کێ براوەی جەنگی داڕمانی نرخی نەوتە لە جیهاندا؟
یەعقوب مەهدی عارف بەرزنجی
سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بوە مایەی دابەزینی نرخی نەوت بە تکڕایی ٥% لە مانگی شوباتی ڕابردو، بەڵام لێدانی گەورە لە نرخی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوت خۆیانەوە بو کەبوە هۆی لەەستدانی نزیکەی ٢٥%ی نرخەکەی، ئەویش پاش ئەوەی هەردو وڵاتی روسیا و سعودیە بڕیاریاندا کە پابەند نەبن بە بەشە دیاریکراوەکانیان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە بەرواری ١ی نیسانی ٢٠٢٠، بەپێی ئەو بەشانەی کە بۆ هەر وڵاتێکی ئەندام دیاریکراون لە ڕێکخراوی ئۆپێک+، كە پێکهاتون لە: جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ، گینیا، گابۆن، سعودییە، ئیمارات، عێراق، کوێت، نایجیرییا + روسیا، ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ زیاني گەیاند بە کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنان و خزمەتگوزاریی نەوت، هەروەها زیانی سەرەکیش دەگەیەنێت بە وڵاتانی بەرهەمهێن بەوەی کە نرخەکەی لە بازاڕەکاندا کەمدەبێتەوە، چونکە بەپێی بنەمای ئابوری ناسراو (زۆری لە خستنەڕو دەبێتە هۆی کەمبونەوەی نرخ، و بەپێچەوانەشەوە)، ئەم زیانانە لەو وڵاتانە قوڵتر دەبنەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن وەکو داهات بۆ خەرجی گشتی، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە گەر وڵاتی عێراق بەنمونە وەربگرین کە ٩٠%ی داهاتەکەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستدەکەوێت. دەبینین عێراق لە مانگی کانونی دوەمی ٢٠٢٠ ڕۆژانە بڕی٣,٤٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە بە بەهای ٢٠٥,٥ ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا بڕوانە خشتەی ژمارە ١ کە تێیدا تێکڕای نرخی نەوت بە ٦٠,١٣ دۆلار بوە ، ئەگەرهەمان بڕ لە هەناردەی نەوت بەنرخی ئەمڕۆ کە بریتیە لە ٣٥,٧١ دۆلار بخەمڵێنین بۆ تەنها یەک ڕۆژ ئەوا دەبینین کە عێراق بڕی داهاتەکەی دەکاتە ١٢١,٢ ملیۆن دۆلار، واتە بڕی زیانەکە دەکاتە ٨٤,٢ ملیۆن دۆلار ڕۆژانە.
سەرچاوە: موقع وزارة النفط العراقية، صادرات النفط الخام، متوفر على الرابط:
لێرەوە وەڵامی پرسیاری سەرەکی دەدەینەوە کە ئایا کێ براوەی جەنگی داڕمانی نەوتە؟ وەکو پەندێکی عەرەبی دەڵێت: (مصائب قوم عند قوم فوائد) واتە بەڵای هۆزێک بۆ هۆزێکی دیکە سود و قازانجە، بۆیە براوەکانی ئەم جەنگە بریتین لەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنن ئەوانیش هەریەکە لە بازرگانانی نەوت و بەکاربەرانی نەوتن لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە بوارە پیشەسازییە جۆربەجۆرەکاندا.
کۆمەڵەی یەکەم کە بازرگانانی نەوتن دەستیانکردوە بە عەمبارکردنی نەوت بۆ ئەوەی لەکاتی بەرزبونەوەی نرخەکەی بە زیاتر بیفرۆشنەوە، بۆیە هەر بە هۆی عەمبارکردنی نەوتەوە لەلایەن بازرگانانی نەوت لە ئێستادا خواست لەسەر کەشتییە گوێزەرەوەکانی نەوت زیادیکردوە کە بەکاردەهێنرێن وەکو کۆگایەک بۆ عەمبارکردنی نەوت، بۆ نمونە نرخی بەکرێگرتنی کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت کە تەنها بڕی دو ملیۆن بەرمیل لە نەوت دەگرێت لە ٣٠,٧٠٠ دۆلارەوە بوە بە ٣٨,٧٠٠، شایەنی باسە ئەم نرخە لە پێش یەک مانگدا بریتی بوو لە ١٤.٨٠٠ دۆلار.
هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لە قازانجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانە چونکە بەپێی بنەما ئابورییەکان بۆ ئەوەی قازانج زیاد بکەیت دەبێت هەوڵی کەمکردنەوەی تێچو (Cost) بدەیت، جا بەو پێیەی نەوتیش ئەو وزەیەیە کە بۆ بەرهەمێنان بەکاردێت واتە یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان، بۆیە دابەزینی نرخەکەی واتا دەستکەوتنی قازانجی زیاتر، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی هەرزانی نرخەکەیەوە قازانج لە عەمبارکردنی دایە نەک خستنەکار و بەکارهێنانی وەکو وزەی بەرهەمهێن. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە دابەزینی نرخی نەوت جۆرێکە لە گواستنەوەی سامان لە وڵاتانی بەرهەهێنی نەوتەوە بۆ بەکاربەری نەوت، بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ و یابان و چین، لەوانەیە ئەمریکاش سەڕای بەرهەمهێنانی ١٤,٥ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە تا رادەیەک سود لەم دابەزینە ببینێت ، چونکە ئەمریکا بۆ بەگەڕخستنی کارگەکانی ناوحۆی خۆی و بەکاربردنی ڕۆژانەی پێویستی بەنزیکە ٢٠ ملیۆن بەرمیل هەیە ڕۆژانە، پاشان ئەو نەوتەی کە ئەمریکا بەرهەمی دێنێت لە جۆری شێڵ ئۆیلە کە ناتوانێت لە خوار نرخی ٦٥ دۆلارەوە ڕکابەری بکات کە نرخی تیچوەکەیەتی. بۆیە پێچەوانەی ئەو گومانەی لای سەرەوە کاتێک ڕاستە کە ئەمریکا لە هەناردەی نەوتەکەی قازانج بکات، ئەویش کاتێک دەبێت کە نەوت بچێتە سەرو نرخی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکی، بۆیە لە ئێستادا ئەمریکییەکانیش خەریکی عەمبارکردنی ئەو نەوتە هەرزانەن و قازانج لەوە دایە کە عەمباری بکەن.
ئەوەی ماوە بگوترێت؛ تەنها خاڵێک کە ئەگەری قازانج یا ڕاستتر بڵێین کەمکردنەوەی زیانەکانی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی تیابێت بریتیە لەوەی کە لە ئێستادا بە هۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەمو بازاڕەکانی جیهان بەرەو لاوازی دەڕۆن، ئەمەش وادەکات کۆمپانیا و کارگە پشەسازییەکانی بواری بەرهەمهێنان بەرهەمەکانیان کەمبکەنەوە، بە واتایەکی تر وزەی کەمتر بەکاردەهێنن کە نەوتە، ئەمەش وادەکات ئەو دەرامەتە گرنگەی کە تەنها موڵکی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە لە جێی خۆی بمێنێتەوە. لە لایەکی دیکەوە خواستی ولاتانی دونیا و لەناویشیاندا وڵاتانی بەرهەمهێن لەسەر شمەک وخزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیا و کارگانە بەتەواوی کەمدەکات تا دەگەینە باری نزیک لە ئیفلیجی ئابوری بە هۆی کەمبونەوەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردولا، بۆیە ئەوکاتە هەردولا (بەرهەمهێن و بەکاربەری نەوت) دەگەنە ئاستێکی نرخی گونجاو کە دەتوانرێت بگوترێت ئەوە نرخی دادگەرییە (السعر العادل)، گەیشتن بەو بارەش کات وەڵامی دەداتەوە.
سەرچاوەكان:
- موقع وزارة النفط العراقية، صادرات النفط الخام، متوفر على الرابط: https://oil.gov.iq/index.php?name=Pages&op=page&pid=77
- Tom Kool, (Mar 11, 2020), Traders Are Making A Killing In The Oil Price War, Available at shorturen url: https://tinyurl.com/uhrqt3q
- Oil prices chart, (12march 2020), Oil Prices, Available at: https://oilprice.com/oil-price-charts