دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان ئاڵنگارییەکی سیاسییە

محەمەد ئەلوائیلی*

وا دەردەکەوێت کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنین بەبێ ئەوەی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدەست بهێنین. نموونەی بێشومار هەن، وەک بێکاری، هەژاری، نەبوونی ئاسایش، ناسەقامگیریی سیاسی و چەندانی تر. زۆرێک لە ئەزموونەکان لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لەم کێشانەدا دەتوانن سوودبەخش بن بۆ بڕیاربەدەستانمان. بەڵام سەختییەکان لە زۆر حاڵەتدا پەیوەندییان بە کەمی زانیاری و ئەزموونی بەسوود بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەوە نییە. لە عێراقدا، فاکتەرێکی گەورەی پشت نەبوونی پێشکەوتن پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا هەر لە سەرەتاوە هیچ کەسێک هەیە جدی بێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا. یەکێک لە کێشە هەرە بەردەوامەکان دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بووە. سەرەڕای ئەوەش دوای چەندین ساڵ هێشتا ئاڵنگاریی زۆر لەم ڕووەوە هەیە. بۆچی بەو شێوەیەیە؟

پۆلێنکردنی کێشەکان

شارەزایان بە شێوەیەکی جیاواز کێشەکان پۆلێن دەکەن. کیس گرینت دان بەو دوو جۆرە کێشەیەدا دەنێت کە ڕیتێل و وێبەر باسیان کردووە کە بریتین لە ‘کێشەی ڕوون’ و ‘کێشەی سەخت’. لەگەڵ ئەوەشدا جۆری سێیەمی کێشە زیاد دەکات کە بریتییە لە ‘کێشەی هەنووکەیی’. تایبەتمەندیی ئەم کێشانە چین؟

کێشە ڕوونەکان بەو شێوەیە ناو دەبرێن چونکە هەرچەندە ئەم کێشانە چارەسەرکردنیان ئاسان نییە و، پێویستییان بە هەوڵ و سەرچاوەکان هەیە، بەڵام چارەسەرێک لە ئارادایە بۆیان. ئەم کێشانە لە شوێنێکی تر چارەسەر کراون و بە ئەگەری زۆرەوە دەتوانرێت ئەو دەرئەنجامانە لە هەر شوێنێکدا دووبارە بکرێنەوە. وزەی کارەبا بە نموونە وەربگرە. تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا زیاتر لە سەدەیەکە هەیە. هەرچەندە بەردەوام بەرەوپێشچوونی زۆریش لەم بوارەدا ڕوودەدات، بەڵام ئێستا زۆرێک لە وڵاتان کارەبای پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی وزەی ماڵ و کارگەکانیان دابین بکەن. دووبارەکردنەوەی کارەکانی وڵاتانی دیکە لە بنەڕەتدا قورس نییە، تەنها پێویستی بە بەڕێوەبردنی دروستی پڕۆژە، سەرچاوەی پێویست و خۆتەرخانکردن هەیە.

لە لایەکی ترەوە کێشە سەختەکان ئاڵۆز و سەرلێشێوێنەرن. بۆ چارەکردنیان تەنها یەک چارەسەر نییە، هەنگاوی ڕوون بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە ئارادا نییە، هیچ دڵنیاییەکیش نییە کە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ئەوانی دیکە سەرکەوتوو بێت. سەرەڕای ئەوەش، ڕووبەڕووبوونەوەیان گرنگییەکی زۆری هەیە. نموونەیەکی باش هەژارییە. هەژاری کێشەیەکی بەردەوامە کە مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵ ببێت. هەر لە سەرەتاوە ناکۆکی لەسەر چۆنێتی پێناسەکردنی هەژاری هەیە. چەندین شێوە و فۆڕمی هەیە و تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ڕێژەیەکی زۆر هەژاری و بێماڵی هەیە. چەندین تیۆری و مۆدێل و دەستێوەردان بە ڕێژەی سەرکەوتنی جۆراوجۆر هەن لەسەر چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام پێدەچێت کێشەکە بەردەوام بێت. سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هەوڵە گەورەکانی گەشەپێدان، هێشتا کۆمەڵێک کەسی زۆر دەبینین کە لە دۆخێکی سەختدان و، هەندێکی تریش مەترسی کەوتنە ژێر هێڵی هەژارییان لەسەرە. سەرەڕای ئەوەش جیهان بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی هەژاری و دەستی لێ هەڵنەگرتووە. ئەو بەرەوپێشچوونانەی بەدەست هاتوون زۆر گرنگن و ئەو هەوڵانەی جێبەجێ دەکرێن، هەرچەندە ناتوانن تەواوی کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان هەبێت. نموونەیەکی باش ڕۆزان هاگەرتییە کە سەرۆکی ڕێکخراوی چارەسەرەکانی کۆمەڵگەیە. لە ڕێگەی هەوڵەکانی ڕێکخراوەکەیەوە توانی تەنها لە ماوەی چەند ساڵێکدا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دابین بکات. ئەم دەستکەوتە، سەرەڕای گەورەییەکەی، کێشەی بێماڵی لە ئەمریکا چارەسەر ناکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش جیاوازیەکی گەورەی دروست کرد.

کێشە هەنووکەییەکان، کە پێشیان دەگوترێت قەیرانەکان، ڕەنگە چارەسەریان هەبێت، بەڵام لەڕووی کات و بەپەلەییەوە فشارێکی زۆر هەیە بۆ گرتنەبەری هەنگاو بۆیان. کاتێکی زۆر لە بەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بژاردەکان لەبەرچاو بگرین و بە قووڵی بیریان لێ بکەینەوە. بڕیارەکان دەبێت بە خێرایی بدرێن و زۆرجار زیانەکان بەهۆی ئەم بڕیارە بەپەلانەوە قبوڵ دەکرێن. کارەساتە چاوەڕواننەکراوەکانی وەک کارەساتی ئەتۆمی، ڕووداوە ئەمنییەکان، یان پەتاکان دەکرێت وەک قەیران پۆلێن بکرێن. فاکتەری دیاریکەر سەبارەت بە قەیرانەکان فشاری کاتە. نموونەیەکی گرنگی ئەم جۆرە کێشەیە قەیرانی مووشەکی کوبا بوو کە بە قووڵی لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا بۆ هەڵهێنجانی وانە گرنگەکان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانە گەورەکان.

شێوازەکانی دەسەڵات و جۆرەکانی کێشەکان

گرینت دەڵێت بۆ هەر جۆرە کێشەیەک، جۆرێکی دیاریکراوی دەسەڵات هەیە کە گونجاوە. بۆ کێشە ڕوونەکان، بەڕێوەبردن فۆڕمی گونجاوی دەسەڵاتە. بەڕێوەبەران مەیلیان بۆ ئەوە هەیە کە بە شێوەیەکی لێکدراوە و ئاوەزمەند مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکەن و لە ڕێکخستنی جێبەجێکردنی چارەسەرەکاندا باشن. بۆ نموونە کاتێک باس لە کێشەکانی پەیوەست بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکرێت، بەڕێوەبەران ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشانەدا. ڕێبازی زانستی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان گونجاوترین شێوازی کارکردن دەبێت بۆ ئەو بەڕێوەبەرانەی کە بەرپرسیارن لە ئەرکی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، شێوازی دەسەڵاتی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە سەختەکان بریتییە لە سەرکردایەتی. سەرەڕای ئەوەش، کاتێک باس لە سەرکردایەتی دەکەین، مەبەستمان ئەو تێگەیشتنە نەریتییە نییە کە خەڵکی ئێمە هەیانە، کە سەرکردەکان خۆیان بڕیار دەدەن و پێویستیان بەوە نییە ڕاوێژ بە کەس بکەن. سەرکردەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە سەختەکان، لە ڕاستیدا پێویستیان بە ڕاوێژکردن و هەماهەنگیکردن هەیە، چونکە تاکە کەسێک بە تەنها ناتوانێت کێشەیەکی سەخت، بۆ نموونە هەژاری، چارەسەر بکات. پێویستە سەرکردەکان داوای یارمەتی لە زۆرترین کەس بکەن و ژینگەی پێکەوەکارکردن ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کێشانەی کە پێشتر باسمان کردن. ئەمە گرنگترین پێوەرە بۆ پیادەکردنی سەرکردایەتی، بە گوتەی گرینت.

بڕیاربەدەستان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە هەنووکەییەکاندا پێویستیان بە ڕێبازێکی ناوەندی هەیە بۆ دەسەڵات و شێوازێکی فەرمانداری بەکار دەهێنن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێک. بڕیاربەدەستان لە پێگەیەکی فەرمانداریدا، بەهۆی بەپەلەیی قەیرانی بەردەستیانەوە کاتیان نییە بۆ ڕاوێژکردن و بیرکردنەوە. بۆیە داوای گوێڕایەڵی و جێبەجێکردنی خێرای فەرمانەکان دەکەن و زۆرجار بەهۆی پێویستییەکانی دۆخەکەوە ڕەوایەتی بە کردەوەی توند یان تەنانەت نایاسایی دەدەن. لە کاتی شەڕ یان قەیرانی ئەمنیدا کاتێکی زۆر نییە بۆ وردبوونەوە لە باشترین ڕێباز بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. بەزۆری فەرماندەکان پێویستە لەسەریان کە لە چەند خولەکێکدا بڕیار بدەن، ئەگەر لە چەند چرکەیەکیشدا نەبێت، هەر دواکەوتنێکیش ڕەنگە ژیانی خەڵک بکاتە قوربانی.

هەموو قەیرانەکان، هیچ چارەسەرێک

ئەگەر بە بەکارهێنانی ئەو چوارچێوەیەی لە سەرەوە باسمان کرد بیر لە دۆخی هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەی عێراق بکەینەوە، تێبینی ئەمانەی خوارەوە دەکەین: وا دیارە کە بەدەست ژمارەیەکی یەکجار زۆری قەیرانەکانەوە دەناڵێنین و، شێوازی دەسەڵاتی باڵادەست لە وڵاتەکەماندا فەرماندەییە، کە تێیدا قسەی کۆتایی بۆ فەرماندەکانە، نەک سەرکردایەتیکردن، کە تێیدا بیرکردنەوە لە کێشەکان بە گروپ ڕوو دەدات، نەک بەڕێوەبردنیش، کە تێیدا جێبەجێکردنی چارەسەرەکان بەزۆری بە شێوەیەکی زانستی و ئاوەزمەندانە ئەنجام دەدرێت.

بۆچی ئەمە وایە؟ بڕیاربەدەستانی وڵاتەکەمان پێیان باشە ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببنەوە چونکە ڕێگەیان پێ دەدات لە پڕۆسەی بڕیاردان قسەی کۆتایییان هەبێت و ببنە پاڵەوان. ئەوان دەیانەوێت خۆیان وەک جێنەگیراوە نیشان بدەن و شانازیی سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی دەنگدەرەکانیان بۆ خۆیان بەرن. بەڵام کێشە گەورەترەکە ئەوەیە کە ئەوان بە ئەنقەست هەموو جۆرە کێشەیەک دەخەنە چوارچێوەی قەیرانەوە کە تەنیا بە دەستێوەردانی یەکلاکەرەوە و ناوازەی ئەوان چارەسەر دەکرێت. بەم شێوەیە، کێشە ڕوون و سەختەکان بەزۆری پشتگوێ دەخرێن یان لە ڕیشەوە کاریان لەسەر ناکرێت تاوەکو دەگۆڕدرێن بۆ قەیران.

بۆ نموونە، ئێمە دەبینین کارەبا یان سیستمی ئاوەڕۆ کە کێشەی ڕوونن و چارەسەری زۆریان هەیە، هەرکاتێک گەرما بوو یان باران باری دەگۆڕێن بۆ قەیران. دواتر دەبینین دەسەڵاتدارانمان لە تەلەفزیۆن دەردەکەون و هەندێک چارەسەر بۆ قەیرانەکە ڕادەگەیەنن، وەک ناردنی تیم بۆ دروستکردنی بەربەست بۆ ئەوەی ئاوەکە نەبێتە لافاو بۆسەر ماڵی هاووڵاتیان، یان ڕایدەگەیەنین کە تیمێکی ئەندازیاریان پێک هێناوە بۆ چاککردنەوەی ئەو هێڵی کارەبایەی کە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و، لە چەند ڕۆژێکدا، کێشەکە چارەسەر دەکرێت و لەبیر دەکرێت. بەڵام ساڵی دواتر هەمان ئەو کێشانە دووبارە سەر هەڵدەدەنەوە. یان دەبینین خۆپیشاندانەکان کە لەلایەن گەنجانی تووڕەی بێکارەوە ڕێکخراون بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و دواتر هەندێک بەرپرس ڕایدەگەیەنن کە چەند هەلێکی کاری حکومییان تەرخان کردووە بۆ خۆپیشاندەران. ئەوەی بەزۆری ڕوو دەدات دروستبوونی شەڕە لە نێوان خۆپیشاندەراندا لەسەر ئەوەی کێ ئەم کارانە بەدەست دەهێنێت و، کاتێک سەرکردەکانی خۆپیشاندەران ئەم چەند کارەیان بەسەر خۆیاندا دابەش کرد، خۆپیشاندانەکە کۆتایی دێت. بەڵام کێشەی بێکاری لە نێو گەنجاندا بەردەوامە لە گەشەکردن و زۆرێک لە گەنجان بێکار دەمێننەوە. بە پێداچوونەوە بە هەموو قەیرانە جیاوازەکان و تەماشاکردنی میدیا، دەبینین هاوکێشە هاوشێوەکان دووبارە دەبنەوە.

مەترسییەکانی پشتگوێخستنی کێشە ڕوون و سەختەکان

هەر جۆرە کێشەیەک لە وڵاتی ئێمەدا پێویستی بە شێوازێکی دەسەڵاتداریی گونجاو هەیە. پشتگوێخستنی کێشە ڕوون و سەختەکان هەموو کێشەکانمان دەکاتە قەیران و ئەوەش تەنها شێوازی بڕیاردانی دەسەڵاتخواز بەهێز دەکات. خزمەتگوزارییەکان، بێکاری، سیستەمی ئاوەڕۆی دروست و کەمی ئاو پێویستی بە پلانی درێژخایەن و جێبەجێکردنی چارەسەری درێژخایەن هەیە. ئەگەر بەردەوام بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەگوڕیشەی بنەڕەتیی کێشەکە ببینەوە، لە کۆتاییدا سیستمەکەمان دادەڕمێت. لە دیموکراسییەکی ڕاستەقینەدا، بڕیاربەدەستان پێویستە کێشەکان چارەسەر بکەن، نەک بۆ بەرژەوەندیی سیاسی خۆیان بەکاریان بهێنن. چونکە لە کۆتایدا سیاسەت پێویستە بریتی بێت لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگا، نەک بەکارهێنانی کێشەکان بۆ هێشتنەوە و چڕکردنەوەی دەسەڵات لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنیدا.

*محەمەد ئەلوائیلی نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە بوارەکانی پەرەپێدان، چاکسازی و قۆناغی وەرچەرخان دەنووسێت، ئەم بابەتەی تایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسیوە.

بەشکردن: