نیشتمانی بێگانە، حەسرەتی ئاشنا: چیرۆکی کورد لە دەربەدەریدا
شەن سابیر، بەرلین
ژیان لە نێوان دوو جیهاندا چەندین ئاستەنگ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی بە هەرهۆکارێک ناچارن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن. ئەم کەسانە وڵاتێکی بێگانەیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی سەقامگیر و سەلامەتدا بژین، بەڵام حەسرەتی نیشتیمانی خۆیان و جیاوازییە کولتوورییەکان بەردەوام لەگەڵیاندایە. حەوت کۆچبەری کورد لە کوردستانی باشوور(عێراق)ەوە، ئەزموونی تایبەتی خۆیان لە ئەڵمانیا لەگەڵمدا بەش دەکەن. چیرۆکەکانیان بە هیوا و خەون و ئەو بەربەستە بێوچانانە دەگێڕدرێتەوە کە لە خاکێکی بێگانەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
بەپێی ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، ٧٥٠،٤٩٨ هاوڵاتی، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاکو ساڵی ٢٠٢٤، هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە. کۆچی وەها بەرفراوان لە ماوەی نۆ ساڵدا ئەو پرسیارە دەوروژێنێت، چی وایکردووە زۆرێک لە خەڵک هەرێمی کوردستان جێبهێڵن؟ من لێرەدا هەوڵم دا، ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی هەندێک لەو کۆچبەرانە بکەمەوە، تا لە چیرۆک و پاڵنەرەکانیان تێبگەم.
نەبوونی ئاسۆ بۆ گەنجان
لە کوردستان گەنجان پشتیوانیی پێویستیان نییە. بەرزیی ڕێژەی بێکاری، خراپیی سیستەمی خوێندن، نەبوونی پلانێکی ڕوون لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وا لە گەنجان دەکات هەست بە پەراوێزخستن بکەن و ناچاریان دەکات لە دەرەوەی وڵات بەدوای داهاتووی خۆیاندا بگەڕێن.
لەوانە فواد عەبدوڵڵایە، تەمەنی ٢٣ ساڵە و ماوەی ٣ ساڵە لە بەرلین دەژی. بۆ ئەو، هۆکاری سەرەکی جێهێشتنی کوردستان، لەدەستدانی متمانە بوو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. فوادیش هاوبەشی ئەو بێزارییە قووڵەیە لە کوردستان کە ڕووبەڕووی گەنجان بۆتەوە و دەڵێت “ژیان لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەو هەستەی بە منی گەنج نەدا، کە بە باوەڕبەخۆبوونەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەکی پرشنگدار بنێم“. پێشی وایە گەندەڵیی بەربڵاو و ناسەقامگیری دۆخی ئابووری هۆکارێکی گەورەیە کە گەنجان کوردستان جێبهێڵن. ئەو پاڵپشتییەکان لە ئەڵمانیا بە دەرفەتێک دەبینێت کە درێژە بە خوێندن بدات و لە ژینگەیەکی سەقامگیرتردا بژی. بەڵام لەگەڵ ئەو جیاوازییە کولتووری و گۆشەگیرییە کۆمەڵایەتییەشدا دەجەنگێت، کە زۆرێک لە کۆچبەران لە ئەڵمانیا هەستی پێدەکەن. لە ژێر لێوەوە گلەییەکی دیکەش زیاد دەکات و دەچرپێنێ “ئەم کەشوهەوا ناجێگیرەش بێزارم دەکات، زۆرجار توشی سەرئێشە و خەمۆکی و دوورەپەرێزیم دەکات“. فواد هەرچەندە لە ئێستادا، داهاتووی خۆی لە ئەڵمانیا دەبینێت، کەچی دەڵێت “ئەگەر بزانم لەوێ گرنگی بە وزەی گەنجان دەدرێت و تروسکاییەک هیوا بەدی بکەم، بیر لە گەڕانەوە دەکەمەوە. ئاواتمە خزمەتی گەلی خۆم بکەم.“
“لە کوردستان دوای تەواوکردنی ئامادەیی هیچ دەرفەتێک بۆ من نەبوو“
*سیستەمی پەروەردە لە کوردستان ساڵانێکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە. میتۆدە بەسەرچووەکان، کەمی دەرفەت، نەبوونی چاکسازی لە کەرتی گشتیدا و گرنگی زیاتر بە کەرتی تایبەت، بەو مانایەیە کە زۆرێک لە گەنجان ئاسۆی ئەکادیمیی پێویست نابینن و ناچارن بچنە دەرەوەی وڵات بۆ درێژەدان بە خوێندن.
یەک لەوانە ڕامان سەڵاح، گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵ، گەشتێکی دوور و درێژی هەیە. دوای حەوت ساڵی خوێندن لە هیندستان، ئێستاش بە هەمان مەبەست ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە ئەڵمانیا دەژی. “لە کوردستان دوای تەواوکردنی ئامادەیی هیچ دەرفەتێک بۆ من نەبوو. زانکۆکانی ئەوێ ئەو شتانەیان پێشکەش نەدەکرد کە پێویستم بوو، بۆیە ناچار بووم بچمە دەرەوەی وڵات”. لێ پێی وایە سیستمی پەروەردەی ئەڵمانیا پاڵپشتی دەکات و دەتوانێت بەبێ بەربەستی گەورە بەردەوام بێت لە خوێندن. ڕامان دەڵێت ” لێرە دەتوانم لەڕووی ئەکادیمییەوە بە ئازادی گەشە بکەم”، دڵنیا نییە کە ئایا دوای خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان یان نا و بە دوودڵییەکەوە دەڵێت: “دەرفەتەکان بۆ ژیانێکی ئارام و سەقامگیر لێرە زیاترن، بەڵام کوردەواری دەڵێت: بەرد لە جێی خۆی سەنگینە. بۆیە پێم وایە لە کوردستان بەهای تواناکانم بەرزتر دەنرخێندرێت وەک لێرە.”
لە درێژەدا ڕۆژان-م دوواند، ئەو ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵە. لە بنەڕەتدا بۆ خوێندن هاتۆتە ئەڵمانیا، بەڵام بڕیاری مانەوەی ئەو تەنها لە دەرفەتە ئەکادیمییەکانەوە نا، بەڵکو لە خواستی ژینگەیەکی لەبارتریشەوە بۆ ژیان سەرچاوە دەگرێت. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە چانسی ژیانێکی باشتر و سەلامەتتر هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆی. سەرەڕای ئاڵنگارییەکان – وەک سیستەمی تاقەتپڕوکێنی بیرۆکراسی و بەربەستی زمان – ڕۆژان گەشبینانە لە نیشتیمانە نوێیەکەی، کە ئەڵمانیایە، دەڕوانێت. ئەو ڕوونیدەکاتەوە “من لێرە بەبێ ئەو فشارە کۆمەڵایەتییە دەژیم کە بەردەوام لە کوردستان هەستم پێدەکرد، دەتوانم سەرنجم لەسەر ئامانجەکانم بێت”. بڕیاری مانەوەی ڕۆژان لە ئەڵمانیا نیشانەی تێڕوانینی ڕەشبینانەیەتی بۆ ئایندەی کوردستان و وەک دواقسە دەڵێت “بیری خێزانەکەم دەکەم. ئاستەنگی زۆر هەیە لێرە. بەڵام لێرە هەست بە پارێزراوی دەکەم. تا ئەم هەستەی لێرە هەمە لەوێش نەمبێت، ناگەڕێمەوە.”
ژن لە نێوان نەریت و ئازادی: ئاستەنگ و دەستکەوت
شەیما ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵە و ماوەی چوار ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی. ئەو باسی ئەو گرفتانە دەکات کە ژنان لە کوردستاندا لە چەسپاندنی مافەکانیاندا هەیانە. ”وەک ژنێک، بە زەحمەت لە کوردستان ئازادیم هەبوو. خێزانەکەم کۆنەپەرست بوون، کۆمەڵگا و یاساکانیش چەندین جار مافەکانی منیان سنووردار دەکرد”. بەڵام پێی وایە لە ئەڵمانیا ئەو ئازادییەی هەیە کە ژیانی خۆی بەپێی خواستەکانی خۆی ڕەنگ بکات. ئەو دەشڵێت “لێرە هەست بە سەلامەتی و ڕێزگرتن دەکەم”. تەنها شتێک کە بێزاری دەکات، سیستەمی بیرۆکراسییەکەیەتی. بە جەختەوە دەڵێت “ئەو ئازادییەی لێرەدا هەیە شایەنی ئەوەیە بەرگەی بیرۆکراسی بگرم”. گەڕانەوە بۆ کوردستان بەلای ئەوەوە مەحاڵە، “لەوێ ئایندەیەک بۆ من نییە.”
دواتر دەچینە لای خانمێکی دیکە، ئەویش دیدار ئەحمەد-ە، ژنێکی کوردی تەمەن ٣٥ ساڵ، کە ماوەی ٧ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، باس لە جیاوازییە کولتوورییەکانی نێوان نیشتمانەکەی و ئەڵمانیا دەکات. دیدار ڕوونی دەکاتەوە “لە کوردستان زۆرجار هەستم بە سنوورداربوون دەکرد لە تەماحە پیشەیی و کەسییەکانمدا”. نەریت و چاوەڕوانییە کولتوورییەکان لە زێدی ئەودا ڕێگرییان لە بەرەوپێشچوونی دەکرد. بەڵام لە ئەڵمانیا ئەو دەرفەتە دەبینێت کە پیشەکەی خۆی بەرەوپێش ببات. ئەوەش ناشارێتەوە دووری لە خێزانەکەی و ئەو ساردییە کۆمەڵایەتییەی کە لە ئەڵمانیا هەستی پێدەکات، بێزاری کردووە. “ئەستەمە لێرە هاوڕێیەتی نزیک درووست بکەیت، خەڵک زۆر دوورن لەیەک”. سەرەڕای ئەوەش، دیدار دەرفەتی پیشەیی و ئەو دڵنیاییەی کە لە ئەڵمانیا هەیەتی بەرز دەنرخێنێت، “ژیان لێرە ئاسان نییە، بەڵام دەرفەتەکانی ئێرە شایانی ئەوەن”. ئەو پێی وایە گەڕانەوە بۆ کوردستان ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام تەنها بەو مەرجەی کە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەوێ باشتر بێت، بۆیە دەڵێت “دەگەڕێمەوە، ئەگەر دۆخەکە سەقامگیرتر بێت”.
هەڵهاتن لە ناسەقامگیری
محەمەد حاجی، تەمەنی ٣٦ ساڵە و خەڵکی هەولێرە، حەوت ساڵ لەمەوبەر زێدی خۆی بەجێهێشتووە. پاڵنەری سەرەکی بۆ جێهێشتنی کوردستان ئەو ناسەقامگیرییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەیە کە ساڵانێکە ناوچەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. محەمەد ڕوونی دەکاتەوە: “لە کوردستان ئاسۆ لێڵ و ناڕوونە، گرژییە سیاسییەکان و بارودۆخە نادیارەکان ناچاریان کردم نیشتیمانم بەجێبهێڵم”. ئاماژە بەوەش دەکات “ململانێیەکی سەخت بوو تا توانیم لەگەڵ ژیانی ئێرە خۆم ڕابهێنم. زۆرجار هەستم بە ماندووبوون و بێهیوایی دەکرد، بەڵام ئێستا ژیانم سەقامگیرە.” ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیا لای ئەو زۆر بەنرخە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ دەبێتەوە بەهۆی کۆچبەربوونییەوە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ کوردستان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: “بەبێ پێکهاتەیەکی ئایدۆلۆژی و سەرکردایەتییەکی ڕوون، هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.”
خراپی سیستەمی چاودێری تەندروستی
لە کوردستاندا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەدەست کەموکوڕیی سیستەمی تەندرووستی، خراپی ڕێگاوبانەکان، نەبوونی پاڵپشتیی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن. کۆی ئەم ئاستەنگانە ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندانە بۆ خاوەن پێداویستانی تایبەت قورستر دەکەن، بۆیە زۆرێک وەک حاجی سەربەست ناچار دەبن کۆچ بکەن.
سەربەست سابیر عەوڵا ناسراو بە حاجی سەربەست، دوای ئەوەی لە ڕووداوێکی سەختی ئۆتۆمبێل لە کوردستان هەردوو قاچی لەدەست دەدات، ماوەی ٩ ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە. پاڵپشتیی ئابووری و چاودێریی پزیشکی لە کوردستان بەس نەبوون بۆ ئەوەی ژیانێکی گونجاوی پێشکەش بکەن. ئەو بۆم دەدوێت و دەڵێت “ئەو خزمەتگوزارییەی لە کوردستاندا هەبوو، بەس نەبوو کە ڕێگەم پێبدات بە کەرامەتەوە درێژە بە ژیانم بدەم”. سەربەست لە ئەڵمانیا نەک هەر ئەو یارمەتییە پزیشکییەی دۆزییەوە کە پێویستی بوو، بەڵکو کۆمەڵگەیەکیشی دۆزیوەتەوە کە وەک تاکێکی یەکسان قبوڵیان کردووە. دەڵێت “لێرەدا وەک مرۆڤێکی بە کەرامەت مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت، بەبێ گوێدانە پێشینە و دۆخی جەستەییم”. بەڵام بۆ ئەو تەنیایی وەک ئاڵنگارییەک دەمێنێتەوە و دەڵێت “تەنیایی سەختە لێرە، زۆرێک لە کوردەکان توشی گۆشەگیری دەبن”، بەڵام ئەو بە سرووشتە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە، توانیویەتی هەندێک لەو تەنیاییە بڕەوێنێتەوە. لە پاشانیشدا دەڵێت “ئاستەنگەکان لە کوردستان هێندە زۆرن، کە بیریان لێدەکەمەوە، دەبنە هۆکارێک ئەو ژیانەی ئێرە قبوڵ بکەم”.
ئەم ئەزموونانە ململانێی قووڵی ناوەوەی زۆرێک لە کۆچبەرانی کوردستانی عێراق ئاشکرا دەکەن، کە لە نێوان ئارەزووی ژیانێکی باشتر و ڕەگ و ڕیشەی قووڵ لە زێدی خۆیاندا گیریان خواردووە. ژیان لە هەندەران، لە لایەک بە هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان حەسرەت و ئازار، لە لایەکی دیکەیش بە هیوای هەبوونی داهاتوویەکی ڕوونتر دەناسرێتەوە. چیرۆکەکانیان تەنها چیرۆکی کەسی نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەزموونی زۆرێک لە کۆچبەرانن کە لە نێوان دوو جیهاندا دەسوڕێنەوە: گەڕان بەدوای ئاسایش و دەرفەتەکان لە دەرەوەی وڵات و پەیوەندی سۆزداری بە نیشتمانەکەیانەوە.
ئەم بڕیارە بۆ مانەوە لە وڵاتێکی بێگانە، ڕەنگدانەوەی ئەو دەرفەت و ئاڵنگارییانەیە، لەگەڵ ژیان لە دوو کولتووردا دێنە ئاراوە. پێویستی بە خۆگونجاندنێکی بەردەوام هەیە و ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە چۆن مرۆڤ لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا بمێنێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ژیانێکی نوێ بنیات بنێت!