وەهمەکانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ لە دونیادا

ئاشیش کۆرتای

وەرگێڕانی: شادیار شۆڕش

لە هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا بە نزیکەیی لەسەدا ٥٠ی دانیشتوانی گۆی زەوی، بەدرێژایی دەیان وڵاتی جیاواز بەشدار دەبن. هەروەک، بەنگلادیش و تایوان کە هەنووکە دەستیشی پێ کردووە. بەگوێرەی ئەو هەژماری ئەو کەسانەی بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، ئەم هەڵبژاردنانە دەبنە مەزنترین هەڵبژاردنەکانی مێژوو. لێ زیاتر لەم ئامارە سەرسوڕهێنەرە، ئەوەی هەر زۆر سەرنجڕاکێشترە ئەوەیە، زۆرێک لەو وڵاتانە، نابەرانبەرانە کاریگەرییەکی بەرچاویان بەسەر جیهانەوە هەیە. هەروەها ئەم هەڵبژاردنانە بەشێوەیەکی ڕژد بەئاگامان دەهێنێتەوە، تا تێبینی بکەین لە زۆرێک لەو وڵاتانە، کاندیدانی ڕاستڕەو و دیکتاتۆر و دژە-ژینگە هەوڵ دەدەن کورسییەکانیان بەدەست بهێننەوە؛ پوتین لە ڕووسیا، مۆدی لە هیندستان، یان هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات ( ترەمپ لە ئەمریکا). چەند ناوەند و وڵاتێکی دیکەش هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن لە وێنەی یەکێتی ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکەی بەشداربوو لە یەکێتییەکە، هەروەها بەشێک لەم وڵاتانە بەرەو ڕاستڕەویی وەردەچەرخێن یان بەشێک لە وڵاتانەی لە ڕابردوودا ئاشتیخواز بوون، نها واز لەو تایبەتمەندییە دەهێنن تەنیا لەپێناو بەشداربوون لە ناتۆ، هاوکات باشووری ئەفریقیا، لەپڕ وا کەوتووەتە بەرچاوان بەهۆی سکاڵاکەی لە دژی ئیسرائیل لە دادگای دادی نێودەوڵەتیی.

هەرچییەک  بەهۆی ئەم هەڵبژاردنانە ڕووبدات، تشتێک ڕوونە؛ بەردەوامین لەوەی واتای ڕاستەقینەی دیموکراسی لەبیر بکەین، هەروەها لەبەر ئەوەش ئەگەرەکانی بەدەستهێنانی وەرچەرخانێکی واتادار بۆ ملیارەها مرۆڤ (هەروەها بۆ هەسارەکەش) بریتییە لە سەربەخۆیی هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکان.

ئێمە لەبیرمان کردووە کە واتای دیموکراسی چییە

چەمکی دیموکراسی لە وشەی دیمۆس واتا (خەڵک)ی زمانی یۆنانییەوە وەرگیراوە لەگەڵ وشەی کراسی کە بە واتای (یاسا) دێت. بێگومان وەک ئەوەی لە یۆنانی کۆن پەیڕەو کراوە، دیموکراسی ئەوەیە هەموو دانیشتووان، تەنانەت بە چینەکانی خوارووی کۆمەڵگەشەوە، واتا بە کۆیلە و ژنانیشەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی بەرفراوان بڕیار لەسەر مژارەکان بدەن. دیموکراسی بەو واتایە نەهاتووە کە شتێکە ئیدی لە نێو لەپی دەستی سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراو و بیرۆکراتە دامەزراوەکاندا بێت، وا بەڕاستی لە ئێستا دیموکراسی لە سەردەمی دیموکراسی لیبڕاڵ و مۆدێرندا هەر ڕێک بەو چەشنەدا براوە.

لە دەمێکدا هیندستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە مەزنترین وڵاتی دیموکراسییە، بنەمای سەرەکی ئەم بانگەشەیەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وا خودان هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و کراوەیە بۆ تەواوی دانیشتووانی وڵاتەکەی کە لە سەروو تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن. ئەم دیاردەیە نابێت هەر وا کەمبایەخ بیبینین، بۆیە لەپێناو دڵنیابوون لە پڕۆسەیەکی وەها (ئەگەر بە تەواوەتییش دادپەروەر و ئازادانە نەبێت) بۆ ٩٥٠ ملیۆن دەنگدەر بەڕاستی ئەرکێکی سەرسوڕهێنەرە. هەر هیچ نەبێت لە ڕووی تیۆرییەوە، هەندێک پێوان دەبەخشێت بەو ژمارە زۆرە دەنگدەرە تاوەکوو بیربکەنەوە کە چ پارتێك حکومەتیی نیشتیمانیی وڵاتەکە و سەرۆکوەزیران پێک دەهێنێت و دیاریی دەکات. هەروەها ئەگەر زیاتر لە پەیوەند بە تیۆرەوە قسە بکەین، ئەو حکومەتەی کە پێک دێت پێویستە، گرێدراوی خەڵک بێت و ئەو کردارانە جێبەجێ بکات کە سوود بە ئەوان دەگەیەنێت.

وەلێ هەرچەندە ئەم بابەتە سەرنجڕاکێش بێت، لێ هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوەتی لە واتای ڕاستەقینەی دیموکراسی نزیک ببێتەوە. بەداخەوە، کاتێک بە سەدان میلۆن کەس ڕوو لە بنەکەکانی دەنگدان دەکەن تا دەنگ بە کاندیدێک بدەن، هەر ئەو کاندیدانە بەشێک لە مافەکانی خۆیان دەبەخشن تا ببنە بڕیاربەدەست بەسەر ئێمەوە. ئەو ڕاستییە پشتگوێدەخەین کە  ئێمە وا لەدایکبووین کە خاوەن هێز و مافین تاوەکوو خۆمان بڕیار لەسەر خۆمان بدەین. لانی کەم دەربارەی ئەو بڕیارانەی وا کاریگەرییان بەسەر ژیانمانەوە هەیە. بە دەیان ساڵە دیموکراسی‌لیبڕاڵ لە قاڵبی داوین بۆ ئەوەی هێزی خۆمان ڕادەستی سیاسیی و بیرۆکراتەکان بکەین، ئەمەش وای کردووە مافە هەرە بنچییەکەی خۆمان لەبیر بکەین.

هەنووکە بە قووڵی دەبینین وا دەسەڵاتی خەڵك لەناودەبرێت. ئەمەش بەندە بەو هەزاران ساڵە لە دیرۆکی پیاوسالاری وا ژنان و پێکهاتە کەمینەکان لە هەموو جۆرە شێوەیەکی بڕیاردان دوورخراونەتەوە. سەدان ساڵ حوکمڕانی ناوەندگەرایی (پاشا و دەسەڵاتدار) کە تێیدا بە مرۆڤەکان دەوترا؛ پێویستە گوێڕایەڵ بن، چونکە ئەمە لە سرووشتی ئێوەدایە.

سەدان ساڵ لە چینایەتی، ڕەگەزپەرستی و کۆلۆنیالیزم کە ملیۆنان کەسی لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی بڕیاردان بێبەش کرد؛ و دەیان ساڵە دیموکراسی لیبڕاڵ مێشکی ئێمەی شۆردووەتەوە و، وای لێ کردین بە چەشنێک بیر بکەینەوە کە کە دەوڵەت-نەتەوە باشترین جێگرەوەیە بۆ پاشا و ستەمکار و زۆردارەکان، کە زۆرترین توانای بەڕێوەبردنیان هەیە هەیە بۆ ژیانی ئێمە. ئەمانەش لەلایەن سیستەمی ئایینی یان عەلمانییەوە پیرۆز کراون و بڕوامان پێکردن کە ئەم جۆرە ناوەندگەراییە، تشێکی ”سروشتییە” یان ”خودابەخشە” کە قەشە و زانایانی سیاسی و ئابووریناسان دەقە پیرۆزکەرەکانیان بەرهەمهێناوە.

تێکەڵکردنی ئەم پرسە بە خوداکانی سەرمایەداریی، دەبێتە تێکەڵكردنێکی هاندەر و وروژێنەر. ئابووریی جیهانیی بەندە بە ئابووریی نیولیبڕاڵەوە، هەروەها هەنووکە لە هەر کاتێکی مێژوویی زێدەتر، بەرفراوانتر و قووڵتر ئیلهامی لەنێو خەڵکدا هەیە. گرێوی ئەوە دەکەم کە هەنووکە لە زەویدا زۆرینەی خەڵك خەونی ئەوە دەبینن، دەوڵەمەند بن، بەناوبانگ بن و خاوەن هێز بن و لە یەختەکاندا کات بەسەر ببەن، هەروەها کۆتا جۆری مۆدێلبەرزی ترومبێل یان ئامێر بکڕن، و لە ناوچە دەوڵەمەندنشینەکان پشووەکانیان بەسەر بەرن، هاوکات دوژمنی دراوسێکانیانن و ئەگەر بێتوو پارەی تەواوەتیشیان نەمێنێت بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەمانە، ئەوە لانی کەم هەوڵ دەدەن ئەو پارەیە بەدەست بخەن یان ئەوەتا قەرزی دەکەن. لێ هەمان ئابووریی بێتوانایە لەوەی تەواوی ئەو پێویستی و خواست و ئارەزووانە پڕ بکاتەوە. هەروەک چۆن فێڵزانە سەرمایەدارەکان قازانجی لەهەژمارنەهاتوو بەدەست دەخەن، لەو کاتەدا ڕێژەی بێکاری زیاد دەکات لەزۆربەی بەشەکانی جیهاندا، هۆکاری ئەمەش بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە  بۆ ئەو دابەشکارییە نایەکسانەی کار لەلایەن خاوەنکارەکانەوە. نایەکسانی لەنێوان دەوڵەمەند و هەژار لەتەواوی مێژووی جیهاندا بۆ خراپترین ڕەوشی خۆی بەرزبووەتەوە. هەروەها لەسەروو ملیاران کەسەوە ناتوانن پێویستییە هەرە سەرەتاییەکانیشیان دابین بکەن لە خواردن و ئاو و وزە و ماڵ.

سەرەڕای ڕووماڵکردن لەلایەن میدیاکانەوە، بەتایبەتی لەلایەن میدیای هەرە باو؛ تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، درۆیەکی فریودەرانە دەرخواردی خەڵک دەدرێت کە گوایە هۆکاری درووستبوونی قەیرانەکانیان، ”ئەوانی دیکەن” ئەوانی دیکەش مەبەست لە پەناهەندەکان، کەمە پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکیی و بێگانەکانن.

گفتوگۆکانی نێوان خەڵك و سیستمی پەروەردە ئەوەندە بێئەرزش کراون وا تەواوی نەوە جیاوازەکانیش ناتوانن لە دیوە ڕووکەشییەکەی ئەو پرسیارانەش تێبگەن کە ئاڕاستەیان کراوە. یان بە سانایی بێژین؛ خەڵکیان بە ئاسوودەییانە  بێهۆش و سەرمەست کردووە (سا کاتی ئەوەیە ئاماژە بە قسە بەناوبانگەکەی پینک فڵۆید بکەین؛ ئەوانەی تەماشای شاشە دەکەن، گیرۆدەی نێتفلیکسن بۆیە دۆخیان وایە).

وەلێ هەندێک لەبیریان نەکردووە

هەرچۆنێک بێت هێشتا خەڵكگەلێک هەن مێشکیان نەشۆراوەتەوە و نەتواونەتەوە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خەڵكە ڕەسەنەکان لە گردەکانی چیاپا لە دەوڵەت-نەتەوەی مەکسیک بڕیاریاندا خۆسەریی خۆیان بونیاد بنێنن،. بە پشتبەستن بەمە دەیەک دواتر، جووڵانەوەی زاپاتیستەکان سەربەخۆیی خۆی لە دەوڵەتی مەکسیک ڕاگەیاند. لەو کاتەوە، کاروباری خۆیان بەبێ بوونی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەڕێ دەکەن. هەر لە دەوروبەری هەشتاکاندا، گوندی ئەدیڤاسیس کە کەسانی ڕەسەنی ناوەندی هندستانن، درووشـمێکیان بەرز کردەوە کە بەم شێوەیە بوو؛ ئێمە لە دلهی، حکومەتمان هەڵبژارد، لێ لە گوندی خۆمان، ئێمە بەخۆمان حکومەتین. لەو کاتەوە شێلگیرانە، پەیوەستن بە پێواژۆیەکی دیموکراسییەوە کە تەواوی بڕیارەکانیان لەلایەن ئەنجومەنی گوندەکەوە بەناوی گرام سابهاوە بەڕێوەدەچێت.  بە کۆدەنگی ئەنجومەنەکەیان، وایان لە حکومەت کرد بڕی پێویستی بودجە بۆ گوندەکەیان خەرج بکات. ٩٠ گوندی دیکە لە ویلایەتی مەهاراشترا لەژێر چەتری کۆمەڵەی کۆرچی مەهرا گرامسبها هەوڵ دەدەن خۆبەڕێوەبەرییەکی بەرفراوانتر بەدەست بخەن، هاوکاتی ترسیان لە هەڕەشەکانی حکومەت.

لەلایەکی دیکەوە، لە چوارگۆشە جەنگاوییەکەی نێوان ئێران، ئێراق و سوریا و تورکیا، ٤٠ ملیۆن کوردی بەهێز هاوشانی کەمەنەتەوەکانی دیکە دەژین و هەوڵیان داوە خۆبەڕێوەبەریی خۆیان بونیاد بنێن. بێگومان، ئەمەش بەرخودانە. لەبەر ئەوەی توندوتیژیی و چەوساندنەوە لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەکانەوە بەردەوامە بەتایبەت لەلایەن تورکیاوە. وەلێ لانی کەم، لە هەندێک شوێنی ناوچەکە، سەرکەووتنی مەزن هاتووەتە ئاراوە. ئەمەش ڕۆژئاڤای کوردستان دەگرێتەوە. کە ئایدۆلۆژیای فێمینیستی بەناوی ژنۆلۆژییەوە  یەکێکە لە بنامەکانی دامەزراندنی حکومڕانی، ئابووری و پەیوەندییە سۆسیۆ-کەلتوورییەکان.

لەنێو دڵی سەرمایەداریی ئەوروپیدا. شارێکی کرسیتییان‌نشینی وەک کۆپنهانگن. هەوڵی دا کۆمەڵگەیەکی ئەنارشیتیسیی دیموکراتی بونیاد بنێت بەبێ موڵکایەتی تایبەت یان هەبوونی ناوەندگەرایی و بازرگانیی هەرەوەزییانە. هەروەک بیرمەند و چالاکوانی کۆچکردوو؛ دەیڤید گرەیبەر نیشانی داوە، توخمە گرنگەکانی جووڵانەوەکانی ئەم دواییە لە چەشنی ئەکوپای وۆڵ ستریت لە ئەمریکا، توخمگەلێکی دیموکراسی ڕاستەوخۆی ئەنارشیستییان تێدایە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی دیاریکراوی تواناکانی خۆیان وەگەڕ خراوە.

ئەمە و زۆرێکی دیکە لە دەستپێشخەرییەکان، ئەوەمان نیشان دەدەن دیموکراسیی ڕاستەقینە و هێزی خەڵك، دەکرێت هەبێت. ئەمەش شوێنێکە کە خەڵک؛ خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگە، لە گرووپی هەمەجۆری جیاوازدا، مافیان هەیە، توانایان هەیە و دەتوانن شێوەی ئەوە بکێشن کە بەشداریی لە هەموو بڕیارەکان بکەن وا کاریگەرییان بەسەر ژیانیانەوە هەیە. شتی هەرە گرنگ ئەوەیە ئەمە نابێت ببێتە بەشدارییەکی نیشانەیی\سیمبۆلیک، بۆ وێنە؛ کاتێک ژنێک لە گوندێکی هندستان، دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی گوندەکەی، خۆ یاسا هەموو مافێكی پێداوە، بەڵام بەهۆی سیستمە پیاوسالارییەکەوە وای لێ هاتووە ناتوانێت وشەیەکیش بڵێت. هەروەها دۆخێکیش لە ئارادا نییە کە زۆرینە ڕێگە بە بەشداریی کەمینە بدات لە بڕیارەکاندا، تا ئەمەش ببێتە دەرخەری ئەوەی کە بڕیارەکان بە هەماهەنگی دراون. زێدەتر، لەم جۆرە دەستپێشخەرییانەدا، ساڵانێکی زۆرە پێواژۆکان بەردەوامییان هەیە. نموونە ئەنجومەنەکانی ژنان لەنێو ئەنجومەنی گوندەکاندا، یارمەتیدەر بوون بۆ بونیادنانی بڕوابەخۆبوون و توانا بۆ ئەو توێژانەی ساڵانێکە چەوسێنراونەتەوە. هەر بۆیە ماف، توانا و شێوەکانی بەشداربوون لەلایەن چوارەمین ئامرازی گرنگەوە بونیادنراون کە ئەویش دیموکراسییە لە پێواژۆیەکی سەرکەووتودا. ئەو داناییەی بۆ دەرکردنی باشترین ئەو بڕیارانەی وا هەمووان پێی ڕازامەندن.

بەداخەوە، بە شێوەیەکی سەرەکیی زۆربەی بزووتنەوە کلاسیکە سیاسییە چەپەکان، زێدەتر سەرنجیان لەسەر بەدەستهێنانی هێزی دەوڵەت بووە، وەک لە بونیادنانی هێزێک کە پشتئەستوور بێت بە توانای خەڵك. هەرچەندە زۆربەیان  لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا، لە وێنەی پارادایمی ئابووریی، باشتر بوون لە پارتە سیاسییە ڕاستڕەوەکان، بەڵام دواجار ئەمانیش، شکستیان هێناوە لە ناسینەوەی ئەو وروژاندنەی وا سەرمایەداریی لەنێو خەڵکیدا دروستی کردووە. ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە،  دەنگدەران سۆزیان بەرەو کاندیدە تاکڕەوەکان هەیە کە فریودەرانە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان داوە. بەتایبەت ئەو کێشانەی گوایە بێگانەکان بۆ خەڵكی ڕەسەنی ناوچەکانیان درووستکردووە. دەشکرێت ئەمە ئەوەمان بۆ ڕوونبکاتەوە کە بۆچی ڕێککەوتنە جیهانییەکان لەمەڕ ژینگە، مافەکانی مرۆڤ، چوارچێوەی خاڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەپێناو گەشەسەندندا، شكستیان هێناوە لەوەی زاڵ بن بەسەر مەزنترین قەیرانەکانی هەسارەکەدا، لە نموونەی قەیرانگەلێکی وەک ڕووخانی ئیکۆلۆژی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا جەنگ و بەدخۆراکی و زیاتریش.

دەوڵەت-نەتەوەکان سەرقاڵی کێبڕکێکردنی یەکدین، بەهێزانە سەرنجیان لەسەر ئەو پارتانەیە وا هێز بەدەستدەهێنن و سەرمایەدارە گەورەکان سەرپێدەخەن. سا ڕوونیشە ئەمانە هیچ نییەت و مەیل و بیرکردنەوەیەکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

تەنیا چەند سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ توانیویانە پێویستی درووستبوونی شێوەیەکی نوێی دیموکراسی بدۆزنەوە، کە لەنێو خەڵكی ئاساییدا باوەڕییان پەیدا کردووە. لە سەرەتاکانی یاخیبوونی کوردان لە دژی دەوڵەت-نەتەوە چەوسێنەرەکان خواستی ئەوان ئەوە بوو ببنە وڵاتێکی سەربەخۆ. هەر چۆنێک بێت، زۆر بە زوویی یەکێک لە هەرە سەرکردە گرنگەکانیان بەناوی عەبدوڵڵا ئۆجالان، درکی بەوە کرد کە ئەم خواستەی کوردان دەکرێت خود-بەرگریی بێت لە بەرانبەر دەوڵەت-نەتەوەیەک کە خەلکی هەڵدەخەڵەتێنێت لەپێناو ئازادیدا. عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستی بەوە کرد شتێکی نوێ لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتییدا بئافرێنێت. شتێک یان فۆرمێک کە ئیدی هیچ پێویستییەکی بە دەوڵەتێکی ناوەندەگەرا نییە، جڤاتێکی خۆسەر، کە کاروبارەکانیان خۆیان بەڕێوەی دەبەن لێ مامەڵە لەگەڵ جوگرافییایەکی بەرفراوان دەکەن کە فۆرمێکی سیاسیی کۆنفیدڕاڵی هەیە. لە چەند ناوچەیەکی کوردستان هەوڵی ئەمە دراوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە نێو سوریا و تورکیا.

کاتێک هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ لەدەستی کۆڵۆنی بەریتانیی ڕزگاریی بوو، مەهاتما گاندی باسی لەوە کرد کە ئەو پارتەی لەنێو ئەنجومەنی نیشتیمانیی هندستاندا حکومەت درووست دەکات، دەبێت کەمتر سەرنجی لەسەر ئەوە بێت سەرپاکی هێزی خۆی لە نیودەلهیدا کۆبکاتەوە بەڵکوو پێویستە هەر ناوچەیەک وا بەهێز بکات کە کۆمارێکی تایبەت بە خۆی هەیە. بەداخەوە، سەرکردەکانی ئێمە سیستمێکی پەرلەمانییان هێنایە کایەوە وا سەرنجی سەرەکیی لەسەر هەڵبژاردن و نوێنەرە سیاسییەکانە، بۆیە سیستمێکی فیدڕاڵیی بەهێزیان درووست کرد کە تا ڕادەیەک هەندێک دەسەڵاتی خۆسەری دا بوو بە ویلایەتەکان، لە نەوەدەکانیشدا تا ڕادەیەک هەندێک دەسەڵاتیان بەخشی بە دامەزراوە و سازییەکانی حکومەت نێو شار و گوندەکاندا. هەر چۆنێک بێت، هەنووکە سەرەڕای ئەوەی ئازاربەخشە، بەڵام بە ڕوونی دەتوانین ئەو دژیەکییانە ببینین وا بەهۆی دیموکراسی لیبڕاڵەوە هاتووەتە کایەوە. ئەو حزبەی ئێستا لە دەسەڵاتدایە بەنیازە دەستێکی تاکڕەوانە بەسەر وڵاتدا بچەسپێنێت و هەردوو سیستەمی حوکمڕانی فیدراڵی و ناوخۆیی لاواز بکات.

لەوەش خراپتر، مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وەک مافێکی دیموکراسی لە هەندێک شوێن بۆ فریودانمان بەکار دێت، بەتایبەت بۆ خەڵكی هندستان تاوەکوو باوەڕ بەوە بهێنن کە پیاوێکی بەهێز لە دەلهی کە جەخت لەسەر ڕایەکی ئایینی زۆرینە دەکات، بتوانێت کێشەکانی هاوڵاتییان چارەسەر بکات. واش دەردەکەوێت کە دەنگدەرانی هندستان دەبنە بەشێک لەو ئامرازەی کە بەهۆی ئەم دۆخەوە، دیموکراسی ڕاستەقینە هەڵبوەشێتەوە.

دیموکراسی ڕاستەقینە شەڕێکی سەرکەشانەیە، بەڵام دەبێت ئەو شەڕە بکەین

کۆسووڕە داگیرکەرە سەربازییە، پیشەسازییگەراییە سەرمایەدارییە ئایینیەکە، سەرسوڕهێنەرانە، زیرەکە. ئەو داهاتووی ملیاران مرۆڤ و (ملیۆنان چەشنی زیندەوەر) دیاریی دەکات. لێ بەرنامەڕێژی دەکات لەپێناو ڕازیکردنی ئێمە بەوەی هێشتا شتانێک هەن لە ژێر سایەی هێزی ئەودان، بەگوێرەی خۆشیان بۆیە وا دەکەن تاوەکوو ژیانمان باشتر بکەن. جا سانایانە ئێژێت ئەگەر حکومەتێکی دیاریکراو پەسەند ناکەیت، بڕۆ و دانەیەکی دیکە هەڵبژێرە. ئەگەر حەزت لە براندێکی دیاریکراوی سابوون نییە، بڕۆ و دانەیەکی دیکە بکڕە. بە دەیانی دیکە لەنێو سوپەرمارکێتەکاندا هەیە، تەنانەت هەندێکیان ئەندامیین و بۆ هەستیاریی پێست بەکاردێن. ئەگەر کارت نییە، یان گەر لە ژیانی ڕۆژانەت هەست بە ترس ئەکەیت، سیستم سەرکۆنە مەکە، بەڵكوو ئەوی دیکە سەرکۆنە بکە کە هیچ مافێکی نییە لە وڵاتەکەی تۆدا بێت، ئەوێک کە ڕەنگی پێستی جیاوازە، ئەوێک وا شوێنکەوتەی ئایینی زۆرینە نییە، ئەوێک کە لە جەنگی ئەفریقاوە بە بەلەم هاتووە، یان ئەو ئاژەڵەی کە مەڕەکەت ئەخوا، سا پێشت دەڵێت خۆ ئەگەر کەسێک هات و وتی ئەمە هۆکاری کۆلۆنیاڵی و فاشیستی و ڕەگەزپەرستییە، ئەوا دەبێت بزانیت کە ئەمە درۆت لەگەڵ دەکات.

کاتێک ڕێگەکەت ئاسانە، چما خۆت دەخەیتە نێو گێژاوی چارەسەریی و ڕوونکردنەوە ئاڵۆز و سەختەکان، بەخۆشحاڵییەوە بەهۆی قازانجەکانەوە، بڕۆ چارەسەریی وەربگرە و پاشان بچۆ دەنگ بدە. جا دەشڵێت ڕاستییەکەی هێشتا تەکنەلۆجیا بەگوێرەی خواستی خۆمان پێشنەکەوتووە بەڵام دەی گەشبین بە هێشتا تەکنەلۆجیا لە دەردانی کاربۆندا دەتوانێت یارمەتیمان بدات.

هەر بۆیە تێدەگەین،  ئەگەرچی هێزی سیاسیی  و ئابووریشمان هەبێت لێ هێشتا سیستم چارەسەرییەکی ڕاستەقینە پێشکەش بە ئێمە ناکات، تاوەکوو پێواژۆی بونیادنانی کۆمەڵگە خێراتر ببێت. لەنێو جیهاندا، بە سەدان هەزار نموونەی وا هەیە، کە حکومەتێكی شارەزا و ناوخۆیی دەکرێت تێکەڵی خەباتە جیاوازەکان بکرێت لەپێناو یەکسانی جێندەریی و سیاسیی و هەستیاریی ژینگەیی لەنێو ئەوەی پێی دەوترێت گوڵەکانی گواستنەوە[1]. زۆربەی کات، بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەکانیش باس لە دامەزراوە نەریتییەکانی حکومڕانی وڵاتەکانیان دەکەن، هەروەها باس لە چەندین کێشەی ئاشکراشیان دەکەن وەک زاڵبوونی کەسە بەتەمەنەکان بەسەر زۆرینەی سێکتەرەکانی حکومڕانیدا. هەندێک لەم دامەزراوانە بە تەواوەتی هەڵبژاردن بۆ بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕەت ناکانەوە، لێ زیاتر پێداگریی دەکەن لەوەی ئەو دامەزراوانە دەبێت بەردەست بن بۆ یەکە سەرەتاییەکانی دیموکراسی. هەر جۆرە هێزێکی بڕایاردانیان هەبێت، پێویستە پشکنین و وردبینی بەردەوامی خەڵک بکرێت، نوێنەران زۆرجار بگۆڕدرێن و ئامرازەکانی دیکەی لەو جۆرە بۆ کەمکردنەوەی چڕبوونەوەی دەسەڵات بەکاربهێنرێن.

خودی پێواژۆی دەنگدان، پێویستی بە ڕیفۆرمگەلێک هەیە، بەپێچەوانەوە، کێ پارەی زیاتری هەبوو دەتوانێت بیشێوێنێت، هەروەها نابێت کاریگەری کۆمەڵایەتی ناشەرعی لەسەر بنەمای چین، ڕەگەز و هتد.. زاڵ بن بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، چونکە دەبنە سەرچاوەی دابەشکاریی دوژمنکارانە لەناو کۆمەڵگادا.

بیرسای سوارژ[2]ی مەهاتما گاندی، یانژی مۆدێرنیتەی دیموکراتی عەبدوڵڵا ئۆجالان زۆر نزیکن لە دۆخی ئێستای جیهانەوە. بەهێزانە پەیوەستن بە خۆسەریی و ئازادیی تاک و کۆمەڵەوە، لێ هەندێک ئاکاریش کۆتوبەند دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی ئازادیی کەسەکان سنووردار نەکراوە. تەنانەت دەتوانین ئەمە بەرفراوانتریش بکەین؛ دیموکراسییەتێکی ڕادیکاڵی لەم چەشنە؛ تەژیە لە بابەتی ژینگەیی، واتا ئیکۆ-سوارژ- یان دیموکراتیی ژینگەیی ڕادیکاڵ. لەوانەیە کۆتا قۆناغی کۆمۆنیزم لای مارکس، کە دەوڵەت فڕێ دەدرێت، تاکەکان چیدیکە لە کارەکانیان نامۆ نەکراون و بۆشایی ئیکۆلۆژیی لە نێوان مرۆڤ و سرووشتدا کۆتایی پێهاتووە. بەداخەوە، ئەو ڕژێمانەی گوایە کۆمۆنیستیی بوون لە وێنەی ڕووسیا و چین وا بوون و ئێستاش وان کە بەتەواوەتی بوونەتە دژیەکیی دۆخی بێدەوڵەتیی.

هاوکات خواستێکی زۆر هەیە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە سنووربەندییە سیاسییەکان، بەتایبەت لەنێوان دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە کە پێشتر کۆڵۆنییکراون، بۆ ئەم جۆرە سنووربەندییانە ڕەوتی سرووشتی و کەلتوورییان دابەش کردووە کە کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر مرۆڤەکان، گیانلەبەرە کێوییەکان و ئەرکە گرنگەکانی ئیکۆسیستەم هەیە. ناوچەگەرایی بایۆکەلتوری[3]، یان بایۆناوچەگەرایی[4]، وەک ڕێگەیەکی ژیرتر بۆ ڕێکخستنی بڕیاردانی سیاسی پێشنیار دەکرێت، هێنانی دەنگەکانی دیکەی سروشت، دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییە شکاو و هاوبەشەکان، دەبێتە هۆی چالاککردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دامەزراندنی دامەزراوەی جیاواز لەسەر ئاستی زەمینی و دەریایی. هەروەها بەشێکە لە تەحەداکردنی ناوەندگەرایی دەوڵەت-نەتەوە کە بەگوێرەی کات بووەتە هۆکارێک بۆ شکستی حکومەتەکان لە چارەسەرکردنی کێشە فشارهێنەرەکانی هەسارەکە لە وێنەی قەیرانی کەشوهەوا و جەنگەکان.

هەموو ئەمانە، ئەرکێکی سەختە، بەڵام کێ وتوویەتی دیموکراسی شتێکی ئاسانە.؟ زۆر بە سانایی، چارەسەرییە ئاسانەکان جیهانی ڕووبەڕووی ڕووخانی ژینگەیی کردووەتەوە و لەوانەشە جەنگێکی دیکەی جیهانیی بێتە کایەوە، دەشێت ڕێبازی بونیادنانی داهاتووییەکی ئاشتیخواز، لەنێو پێواژۆی بڕیاردانێکی داهێنەرانەتر، ڕاوێژکارانەتر، کەرامەتتر و گشتگیرتردا خۆی مەڵاس دابێت. لەم کاتەدا، ئەگەر هێنانی حزبێکی پێشکەوتنخواز تەنیا یارمەتیدەرێکی کورتخایەن بێت بۆ ساڕێژکردنی برینە قوڵەکانی مرۆڤایەتی،  بەڵام هێشتا با هیوا بخوازین کە لانی کەم بەشێک لە دانیشتووانانی جیهان توانادارن بەوەی هەواڵی خۆش لەنێو هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤دا بهێننە کایەوە.

ئاشیش کۆتهاری: ژینگەپارێزێکی دانیشتووی هیندستانە، بەشداریی لە دامەزراندنی دەیان تۆڕی پەیوەندیی و ڕێکخراوی جیاواز هەبووە لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمیدا. لە ماوەکانی ڕابردووشدا بابەتێکی دیکەی ئاشیش کۆتهاریی لەلایەن وەرگێرەوە کراوەتە کوردیی-ناوەندیی بەناوی؛ ”گفتوگۆی خەیاڵکردنی مەهاتما گاندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان”.

[1] گوڵەکانی گواستنەوە چەمكێکی داتاشراوی نووسەر خۆیەتی کە لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت ئاوێزانبوونی خەباتی دیموکراسیی و سیاسیی لەپێناو سەقامگیریی ژینگەیی تێکەڵ بە یەک دەکات

[2] سوارژ بیرسایەکی تایبەت بە مەهاتما گاندییە کە لەسەروەختی ڕزگاریی هیندستان لەدەستی بەریتانیا، پێشکەشی کرد تاوەکوو هیندستان بەو شێوە حکومڕانییە بەردەوامیی بە خۆی بدات.

[3] بریتییە لە لێکۆڵینەوەی زانستیی دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان زانستی بایۆلۆجیا و کەلتوور Biocultural regionalism

[4] Bioregionalism بریتییە لە لێکۆڵینەوە و گەڕان و شرۆڤەی دۆخی مرۆیی ناوچەیەکی دیاریکراویی جوگرافیی لە ڕوانگەی زانستی بایۆلۆجیاوە

بەشکردن: