خۆپیشاندانەکانی تورکیا؛ گێمی کۆتایی نێوان جەهەپە و ئەردۆگان

ڕێنوار نەجم
ژینگەی سیاسیی تورکیا بە شێوەیەکە هەموو چەند ساڵ جارێک، یان هەموو ساڵێک، دەبێتەوە بە چەقی ڕووداوەکانی ناوچەکە و ڕووداوی هەژێنەر و چاوەڕواننەکراو تێیدا ڕوو دەدات، وەک خۆپیشاندانەکانی ئێستا کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ناڕەزایی بەو بەرفراوانییەوە لەو وڵاتە ڕووی نەداوە.
چی ڕووی دا؟
هەفتەی ڕابردوو بە بڕیاری دادگا ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەستگیرکرا، پێشتریش بڕوانامەی زانکۆکەی- کە مەرجە بۆ خۆکاندیدکردنی بۆ سەرۆک کۆمار- هەڵوەشێندرایەوە. نزیکەی هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، هەر لە گەندەڵییەوە تا تیرۆر، درووستکراون و دادگاکانی دەستکەلای ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆمار بۆیان دروست کردووە. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی جەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٨ بەڕێوە بچێت، بەپێی هەموو ڕاپرسی و پێشبینییەکان، ئەکرەم دەتوانێت کورسیی سەرۆکایەتی بە ئەردۆگان چۆڵ بکات، بۆیە ئەردۆگان نایەوێت ڕێگەی بدات ببێتە مەترسی بۆ سەر پێگەکەی. دوابەدوای دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکە، جەهەپە بۆ یەکەمجار بڕیاری دا پەنا بۆ شەقام ببات و خۆپیشاندانی بەرفراوان ڕێک بخات. خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی بە شەوان، بۆ شەوی شەشەم بە چڕی بەردەوامە و بەردەوام فراوانتر دەبێت. توندوتیژیی بێڕەحمانەی هێزە ئەمنییەکان زیاتر جۆشی بە خۆپیشاندانەکان داوە، کە خوێندکارانی زانکۆ لە ڕیزی پێشەوەیدان.
ئەردۆگان بەتەمای چییە؟
لە زانستە سیاسییەکاندا دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای تورکیا دەخرێتە پۆلێنی «دەسەڵاتگەریی کێبەرکێکاری» (Competitive Authoritarianism). ئەمە بەو جۆرە دەسەڵاتانە دەوترێت کە تێیاندا دامەزراوە دیموکراسییەکان بوونیان هەیە، هەڵبژاردن دەکرێت، ئۆپۆزسیۆن چالاکە، بەڵام هەمیشە ئەوەی لەدەسەڵاتدایە چانسی مانەوە و بردنەوەی زیاترە لەڕێی بەکارهێنانی ناشەرعی و نایاسایی سەرچاوەکانی دەوڵەت، کۆنتڕۆڵکردنی میدیا، هەراسانکردنی ئۆپۆزسیۆن و دواجار ساختەکاریی هەڵبژاردنەوە. لەم جۆرە سیستمەدا دەسەڵاتداران هەموو ڕێگەیەک بەکار دەهێنن بۆ قایمکردنی جێ پێی خۆیان لە حوکمڕانیدا، بەڵام هەمیشە ئەگەرێک هەیە لە هەڵبژاردنێکدا پێیان هەڵخلیسکێت و هەموو شتیان لەدەست دەربچێت. ڕووسیای بەر لە ٢٠٠٨ نموونەیەکی ئەم جۆرە سیستمە بوو، بەڵام دواتر وردە وردە پۆتین کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکی کرد، بە ئۆپۆزسیۆنەکانیشیەوە، بۆیە بە تەواوی پەڕیوە بۆ سیستمی «دەسەڵاتگەریی».
ئێستا ئەردۆگانیش بەتەواوی دەیەوێت ئەو پەڕینەوەیە ئەنجام بدات. سەرەڕای کۆنتڕۆڵی نیمچە تەواوەتیی بەسەر دەسەڵاتی دادوەری، سوپا، ئابووری و بێدەنگکردنی زۆرینەی میدیاکان، بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەمیشە هەڵبژاردنەکان ئاڵنگارییەکی گەورە بوون بۆ ئەردۆگان و بە جیاوازییەکی زۆر کەم، یان بە ناچاربوونی بە بەستنی هاوپەیمانی، مانەوەی لە دەسەڵاتدا مسۆگەر کردووە. ئێستا ئەردۆگان دەیەوێت وەک پۆتین پۆستی سەرۆک-تا-مردن مسۆگەر بکات و دواتر سەرقاڵی خەونە فراوانخوازییەکەی بێت. بەڵام تورکیا، ڕووسیا نییە. ئەردۆگان وەک پۆتین سامانێکی سرووشتیی بێئەندازەی لەبەردەستدا نییە. ئابووریی تورکیا بە ڕێژەیەکی زۆر پەیوەستە بە وەبەرهێنانی دەرەکی و پیشەسازی و گەشتیارییەوە. بەرگەی ناسەقامگیریی گەورەی سیاسی یان سزای ئابووری ناگرێت. لە هەمان کاتدا، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئۆپۆزسیۆنێکی جەماوەری و دڕ و جەسوورە، وەلاخستیان کارێکی ئێجگار قوورسە. بەڵام خەونەکانی ئەردۆگانیش سنووریان بۆ نییە.
جەهەپە چۆن ڕووبەڕووی ئەردۆگان دەبێتەوە؟
ئەو گەمەیەی ئەردۆگان دەستی پێ کردووە، ریسکێکی گەورەیە، ئەگەر بۆی بچێتە سەر، دەستکەوتەکانی بێشومار دەبن و بەتەواوی دەبێتە سوڵتانێکی بێڕکابەر. جەهەپە شەڕی مان و نەمان دەکات و نایەوێت ئەم شەڕە یەکلاکەرەوەیە بدۆڕێنێت. کاتێک یەکەم شەوی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزال قسەی بۆ هەوادارانی پارتەکەی دەکرد، دوودڵ بوو لە بانگەوازکردن بۆ خۆپیشاندان، هەر لەوێدا جەهەپەییەکان هوهایان لێ کرد و داوای هەڵوێستی ڕوون و ڕەوان و خۆپیشاندانیان کرد، چونکە خەریکە لە تورکیا متمانە بە سندووقی دەنگدان نامێنێت. بۆ ڕۆژی دواتر ئۆزال داوای کرد لە هەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیاوە هاوڵاتیان “دژی کودەتاکەی ئەردۆگان” بڕژێنە سەر شەقامەکان. ڕەنگە ئەم خۆپیشاندانانە دواین کارتی فشاری جەهەپە بێت، ئەگەر نەتوانن لانی کەم بە فشاری شەقام ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ ئازاد بکەن و ڕێگرییەکانی بەردەم کاندیدبوونی بۆ سەرۆک کۆمار لاببەن، ئەوا گورزێکی کوشندەیان بەردەکەوێت و زەحمەتە بتوانن ڕکابەریی ئەردۆگان بکەن.
جەهەپە دەیەوێت هاوکات لەگەڵ فشاری شەقام، گورز لە ئابووریی تورکیا و کۆمپانیاکانی نزیک لە ئاکەپە بدات، کە خاڵی لاوازی ئەردۆگانە. مەمەت شیمشەکی وەزیری دارایی تورکیا کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی وڵاتەکە خرایە ئەو پۆستە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا وتویەتی »ئەوەی من خەریکم بە دەرزی هەڵیدەکەنم، ئەو [ئەردۆگان] بە شۆفڵ پڕی دەکاتەوە.« دۆخی لیرە و بۆرسەی تورکیا ڕوونە و هیچ کەس حەسوودیی پێ نابات. خۆپیشاندەران لیستێکی فراوانی بایکۆتکردنیان بڵاوکردوەتەوە (کە زۆر لەو لیستی بایکۆتی کۆمپانیا تورکیانە دەچێت لە کوردستان لەکاتی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا بڵاو دەکرایەوە) بۆ بەکارنەهێنانی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی نزیک لە ئاکەپە و ئەو میدیایانەی دژی ناڕەزاییەکانن، لەوانە تورکیش ئێرلاین، ڤیستڵ، تەرەتە، جەزیرە و بین سپۆرتیش! تەنانەت خوێندکارانی زانکۆ بڕیاریان داوە بایکۆتی ئەو شوێنە بازرگانیانەش بکەن کە لە کاتی ڕاونانیان لە لایەن پۆلیسەوە بە گازی فرمێسکڕێژ، دەرگاکان بە ڕووی خۆپیشاندەراندا دادەخەن، وەک کافێی ستاربەکسی ئەمەریکی. هاوکات بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێت هاوڵاتیان پێکەوە پارەکانیان لە بانک ڕابکێشن تا بانکەکان دووچاری قەیران بکەن.
کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟
خۆپیشاندانەکان لە زۆرینەی شارەکانی تورکیا بۆ پێنجەم ڕۆژ لەسەر یەک بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووەتە شارە کوردییەکان، لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم، بە درێژایی زوڵم و ستەمەکانی ئەردۆگان دژ بە سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوە کوردەکان و زیندانیکردنی سەرکردەی پارتە کوردییەکانی وەک دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ، جەهەپە جگە لە ناڕەزایی زارەکی و سەرکۆنە و دەربڕینی هاوسۆزی، هیچ فشارێکی جددیی لە دژی ئەو ڕێکارانە نەکرد و خۆی نەکرد بە ساحێبی قەزیەکە. ئێستاش دەم پارتی ڕێک هەمان قەرز دەداتەوە بە جەهەپە، نە زیاد و نە کەم؛ ناڕەزایی زارەکی و سەرکۆنە و دەربڕینی هاوسۆزی، بەبێ تێوەگلانی شارەکانی باکووری کوردستان لە خۆپیشاندان. هۆکاری دووەم، کورد لە باکووری کوردستان لە ناوەڕاستی پڕۆسەیەکی مێژوویی ئاشتیدایە لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆگان و هاوپەیمانەکەی، گەر دەم پارتی بەتەواوی بچێتە بەرەی جەهەپەوە، ئەوا بە واتای پشتکردنە ئاکەپە و ڕەنگە کۆتاییهێنان بەو پڕۆسە ئاشتییە بێت، شتێکە کە کورد لانی کەم لە ئێستادا نایەوێت.
هەردوو بەرەکە دەیانەوێت کورد ڕابکێشن بەلای خۆیاندا. ئۆزگول ئۆزالی سەرۆکی جەهەپە هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان تەنیا بۆ ئیمامئۆغڵۆ لەسەر شەقام نین، بەڵکو هەموو زیندانییە سیاسییەکان، بە ناوهێنانی بەردەوامی دەمیرتاشەوە، لەگەڵ ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بۆ نەورۆز و دوای لێبوردن کردن بەهۆی قسە بێماناکانی مەنسوور یاڤاشەوە. هەرچەندە تا ئێستا ئەردۆگان جگە لە دەستشلکردن بۆ یادکردنە پڕجەماوەرییەکانی نەورۆز لە لایەن دەم پارتییەوە شتێکی ئەوتۆی نەکردووە بۆ ڕاکێشانی کورد بەلای بەرەکەی خۆیدا، بەڵام کارتەکانی دەستی ئێجگار بەهێزترن و دەتوانێت گەر دەم پارتی نەخاتە بەرەکەی خۆیشیەوە، لانی کەم ڕێگە نەدات پەیوەست بێت بە جەهەپەوە. پێ دەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەردۆگان شاندی دەم پارتی ببینێت و ڕێگەیان بدات جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان بکەن، گەر بزانێت ئەو هەنگاوە زیاتر درز دەخاتە نێوان جەهەپە و دەم پارتی. هاوکات ئەم ڕووداوانە وا دەکات پەکەکە پەلە نەکات لە بەستنی کۆنگرەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە.
سەرەڕای قورسیی ڕەوشەکە، بەڵام ئەردۆگان ئوستادی پراگماتیزم و مامۆستای دەرچوونە لە قەیرانەکان. ململانێ ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکانی دوو دەیەی پێشوو فێریان کردووە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخە سەختەکاندا بکات و لە کوێدا کارتە فشارەکانی بەکار بهێنێت. تا ئێستا ئەردۆگان ڕەوشەکەی لەدەست دەرنەچووە و نەچۆتە دۆخی بەرگریکردنەوە، بەڵکو لە هێرشبەرییەکی بەردەوامدایە. تەنانەت دەنگۆی دانانی قەیوم بۆ جەهەپە بەربڵاوە، چونکە بە پێی یاسا دادگا دەتوانێت سەرکردایەتیی حیزبێک هەڵبوەشێنێتەوە و لەناو حیزبەکە خۆیەوە کەسێک وەک سەرکردە دیاری بکات، ئەمە هەنگاوی کش مەلیکی ئەردۆگان دەبێت و ئەو کات جەهەپە هیچی نامێنێ لەدەستی بدات و ئەوپەڕی فشاری خۆی بەکار دەهێنێت.
بۆچی میدیای کوردی گرنگیی پێ نادات؟
جگە لەوەی میدیای کوردی لەم ڕۆژانەدا دەستی گیراوە و بە خەستی سەرقاڵی پێشبڕکێی کۆمێنتنووسینن، دیارە کە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیشیان لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەردۆگان ڕێگەیان نادات ڕووماڵی ڕووداوەکانی تورکیا بکەن و گرنگیی پێویستی پێ بدەن. کەناڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوشێوەی جەزیرەی قەتەری، بەتەواوی تەسلیمی ئەجێندای ئەردۆگان بوون، گەر هەواڵێکیش لەسەر ڕووداوەکان بگوازنەوە، دەبێ سەرچاوەکەیان تەرەتە و ئەنادۆڵو بێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش چاوی لەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باش بکاتەوە و نایەوێت لە میدیاکانییەوە بەربەست بۆ ئەو هەوڵانە دروست بکات، بەڵام هێشتا لە ڕووماڵدا دەستکراوەترن. حیزبە ئیسلامییەکانیش هەر لە چاویلکەی عەلمانیەت و ئیسلامییەوە لە ڕووداوەکان ئەڕوانن و لە هەموو بارێکدا دژی هەر گۆڕانکارییەکن لە تورکیا ڕوو بدات.