من کچی گوندم

مژدە سادق

دەرچوی زانکۆی سلێمانی کۆلێژی زانستە ئەندازیاریە کشتوکاڵیەکان بەشی ARD

من کچێکی دانیشتووی گوندێکی دوورە دەستی ئەم هەرێمی کوردستانەم. پێم خۆشە لە تێڕوانین و ئەزمونی ژیانی خۆمەوە، کەمێک ژیانی ژنانی گوندتان بۆ باسبکەم. لەو گۆشەیەوە کە خۆم تێیدا دەژیم و ژیانی تێدا دەبینم، باسی خۆشی و ناخۆشییەکانی ژنانی گوندتان بۆ دەکەم، و هەوڵدەدەم  بەراوردکارییەکی سادە لەگەڵ ژیانی شار بکەم بێئەوەی بچمە وردەکارییەکانەوە.

ژنانی گوند ڕۆژانە لەگەڵ بانگی بەیانی بەخەبەر دێن و دوای نوێژی بەیانی لەناو ئەو سروشتە جوانەی گونددا، دەست بە کارەکانیان دەکەن. زۆربەیان سپێدە نادات خۆشەویستیی خۆیان بۆ خودا دووپات دەکەنەوە. هێشتا دەستیان بە دەستنوێژە کە هەویرێکی جوان دەشێلن و ئینجا ئاگر لە تەندور دەدەن، هاکا زانیت کولێرە و نانی گەرم ئامادە دەکەن. ئەگەر نەچوبێتن بۆ کار، یان ئەو ژنانەی لە ماڵەوە دەمێننەوە، رووخۆش و دەم بە پێکەنین سفرەی بەیانی دەڕازێننەوە. سفرەی ئێرە پڕە لە ماست و پەنیرم و هێلکەی خۆماڵی. <برێکفاست>ی شار خواردنی خۆماڵیی کەم تێدایە و هەندێک جار رەنگە چێژەکە پتر سێڵفیگرتنەکە بێت. پێدەچێت یەکێک لە نهێنییەکانی دڵخۆشییەکەیان ئەوە بێت شتێک دەخۆن کە بە ماندووبوونی خۆیان بەرهەمیانهێناوە و تامێکی سروشتییانەتری هەیە. خەڵوزی بەجێماوی ناو تەندورەکە دەردەهێنن و چایەکی بەلەزەتی لەسەر لێ دەنێن. قوقەقوقی کەڵەشەر و چریکەی چۆلەکە و قاسپە قاسپی کەو و باڕەی مانگا و بەعەبەعی بزن و شنەبای شەماڵ منداڵەکان خەبەر دەکاتەوە و هەڵدەستن تا لەسەر هەمان سفرە پێکەوە نانی بەیانی بخۆن. ئێمە هێشتا بە نانی بەیانییان دەڵێین نانی بەیانی، هێشتا <برێکفاست> نەهاتۆتە لای ئێمە. پاش نانخواردن، ئیشی هەر کەس بەپێی توانای خۆی دابەش دەکرێت. ژن خەمی ئالیکی ئاژەڵەکان دەخوات. لەو لاوە کاکی شوان چاوەڕێیە ئاژەڵەکانی تەسلیم بکەن، ئازوقەی بۆ دەپێچنەوە و بەدەم دوعاکردن و پاڕانەوە لە خودا کە کاکی شوان و ئاژەڵەکانیان سەلامەت بکات، بەڕێیان دەکەن. هەندێک دەچنە ناو بێستان و باخ. هەندێ خەریکی هەنگەکانیان دەبن. لەبەرئەوەی ماڵ هێشتا بەنرخە، دەمودەست دێنەوە و دەست دەکەن بە ماڵپاکردنەوە.

لە کاتی وەرزی چنینەوە، دوای ماڵ پاککردنەوە ناوەستن. روودەکەنە ئەو پارچە زەوییانەی پیاوان کێڵاویانە، شان بە شانیان بەرووبوومەکانیان دەچنەوە. زۆربەی جار پیاوان دەیبەنە شار بە ئومێدی ئەوەی شارییەکان لێیان بکڕن و دوو دینار بۆ خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا بکەن. ژنانی گوند دنیای مۆدێرن کەمتر ماندوویان دەکات. کەمتر وێنەی مۆدێلی بەرزتری ئوتومبێلە قەشەنگەکان خۆی دەکات بە مێشکیاندا و ئەوەی هەیانە لەبەرچاویان دەخات. کەمتر سەر و سیمایان دەیانترسێنێت بەوەی بازاڕەکە قبوڵیان نەکات، بۆیە جاروبارێک نەبێت رێیان ناکەوێتە ئارایشتگاکانی شار. ئەگەر سەفەرێک بەناو پارک و مۆڵەکانی شاردا بکەن، بەشی چەند مانگێک پێداویستیی دەکڕن و چیرۆک و بەسەرهاتی خۆش دەبەنەوە، خەیاڵی ئەوان بە زەحمەت بیر لە پاریس و لەندەن دەکاتەوە. لە راستیدا دەرفەتەکانی ژنانی گوندان هێندە کەمن نە رێیان پێدەدا خەونی گەورە ببینن، نە رێشیان پێدەدا لە دەرەوەی ئەو بازنەیەی گوند و ناوچەکە خەون ببینن.

کەم جار هەیە سیاسەت بگاتە ئەم گوند و شارۆچکە دوورەدەستانە و ژنێک بۆ پێشبڕکێی پەرلەمان هەڵبژێرن. رەنگە لای سیاسییەکان هێشتا ژنانی گوند لەو ئاستی خوێندەواریی و قسەزانییەدا نەبن کە کاندید بکرێن، بەڵکو رەنگە زۆر بۆیان گرنگ نەبێت دەنگیش بدەن چونکە بە ژمارە دانیشتوانی گوندەکە لە چاو شاردا کەمن. بڕوانامە و روخساریشیان بەربەستێکی ترە. بەڵام ئەوەی بازاڕی سیاسەت گەرم نییە و سیاسییەکان چاویان لەسەریان نییە لەوە دەچێت بووبێتە مایەی دڵخۆشییەکی تر، چونکە رکابەریی نەخستۆتە نێوان ژنەکان و نێوان پیاوانی گوند. کەس ئیرەیی بە کەس نابات بەوەی کچی ئەمیان کاندیدە و کچی ئەویان تەنانەت ناکرێت بە ستافی کاندیدەکە. بۆ ئەوان، زیادبونی ئاژەڵەکان، پێدانی شیری زیاتر و بەتامتر و بەپیتترکردنی پارچە زەوییەکانیان خەمە سەرەکییەکەیە، لە هەمان کاتدا بەشێکی گەورەی خۆشیی ژیانیانە کاتێک دەبینن هێشتا هێزی بیر و باسکیان کاریگەری ماوە و مەترسی تەکنۆلۆجیا یان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی لەسەر نییە. لەبەرئەوەی بازاڕی کارەکەیان جیاوازە، ژنان زۆر پێویستیان بەوە نییە خۆیان جوان بکەن و جوانییەکەیان ببێت بە هۆکاری وەرگرتنی ئیشێک. دڵت لە خۆت دانامێنێت بەوەی کوڕە وەزیرێک نەهاتووەتە داوات کەچی کوڕە هەژارێک داوات دەکات. نە خۆتت لەبەرچاو دەخەن و لە رێی ئارایشتگادا وێستگەیەک بەنزینت پێ خەرج دەکەن و نە دڵەڕاوکێی ئەوەت هەیە خاوەنکارەکەت هەراسانت بکات.

ژنانی شار زۆرتر دەبینین، زیاتر دەگەڕێن، باشتر دەخۆن و دەخۆنەوە، پتر بە رێکیی لەشییانەوە پارە و کات و وزە خەرج دەکەن، بەڵام باوەڕم وایە بەمانەشەوە هێشتا بەختەوەر نین و لە هەندێک بواردا لە ژنانی گوند زیاتر غەدریان لێ دەکرێت و خەمبارترن. بەڵی باوەڕم وایە، چونکە ژنانی شار مەگەر چۆن دەنا لە یەک کاتی رۆژەکەدا لەسەر سفرە لەگەڵ هاوسەر و منداڵ و خزمەکانیان کۆنابنەوە و چێژ لە ژیانی خێزانیی نابینن. ئەوان زۆرتر لە خەمی ئەوەدان منداڵەکانیان لە کام قوتابخانەی ئەهلیی بخوێنێت بۆ ئەوەی کە گەورە بوو کارێکی دەستکەوێت و بژی، هێشتاش دڵنیا نین ئیشیان دەست دەکەوێت. زۆرتر لە کێبڕکێی خێزانەکانی تردان لەسەر قوتابخانە و زانکۆی تایبەت و ناوماڵی جوان و سەفەری وڵاتان و گەڕەکی خۆشتر و شوقەی جوانتر و روخساری خۆیان. بچوکترین سیاسەتی کۆمپانیا و حزب و حکومەت راستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر ژیانیان جا بە باش یان بە خراپ، بەڵام زۆربەی کات دڵەڕاوکێیانە دۆخی ژیانیان خراپ ببێت. ژنانی شار زۆر بە تۆخیی بەر کۆمەڵگە و دەزگاکانی کەوتوون، ژیانە سروشتییەکەیان لێسەندراوە، یا خۆشیان ونیان کردوە، بۆیە لە هەندێک بواردا ماندووترن. ژنانی گوند هێشتا سادە دەژین، جەنجاڵیی شار و پلانی حکومەت و حزب و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان تەواوی خەیاڵی نەبردوون. جەنجاڵیی ژیانی شارە کە وادەکات هەندێک لە ژنانی شار دەبێت سێ هەفتە و چوار هەفتە لە ساڵەکەدا پشوویەک بدەن. خۆ ئەگەر پشووەکەیان لە دوبەی و ئەستەمبول نەبێت، رەنگە زۆر دڵخۆشیان نەکات چونکە ژنانێکی تر هەن دەیانبینن وڵاتە و وڵات فۆتۆ لە سۆشیەل میدیاکەیانەوە پۆست دەکەن. شارەکانی ئەمڕۆی ئێمە بەدیوێکدا لە بکوژی خۆشەویستیی و بەهای ماڵ و کاری هەرەوەزیی دەچن. من بەسەر خەمی ژنانی گوندا، خەمی ژنانی شارمە کە کێبڕكێ و راکەراکی بژێویی و پۆست و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویان ماندووی کردوون. خەمی ئەوەشمە لە کۆتاییدا شار هەموومان لە خۆیدا بتوێنێتەوە و نەهێڵێت جۆرە ژیانێکی تر هەبێت و بژین.

گوندێکی کوردستان

گوندێکی کوردستان

وتم بەسەر “خەمی ژنانی گونددا”. رەنگە بڵێی خۆ تۆ لەو ساوە باسی خۆشی ژیانیان دەکەیت، ئیتر خەمی چی؟ راستە، بەڵام ژیانی ژن لە ئەمریکا و ئەوروپا هێشتا کێشەی هەبێت، ئەی تۆ بڵێیت لە گوندی ئێمە نەیبێت؟ با کەمێکی باس بکەم ئەگەرچی هەر کەسێکی خاوەن ویژدان دڵتەنگ دەکات.

ژنانی گوند بەدەست ناڕەحەتییەکانی ژیانەوە دەناڵێنن. باسی نەبوونی نەخۆشخانەی نزیک و دەرمانی پێویست ناکەم، لێرە خۆژیاندن ئاسان نییە. ئەگەر حکومەت هەندێک دەرفەت راگەیەنێت، خەڵکێکی زۆر کاری دەوێت. واسیتە ناهێڵیت ئەو چەند ئیشەی بە گرێبەستە یان بە دامەزراندنە بۆ کەسی شیاو بێت. ئەوانەی تر بۆ پەیداکردنی پارووە نانێکی حەڵاڵ بۆ خێزانەکانیان شان بەشانی پیاوەکان، زۆربەی کات دەچنە سەر زەوییەکانیان و خزمەتی بەرووبوومەکانیان دەکەن. لە کاتی گەرمادا ناچارن بە شەو ئەم کارە جێبەجێ بکەن. خۆت و بەختت، ئەگەر ئەو ساڵە شوتی بازاڕی هەبێت، ئەوا خەندە دەکەوێتە سەر لێوی خۆت و خێزانەکەت و لە پلانەکەت رازی دەبیت. ئەگەر بازاڕی نەبوو، دڵشکاو و نائومێد دەڕۆیتەوە ماڵەوە. ئەگەر خەیار بچێنیت و کەس ئامادە نەبێت کیلۆی هەزار دیناری پێ بدات، پەست و بێزار سەیری بەرووبوومەکەت دەکەیت. جاری وا هەیە کێشەکە بازاڕ نییە، بەڵکو سەرما و گەرمایەک تەواوی داری مێوەکانت لەناو دەبەن و پلانەکەت بۆ پەیداکردنی بڕێک پارەی کەم بەهۆی فرۆشتنی ترێوە، شکست دەهێنێت.

ژنانی گوند ئەگەر لای خۆیان ئیش نەبێت ناچارن بڕۆن بۆ شارۆچکەیەکی تر. بەناچاری شەوان لە کاتژمێر سێی شەودا پێش بانگی بەیانیی جل و بەرگی پیاوانە کۆ دەکەنەوە و پارووەنانێک لەگەڵ خۆیان دەبەن و بەدەم ڕێگاوە نانی بەیانی دەخۆن. ئەو جلوبەرگەی بردویانە لەوێ لەبەری دەکەن بۆ ئەوەی شێوە و ڕووخساریان دەرنەکەوێت نەبادا خەڵک بیانناسێت و قسەیان لەسەر بکات. لێرە حەیایان زۆر لەلا گرنگە، چونکە لە ناوچەی عەشایەر و کۆمەڵایەتی گەورە بوون. هەموو شتەکان لێرە یاسا و ڕێسای تایبەتی هەیە، زۆربەیان خزم و کەسی یەکترن، ئەگەرچی هەر ئەمە سەرچاوەیەکی خۆشی ژیانیانە چونکە هاوکاری یەکترن.

وردە وردە بەڕێ دەکەون بۆ ئەو شوێنەی ئیشی لێیە. جاری وا هەیە لە ڕێگا بانگی بەیانی دەدات و ئەوان نوێژەکانیان دەکەن، دەست بە دوعا بەڵکو خودا هەرچۆنێکە نانەکەیان نەبڕێت و بیانپارێزێت. ژنی تیادایە باری تەندروستیی خراپە، بەڵام ناچارە کار بکات. سەرەڕای گەرمای بەتین و پڕوکێنەری هاوین، ئەمان دەست بە چنینەوەی بەرهەمەکان دەکەن و دڵسۆزانە کار دەکەن. رۆژ هەیە نزیکەی ١٠ کاتژمێر کار دەکەن. ڕۆژانەکەیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دیناردایە. کاری ژنانی گوند هیچ دڵنیایییەکی تێدا نییە بۆ داهاتو. هەرکاتێک نەخۆش کەوتن کۆی بەرهەمەکانیشیان فریایان ناکەوێ. کە پیر و پەککەوتە دەبن دڵسۆزیی و میهرەبانیی کەسوکاریان نەبێ، هیچ کۆمپانیا و حکومەتێ نییە ئاوڕیان لێ بداتەوە. لە ساڵێکدا رەنگە بڵێم چوار مانگ بە هەمووی کاری لەم چەشنەیان دەست دەکەوێت. ئیشەکانیان هێندە سەختە جار هەیە پیاوانیش ناتوانن و نایانەوێ بیکەن. هەر خولەکێک گیانت خەریکە دەردەچێت، بەڵام نازانی چۆن دەرناچێت. ئەمان بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆژانەیەکی باشتر پەیدا بکەن بە بڕە پارەیەکی کەم بۆ خێزانەکانیان ڕۆحی خۆیانیان لێ زیادە. لێرە وایە، لە پێناو ژیانی ئەوانی تردا ئامادەی ئەوەیان تیادایە ڕۆحیان فیدایان بکەن. دوای هیلاکیەتی زۆر ئەو بڕە پارە کەمەی کە بەیانی تا ئێوارە ئارەقیان بۆ ڕشتووە وەری دەگرن، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی پارەکەیان هیلاکیەتی زۆری تەواوی ئەو ڕۆژە پڕ لە ناڕەحەتییەیان بیر دەچێتەوە. لە دڵی خۆیاندا هەزار و یەک شتی جوان دادەنێن بۆ ئەوەی ئێوارە بۆ خێزانەکانیان ببەنەوە، دڵییان پێخۆش بکەن. بە ئومێدی ئەوەی رۆژێکی تریش کاریان پێ ببەخشن، بەوەش کە گیرفانیان کەمێک گەرم بووەتەوە، کۆدەبنەوە و تا درەنگ قسە و باسی خۆش دەکەن.

لە شار یان لە گوند، بەشی ژن ناڕەحەتییەکی زۆری تیادایە. پێویستمان بەوە هەیە ژیانی گوند و ژیانی شار باشتر بکەین، تێکەڵی بکەین و تەواوکەری یەکتر بین. بۆ ئەمەش، دەبێت سەرەتا ئاگامان لە چیرۆکی یەکتر بێت و هاوکاری یەکتر بین. هەموومان شایستەی ژیانێکی باشترین، ئەمەش دەکرێت ئەگەر لە خەمی یەکتردا بین لە بری ئەوەی ژیان لە یەکتر تاڵ بکەین.

بەشکردن: