چی دڵخۆشمان دەکات؟

د. نیاز نەجمەدین

ئەگەر ١٥-٢٠ ساڵ تەمەنت بدەینەوە، چی لێ دەکەیت؟ بە دیوەکەی تردا، ئەگەر تەمەنت بە دەستەوە ماوە، ئەتەوێ ١٥-٢٠ ساڵ تەمەنی داهاتووت چۆن خەرج بکەیت؟ ئامانجەکانت چین؟ لە روپێوییەکی زانکۆی هارڤارددا دەرکەوتووە کە لە ٨٠٪ی سامپڵەکە دەوڵەمەندیی ئامانجی یەکەمیانە. بەناوبانگبوونیش ئامانجی دووەمی نزیکەی ٥٠٪یان بووە.

ئێستا ئەگەر هەرزەکاریت یان گەنج رەنگە وابزانیت دەوڵەمەندیی یان ناوبانگ تاقانە رێگەی بەختەوەریی تۆیە. زۆری وەک تۆ لە تەمەنی تۆدا هەمان بۆچونیان هەبووە و وتویانە: “کورە بەخوا پارەت نەبوو کەس حسابت بۆ ناکات.. نابیت بە هیچ… هەرگیز دڵخۆش نابیت. ناوبانگت هەبێت، خەڵک دەست بە سنگییەوە ئەگرێ بۆت. ناوبانگ پارەشت بۆ رائەکێشێت”. جاری وا هەیە دەگەیت بە ئەو شوێنەی لە پێناوی دەوڵەمەندبوون یان ناوبانگدا بتەوێت تیابچیت. گرنگ ئەوەیە ناوبانگ دەربکەیت، ئیدی ئەگەر لەسەر حسابی مەرگی خۆشت بێت.

نە ناوبانگ و نە دەوڵەمەندیی نهێنیی بەختەوەریی نین. رەنگە بپرسیت چۆن ئەم شتە دەسەلمێنیت؟ رێگەیەک ئەوەیە لە تەمەن ٧٠ ساڵێک بپرسیت و ئەو وەڵامێکت بداتەوە. بەڵام زاکیرە جێی متمانە نیە و بۆی هەیە هەڵە بکات.

تیمەکانی زانکۆی هارڤارد رێگەیەکی تریان دۆزییەوە. هاتن دەستیان کرد بە توێژینەوەیەک لە ١٩٣٠ەکاندا. دواتر هاوکارەکانیان نەیانهێشت ئەو پەتی کۆکردنەوەی زانیارییە بپچڕێت. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، تیم لە دوای تیم هاتن ژیانی ٧٢٤ کەسیان لە تەمەنی هەرزەکارییەوە (١٨-١٩ساڵ) چاودێریی کرد، ئیدی بە چاودێریکردنی خوێندن، کارکردن و وازهێنان لێی، تا بە هاوسەرگیریی و منداڵدروستکردن و هۆکاری نەخۆشکەوتن و مردن دەگات. سەیری فەحسی خوێن و تیشک و هێڵکاریی دڵ و سۆنەرەکانیشیان دەکردن.

زۆر لەم کەسانە لە هەرزەکارییدا چەقاوەسوو بوون، لە گەورەبووندا هەندێکیان بەشداریی جەنگی دووەمی جیهانییان کرد. هەندێک بوون بە پارێزەر، پزیشک، کرێکاری کارگە و شتی لەم چەشنە. هەندێکیان بوون بە کهولیست(کحولیست) و یەکێکیشان بوو بە سەرۆکی ئەمریکا. هەندێک تا دوا پلەی پەیژەی سەرکەوتن رۆشتن و هەندێکیش خراپ خلیسکان و لەسەر گازەرەی پشت کێشایان بە زەوییدا. ئەوەی سەیرە لەم ٧٢٤ کەسە، هێشتا نزیکەی ٦٠٪ یان تا ئەم چەند ساڵەی رابردوو، لە ژیاندا مابوون.

لێرەوە تیمەکە هەوڵیاندا وەڵامی چەند پرسیارێک بدەنەوە: بۆ هەندێکیان زوو نەخۆش کەوتن؟ بۆ هەندێک زوو مردن؟ کامیان دڵخۆشتر و سەرکەوتووتر بووە و سەرکەوتنەکانی درێژەی هەبووە؟

کۆکردنەوەی زانیاریی ساڵەهای ساڵ لە راپۆرتێکدا کە هەزاران لاپەڕەیە و پاشان شیکارکردنی لەلایەن توێژەرانەوە، دوو شتی دەرخستووە. یەکەمیان ئەوەیە تەنهایی مرۆڤ دەکوژێت. دووەمیان ئەوەیە پەیوەندیی خراپ ناتوانێت لە تەنهایی رزگارت بکات. بەپێچەوانەوە، پەیوەندیی باش سەرچاوەی یەکەمی بەختەوەرییە، هۆکارێکیش ئەوەیە لە تەنهایی دەربازت دەکات و یارمەتیدەریشت دەبێت ژیان ئاسانتر و سەلامەتتر تێپەڕێنیت.

ئەوانەی وایاندەزانیی هاوسەرگیریی و دروستکردنی خێزان تەنیا دەرمانی تەنهاییەکەیانە، بە هەڵەداچوون. ژیانی خێزانیی ئەگەر بە هەڵەدا رۆشت، تەنهاترت دەکات. خۆ ئەگەر هاوسەری گونجاوت هەبێت، زۆر بەختەوەرتریت لەوەی تەنها بیت.

ئەوانەی وایاندەزانی دەوڵەمەندیی تەنها رێگەی بەختەوەرییە، بە هەڵەداچوون. تا شوێنێک بەختەوەریی لەگەڵ دەوڵەمەندییدا زیاد دەکات. بەڵام ئیدیی سەروەت و سامان پەیوەندیی بە بەختەوەرییەوە نامێنێت. لە شوێنێکدا دەوڵەمەندیی وات لێ دەکات لە خۆت بگۆڕێیت، دڵت پیس دەکات و وا ئەزانی هەر کەس سەلامێکت لێ بکات بۆ پارەیە، کات و وزەیەکی زۆریشت دەوێت تا سامانەکەت زیاتر و زیاتر بکەیت. دەوڵەمەندیی رەنگە وات لێ بکات دەستبەرداری هاوڕێ و  کەسە باشەکانیشت ببیت، لە کۆتاییدا بۆی هەیە مایەپوچت بکات جا لە رووی دراییەوە بێت یان کۆمەڵایەتیی. بە هەمان شێوە، ئەوانەی شوێن ناوبانگ کەوتن، تەنها مانەوە.

توێژینەوەی ساڵەهای ساڵ شتێکی تریشی سەلماندووە: خاوەنی هەرچی بیت، زووتر نەخۆش دەکەویت، لەبەردەم نەخۆشییدا لاوازتردەبیت، زووتریش دەمریت ئەگەر تەنها کەوتیت. بە پێچەوانەوە، ئەوانەی پەیوەندیی باشیان لەناو خێزان، لەگەڵ هاوڕێ و مەعشوق و کۆمەڵگەکەیان هەیە، کەمتر نەخۆش دەکەون، ئاسانتر بەرگەی ئازار دەگرن، زووتر چاک دەبنەوە، درەنگتر توشی زەهایمەر و دنیایەک نەخۆشیی تر دەبن، درەنگتریش هەواڵی مردنیان رادەگەیەنرێت.

کەواتە مەسەلەکە ژمارە نییە. ژمارەی هاوڕێکانت، دۆلارەکانت، لایک و کۆمێنتەکانت، منداڵەکانت، هتد، نە مەرجە بەختەوەرت بکەن و نە مەرجە بتپارێزن. ژمارە زۆرجار بە هەڵەتدا دەبات. گیرۆدەی ژمارە بیت، ئاسان لێی دەرناچیت. چەند درەنگ بکەویت لەوەی پەیوەندیی خراپ جێهێڵیت، پەشیمانتریت، ئازارەکەشت درێژخایەنترە و زۆری پێ دەچێت تا ساڕێژ دەبێتەوە. ئەزموون و زانست سەلماندوویانە کە مانەوەت بەڵام بە سەنگی خۆتەوە، بەختەوەرییت، سەقامگیریی باری داراییت، دەوڵەمەندیی و ناوبانگت پتر پەیوەندیی بە کوالتیی ئەو شتانەوە هەیە کە تۆ هەتن.

بەڵام پەیوەندیی باش چییە و چۆن دروست ئەکرێت؟ زۆر بە کورتیی، متمانە یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی پەیوەندیی باش. ئەوانەی متمانەیان دۆڕاندووە، تا رادەیەکی زۆر لە بەختەوەریی خۆیان کەم کردووەتەوە، پێگە و رێزی خۆیان لەکەدار کردووە، کاری زۆریشیان دەوێت تا متمانە دروست دەکەنەوە، ئیدی سیاسیی و پیاوانی دەوڵەت بن یان دەوڵەمەند و کەسانی ئاسایی.

پەیوەندیی باش بە چوار رۆژ دروست ناکرێت، دەبێت کات و وزەی لەسەر خەرج بکەیت… دەبێت وەبەرهێنانی تیادا بکەیت. پەیوەندیی باش بۆ رۆژ و دوو رۆژ نیە، درێژخایەنە. هەڵەیە پەیوەندیی باش بە پەیوەندیی سەرپێی بگۆڕینەوە. پەیوەندیی باش تەنانەت دەتپارێزێت لەوەی مایەپوچ ببیت، ئیدی لە عەشقدا بێت یان کاری بازرگانیی و پارەپەیداکردن، یان دڵخۆشیی و تەندروستیی دەروون و جەستەت بێت.

تەنانەت ئەگەر بتەوێت تیمەکەت سەرکەوتوو بێت، دەبێت پەیوەندیی باشت لەگەڵیان هەبێت و هەوڵ بدەن لەگەڵ یەکتر بگونجێن.

جا ئەگەر ٢٠ ساڵ تەمەن بدەینەوە بەوانەی لەو توێژینەوەدا بەشدارییان کردووە کە باسمان کرد، ئەوا رەنگە کەسە ئازیزەکانیان بۆ پارە و ناوبانگ ئیهمال نەکەن، هەوڵ بدەن لە دەستیان نەدەن، ئاشتیان بکەنەوە، هتد. تۆش دەبێت لە بیرت بێت ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەیت دەبێت بە مێژووت و ٢٠ ساڵی تر خۆت هەڵدەسەنگێنیتەوە. هەوڵ بدە لە بری ئەوەی تەنها ئەزمونێک بیت بۆ نەوەی دوای خۆت و باسی هەڵەکانت بکەیتەوە، خۆشت سود لە تەمەنەکەت ببینی، هەڵەکانت کەم بکەیتەوە و چێژ لە ژیانت ببینیت.

لەم رووەوە، یەكێک لە شتە باشەکان کە بیکەیت ئەوەیە لە خۆت بکۆڵەرەوە، بزانە لە پەیوەندیی باش کەم و لە پەیوەندیی خراپت زۆر نییە؟ لە خۆشت راببینە کە زوو دەستبەرداری پەیوەندییە باشەکانت نەبیت و ئاسان بە پلە و پارە و ناوبانگ و پیاهەڵدان و شتی لەو چەشنە نەیانگۆڕیتەوە.

بەشکردن: