پۆڵەسی بریف: داهاتووی بەتایبه‌تكردنی کەرتی تەندروستی و پەروەردە له هه‌رێمی كوردستان

سەنگەر ڕەسووڵ
بۆ خوێندنەوەی پۆڵەسی بریفەکە بە شێوازی PDF کرتە لێرە بکە.
پوخته‌ی لێكۆڵینه‌وه
به‌رزبوونه‌وه و زیادبوونی نایه‌كسانیی داهات له‌سه‌ده‌ی 21 دا بۆته جێی سه‌رنج و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابووریناسان و ئه‌كادیمی و سیاسه‌تداڕێژەران. هه‌ڵبه‌ته هه‌رێمی كوردستانیش كه‌م تا زۆر به‌ده‌ر نییه له‌م كێشه‌یه. یه‌كێكیش له‌و میكانیزم و هۆكارانه‌ی كه وایكردووه نایه‌كسانی به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌تایبه‌تكردنی کەرتە سه‌ره‌كییه‌كانه وه‌ك په‌روه‌رده و ته‌ندروستی. له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌روه‌ت و سامان له‌ده‌ست كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداران و بژاردەکان هۆكاره بۆ به‌ده‌ستخستن و دابه‌شبوونی نادادپه‌روه‌رانه‌ی داهات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ده‌ستگه‌یشتن به خزمه‌تگوزاریی كواڵیتی باش له زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كانی ژیان په‌یوه‌ست بێت به پێگه‌ی دارایی و بڕی سامانی تاکەکانەوە. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و نایه‌كسانی و نادادپه‌روه‌رییه‌ی له‌ئه‌نجامی بەتایبه‌تكردنی هه‌ردوو کەرتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی دێنه كایه‌وه ڕوون بکاتەوە و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش بخاتەڕوو كه پێویسته بگیرێنەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نایه‌كسانیی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
ناساندن
بەتایبه‌تكردنی هه‌ردوو کەرتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و ئیداره‌دانی خراپ، ده‌رئه‌نجامی گه‌وره‌ی نایه‌كسانی لێده‌كه‌وێـته‌وه و زیاتریش له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌مه‌ند و داراکانە، هاوکات ئه‌رکی سه‌رشانی چینی ناوه‌ند و خوارەوەش قورس‌تر ده‌كات. له‌كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا، كرێی خوێندنی گران و خزمه‌تگوزارییه ئاستنزمەکانی فێربوون لە به‌شێكی زۆری له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندندا، وایكردووه زۆرێک له‌ده‌رچووانی زانكۆ بێكار بسوڕێنه‌وه. له‌كاتێكدا، زانكۆ ئه‌هلییه باشه‌كان و ئاستبەرزەکان، به‌هۆی به‌رزیی نرخییانه‌وه بۆ هه‌مووان به‌رده‌ست نابن و شوێنێكن بۆ كۆبوونه‌وه‌ی بژاردەکان و ئەو کەسانەی سەر بە چینی سەرەوەن. هه‌ركاتێك په‌ره‌ی زیاتر به‌ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ئه‌هلی (قۆناغی زانكۆ، په‌یمانگا و ئاماده‌یی) ده‌درێت، ئه‌وا له‌گه‌ڵیدا ئاستی خوێندنی حكومی (گشتی) دێته‌خواره‌وه، ئه‌مه‌ش فشارێكی دیكه له‌سه‌ر خێزانه‌كان دروست ده‌كات بۆ خه‌رجكردنی زیاتری پاره له‌خوێندنی منداڵه‌كانیان له‌كاتێكدا ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی خوێندنیش وه‌كو پێویست له‌ئاست داواكاری و ستاندارده‌كان نین.
به‌هه‌مان شێوه، له‌كه‌رتی ته‌ندروستیشدا، گرانی و خه‌رجیی زۆری نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان، له‌زۆر بار و كه‌یسی نه‌خۆشدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌رییه‌كی كواڵیتی باش، هه‌روه‌ها نه‌بوونی بیمه‌ی ته‌ندروستی كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه. هه‌ردوو هۆكاره‌كه پێكه‌وه واده‌كات خێزانه‌كان (به‌تایبه‌تی چینی ناوه‌ند) له مایەپووچبوون نزیك بكاته‌وه‌و ببێته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزو فرۆشتنی موڵكه‌كانیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی، سەرەڕای ئەوەش خزمه‌تگوزارییه‌كانیش وه‌ك پێویست نین. له‌ولاشه‌وه، ڕۆژ به ڕۆژ نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی به‌توانا له‌ده‌ست ده‌دن و ده‌ستڕاگه‌یشتنی هه‌ژاران و چینی خواره‌وه به‌خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی زه‌حمه‌تتر ده‌كات.
بۆ ڕێگه‌گرتن له زیانكردن و ئازارپێگه‌یشتنی شێوه‌و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان لەڕێی بەتایبەتکردنی کەرتەکان بە شێوەیەکی هه‌ڕه‌مه‌كی، بوونی به‌هێزی یاسا و حكومه‌ت له ناوه‌نده ئه‌هلییه‌كانی خوێندن و نه‌خۆشخانه پێویستییه بۆ دڵنیابوونه‌وه له‌كواڵیتی باشی خزمه‌تگوزاریی له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كان.
به‌فێربوون له‌سیستمی وڵاتانی وه‌ك سینگاپور و سوید و ئه‌ڵمانیا، كوردستان ده‌توانێت هاوسەنگییەک دروست بكات له‌نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی ئه‌هلی دا، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی چاوێری چڕ‌و كۆنترۆڵی كواڵیتی ده‌بێت. به‌بێ هه‌بوونی دیدگا و ستراتیژی گونجاو بۆ له‌به‌رچاوگرتنی توانای ماددیی چینه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا، بە تایبەتکردنی کەرتەکان به‌سیاسه‌ت و لۆژیكی كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵات و بژاردەیەک، به‌رده‌وام ده‌بێت له لاوازكردنی چینی ناوه‌ندو فشارخستنه سه‌ر هه‌ژاران و فراوانكردنی نایه‌كسانیی داهات و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ده‌ستڕاگه‌یشتنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تایییه‌كان به ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و خوداپێداوه‌كان به‌رده‌ست بێت، زیاتر له‌وه‌ی مافێك بێـت بۆ هه‌مووان.
چۆن كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵات و نوخبه‌ی پاره‌دار كراسی كه‌رتی تایبه‌ت به باڵای خۆیان ده‌دورن؟
به‌پێی بنه‌ماكانی تیۆری مێریتۆكراسی [شایسته‌یی]، پێشكه‌وتنی تاك به‌نده به توانا‌و لێهاتوویی و هێزی كاركردن و ئاستی خوێندن، به‌ڵام له مۆنۆپۆڵكردنی سامان و داهات له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵات و نوخبه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌حوكمڕانیی یاسا لاوازدا، پیشكه‌وتنی تاك زیاتر په‌یوه‌سته به میراتی پاره‌و سامانه‌كه‌ی، نەک توانا‌و لێهاتوویی.
تۆماس پیكتی له كتێبی سه‌رمایه‌داری (2013) به‌كورتی و پوختی ئاماژه‌كانی باڵاده‌ستبوونی كه‌مینه‌یه‌ك و له‌چنگگرتنی داهات روون ده‌كاته‌وه و پێ وایه هه‌ركاتێك قازانج و سه‌رمایه‌ی بازرگان و كۆمپانیاكان له‌گه‌شه‌ی ئابووری كۆمه‌ڵگاكه زێده‌تر بوو و ڕێژه‌ی كرێ و داهاتی مانگانه سست بوو، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه سامان و داهات له‌ده‌سته كه‌مینه‌یه‌كه كۆبۆته‌وه كه پێشووتریش پاره‌داربوون. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی پیكتی یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێم، ئه‌و كۆمپانیانه‌ی لینكی سیاسی‌یان هه‌یه ده‌وڵه‌مه‌ندترن و ڕۆژ به ڕۆژ قازانجی قه‌به‌تر ده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا قه‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت گه‌وره‌و پێدانی مووچه به پچڕ پچڕی و بازاڕی دوكاندارو بازرگانانی مامناوه‌ندیش لاواز. ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ گه‌وره‌تربوونی بۆشایی داهاتی نێوان چینه‌كان و جیاكارییه‌كان زێده‌تر ده‌كات و گه‌شه‌و نمای كۆمه‌ڵایه‌تیش (Social Mobility) سست ده‌كات.
ئه‌م دیارده‌یه له‌زۆربه‌ی وڵاتان ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه كه خۆی ده‌بینێته‌وه له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی نایه‌كسانیی داهات به‌هۆی میراتی و ده‌ستاوده‌ستكردنی سامان له‌نێو بازنه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك و كه‌مترین باج دان لێی. له‌به‌رامبه‌ریشدا، چینی خواره‌وه‌و ده‌ستحه‌ق و كرێ زۆرترین رێژه‌ی باجدانیان له‌سه‌ره. (بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی رووناكی بۆ کارەبای 24 كاتژمێری له‌كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێلایه‌نانه بكرێـت و رێگری نه‌كرێت، ئه‌وا ده‌بینیت ژماره‌یه‌ك مۆڵ و كارگه‌ی زه‌به‌لاح و پرۆژه‌ی بازرگانیی گه‌وره، كه‌مترین پاره‌ی كاره‌با ده‌ده‌ن به‌هۆی لینكی سیاسییه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا، خێزانێك 150 بۆ 200 هه‌زار دینار پارەی کارەبای بۆ دێتەوە لە کاتێکدا مووچەکەیان ملیۆنێک دینارە، كه رێژه‌كه‌ی ده‌كاته نێوان 15بۆ 20% مووچه‌كه!). كه‌واته ئه‌وه به‌ته‌نها هێزی بازاڕ نییه، به‌ڵكو بڕیاره سیاسییه‌كانه شێوه‌ی نایه‌كسانییه‌كه زه‌قتر ده‌كه‌ن له‌ژێر دانانی سیاسه‌تی لاسه‌نگی باج و یاسای كاركردن كه له‌دواجاردا كاریگه‌ری له‌سه‌ر چاره‌نووسی چینی ناوه‌ند دروست ده‌كات (پۆڵ كروگمان، 2007: ئۆكسفۆرد هاندبووك 2011: سانچێز 2020). ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات، كه به‌بێ هه‌بوونی سیستمێكی دادپه‌روه‌ری باج و نرخی دیاریكراو، دووباره نایه‌كسانی فراوانتر ده‌بێت و ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونه كه چۆن له بەتایبه‌تكردنی هه‌ردوو سێكته‌ری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ش دا نایەکسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و نایه‌كسانیی داهات به زه‌قی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
چۆن كه‌مینه‌یه‌ك باڵاده‌ستن؟
كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵات (ئۆلیگارەکان) له‌گه‌ڵ نوخبه‌یه‌كی پاره‌دار كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر داڕشتنی سیاسه‌ته‌كانی سیستمی سیاسی و ئابووریی وڵات هه‌یه. له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ش، نایه‌كسانیی داهات فراوانتر‌و زیاتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی په‌ره‌دان بە تایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان.
له‌مۆدێلی به بازاڕكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان، په‌روه‌رده و ته‌ندروستی ده‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی نایه‌كسانی، كه تێیدا كه‌رتی تایبه‌ت گه‌شه ده‌كات و كه‌رتی گشتی پاشه‌كشه و به‌رده‌ستبوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان زه‌حمه‌تتر ده‌بێت. له‌وه‌شدا كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵات و نوخبه رۆڵی خۆیان ده‌گێڕن له‌پاراستن و پێشخستنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌ردوو سێكته‌ره‌كه زاڵ بكه‌ن و وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی گشتی دا نزیك له وشكبوون ده‌به‌ن (ئۆكسفۆرد هاندبووك 2011). هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌ی هاندبووكه‌كه‌ی ئۆكسفۆرد، به بازاڕكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان، به‌تایبه‌تی له ته‌ندروستیدا، به‌مه‌به‌ستی هه‌بوونی پێشبڕكێی كه‌مترین نرخ نییه، به‌ڵكو قووڵكردنه‌وه‌ی جیاكاریی چینایه‌تی و ده‌ستگه‌یشتن پێیان قورس ده‌كات و كواڵیتیی باشیش ده‌كه‌وێته سه‌ر گه‌رمیی گیرفان. هه‌روه‌ها له په‌روه‌رده‌شدا، نایه‌كسانییه‌كه گه‌وره‌و گه‌وره‌تر نابێت ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندنه‌كه جیاوازیی هه‌یه، به‌ڵكو ئه‌و پێگه داراییه‌و ئابوورییه‌شی كه خێزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان هه‌یه كاریگه‌ریی زیاتر ده‌كات. بۆیه به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی حكومه‌ت بۆ ڕێگریكردن له‌چاوچنۆكیی كه‌مینه‌یه‌ك و هێزی كۆمپانیا‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان، بازاڕی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده به‌و ئاڕاسته‌یه ده‌ڕوات كه زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌بووه‌كانه. نممونه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌شی كه ڕێژه‌ی نایه‌كسانیی تێدا به‌رزه، وه‌كو ئه‌مریكای لاتین، زۆرترین نایه‌كسانی له‌هه‌ردوو سێكته‌ری په‌روه‌رده و ته‌ندروستی دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
دیێگۆ سانچێز-ئه‌نكۆچییا له كتێبی باجه‌كانی نایه‌كسانی له ئه‌مریكای لاتین (2020)، ده‌ڵێت: له‌ئه‌مریكای لاتین، شێوه‌ی ئابووری و بازاڕ وه‌ها داڕێژراوه كه هه‌میشه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌و هه‌ر ئه‌وان ده‌توانن ده‌ستییان به‌خوێندنی پڕ كواڵیتی بگات و نه‌خۆشخانه‌و چاره‌سه‌ری باش وه‌ربگرن. کەشێکی وایان خوڵقاندووه كه چینی ناوه‌ندو خواره‌وه هیچ بژارده‌یه‌كییان دیكه‌یان نه‌بێت جگه له‌قبوڵكردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی ئاست نزم. به‌تایبه‌تیش له وڵاتانی وه‌ك چیللی و به‌ڕازیل و مه‌كسیك، ئه‌و دیاردانه بوونه‌ته واقیعی ڕۆژانه. له‌هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌و شێوازه له‌به‌كه‌رتی تایبه‌تكردنه به‌زه‌قی هه‌ستی پێده‌كرێت وه‌كو لەم کەیسانەی خوارەوەدا باس دەکرێن.
كه‌یسی یه‌كه‌م:
كاتێك ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی ناوخۆ جێ متمانه نابن و كواڵیتیشیان خراپ ده‌بێت
به‌هۆی وه‌به‌رهێنان نه‌كردن و نوێ نه‌كردنه‌وه‌ی ژێرخانی ته‌ندروستی، خه‌ڵكی ناچارن په‌نا بۆ ناوه‌نده ئه‌هلییه‌كان ببەن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستییان به‌خزمه‌تگوزاریی كواڵیتی به‌رز ڕاناگات و ناچارن ڕوو له وڵاتانی درواسێ بكه‌ن. ساڵانه له‌سه‌روو 150 هه‌زار نه‌خۆشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ڕوو له وڵاتانی دیكه ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزشیکی. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی له هه‌رێم، كه به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی 2023، له‌كوردستان 50 بۆ 55 نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی به‌فه‌رمی مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه (ژماره‌ی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌گۆڕێن به‌هۆی داخستن و یه‌كخستن و هۆكاری دیكه). 70% له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانین و كه‌متر له‌شارو شارۆچكه‌و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان هه‌ن. (ئه‌مه جگه له‌هه‌بوونی هه‌زاره‌ها نۆرینگه‌ی پزیشكی كه به‌شی بچووك بچووكی كه‌رتی تایبه‌ت پێكدێنن، به‌ڵام به‌هۆی سنوورداریی خه‌رجی له‌و نۆرینگانه له‌چاو نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان و نه‌بوونی داتای پێویست ئه‌وا به‌سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌كه وه‌رنه‌گیراون).
به‌پێی راپۆرتێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 2022، به‌هۆی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نه‌بوونی متمانه به‌سیستمی ته‌ندروستیی ناوخۆ، عێراقییه‌كان ساڵانه 15-30% داهاتییان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. پێشووتریش له‌ساڵی 2021 دا، نووسینگه‌ی عێراقی ده‌بڵیو هێچ ئۆ بڵاوی کردەوە کە 60% نه‌خۆشه‌كان به‌هۆی بەهه‌ڵه ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی و نه‌بوونی پسپۆڕی تایبه‌ت، ڕوویان دەرەوەی وڵات كردووه.
بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و داتایانه‌ی سه‌ره‌وه، ڕاپرسییه‌كی بچووك و سنووردارمان له‌جوگرافیاو شاری جیاوازی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا، له‌كۆی 57 خێزانی خاوه‌ن نه‌خۆش كه به‌شداربوون، 43 خێزانیان سه‌ردانی وڵاتانی توركیا، ئێران و ئوردنیان كردبوو. له‌و ژماره‌یه‌ش 68.42% (39 خێزان)، به‌هۆی متمانه نه‌بوون به‌چاره‌سه‌رو ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كان له‌نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێم به‌گشتی، ڕوویان له دەرەوە كردووه. جگه له‌وه‌ش، 8 خێزان له‌كۆی 14 خێزان كه سه‌ردانی هیچ وڵاتێكیان نه‌كردبوو، هۆكاره‌كه‌یان بۆ باری خراپیی دارایی گه‌ڕانده‌وه. هه‌روه‌ها 76.59% خێزانه‌كان كه گەشتەکانیان ئه‌نجامدابوو له‌چینی ناوه‌ند بوون. لە کۆی گەشتەکانیشدا، 21 خێزان بۆ ئێران و 11 بۆ توركیا‌و 7 خێزانیش بۆ ئوردن ڕۆیشتبوون.
له‌و خشته‌یه سه‌ره‌وه ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌خۆشەکانی عێراق و هه‌رێم، ساڵانه نزیكه‌ی 200 ملیۆن دۆلار له‌گیرفانیان دێته ده‌ره‌وه بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له‌و وڵاتانه. ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه ده‌كرێت بگۆڕێت بۆ گه‌لێك پرۆژه‌ی مه‌زن، له‌وانه: به‌پێی تێچووی ئه‌مڕۆ و ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌توانرێت به‌و پاره‌یه هه‌ر ساڵێك نه‌خۆشخانه‌یەکی گه‌وره‌ی پێشكه‌وتوو دروست بكرێت. ده‌توانرێت 4000 په‌رستارو پزیشك به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕاهێنانیان پێ بكرێت به‌تێچووی 45 هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر یه‌كێكییان! هەروەها زۆربه‌ی زۆری ئه‌و پاره‌یه له‌گیرفانی چینی ناوه‌ن دو پاشكه‌وته‌كانیان دەڕوات و چینی خواره‌وه‌ش ده‌خاته ژێر قه‌رزێكی زۆرەوە.
کەیسی دووەم
ئایا ئاسان بەدەستهێنانی بڕوانامه‌ی زانكۆ هۆكاره بۆ دروستكردنی هه‌لی كار؟
به‌پێی ئامارێك، بۆ خوێندنی ساڵی 2023-2024، له 91 كۆلیژو فاكه‌ڵتی و په‌یمانگای ئه‌هلیدا كه له‌هه‌رێم هه‌ن، 40887 خوێندكار هه‌ن به‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانه‌وه، 19485 له‌ڕه‌گه‌زی نێر و 21402 خوێندكاریش له‌ڕه‌گه‌زی مێ.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2022، لە هەرێمی کوردستاندا 59995 قوتابی و خوێندكار له‌باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا ده‌گاته په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌ره‌وه‌رده، له‌ناوه‌ندی ئه‌هلی ده‌خوێنن!
کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا 320 ناوه‌ندی خوێندنی ئه‌هلی هەن و به‌م شێوه‌یه به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شبوون:
بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌و جۆره بارگرانییه‌ی هه‌ر منداڵێك له‌سه‌ر یه‌ك خێزان دروستی ده‌كات، شیكردنه‌وه بۆ خه‌رجیی یه‌ك ساڵی خوێندن له‌زانكۆیەکی ئەهلی ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
كۆی گشتی نرخه‌كان بۆ هه‌موو خوێندكارانی ئه‌هلی(2023-2024):
به‌پێی ئه‌م سیناریۆیه گەر بۆ هه‌ر سیمیسته‌رێك بڕی یه‌ك ملیۆن دیناری عیراقی (666 دۆلاری ئه‌مریكی) دابنێن، كه ئه‌مه‌ش كه‌متیرین بڕه، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی تێكڕا وه‌ربگرین كه له‌نێوان یه‌ك ملیۆن تا 8 ملیۆن ده‌ڕوات بۆ ساڵێك، ئه‌وا تێكڕا دەکاتە دوو ملیۆن دیناری عیراقی (1,333 دۆلار).
ئه‌وا خه‌رجی گشت خوێندكارانی زانكۆ‌و په‌یمانگا ناوه‌نده ئه‌هلییه‌كان به‌مشێوه‌یه ده‌بێت:
ژماره‌ی خوێندكاران: 40887
كه‌مترین نرخ: 666 دۆلار
كۆی گشتی: 40,887 x 666$ = 27.26 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بۆ هه‌ر ساڵێك.
كۆی تێكڕا له‌سه‌رنرخی (1,333 دۆلار) بۆ هه‌ر ساڵێك = x 2 كۆی گشتی كه‌مترین نرخ ئەوا:
27.26 مليؤن دۆلار x 2 = 54.51 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ر ساڵێك.
تێكڕای داهاتی خێزانێك له چینی ناوه‌ند (تێكراي داهات) به‌ره‌و خواره‌وه به‌پێی ڕاپۆرتی بانكی نێوده‌وڵه‌تی (2021-2022):
كه‌رتی حكومی: له‌نێوان 800 هه‌زار دینار بۆ 1500 هه‌زار دیناره (600 بۆ 1000 دۆلار)، تێكڕای داهاتی تاك بۆ هه‌ر مانگێك.
كه‌رتی تایبه‌ت: له‌نێوان ملیۆنێك بۆ 3 ملیۆن دینار (1000 بۆ 2000 دۆلار)، تێكڕای داهاتی تاك بۆ هه‌ر مانگێك (لێره مه‌به‌ست ئه‌ندازیار و ئایتی و ژمێریار‌و…هتد).
خه‌رجی ژیان و گوزه‌ران: بۆ هه‌ر خێزانێكی مامناوه‌ند له‌نێوان 700 دۆلار بۆ 2000 دۆلار دایه بۆ خێزانه‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی و بۆ ناوچه‌كانی دیكه كه‌م ده‌بێـته‌وه.
كێشه‌ی داتای دروست: به‌هۆی نه‌بوونی سه‌نته‌ر داتایه‌كی ڕێك‌وپێك و به‌رده‌وام، ناتوانرێت ئه‌وه بۆ %100 كوردستان هه‌ژمار بكرێت، چونكه داهات داده‌به‌زێت له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێرو سلێمانی، بۆیه كه‌مترین تێكڕای داهات به 800 دۆلار بۆ هه‌ر خێزانێك دیاری ده‌كه‌ین.
داهاتی ساڵانه‌ی خێزان:
800$ x 12 مانگ = 9,600$
له‌سیناریۆ‌كه‌دا: ئه‌گه‌ر كرێی خوێندن بۆ تێكڕای ئاسایی وه‌ربگرین كه 1333.2 دۆلار بۆ هه‌ر ساڵێك، ئه‌وا:
(1333.2 دۆلار كرێی خوێندن) دابه‌شی (9600$ داهاتی ساڵانه) = 13.9% داهاتی ساڵێكی بۆ كرێی خوێندن ده‌ڕوات.
لێره‌دا، جگه له‌وه‌ی پاشكه‌وتكردن له‌ده‌ست ده‌دات (10% به‌توانای پاشكه‌وتكردن هه‌ژماركرا): 13.9% – 10% = – 3.9% (كورتهێنان دروست ده‌بێت).
له‌ماوه‌ی چوار ساڵی خوێندندا:
13.9% x 4 = 55.6% كۆی داهاتی ساڵێكی له‌ده‌ستده‌دات. له‌م باره‌دا، خێزانه‌كه 5.6 ساڵی پێویسته تا ئه‌و بڕه پاره‌یه له‌پاشكه‌وت به‌ده‌ست دێنێته‌وه!
له‌كاتێكدا زانكۆ بژاردەکانی وه‌ک (زانكۆی كوردستان له‌هه‌ولێرو زانكۆی ئه‌مریكی سڵیمانی و زانكۆی ئه‌مریكی دهۆك)، نرخی هه‌ر ساڵێكییان سه‌روو 3 هه‌زار دۆلاره ئه‌گه‌ر به‌تێكڕا وه‌رگیرێت دوو ئه‌وه‌نده و نیوی زانكۆكانی دیكه‌یه، ئه‌مه‌ش دروستكردنی جیاوازییه لە جۆر زانكۆ‌و هه‌ژاره‌كانیش ناتوانن ئه‌و بڕه پاره‌یه دابین بكه‌ن.
ئایا پێویست ده‌كات سه‌رجه‌م گه‌نجان ببنه خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس؟
له هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌ی زانكۆ ئه‌هلییه‌كان، وایكردووه رێژه‌ی هه‌بوونی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس زۆر بێت. به‌ڵام زۆربه‌ی جار كواڵیتی خوێندنه‌كه باش نییه‌و لاوازه‌و دوای ته‌واوكردنی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌كه‌شیان، گه‌نجان ده‌ناڵێن به‌ده‌ست نەبوونی كار. ئه‌مه‌ش ده‌بێـته هۆی ئەوەی بوونی ده‌رچووی بێكارو هه‌بوونی زانست و مه‌عریفه‌ی كه‌م. هەروەها هه‌بوونی هێزێكی كاری بێ سوود بۆ پێویستییه‌كانی بازاڕ. لەگەڵ به‌فیڕۆدانی كات و پاره‌ی خێزان بۆ خوێندنێك كه گەرەنتیی دەستکەوتنی هیچ كارێک ناكات.
چۆنه میلله‌تانی دیكه ئه‌و كێشه‌یان چاره‌كردووه؟
په‌ره‌پێدانی خوێندنی ته‌كنیكی و پیشه‌ییه‌كان له‌كاره پێشینه‌ییه‌كانه، وڵاتانی سویسرا و ئه‌ڵمانیاو فینله‌ندا بە باشی جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، كه به‌پێی سیستمی ئه‌و وڵاتانه، گه‌نجان لەبری ئەوەی بچنه زانكۆ، ڕاهێنانی پیشه‌یی و ته‌كنیكی هه‌ڵده‌بژێرن. بۆ نموونه له‌وڵاتێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیا، خوێندكار دوای تەواوکردنی خوێندنی پیشه‌یی، ڕاهێنانه‌كه‌ی له‌كۆمپانیایه‌كی بوارەکەی خۆی ده‌كات و به‌مه‌ش هه‌لی كاری بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. له‌هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانرێت په‌ره به ڕاهێنانی پیشه‌یی گه‌لێك كار بدرێـت كه بازاڕ پێویستییانه‌و په‌نا بۆ خه‌ڵكی بیانی براوه. ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌توێژینه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی داتای ورده بۆ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پیشانه‌ی دەستی کاریان پێویستە.
چۆن ده‌رفه‌تی زێڕینی كار بوونی هه‌یه، به‌ڵام نه‌بوونی پلان گه‌نجانی بێكار هێشتۆته‌وه؟
له كوردستان، له‌زۆربه‌ی ریستۆرانت و كافێكانی خاوه‌ن 4 ئه‌ستێره‌و به‌ره‌و سه‌ره‌وه، كێشه‌یان هەیە لە نه‌بوونی شێفی نێوده‌وڵه‌تی (بۆ ئاماده‌كردنی خواردنه ده‌ریایی و جۆره‌كانی دیكه)، باریسته (ئه‌و كه‌سه‌ی جۆره‌كانی كۆفی ده‌گرێته‌وه)، كاپتن، ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی ناو هۆڵی كافێكان ده‌كات، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پیشه‌ی دیكه کە له‌كادری ناوخۆیی به‌ده‌گمه‌ن ده‌ست ده‌كه‌ون.
بۆ نموونه ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ 7 خاوه‌نی رێستۆرانت و كافێ قسه‌ی كردووه، هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ كۆكبوون، دەستی کاری ناوخۆیی له‌ئاست ستاندارد‌و داواكاریی ئیشه‌كه‌یان نییە بۆیه كارییان پێنه‌دراوه، ناچاربوون دەستی کاری بیانی بهێنن. ئه‌و كارانه‌ش زۆربه‌یان كرێكه‌ی له‌نێوان 1500 دۆلار بۆ 2500 دۆلار دایه. ئه‌م داهاته‌ش بۆ كوردستان داهاتێكی یه‌كجار باش ده‌بێت بۆ ژیان و گوزه‌ران.
ئایا پڕۆسه‌كانی بە تایبه‌تكردنی هه‌ردوو کەرتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده به‌یاسا ڕێكخراوه؟
به‌پێی هه‌ردوو مادده‌ی 31 و 34ی ده‌ستووری عیراق، حكومه‌ت به‌رپرسی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌مه له‌دابینكردنی خوێندن و ته‌ندروستی بۆ هاوڵاتیان. له‌هه‌ردوو سێكته‌ره‌كه كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانن به‌شداری بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێنماییه‌كانی حكومه‌ت بگونجێت.
له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، بۆ بواری په‌روه‌رده لە هەرێمی کوردستاندا له ساڵی 2012 یاسای ژماره 14ی قوتابخانه‌و په‌یمانگا ناحكومییه‌كانی دەرکراوە. هه‌روه‌ها ڕێنمایی ژماره 3ی ساڵی 2020 بۆ كاركردنی قوتابخانه‌و په‌یمانگا ناحكومییه‌كانی ده‌ركراوە. له‌بوار ته‌ندروستیشدا، لە هەرێمدا هیچ یاسایه‌ك بۆ ڕێكخستنی نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان به‌شێوه‌ی یاسایه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌رنه‌چووه، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ی یاساکانی عێراقدا و بە ڕێنماییه‌كان كاره‌كان ڕایی دەکرێن.
هه‌بوونی یاسا و رێنمایی هه‌نگاوێكی دروسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه به‌هۆی لاوازیی له‌جێبه‌جێكردنی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان و یاسا به‌ركاره‌كان و ڕێنماییه‌كانی حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆشاییه‌كی گه‌وره له‌ڕووی چاودێریی به‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت له‌و دوو سێکتەرە دروست بووە و هه‌ر ئه‌مه‌شه هۆكاری دابه‌زینی ستاندارد‌و كواڵیتی خزمه‌تگوزارییەکانیان.
به‌ته‌نیا جێهێشتنی لاوازه‌كان
دیارده‌یه‌كی دیكه ته‌نگی به كه‌رتی گشتی هه‌ڵچنیووه کە له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ناوه‌نده ئه‌هلییه ته‌ندروستی و په‌روه‌ردەییەکانە، ئه‌ویش كۆچپێكردنی پزیشك و په‌رستارو قوتابی و خوێندكارانه‌و ده‌رپه‌ڕاندنیان له‌كه‌رتی گشتییه‌وه بۆ كه‌رتی تایبه‌ت. ئەوە كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سیسته‌می كاری نه‌خۆشخانه‌كان و شێوازی خوێندنی به‌گروپ داده‌نێت.
كۆچكردن له‌په‌روه‌رده
بەهۆی ئەوەی ناوەندە پەروەردەییە ناحکومیەکان وەکو کاری بازرگانی بەکاردێت ، بۆ ناو و ناوبانگی قوتابخانەکە ساڵانە ئۆفەر دەدات بەو خوێندکارانەی کە لە قوتابخانە حکومیەکان نمرەکانیان زۆر بەرزە ، بەبێ بەرامبەر یان بە بڕێکی پارەی کەم دەتوان لە ناوەندە ناحکومیەکە درێژە بەخوێندن بدەن، ئەوەش وادەکات بۆ بوونی بازارێکی باش و ناوبانگی قوتابخانەکە، بەشیکی زۆر لە قوتابیانی بەهرەمەند و زیرەک لە ناوەندە حکومیەکان کێش بکەن بۆخۆیان.
هه‌روه‌ها به‌پێدانی مووچه‌ی باش و مانگانه له‌كاتی خۆیدا له‌لایه‌ن خوێندنگا ئه‌هلییه‌كانه‌وه، مامۆستای به‌تواناو لێهاتوو به‌تایبه‌ت له‌بابه‌ته زانستییه‌كان، هان ده‌درێن بۆ جێهێشتنی قوتابخانه و خوێندنگا حكومییه‌كان. به‌مه‌ش نایه‌كسانیی له‌ده‌رفه‌تی فێربوونیش له‌نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا فراوانتر ده‌بێـت و هۆكارێكیش ده‌بێت بۆ پوكانه‌وه‌ی ئاستی زانستی قوتابخانه حكومییه‌كان.
له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه ژماره‌ی مامۆستایان له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ئه‌هلی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم روون ده‌كاته‌وه:
زۆربه‌ی قوتابخانه ئه‌هلییه كواڵیتی به‌رزه‌كان له‌ناوه‌نده‌كانی شاره گه‌وره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانییه، به‌مه‌ش جارێكی دیكه قوتابیان و خوێندكارانی گوند‌و شارۆچكه‌كان بێبه‌شن له‌ده‌رفه‌تی یه‌كسان.
كۆچكردن له‌ته‌ندروستی
به‌هه‌مانشێوه له‌كه‌رتی ته‌ندروستیشدا، به‌هۆی پێدانی مووچه‌ی باش و له‌كاتی خۆیدا، جگه له‌ڕۆیشتنی پزیشكی لێهاتووی تایبه‌تمه‌ند، په‌رستارو یاریده‌ده‌ره پزیشكییه باش و ڕاهێنراوه‌كانیش ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی حكومی جێ‌دێڵن، یاخود له‌زۆر باریشدا، كاری حكومییه‌كه‌یان وه‌كو كارێكی لاوه‌كی ده‌مێنێته‌وه‌و سه‌رنج و وزه‌یان بۆ كاری دووه‌مییان له‌ناوه‌نده ئه‌هلییه‌كان زیاتر ته‌رخان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپاو توركیا‌و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداوی عه‌ڕه‌بیش له‌هه‌وڵی بردنی پزیشك و كادری ته‌ندروستی عیراقیدان و له‌ئێستاشدا ژماره‌یه‌كیان كۆچیان كردووه.
به‌رواردی بارودۆخی سێكته‌ری ته‌ندروستی هه‌رێم به‌پێی ستاندارده جیهانییه‌كان:
له‌م خشته‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه وڵاتێكی وه‌كو جۆرجیا، كه قه‌باره بچووك و به‌بێ هه‌بوونی داهاتی نه‌وتی و به بودجه‌ی 8 ملیار دۆلار (له ساڵی 2023)، بارودۆخی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌پێش هه‌رێمه.
هه‌بوونی دیدگای ستراتیژیی درێژخایه‌ن:
به‌پێی سه‌رژمێریی ساڵی 2024، دانیشتووانی عیراق 46 ملیۆن و 118 هه‌زار كه‌سه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌رێمی كوردستان 14% پێكدێنێت كه ده‌كاته نزیكه‌ی 6 ملیۆن و 500 هه‌زار هاوڵاتی. بەپێی سەرژمێرییەکە، 9.92% دانیشتوانی هەرێم له‌منداڵی یه‌ك ڕۆژه تا 5 ساڵانه‌و 21.76% ته‌مه‌نیان له‌نێوان (5 بۆ 14) ساڵانه‌و 63.92% له‌نێوان (15-64) ساڵان و 4.4% له 65 و بەرەوژوورن.
ئه‌مه‌ش له‌رووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه، 21.76% پێویستی به‌ئاماده‌كاری زانكۆ‌و خوێندنی پیشه‌یی هه‌یه له‌ماوه‌ی 10 ساڵی دادێت (ژماره‌یان سه‌روو ملیۆنێكه). بۆیه له‌ئێستاوه ده‌بێت به‌رنامه‌و ستراتیژییه‌تێك هه‌بێت چۆن ئه‌و ژماره‌یه گه‌نجه خوێندنیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت؟ ئایا زانكۆ و په‌یمانگای ئه‌هلی به‌وشێوازه‌ی ئێستا هه‌یه به‌سن؟ یاخود پێویستیی به‌لێكۆڵینه‌وه و داڕشتنی سیاسه‌ت وڕێبازێكی راسته‌قینه‌یه له‌نێوان هه‌ردوو سێكته‌ری گشتی و ئه‌هلی دا؟
له‌ڕووی ته‌ندروستیشه‌وه، له‌ئێستادا ئه‌وانه‌ی به‌هۆی به‌ساڵاچوون و پیربوونه‌وه، گیرۆده‌ی جۆره‌ها نه‌خۆشی ده‌بن و مه‌ترسی زیاترییان له‌چاو گه‌نجان له‌سه‌ره ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی شێوازێكی ته‌ندروستیی خواردن و كاڵای ئێكسپایه‌رو كه‌یمی وه‌رزشكردن و ژینگه‌ی پیس و چه‌ند هۆكارێكی دیكه، له‌ئێستادا 4.4% رێژه‌ی دانیشتووان پێكدێنن. له 2030 و دواتریش ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ دوو ئه‌وه‌نده. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌زیادكردنی ژماره‌ی قه‌ڕه‌وێڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان و ژماره‌ی پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی و په‌رستارو گه‌لێك پسپۆڕی دیكه ده‌بێت.
بەتایبه‌تكردنی کەرتە گشتییەکان خراپه یا باشه؟ ئه‌گه‌ر باشه ئه‌وه‌ی كورستان كه‌موكورتییه‌كانی چین؟
پرۆسه‌ی بەتایبه‌تكردنی هه‌ردوو سێكته‌ری په‌روه‌رده و ته‌ندروستیی لە هه‌رێم، له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌م ده‌رفه‌ت و هه‌میش مه‌ترسی هێناوه‌ته ئاراوه. له‌كاتێكدا شێوازی دروستی په‌یڕه‌وكردنی بەتایبەتکردن، ده‌توانێت مه‌ترسییه‌كان بچووك بكاته‌وه‌و ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ش بڕه‌خسێنێت و پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته. ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌ریتانیاو سه‌نگاپوراو سوید، به‌هه‌بوونی حكومه‌ت و یاسا‌و ڕێنمایی سازش-له‌سه‌ر-نه‌كراو به‌سه‌ر میكانیزم و جێبه‌جێكردنه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت په‌یڕه‌وی لێ بكرێت ئه‌وا ده‌توانرێت باڵانسێكی باش له‌نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا بپارێزرێن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌كرێت سوود له‌ئه‌زموونی سینگاپۆرا وه‌ربگیرێت كه توانی له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌كی كه‌مدا، له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه سیستمه لاوازه‌كه‌ی بگۆڕێت بۆ سیستمێكی به‌هێز. له‌هه‌مانكاتیشدا، هاوسه‌نگییه‌كی پته‌وی له‌نێوان هه‌ردوو سێكته‌ری حكومی و تایبه‌ت دروستكردووه، له‌وه‌ش زیاتر كه‌رتی گشتییه‌كه‌ی ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتركردووه و بیمه‌یه‌كی ته‌ندروستی باشیشی بۆ هاووڵاتیانی ده‌سته‌به‌ر كردووه.
له‌ڕووی په‌روه‌رده‌یشه‌وه، حكومه‌ت به‌دوو جۆر پشتگیری تایبه‌ته‌كان ده‌كات، یه‌كه‌مییان به‌دابینكردنی به‌شێك له پاڵپشتیی دارایی به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵی نرخ و به‌رده‌ستبوونی بۆ هه‌موو هاوڵاتییان. دووه‌میشیان، له‌ڕێگه‌ی پێدانی سه‌ربه‌خۆیی زیاتر به‌هه‌ندێك قوتابخانه بۆ داهێنان و په‌ره‌پێدانی تواناكان.
بژارده‌ی سیاسه‌ته پشتگیریلێكراوه‌كان چین؟
به‌تێڕوانین له حوكمی ده‌ستووریی عیراق كه ڕێگه به كه‌رتی تایبه‌ت ده‌دات به‌و مه‌رجه‌ی له‌ژێر چاودێری حكومه‌ت و له‌چوارچێوه‌ی یاسادا ڕێكخرابن و به‌رێوه‌بچن، به له‌به‌رچاوگرتنی پێگه‌ی هه‌رێم وه‌كو كیانێك له ده‌وڵه‌تی عیراق، كه تێیدا جێبه‌جێكردنی یاساكان وه‌كو پێویست نییه و لاوازن به‌هۆی كاریگه‌ری و هه‌ژموونی پارت و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، ئه‌وا هه‌بوونی پلان وستراتیژییه‌تێكی تۆكمه بۆ بەتایبه‌تكردنی سێكته‌ره گرنگه‌كانی وه‌كو په‌روه‌رده و ته‌ندروستی، وەک هەناسەدان گرنگە. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره، ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی (پۆڵه‌سییانه) خواره‌وه پێشنیاز ده‌كه‌ین كه بەتایبه‌تكردنی کەرتە گشتییەکان شێوه دروسته‌كه‌ی وه‌رده‌گرێـت و له‌هه‌مانكاتیشدا، له‌هه‌ردوو سێكته‌ره‌كه دڵنیایی ده‌درێت له‌ده‌رفه‌تی یه‌كسان و كواڵیتی به‌رزی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌رده‌ستبوون بۆ سه‌رجه‌م چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌خۆ بگرێت.
به‌شی یه‌كه‌م: سیاسه‌ته گشتییه‌كان
- به‌هێزكردنی چاودێركردن و یاساكانی حكومه‌ت
- هه‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆ: دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار بۆ چاودێریكردنی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ئه‌هلی و نه‌خۆشخانه ئه‌هلییه‌كان، بۆ پاراستنی كواڵیتی خزمه‌تگوزارییه پێشكه‌شكراوه‌كان، نرخی گونجاو و لێ پێچینه‌وه له‌هه‌ر كرده‌یه‌كی نه‌خوازراو (به‌و مه‌رجه‌ی ده‌سته‌كه له‌ده‌ستوه‌ردانی سیاسی دووربن).
- توندكردنی ڕێككاره‌كانی مۆڵه‌ت پێدان بە کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆی نوێی ئەهلی.
- میكانیزمی شه‌فاف بۆ دیاریكردنی نرخه‌كان.
- پێوه‌ر و رێككاره‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
- پێشخستنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌رتی گشتی به‌رامبه‌ر تایبه‌ت
- وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتی گشتی ته‌ندروستی.
- نوێكردنه‌وه‌ی ژێرخانی په‌روه‌رده‌یی.
- دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت دا
- په‌ره‌پێدانی ڕۆحی هاوكاری و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش.
- بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی لەڕێی جارێکی تر رێکخستنەوەی و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆی.
- پاراستنی چینه‌كانی ناوه‌ندو خواره‌وە
- دابینكردنی بودجه‌یه‌ك بۆ پاڵپشتی دارایی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت.
- هه‌بوونی زه‌ماله‌ی به‌رده‌وام وڕێكخراو: داواكردن له‌زانكۆ ئه‌هلییه‌كان بۆ ته‌رخانكردنی لانیکەمی ٢٠% كورسییه‌كانیان بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و ساڵانه رابگه‌یندرێن. هەروەها، نرخی زانکۆ و قوتابخانە ئەهلییەکان بە هیچ شێوازێک رەنگدانەوەی داهاتی تاکەکەس GDP نییە و پێویستە بە ئەندازەیەکی گەورە کەمبکرێنەوە.
- بیمه‌ی ته‌ندروستی: دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی بیمه‌ی ته‌ندروستی كه تێیدا چاره‌سه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژار گەره‌نتی كرابێت و چینی ناوه‌ندیش نه‌كه‌وێت ژێر بارگرانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی.
به‌شی دووه‌م: پێشنیازی سیاسه‌تی دیاریكراو
- بۆ سێكته‌ری په‌روه‌رده
- دەبێت بەتایبەتکردن بە رێژەیەکی گەورە سنوردار بکرێت و حکومەت تیشک بخاتە سەر گرنگیدان بە خوێندن و پەروەردەی گشتیی نەک گشتیی فەرامۆش بکات تا خەڵک زیاتر هانا بۆ کەرتی تایبەت ببات.
- پێشخستن و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی لەلایەن حکومەتەوە نەک کەرتی تایبەت.
- دروستكردنی هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌نێوان بواری ئه‌كادیمی و کەرتی تایبەت. پێویستە کۆمپانیا و کەرتی تایبەت پشتیوانیی کەرتی گشتیی بکەن بۆ پێشخستنی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە.
- هاندانی قوتابی و خوێندكاران و هۆشیاركردنه‌وه‌یان له‌هه‌ڵبژاردنی خوێندنەکانیان بە ئاستێک مەرج نییە تەنها تەواوکردنی زانکۆ گەرەنتیی کار و داهاتوی باش بێت، بەڵکو خوێندنە پیشەیییەکان گرنگییان پێبدرێت و خوێندکاران هانبدرێن لەوێدا پەرە بە تواناکان و داهێنانەکانیان بدەن.
- هۆشیاركردنه‌وه‌ی گشتی له‌باره‌ی به‌فیڕۆدانی كات و پاره له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی زانكۆیی بێ پلان.
- ڕاسپاردنی ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی و نا ئه‌كادیمی و رێكخراوه ناحكومییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پیشانه‌ی كه له‌كوردستان پێویستی به پركردنه‌وه‌ی كادری ناوخۆیی هه‌یه.
- ته‌رخانكردنی برێك پاره‌ی مانگانه بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌شاروگونده دووره‌كان بۆ ڕاهێنان و خوێندنی پیشه‌یی ڕوو له‌ناوه‌نده‌كانی شاره‌كان ده‌كه‌ن.
بۆ سێكته‌ری ته‌ندروستی - تەندروستیی گشتی مافێکی دەستورییە، حکومەت پێویستە کاربکات بۆ بەهێزکردن و دەستەبەرکردنی ئەو مافە بۆ هەموان نەک ببێتە هۆکاری کوشتنی کەرتی گشتی. پێویستە کەرتی گشتیی تەندروستیی هێڵی سوور بێ و هیچ حکومەتێک نەتوانێت بچوکی بکاتەوە و بەتایبەتکردن سنورداربکرێت.
- دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری پێشكه‌وتووی پشكنین و تاقیگه‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی به سه‌نته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. پێویستە حکومەت خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی و پسپۆرییەکان بەهێز بکات نەک بیداتە کەرتی تایبەت.ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه
- هەر کۆمەڵگایەک بیەوێت چینەکانی خوارەوە بهێنێتە ناوەڕاست، یان شەڕی هەژاری بکات، هەروەها گەر وڵات بیەوێت داهێنان بکات، دەبێت تەندروستیی و پەروەردەی گشتیی بەهێز بکرێن. چینەکانی خوارەوە دەبێ دەرفەتیان هەبێت دەستیان رابگا بە تەندروستی و پەروەردەی باش و خۆڕایی تا بتوانن بە تەندروستیی باش و مەعریفەی باڵاوە، ببنە بەشێک لە پێشخستنی وڵات. هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت پێشبکەوێت بێ هەبونی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باش. لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە بودجەی گشتیی راستەوخۆ لە نەوتەوە دێت، مافێکی دەستورییە کە خوێندن و تەندروستیی باش و بەخۆڕایی بۆ هەموان فەراهەم بکرێت. لەدوای ٢٠٠٥ و زیاتریش لەدوای ٢٠١٠ەوە، حکومەتی هەرێم بەئەنقەست هەوڵی داوە کەرتی تایبەت بەهێز ببێت لەسەر حیسابی کەرتی گشتی. کەرتی گشتیی فەرامۆشکراوە تا کەرتی تایبەت بەهێز ببێت. پەروەردە و تەندروستی راستەوخۆ پەیوەستن بە ژیان و گەشەی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە، بۆیە بەتایبەتکردنیان و فەرامۆشکردنی، دەبێتە هۆی زیاتر هەژارکردنی کۆمەڵگا و گەورەکردنی بۆشایی نێوان چینەکانی خوارەوە و چینی سەرەوە، ئەمەش لە داهاتوودا نەک هەر کاریگەریی لەسەر خودی گروپەکانی خوارەوە دەبێ، بەڵکو دەبێتە هۆی توندوتیژی و ململانێ و دابەشبونی کۆمەڵایەتی، هەروەها هەژاریی زیاتر کە لە داهاتودا ئەستەمە چارەسەربکرێت.
- بەتایبه‌تكردن پرۆسه‌یه‌ك نییه ده‌وڵه‌ت خۆی لێ به‌دوور بگرێت یاخود نابێت كاری له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام پلان و ستراتیژییه‌تییه‌كی تۆكمه‌ی ده‌وێت تا هه‌م له‌ئاست ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بن و هه‌میش خزمه‌تگوزاریی كواڵیتی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌مه به‌یاساو هه‌بوونی ده‌زگای سه‌ربه‌خۆی چاودێری و جێبه‌جێكردنی خاڵ به‌خاڵی حوكمه یاساییه‌كان و ڕێنماییه‌كان ده‌بێت. واتا ده‌بێـت ده‌وڵه‌ت بوونی هه‌بێت و كاره‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ماددی جێنه‌هێڵێت، چونكه ئه‌م كرده‌یه ده‌بێته هۆی دروستكردنی نادادپه‌روه‌ری و گه‌وره‌بوونی بۆشایی نایه‌كسانی داهاتی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگاو نه‌بوونی ده‌رفه‌تی وه‌كو یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی كار‌و بڕوانامه‌و به‌رده‌ستبوونی چاره‌سه‌رییه ته‌ندروستییه‌كان.
- به‌داخه‌وه، ئه‌وه‌ی له سروشتی بەتایبه‌تكردنی کەرتە گشتییەکان له هه‌رێمی كوردستان هه‌ستی پێده‌كرێت، دوور له‌چاودێری و لاوازی له جێبه‌جێكردنی حوكمه یاسایی و ڕێنماییه‌كان و ده‌ستوه‌ردانی حزبی، له هه‌مووشی خراپتر ته‌ماحی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ قازانجی زۆر‌و بۆرو ده‌سكه‌وتی چه‌ند تاكێك به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا. له‌دواجاردا، به‌ده‌یان هه‌زار خاوه‌ن بڕوانامه هه‌ڕه‌شه‌ی بێكارییان له‌سه‌ره‌و به‌سه‌دان هه‌زاریش ساڵانه ڕوو له وڵاتانی دیكه ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی به‌هۆی نه‌بوونی متمانه‌و كواڵیتیی نزمی خزمه‌تگوزارییه‌كان. هه‌رێمی كوردستان پێویستیی به‌شۆڕشێكه بۆ نوێكردنه‌وه‌و بونیادنانه‌وه‌ی چه‌ندایه‌تی وچۆنایه‌تی هه‌م له‌ژێرخانی كه‌رتی گشتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و هه‌میش بۆ چۆنیه‌تی ڕێكخستنه‌وه‌و چاودێریكردنی هه‌ردوو سێكته‌ره‌كه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت.
- به‌بێ هه‌ڵهێنانی ئه‌م هه‌نگاوانه، بەتایبه‌تكردنی کەرتە گشتییەکان به‌رده‌وام ده‌بێت له لاوازكردنی چینی ناوه‌ند و فراوانكردنی نایه‌كسانیی داهات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ده‌ستڕاگه‌یشتنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تایییه‌كان به ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندەکان به‌رده‌ست بێت نەک ئەوەی مافێك بێـت بۆ هه‌مووان.