تیرۆرکراوێکی لەبیرکراو؛ مامۆستا سەڵاح هەورامی.. ئەو ئەکادیمیستەی بە رۆحی خۆی نەیهێشت زانکۆ بکرێتە گۆڕەپانی شەڕ و نەزانی

دیار عەزیز شەریف

گەنجێکی هێمن و سادە و ساکار و سەنگین بوو، زۆربەی رۆژەکان بە پێ دەچووە دەوامی زانکۆ، چونکە ئەو رۆژگارە خەڵک بەگشتی لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا دەژیان. تەنانەت بۆ هەندێک لە مامۆستاکانیش ئاسان نەبوو هەموو رۆژێک بە پاس هاتووچۆ بکەن؛ بەتایبەتی بۆ ئەکادیمیستێک کە بەڕاستی خاوەنی کەسایەتی و فیکری سەربەخۆی خۆی دەبێت ئەوا رۆژانە پارەی پاسیشی پێ نابێت.  زۆرجاران لە رێگای کۆلیژ و ماڵەوە تووشی یەکتریی دەبووین، ئێمە خوێندکار و ئەویش مامۆستا…سەرباری هەژاریی و کەمدەرامەتیی، کەچی ئەو مامۆستا گەنجە و خاوەن فیکر و مەعریفەیە، هەروەها پۆشتە و پاک و خاوێن بوو، جانتا دیپلۆماسییەکەی هەمیشە بەدەستەوە بوو، کە کتێب و لاپەڕەکانی موحازەرەکانی تێدا هەڵدەگرت.

ئەو ئەکادیمیستە گەنجە ناوی سەلاح هەورامییە کە لەنێو ناوەندی زانکۆ و دەستەبژێریی رۆشنبیریی و میدیایی و سیاسی کوردیی لە باشووری کوردستان وەک مرۆڤێکی زیندوو و خاوەن بیرباوەڕ بە ئەکادیمیست و نووسەر و روناکبیرێکی یاخی ناو دەردەکات کە هەڵگری بیری سەربەخۆیی نەتەوەیی و عەلمانی بوو. دڵسۆزی و راستگۆیی و خۆشەویستیی ئەو بۆ بیروباوەڕ و نیشتیمان و زانکۆ و خوێندکارەکانی بەڕادەیەک دەبێت کە بێ دوودڵیی لەناو ئەو جەنگەڵستانە ئامادە دەبێت گیانی خۆی لەپێناودا بەخت بکات.

ئەمڕۆ ئەگەر بەدواداچوون بۆ ژیان و مێژووی خەباتی رۆشنبیری و ئەکادیمی و سیاسی کەسایەتیەکی مەزنی وەک سەلاح هەورامی بکەیت، رەنگە دەستکەوتنی زانیارییەکان و گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەکانت ئاسان نەبێت. هۆکاری ئاساننەبونی دەستکەوتنی زانیارییەکان ئەوەیە بەدرێژایی ئەو سێ دەیەی رابردوو، ئەو دەسەڵات و کولتوور و عەقڵییەتەی بکوژی ئەو روناکبیرەن، تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوونە لە رەنگڕێژکردنی سیاسەت و ئەکادیمیا کە لەلایەن گوتاری سەردەستەوە ئاراستەدەکرێن. گوتاری سیاسیی سەردەست نایەوێت وێنە یاخی و پێشکەوتوخواز و شۆڕشگێڕەکەی سەڵاح هەورامی زیندوو بمێنێتەوە، جا کاتێکیش گوتاری سەردەست خۆی بکوژی ئەو مامۆستایەی زانکۆیەیە، بەدڵنیایی رونتر دەبێتەوە کە بۆچی دەستکەوتنی زانیارییەکان لەبارەی پێشکەوتوخواز و یاخی و مامۆستایەکی زانکۆ زەحمەتن.

رۆژێک لە رۆژان مامۆستا سەلاح هەورامی خەونی بەوەوە دەدیت کە سەردەمێک بێت تاکی کورد لەو نامۆبوونە مێژووییە بەخودی خۆی بەئاگابێتەوە و دابڕانێک دروست بکات و تەواوی بەها دواکەوتووەکان لە خۆی بتەکێنێت و ببێت بە خاوەن کەسایەتییەکی سەربەخۆ و ئازاد.

سەلاح هەورامی، وەک پاشناوەکەی نیشانیدەدات، خەڵکی ناوچەی هەورامانە، لە سەرەتای تەمەنی ژیانێکی زۆر ناخۆش و بە دەربەدەری دەژیت؛ دایک و باوکی لە یەکتریی جیادەبنەوە. ئەو لە تەمەنی مێردمنداڵی دەچێتە بەغدا بۆ درێژەدان بە خوێندن. لەوێ دەچێتە حەیدەرخانە ژوورێک دەگرێت لەگەڵ خوێندکارێکی زانکۆ. کرێکاری و کاسبیەکی زۆر دەکات تاوەکو بتوانێت درێژە بە خوێندن بدات. ماوەیەکی زۆر لە دایک و باوکی دادەبڕێت، تەنانەت دایک و باوکی وایان زانیوە کە نەماوە.  بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر بەدەست دەهێنێت. سەرپەرشتیاری ماستەرەکەی دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف دەبێت، کە ئەویش لە ساڵانی رابردو تیرۆرکرا. دوای تەواوکردنی لە خەڵوەتخانەی پیران وەک فەرمانبەر لە شاری هەولێر دادەمەزرێت. لە ساڵی ١٩٩٠ داواکاری پێشکەش دەکات بۆ گواستنەوەی راژەکەی بۆ نێو زانکۆ، بەمەش دواتر قبوڵ دەکرێت و دەبێتە مامۆستا زانکۆ لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین بەشی کۆمەڵناسی.

هەورامی مرۆڤێک بوو حەزی دەکرد بگات بە ڕاستی؛ بەدوای زانیاری دا دەگەڕا ؛ پرسیار و گومانی زۆری دروستدەکرد. کەسێکی خوێنەر بوو؛ بەهۆی شەڕی ناوەخۆ مەسەلەی داخستنی زانکۆ سەرهەڵدەدات. سەلاح هەورامی یەکێک دەبێت لەو کەسانەی کە دەیوت نابێ رەوتی خوێندن لە زانکۆ بوەستێنرێت. ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی دەبێ پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.

لە ئەنجامی ململانێی خوێناویی نێوان یەکێتی و پارتی لە سەرەتای شەڕی ناوەخۆ، یەکێتی توانی دەست بەسەر شاری هەولێردا بگرێت. بەم شێوەیە پەرلەمان و حکومەت نەما و سەرەتای دوو ئیدارەیی بەئاشکرا دەستی پێکرد و راگەیەندرا. لەبەرئەوەی هەولێر پایتەختە و حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە سەرەکییەکانی لێیە، هەروا لەڕووی سیاسیشەوە سەنگی مەحەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ هێزە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، بۆیە پارتی بە هەموو هێزییەوە هەوڵی ئەوە دەدات دامودەزگا حکومییەکان لەم شارەدا پەکبخات. هەوڵدان بۆ راگرتن و پەکخستنی پڕۆسەی خوێندنیش یەک لەو ناوەندانە دەبێت کە ئەو حیزبە هەوڵی تەواوی بۆ دەدات. بەمەش نامەی هەڕەشەئامێزی “بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین خوێندنی زانکۆ بەردەوام بێت” بۆ مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین رەوانە دەکات.

سەلاح هەورامی تەنها ئەکادیمیستێک دەبێت کە راشکاوانە و ئازایانە رووبەڕووی ئەو بڕیارە نابەجێ حیزبییە دەبێتەوە و سەپاندنی هەژموونی حیزبی بەسەر زانکۆ رەتدەکاتەوە. ئەو لە یەکێک لە وتاردانەکانی بۆ خوێندکاران لەنێو گۆڕەپانی کۆلیژی ئاداب لەسەر کورسییەک رادەوەستێ و قسەیان بۆ دەکات و لە زەنگی مەترسی داخستن و پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن ئاگاداریان دەکاتەوە. ئەو دژ بەوە دەوەستێتەوە کە زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمیی و مەعریفیی تێکەڵ بە ململانێی حیزبیی بکرێت و حیزب ئەوێش بکاتە گۆڕەپانی شەڕی ناوەخۆ؛ بۆیە بە گیانی خۆی رێ لەوە دەگرێت شەڕی نەگریسیی ناوەخۆ داهاتووی زانستیی و مەعریفیی گەنجان لەگەڵ خۆیدا بسوتێنێت. لەو ماوەیەدا ئەو سێ جار خوێندکاران کۆدەکاتەوە بۆئەوەی پڕۆسەی خوێندنی زانکۆ و دەزگایەکی مەعریفی گەورە بوەستێت. ئەو کەسێکی زۆر جددی بوو لە پیشە و کارەکانی خۆی.  هەوڵێکی نەتەوەیی و زانستی؛ کەسێکی سەربەخۆ بوو لەرووی فیکرییەوە. ئینتیمای بۆ هیچ حیزبێکی سیاسی نەبوو؛ خاوەن دنیابینی خۆی بوو. هەڵگری فیکری عەلمانی و نەتەوەیی پێشکەوتنخواز بوو.

سەلاح هەورامی ئەکادیمیست و رۆشنبیر وەک رێبەری دەنگی ناڕەزایی دژ بە درێژەدان بە شەڕ و کاولکاریی و دابەشکردنی کۆمەڵگا و گێرەشێوێنی دەوەستێتەوە، بۆیە پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانە دەکات کە لە کۆلیژەکانەوە بەرەو سەرۆکایەتی زانکۆ سەلاحەدین دەکرێت کە دژ بە راگرتن و پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی زانکۆ بوو. لەوێدا مامۆستا سەلاح هەورامی لەو کاتەی خەریکی وتاردان دەبێت لەسەر گرنگیی پێگە و رۆڵی زانکۆ و بەردەوامبوونی پڕۆسەی خوێندن وەک سیمایەک لە سیماکانی ژیان مەدەنی و رەتکردنەوەی شەڕ، بەڵام لەم نێوەدا ئەندامانی رێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیانی پارتی قسەکانی پێدەبڕن و هەڕەشەی توندی لێدەکەن بەوەی کە دەبێ پڕۆسەی خوێندن هەر بوەستێنرێت.

بەمەش رۆژی ٢٠ ئازاری ١٩٩٥ بەیانییەکەی لە رێگای دەوام بەرەو زانکۆ لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تیرۆر دەکرێت؛ دواتر دەردەکەوێت کە سێ فیشەک بە سەرییەوە نرابوو؛ دوو دینار یان کەمتر لە گیرفانیدا دەبێت. بکوژەکانی رادەکەن و لە شاری هەولێر دەربازیان دەبێت. ئەوکات بەهۆی ململانێ سیاسی و حیزبییەکان لەلایەک و ئاڕاستەی فیکریی مامۆستا سەلاح هەورامی لەلایەکی تر، پەنجەی تۆمەتباری لە تیرۆرکردنی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزە ئیسلامییەکان رەوانەکرد لەسەر ئاستی ناوەخۆ. بەڵام بەهۆی دەستگیرنەکردنی تاوانباران و نەبوونی دادگایەکی سەربەخۆ لە باشووری کوردستان هەتا ئێستا وەک تەواوی تیرۆرە سیاسیەکانی دیکە، دۆسیەی شەهید مامۆستا سەلاح هەورامیش لەڕووی دادپەروەریی یاساییەوە وەک خۆی ماوەتەوە. گومانی تێدا نییە دادگاییکردنی تاوانباران لە دۆسیەی مامۆستا سەلاح هەورامی یەکسانە بە دادگاییکردنی خۆدی دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی سیاسیی لە باشووری کوردستان.

ئامانج لە تیرۆرکردنی م.سەلاح هەورامی وەک هەر تیرۆرێکی سیاسی دروستکردنی بێدەنگییە؛ درێژەدانە بە زاڵکردنی کولتووری خێڵەکی و توندڕەویی ئایینی و حیزبییە بەسەر خەیاڵ و بیرکردنەوەی نەتەوەیی و کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتی ئازاددا. تیرۆرکردنی رۆشبیران و ئازادیخوازان بێبەهاکردنی بەها جوانەکان و زانست و مەعریفەیە؛ گۆڕینی زانکۆیە لە ناوەندێکی مەعریفی و گەشەسەندنی فیکرییەوە بۆ باڵەخانەیەکی حیزبی. تیرۆرکردن و دەرکردن و راوەدوونانی ئەکادیمیستەکانە و پڕکردنەوە شوێنەکانیانە بە بەناو ئەکادیمیستە کۆیلە و داردەسەتەکانی حیزب؛  پڕکردنەوەی شوێنی بە ئەکادیمیستێکی کۆیلە کە لەگەڵ یەک تەلەفۆنی بەرپرسێکی حیزب یەکڕاست لەسەر کورسییەکەی خۆی لە بەشی کۆمەڵناسی هەڵسێتە سەر پێ و وشەی “قوربان، بەچاوان…..تاد” بێتە سەر زمانی. بەڵێ، تیرۆرکردنی کاراکتەری مامۆستا سەلاح هەورامی ئامانجی سەپاندنی سیستم و ژیانێکی داڕزاوە کە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر مرۆڤەکانی ئێمە لە باشووری کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن کە لەلایەن ئەکادیمیستانی پێچەوانەی فیکری مامۆستا سەلاح هەورامی رەوایەتی پێدەدرێ.

مامۆستا و روناکبیری کورد سەلاح هەورامی یەکێک لە قوربانییەکانی ژێردەستی حوکمڕانیی کوردییە لە باشووری کوردستان، یەکێک لە روناکبیرە دەگمەنەکانە کە بەهۆی بیرکردنەوە رەخنەیی و رادیکاڵەکانی لەسەر کوردبوون، کولتووری کوردی و توندڕەوی ئایینی لەلایەن گوتاری سەردەستی سیاسی و ئایینی بەئامانج دەگیردرێت. تیرۆرکردنی سەلاح هەورامی بەشێکە لەو زنجیرە تیرۆرە سیاسییە رێکخراوەی کە دەسەڵاتی حیزبی کوردی لە سەرەتای نەوەدەکان دژ بەو کەسایەتییە روناکبیر و سەربەخۆیانە گرتییەبەر کە هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان مۆمێکی روناککەرەوەی ئەو دنیا کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسییە تاریکەی ئێمە بوون…

مامۆستا سەلاح هەورامی کتێبێکی بەناوی تاکی نەتەوەیی کورد لە دوای خۆیدا چاپ دەکرێت کە کۆی موحازەرەکانی دەبێت بە عەرەبی و وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، بەڵام  لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو کاتەی کە کتێبخانەکانی بەشەکانی کۆلیژی ئاداب تێکەڵ دەکرێن و دەکرێنە یەک کتێبخانە، کتێب و بەرهەمەکانی مامۆستا سەلاح هەورامی لەناودەبردرێن، بۆیە ئێستا کتێبەکانی لە کتێبخانەی کۆلیژی ئاداب بەشی کۆمەڵناسیی نەماون.

لەنێو کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەدا، کتێبەکانی ئەو مامۆستایەت دەستناکەوێت کە رۆژگارێک وەک مامۆستای هەمان کۆلیژ و بەش خزمەتی زانستی و مەعریفیی کردووە و خوێندکاری پێگەیاندووە، چونکە ئێستا لە هەموو کات زیاتر دەردەکەوێ کە چۆن ئامانجی تیرۆرکردنی سەلاح هەورامی بۆ دروستکردنی گوتارێکی ئەکادیمی و سیاسی و رۆشنبیری بوە کە بکوژانی هەورامی موقەدەس بکا.

پەیکەرەکەیشی کە دوای شەهیدبوونی دروستکرا بوو و لەناو کۆلیژی ئاداب دانرابوو، لە ساڵانی دوای سی و یەکی ئاب، بەرە بەرە هێرشی دەکرایە سەر و هەر جارەی هەندێکی دەشێوێنرا و دەشکێنرا وەک سوکایەتیکردنێک بە کەسایەتیی ئەو، کە ئەمەش وەک باس دەکرێت لەلایەن ئەندامەکانی رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان سەر بە پارتی دەسەڵاتدار ئەنجامدەدرا؛ تاوەکو دواجار پەیکەرە نیمچە شکاو و شێوێنراوەکەی بەیەکجاری لادەبەن و لەناوی دەبەن.

تاوانی تیرۆرکردنی سەلاح هەورامی هەرگیز نەبوە جێی لێگەڕینی دادگاکان و پارلەمان و تەنانەت میدیاش، بە هۆی جیاوازیی بیروڕاکانی و سەربەخۆیی و پێشکەوتوخوازییەکەشی، کەمتر هێز و گروپە سیاسییەکان خاوەندارێتییان لێی کرد. بەڵام گروپێک هەر هەن ئێستا و لە داهاتووشدا، تیرۆرکردنەکەی زیاتر بناسێنن و بەدوای بەدەستهێنانەوەی عەدالەت بن. ئەو هەوڵەی ئێمەش هەوڵێکی سەرەتایی و سادەی ئەو باوەڕەیە.

بۆ خوێندنەوەی کتێبی “کەسایەتی نەتەوەیی کوردی” بە شێوازی PDF، کرتە لێرە بکە.

بەشکردن: