سەرکردەی ژەهراویی

د. نیاز نەجمەدین

زۆر ئایدیای مردوو، وەک ئەلێکزاندەر و هاوکارەکانی دەڵێن، هێشتا لەناوماندا دەژین، لە نێوانماندا هاتوچۆ دەکەن و کاریگەرییان هەیە لەسەر  پەیوەندییەکانمان. پرسی سەرکردایەتییکردنیش پڕپڕە لە ئایدیا مردووەکان و دەمێکە دەبوو بنێژرانایە، کەچی ‌هێشتا کاریگەریی نەرێنییان لەسەرمان هەیە و هۆکارێکی ئەو قەیرانانەن کە تیایاندا دەژین.

لە ریزی ئەو بۆچونە مردووانەدا، هەندێک رایان وایە سەرکردە خۆڕسکە و دەستکرد نییە. رایان وایە جەستەی کەسەکە مەرجی یەکەمە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرکردە. مرۆڤێک کورتەباڵا بێت، دەنگی ساف و کاریگەر نەبێت، لەشولاری گونجاو نەبێت، گوایە بەختی ئەوەی نییە ببێت بە سەرکردە. تەنانەت دووربینیی و زیرەکیی شتێکە خودا (یان سروشت) بە سەرکردەی بەخشیوە. ئەم شێوازە کە بە شێوازی ‘تایبەتمەندیی سەرکردە’ ناسراوە، ئەوە رەت دەکاتەوە سەرکردە لە ژینگەی خۆیدا دروست دەبێت و لە توانادا هەیە دروست ببێت.

لەم بۆچونەدا، تیم یان خەڵک، هیچ نییە جگە لە چەپڵەلێدەر. ئەوەی گرنگە سەرکردە و حیکمەتەکانێتی، بۆ نمونە گوایە سەرکردەی ئازایە کە وایکردووە کورد هەرێمێکی لە چوارچێوەی عێراقدا دەست کەوتووە و پارێزراویشە.

نەخێر، سەرکردە خۆڕسک نییە. سەرکردە نە ئەزەلییەوە و نە ئەبەدیی. بە لای کەمەوە، سەرکردە کۆمەڵێک کارامەیی هەیە. یەکێکیان توانا مرۆییەکەی و ئەوی دیکەیان توانا هزرییەکانێتی، کە دەستکردن و لە ژینگەی خۆیدا دروست دەبن. سەرکردە ئەو کەسەیە کە بتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و نەهێڵێت ململانێکان ئێسقان بشکێنن. یان لە پێناوی بردنەوە و خۆپاراستن لە دۆڕان، داهێنان لە فاوڵ و فێڵدا نەکات. واتە سەرکردایەتییکردن چەند رەفتار و کاراکتەرێکە و کەسێک هەڵگریەتی، بەڵام پێدراو نییە. وەک درەختێک وایە، گەڵاکانی بریتیین لە تواناکانی (بەتایبەت توانای مامەڵەی مرۆیی و پەیوەندیکردن بە رێزەوە و هاندانی تیمەکان) و رەگەکەشی بریتییە لە کەسایەتییەتییەکەی (شتی وەک متمانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و نائومێدنەکردنی تیمەکانی بەتایبەتی و خەڵک بەگشتیی). بەبێ ئەم دوو بەش و خەسڵەتانە، دامەزراندن لە پۆستێکی بەرز بەرپرسەکە ناکات بە سەرکردە.

ئەوەی باسم کرد دووشێوازن، یەکێکیان ناسراوە بە ‘شێوازی کارامەیی بۆ سەرکردە’ و ئەویتریان سەرنجی لەسەر رەفتارە و ناسراوە بە ‘شێوازی رەفتارگەریی’. بەم پێوەرە بێت، ئێمە کەمترین سەرکردەمان هەیە بتوانێت چارەسەری كێشە بکات. بەکارهێنانی توندوتیژیی لە چارەسەری کێشەی تیمەکاندا نیشانەی کەمیی توانای سەرکردایەتیکردنە، نەک گەمژەیی تیمەکان یان زیرەکیی سەرکردەکە. بە سەرکردەیەک ناوترێت سەرکردەی باش ئەگەر تیمەکانی بە گژ یەکتردا بدات، ئەو دیاردەیەی لە دنیای بەتایبەت حزبەکانماندا دەبینرێت. دەیان ساڵ شەڕی ناوخۆ بەڵگەی هیچی تر نییە جگە لە نەبوونی ئەو سەرکردانەی کە دەتوانن بە ڕێگەیەکی سەقامگیرتر و ئارامتردا بمانبەن. بەم واتایە، با دەزگاکانی راگەیاندن هەوڵی ئەوە بدەن کەسایەتییەک وەک سەرکردە بناسێنن کاتێک شەڕێکی سەخت لە حزبە نەیارەکەی دەباتەوە، هێشتا کەموکورتییەکی گەورەی هەیە بەو هۆیەوە نەیتوانیوە پەیوەندییەکە بە رێگەیەکی ئارامتردا ببات.

کێشەیەک هەیە لێرەدا. چیرۆکەکە هەمووی دەربارەی سەرکردەیە، وەک بڵێی خەڵک یان تیمەکان هیچ نین. ئاسودەیی سەرکردەکە، دەسەڵاتی سەرکردەکە و هەرچی شتێکیتر حیکایەتەکە چێژبەخشتر بکات، سەنتەری گفتوگۆکانە. بۆ نموونە، هەمووی مەراقێتی بزانێت سەرکردە چی دەخوات، چی لەبەر دەکات، ئاخۆ هاندەری بەرشەلۆنەیە یان ریاڵ مەدرید، کام ئەکتەرەی خۆشدەوێت، هتد، ئیدی بە دوایدا باڵەبانی راگەیاندن دەکەوێتە کار و وێنەیەکی سیحری سەرکردەکەمان بۆ دەکێشێت وەک ئەوەی کار و کاسبیمان نەبێت تەنها چاودێریی بەڕێزیان بکەین. دیوە خراپەکەی ئەم بۆچونە ئەوەیە چاوبەستمان لێ دەکات بەرامبەر بەشی سەرکردەکەمان کە لە دەسەڵات و سامان هەرچەند بەرێت. رەنگە بڵێین: “شایستەتە، نۆشی گیانت بێت قوربان!”. بەتایبەت سەرکردە کاریزمییەکان بە جۆرێکن شەڕی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش بنێنەوە هێشتا رەنگە عەشقی جەماوەرەکەیان لە دەست نەدەن. ئەم ئایدیا مردووانەیە وادەکات باوک لە ماڵدا، سەرۆک لە حزب یان حکومەتدا، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیادا بەشی زۆری دەسەڵاتی بڕیاردان و دابەشکردنی سامان بۆ خۆی ببات. سەرۆکی کۆمپانیا (CEO) زەبەلاحەکانی ئەمریکا نزیکەی ٤٠٠ جار لە کارمەندی ئاسایی وەردەگرن، داهاتی ساڵانەیان ٢٥ ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت (بڕوانە پەیپەرەکەی ئەلێکزاندەر و هاوکارەکانی).

تیۆریی دیکە هەن سەرکردە دەبەستنەوە بە هەلومەرجی شوێنکەوتووەکانییەوە. لەم تیۆرییەدا، ئاستی خوێندەواریی و پاڵنەری کارکردن و رۆشنبیریی جەماوەرەکەی ستایڵی سەرکردایەتییکردنەکە دەستنیشان دەکات. هەرچەند ئەوان تواناکانیان باشتر و پاڵنەرەکانیان پڕ گڕ و تین تر بێت، چوست و چالاک بن، سەرکردەکەش ستایڵەکەی لە ‘ئاراستەکردنەوە’ دەگۆڕێت بۆ ‘مەشقپێکردن’، تا دەگات بەوەی تەنانەت سەڵاحیەتی گەورەشیان پێ بدات.

بەم واتایە، مەرج نییە سەرکردە کەسێک بێت بۆ تەواوی سەردەمەکان بژی و بمێنێتەوە. لە کۆنتێکستی کوردییدا، سەرکردەی سەردەمی شاخ مەرج نییە بەکەڵکی سەردەمی شار بێت، مەگەر بە خۆسەپاندن. بەڵام خراپییەکەی ئەوەیە پاساو دەدات بە دەستی سەرکردەکەوە بەشێوەیەک هەموو شت خۆی بێت بەو ناوەوە جەماوەر و شوێنکەوتووەکانی لاوازن لە کاتێکدا یەکێک لە ئیشەکانی ئەو ئەوەیە دەرفەتیان پێ بدات دروست ببن. سەرکردەی باش ئەو سەرکردەیەیە کە سەرکردەی باش دروست دەکاتەوە لە بری ئەوەی سەرکردایەتییکردن بۆ خۆی و منداڵەکانی تاپۆ بکات.

گفتوگۆ دەربارەی سەکردایەتییکردن روبەری تریشی گرتووەتەوە. هەر یەک لەم شێوازانەی تری لێکۆڵینەوە لە سەرکردایەتییکردن پشتیوانی ئەوەن سەرکردە دروست دەبێت. یەکێکیان ناسراوە بە “شێوازی ئاڵوگۆڕی سەرکردە-ئەندام”. لەم شێوازەدا، پێداگریی لە گرنگیی تیم دەکرێت. گریمانەکە ئەوەیە تیم شکستدەهێنێت ئەگەر هەر کەس تۆپەکە بۆ خۆی بەرێت. لێرەوە ئیشی سەرکردە ئەوەیە وابکات تیمەکەی هاریکاری یەکتر بن، نەک چاڵ بۆ یەکتر هەڵکەنن. ئیشی سەرکردە ئەوەیە شکاویی جومگەی پەیوەندییەکان، چاک بکاتەوە.

دۆخی حزبی کوردیی رێک ئەمەیانە: چاڵهەڵکەندن و شکاندن! تا ئەمڕۆش زۆربەمان باوەڕمان بەوە هەیە بە چاڵهەڵکەندن و یەکتر سوککردن دەتوانین ببین بە سەرکردە و ئەمەش وەک بەهرەمەندییەکی مەزن دەبینین. یان بەشێکی تیمەکان لە رق و کینەدا دەخرێنە دەرەوەی کاروبارەکانەوە.

وتم کارێکی سەرکردە ئەوەیە رایەڵەی نێوان تیمەکان ببەستێت و درزەکان پڕ بکاتەوە، دوژمنایەتییەکان خاو بکاتەوە، متمانە لە نێوانیاندا دروست بکات، دەستی شکاو بگرێتەوە، ئیدی هەر بەو شێوەیە. ئەمە لە دنیای ئێمەدا زۆر کەمە. سەیرکە، تیرۆریست بە هەمان ئاست ئامادەیە پارتییەک و یەکێتییەکیش بکوژێت. بەڵام سەرکردایەتیی ئەم دوو حزبە یارییەکی هێندە ترسناک بە تیمەکانیان دەکەن تەنانەت ناتوانن دوو کارمەندی ئاساییش (یەکێکیان پارتیی و ئەویتریان یەکێتیی بێت) یەک بخەن و پێکەوە شەڕی تیرۆریستەکە بکەن، جا خەتای هەر کامیان بێت زیاتر. ئەم بۆچوونە بۆ حزبەکانی دیکەش بەشێوەی تر راستە. سەرکردەکانی ئێمە لە سنوری بچوک و بە دونیابینیی بچوکەوە دەژین.

کە دەڵێم “تیم دەبێت خاڵی لاوازی یەکتر پڕ بکاتەوە” مەبەستم لەوەیە دەبێت ددان بنێین بەوەی هەموومان مرۆڤین، بە سەرکردەکەشمانەوە. مرۆڤیش بۆی هەیە کەموکوڕیی هەبێت و هەڵە بکات. من لاوازییم هەیە و تۆ بەهێزیی. تۆش لاوازییت هەیە و من بەهێزیی. وەرە با پێکەوە کار بکەین و لاوازییەکانی یەکتر پڕ بکەینەوە. پارتییەک لە تەکنۆلۆجیادا شارەزایە و یەکێتییەک لە قەناسەدا، ناکرێ لە جێبەجێکردنی ئەرکێکدا هاریکاری یەکتر بن؟ با، دەکرێت. بەڵام لە راستییدا، ئەوان رەنگە بە هۆکاری جیاواز هێندەی لە یەکتر دەترسن، هێندەش لە تیرۆریستەکە دەترسن. لە ۆرکشۆپێکدا باسی ئەمەم کرد. پێشنیارێکی گونجاوم بۆ هات، ئەویش ئەوە بوو: ئەم ئیشە پێویستە و دەبێت بکرێت. مەرج نییە گشتگیر بێت، دەکرێت لە شوێنێکەوە (یان دروستکردنی تیمێکی هاوبەشەوە) دەست پێ بکرێت، بەستەڵەکەکە بشکێنرێت و رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر کۆی کایەی حکومەت هەبێت.

شتی وا نیە و ناکەن. ئیشەکە بەوە دەڕوات ئەم دەست پیشانی بدات زیرەکترە لەو دەست. خاوەندارێتیی سەرکەوتنەکان و تۆمارکردنی لەسەر لایەنێک، لە پرسی نیشتمانیی گرنگترە. ئەوەی ئێمە هەمانە، سەرکردەی زۆنی سەوز و سەرکردەی زۆنی زەردە، نەک سەرکردەیەک بازبدات بەسەر بەربەستەکان و ببێت بە سەرکردەی زۆرینە.

بەم واتایە، سەرکردەش هەڵە دەکات، تیمەکانی پشتگوێ دەخات، بەڵکو بۆ مانەوەی خۆی بەکاریان دەهێنێت. کەواتە سەرکردەی ژەهراوییش هەیە. سەرکردەی ژەهراویی لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، فووی تێدەچێت و خودشەیدایییەکەی دەگاتە ئاستێک ئیدی زەحمەت دەبێت تەنانەت لەگەڵیدا دابنیشیت ئەگەر بە شان و باڵییدا هەڵنەدەیت. ئەم جۆرە سەرکردانە توشی دەردێک دەبن کە ناسراوە بە “گرفتی هیتلەر”، ئەوەی ناتوانن خۆیان ببینن کە بەڵایەکن بۆ خودی خۆیان و چواردەورەکەیان و هەستیان نامێنێ بەرامبەر بەوەی چی لە خەڵک دەکەن. سەرکردەی ئێمە خۆی نابینێت، نازانێت ئەوە رەفتار و گوفتاری خۆیەتی وای کردووە خەڵک تاقەتی دەنگدانیشی نەمێنێت. ئەوەی پێویستە لە بیرمان بێت ئەمەیە: سەرکردەش بەلارێدا دەڕوات، خۆت بپارێزە لەوەی فووی تێ بکەیت و بوار بدەیت قۆرخی سەرکردایەتیی بکات.

بەکورتی، گرنگترین خەسڵەتەکانی سەرکردەی باش لەم سەردەمەدا ئەوەیە خاکیی بێت، پێیەکی لەناو تیمدا بێت لە بری ئەوەی بۆ خۆبەرزکردنەوە پێ بنێت بە تیمەکانیدا، یان ئەوان بە بەردەستی خۆی بزانێت و بایەخی تەواو بە بەرپرسە هاوشانەکانی و سەروو خۆی بدات. سەرکردەی باش هاندەری تیمەکانێتی، توانای هەیە نەریتی هاریکاریی لە نێوانیاندا گەشە پێ بدات، دەبێت بە سیکۆتین و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە و وەک کۆنکریت کون و کەلەبەری نێوانیان لەبغ دەکات، کەم تا زۆریش خەسڵەتی سەرکردەیان پێ دەبەخشێت جا با پۆستەکەشیان بەرز نەبێتەوە. سەرکردەی باش خۆی دەرگای رەخنە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە ئارامیی دەکاتەوە و ناهێڵێت توشی نەخۆشیی “دەردە هیتلەر” ببێت، ددان بە هەڵەکانیدا دەنێت و خۆی وا وێنا ناکات کە هەرگیز هەڵە ناکات، دەتوانێت داوای لێبوردن بکات، هتد.

ئەگەر بەم دووربینە سەرکردە ببینین، ئەوا زۆر باش تێدەگەین کێ لە مێژووی ئێمەدا سەرکردەی باش بووە، چەند پێشمەرگە و سەرکردەمان بە هاندانی هەڵە لە لایەن سەرکردەکەیەوە لە دەستدا، کێ دەتوانێت سەرکردەی ئێمە بێت، لەم سەردەمەدا چی جۆرە سەرکردەیەکمان پێویستە. ئەو کاتەش دەستبەرداری ئایدیا مردووەکانمان سەبارەت بە سەرکردە، دەبین.

سەرچاوە:

  1. Alexander Haslam, Mats Alvesson, Stephen D. Reicher, Zombie leadership: Dead ideas that still walk among us, The Leadership Quarterly, 35 (2024) 101770.
تاگەکانسەرکردە
بەشکردن: