رەوشی ژنان لە کایەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا

رۆزی تاهیر مەحمود، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی زانستە سیاسییەکان، زانکۆی سلێمانی
ددانان بە کێشەی ژن وەک قوربانییەک بۆ زۆر کەس ئاسان نییە. تۆ کە ژن نەبیت، تەنانەت ئەگەر پیاوێکی بیر کراوە و فێمنستییش بیت هێشتا هێندەی ژنێک هەست بەو ئازارە ناکەیت کە ژن لەسەر ژنبوون دەیچێژێت. چونکە چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا رەگێکی بونیادیی هەیە، بۆیە پێویستە بونیادییانە پرسی ژن چارەسەربکرێ و گفتوگۆی بکرێت. لەم بابەتەدا لەسەر رەوشی ژنان دەوەستم لە واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستاندا و هەڵسەنگاندنەکانیشم زیاتر بەپێی پێودانگەکانی خودی حکومەت و حیزبەکان پەیوەست بە پرسی ژن لەناو سیاسەتدا لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان.
تۆ کە ژن نیت و لە کۆمەڵگەیەکیشدا بیت کە پتر ئەوەت دیوە ژن لە چوارچێوەی ماڵدا خەریکی منداڵ گەورەکردن و چێشتلێنان و میوانبەڕێکردنە، ئەستەمە تێبگەیت باوک و برا و مام و خاڵ و مێرد لە چی هەمئاهەنگییەکدان تا سنور لەبەردەم ئازادییەکانتدا دابنێن. ئەو کاتەش بۆت ئاسان نابێت تێبگەیت بۆ ژنی سەرکردە کەم دروست دەبن و بۆچی ژنان خۆیان دەپارێزن لەوەی وەک سەرکردە لە کۆمپانیاکان و حکومەت و سیاسەتدا دەرکەون.
بەدەر لەوەش، وێناکردنی دنیایەک کە ژن تیایدا سەرکردەیە و زۆر پۆستی حکومیی و حزبیی و کۆمپانیاکانی بەدەستە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە خەیاڵیشدا قبوڵ نییە، چونکە دەسەڵاتی زۆر کەس بچوک دەکاتەوە و بێبەشیان دەکات لەو هەژمونەی بەسەر ژندا هەیانە. بە پێچەوانەوە، هەمیشە گوتارێکی سیاسیی دەخەنە بازاڕەوە گوایە ئەگەر ژن ببێت بە سەرکردە و پۆست و پلە وەرگرێت، ئەوا خێزان دادەڕمێت، وەک بڵیی ئێستا خێزان بە دەست پیاوەوە لە دۆخێکی زۆر باشدایە. یان ئەو بانگەشەیە دەبیستیت کە ژن حکومەتداریی نازانن و بە سۆز بڕیار دەدەن و تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە ئەگەر دەسەڵاتی خۆیان دەستکەوێت. باشترین وەڵامێك بۆ ئەم گوتارانە نمونەی فینلەندە. وڵاتی فینلەند لە ساڵی ٢٠١٩ وەک خۆشگوزەرانترین وڵات دەستنیشان کرا لە جیهاندا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە زۆرینەی حکومەت بەدەست ژنانەوە بوو، بە جۆرێک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەو پێنج پارتەی کە حکومەتی لێ پێکهێنرابوو ژنان بوون و لەماوەی ئەو حکومڕانییەدا بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر خۆشگوزەرانیی و یەکسانی جێندەریی و پاراستنی ژینگە کرا، بە شێوەیەکی دراماتیکیش وڵاتییانی فینلەند متمانەیان بە حکومەت هەبوو.
سەرکردایەتییکردن ئەگەر کۆمەڵێک خەسڵەتی کەسیی و بەهرەمەندیی بێت، ئەوا ژنان بە درێژایی مێژوو هەڵگری ئەم خەسڵەت و بەهرەمەندییانە بوون. بەبێ ژنان، پێشمەرگە نانێکی گەرم و گوڕی دەست نەدەکەوت، دەیان کاری رێکخراوەیی و نهێنیی هەبوون و جێبەجێ نەدەبوون، دەیان نمونەی دیکەش هەن، لەوانە:
یەکەم، لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٩٠ کۆمەڵێک لە ژنانی بوێری وەک لەیلا قاسم بەهۆی ئەو ستەمەی لەو سەردەمەدا بەرامبەر کورد دەکرا لە تەمەنێکی کەمدا پەیوەندیی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ریزەکانی ‘یەکێتیی قوتابیانی کوردستان’ خەبات و تێکۆشانی کردووە. لە کۆتاییدا گیانی فیدای گەلەکەی کرد.
دووەم، مارگرێت جۆرج نموونەیەکی دیکەیە و بە یەکەم ژنە پێشمەرگەی کورد لە مێژوودا ناوی هاتووە. مارگرێت تەنها تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو کاتێک پەیوەندی کرد بە هێزەکانی پێشمەرگەی مەلا مستەفای بارزانییەوە. سەرەڕای ئەوەی بە هۆی ڕەگەزەکەیەوە لەلایەن کوردە موسوڵمانەکانەوە دژایەتی دەکرا، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە قوربانیدان.
سێیەم، لە شۆڕشی ئەیلولدا (١٩٦١ -١٩٧٥) زۆر ژن هەبوون بەشدارییان لە خەباتی پیشەیی و سیاسیی و پێشمەرگایەتییدا کردووە. زەکیە حەکیمیش وەک ژنە کوردێک یەکەم خانمەپارێزەر بوو کە ببێت بە دادوەر لە عێراق لە ساڵی ١٩٥٩دا.
گەشەی سەرلەبەری حزبە کوردییەکان لە عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ پڕە لە شوێن پەنجەی ژن. لەناویاندا، ئەوە یاد دەخەمەوە کە چەند ژنێکی تێکۆشەر و پێشمەرگە کە توانییان پەرە بە ڕێکخراوی “یەکێتی ئافرەتانی کوردستان” بدەن و هەر لەو ساڵەشدا توانییان گۆڤاری (تەوار)ی تایبەت بە داکۆکییکردن لە مافی ژنان دەربکەن. هەوڵەکانی ژنانی کورد لەو ساڵانەدا بووە بنچینەی خەباتی ژنان لە ڕووی ڕاگەیاندن و پەیوەندییکردن و زانیاریی گۆڕینەوە لە نێوان ژنانی شاخ و شاردا. سەدان ژنی تێکوشەریش بوونە پشکۆی خەباتی سیاسیی حزبی شیوعیی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە. ئەمە لە کاتێکدا بە دەیان و سەدان تۆمەت خراوەتە پاڵ ئەم ژنانە و دەیان فشاری کۆمەڵایەتییان لەسەر بووە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لە عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە شێوەیەکی ڕەمزی کار بە سیستەمی دیموکراسی دەکرێت. لەم سیستەمەشدا ژنان وەک پیاوان مافی بەشداریی سیاسیی و سەرکردایەتییکردنیان هەیە، بەڵام زۆرینەی کات بەهۆی پیادەکردنی سیستەمەکە بەشێوەیەکی ناڕاست و دوور لە فەراهەمکردنی مافە سیاسیەکانی ژنان، بە هەمان شێوەش چەسپاندنی بیری کۆنەپارێزی پیاوسالارانە بووەتە بەربەست و وەک ڕهگی دارێک بە دامەزراوە سیاسیەکانی حکومەتدا بڵاوبۆتەوە. جێی سەرنجە زۆربەی هەرە زۆری پۆستە هەستیارەکانی وەک سەرۆکایەتیی حکومەت و حزب و ناوەندی بڕیاردان، پیاوان خاوەنی بوون. ژنانیش تەنها ژوورێکیان لەو کۆشکە فراوانە پێدراوە بە جۆرێک لە هەریەک کابینەی یەکەم و دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها یەک ژن وەک وەزیر دیاریکراوە، لە کابینەی سێیەم و چوارەمدا تەنها حەوت ژن پۆستی وەزیریان وەرگرتووە، لە کابینەی شەشەمدا لە کۆی ٢٤ وەزارەت تەنها یەک وەزارەت دراوە بە ژن، کە تەنها لە ٪٤ی پشکی کۆی وەزارەتەکانی بەرکەوتووە، لە کابینەی هەشتەم و نۆیەمیشدا تەنها چوار ژن وەزارەتیان پێدراوە.
ئەگەرچی بەشێک لە ژنانی کورد خوازیاری بەشداری راستەقینەن لە حکومڕانییدا، بەڵام ژنان خۆیشیان ویستێکی بەهێزیان نەبووە تا وەک سەرکردە وێنا بکرێن، یان پلە و پایەی سەرکردەیان پێ ببەخشرێت. ئەمەش کاریگەری هەبووە لەوەی ڕێژەیەکی کەم نەبێت لەژنان مەیلی گرتنەبەری ئەو ڕێگا ئاڵۆزەیان نەبێت. کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکیی وایکردووە ژنی کورد لەناو دەسەڵاتی سیاسییدا ئەکتەری لاوەکی بێت و پیاویش ئەکتەری سەرەکی بێت، یەکێک لەوانە مانەوەی ئەو عەقڵە خێڵگەراییە کە زۆرینەی حزبە سیاسیەکانی کوردستان ڕابەرایەتی ئەم میتۆدە دەکەن. لە عەقڵی خێڵەکییشدا ژنان تەنها وەک ئامێرێک بۆ منداڵبوون و ماڵدارییکردن و تێرکردنی حەزی پیاو سەیرکراون، بەشێوەیەک ئەگەر سەیری فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی سیاسی ژنانی کورد بکەین لە ڕابردوودا دەسەڵاتێکی فیودالیزمی بۆماوەیی بووە. ئەوەش دەریدەخات، ئەو چەند ژنە کەمەش گەیشتوون بە ناوەندی دەسەڵات و سەنتەری بڕیاردان بە تەنیا لە ڕێگەی توانا و ڕۆشنبیریی سەربەخۆیی خۆیانەوە نەبووە، بگرە وەکو میراتگر کارەکانی پیاوی گرتووەتە ئەستۆ و جێبەجێکاری بڕیارەکانی پیاو بوون.
لە مڕۆشدا، دەسەڵاتی سیاسی کوردستان دەسەڵاتێکی فرە حیزبیە و دەسەڵاتێکی ناوەندیی (مەرکەزیی) نییە، ئەمەش وایکردووە ژنان تاکو بتوانن بەشداریی بکەن، مەرجە لایەنگریی و کار بۆ حیزبێکی دیاریکراو بکەن، هەر لێرەشەوە ئەندامبوونی ژنان لە هەندێک لەو پارتە سیاسییانەدا لێکەوتەی ئاڵۆز و چاوەڕواننەکراوی لێدەکەوێتەوە، وەک ئیستغلالکردنی ژنان و زۆر لێکردنیان بۆ پەیوەندیی سۆزداریی، زۆرجاریش هەڵبەستنی تۆمەتی ئەخلاقیی. لە دەرئەنجامیشدا لەدەستدانی نەک هەر ئەو پۆستەی کە بە چەندین ئاڵنگاریی و نههامهتیی بە دەستی هێناوە، بگرە دەگاتە ئەوەی ڕێز و شکۆشی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا له دهست بدات. کاتێک روبەڕوو دەیانبینن، رێزیان دەگرن و کە لێیان دوور دەکەونەوە، دادەبەزنە سەریان و هەزار و یەک چیرۆکی هەڵبەستراو و ناڕاست دەخەنە شوێنیان.
ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە بڕوانینە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا دەزانین ژنانێک هەن تەنها گەشەکردنێکی کارتۆنییان لە بواری سیاسەتدا کردووە و پۆستەکانیان وەک منەتێک یان وەک جوانکارییەک پێبەخشراوە، ئەمەش وایلێکردوون ناچاربن سیاسەتەکانی پیاوانی دەسەڵاتدار جێبەجێبکەن. بۆیە دۆخێکی زۆر تۆکسیک دروستبوە کە هەندێک لەو کاراکتەرە سیاسییە ژنانە، وەک پیاوەکانە، هەوڵدەدەن گوێڕایەڵ و بەڵێکەری وتەکان و خواستەکانی پیاوانی دەسەڵات بن چونکە ئەوە میکانیزمی بەدەستهێنانی پۆست و سامانە. هەر ئەمەشە وایکردووە بەشێکی زۆر لە ژنانی دەسهڵاتداری حکومەت و حزبەکان بەگشتی هیچ ئەجێندایەکی تایبەتییان بۆ هاندان و پێگەیاندنی ژنانی دیکە لە بواری سیاسەتدا نەبێت، تەنانەت ئەگەر هەشیان بووبێت بە شێوەیەکی پراکتیکیی جێبەجێیان نەکردووە.
ئەگەر لە دیدگای ژنانی کۆمەڵگەی کوردیدا بڕوانینە پرسی ژنان و دەسەڵاتی سیاسی دەبینین کە چۆن ستراتیجی پەراوێزخستنی ژنان کاریگەری لەسەر ژنان کردوە و وایان لێ کراوە ئارەزووی چوونە ناو بواری سیاسییان نەبێت و بە بوارێکی پیاوانەی ناو دەبەن و سڵ لە دەسەڵاتی سیاسییش دەکەنەوە، یاخود هێند ژەهراویکراوە نایانەوێ بچنە ناو ئەو ململانێیەی کە دورە لە بەها ئینسانییەکان، یان لەڕێی پەراوێزخستنەوە ئاشنا رێیان پێ نادرێ بەوەی بەشداریی ژن لە سیاسەتدا مێژوییەکی دێرینی هەیە و پێویستە ژنانە رۆڵی کاریگەرتر ببینن نەک هەر لەسەر ئاستی دەستەڵاتدا، بەڵکو لە هەمو ئاستەکاندا، بەتایبەت ئاستی کۆمەڵگا بۆ فشار لەسەر سیستەم و کوشتنی پیاوسالاری. ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ژنانی کورد ئەمڕۆ لە رۆژئاڤای کوردستان وێنەیەکی باڵای سیاسەت و خەباتی مەدەنی و تەنانەت چەکداریشیان نیشانداوە کە دەکرێ ببنە نمونەی باڵا بۆ ئێمەی نەوەی نوێی ژنانی کورد. خەمی هەرە سەرەتایی لە دەوری یەکسانیی ئابوری و کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری پێویسته کۆببێتەوە، بۆیە هێندەی پێویستمان بە ژنانی دانا وبەرگریكار و خاوەن مەعریفە هەیە تا ببنە نمونەی باڵا و خەباتی یەکسانیی ژنان و پیاوان ببەنە پێش، هێندە پێویست بە نمایشکار و ئینفلوێنسهر و تیکتۆکچیی ناکات کە ئەمڕۆ جارێکیتر لەڕێی بەشێک لەمانەوە پیاوسالاری خۆی بەرهەمدێنێتەوە.
گرنگە ژنانی کورد زیاتر گرنگیی بە پەروەردەکردن و خۆڕێکخستن بدەن، لەڕێی خۆڕێکخستن و پەروەردە و گفتوگۆوە، دەتوانین ئەلتەرناتیڤی نوێ پێشبخەین. بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیی و وەرگرتنی پۆستی باڵا و هەستیار لە حکومەت و پارتە سیاسییەکان لەسەر بنەمای تواناکانی خۆیان و بەبێ ترس لە تۆمەت و شکانی سومعەی کۆمەڵایەتییان، مافێکی خۆیانە نەک منەتێک بێ دەستەڵات پێیان ببەخشێ.
تێبینی:
کوردستان تایمز بە هاوکاریی دارایی دامەزراوەی رۆزا لۆگزمبۆرگ-لقی بەیروت، راهێنان بە پێنج خوێندکار دەکات بۆ فێرکردنی نوسین و بابەتەکانیان لە کوردستان تایمز بڵاودەکرێتەوە. وتارەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر نیاز نەجمەدیندا نوسراون. هاوکات لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئینگلیزییشدا هاوکاریان بووە. لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیاندا و بە شێوەی تیم، خوێندکاران ناونیشانی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە. پاشان رەشنوسی یەکەمیان ناردووە بۆ د.نیاز بۆ پێداچوونەوە. یەکێک لە کارەکان ئەوە بووە کە سەرپەرشتیار چەند پاراگرافێکی شوێنگۆڕکێ کردووە و خوێندکارەکە دەبوو بیانخاتەوە شوێنی خۆی. لە رەشنوسی دووەمدا رەچاوی تێبینییەکانی رەشنوسی یەکەم کراوە و نێردراوەتەوە بۆ د.نیاز بۆ دواپیاداچوونەوە. پێشکەشکردنی وتارەکانیان وەک سیمینار و بە ئۆنلاین لەگەڵ تیمەکەیاندا بەشێکی تری راهێنانەکە بووە.