کوردستان تایمز
کورد لە سوریا بەشێکە لە هاوکێشەکانی ئەو هێرشە سەربازییە ماڵوێرانکەرەی سوپای بەشار ئەسەد بە پشتیوانیی روسیا بۆ سەر گروپە توندڕەوە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پارێزگای ئیدلیب دوو مانگە بەڕێوەیدەبات، کە پێدەچێت رێککەوتنی ژێر-بە-ژێری نێوان روسیا و تورکیا ئاراستەی جوڵەکانی بکات لەم قۆناغەی شەتڕەنجی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
ئەو هێرشە بەتوندی دەستیپێکرد و لێدوانە ئاگرینەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە سەرەتا وایان نیشاندا ئەو دوو لایەنە بەرەو ناکۆکیی قوڵ بڕۆن، چونکە بەرپرسانیان بە تۆنی توند لە میدیاکانەوە یەکتریان بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی سۆچی بۆ ئاگربەست لەو پارێزگا سورییە تۆمەتباردەکرد.
بەرژەوەندیی روسیا و تورکیا
سەرۆكی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرتا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەرتاسەری کرد بۆ سەر حکومەتەکەی ئەسەد ئەگەر نەکشێتەوە تا کۆتایی شوبات.
سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتین لە پشتی پەردەی رووداوەکانەوە مایەوە و دەرنەکەوت، وەڵامدانەوەکانی بۆ وەزیری دەرەوە سێرگی لاڤرۆڤ و کاربەدەستەکانی کۆشکی کرێملین جێهێشت.
پوتین دەگوترێت لێزانانە لەگەڵ میدیا مامەڵە دەکات و لە کاتی یارییە سیاسییەکانی بە رێککەوتنی ژێر-بە-ژێر بەڕێوەدەچن لە چاوی گشتی خۆی بەدوور دەگرێت.
ئەنقەرە کە وا نیشاندەدات تەواو دژی ئەو پرۆسەیەیە لە ئیدلیب، سەرەتا بەنهێنی و دواتر بەئاشکرا کەوتە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی مۆسکۆ، تەنانەت دوای ئەوەی هێرشەکان بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی سەربازانی تورك.
دوای گریمانەی زۆر و شیکردنەوەی چەندین سیناریۆی جیاواز بۆ رووداوەکان لە میدیا هەرێمی و جیهانییەکاندا، لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا مولود چاوشئۆغلۆ گوتیان هەردوولا “بۆچوونیان زۆر نزیکە” لەسەر سوریا، ئیدلیب بەتایبەتی.
ئێوارەی 21ی شوبات ئەردۆگان و پوتین بە تەلەفون بۆچوونیان ئاڵوگۆر کرد لەسەر ئەو شەڕە بەردەوامە، کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیاش خێرا رایگەیاند هەردوولا “تەواو پابەندن بە رێکەوتنەکانی لەسەر ئیدلیب هەیانە”.
بۆنی رێککەوتن دەهات بەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەش، چونکە سوپای سوریا بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی رووسیا لە کاتێکی زۆر کەمدا تەواوی شاری حەلەب و سەدان گوند و شارۆچکەی ئیدلیبیان لە چنگی ئۆپۆزسیۆن دەرهێنا، کە پێکدێن لە هاوپەیمانیی تەحریر شام -ئەو رێخکراوەی پێشتر باڵی قاعیدە بوو لە سوریا- لەگەڵ گروپە ئیسلامیستەکانی ئەنقەرە پشتیوانیانە.
چەندین ساڵە سوپاکەی ئەسەد پێشڕەوییان لەو ناوچانە نەکردووە، گرتنەوەی باکوری رۆژئاوای شاری حەلەب و دەوروبەری دەستکەوتی مەزن بوون بۆ دیمەشق، چونکە لە ساڵانی هەشتاکانەوە مۆڵگەی خۆرێکخستنی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی ئەو وڵاتە بە شێوەی جۆرا و جۆر بوون .
لێدوانە فەرمییەکانی روسیا و تورکیا کە لەگەڵ پێشڕەوییە سەربازییەکان لە ئیدلیب گۆڕانکارییان بەسەردا دەهاتن، هێمایانکرد بۆ ئەوەی بەرژوەندییەکانی مۆسکۆ و ئەنقەرە لەوە گەورەترن پێکدادانی سەربازی راستەوخۆ بکەنە بژاردە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لەسەر پارێزگایەکی سوریی.
گەورەترین بەرژەوەندیشیان پڕۆژەی بۆڕی گەیاندنی گازی سروشتییە لە روسیاوە بۆ یەکێتیی ئەوروپا بەناو تورکیادا، بۆ ئەوەی روسیا چیدی پێویستی بە ئۆکرانیای دژبەری نەمێنێت بۆ گەیاندنی ئەو وزەیە بە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا. پرۆژەکە ناسراوە بە تورك ستریم.
هەرچەندە زێدە گرنگە لە رووی ستراتیژییەوە، ئەو پرۆژەی گازی سروشتییە هێشتا ئەگەری وەستانی هەیە لە ئاکامی لە دەست دەرچوونی شەڕەکانی ئیدلیب و زۆر بەزاندنی سنووری رێککەوتنەکان.
پوتین پرۆژەکەی لە 2014 راگەیاند دوای ئەوەی هەردوولا رێککەوتنی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد تا کۆمپانیاکانی گازپرۆمی روسی و بۆتاشی دەوڵەتی تورکیا پێکەوە کاری لەسەر بکەن.
کەچی کارەکان وەستان دوای ئەوەی تورکیا فڕۆکەیەکی سوخۆی جەنگی روسیی لە سەر سنووری لەگەڵ سوریا لە 2015 خستە خوارەوە.
ساڵی دواتر پرۆژەکە دەستیپێکردووە دوای کۆبوونەوەی ئاشتەوایی نێوانیان لە تەمموزی 2016 ئەنجامدرا و سەرۆکی روسیا رەزامەندی دووبارە کارکردنی لەسەر پرۆژەکە لەگەڵ تورکیا دەربڕیەوە.
پوتین سەرەتای ئەمساڵیش لە ئیستانبوڵ بوو بۆ بینینی ئەردۆگان و ئەمجارە هەردووکیان سیمبولیانە سوڕی سوکانی بۆری گازەکەیان بادا وەك دەستپێکردنی پرۆژەکە لە 8ی کانونی دووەم، دوو هەفتە بەر لەوەی دوا هەڵمەتی هێرشی سەربازیی روسیا و سوپای سوریا بۆسەر ئیدلیب دەستپێبکات.
ئەردۆگان کە دەیگوت سوریا دەبێت باجی ئیدلیب بدات کۆتایی کانونی دووەم، بەر لە هاتنی پوتین نەرمیی نواند و گوتی تورکیا “بەرژوەندیی ستراتیژی لەگەڵ روسیا هەیە و پەندێكی تورکی هێنایەوە بۆ هەڵوێستی نەرم نواندنی و گوتی: “ئەوەی بەتوڕەیییەوە هەستێتە سەرپێیان بەپەشیمانییەوە دادەنیشێتەوە.”
کورد و ئیدلیب
سوپای تورکیا دەورییە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزی پۆلیسی سەربازیی روسیا لە رۆژئاڤای کوردستان لە 3ی شوبات هەڵپەسارد دوای کوشتن و برینداربوونی چەند سەربازێکی تورك لە ئیدلیب.
ناڕەزایەتییەکە زۆری نەخایاند و سەنتەری ئاشتەواییی لایەنە شەڕکەرەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند دەورییەکان دووبارە ئەنجامدراونەتەوە، لە 17ی شوبات لە سنووری شاری قامیشلۆ تا گوندەکانی شارۆچکەی دربێسیێ و لە شاری کۆبانێ لە 24ی شوبات دەستیانپێکردەوە.
گەڕانەوەی گەڕی دەورییەکان ئاشکرایانکرد رۆژئاڤا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ماتماتیکی هاوکێشەی ئەو جەوڵە سیاسی و سەربازییانەی مۆسکۆ و ئەنقەرە دان لە ئیدلیب، هەرچەندە بۆ زیاتر دۆزینەوەی فاکتەری کورد گەڕانەوە پێویستە بۆ هێرشەکەی تورکیا دژ بە هەسەدە ئەنجامیدا لە شارۆچکەکانی گرێ سپی و سەری کانی لە تشرینی یەکەمی پار ساڵ.
بەشێكی دیکەی ئەنجامەکانی ئەم شەڕەی ئیدلیبی ئێستا لە ناوچەی زۆرینە کوردنشینی عەفرین دەبینرێن، کە بە گڵۆپی سەوزی روسیا سوپای تورکیا و ئۆپۆزسیۆنە هەوادارەکانی لە ئاداری 2018 دوای دوو مانگ شەڕ داگیریانکرد.
ئەو دوو شارۆچکەیەش کە ساڵی پار داگیرکران لە باکوری رۆژهەڵاتی رووباری فورات دەکەوتنە ژێر هەژموونی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و بەر لە هێرشەکەی تورکیا لێیان کشانەوە، دواتر روسیا و حکومەتەکەی ئەسەد کەوتنە ناو رەوشەکەوە لەسەر داوای بەرپرسانی کورد کە هانایان بۆ بردن دەسوەردان بکەن تا رێگربن لە هێرشەکەی تورکیا.
روسیا و سوپای سوریا هاتن بەڵام تەنیا لەو شوێنانە جێگریبوون کە دەکەوتنە دەرەوەی گرێ سپی و سەری کانی، روسیا دەیتوانی بە ئاستێكی زۆر کەمتر لەو هێرشەی ئێستای ئیدلیب ئەو کاتە لەو شارۆچکانە رێگەی لە تورکیا و میلیشیا هەوادارەکانی بگرتایە، نەیکرد و رێگەی کردەوە سوپای تورکیا هەرێمێکی سنووردار داگیربکات کە ئەمریکاش لەگەڵیدا بوو و ئەردۆغان ناوینا “ناوچەی ئارام”.
کورد لە سوریا دیارتر دوای ئەو رێگەدانە بەئاشكرا کەوتنە شرۆڤەکردنی مەترسیی رێککەوتنی دیکەی مۆسکۆ و ئەنقەرە، کە گوایە دواینیان پار ساڵ کراوە بۆ پێدانی ئەو شارۆچکانە بە تورکیا لە بەرامبەر رادەستکردنی هەندێك ناوچەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب بە سوپای سوریا و روسیا.
ئەم بۆچوونەیان پشتئەستوورە بە رێککەوتنی نێوان روسیا و تورکیای 2018 کە دەگوترێت لەسەر عەفرین کرا، ئەو ناوچە زۆرینە کوردەی زەمین و ئاسمانی لەژێر کۆنتڕۆڵی روسیا بوو لە باکوری رۆژئاوای سوریا.
ئەو کاتە روسیا ئاسمانی کردەوە بۆ فڕۆکەکانی تورکیا تا عەفرین بۆردوومان بکەن و بەخێرایی هێزە ناوخۆیییەکانی کورد سەرکردایەتی دەکردن لەسەر زەمین شەتەك کران تا گرتنی تەواوەتی ناوچەکە.
هەندێك لە فەرماندە سەربازییە کوردەکانی سوریا ئەو کاتە دوور لە چاوی میدیا باسیان لە هێرشی ئاسمانی روسیا دەکرد کە گوایە هێڵەکانی بەرگری ئەوانیان تێکشکاندووە بۆ کارئاسانیکردن بۆ هێرشە زەمینییەکەی سوپای تورکیا، ئەوەش وایکرد هەندێك لە بەرپرسانی رۆژئاڤا ئەو کاتە مۆسکۆ بە “خیانەتکار” بناسێنن.
لە هەمان کاتی داگیرکردنی عەفرینیشدا، تورکیا هەرێمی غوتەی رۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سوریای رادەستی سوپای ئەسەد و روسیا کرد، هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامیستەکانی هەواداری خۆشی لە غوتەوە بۆ عەفرین گواستەوە بەو پاسە سەوز رەنگانەی لە مژاری سوریای ئەمڕۆدا بوونەتە سیمبولی فرۆشتنی ئۆپۆزسیۆنی سوریی لەلایەن ئەنقەرەوە.
لێدوانەکانی سەرکردەکانی رۆژئاڤا ئێستا ترسی زیاتری ئەوان دەردەخەن لە رێککەوتنی دیکەی تورکیا و روسیا دوای هێوربوونەوەی ئەم قۆناغەی ئیدلیب، چونکە پرسیاری بێوەڵام تا ئێستا ئەوەیە گەر عەفرین بۆ غوتە بوو و گرێ سپی و سەریکانی بۆ هەندێك لە ناوچەکنی حەلەب و ئیدلیب، روسیا بەتەمایە کوێی دیکە لە ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە بداتە تورکیا لە بەرامبەر ئەوەی لە ئیدلیب دەمێنێتەوە بیگرێت تا پەردە لەسەر شانۆی جەنگی سوریا دابداتەوە؟
ئەنجامە نادیارەکان
ئەنجامەکانی ئەو هێرشانەی ئیدلیب کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 900 هەزار کەسی ئاوارە کردووە لە کانونی یەکەمەوە ئێستا لە عەفرین دەرکەوتوون، دەگوترێت ئەوەش لە بەرژەوەندیی تورکیایە بۆ هێنانی ئەندامانی زیاتری ئۆپۆزسیۆن و خێزانەکانیان بۆ عەفرین بە هەمان پرۆسەی گواستنەوە لە غوتەوە بۆ ئەو ناوچە داگیرکراوە زۆرینە کوردنشینە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند نزیکەی300 هەزار ئاوارەی ئیدلیب و حەلەب هاتوونەتە عەفرین لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانەوە.
ئەو رێژەیە دەکرێت زۆر کەمتر بێت بەهۆی هەواداریی رێکخراوەکە بۆ هەسەدە بەڵام گواستنەوەکە روویداوە و دوو ئامانجیش بۆ تورکیا دەپێکێت: گۆڕانی دیموگرافیی عەفرین و داواکردنی پارەی زیاتر لە یەکێتیی ئەوروپا بە ناوی راگرتنی ئەو ئاوارانە و رێگریکردن لە کۆچکردنیان بۆ ژیانی پەنابەری لە ئەوروپا.
ئەو ترسەی لە ناو رۆژئاڤادا هەستیپێدەکرێت بۆ داهاتوو لەو راستییەشەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەمریکا بەپەلە تەواوی پشتیوانی خۆی دایە پاڵ ئەنقەرە لە سەر ئیدلیب.
کاتێكێش نوێنەری تایبەتی واشینتۆن بۆ کاروباری سوریا جەیمس جێفری، کە پارساڵ زمانی گۆی نەدەکرد وەڵامی پرسیاری کۆنگرێس بداتەوە لەسەر ئەوەی تورکیا تاوانی جەنگی دژ بە خەڵکی مەدەنیی کورد لە سوریا ئەنجامداوە، ئەمساڵ لە 11ی شوبات یەکسەر گەیشتە ئەنقەرە و بە زمانێکی لۆکاڵیانە گوتی تورکیای هاوپەیمان لە ناتۆ لە ئیدلیبی سوریا لەژێر هێرش دایە، بۆیە ناکرێت ئەمریکییەکان بێدەنگ بن کە سەربازی تورك دەکوژرێن و “شەهیدت هەیە لە گۆڕەپانەکە”.
واشینتۆن دیارە ئیدلیب بە هەل دەبینێت بۆ باشكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و دەرهێنانی لە باوەشی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی روسیا، چونکە تورکیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی روسیی S-400ی کڕیوە کە دژ بە یاسای ناتۆیە، جگە لە دانانی فشاری پەنابەران وەك چەکێكی هەردەم ئامادە لەسەر وڵاتانی ئەوروپیی ناتۆ هەر کاتێك سیاسەتەکانی ئەنقەرە دەکەوێتە بەر رەخنە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە لە بروکسل.
ئاشکرایە واشینتۆن ئامادەیە رۆژئاڤا و هەسەدەی هاوپەیمانی بکاتە قوربانی بۆ بەرژوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، وەك چۆن لەبەردەم هەڕەشەی ئەردۆگان لە سەری کانی و گرێ سپی و کۆبانێ و رەقە و مەنبج و تەبقە کشایەوە بەر لە هێرشەکەی تورکیا لە ساڵی پاردا.
دڵەڕاوکێی سیاسیی کوردیش لەو نێوەندەدا ئەوەیە کە درووست دیار نییە رۆژئاڤا چۆن خۆی ئامادەکردووە بۆ مانەوەی ئەوەی تا ئێستا پارێزراوە لە ئەگەری جارێکی دیکە فرۆشتنی، ئەمجارە لە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی نوێدا بۆ تەواو گرتنەوەی پارێزگای ئیدلیب لەلایەن سوریای ئەسەد و روسیاوە.