کاندیدی بەڕێز، سەرەتا رێزی ژینگە بگرە

د. نیاز نەجمەدین

گەشەی ئابووریی چێژێکی تایبەتی هەیە بەو هۆیەوە رەنگە هەژاریی کەم بکاتەوە، بەڵام مەترسیشیی لەگەڵە کە یەکێکیان ئەوەیە ئەگەری زۆرە ژینگەپیسکەر بێت. هەمان شتیش بۆ دیموکراسیی و هەڵبژاردن راستە. هەبوونی هەڵبژاردن واتای هەبوونی یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی دیموکراسیی، بەڵام بۆی هەیە هەر لە سەرەتاوە ژینگەپیسکەر بێت. لێرەدایە دەنگدەر، کاندید و قەوارە سیاسییەکان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ژینگەپارێزان و میدیاکارانی ئازاد بەرپرسیارێتییەکی گرنگیان دەکەوێتە ئەستۆ.

ماوەی هەڵبژاردن، تەنانەت بەر لە هەڵبژاردنیش، ماوەیەکە پڕ لە جموجوڵی کاندید و حزب و دانیشتوان. کاندید و لایەنەکان خەمی ئەوەیان هەیە بگەنە زۆرترین دەنگدەر. بۆ ئەمەش رەنگە هەموو شت بە مافی خۆیان بزانن، لەناویاندا هەڵدەستن بە دوو جۆر چالاکیی کە کاریگەریی زۆری لەسەر ژینگە هەیە. یەکەمیان پۆستەرەکانیانە (جگە لە جوڵەی زۆری ئوتومبێلەکانیان و خەرجکردنی بەنزین و مەسڕەفی تر!). دووەمیان دروستکردنی دەنگەدەنگ و ژاوەژاوە لە شار و شارۆچکەکاندا. ئەوان چەند دەنگی بەرزی خۆیان دەبیستن و فۆتۆکانیان دەبینن، هێندە هیوای سەرکەوتنیان بەرز دەبێتەوە و دڵەڕاوکێی شکستیان کەم دەبێتەوە.

بۆ نوسینی ئەم وتارە، چاوم بە راپۆرتێک کەوت کە تیایدا ئەوەی باس کردووە مالیزیا لە هەڵبژاردنی گشتییدا (ساڵی ٢٠١٨) نزیکەی (١٨،٧٧٤) تۆن بەفیڕۆدانی لە ماوەی یەک مانگی بانگەشەی هەڵبژاردندا، فڕێ داوەتە ژینگەوە. بێگومان لە عێراق و هەرێمێکی بێسەرەوبەرەدا ئەم دیاردەیە سەر لە ئێوارە دیارە کە ترسناکتر خۆی نمیاش دەکات، لای کەم بەپێی ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو. ئەمە یەکێکە لە مەترسییەکانی زاڵبوونی بەرژەوەندیی تایبەتیی، ئەو ئایدیایەی ئادەم سمیث بانگەشەی بۆ دەکرد و کەمترین سنوری بۆ دادەنا ئەگەرچی یەکێک بوو لە ناوازەترین خزمەتە زانستییەکانیشی. پڕکردنی ژینگە بە وێنەیەک کە لە ماتریاڵی دژ بە ژینگە دروستکرابێت و دوایی ریسایکڵ نەکرێتەوە و ئۆکسجینی شارەکان بکوژێت هیچی تر نییە جگە لە زاڵبوونی تەواوی بەرژەوەندیی تایبەتیی و هەستنەکردن بە بەپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی.

هەڵبژاردن کەموکوڕیی زۆرە، لەوانە رەنگە ناڕازیی بیت لە کاندیدەکانی حزبەکەت یان کاندیدە سەربەخۆکان لەبەر هەر هۆکارێک بێت، یان متمانەت بە ئەنجامەکان نەبێت، بەڵام ئەوەی باشە لیست و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان بۆ ماوەیەکیش بێت سادە و خاکیی دەبنەوە، ناچاری ئەوەیان دەکات بێنەناو خەڵک و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن. لەمەش باشتر ئەوەیە ئەو بابەتانەی بۆ ژیانمان گرنگن، دەخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە و را و داواکاریی خەڵک بۆ لایەنی دەسەڵات بەرز دەکرێنەوە.

کاندید و لیستە سیاسییەکان هەمیشە لەوە دڵنیامان دەکەنەوە کە گەشەی ئابووریی و دەرفەتی کار دەڕەخسێنن. واز لەوە بهێنە ئەمە بەو شێوەیەش ئاسان نییە کە باسی دەکەن، بۆ دەنگدەر ئەوە گرنگە کە ئایا ئەم گەشەیە ژینگەپیسکەرە یان گەشەی سەوزە؟ واتە دەکرێت پێوەرێکی دەنگدەر ئەوە بێت کام کاندید و لیست پرۆگرامێکی ئابووریی هەیە وادەکات دەرفەتی کار دروست ببێت بە کەمترین زیانگەیاندن بە ژینگە؟ خۆ ئەگەر لیستەکە جێی متمانە بێت و تەنها بۆ فریودان بانگەشەی گەشەیەکی سەوز نەکات، ئەوا زۆر باشتر دەبێت. لە هەر بارێکدا، ناتەباییەک دروست دەبێت. کاندید و حزب بانگەشەی گەشەی سەوز دەکەن، لەولاشەوە لە هەنگاوی یەکەمیاندا ژینگە پیس دەکەن. لێرەدا، داواکاریی یەکەمی دەنگدەر دەکرێت ئەمە بێت: “کاندیدی بەڕێز، تۆ سەرەتا رێزی ژینگە بگرە و بیسەلمێنە بۆت گرنگە، پاشان پەیمانی گەشەیەکی سەوز بدە. لە پێناوی خۆتدا ژینگەکەمان پڕ مەکە لە ژاوەژاو و پۆستەرێک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بڵاو بکاتەوە”. کەواتە پێوەرێکی دەنگدەر بۆ هەڵسەنگاندنی کاندید و قەوارەکان دەبێت ئەوە بێت تا کوێ ژینگە پیس دەکەن. تۆی دەنگدەر سوتانی شاخی گۆیژە لە سلێمانی، بێزارکردنی خەڵکی دهۆک و خنکاندنیان لەناو دەنگی ١٢٠٠ مۆلیدە و دووکەڵەکەی، لەگەڵ تەمی رەشی ئاسمانی هەولێر راتنەچڵەکێنێت، حزب و لیست و کاندیدیش بایەخێکی ئەوتۆی پێ نادەن بەو هۆیەوە دەترسن وەبەرهێنانەکەیان لەسەر تۆی دەنگدەر تا دەنگیان پێ بدەیت، مایەپوچ بێت.

بەبێ دوودڵیی، حزب و لیست و کاندید بەرپرسیارێتییەکەیان لە دەنگدەری بێدەسەڵات و بێپارە زیاترە. با دەنگدەریش تا ئەمڕۆ هۆشیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە نەبێت، جا ژینگەی ناوخۆیی وڵاتەکە بێت (بۆ نموونە پیسکردنی شارەکان) یان بەرگە هەوای زەوی (واتە ژینگەی دەرەکیی)، ئەوا ئەوەی میدیا و کادری بە دەستەوەیە و پارەی هەیە پتر حزب و لیست و کاندیدەکانن. ئەرکی کاندید و حزب خۆیانە بەشداربن لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان سەبارەت بە مەترسیی پیسبوونی ژینگە، لە هەمان کاتدا هەر لە سەرەتاوە پیشانی بدەن راستگۆن لەگەڵ ئەم پەیامە بەوەی کەمترین پۆستەری ژینگە پیسکەر بڵاوبکەنەوە، کەمترین ژاوەژاو بنێنەوە و کەمترین خەرجی ناپێویست بکەن. دەنا چۆن دڵنیابین کاندید و حزب لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا کاردەکەن کە هەر ئەمڕۆ و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت بەرژەوەندیی خۆیان پێشخستووە و ژینگەیان پشتگوێ خستووە، ئەمە جگە لەوەی پلانە ئابوورییەکەشیان گەشەی رەش دەهێنێت و مەسڕەفێکی ناپێویستیش دەکەن؟

ئەگەرچی هیواخوازین کاندید و حزب بەبێ یاسا و رێساش رەچاوی ژینگە بکەن، بەڵام هێشتا ئەگەری لادان هەیە. ئەوە ئیشی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە بە تەنیشت کارەکانی دیکەیەوە سنورێک بۆ کاندیدەکان و قەوارەکان دابنێت تا رێزی ژینگە بگرن لە هەردوو ئاستی ژاوەژاوی ناو کۆڵان و سەر شەقامەکان و بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکانیان. ئەگەر ئەمە کرا، ئەو کاتە توانای ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی لە ئێستاوە چاویان لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ی هەرێمە تا بە سەفتە و تۆن کاغەز و فۆتۆ بنێرن، سنوردار دەکات. بەربەستیش لەبەردەم بەفیڕۆدانی داهاتی وڵاتەکە لەسەر شتی ناوەرۆک بۆش و ناپێویست دادەنێت.

ئەمەش بەس نییە. کاری سەرەکیی ژینگەپارێزان (تاکەکان بن یان دەزگاکان) ئەوەیە لە ئێستاوە فشار لەسەر کۆمسیۆن و کاندید و لیستەکان دروست بکەن بە ئەندازەیەک هەست بکەن ئەگەر رێزی ژینگە نەگرن، ئەوا بەشێک لە دەنگدەرانیان دەدۆڕێنن. خۆ ئەوە کارێکی کەم نابێت میدیای تەقلیدیی و دیجیتاڵیش لەم مشتومڕەدا رۆڵی گرنگ ببینن بەوەی رەخنە و پێشنیارەکان بگەیەنن. چاوم بە راپۆرتێکی تر کەوت، ئەوەی باس کردووە کە هەڵبژاردنی گشتیی لە هیندستان (ساڵی ٢٠١٩) هەندێک هەنگاوی گرنگی لەم رووەوە ناوە. لەوێ بڕیاردرا رێ نەدرێت پۆستەرێک کە بە پلاستیک دروست بکرێت، هەڵبواسرێت. لە هەندێک شوێن حزبەکان بەرامبەر بەشدارییان لە پیسبوونی ژینگە، لای کەم دار لە شار و شارۆچکە و چیاکان دەڕوێنن. ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی سری لانکا و فیلیپین و ئوسترالیاش لەم ساڵانەی دواییدا زۆر نموونەی بە سودی لەم بارەیەوە تیادایە، لەناویشیاندا هاندان بۆ ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن پتر دیجیتاڵیی بێت کە وادەکات خەرجیی ناپێویست و پیسبوونی ژینگە لە یەک کاتدا کەم ببنەوە.

گەشەی رەش لە بری سەوز، مەبەستم لەوەیە گەشەیەک تەنها داهات زیاد بکات بەڵام ژینگە پیس بکات، زۆر سودی نابێت بەو هۆیەوە لە کۆتاییدا داهاتەکە دەدەینەوە بە دەرمان و پرسەی خۆمان و ئازیزانمان. رێزگرتنی ژینگە و گەشەی سەوز شتێکە دەبێت ببن بە کەلتورمان، ببن بە بەها و نەریتمان. لە کاتی هەڵبژاردندا، هەنگاوی یەکەم بریتییە لە هەمئاهەنگیی نێوان ئەو دامودەزگا و لایەنانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکردوون تا رۆڵ بببینن لەوەدا ترسێک بخەنە دڵی کاندید و قەوارە و حزبەکانەوە کە لە رۆژی دەنگداندا سزا دەدرێن ئەگەر سنورێک بۆ بێرێزییکردن بە ژینگە لە رێی بەکاربردن و بەرهەمهێنانی فۆتۆکانیان و ریکلامەکانی تریان و دروستکردنی ژاوەژاو، دانەنێن.

……….

سەرچاوە:

  • Where are climate and nature in this election campaign?

https://www.britishecologicalsociety.org/where-are-climate-and-nature-in-this-election-campaign/

  • Reducing the environmental impact of elections: Lessons from the Asia-Pacific:

https://www.idea.int/news/reducing-environmental-impact-elections-lessons-asia-pacific

  • It’s time for election campaigns to go green:

https://www.thedailystar.net/opinion/views/news/its-time-election-campaigns-go-green-3399606

بەشکردن: