧تدا لە وتارێکیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد شێخەکان کۆمەڵگە پێشدەخەن، بەڵام شیوعییەکان لێیان تێکدەدەن.

دەوڵەت وەک گۆڕەپانی جەنگ

گەمژەیی دەسەڵاتدار لەوەدایە نازانێت لە پرۆسەی کۆیلەکردنی هەموو کەسێکدا، خۆی ئالوودە و کۆیلەی کورسییەکەی دەبێت. چەقین لەو دۆخەی سەرەوەدا سەری دەوڵەتی پاشایەتیی خوارد لە ١٩٥٨دا. رژێمی کۆماریی دامەزرا و عەبدولکەریم قاسم بۆ پێنج ساڵ دەسەڵاتی گرتەدەست.

عێراقێکی فیۆداڵ لە لایەکەوە، بە پاشکۆیەتییەوە بۆ نەوت و داگیرکەر لە لایەکەی ترەوە، بە کەرتێکی گشتیی گەندەڵەوە کەوتە دەستی عەبدولکەریم قاسم، پاشان دوو عارفە براکە و دەست بەعسییەکان. کابینەکەی قاسم باوەڕی بە پلاندانان هەبوو، بەڵام ئەمجارە پلانەکە ئەوە بوو سیستمی دەستبەسەراگرتنی زەویی لە ناوەوە کۆتایی پێبهێنرێت، لە دەریشەوە ئیمپریالیزم دەربکرێت و پەیوەندیی بازرگانیی فراوان بکرێت، وڵاتانی عەرەبییش ئاشت بکرێنەوە. کەرتی گشتیی بەهێز بکرێت و کەرتی تایبەتیش پشتیوانیی بکرێت.

یەکەم شت لە دەسەڵاتی داگیرکەر بدەیت ئەوەیە دراوی وڵاتەکەت نەبەستیتەوە بە دراوی ئەوانەوە. قاسم وایکرد: دیناری لەوە رزگار کرد ببسەترێتەوە بە پاوەندی ئیستەرلینگییەوە. دووەم هەنگاو ئەوە بوو بڕیاری دەرکرد کە هیچ خاوەنموڵکێک نابێت لە هەزار بۆ دوو هەزار دۆنم زەوی هەبێت، ئەوەی تری لێ وەردەگیرێتەوە و قەرەبوو دەکرێتەوە، جوتیاریش دەبێت بە خاوەن ٣٠ بۆ ٦٠ دۆنم. هەناردەی هەمەڕەنگتر کرد، بەمەش ئابووریی عێراق هەنگاوێکینا لەوەدا ئەگەر نرخی نەوت دابەزی، شتێکی تری هەبێت بیفرۆشیت و داهاتی لە بازاڕی جیهانییەوە بۆ بهێنێتەوە.  قاسم هەڵەی کرد لەوەی زۆر بە خێرایی خەرجیی لەسەر کشتوکاڵ کەمکردەوە و زۆری لەسەر پیشەسازیی خەرجکرد، بەڵام ناسەقامگیریی سیاسیی، یاخبوونی کورد لە ١٩٦١ و دواتر کۆدەتاکەی ١٩٦٣ بەرهەمی پلانەکانی بە یەکجاریی لەناوبرد بەتایبەت کە خەرجیی سەربازیی بەناچاریی دەبوو لەسەر حسابی خەرجیی لەسەر سێکتەرە ئابوورییەکان زیاد بکات. ئیدی دەوڵەت بەرەو دەوڵەتێکی پۆلیسیی هەنگاوی نا، ئەمجارە هێواش هێواش ئەفسەرانی سوپا دەهاتنە سەر پێشەوەی شانۆی سیاسیی. دەبێت ئەوە بڵێم کە تەمەنی کابینەکەی قاسم سێ ساڵان بوو کاتێک سەرکردایەتیی کورد یاخیبوونی راگەیاند و کێشەی بۆ دەوڵەتی ناوەند نایەوە (بۆ بیرخستنەوە: پانزە ساڵ دوای راپەڕینیش، سەرکردایەتیی کورد هەر دەیوت حکومەتەکەمان ساوایە!). رەنگە ئەوەی کافیەی دایکی قاسم کوردێکی فەیلی بوو کاریگەریی هەبووبێت لەسەر سۆزی قاسم بۆ کورد، بەڵام سەرکردایەتیی کورد لەو کاتەدا سودی لەم دەرفەتەش نەبینیوە و بە هەڵەدا رۆشتوون. یاخیبوونی سەرکردایەتیی کورد زۆری لە پەیوەندیی کورد و دەوڵەتی ناوەند گۆڕی بەشێوەیەک پردێکی پتەوی متمانە لەو نێوانەدا روخا و کاریگەریی نەرێنییشی لەسەر ئەو پردانەی پەیوەندیی کە دواتر هەوڵ دەدرا بینا بکرێت، جێهێشت. لە کاتێکدا ئەمە دەلێم، ئەوەم لە بیرە کە قاسم خۆی ئەفسەرێکی سوپا بووە و بە کۆدەتا دەوڵەتی گرتووەتە دەست.

حوکمی عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارفی برای لە ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٨ هەمان رێچکەی سەربازیی بوو، ئەگەرچی لە رووی ئابوورییە درێژەیان بە پلانەکانی قاسم دەدا، بەڵام بە کۆدەتای سەربازیی و دەستبەتاڵ لە رووی پلانی گەشەسەندنەوە کۆتاییان هات.

هاتنی بەعسییەکان بە شەپۆلی دووەمی ناسیۆنالیزم دادەنرێت (نەوەی یەکەم دژی عوسمانییەکان بوون بەڵام تەسلیمی بەڕیتانییەکان بوون). ئەم نەوەیە سۆشیالیزمی عەرەبیی وەک ئایدیۆلۆجیایەک رادەگەیەنن بەو واتایەی سۆشیالیزمێکی خۆماڵییە و لەوەی مارکس و لینین ناچێت، پشت بە میراتی عەرەبیی و یەکگرتوویی عەرەب دەبەستێت با لە رووی چینایەتییشەوە جیاواز بن، رۆحی ئیسلامییشی بۆ گرنگە بەو واتایەی باوەڕی بە میراتیی و موڵکداریی تایبەتیی هەیە. دەوڵەت لە توانایدا لە دابەشکردندا کێشەی چینایەتیی چارەسەر بکات. هەر لە سەرەتاوە دەبینیت کە بەعس لەسەر دنیایەک ناکۆکیی ئاینیی و نەتەوەیی و هزری ئابووریی بیناکرابوو، هەر یەک لە رەنگێک و نەیدەزانی چۆن تێکەڵیان بکات.

لە ئاستە ئابوورییەکەدا، سۆشیالیزمی عەرەبیی هیچی تر نەبوو جگە لەوەی دەوڵەت هەموو شت بێت. بەو پێیەی دەوڵەت وابەستەی حزبە تاقانەکەی بەعسە، ئەوا دەوڵەت کورتدەبێتەوە بۆ حزب. بەو پێیەی حزبیش وابەستەی سەرۆکە، ئەوا دەوڵەت بەر لە هەموو شت ماڵی سەرۆکی حزبە و بە کەیفی خۆی بڕیاری تیادا دەدات.

عەباس نەسڕاوی ورد باسی ئەوە دەکات کە لە پلانی ئەمجارەی گەشەپێداندا، حکومەت کۆدەتای بەسەردا ناکرێت و سەقامگیرە لەناوەوە. عێراق ئەزمونێکی دوورودرێژی پلاندانانی هەیە و سەرچاوە داراییەکانیش فراوانترن. پلانی نوێش دەیویست گەشەی ئابووریی بە ٧.١٪ کەمتر نەبێت، بۆ ئەمەش کشتوکاڵ و پیشەسازیی بایەخ پێدەدات و دەیەوێت لە پاشکۆیەتیی نەوت رزگاری بێت. لێرەوە پلانی چوار ساڵە و پێنج سالە دەخاتەگەڕ. بەڵام دیسانەوە وەک پلانەکانی پێشووتر، ئەوەی لە بودجەدا تەرخان دەکرێت لە واقعدا خەرج ناکرێت. پشکی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتیش لە کۆی وەبەرهێنان (نزیکەی ١،١٤٤ ملیارد دیناری عێراقیی) کە وەزارەتی پلاندانان بۆ هێنانەدیی گەشەی ٧.١٪ لە پلانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤ تەرخانی کردبوو، لە ٢٥٪ تێناپەڕێت (لە پلانی پێشوتردا نزیکەی ٢٨٪ بوو). رێژەی لە ٧٥٪ەکەی تر دەبوو حکومەت و کارگەکانی دابینی بکەن. بەم واتایە، هێشتا کەرتی تایبەت گەشەی نەکردبوو، یان دەتوانین بڵێین دەوڵەت هەژمونێکی بەرچاوی بەسەر ئابوورییەکەدا هەبوو. هەردوو کێشەی خەرجنەکردنی بوجەی تەرخانکراو و کەمیی رێژەی وەبەرهێنان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بەتایبەت دوای خۆماڵییکردن، لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار بەهۆی هەرەسی سیستمی بریتن وودسەوە، شۆڕشی ئێرانیش لەولاوە، عێراقی خستە پلەی دووەم هەناردەکاری نەوت لەناو ئۆپیکدا. داهاتی نەوت لە ٢٨٠ ملیۆن دینارەوە لە ١٩٧٠ بۆ ٢،٤ ملیارد دینار لە ١٩٧٥دا بەرز بووەوە. ئەگەرچی ئەمجارەش نزیکەی ٤٠٪ ی ئەو بودجەیەی لەم ماوەیەدا تەرخان کرابوو، خەرج نەکرا، بەڵام لەبەرئەوەی داهاتەکە زۆر زیادی کردبوو، ئەمجارەیان زۆر گرفتی بۆ ئەدای سێکتەرەکان دروست نەکردبوو. بەڵام یەک شتی نوێ لەو کاتەدا بەسەر ئابوورییەکەدا هات کە تا ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنین، ئەویش ئەوە بوو بەپێی پلانەکە نەدەبوو کۆی داهاتی نەوت لە ٢٤٪ی کۆی داهاتی نیشتمانیی زیاتر بێت، کەچی گەیشتە کەمێک زیاتر لە ٦٠٪ی داهاتی نیشتمانیی لە ١٩٧٤دا، ئەگەرچی جەنگ لە ١٩٨٠دا دایبەزاند. ئەم ئیختیلالە هەیکەلییە تا ئەمڕۆ چارە نەکراوە.

بیناکردنی دەوڵەتی نەوتیی، مەسڕەفکردن و قەرزکردن تا کاریگەریی شەڕ بشاردرێتەوە، بەدوایدا جەنگی کەنداو بابەتگەلی ناسراون و لێرەدا پێویست ناکات دووبارەیان بکەمەوە، بەڵام یەک تێبینیی بە گرنگ دەزانم تۆخی بکەمەوە: لە کۆدەتای سەربازیی ١٩٥٨ەوە تا گەمارۆی ئابووریی دەکرێت بڵێین قۆناغێکە ئیدی دەسەڵاتی شێخەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی لەبەردەم ئەفسەرانی سوپادا پاشەکشە دەکەن. ئیدی یارییە ناشیرینەکانی جەنگ وادەکەن کێشمەکێش و شەڕ بچێتە ئاستێکی باڵاتر لەوەی شێخەکان پێی بوێرن و هەیمەنەی تیادا بکەن، پۆستاڵ لەپێ و داڵ و ئەستێرە لەسەر شان ئەمجارە هەموو شتە.

گەمارۆ و زیندووبوونەوەی تایفەگەریی

ئەوەی گرنگە بۆ ئەم باسە سەردەمی گەمارۆ و زیندووبوونەوەی تایفەگەریی و مەزهەبگەرییە کە جارێکی تر خێڵ و تایفەگەریی لەسەر حسابی لاوازبوونی دەوڵەتێک بۆ گەشەپێدان، دەبوژێننەوە.

باسم یوسف زیرەکانە ئەوە رووندەکاتەوە کە لە سەردەمی گەمارۆدا، تایفەگەریی تۆختر بووەوە. دابەزینی ئاستی گوزەران یەکێکە لەو هۆکارانەی ململانێ بەهێز دەکات. بۆی هەیە هەژاران زۆر بە ئاسانیی بئاڵێنە ململانێوە بەهۆیەوە تێچووی هەلی بەدیلی کەمە: ئەوان چی لە دەست دەدەن کە خۆیان وا خەریکە لە برساندا دەمردن؟

بە نرخی ١٩٩٢، تێکڕای داهاتی تاکەکەس لە نێوان ١٩٩٠ و ١٩٩٢ بە ٧٢٪ دابەزی. ئەم دابەزینە تا ١٩٩٦ بە لای کەمەوە بەردەوام بوو. ئاسایشی خۆراک کەوتە مەترسییەوە، بەدخۆراکیی بڵاوبووەوە و خەڵکەکەی نەخۆش خست. تکریتییە بەعسییەکان خاوەنی دەوڵەت بوون، کە لەلایەن شیعەوە وەک دوژمن سەیر دەکران. سوننەش بۆ یەکەمجار ترسی لێ نیشتبوو کە ئەگەر دەسەڵات گۆڕانی بەسەردا بێت، رەنگە پەراوێز بخرێن.

لێرەدا بە کۆمەکی باسم یوسف فلاشێک لە مێژووی کێشەی سوننە و شیعە دەدەم.

شەڕی سوننە و شیعە ئەگەرچی کۆنە، بەڵام سەرەتاکەی لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە کاتێک ژمارەیەکی گەورەی هۆزە سوننییە  کۆچەرییەکان/بەدەوییەکان (nomadic population) وەرچەرخان بۆ شیعە دوای ئەوەی کەناڵی سوێس کرایەوە، بازرگانی فراوان بوو و رسقیانی بڕی، عوسمانییەکانیش کۆمەڵێک یاسایان بۆ بەکارهێنانی زەوی (خاک) دەرکردبوو کە مەبەستێکیان ئەوە بوو ئەم هۆزانە جێگیر بکەن و بیانخەنە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵات و یاسای باجی خۆیانەوە. بەدەوییەکان (کۆچەرییەکان) نیشتەجێی ئەو ناوچانەبوون کە نزیکی شوێنی نیشتەجێی شیعەکان بوو، لەناویشیاندا نەجەف و کەربەلا. لە ١٨٦٧دا (واتە سەدەی نۆزدە)، نزیکەی ٣٥٪ی کۆی دانیشتوانی عێراق (١،٣ ملیۆن کەس) کۆچەرییەکان پێکیاندەهێنا. تەنانەت تا ساڵی ١٩٠٥ نزیکەی ١٧٪ی دانیشتوانی عێراقیان (٢،٣ ملیۆن کەس) پێکدەهێنا. تا سەرەتای سەدەی بیستەم، لە عێراقدا سوونە بە ژمارە زیاتر بوون لە شیعە. ئیدی بە نزیکەیی لە دوای دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە، زۆربەی کۆچەرییەکانیش لە شار و گونددا جێگیر بوون. لێرە بەدوا، دانیشتوان دابەشی سەر شار و دەرەوەی بوون، بۆ نموونە لە ١٩٣٠دا نزیکەی ٦٠٪ی دانیشتوان لە دەرەوەی شارەکان بوون. بەڵام وەک وتم زۆربەی کۆچەرییەکان بە حوکمی جوگرافییا وەرچەرخان بۆ شیعە. ئیدی رێژەی عەرەبیی شیعە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە زۆرینەی پێکهێنا، بەڵام لەناو دەوڵەت و دەسەڵاتدا، رێژەی سوننە زیاتر بوو. لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە کە دەترسان شیعەی عێراق هاوکاری دەوڵەتی فارس بن، غەدر لە شیعە کراوە ئەگەرچی خاوەن موڵکی گەورەیان هەبووە و سوننەیەکی زۆریش هەژار بوون. بەڵام غەدر وەک شەڕی سوننە و شیعە سەیر نەکراوە، بەڵکو وەک بێزاریی شیعە بەدەست دەوڵەتەوە بینراوە و هەبووە.

لە توێژینەوەیەکدا بەناوی ‘بەخەبەرهاتنەوەی مەزهەبگەریی”، فەنار حەداد نوسیویەتی:

“تایفەگەریی، یان مەزهەبگەریی، بەر لە ٢٠٠٣ بابەتی پەیوەندیی دەوڵەت و شیعە بوو، نەک شیعە و سوننە”. بەر لە ٢٠٠٣، سوننە هەرگیز هەستی بەوە نەکردووە کە وەک مەزهەبێک قوربانییە. سوننە خۆیان وەک مرۆڤی ئاسایی سەیر کردووە، وەک چۆن سپیپێستەکان خۆیان بە سروشتیی دەزانن و رەشپێست بە نامۆ. بۆیە شتێک نەبووە ناوی ‘منی سوننە” و “ئەوی شیعە” بێت.

بەهەرحاڵ، گەمارۆ کۆچی بە کۆمەڵی دروست کرد، سەدان هەزار خەڵکی بەتوانا و بیرکراوە وڵاتیان جێهێشت. ترس و برسێتیی وایکرد سەرلەنوێ خەڵک خۆیان بخێزننەوە ناو بنەماڵە و ئینتیما بچوکەکان تا پارێزراوبن. وەک سامی زوبەیدییە دەڵێت ئەوانەی داوای سەرۆکێکی بەهێزیان دەکرد تا ئاشتیی بگێڕێتەوە و سەقامگیریی لە عێراقدا بچەسپێنێت، هات و هیچی تری نەکرد جگە لەوەی تایفەگەریی و ئاژاوەی فراوانکرد (بڕوانە باسم یوسف).

دوای روخانی بەعس، پلانی ئەمریکییەکان و هێزە لۆکاڵییەکان کە تا ئەو دەمە ئۆپۆزسیۆن بوون و دواتر بوون بە بەرەی دەسەڵات (بە هەمان شێوەی بەڕیتانییەکان لە دژی پیاوانی عوسمانییەکان کاتێک ئیمپڕاتۆریەتەکەیان روخان!) رۆڵێکی گەورەی بینی لە زیندووکردنەوەی کێشەی تایفەگەریی و مەزهەبیی لە عێراقدا. نزیکەی نیو ملیۆن سەرباز لە سوپا خانەنشین کران. رێژەی بێکارییش هێشتا ٢٦.٨٪ بوو. لێرەوە، بازاڕی کاری میلیشیاکان بوژایەوە، دانە دانە بۆ خۆژیاندن و خۆپاراستن بوون بە ئەندامیان. ئەوەی گەشەی کرد بازاڕی ئازاد بە پێشەنگێتیی کەرتی تایبەت نەبوو وەک ئەمریکییەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد، بەڵکو کەرتی تایبەتی سەربازیی(میلیشیایی) بوو. ئەم میلیشیایانەش وەک رزگارکەری عێراق جێی دەوڵەتیان گرتەوە. یان لای کەم وەک هێزێک لە دەرەوەی دەوڵەت وەستان. جگە لەمەش، نزیکەی ٣٠ بۆ ١٢٠ هەزار مامۆستا و پزیشک لە پرۆسەی ‘نابەعسییکردنەوە’دا دەرکران، کە زۆربەیان سوننە بوون. ئەم پۆزەشنانە پتر بە شیعە و کورد پڕکرانەوە کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوون، گڕی بە سوننەوە نا و هەستیان بەوە دەکرد ئەم سیاسەتە لە دژی ئەوانە.  لە دوای ٢٠٠٣ەوە بازنەی توندوتیژیی و تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی ئاسایش شوناسی سوننەی بەرامبەر شیعە وروژاند، وایکرد عەرەبی عێراق بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان وەک تاکێک بەستەوە بە بەرژەوەندییان بە مەزهەبێکەوە. دەکرێت ئەم قۆناغە ناوبنێین  قۆناغی “فشکردنەوەی باڵۆنی دەوڵەت” تیایدا ئەمریکییەکان دەیانویست بە ئایدیای “بازاڕی ئازاد” لە ناوخۆ و لە بازرگانیی دەرەکییدا چارەسەری ئەو هەموو کێشەیە بکەن لە سەرەوە باسم کردوون. ئەم ئایدیایە تا ئەمڕۆ شکستی، هێناوە بەڵام بوار نییە زیاتری لەسەر بڵێم.

گڕی تایفەگەریی لە عێراقدا بەبێ ئێران و دەوڵەتە ناوچەیی و جیهانییەکانی تر هەڵنەدەگیرسا، کە بەشی زۆری لەبەر ئەوە بوو لەسەر لاشەی داڕزیوی دەوڵەتی عێراق خۆیان بژێنن و نەشهێڵن عێراقێک دروست ببێت رکابەریان بێت.

کورد و دەوڵەتی مەرکەزیی

بەدەر لە شێخ و مەزهەبگەریی و تایفەگەریی، لە عێراقدا وەک زۆر شوێنی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شوناسی نەتەوەییش بەهێزە و بانگەوازی سەربەخۆیی دەنگێکی بەرزە،  چونکە ئەم ئیتنیکانە خۆیان بە خاوەن مێژووی هاوبەش و جیا لە ئیتنیک و نەتەوەی تر دەزانن. وەک محەمەد و کریستیی دەڵێن: “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماڵی نەتەوە، ئیتنیک، ئایین و کەمینەی ترن، بۆیە زۆر ناچوونیەکە. مامەڵەی ئەم کەمینانە لەلایەن حکومەتەکان و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاماژەیەکە بۆ شکستی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پرۆسەی سازاندنی دەوڵەتی نیشتمانیی”.

کورد یەکێکە لەو میللەتانە، مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدانی هەیە کە پتر وەک شکستی دەوڵەتی عێراق سەیر دەکرێت. ئەگەر سوننە لەوە دەترسا شیعە هەستێتەوە و ئەوان بچوک بکاتەوە، ئاواش ترسێک هەیە لەوەی کورد درەنگ یان زوو هەستێتەوە و تۆڵەی مێژوویی خۆی بکاتەوە.

ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە دەوڵەتی عێراق مێژوویەکی هێندە ترسناکی هەیە هەرگیز ناکرێت هەق بە کورد نەدەین لە دەوڵەتی مەرکەزیی نەترسێت، بەتایبەت کە وەک وتم مەرکەزییەت بریتیی نییە لە مەرکەزیەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هێندەی مەرکەزیەتی تایفەیەک، حزبێک، سەرۆکێکە زۆربەی جار وەک دەڵێن “شێری ماڵەوە و رێویی دەرەوەیە”. بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیش دەگوزەرێت، بەشێکە لەو یارییە ناشیرینەی لە مێژووی عێراقدا نەیهێشتووە وڵاتەکە سەقامگیر بێت و رۆڵی دەوڵەتی تێکداوە. باسی ئەوە ناکەمەوە کە بزووتنەوەی کوردایەتیی هەر لە سەرەتاوە خۆی تێکەڵ بە خێڵ و شێخایەتیی بووە و زۆر لەو سیناریۆیانەی لە عێراقدا هەبوون لە هەرێمی ئێستای ئێمەشدا هەبوون بە دروستبوونی حزب و حکومەتیشەوە. رەنگە ستەمێکم نەکردبێت ئەگەر بڵێم تەنانەت بەشێک لەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، هیچی تر نین جگە لەوەی کۆمەڵێک شێخ و سەرۆک خێڵن و ئەمجارەیان بەرگی کۆمپانیایان پۆشیوە بەو هۆیەوە چیتر خێڵ و شێخایەتیی وەک جاران پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی سەرنجڕاکێشی نەماوە.

بۆ ئێستا و داهاتووی نزیکمان، دەپرسم:

ئێمە چیمان لە دەوڵەتی عێراق دەوێت؟ ئەگەر مەرکەزییەتمان ناوێت، ئەی چیمان دەوێت؟ بانگەشەی دژایەتیی دەوڵەتی مەرکەزیی لە هەرێمەوە کەمتر بۆ ئەوەیە دەوڵەتێکی نامەرکەزیی بچەسپێت و گەشەپێدان لەناو رۆتیندا نەخنکێت، یان لەبەر ئەوە بێت دەوڵەتێک هەیە ترسناکە و لەگەڵ زیندوو بووەوە ئیدی کورد لەناو دەبات، بەڵکو ئەوەی لەم ساڵانەی رابردوودا هەبووە جۆرێکە لە دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا. لەمەش خراپتر، چەند حکومەتۆچکەیەکی کوردیی هەن لەناو دەوڵەتێکدا. لە عێراقدا لای کەم سێ حکومەت هەیە، حکومەتی عێراق، حکومەتی زەرد و حکومەتی سەوز. دەتەوێت ئەم حکومەتۆچکانەی شارەکان بە کەیفی خۆیان پلاندانێن؟ بەشەیتانکردنی مەرکەزییەتی دەوڵەتی عێراق لە راستییدا بۆ درێژەدانە بەم جۆرە حکومەتۆچکانەی شار کە هەر یەک پلانێکی بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی هەیە.

بە دیوەکەیتردا، ئەم ستایڵی حکومڕانییە نابێت بە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی نامەرکەزیی، بەڵکو وەک دووپشک پشتی تەقیوە و چەندین دووپشکی تری لێ هاتووەتە دەرەوە بەشێوەیەک هەر یەک بۆ خۆی هێزێکە. ئەم جۆرە حکومەتۆچکانە نە باج و گومرگیان پێ دادەنرێت و رێکدەخرێت، نە دەتوانن داهاتیان بەرز بکەنەوە، نە دەتوانن خەرجییەکانیان رێکخەن، نە دەتوانن لە ژێر چەترێکدا کۆببنەوە و پلانی هاوبەشیان هەبێت، بەڵکو هەر رۆژەی یارییەکی ناشیرین لەگەڵ یەکتر دەکەن. ئەگەر لە گۆشەی دەوڵەتدارییەوە بڕوانین، ئەوا بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراقی نوێ یەکێک لە هۆکارەکانی پەرتبوونی وزەی دەوڵەتەکە ململانێی ئەم جۆرە هێزە لۆکاڵییە پاشکۆیانە بووە لەگەڵیدا.

دەزانم دەوڵەتی مەرکەزییش گرفتی خۆی هەیە، لای کەم لە دابەشکردندا دادپەروەر نابێت و رۆتینی زۆرە.

دەزانم هەر دەزگایەک، هێزێک، بزووتنەوەیەک، تەنانەت کەسێک، کە لاوازە تەنها لەبەرئەوە نییە لە دەرەوەی خۆیەوە غەدری لێ دەکەن، بەڵکو لەناو خۆیشیدا کێشەی هەیە. راستە کە کێشەیەکی سەرەکیی لە مێژووی دەوڵەتی نوێی عێراقدا ئەمەیە: زیادبوونی دەسەڵاتی حزب واتە زیادبوونی دەسەڵاتی سەرۆکی حزب نەک کۆی حزب وەک دامەزراوەیەک. بە هەمان شێوە، زیادبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت واتە زیادبوونی دەسەڵاتی سەرۆکی دەوڵەت و گروپەکەی، نەک دەوڵەت وەک کایەیەکی یاسایی و چەتری هەمووان.

بەڵام بژاردەکانی بەردەممان کەمن. کورد دەبێت رۆڵێکی تر لە عێراقی سەدەی بیست و یەکدا ببینێت. بە لای کەمەوە، رێکخستنەوەی داراییمان لەگەڵ مشتومڕ لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکە و باشکردنی رۆڵی دەوڵەت لە پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەیی و هەوڵدان بۆ ئەوەی چاکسازیی لە خۆیدا بکات زۆر باشترە لەوەی بکەوینەناو پاڵەوانێتیی خولی “حکومەتۆچکەکانی شار”، پاڵەوانێتییەک کە پڕە لە فاوڵ و قاچشکاندن و بەرتیلدان بە ناوبژیوان و لایمەن و کڕینی جەماوەر بۆ چەپڵەلێدان، هەمووی لە سایەی فیفای سیاسییە لۆکاڵیی و ناوچەییەکانەوە.

سەرچاوەکان:

  1. Abbas Alnasrawi, The Economy of Iraq: Oil, Wars, Destruction of Development and Prospects (1950-2010).
  2. Bassm Yousif, The political economy of sectarianism in Iraq, International Journal of Contemporary Iraqi Studies, Volume 4 Number 3, Intellect Ltd 2010.
  3. Fanar Haddad, A Sectarian Awakening: Reinventing Sunni Identity in Iraq After 2003, Current trends in Islamist Ideology, Vol. 17, 2014.
  4. Mohammad Masad and Kenneth Christie, State Formation, Religion, and Ethnicity in the Middle East and North Africa: An Overview, in State Formation and Identity in the Middle East and North Africa, Edited by Kenneth Christie and Mohammad Masad, Palgrave Macmillan, 2013.
بەشکردن: